Skip to Content

339 Views

چیرۆک — گەڕەکەکەی خۆمان … ھۆزار ئەحمەد

چیرۆک — گەڕەکەکەی خۆمان … ھۆزار ئەحمەد

Be First!
by September 3, 2018 General, Literature
image_print

ڕووخساری ژیان لەم کۆڵانە ڕوون و ئاشکرا بوو، ئەرزێکی گڵ و ئاسمانێکی بێ بەری لەھەور و ڕووناک ئاسا خۆی نمایش دەکرد، جۆگەلەیەکی خوار و خێچ و ووشک، ڕەنگی ڕەش و شینکاو نێو ھەموو ئەو جۆگەلانەی داپۆشیبوو، کە لەھەر خانوویەکی مەکشوف درێژدەبوونەوە، ناوەڕاستی جۆگەلەی فەرمی کۆڵانەکە. ئەرزە گڵینەکە لە ژێر تیشکی خۆر، گەر بە ئاسۆیی سەیرت کردبا، زۆر بەڕوونی سیمای ئەو ھەڵمانەت دەدیت کە لە ئەرزەکەوە قووت دەبوونەوە. سەرەڕای ھامووشۆی منداڵەکان ئەرزەکە چینی سەرەوەی بەھۆی زەبری پێی خەڵک نەرم ببوو، لەگەڵ ئەوەشدا با و چڕە گەردەلولەکانی ھاوین میوانێکی تری ئەم کۆڵانەبوون، بۆیە کۆچەری ئەم گڵە نەرمانە شتێکی ئاسایی بوو، وێنەی ئەم کۆڵانە بۆ کۆڵانەکانی تری گەڕەک ڕاست بوو.
منداڵەکان بە کۆمەڵ لە کووچەی کۆڵانەکە، بەرەو خوارەوەی کۆڵانەکە ڕێیان گرتبووەبەر، دەبوو پاشماوەی کۆڵانەکە و شەقامی سەد مەتری ببڕن بۆ گەڕەکەی ئەو بەر گەڕەکی کشتوکاڵ.

دەنگەیلی منداڵەکان بەتەواوی بێدەنگی کۆڵانەکەیان قانگ دابوو، دوو لە منداڵەکان بەھۆی زۆر دواندنی یەکتریەوە، دیار بوو کە نزیکن لەیەک لە ڕووی ھاوسێیەتیەوە، یاخود خولیاوە. یەکیان ڕەشتاڵەی لاواز بوو، سەرووسەکووتی پۆخڵ و پەلۆش بوو، بلوزێکی شینی کاڵی لەبەردابوو لەگەڵ شەرواڵێکی قاوەیی، خوارەوەی ئەژنۆی کوونێکی بچوکی لێبوو، لە چواردەوری کوونە، خەتێکی دروومان لەشێوەی جوغز دەوری کونەکەیان دابوو، لە ژێر کوونەکە پارچە پەڕۆیەکی ھەمان ڕەنگ بەلام کاڵتر خۆی دەرخستبوو، بە کوردیەکەی پینە کرابوو، لە ڕاستیدا ئەو وەسفە نیشانەیەکی تایبەت نەبوو، تاوەکوو ئەو منداڵە لە منداڵەکانی تر جیابکاتەوە، بەڵکوو سیفەتەکە گشتگیر و گەڕەکی بوو، ئەو بارە بەتەواوی ناجۆر بوو، تەنیا لە پینە خۆی کورت نەکردبوویەوە، بۆنمونە منداڵ ھەبوو قۆڵی قەمیسەکەی ڕەنگی نیکلی دەدایەوە، ئەوەندەی چڵمی پێ بسڕێت، یا ھەبوو سەری تراشرابوو، تراشینەکە پیشەیی نەبوو، بەڵکوو ڕووی جەوجەوی پێوەدیار بوو، وەمنداڵیش ھەبوو جلەکانی ھەفتەیەک نەشۆردرابوو سەرەڕای ئەوەش ھەر بەپێ خواسی غارغارێنی بوو، ناجۆری ئەو باروودۆخە، بەتەواوی وێنەی چینێکی دیاریکراو و گەڕەکی بوو.

منداڵەکان ھەریەکەیان بێجگە لەناوی ناسنامەی خۆیان، بە ناوێکی دیکەش بانگ دەکران، لەنێو یەکتر بەو کوڕەیان دەگووت چڵمن.. چڵمن کە بەردەوام سەر قۆڵی بە چڵم بوو، ئەمیش بەوی تری دەگووت پێ بەقڕێش… ئەو زایەڵانە تەنانەت لە نێو گفتوگۆی ئاسایی منداڵەکان دەبیسترا، ھەندێ جاریش شێوەی ڕق و تووڕەی بەخۆوە دەگرت، وەک ئەو ڕۆژە کەبەیەکەوە ھاواریان دەکرد بەشێوەی ھۆتاف” شەروار پینەکرای… ھۆیھا…” ئەویش ناچار دەبوو بە بێدەنگی خۆی زووتر پێش بە ھۆتافەکەیان بگرێ، سەری خۆی نیوی دەکرد و خۆی دادەبڕاند لە منداڵەکان، منداڵەکەی تر کە نزیک بوو لێیەوە شێوەی لەو زەخمتر دەردەکەوت، پێی گووت:” گێ لەو دایک حیزانە مەگرە..” بۆ دڵنەوایی بوو.

منداڵە شەرواڵ پینەکراوەکە پرسی:-” دلۆ ئەنگۆش ئاوتان نایەت؟” تەنەکە سەوزەکەی لە باوەش گرتبوو، ھێنایە خوارەوە، ھەوڵیدا بەیەک دەست بیگرێت، دەیویست بۆ بەرگری بەرامبەر منداڵەکان بەکاری بھێنێت.
-” بەرێ، ئەدی ئەوە نیە ئەمنیش تەنەکەم لە دەستە..” دڵۆ لەگەڵ شاپ تێھەڵدان لە قوتووە شیرە بەتاڵەکەی پێشی، کە بەھەناسە بڕکێوە وەڵامی دایەوە. دلۆ ئەمجارە بەردێکی بچووکی ھەڵگرت و لە دواوەی تەنەکە زەردەکەی دەستی دەکێشا، ھاوئاواز لەگەڵ ڕمبە ڕمبەکە دەیگووت:-” منداران وەرنە گەمانی شەوێ، پیرێژن گانی دەوێ..”

منداڵە شەرواڵ بە پینەکە پێکەنی:-” ھا ھا ھا.. خۆ ئێستا شەو نیە..!”
” ئەو شەو ویستم، بێمە دەرێ بابم گۆتیە داکم مەھێلە دلۆ بچیتە دەرێ..” وێجا ڕووی لە شەرواڵ بە پینەکە کرد و گووتی:- دارۆ دەزانی لۆ؟” ھەر بەخۆی وەڵامی خۆی دایەوە” بابم ئەو شەو سیلاحەکەی بەشانیدادا و چووە دەرێ.. ئەدی گێت لەو ھەموو تەقەیە نەبوو؟” لەگەڵ کۆتا دەربڕین چاوەکانی زیت کردەوە، تاوەکوو سەرسامی خۆی بۆ دارۆ دەربخا.
-” ئا ئا.. گێم لێبوو، ئەوجا چیە بابی منیش سیلاحی ھەرگرت و چووە دەرێ..” دارۆ لەگەڵ ئەو دەربڕینە، تەنەکەکەی خستە سە پیلی و ھەنگاوەکانی چڕ کردەوە، گوایە لاسایی باوکی دەکاتەوە. ” ئەوجا بە داکمی گۆت ئاگات لە دارۆ بی..” قسەکانی درێژ کردەوە.
لەنێو ئەو مقۆ مقۆیەدا، بێ ئەوەی ئاگادار بن، تەواوی کۆڵانەکەیان بڕیبوو، لە پڕ دەنگێک کەوتە بەرگوێیان” ھۆ مندارینە دیسان مارەکەی ناو قەسران سۆندەیان ھینایتە دەرێ ھۆ مندارینە…” دلۆ و دارۆ لە خۆشیان وەک گۆڕ ھەڵکەن سەریان بڵند و نەوی کرد، بەیەکەوە ڕایانکرد، سەرەتا ئەمان ململانێیان بوو تاوەکو ھەرچی زووترە تەنەکەکەی خۆیان لەسەڕە دابنێن، دوای ئەوەی دلۆ لەسەد مەتری پەڕیەوە، بینی دارۆ بەربویتەوە بەتەنەکەکی دەستیەوە، گووتی” ڕاکە دارۆ با سەڕەمان زوو بەربکەوێ.. ڕاکە” ھەنگاوە چڕەکانی دارۆ و پەڕینەوەی لەشەقامەکە کە وەک لبادی لێھاتبوو لەبەر تینی خۆرەکە، دلۆ سەیری دارۆی دەکرد تا بگاتەوە لای، ئەو ھاوسۆزیە بەتەواوی دژی ململانێی ڕاکردنەکەی پێشوتریان بوو. دلۆ سەیریکرد ، دارۆ دەیەوێت بپەڕتەوە لەشەقامەکە، دیمەنی پشت دارۆ لە وێنەی گەڕەکێکی داکەوتوو چڕ دەچوو.
دلۆ بەدەم ھەناسە بڕکێوە” دارۆ غاردە..”وێجا ھەرتکیان، بە گورگەلۆقێ ڕایانکرد، بۆ گەڕەکەکەی ئەوبەر.

گەڕەکی کشتوکاڵ بەتەواوی گەڕەکێکی ھێمن بوو، کۆڵانەکە ڕووی لەشەقامی سەد مەتری بوو، نێوانی ئەو دووگەڕەکە بەپێوەری مەتر، تەنیا سێ سەد مەتریان نێوان بوو، کۆڵانەکە قیڕتاو کرابوو، ھەموو منداڵەکان بەیەکەوە لەیەک ڕیز سەڕەیان گرتبوو لەبەر دەم دەرگای ماڵەکە، منداڵ ھەبوو یەک دەبەی ھێنابوو ھەشبوو تەنەکەیەک و دەبەیەک، لەسەڕەکە نزیکەی بیست منداڵ ڕاوەستابوون، ئەوان خۆیان سەڕەیان نەگرتبوو، بەڵکو تەنەکە و دەبەکانیان لەسەڕە دانابوو، خۆشیان بەدیار تەنەکە و دەبەکانیانەوە ڕاوەستابوون، ھەندێکیان یاریان بەتەنەکەکانیان دەکرد، لەترسی بێدەنگی، بەوەی تەنەکەکانیان دەلەقاند لەنێو سەڕەکە، ھەندێکیشیان بەردەوام ژمارەی تەنەکە و دەبەکانی پێشە خۆیان دەبژارد بەردەوام پاتەی ئەو زانیاریەی بەڕووی ھاوسەڕەکانیدا دەکردەوە. دلۆ و دارۆ نزیکەی دەسەڕەیان لە پێش بوو.
لە ئاسنای ئەو غەڵبە غەڵبە زنجیرە سەیارەیەک بەسەر شەقامی سەد مەتری داچوون. ژمارەیان پێنج سەیارە دەبوون لە جۆری بەڕازیلی ڕەنگ سۆر، ھەر سەیارە و چوار پیاوی تێدابوو، تەنانەت دوو لە بەڕازیلیەکانی دواوە، پیاوێک تا دووان لەنێو سندوقەکە دابوون. جامەکانیان بەتەواوی ھێنابویە خوارێ، شوفێرەکە، دەستی لەسەر ھۆڕنەکان دانابوو، سات ناسات دەستی ھەڵدەگرت و دایدەناوە، ھۆڕینەکان ھاوئاوازی خۆشی دەربڕین بوو، لەنێو ھەر یەک لە جامەکان پیاوێک لەشی تا پشتێنی ھێنابویە دەرێ، کە بەڕووی دەرەوەی سەیارەکە قایشی گوولەکان دیار بوو، بەدەستێکی کلاشینکۆفەکەی گرتبوو، بەدەستەکەی تر مستی ڕادەشت بۆ ئاسمان لەگەڵ سەدای ھۆڕنەکە ھاواریان دەکرد” بژی کاکە.. کاکە … کاکە..” لەو نێوەدا ھەموو منداڵەکان سەڕەکەیان جێھێشتبوو لە پێناو ئەو دیمەن و غڵبە غەڵبە، کە بێدەنگی شەقامەکەیان شکاندبوو، کەمێک لەمەوبەر چۆلەکە کوژیش بەم شەقامە تێنەدەپەڕی، دلۆ لەگەڵ ھەڵبەز و دابەزی منداڵەکان بەدەم گووتنەوەی کاکە.. کاکە، بانگی دارۆی کرد” دارۆ ..دارۆ.. بابمت دیت، ئەو ھاتەوە سیلاحەکەشی لە کن بوو” زنجیرەی سەیارەکە ڕوویان لە کۆلانێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکەکەی خۆیان کرد، یەک لەمنداڵەکان گووتی ” چوونەوە باداوان..”

دواتر ھەموو منداڵەکان گەڕانەوە لای دەبە و تەنەکەکانیان، منداڵێکی سیما قاوەیی سورباو بەجەستەو بازوو لەھەموویان گەورەتر دیار بوو، ڕۆیشتنێکی بەکێش و جڵەوی ھەبوو، ئەو دوو جلیتانی پێبوو، بە کورتیەکەی منداڵێکی چەلاخ بوو، گاھێک گەیشتە لای سۆندەی ئاوەکە، سۆندەکەی لە نێو تەنەکەی یەک لە منداڵەکان دەرھێناو خستیە نێو جلیتانەکەی خۆی، سەرەتا ھیچ کام لە منداڵەکان قسەیان نەکرد و تەنیا بینەر بوون.
دلۆ بێدەنگیەکەی شکاند و گووتی” ئەمە ھەموو سڕەمان لە پێشە تووە..”، ئەو دەربڕینە نیوەی بۆ ھەڕەشە و نیوەی بۆ ئاگادار کردنەوە بوو. لەگەڵ ئەو ئاگادار کردنەوەیە، دەنگە دەنگێک دروست بوو، دلۆ و دوو لەمنداڵەکانی تر ھاتنە پێشەوە و دلۆ لە نێوەندیان ڕاوەستابوو” دەی بڕۆ سەڕەی ڕاوەستە..” بەیەک ئاواز منداڵە زلەکەیان ئاگادار کردەوە.

ئەویش لەو باروودۆخە ، توانا جەستەییەکەی خۆی قۆستەوە و خۆ بڵند کرد و گووتی” ھا دایک حیزینە، ھەر بە عەنتەری یەکەم کەس پڕی دەکەم و پیاویشم دەوێ گووی دەخوات…” ھەرسێکیان بەقەد بارستایی منداڵە زلەکە کێشیان ھەبوو، ئەو بەتەواوی ھاتە پیشەوە چاوەنۆڕی کاردانەوەی ئەوان بوو، تاوەکوو ڕێ بەجەستە بەھێزەکەی خۆی بدا کارەکەی بکات. لەپڕ یەکێک لە منداڵەکان لە دواوە، کە تەنێ دەنگی دەبیسترا” ئەمە پیاوی گوو خواردنی نینە، ھەتا عەنتەرەکان ھەبن..” بە بلەز وایگووت.
ھەمووان پێکەنین.

منداڵە زلەکە، لەناخی خۆیدا بۆ ناشرینترین ووشە دەگەڕا، گووتی:-” ئەوە کیھان حیز گەواد وەیگۆت، ئەگەر ئازایە با خۆی دەربخا و بێتە پێشەوە، ئەوە مەیدان ئەوەش قەیتان..” لەگەڵ سوڕانەوەی بەنێو منداڵەکان وایگووت.
دلۆ کە لەسەر نۆبە بڕینەکە ھاتبووە وەڵام، تا تینی ھەبوو پێلەقەیەکەی لە جلیتانی منداڵە زلەکە دا، ئەمیش ئاوڕی دایەوە و خێرا پاڵێکی بە دلۆ وەنا و بەردەرگا کەوت. دوو منداڵەکەی تریش بوون بە ھێزی بەرامبەر منداڵە زلەکە و لەگەڵ پاڵپشتی گشت منداڵەکانی تر کە لەشێوەی ھاندان بوو، وێجا بوو بە شەڕی دەستە و یەخە.

لەگەڵ پێکداھەڵپژانی ئەمان سەڕەکە بەتەواوی تێکچوو، شەڕی ئەمان بەردەوام بوو، دەنگیان بەتەواوی بێدەنگی کۆڵانەکەی شکاندبوو، ئەو شەڕە بووە ھۆی ئەوەی خاوەن ماڵەکە مزەخەکە بکوژێنێتەوە و سۆندەکە لە ژێر دەرگاکە ڕابکێشێتە ژوورەوە.
بەبێ ئەوەی ھیچ کام لەمنداڵەکان ئاگادار بن کە چیتر ئاو نەماوە. لە دەرگا ژنێکی ڕووخسار سوور و سپی دەرکەوت، چرچ و لۆچی ڕووخساری بەڵگەی ئەوەبوو، کە تەمەنی لەنێو پەنجا بۆ شەست ساڵی دەکرد، مەکسیە فشۆڵەکەی لەگەڵ ئەوەی فراوان بوو، کەچی ناڕێکی سک و مەمکی بەئاسانی بەھۆی مەکسیەکەوە نەدەشێردرایەوە، قژە تیتاڵ تیتاڵەکەی بەڕەنگی سور لە خەنە ئاڵا بوو، ئەمەش نەبووە ھۆی ئەوەی لەژێرەوە واتا سەر پێستی، سپیەتی قژی بشارێتەوە.
ژنەکە بە دەنگێکی تووڕە و زیقەوە ھاواری کرد” دەی بڕۆنەوە ماڵێ، چیدی ئاو نیە..” لەگەڵ ئەو ھاوار کردنە ھەتڕەشی منداڵەکان چوو، شەڕەکەش وەستا.
یەک لەمنداڵەکان بە دەنگێکی ھاوئاوازی پاڕانەوە گووتی:-” تخوا دایەگیان بەخوای سوندی دەخۆین سێ ڕۆژە ئاومان نایەت..” وەک ئەوەی ڕازی دڵی ھەموو منداڵەکانی درکاندبێ، ھەمووان بەسەر لە قاندنەوە سەیری ژنەکەیان کرد.
ژنەکە بە پێچەوانەی ھیوای منداڵەکان، ئەو بێدەنگیەی قۆستەوە، تاوەکوو زیاتر پێداگر بێ و ڕوونکردنەوەی زیاتر بدا، لەسەر نیازی خۆی گووتی” ئێ بابە خۆ کارەباتان ھەیە، مزەخەتان ھەیە..”
زۆر خێرا دوو منداڵ قسەیان کرد بەیەکەوە، یەکیان گووتی:-” لەکۆرانی مە، بەس مارێ مام سمایلی مزەخەیان ھەیە”
منداڵەکەی تر گووتی:-” حەفتەیەکیشە کارەبامان نیە..”
ڕوون نەبوو کە ژنەکە لە قسەکانیان گەیشت یانا، یاخود بۆی گرنگ نەبوو، کەچیان گووت. جەسورانە بەرسیڤی دانەوە:-” چەند چەقاوەسوونە، بڕۆنە چیدی ئاو نیەدەی بڕۆن لەبەر دەم مال ئێمە..”
دەرگاکەی داخست.
ھەموو منداڵەکان کەوتنە بەر تاوانباری یەکتر، ئەوان ئیتر ھیوایان لەبیر کردبوو، چوون بچوکترین کاردانەوەی ھەر یەک لەمنداڵەکان، بەتەواوی کاریگەری لەسەر ئەوانیتر ھەبوو. بێدەنگی ئەمجارەشیان بەھۆی زنجیرەیەک سەیارەی تر بوو، لەجۆری بەڕازیلی دووبارە شەقامەکەیان تەی دەکرد.
سێ لە بەڕازیلیەکان سپی بوون ئەوانی تر ڕەنگی شینی کاڵیان ھەبوو، ھەروەک زنجیرە سەیارەکەی پێشوتر، پیاوە چەکدارەکان نیوەی لەشیان لە نێو جامی سەیارەکان دەرھێنابوو، بەگڕوتینەوە ھاواریان دەکرد و کلاشینکۆفەکەی دەستیان بۆ ئاسمان ڕادەشت و بە شێوەی ھۆتاڤ دەیانگووت:- ” بژی مامە …. مامە…مامە..”.

منداڵەکان وەک چۆن چارەگە سەعاتێک بەر لەو نمایشە، بەیەکەوە ھەمان ھۆتافی پیاوانی نێو زنجیرە سەیارەکەیان دەگووتەوە، ئەمجارەش بێ دوودڵی لەگەڵ سەدای گەورەکان ھەڵدەبەزین و ھۆتافەکانیان دەگووتەوە، بێ ئەوەی بزانن ئەو سەدایانە ڕێبواری چی ئەوکێکە.
دارۆ تەنەکەکەی دەستی کە بەبەرد دەکووتا و ھۆتافی دەگوتەوە، بانگی دلۆی کرد” دلۆ … دلۆ ئەھا سەیری بابم کە.. ئەوە سیلاحەکەی بابمە” دڵخۆشیە منداڵانەکەی بە تەواوی لە زەمینی ھیواکانیەوە دەردەچوو، وەک ئەوەی پابەندی ئەو ھێمایانە بێت، کە لە کۆمەڵگای فیودالی بوونیان ھەیە.
دووبارە زنجیرە سەیارەکە لە نێو گەڕەکەی خۆیان وون بوون، تا دەھات دەنگی ھۆڕنەکان کزتر دەبویەوە بە گوێی منداڵەکان، وێجا ئەمانیش ھەمووان تەنەکە و دەبەکانی خۆیان ھەڵگرت و پەڕینەوە لەشەقامەکە.
کاتێ گەیشتنە نێوەڕاستی کۆڵانەکە، دەنگەلێکی تر منداڵەکانی سەرسام کرد، ئەمجارە دەنگی ترس و شانازی بوو، دەنگێک کەمنداڵەکان دەبوو سەریان ھەڵبڕن بۆ ئاسمان و لەھەمان کاتدا پێبکەنن و بتاسێن، ڕابکەن و ھەڵپەڕن، بێ ئەوەی لە نیازی گەورەکان تێبگەن.
دلۆ و دارۆ، بە یەک ترس و یەک خەون و یەک بیرکردنەوە، دەستی یەکیان گرتوو بە دەستەکەی تریش تەنەکەکانیان و ڕایانکرد و ھەر بەیەکیشەوە گوتیان” دەچینەوە کن بابمان، دەچینەوە کن بابمان…”

ھۆزار ئەحمەد

Previous
Next

Leave a Reply