Skip to Content

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەڕێوەدەچێت … مەنسوور جیهانی

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەڕێوەدەچێت … مەنسوور جیهانی

Closed
by ئه‌یلول 20, 2018 General

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە رۆژانی 10 تا 16ی ئۆکتۆبەری 2018 لە 5 هۆڵی سیتی سینەما لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنیی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی و ڕێزلێنان و دەستخۆشی لە کۆمەلێک کەسایەتی شاری سلێمانی کە یارمەتی دوو خولی پێشووی ئەم فێستیڤاڵەیانداوە بە بەشداریی کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی پێشەنگی هەرێمی کورستان و هەروەها بەرپرسانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، لەوانە: “فوئاد جەلال” بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، “دانەر عومەر” بەڕێوەبەری هونەریی و “لینا ڕەزا” بەرنامەداڕێژیی ئەم فێستیڤاڵە لە هوتێل “ڕامادا” لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و مەلا بەختیار سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لەم بەرنامەیەدا گوتی: میوانە ئازیزەکان، پڕ بە دڵ بەخێرهاتنتان دەکەین، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی هەموو ئێوەی خۆشەویست و لە ڕێگای کەناڵەکانیشەوە بۆ گەلی کوردستان و ڕای گشتیی رایدەگەیەنین کە تەواوی ئامادەکارییەکانی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی کراوە بە هەموو توانایەکەوە و بە ئەزموون وەرگرتن لە هەر دوو خولی پێشووی فێستیڤاڵ، کارەکانی خۆی دەستپێدەکات. ئومێدەوارین هەر وەکوو لە یەکەمین فێستیڤاَل بەڵێنماندا بەردەوام بین و ئەمە گەیانماندە سێیەمین فێستیڤاڵ وەکوو پەندی پێشینیانیش دەڵێت شەرتی پیاوەتی سێ جارە.

گوتیشی: بێگومان سێ فێستیڤاڵێکی دیکەش من لەگەڵیان دەبم و لە یەکەمین فێستیڤاڵیش ڕامگەیاند کە تا شەشەمین خولیش هەر لە خزمەتیاندا دەبم، دەستخۆشی لە هەموو ئەو هونەرمەندانە دەکەین کە ئامادەکارییەکی تەواویان بۆ سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی کردووە و هیوادارم پرۆگرامی ئەوتۆیان ئامادەکردبێت و دەستەی هەڵبژاردنی فێستیڤاڵ فیلم گەلی ئەوتۆیان دەستەبژێر کردبێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا هونەردۆستان و سینمادۆستان رازی بن و لە سێیەمین خولدا فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە خەم بڕەخسێت، تا خولی سێیەم دەترساین بەڵام لە سێیەم بەدواوە نەترساوین.

ئەوەیشی خستەڕوو: جێی خۆیەتی بۆ سێیەمین خولی فێستیڤاڵ سوپاسی بێ پایانی شەخسی خۆم ئاراستەی برای بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی بکەم کە خۆم تەکلیفم لێکرد پێویسیتییەکانی سێیەمین فێیستیڤاڵ دابین بکات، هیمەتی کرد و لە ڕووی مادییەوە تەواوی پێویسیتییەکانی دابینکرد. بۆیە لە سێیەمین فێستیڤاڵ، پێویست نابین جارێکی دیکە بێینە خزمەتی سەرمایەدارە کوردپەروەر، نیشتمان پەروەر و هونەرپەروەکانی کوردستان کە بەشێکیان لێرە ئامادەن و دیسانەوە لە ناخمەوە سوپاستان دەکەم بەشێکی زۆریان کە لێرە دانیشتوون و هەندێکیشیان لێرە نین، شەخسی خۆم تەلەفوونم بۆ سەتا نەدونوویان کرد کە هاوکاری فێستیڤاڵ بکەن، هەندێکیان لە تەوەقوعی هەموومان زیاتر یارمەتیانداین، هەندێکیشیان چەندیان لێداواکرا هیمەتیان کرد و هەندێکیشیان دوو بەرانبەر لەوەی کە داوای لێکرابوو یارمەتیداین. من هەندێک جار لە هەڵوێستی نەشیاو لە کەسێک یا دوو کەس دەبینم لەڕاستیدا خۆم پێناگیرێت.

گوتیشی: ڕەنگە خۆم شەخسی بۆ 100 سەرمایەدار تەلەفونم کردبێت بەداخەوە تەنها دوانیان کە لە سایەی ڕاپەڕین و بە هیمەتی پێشمەرگە لە سایەی ئەزموونی دەسەڵاتی دیموکراسی کوردستان هیچیان نەبێت، ئێستا میلیۆنێرن، من باشیان دەناسم هیچیان نەبوو، لە ساجی عەلییەوە ئێستا ئەوان میلیۆنێرن، نەک میلیۆن دۆلار، 100 میلیۆن دۆلاریشیان هەیە، بەداخەوە چڕووکی خۆیان دەرخست و ئامادەنەبوون یارمەتیمان بدەن، یارمەتی وایان پێشنیار کرد کە پیاو شەرم دەکات باسی بکات. بۆیە ئەو قسەیە دەکەم ئەوانە دەبوایە جوامێربن، هەر ئەوەندەیان پێدەڵێم، بەداخەوە جوامێرنەبوون.

مەلا بەختیار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: هەمووی ئەو برایانەی لێرەن یارمەتیان داوین و ئەوانەی یارمەتیشیان نەداوین یا یارمەتیانداوین و لێرەنین حەز دەکەم دڵنیایان بکەم دوا دۆلار و دوا دیناری یارمەتییەک کە داویانە بە فێستیڤاڵ، ئەوەندەی من ئاگاداربم هەموو خراوەتە خزمەتی داهێنانی ئەم فێستیڤاڵەوە. و بە لێژنەیەک و بە چاودێرییەکی وردەوە سەرفکراوە. خۆشتان دەبینن لە سێیەمین فێستیڤاڵ کە ئەوە توانای داراییەکی زۆری دەوێت تاکوو بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بێنێت و ئەمە تەنها بە عەشق، تەنها بە بەهرە، تەنها بە پەرۆشی و تەنها بە خۆبەخشینی فێستیڤاڵ دەرکەوتووە و ئەم هەمووە میواندارییە بە بێ عەشق ئەنجامنادرێت.

گوتیشی: ئێستا کە سێیەمین فێستیڤاڵ ڕادەگەیەنین خۆشبەختانە شاری سلێمانی خەریکە پەڵەی پێتەختی ڕۆشنبیری دەدات، چالاکییەکان لە هەموو بوارێکەوە بەردەوامن. لە مانگی 10 لە سلێمانی گەورەترین پانۆڕامای هونەریی بە پێشکەوتنێکی زۆربەی هونەرمەندانی ئێران لە بەر دەرکی سەرا ئەنجامدەدرێت، دەیبینن کە یەکەمین پانۆڕاما یا هونەری بەرجەستە یا خود پەیکەرەی جۆراوجۆر کە ڕەنگە لەسەر ئاستی عێراقیش شتی وا ڕووینەدابێت و نەکرابێت و دانەهێنرابێت، زۆربەی هونەمەندانی عێراق و عەڕەب و مەسیحی و تورکمان و کلدانی کاریان تێداکردووە و بەشداریان تێداکرووە و دەیبینن کە دەبێت بە یەکێک لە شوێنە هونەرییەکانی کە ئێوە شانازیی پێوەبکەن.

سەرۆکی بۆردی پشتیوانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: بۆ ئەوەش ئێمە تەکلیفمان لە برای خۆشەویست کاکە “جەماڵ جەلال” کرد، تەاوی تیاچووی ئەم پڕۆژەیە ئەو ئەنجامی بدات. واهەست دەکەم سلێمانی خەریکە پەڵە دەدات، پێتەختی سلێمانی کە لە سەرەتاوە و لە سێیەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، یەکەمین بنکەی ڕووناکبیری کە دروشمی بە پایتەخت کردنی رۆشنبیری سلێمانی بەرزکردەوە لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەرزمان کردەوە و زۆر هەوڵماندا لە دوای سێیەمین فێستیڤاڵ هەتا ئەو رۆژەی جەنابی سەرۆک وەزیرانی کوردستان هاتە فێستیڤاڵی گەلاوێژ و قەناعەتی کرد کە دەبێت بکرێتە پایتەخت، زۆر هەوڵماندا سەرۆک وەزیرەکانی دیکە ئامادەنەبوون ئەو بڕیارە بۆ سلێمانی بدەن. کە هەموویان بە ئاووهەوای سلێمانی گەورەبوون. سلێمانی نەبوایە کەس نەیدەزانی ئەوانە کێن.

ئەوەیشی خستەڕوو: خۆشحاڵم کە توانیمان بۆ مێژوو سلێمانی مافی خۆی وەربگرێت و بیکەین بە پایتەخت. ئەم پایتەختە بێگومان چالاکییەکان دڵخۆشکەرەن بەڵام هێشتا زۆر زۆری ماوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەڕڵەمانی کوردستان و تەنانەت حکوومەتی عێراقیش حەقی وایە ئاوڕێکی گەورە لە پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی بدات و بیکات بە پایتەختی رۆشنبیری هەموو عێراق. هەموو چالاکییەکانی رۆشنبیری لە عێراقدا لە ڕووی ئەدەبی و هونەریی و لە هەموو بارێکەوە حەقە سلێمانی لەبارترین شوێنە بۆ ئەوەی ئەو چالاکیانە لەسەر ئاستی و لە سلێمانی ئەنجامبدرێت و پێشنیاریش دەکەم پەڕڵەمانی عێراق بیرلەوە بکاتەوە سلێمانی وەکوو پێتەختی رۆشنبیری هەموو عێراق حیسابی بۆ بکات.

گوتیشی: و بەوە گۆڕانێکی گەورە و قۆناغێکی گەورەتر لە پایتەختبوونی سلێمانی و رۆشنبیری کوردستان دەچینە پێشوە و بێگومان ئەو کاتە هاوشانی ئەو هەوڵانەی کە وەزارەتی رۆشنبیری، وەزارەتی گەشتووگوزار و وەزارەتی تەندروستی دەیدات و سلێمانی بۆتە یەکێک لە ناوەندەکانی سیاحەتی تەندروستی و سیاحەتی گەشت و گوزار و ئێستا کە پایتەختی رۆناکبیری کوردستانە ئەگەر بگات بە پایتەختی رۆناکبیری عێراق بێگومان ئەو کاتە هەم ئاسا چالاکییە هونەرییەکانی سەرانسەری عێراق لە بەسرەوە تاکوو زاخۆ دێتە ئێرە و پێشکەوتنێکی گەورە بەدیدێنین.

مەلا بەختیار لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: من سوپاسی کاکە فوئاد، کۆمپانیای مەستی فیلم، کاکە دانەر و لینا خان دەکەم و هەروەها هەموو ئەو خوشک برا ئازیزەی کە دەزانم سێ مانگە رۆژانە شەونخوونی دەچێژن و هیلاک دەبن بۆ ئەوەی سێیەمین خولی فێستیڤاڵ نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی شایستەی شاری سلێمانی و شایستەی کوردستان بێت. و بە دڵنیاییەوە ڕەوتەکە وابووە و دڵنیام کە شەشەمین و حەوتەمین فێستیڤاڵ سلێمانی دەبێت بە ناوەندێکی گەورە بۆ فێستیڤاڵی سینەمایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەگەر بە هەموومان هیمەت بکەین و دەبین بە پێشەنگی فێستیڤاڵە سینەماییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو کاتە دەبینن ئەکتەرە هەرە بەناوبانگەکانی وڵاتانی عەڕەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنە ئەم شارە و شانازیی بە هەمووتان دەکەن.

گوتیشی: لە کۆتاییدا من سوپاسی هەموو ئەو سەرمایەدارە نیشتمانپەروەر و ئازیزانە دەکەم کە ئێستا تەشریفیان لێرەیە و جەخت دەکەمەوە کە بە هیمەت کردن بۆ ئەم جۆرە پڕۆژانە و بۆ ئەم جۆرە داهێنانە یەکجار یەکجار کارێکی گەورەیە بۆ نەتەوەکەتان، بۆ هونەرمەندەکان و دەیان هەزار هونەردۆست، هەر کەسێک لە ماڵی خۆی لە شوێنی خۆی پێی خۆشە هونەر لە وڵاتەکەی گەشە بکات. بۆیە موڵکی دنیا و یەکێک لە بوارانەی کە دەبێت بەکاربێت بەڕاستی بواری بەهرە و بواری داهێنانە. هیچ بوارێکیش لە بوارەکانی بەهرە و داهێنان بەقەت سینەما ناتوانێت شوناسی نەتەوەیی ئێمە، شوناسی دیموکراسی ئێمە و شوناسی سەربەرزی ئێمە بە هەموو جێهان بناسێنێت.

مەلا بەختیار لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد: سینەما یەگجار گرینگە، نەبین بە خاوەن سینەما، نابین بە نەتەوەیەک کە لە شارستانییەتی ئەم سەردەمەدا بژیت. ببین بە خاوەن سینەما دەچینە ناو بازنەی شارستانییەتی ئەو سەردەمەدا. زۆر سپاس بۆ هەموو لایەک و هیوادارم کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەردەوام بێت و شاری سلێمانی هەمیشە پێشەنگ بێت لە پێناوی بەهرە و بەهرەمەنداندا.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا بە هۆی پێزانین و سوپاس و رێزلێنان لە بەرانبەر ئەو کارە گەورەیەی سەرمایەدار و کەسایەتییەکانی سلێمانی بە دوو خولی پێشووی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەخشیویانە، لە لایەن بەرپرسانی ئەم فێستیڤاڵەوە و هەروەها بەدەستی هونەرمەندانی پێشەنگی شاری سلێمانییەوە خەڵاتی تایبەتیان پێبەخشرا.

لە کۆتایی ئەم بەرنامەیەدا گرووپی موزیکی “لووڕ” بە ئاوازدانەری و به‌ دابه‌شکردن و بە سەرپەرسەتی “نزار زێوەیی” و بە دەنگی “عوسمان میروەیس” چەندین گۆرانی ڕەسەنی کوردییان پێشکەش کرد.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish