
ئێران، بۆچی ٣٠ی جۆزەردانی ١٩٨١ خاڵی وەرچەرخانە؟.. عەبدولڕەحمان گەورکی
هەرچەندە هەم دیکتاتۆرییەتی شا و هەم دیکتاتۆرییەتی ئایینی زۆر تاوانیان دژ بە گەلی ئێران ئەنجام داوە، بەڵام رۆژی، ٣٠ی جۆزەردانی ١٩٨١ خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی خەباتی گەلی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت. بۆچی؟
یەکەم ٣٠ی جۆزەردان!
٣٠ی جۆزەردانی یەکەم بۆ ساڵی ١٩٨١ (1360) دەگەڕێتەوە، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا خومەینی فەرمانی بە پاسداران کرد کە تەقە لە خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەی نیو میلیۆن کەسی خەڵکی تاران بکەن کە بۆ پشتیوانیکردن لە سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران رێکخرابوو و بەمجۆرە خەباتی ئاشتییانە لە ئێران سەرکوت کرا. ئەم دەرکەوتنە لە سروشتی دیکتاتۆریی ئایینی، ئاراستەی هەموو ئازادیخوازانی ئێران بوو کە تایبەت نەبوو بە چین و نەتەوەیەکی دیاریکراودا. ئامانجی دیکتاتۆری ئایینی، سەرکوتکردنی هەموو جۆرەکانی ئازادی و ئازادیخوازان بوو لە ئێراندا. ئەمە یەکەم هۆکارە بۆ ناشەرعیبوون و نامرۆڤایەتیبوونی دیکتاتۆرییەتی ئایینی! هەربۆیە رۆژی 30 جۆزەرانی 1360 هێڵێکی سوور بوو کە لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە بەسەر دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیدا کێشرا. بەشێک لە رووداوەکانی ئەم ناڕەوایەتییە بەم شێوەیەن:
دوای رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی شا لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە، سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران، رۆژێک دوای رووخانی دیکتاتۆرییەتی شا، لە رۆژی 23ی رێبەندانی 1357 (1979)، بە مەبەستی فراوانکردنی بنکە کۆمەڵایەتییەکەی، “بزووتنەوەی نەتەوەیی موجاهیدین”ی وەک “ئۆرگانی سیاسی” راگەیاند.
دوای مانگێک و لە ٢١ی رەشەمەی ساڵی ١٣٥٧، موجاهیدین لە هەڵوێستێکی تونددا لە دژی دەسەڵات، هەموو جۆرەکانی (حیجاب) بەسەر ژنانی ئێراندا بە ناعەقڵانی و قبوڵنەکراو راگەیاند و پەنجەیان بۆ ئازادیی تەواو یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان راکێشا.
شەش رۆژ دواتر و لە 27 رەشەمەی 1357(1979)، موجاهیدین لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەسەر پێویستبوونی بەرگریکردن لە مافە رەواکانی گەلی کورد و نەهێشتنی ستەمی دوو چەندانە لە دژی کورد کردەوە و داوای چارەسەری ئاشتیانە و جەماوەری و شۆڕشگێڕانە کرد بۆ کێشەی کورد لە ئێران. ئەوان هەروەها هۆشدارییان دا لەمەڕ رووداوەکانی وەک تێکهەڵچوونەکانی کوردستان و گونبەد (تورکەمەن سەحرا).
هەر لەو رێکەوتەدا، موجاهیدین بەیاننامەی لانیکەمی چاوەڕوانی لە کۆماری ئیسلامییان بڵاوکردەوە و داوایان کرد سوپای جەماوەری و نیشتمانی دابمەزرێت و رایگەیاند کە دەبێ ئازادیی رۆژنامەگەری و ئازادیی حیزبەکان و کۆبوونەوە سیاسییەکانی هەڵگری بیروباوەڕ و ئایدیا دەستەبەر و مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان مسۆگەر بکرێت و ستەمی دوو چەندانەی لە سەر هەموو گرووپە ئەتنیکی و نەتەوەییەکان لە هەموو پارێزگاکاندا نەهێڵرێت. لە رۆژی 17ی جۆزەردانی ساڵی 1358یشدا، موجاهیدین لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پێویستی پێکهێنانی (مەجلیسی دامەزرێنەر) بۆ داڕشتنی یاسای بنەڕەتی (واتا دەستوور) بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە “ئەنجومەنێکی دامەزرێنەری راستەقینە بە بەشداربوونی نوێنەرانی گروپە کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەیی و رەگەزییە جیاوازەکانی خەڵک مومکینە. ئەگەر پێکهێنانی ئەمجۆرە مەجلیسە، بە هۆی فراوانبوونی گروپ و سەندیکاکان، قورسە یان مەحاڵە، دەکریت ئەو ئەنجوومەنە بە رێگەی ئەنجوومەنە جەماوەرییەوەکان بەدی بهێنرێت و ئەگەر دامەزراندنی ئەنجومەنەکان بەم شێوەیەیش نەکرێت، تاکە رێگەی تاڕادەیەک رەوا ئەوەیە کە هەڵبژاردنی گشتی سەرتاسەریی ئەنجام بدرێت.
