Skip to Content

پەپوولەیەک لە ڕەنگی مانگ …  ناڵە حەسەن

پەپوولەیەک لە ڕەنگی مانگ … ناڵە حەسەن

Closed
by حوزه‌یران 9, 2018 General, Poems

تۆ دەتوانی بە نێو
وەرزەکان و ساڵەکان و سەدەکان تێپەڕیت
بەبێئەوەی ئاوڕ لە خەمە سپییەکانی تەمەن بدەیتەوە
یان بە نێو کۆڵانەکانی ڕەشەبادا تێپەڕیت
بە بێئەوەی ئاوڕ لە ئایکۆنەکانی مردن بدەیتەوە
تۆ دەتوانی
بە نێو شەقامەکانی ئاگردا پیاسە بکەیت
یان لەنێو باخچەکانی بروسکە بمێنیتەوە
یان /
چاوەنەرمەکانی مانگ بکەیت بە ماڵی خۆت و
بە دارچروەکانی
حەوشەی پشتەوەی ماڵی خوداش
کەپرێک بۆخۆت دروست بکەیت
بە بێئەوەی
ئاوڕ لە باریکە ڕێیەکانی تەنیایی بدەیتەوە
تۆ دەتوانی بە نێو
دواینیوەڕۆیە تەماوییەکانی عەشقدا ڕەتبیت و ون نەبیت
یان بەنێو
خەرەندە قووڵ قووڵەکانی خەیاڵدا ڕەتبیت و ون نەبیت
یان بە ژێر
ڕێژنە تەرزەی نێو دیوانە شیعرییەکانی مندا ڕەتبیت و
ئاوڕێکیش لە نائومێدییەکانی من نەدەیتەوە

ئەی مەریەمیترین سەروەری من
تۆ دەتوانی
هەموو کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان
بکەیت بەیەک
یان هەموو ئەستێرەکان لەیەک نزیکبکەیتەوە
یان ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە بگۆڕیت و
بارانیش بە جۆرێکیتر لێوی گژوگیا ماچ بکات
بە بێئەوەی کلۆبەفرەکانی بێهوودەیی
زەردەخەنە گەرمەکەی سەر گۆنا و
نیگا نەرمەکانی چاوەکانت بشێوێنن
تۆ دەتوانی
کراسی پایز لەبەرکەیت و
ڕوخساریشت وەک ڕوخساری مانگ / دەرکەوێت
کراسی بەفر لەبەرکەیت و
ڕوخساریشت وەک ڕوخساری خۆرەتاو / بمێنێتەوە
کراسی سپیدە لەبەرکەیت و
لێوەکانیشت وەک چرکە ساتەکانی غروب
سوور سوور بن
کراسی شەو لەبەرکەیت و
چاوەکانیشت
پەرستگایەک بن لە ڕووناکی
تۆ دەتوانی
ئاگر ئاوسکەی لە با
مردن ئاوسکەی لە عەشق
درەخت ئاوسکەی لە ئەستێرە
من ئاوسکەی لە جوانییەکانی خۆت
خۆشت ئاوسکەی لە خەونەکانی من

ئەی سەروەریترین سوڵتانەی من
تۆ پەیکەرێکی لە میهر
بە تەنیا لە نێو دڵی من جێگات نابێتەوە
دەبێ دڵەکانی هەموو دنیات بۆ قەرزکەم
گەر لەوێداش جێگات نەبوویەوە
بەبێ هیچ شک وگومانێک
دەبێ دڵی خوداکانت یەکبەدواییەک
بۆ ئاشتکەمەوە …!

ئەی خەونی من / تا ئەبەد خولیای من بە
ئەی مەستانەی من / تا ئەبەد مەستی من بە
ئەی شاگوڵی من / تا ئەبەد شەیدای من بە
ئەی پەریزادەی من / تا ئەبەد پەروانەم بە
( ئەی عەشقی من / تا ئەبەد عاشقم بە )
وەکچۆن من بۆ هەمیشە و تا ئەبەد
خولیا و مەست و شەیدا و پەروانە و عاشقی تۆم …!

کەنەدا
کۆتایی نۆڤەمبەری ٢٠١٤

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish