
مەستورەیەكی بێ خەم لە ڕۆمانی خەمی مەستوورەدا!.. سەدیق سەعید ڕواندزی
ڕووداو لە دەقی ئەدەبی و بە تایبەتیش ڕۆماندا، ئەو ڕەهەندە مێژوویی و زەمەنییەی نامێنێت كە پەیوەستە بە كات و شوێنی ڕووداوەكە، بەڵكو لە پانتایی نووسیندا، ڕووداو بە تایبەتیش كارەساتی گەورە و ڕووداوی تراژیدی، بۆ ئەوەیە بەردەوام بمێننەوە وجۆرێك لە هەمیشەییبوونی لە یادەوەری ئێمەدا هەبێ. گەر بە وردی هەموو ئەو ڕۆمانانە بخوێنینەوە كە باس لە جینۆسایدی جوولەكەكان دەكەن، خوێنەر هەست ناكات ئەم ڕووداوە ببێتە بەشێك لە واقیع و تێپەڕیبێت، بەڵكو وەك ئەوە وایە، كە چركەساتی ڕووداوی جینۆسایدكردنەكە، لە ساتی خوێندنەوەی دەقەكە بوونی هەیە و هێزی گێڕانەوە و وێناكردنی ئەو كارەساتە و نیشاندانی دیمەن و ڕووداوەكان، ئەو زەمەنە مێژووییەی ڕووداوەكە دەبڕن و دەبنە بەشێك لە ئێستا.
بە بڕوای من، لای بەشێكی زۆری ڕۆماننووسانی كورد، هەتا ئێستا نەتوانراوە گوزارشت لەكارەساتێكی گەورەی وەك ئەنفال بكرێت، وەك ئەوەی لە شیعردا شێركۆ بێكەس لە گۆڕستانی چراكاندا كردی، ئەمە پەیوەندی بە نەبوونی توانا و هێزی گێڕانەوە و بەركەوتن لەگەڵ ئەو كارەساتە هەیە، كە ئەمەش زۆرجار لە بری ئەوەی گەورەیی ئەم كارەساتەمان بۆ نیشان بدات، بە داخەوە بچووك و بێ بەهای دەكات و لە پێگەی تراژییدی و مرۆیی كارەساتەكە كەم دەكاتەوە. لەو سۆنگەیەوە، ڕۆمانی خەمی مەستوورە، یەكێكە لەو ڕۆمانە سادە و هەژارانەی، كە نەك هەر نەیتوانیوە گوزارشت لە كارەساتی ئەنفال و خەمی ژنانی كوردی پاشماوەی ئەو كارەساتە بكات، بە داخەوە بەڵكو ئەم كارەساتەی بچووك و بێ بەها كردووە و جۆرێك لە دیمەنی گاڵتەجاریی و كاریكاتۆری بەو كارەساتە داوە، وەك ئەوەی نووسەری ڕۆمانەكە باسی دۆخێكی زۆر ئاسایی بكات، لە بری قیژە و ناڵە و هاواری تاساوی ئەو خەڵكە، كە دەنگییان لەو ڕۆژگارە دەگەیشتە لای خودا. كاتێ لە خوێنەوەی ئەم ڕۆمانە سادەیە بوومەوە، وەك ئەوەی ئەنفال هەری ڕووی نەدابێت لام وابوو، چونكە لە بچووكترین شوێنی ڕۆمانەكەش، گەورەیی ئەو كارەساتە نیشان نادات و لە پەراوێزی درێژدادڕی ڕۆمانەكەی، لە تیمەی سەرەكی دوور دەكەوێتەوە و بابەتی لاوەكی دێنێتە نێو باسی ئەنفال.
