Skip to Content

198 Views

پرسیارکردن لە تاریکى … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

پرسیارکردن لە تاریکى … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

Be First!
image_print


” لە هیچ دنیایەکەوە رەوانە نەکراوم”

رامبۆ: وەک دەزانین خۆشەویستى دەبێ لە نوێوە دابهێنرێتەوە. قەسیدەى بەشێک لە دۆزەخ
خوێنەرى خۆشەویست ئەو دەقەى بەردەستتان یادەوەرى نییە، چونکە گێڕانەوەى ژیانى کەسى نییە، وەک چەمکى یادەوەرى داواى دەکات. ژیاننامە نییە، وەک ئەوەى لەسەر راستبێژى وەستا بێت، بەڵکو زمانێکى دیکەیە بەرانبەر زمان و لەگەڵ زماندا! نەک بەو مانایەى کە کارى چارەسەرکردنى یەکیەتى زمان بکات، بەڵکو بەو مانایەى کە زمان دەیەوێت.

نەخشى منداڵى

دەڵێن بیرى منداڵى تیژە، (زانین)ى قۆناغى منداڵى وەکو نەخشى سەر بەردە، بەشێک لەو بەهرەیە بەر منیش دەکەوێت، چونکە زۆر شتان دەگێڕمەوە دایکم سەرى سوڕ دەمێنێ! هەموو ئەوانەى پەیوەندى بە قۆناغى منداڵى و چالاکى میمیۆرى و گەشەکردنییەوە هەیە… جگە لە بیرخستنەوەى زانیارییەکان، هەندێک لە منداڵان تواناى یادکردنەوەى دەنگیان لەلا بە هێزە و هەندێکى دیکە وێنە و بینین! بەبیرهاتنەوە لە دوو ساڵى یەکەمى تەمەنى منداڵدا کۆپیکردنى شتەکانە و تێگەیشتنى لەگەڵدا نییە، دواتر درککردن دێتە ئاراوە، بۆیە فێرکردنى منداڵ لە رێگاى شتە بەرجەستەکانەوە باشتر دەچێتە مێشکەوە! گەشەپێدانى بیرهێنانەوە هەر تەنها شارەزایى زیاد ناکات، بەڵکو لە رووى عەقڵییەوە تواناى وەرگرتنیش بە هێز دەکات.

دەزانم لە قسەکردندا پێش هەموو شتێک تاکێتى خۆم لە دەست دەدەم، چونکە (من) دەبێتە راناوێکى رێزمانى و دەچێتە رستەوە. ماوەیەکى زۆر لەگەڵ خۆم بووم، ئەو هەموو ماوەیە بۆم دەرکەوت لەگەڵ خۆبوون لە بیابانێکى وشکوبرینگ، کە ئێمە پێى دەڵێن وڵات، شتێکى ئەستەمە، لە رێگاى لەگەڵ خۆبوون ناتوانین خۆمان بدۆزینەوە، لێرە لەو وڵاتە وێرانەیەدا دەبێ پارچە پارچە بیت… یەکێک پێمدەڵێت چاى دەخۆیتەوە؟ بۆشاییەکانم لە رێگاى ئەویدیکەى وشەوە پڕ کردەوە، وشە دەکەمە کێلى قەبرى ئەو منەى کە نەکرا بیپارێزم! ئەو قسەیە بەرەو یەکێک لە رستە بە ناوبانگەکانى (لاکان) دەبێتەوە، کە دەڵێت (ئارەزووى مرۆڤ ئارەزووى ئەوانیدیکەیە) ئەو رستەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاتێک من دەبێتە راناوى رێزمانى هەر تاکێتى من ناکوژرێ، بەڵکو ئارەزووەکانیشى لە دەست دەدات. نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام دەزانم لەو وێرانەییەدا حەقیقەتى من لە دەرەوەى منەوەیە… نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام دەزانم دەسەڵاتى کوردى لە ناوەوە کلۆرە… نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام لە نێو خەیاڵم بە رستەیەک بە دایکم دەڵێم: کاتێک لەسەر دیوار بەربوومەوە و ناوەڕاستى لووتم لە بەردێک چەقى و شکا، ئازارى لە خوێن لەبەر رۆیشتنەکەى زۆرتر بوو… ئەو دەڵێ هەر بە جلى خوێناوییەوە تۆم بۆ لاى (ئەحمەد تەبیب) برد، هەر بە یەکجار تەداوى کردن، بۆ خۆت چاک بوویتەوە! ماڵى ئەحمەد تەبیب لە نزیک ئەو ماڵانە بوو، کە لە وێستگەى شەمەندەفەر بە دار و درەخت داپۆشرابوون، پاشان دایکم دەڵێ ئەوە تۆ چۆن هەموو ئەو شتانەت لە بیر ماوە، خۆ ئەو کات هێشتا پێنج ساڵانت تەواو نەکردبوو؟ من دەڵێم ئەوە دووەمجارم بوو ماڵى ئەحمەد تەبیب ببینم، جارى یەکەمم بە هۆى دومەڵى بن گوێچکەى چەپمەوە لەگەڵ باوکم منتان بردە لاى و ئەویش هەر بە یەکجار تەداوى چاک بوومەوە. دایکم لەسەرەخۆ دەڵێ ئەوەیان من بۆم گێڕایتەوە، نیشانەکەشى بە بن گوێچکەى چەپتەوە ماوە.

بۆ هەموو دەردێ دەستى ئەحمەد تەبیب بە شیفاى عاجل دادەنرا، دەڵێن ناوبانگى تەبیبى ئەو لە شەستەکان و سەرەتاى حەفتاکاندا تەواوى هەولێرى گرتبۆوە، هەمیشە ماڵى ئەوان نەخۆش و زامدارى جۆراوجۆر رووى تێدەکردن، لەبەر ئەوەى ئێمە زۆر لەوان دوور نەبووین، بۆیە وەک دراوسێ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردین… دواى ئەوەى باوکم لە رێگاى ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) کە یەکێک بوو لە خواپێداوەکانى شارى هەولێر و تێکەڵاوییان لەگەڵ ماڵى (مستەفا حوزێرى) هەبوو، لە کارگەى شیرى هەولێر وەک کرێکار بە شێوەیەکى فەرمى دامەزرا، ماڵمان بۆ گەڕەکى کوران، بۆ ئەو خانووە گوازرایەوە کە میرى بۆ کرێکارانى کارگە دروستى کردبوو، دواى چەند ساڵێک لە پشت ئەو چوار خانووەى کارگەى شیر، واتە لە شوێنى باخچەى وێنجەى مانگاکانى کارگەى شیرى پێشان و شوێنى دەزگاى ئاسایشى گشتى ئێستا، میرى ریزێک خانووى بۆ کاربەدەستانى هێزى ئەمنى و کارمەندانى خۆى دروست کرد، دووەم خانوو بەلاى شەست مەترى و غاباتى کوران و روو لە کۆگاى تووتن بەر گۆرانبێژى بە توانا (فواد ئەحمەد تەبیب) کەوت، راستە ئەوجارە دراوسێیەتیمان نزیکتر کەوتبۆوە، بەڵام ئەحمەد تەبیب و شەستەکان ئاواببوو، حەفتاکان بوو، بۆیە چیتر ئەو ماڵە تەبیبى ماڵى ئێمە نەبوون.

کاتێک ماڵمان لە نزیک حەسارى عیزەدین ئاغا بوو، خۆشترین رۆژەکانى منداڵى من ئەو کاتانە بوو، کە لەگەڵ نەنکم دەچووینە ئەوبەرى ماڵەوە و لە خوار قەبرستان و ئاشى ئەحمەد جەڵەبى باپیرم بیستانى گوندۆرە و ئاروو و تەماتە و بامیە … چێکردبوو، زۆرجاران من بەشى خۆم لە نێو جەمەدانییەک دەکرد و دەمهێنایە ماڵەوە، بەڵام هەمیشە بیرم لاى هەڵاتن بوو، بەر لەوەى لە (جۆگەى میرى) بپەڕمەوە و (هەیاس) رێگام پێبگرێت… هەیاس ئەگەرچى شێتێکى بە هێز و ترسێنەر و بە ناوبانگى شارى هەولێر بوو، بەڵام پیاوێکى کەم وێنە بوو، بۆ ماڵى ئێمە وەک پەرژین وابوو، هەیاس حیکایەتى زۆرە، من ئەگەر لە دوورى ماڵەوە هەیاسم دیتبایە، هەمیشە بیرم لە مەسافەیەک بۆ راکردن دەکردەوە، بەڵام لە نزیک ماڵەوە وەک ناسیاوێک نان و ئاوم بۆ دەبرد. شوێنى زۆربەى کاتەکانى ئەوساى هەیاس بن دیوارە بەرزەکانى ئاشى ئەحمەد جەڵەبى بوو، کە ئێستا ماڵى چەند لێپرسراوێکى باڵاى پارتى و یەکێتى شوێنیان گرتۆتەوە… ئەوسا و ئێستاى هەولێر بە شیشى هەیاس و شیش و کۆنکریتى پارتى و یەکێتى کۆنترۆڵکراوە! شیشى یەکەمیان بۆ بەرگریکردن لە خۆ بوو، دووەمیان بۆ ئارایشکردنى خۆ… هەیاس رۆیشت و حیکایەتى هێزى لەگەڵ خۆى بۆ گۆڕستان برد، بەڵام پارتى و یەکێتى رۆژ بە رۆژ لاواز دەبن و بڵاچەى هێزى جەماوەر لە دەستت دەدەن… هێزى سیاسى کوردى بەردەوام بۆ بەرگریکردن لە مردن، (کۆنەپەرستى و پەڕگیرى) برەو پێدەدەن!

شتەکان وەک چۆن هەن، ئەوە نین، یان مەرج نییە وابن… ژمارەى دانیشتوانى ئەمریکا لە شەش پۆینت سێى دنیا تێپەڕ ناکات، بەڵام ئەو بانگەشەیەى کە بۆ مافى مرۆڤ دەیکات هەموو دنیاى لەخۆگرتووە، بیر لەوە ناکاتەوە کە لە سەدە پەنجاى سامانى هەموو دنیا لە ئەمریکایە، بیر لەو جیاوازییە گەورەیە ناکاتەوە لە نێوان ژمارەى دانیشتوانى دنیا و خۆى…. ئەو قسەیەم لەوێوە دێت، کە ناکۆکى سیاسى هەموو شتێکى بەخۆوە گرێ داوە و هەموو شتێکى بە رەمزکردوە. دەزانم هەموو ناکۆکییەک بەرئەنجامى ناهاوسەنگى هێزە، ئەى خۆگونجانى خەڵکى ماناى چییە؟ خۆگونجانى خەڵکى پەیوەستبوونێکى درۆزنانەیە! ئەو قسەیەم گشتگیر و هەندێ رەقە، بەڵام خەڵکى بە بێ ئاگایى بوون باوەڕ بە ئایدیۆلۆژیا دەهێنن، بەر لەوەى بیر لە راستییەکان بکەنەوە… خەڵکى هەمیشە بە کارێک هەڵدەستن کە حەزى لێناکەن، چونکە دەیانەوێت لە واقیع دوور بکەونەوە، ئەوە ئایدیۆلۆژیایە! ئایدیۆلۆژیا مانا بە هەموو شتێک دەبەخشێت بە تیرۆر و کۆنەپەرستیش… ئەوەى خەڵکى بێ ئاگا رێست دەکاتەوە ئایدیۆلۆژیایە، ئەوەى ماندوویان دەکات ئایدیۆلۆژیایە، ئەگەرچى ئایدیۆلۆژیا وەک ئەوەى هەیە، درۆزنانەش بێت.

وەک دەزانین ئاگایى درۆزنانە لاى (مارکس) و (ئەنگڵس)ى هاوڕێى فۆرمى زاڵى ئایدیۆلۆژیایە، چونکە (ئەوان نازانن چى دەکەن، بەڵام هەر دەشیکەن) ئەوەى نایزانن و دەیکەن، ئایدیۆلۆژیایە. ئەو پێناسە مارکسییە لاى (پیتەر سلۆتەردایک) تەواو ئاوەژوو دەبێتەوە، چونکە ئەو بە پێچەوانەى مارکس دەڵێ (ئەوان دەزانن چ دەکەن، بەڵام هەر دەشیکەن)… ئەو قسەیەى سلۆتەردایک جەخت لەوە دەکاتەوە کە فۆرمى زاڵى ئایدیۆلۆژیا ئاگایى درۆزنانە نییە، بەڵکو گومانبردنە، بە مانایەکى دیکە نیودژى بوونى ئاگایى درۆزنانەیە لە رووى مەعریفى و رۆحییەوە. ئایدیۆلۆژیا هەمیشە کار لە پێناو ئاراستەکردنى غەریزە و ئاراستە دەروونیەکانى تاک دەکات! ئایدیۆلۆژیا ئەو راستییەیە کە تێگەیشتنمان بەرانبەر واقیع بە لارێدا دەبات، کەواتە راستە خەڵک دەزانن ئایدیۆلۆژیا هەمیشە فێڵییان لێدەکات و بە کاریان دەهێنێت، بەڵام وێڕاى ئەوەش وازى لێناهێنن. سلۆتەردایک ئەوە بە زمانحاڵى مرۆڤى گومانبەر دادەنێت، بوونەوەرى گومانبەر بەرهەمى بیرکردنەوەى دیکارتى نییە، بەڵکو بەرهەمى ناکۆکیەکانى ئایدیۆلۆژیاى سیاسییە! ئەوەى دووەمیان لەسەر بڕوابوون دەوەستێ، نەوەک بیرکردنەوە و راستییەکان. بوونەوەرى گومانبەر هەمیشە پێیوایە لە بەر ئەوەى دەوڵەمەند و دزەکان پارێزگارى لە یاسا دەکەن، ئیتر رووبەرووبوونەوەى دەسەڵات هیچ سوودێکى نییە؟!

من بە درێژایى ژیانم هەوڵمداوە وەک مرۆڤێکى بێ زیان دەربکەوم… موتەلیب بە منداڵى زۆر جوان و لەبەر دڵان بوو، پێنج ساڵانى تەواو نەکردبوو، کوڕێکى خرپن و رۆح سووک بوو، ژنانى حەسارى عیزەدین ئاغاى دراوسێ بۆ ئەوەى نیگەرانمان بکەن زۆرجاران لێیان دەشاردینەوە، دڵمان دەکەوتە لەرزە، ئەوەندە لە خۆمان دەردەچووین وەک شێتانمان لێدەهات، کە دەیانزانى ئیتر کارمان تەواوە، یەکێک خۆى وا نیشان دەدا زۆر ماندووە، دەستى تۆى دەگرت و دەیگوت دۆزیمەوە! ئەوە قسەى نەنکم بوو و جاروباریش دایکم بۆى دەگرتەوە و دەیگوت هەموو دەرو دراوسێ لە رۆحى خۆیان خۆشتریان دەویست، هەمیشە لە باوەشیان بووى و دەیانشاردییەوە. بە دایکم دەڵێم ژنێک هەبوو ناوى (زارێ) بوو، زێتر لە باوەشى ئەو بووم نەک هى تۆ، دایکم دەڵێ زارێ نەبوو، ئەوە کچەکەى بوو (سێوێ)ى خوشکى (محەمەد)… کە ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) لە قەسرەکەى خۆیان ژوورێکیان پێدا بوون و لە بەر هەژارى و بێکەسى لەخۆیان گرتبوون… دایکم دەڵێ تۆ لەگەڵ زارێى خێزانى (حەسەن پۆلیس) لێتتێکچووە، کە نەخۆش کەوتى تۆم بردە ماڵى ئەوان و یەکەمجار لە ژیانتدا ئەو دەرزى لێدایت، ئەوە ئەو کاتە بوو، کە هاتینە گەڕەکى کوران، زارێ دایکى شێرزاد حەسەنى چیڕۆکنوس ماڵییان لە بەرانبەر ماڵى مەلا هەمزەى شیوعى بوو. لە خوار کارگەى شیر و لە بەرانبەر ماڵى ئێمە و لە شوێنى کوورەکانى کوران (فازیل)ى برا گەورەى هەیاسیش خانووى دروست کرد.

دڵدارى شاعیر لە یادەوەرییەکانیدا باسى (گوندى تیمار)ى نزیک هەولێر -سەر رێگاى مەخمور- و دەمودووى ئەو مەلا هەمزەیە دەکات و دەڵێ لە نێو جوتیارانى گوندى تیمار کە باس دەهاتە سەر ئاغا و ستەمکارى پیاوێک زۆر خوێندەوارانە قسەى رێک و بەجێى دەکرد، ناوى مەلا هەمزە بوو، من هەمیشە هانى ئەوانەم دەدا، بۆ ئەوەى دژى ستەم و زوڵمى ئاغاکان بوەستن، هەمیشە لە دەورم کۆ دەبوونەوە و گوێیان لە قسەکانم دەگرت و پەسەندییان دەکرد، ئەگەرچى من جاروبار دەچوومە گوندى تیمار بەڵام ببوومە خۆشەویستى جوتیار و رەنجدەرانى ئەو ناوە. خۆشەویستى پاڵە و رەنجدەران… بۆ دڵدارى شاعیر و خۆشەویستى دەرودراوسێ بۆ منى منداڵ کاریگەرى تایبەتى خۆیان هەبوو، دڵداریان بەرەو شیعرى جوان و بەرز برد، منیش بەرەو دڵناسکى و سۆز… دڵدار و سروودى ئەى رەقیب دوو دیوى یەک دراون، من و دڵناسکیش… ئەى رەقیب بۆ بەرگریکردن لە نەتەوە قەڵغان بوو بەڕووى دوژمنان، دڵناسکى منیش بوو بە نەخۆشى و رووبەرووى پزیشکانى کردمەوە، ئەوانە کەمن، کە بۆ ئەى رەقیب هەڵناستنە سەر پێ، ئەو پزیشکانەش نەزانن کە دەیانەوێ دڵى من بە داو و دەرمان چاک بکەنەوە! دڵدار کەوتە سەردەمێ کە ئەى رەقیب لەبرى ئەوەى وەک جوانکارى شیعریى سەیر بکرێت، وەک دژ بوونەوە پێناسەى دەکرێ، منیش کەوتمە دنیایەک کە دڵ بەرگەى ئازارەکانى ناگرێ، نە دڵدار لە شیعر دەبێتەوە، نە منیش بەرگەى نەخۆشى دڵ دەگرم!
بەشێک لە ناسنامەى ئەدەبیم

Previous
Next

Leave a Reply