ماردین ئیبراهیم سێبه‌ره‌که‌ی خۆی نه‌دیتوه؟! … نه‌جمه‌دین سادق شێخانی
ماردین ئیبراهیم له ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه ده‌نووسێت، خاوه‌نی گیانێکی پڕ ئه‌شکه‌نجه‌ی نه‌وه‌یه‌کی خێرله‌خۆ نه‌دیوی تاکی کورده، زایه‌ڵه‌یه‌کی نووساوه به ڕووی ئه‌و جه‌ندرمه تارماییپهرستانهی سه‌رده‌مانێك ده‌وه‌ڕین به چناره باڵا به‌رزه‌کان و له بازگه‌کاندا خاوه‌نی گیانه بێتاوانه‌کانیان دائه‌گرت و به گومانی سیاسه‌تکردن له‌گه‌ڵ گوڵاڵه هه‌ڵوه‌ریوه‌کاندا تیربارانیان ده‌کردن، سامان و باج و خه‌راجی دوور‌و نزیکیان به تاڵان ده‌بردو به زمانێکی بادهنۆشانهوه فه‌رمانی ده‌سگیرکردنی هه‌تاویان ده‌رده‌کردو له‌گه‌ڵ چهقهڵهکاندا مه‌زه‌یان ساز ده‌داو (10) دیناره سویسریهکانیان ده‌کرد به به‌رۆکی سۆزانیه سهماکارهکانهوه، شاعیره‌کانیان راو ده‌ناو ئاواره و شاربه‌ده‌ریان ده‌کردن، تا سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرن و شتێك له فه‌رهه‌نگیاندا نه‌بێت ناوی نیشتیمان بێت، خاکێك دڕکه بێبهزهییهکانیشی هه‌ر ئازاری دابن و هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگی لێکردبن، به‌ڵام سه‌رفرازانه ویژدانی خۆیان له‌ده‌ست نه‌دابێت و نه نوشتابێتنهوه به‌سه‌ر باڵای قه‌زه‌می بێمۆڕاڵ و ناپاك و بازرگانه‌کانی نه‌ته‌وه‌دا.
له به‌رانبه‌ریشدا ئاکار محه‌مه‌د لە سەرەتاکانی 2009 دا دەستی بە نووسین و ئەدەبیات کردووە. خاوەنی خەڵاتی فیستیڤاڵی (ئەستان أسفهان) لە تارانه کە وەک شاعیرێکی شاری سلێمانی پلەی یەکەمی فیستیڤاڵەکەی بە دەست هێناوە!
لە ڕۆژنامەی (چاو‌دێر) و (کوردستانی نوێ) بەشی ئەدەب و هونەرەکەی تێکستەکانی بڵاودەبنەوە! خەڵاتی دووەمی (دەزگای ڕۆشنبیری پارتی دیموکراتی کوردستان) بوو بە ناو نیشانانی ((شاعیرێک لە مۆدێرنە هەڵدێت))!
هه‌روه‌ها یەکێتی نوسەران لقی سلێمانی خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشیوە لە 2016 دا؟ خاوه‌نی کتێبه شیعری (هەزار خەون و یەک نیشتیمان) ـه.
بۆ ئه‌م زانیاریانه بنواڕه ماڵپه‌ڕی:
www.kurdipedia.org/ئاکار محەمەد
تا ئێره جێی سه‌رسوڕمان نییه‌و شتێکی ئاساییه به‌مجۆره له هه‌ر شاعیرێك بدوێیت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ( یەهوودا، ئەو بەردانە یەهوودا) ی ئاکار محه‌مه‌د دا تارماییه‌کی ره‌ش به‌رچاومی ته‌نی و نزیك بوو له هۆشخۆ بچم، نه‌مزانی من ده‌قی ماردین ئیبراهیم ده‌خوێنمه‌وه یان ئاکار محه‌مه‌د؟! له دڵی خۆمدا وتم چۆن شاعیرێکی وه‌ك ماردین ماندوو بوو بێت و له ئاکامی ئه‌زموونی ژین و نووسین و خۆماندووکردن بووبێته خاوه‌نی ئه‌و شێوازه‌و شاعیرێکی تر بێت به هه‌مان که‌ره‌سه‌و بابه‌ت و سیمبوڵ و روئیایه‌وه شیعرێك بنووسێت و به ناوی خۆیه‌وه بڵاوی بکاته‌وه‌و شانازی به‌وه‌وه بکات داهێنه‌ری بێ نهزیرهو به دوکه‌ڵی جگه‌ره‌یه‌که‌وه وێنه بگرێت و جانتایه‌ك بکاته شانی وه‌ك ئه‌وه‌ی پڕ بێت له مه‌عریفه‌و فه‌لسه‌فه‌و خه‌م.