ئەم ڕۆمانە، باس لە ژنێكی پاشماوەی ئەنفال دەكات. مەستوورە و كچەكانی، دوای ئەوەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، بە هاوكاری جاشەكانی قاسم ئاغاوە، پەلاماری گوندەكەیان لە ناوچەی شوان و بناری خاڵخاڵان دەدرێت، لە چەمی بابە ڕووشە خۆیان دەشارنەوە، بەڵام دواتر وەك هەزاران كەسی دیكە، بەر ئەو شاڵاوە نەگریسە دەكەون. دوای گرتنیان، بە ئوتومبێلێك دەبردرێن و دەگوازرێنەوە و لە ڕێگەدا ئوتومبێلەكە وەردەگەڕێت و مەستوورە دەبردرێتە نەخۆشخانە و بەم شێوەیە لە (خدری حاجی ) هاوسەری و چوار كچەكەی ( بەهار، نێرگز، كوێستان، ژیان) دادەبڕێت و ئەوان ئەنفال دەكرێن، ئەویش لەلایەن دوو سەربازەوە دەبردێتە نەخۆشخانە و دوای چاكبوونەوەی لە نەخۆشخانە دەردەچێت و مینە و گوڵە دەناسێت و سۆراغی كچەكانی دەكات، بەڵام ئەم سۆراغكردنە، هیچ ئەنجامێكی نابێت.
مەستوورە، جارێكی دیكە شوو بە بایز ئاغەی پیاوی قاسم ئاغە دەكات و دەبێتە هاوسەری ئەو و لە شوقەیەكی ئیسكان لە شاری هەولێر دەژَیت. مەستوورە، بەم شێوەیە دەمێنێتەوە تا ڕاپەڕین ڕوودەدات و هەولێر ئازاد دەكرێت. ئەمە پوختەی ئەو ڕۆمانە بوو، كە گوایا لە كارەساتی ژنانی پاشماوەی ئەنفال دەدوێت و خەم و ناسۆرییەكانیان لە ڕێگەی ئەدەبەوە بەرجەستە دەكات. بێگومان هەر لە دەسپێكی ڕۆمانەكەوە، میران بێ ئاگاو نەشارەزا بووە، لەچۆنیەتی كارەساتی ئەنفال و بكەرەكانی و مێژووەكەشی.
لە پرۆسەی ئەنفالدا، هەرگیز ژنان و پیاوانی كورد بە یەكەوە ئەنفال نەكران، بەڵكو لە دەسپێكی هەر هێرش و پەلامارێك بۆ سەر هەر گوند و ناوچەیەك، پیاوانیان جیا دەكردەوە و ژنان و منداڵانیشیان بە تەنها دەبرد، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، گریمان ئوتومبێلی ئەنفالكراون وەردەگەڕێت وەك ئەوەی نووسەری ڕۆمانەكە باسی دەكات، بەڵام دەبوو ئەوە بزانێت كە هەرگیز پیاوەكانی ڕژێم هێندە میهرەبان نەبوون، تا ئامادە بن بریندار ونەخۆشانی ئەنفالكراو ببەنە نەخۆشخانە و بیانلاوێنەوە و خزمەتیان بكەن. گواستنەوەی ئەنفالكراوان، لە ڕێگەی ڕێ و شوێنێكی هێندە توندو و كۆنترۆِلكراو و چاودێریكراو ئەنجام دەدرا، بواری ئەوە نەبوو، یەك ئوتومبێلیش تووشی تامپۆن بێت. ئەم دەسپێكە ناهونەری و لاواز و گێڕانەوە بێ مانایەی كارەساتەكە لە ڕۆمانەكەدا، دەریدەخات كە نووسەری ڕۆمان، بێ ئاگایە لە كارەساتی ئەنفال و چۆنیەتی ئەنجامدانی. دوای ئەمە نووسەری ڕۆمانەكە، بە جۆرێك باس لە ژنانی پاشماوەی ئەنفال دەكات، وەك ئەوەی خەمیان تەنها ناو گەڵ و نووستن و مێردكردنەوە بێت، بە كێش؟ بێگومان بەو جاشانەی ئەنفال و ئەتكیان كردن، وەك ئەوەی یادەوەری ژنی كورد هێندە لاواز بێت، ڕاست و چەپی خۆی نەناسێت و بە ئاسانی ئەنفال و جەلاد و بكەرەكانی لە بیر بكات.
میران، نەك هەر سەركەوتوو نەبووە لە وێناكردنی ژنێكی پاشماوەی ئەنفال كە هاوسەر و چوار كچی جوانی ئەنفالكراون، و بەردەوام لە نێو خەفەت و قەهر و چاوەڕوانی دەژیت و تا مردن لە چاوەڕوانی دەمێنێتەوە، بگرە وێنەی مەستوورەیەكی بێ خەم وخەفەتمان پیشان دەدات، كە لە بری ئەوەی خەیاڵی لای كچ و هاوسەرەكەی بێت، بەردەوام خەیاڵی لای گەرماو و خۆ شوشتن و نێو گەڵ و پشیلە كوێرەكەیەتی. هەڵبەتە، ئێمە زۆر باشتر لە نووسەری ڕۆمانەكە ئەوە دەزانین كە مەستوورەش وەك هەر ژنێكی دیكە، سووڕی مانگانە دەبینێت و مەمكی هەیە ودەچێتە گەرما و وخۆی دەشوات، بەڵام جیاوازی ئێمە لەگەڵ نووسەری ڕۆمانەكە لەوەدایە، كە ئێمە دووشكردن، بە خەمی ڕۆژانەی مەستوورە نازانین، چونكە خەمێكی گەورەتر و كۆستێكی قووڵتر و مەزنتر لە ژیانی ئەودا هەیە، كە ئەویش لەدەستدانی خێزانەكەیەتی. ژنانی پاشماوەی ئەنفال لە دوای ئەو كارەساتە، نەك هەر نەپڕژانە سەر ئەوەی جارێكی دیكە دەست بە ژیان بكەنەوە، بەڵكو زۆرینەیان تووشی خەمۆكی و گۆشەگیریی و تەنهایی بوونەوە و بە تاسەی گەڕانەوەی ئازیزەكانییان، چاوەكانیان خستە ژێر گڵ. با بزانین نووسەری ڕۆمانەكە، لە ڕۆمانەكەیدا چۆنی باسی مەستوورە و ژیانی تایبەتی و ڕۆژانەی لە شوقەكانی ئیسكان دەكات، تا بزانین ئەمەبوو ژیانی دایكێكی جگەر سووتاو؟ بۆ نموونە:_
* لا 65 نووسیویەتی :_( بۆ سەر شكانێك ئاگام لە قوونی خۆم نەما) مەبەستی لێرە مەستوورەیە.
* لا 67 نووسیویەتی:_( لە جەستەی خۆی ڕووانی، دەستی هەڵبڕی و خستییە ژێر مەمكەكانی وەكو جاران قنج و قووتن) دیارە مەستوورە، زۆری بەلایەوە گرنگ بووە، مەمكەكانی لیچ و شۆڕ نەبن و بۆ گرتن بشێن بۆیە وا دەڵێت !
* لا 67 نووسیویەتی:_( دەستی بۆ سەر ورگ و سمتی هێنایە خوارەوە، پەنجەی ڕاستی خستە نێو تووكە بەرە ڕەشەكەی و سەری شۆڕ كردەوە(
* لا 129 نووسیویەتی:_( لێرەدا، دوای ئەوەی مەستوورە و كچەكانی لە بەر پیاوانی ڕژێم لە چەمی بابەڕووشە خۆیان حەشارداوە، مەستوورە سوخمەی ژیانی كچەكەی ترازاند و پێی گوت با سنگ و مەمكی تۆش دەركەوێت) لەو بارودۆخە دژوار و پڕ لە ترسەی نێوان مەرگ و ژیاندا، دایكێك هەیە ئەمە بە كچەكەی بڵێت؟ مەگەر لە خەیاڵدانی نووسەری ئەم ڕۆمانە نەبێت !
* لا 134 نووسیویەتی:_( زیاتر لە دە گەنج دەستیان بۆ مەمك و سمتم برد).
* 137 نووسیویەتی:_( ئەگەر خۆت قوزت نەخورێت ئەوا بە ڕووتی بۆ نێو ئەو قەرە باڵغیە نایەیت) بە ڕاستی شەرمە، یەك ساڵ دوای پرۆسەی ئەنفال و ژنانی ئەنفال كراو، قسەی وەها بڵێن و پێیان بگوترێت. ئەمانە نەك هەر ڕاست نین، بەڵكو سووكایەتیشە بە پاشماوەی ژنانی ئەنفالكراو.
* لا 139 نووسیویەتی :_( ئەم بەلایە لە ژێر قوونی من بووە).
* لا 143 نووسیویەتی :_( مەستوورە ئەوەندە دەستەسڕ و كلنكسی ئاخنیوەتە نێو گەڵ، لچ و لێوی دەكزێتەوە ).
* لا 172 نووسیویەتی:_( ڕیتمی پێكانی ڕادەوەشاند، گردی سمتەكانی لەگەڵ تۆنی تەقە تەقی پێڵاوەكاندا دەجووڵاند(.
* لا 181 نووسیویەتی:_ ( ئازاری زگی هەبوو، دەستی شۆركردەوە نێو دەرپێكەی (.
وێرای باسكردن لەو دیمەنە تایبەتی و پۆرنۆیانەی مەستوورە، كە بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لە دنیای پڕ خەمی ژنێكی ڕزگاربووی كارەساتی ئەنفال ناكات، نووسەری ڕۆمانەكە تەنانەت مەستوورە دەكاتە دزیش ! ئەویش دوای ئەوەی دانیشتووانی شوقەكانی ئیسكان، لە كۆچڕەوەكەدا ماڵەكانیان جێدێڵن، ئەو دەچێتە نێو ماڵەكانیان و لە ماڵی پاكیزە خان، پێلاو، عەزییە و جلو بەرگی ئەو ماڵە دەبات و خۆی پێ بابا دەدات. هەموو ئەم دیمەنانە، جگە لە سووكایەتی، بچووككردنەوە و بێ بەهاكردنی خەمی ئەنفالكراوان، هیچی تر نییە، بەمەش نووسەری ڕۆمانەكە نەك نەیتوانیوە، گوزارشت لە گەورەیی ئەو كارەساتە بكات، بەڵكو لە ڕێگەی ئەو بە نێو ڕۆمانەیەوە، سووكایەتی و گاڵتەشی پێ كردوون.
چەند هەڵەیەك لە ڕۆمانەكەدا:_
بە درێژایی ئەو ڕۆمانە، لە گەلێك شوێن و لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوەكاندا، نووسەری ڕۆمانەكە كەوتۆتە هەڵەی مێژوویی و بابەتی و زەمەن و شوێنیش. بۆ نموونە: یەكێك لەو هەڵانەی بەردەوام دووبارەی كردۆتەوە كاتێ باسی كۆچڕەوە و زەمەنی پێش ڕاپەڕین دەكات ئەوەیە، كە دەڵێت خۆڵبارینێكی زۆر باریبوو. ئم هەڵەیە گەلێك لە ڕۆمانووسانی دیكە، كاتێ باسی زەمەنی پێش ڕاپەڕین دەكەن، بێ ئەوەی هەستی پێ بكەن تێی دەكەون. ئارام محمەدیش لە ڕۆمانی ( ئەو هاوارەی نەبیسترا ) كە باسی دڵدار دەكات، كاتێ باسی ئەو ڕۆژە دەكات كە دڵداریان شاردۆتەوە، دەڵێ خۆڵبارینێكی زۆر هەبووە. بێگومان خۆڵبارین، دیاردەیەكی سرووشتی و ژینگەیی ئەم ساڵانەی دواییە و لەگەڵ ڕووخانی بەعس دروست بووە. بۆیە پێشووتر نەبووە. كاتێ نووسەری ڕۆمانی خەمی مەستوورە باس لەوە دەكات كە ڕۆژی كۆچڕەوەكە كە ڕێكەوتی 31 /3 / 1991 بوو، خۆڵبارینێكی زۆر هەبووە هەڵەیە، بە پێچەوانەوە لەو ڕۆژانەدا بارانی بە خوڕ دەباری.
یەكێكی دیكەش لەو هەڵانە ئەوەیە، كە نووسەر بەردەوام ئاپارتمانەكانی ئیسكان بەكاردێنێت كە ئەمەش هەڵەیە، چونكە پێش ڕاپەڕین، دانیشتووانی هەولێر و ئیسكانیش نەیان دەگوت ئاپارتمان، بەڵكو هەر بە شوقەكانی ئیسكان ناویان دەهێنرا. لەلایەكی دیكەوە لە گەلێك شوێنی ڕۆمانەكە هەڵە و درێژدادڕی هەیە وەك:_
* لا 21 كاتی دوو سەربازەكە لە بارەی دیستۆفسكییەوە گفتوگۆ دەكەن، یەكێكیان بە ئەویتریان دەڵێت ڕووسییە، لە كاتێكدا ڕووسی بۆ قۆناغی دوای هەرەسی سۆڤییەت بە كاردێت.
* لا 103 نووسیویەتی:_ كاتژمێر لە ژوورەكەی مەستوورە نەبوو. ڕێی تێ دەچێت مرۆڤێك بە تەنها لە ژوورێك بژیت و كاتژمێری نەبێت؟ گریمان نووسەر لێرەدا مەبەستی وەستانی زەمەنە لای كەس و كاری ئەنفالكراون، بەڵام هەرخۆی بە درێژایی ڕۆمانەكە، باس لەوە دەكات كە مەستوورە، كاتژمێر چوار دەگەڕایەوە ماڵەوە، یاخود كاتژمێر دوو لە ماڵ دەردەچوو.
* لا 108 نووسیویەتی :_( ڕۆژی دوای ئەو شەوەی شێخ بایز مەستوورە جێدێلێت و پێی دەڵێت لە ماڵ نەچیەدەر و ناحەزان بزانن داخی دڵی من بە تۆ دەڕێژن، ئیدی مەستوورە تایەكی گەرم دەگرێت و هەفتەیەك لە نێو جێگەدا دەكەوێت) كەچی شەش دێڕ دواتر دەنووسێت:_( قسەكانی شێخ بایزی مێردی، مەستوورەی نەترساند).
* لا 110 نووسیویەتی :_( لە نیوە شەودا، مەجیدە شەل، دوو جار هات بانگی مەستوورەی كرد و لەدەرگا و پەنجەرەكانی داو پێی گوت سەربازەكانی ڕژێمی بەعس گەیشتنە نێو شاری هەولێر) لێرەدا مەبەست ڕۆژەكانی پێش كۆچڕەوەكەیە و دیارە مەستوورە ئاگادار كرایتەوە، كەچی لە لاپەڕە 116 دا، ئەمجارەیان مەستوورە دەڵێت:_( دەبێ شتێك ڕووی دابێت؟ ئیتر با بزانم مەگەر مەجیدە شەل هەواڵم بۆ بێنێت) بێگومان ئەمەش دوو گێڕانەوەی پێچەوانەی یەكترین.
* لا 123 نووسیویەتی:_( پەنجەی لە سەر زەنگەكە دانا) نووسەر لێرەدا باسی ساتی كۆچڕەوەكە دەكات، بەڵام لە كۆچڕەوەكە و سێ مانگ پێشووتریش، كارەبا لە شاری هەولێر نەبوو.
وێرای ئەمانەش، میران لەو ڕۆمانەیدا، بە جۆرێك وەسفی خەڵكی هەولێری كردووە، وەك ئەوەی خەڵكێكی زۆر بێباك، نا بەرپرسیار و بێ خەم بن بەرانبەر كەس و كاری ئەنفلكراوان، كە ئەمەش جۆرێكە لە چەواشەكاریی، چونكە هەموومان حەقیقەتی هەولێرییەكان و هەڵوێستیان بەرانبەر ئەنفال و ئەو ڕووداوە و لە خۆگرتنی ئەنفالكراوان دەزانین.
ڕۆماننووس، بە جۆرێك وێنەی مەستوورەی لە هەولێر پیشانداوە، كە هەموو ئەو سووكایەتی و بێ ڕێزیی و شكۆشكاندنەی پێی دەكرێت، لە نێو بازاڕی هەولێر و گەڕەكەكانی و لای هەولێرییەكانە. بەردەوام قەڵا و قەیسەری و بازاڕی ئەوێ دەكاتە ڕووبەری ڕووداوەكانی ژیانی مەستوورە.
دواجار زۆر بە ڕاشكاوی دەیڵێم، ئەم ڕۆمانە، گاڵتەكردنە بە هەست و سۆز و ڕوح و ژیانی ئەنفالكراوان و پاشماوەكانیان. ئەم جۆرە ڕۆمانانە، لە بری ئەوەی خەم و تراژیدیاو گەورەیی ئەو كارەساتەمان پیشان بدات، بە پێچەوانەوە لە ئازار و گەورەیی كارەساتەكە كەم دەكەنەوە و بێ بەهای دەكەن !
پەراوێز: خەمی مەستوورە، ڕۆمان، میران ئەبراهام، زنجیرە كتێبی بڵاو كراوەی كەپر _ 2020.
*ئەم بابەتە لە گۆڤاری دیوان ژمارە (44) كانوونی دووەمی 2025 بڵاوكراوەتەوە.