دڵی خۆمم به‌وه دایه‌وه که هه‌موو شتێك ساخته ده‌کرێت له‌سه‌ر ئه‌م پارچه زه‌ویه‌و له‌م زه‌مه‌نه بێ سهروبهرهیهدا که زۆربه‌ی مرۆڤه‌کانی به بێ سه‌ر ده‌ژین و هاتووچۆ ده‌که‌ن و ده‌خۆن و ده‌خه‌ون، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش خۆیان به شۆڕشگێرو پێشڕه‌و و کاربه‌ده‌ست و خاوه‌ن بڕوانامه داده‌نێن ساخته‌ن، ئیتر بۆچی سه‌رسام ده‌بیت به ساخته کردنی شیعر و شاعیر؟!
پاشتر بڕیارمدا بۆ ڕێگرتن له‌م جۆره ساخته‌کردنه مه‌عنه‌ویه ئه‌م گوتاره بنووسم و خوێنه‌رانی ساده‌و چه‌واشه‌کراوی پێ ئاگاداربکه‌مه‌وه، که نازانم چۆن تا ئێستا ئه‌م نموونه‌یه‌و ده‌یان نموونه‌ی تری ئاوها به‌سه‌ر خوێنه‌راندا تێپه‌ڕ ده‌بن و که‌س نوتقی لێوه نایه‌ت؟ مه‌گه‌ر له 21/12/2016 شدا له ماڵی وه‌فایی کۆڕێك بۆ ئه‌م شاعیره ساز نه‌کرا؟ ده‌بێت بڕیاردان به هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگی به‌رانبه‌ر سته‌م و گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵات هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌کی تری شاردبێته‌وه‌و خه‌ڵکانی بێده‌نگ کردبێت؟! یان له فه‌رامۆشکردن و رووکهشگرتنی ئه‌ده‌بدا وا خوێنه‌ران چاوپۆشی له‌م دیاردانه ده‌که‌ن؟!
ئێستا من دێمه سه‌ر به‌راوردکردنی شێواز‌و نموونه‌ی ده‌قه‌کانی ماردین و له به‌رانبه‌ریشدا هێنانه‌نه‌وه‌ی نموونه له ده‌قی (یەهوودا، ئەو بەردانە یەهوودا) ی (ئاکار محه‌مه‌د).
ماردین ئیبراهیم به کارکردن له‌سه‌ر که‌سایه‌تی و رووداوه‌کانی مێژوو، ئازار‌و خه‌مه‌کانی خۆی به‌رجه‌سته ده‌کات بۆ جێهێشتنی زۆرترین کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ویژدان و هه‌ستی خوێنه‌ر، وێنه‌کان تراژیدین و جانه‌وه‌ره‌کانی ناویشیان لاوازن، زمانه‌که‌ی نزیکه له ناو واقیع و ده‌ربڕینی راشکاو بۆ گۆڕانکاریه‌کانی ده‌وروبه‌ر، پاشوپێشکردنی کۆپله‌کان هیچ ناته‌بایی له‌زنجیره‌ی پێکه‌وه‌به‌ستنی کۆپله‌کان له‌ق ناکات.
ئه‌م ته‌وژمه‌ش له به‌ختیار عه‌لیه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه‌و زمانێکی داڕشتنی په‌خشانی له خۆ ده‌گرێت و به ده‌یانی وه‌کو ( ئاکار محه‌مه‌د) دوایی دێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نابێت باسی نه‌که‌ین ئه‌وه‌یه که هه‌رچه‌نده له ناواخندا گیانی مه‌زڵومی و لاوازیی و چه‌وساندنه‌وه ده‌نوێنێت، به‌ڵام تا سه‌ر ئێسکیش نه‌فره‌تکردنه له پیاوکوژان و سته‌مکاریی و مافیاکانی مه‌نزومه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و جه‌هاله‌ت، گیانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له خوێنه‌ردا ده‌جوڵێنێت، که شایسته‌ی ستایشه.
ئێستا بابێینه سه‌ر بهرواردکاریهکانی نێوان ئه‌م دوو شاعیره‌و بڕیاری کۆتایی بۆ خوێنه‌ران جێ بهێڵین.
ماردین ئیبراهیم/ له ده‌قی (خه‌دیجه، یاسه‌مینه‌کانی مردن) ده‌ڵێت:
ئه‌و هه‌موو یه‌هودایه
ماچی یه‌هوودا به لێوتانهوهیه
نه بادا یه‌هودایه‌کی خه‌وتوو.
* ئاکار محه‌مه‌د/ ده‌قی (یەهوودا، ئەو بەردانە یەهوودا):
له‌م شیعره کورته‌دا (17) جار وشه‌ی یه‌هوودای به‌کارهێناوه، له‌و بڕوایه‌شدام نازانێت یه‌هودا چیه‌و کێیه.
بۆ نموونه ده‌ڵێت: ئاخ یه‌هوودا، یه‌هوودا ماوه، یه‌هوودای من…. هتد
* ماردین ئیبراهیم، ده‌قی (یاسه‌مینه‌کانی مردن):
بۆنی بخورده‌کانی به‌رائه‌ت
* ئاکار محه‌مه‌د/ ده‌قی (یەهوودا، ئەو بەردانە یەهوودا):
بخوردەکان داگرسێنە
* ماردین ئیبراهیم، ده‌قی (پێکه‌وه پاڵمان به جۆلانه‌ی مناڵێکه‌وه نا):
له ده‌شتی که‌نعانیش نه‌بێت، رۆژێك گورگێك هه‌ر ده‌مانخوات
* ئاکار محه‌مه‌د/ ده‌قی (یەهوودا، ئەو بەردانە یەهوودا):
بە ناو بیابانەکانی کەنعاندا… گورگیان تێبەردەداین
* ماردین ئیبراهیم، ده‌قی (پێکه‌وه پاڵمان به جۆلانه‌ی مناڵێکه‌وه نا):
قورئان ئه‌با بۆ ئۆرشه‌لیم
ته‌ورات ئه‌با بۆ مه‌دینه
* ئاکار محه‌مه‌د/ ده‌قی (یەهوودا، ئەو بەردانە یەهوودا):
بۆ سەرخەوێک لە حیجازەوە،
دەگەیشتینە ئۆرشەلیم
* ماردین ئیبراهیم، ده‌قی ( رافایل، خه‌دیجه):
– گوێی له ناڵه‌ی ئیبلیسێکی زامدار نه‌بێ
– ئیبلیسه‌کانی ناو سه‌رم
* ئاکار محه‌مه‌د/ ده‌قی (یەهوودا، ئەو بەردانە یەهوودا):
ئیبلیسە غەمبارەکان (2 جار)
* ماردین ئیبراهیم، ده‌قی (فلاورا):
حه‌جاجه‌کان حوشترکانیان له حیجازه‌وه ده‌برد بۆ یه‌مه‌ن
* ئاکار محه‌مه‌د/ ده‌قی (یەهوودا، ئەو بەردانە یەهوودا):
سەری خۆی هەڵگرتووە بۆ حیجاز
لە یەمەن ڕەجمی براکانم دەکرا
* ماردین ئیبراهیم، ده‌قی (خه‌دیجه، یاسه‌مینه‌کانی مردن):
– یوسف بۆ له بیره‌که‌ی ئێوه‌دایه…
– به‌رامبه‌ر کراسه خوێناویه‌کان
* ئاکار محه‌مه‌د/ ده‌قی (یەهوودا، ئەو بەردانە یەهوودا):
بە دوای کراسەکەی “یوسف”دادەگەڕێم
* ماردین ئیبراهیم، ده‌قی (رافایل):
مارمێلکه‌یه‌کم بۆ ئاو نه‌ده‌درا
* ئاکار محه‌مه‌د/ ده‌قی (یەهوودا، ئەو بەردانە یەهوودا):
یارییم بە کلکی مارمێلکەکان دەکرد
* ماردین ئیبراهیم، ده‌قی (رافایل):
کۆتر له گیرفانه‌کانیانه‌وه نه ده‌فڕی
* ئاکار محه‌مه‌د/ ده‌قی (یەهوودا، ئەو بەردانە یەهوودا):
دڵنەوایی کوکوختییەکانم ئەدایەوە
ئه‌مه‌و جگه له زۆربه‌ی زاراوه‌کانی تری ناو ئه‌م شیعره‌ی ئاکار له زۆربه‌ی شیعره‌کانی تری ماردیندا هاتوون وه‌ك:
کۆڵان، دایك، ساحیره‌کان، کاروانچیه‌کان، ئای له‌و ئازاره‌ی، وای له زامی، خوێن….هتد
له کۆتاییدا ده‌پرسم گه‌ر ئه‌م هه‌موو هاوشێوه‌ییه هه‌بێت له ناو یه‌ك شیعری تازه شاعیرێکدا له‌گه‌ڵ شاعیرێکی تری پێش خۆیدا، ئایا چی بۆ ئه‌م شاعیره ده‌مێنێته‌وه له‌ناو ئه‌م شیعره‌دا که هی خۆی بێت؟ به‌ڵێ ئاساییه هه‌ندێك له ده‌ستکورتیدا ناراسته‌وخۆ چاولێکه‌ریه‌کی که‌م ده‌کات له که‌سانی تر، به‌ڵام قه‌د به‌م جۆره نابێت به چوار په‌له بکه‌وێته ناو و وای دابنێت شتێکی باشی کردووه‌و خوێنه‌رێکی هوشیاریش نابێت پێی بزانێت؟!