موجاهیدین لە ١٣ی رەزبەری 1358(1979)دا رایگەیاند کە “پرسی کوردستان هیچ چارەسەرێکی سەربازیی نییە. چارەسەری شۆڕشگێڕانە و جەماوەرییەکەی ئەم پرسە، لە بنەڕەتدا لە داننان بە “مافی چارەی خۆنووسین” و “بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆ”ی کوردستانەوە دەست پێدەکات لە چوارچێوەی خەوشهەڵنەگری یەکپارچەیی خاکی ئێراندا.
لە رۆژی یەکەمی سەرماوەزی 1358(1979) دا موجاهیدین رایانگەیاند کە بەشداریی ناکەن لە ریفراندۆمی یاسای بنەڕەتی (واتا دەستوور) بەهۆی نەبوونی لانیکەمی داخوازییە سیاسی و ئاڕمانییەکانی موجاهیدین. سەرەڕای ئەوەش، لە رۆژی 15ی بەفرانباری ساڵی 1358(1979)، موجاهیدین کاندیدبوونی (مەسعود رەجەوی)یان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریدا راگەیاند، کە زۆرینەی حزب و رێکخراو و گروپ و کەسایەتییە پێشکەوتنخوازەکان و هەروەها کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان پێشوازییان لێکرد. لە بەرامبەردا، خومەینی لە بەرامبەر ئەو پێشوازییە بەرفراوانە گشتییەی لە کاندیدبوونی مەسعوود رەجەوی کرا، ناچار بوو هەموو قسەکانی پێشووی خۆی بخواتەوە و “سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی دابوو کە بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لەم هەڵبژاردنەکاندا ناکات” و رێز لە هەڵبژاردنی گەل بگرێت، “بە شێوەیەکی شەخسی دەستوەردانی کرد و فەتوایەکی دەرکرد بۆ دوورخستنەوەی مەسعوود رەجەوی لە کاندیدبوون.”
ڕۆژنامەی “کۆماری ئیسلامی” لە ٨ی خەرمانانی ساڵی 1359(1980) (واتا 12 رۆژی بەر لە دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق) نووسی: “بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزەکان، هێزەکانی شۆڕش، ئامادەیی خۆیان بۆ داگیرکردنی عێراق راگەیاندووە بە پشتیوانیکردنی موسڵمانان”. دواتر لە رۆژی 7ی گەڵاڕێزانی 1359 (1980)، داواکاری گشتیی خومەینی لە دژایەتیکردنی موجاهیدین و قۆستنەوەی دۆخی جەنگ، بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوە و بەیاننامەی موجاهیدین و لایەنگرانی موجاهیدینیان بە تەواوی قەدەغە کرد. بەڵام سازمانی موجاهیدین لە بەرامبەر رژێمی خومەینیدا، پاشەکشەیان له سەر پرەنسیبەکانی خۆیان نەکرد و لەسەر هێڵە سیاسیەکانی خۆیان بۆ ئارگومێنتی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە رژێم، تا کۆتایی مانەوە و بە ئێستایشەوە.
بۆچی خاڵی وەرچەرخان؟!
مەسعوود رەجەوی رێبەری موقاومەتی ئێران لەم پێوەندییەدا دەڵێ: ئەوەندەی پێوەندی بە ئێمەوە بوو، لە دوای شۆڕشی دژە پاشایەتیی خەڵکی ئێران، ئێمە هەرگیز توندوتیژی و ململانێ و رووبەڕووبوونەوەی خوێناوی و چەکداریمان نەدەویست و ئێمەش پێشوازیمان لێ نەکرد. بەڵام کاتێک خومەینی رۆژنامەکانی داخست و حیزبەکانی قەدەغە کرد، ماوەیەک وریاییمان دا. مەجلیسی نیشتمانی هەر نەبوو، حیزبەکان سەرکوت کران، رۆژنامەکان داخران و لەژێر ناوی ئاییندا، چەقۆی تەکفیر بەسەر نەیارانی رژیمدا بە باران کرا، واتە لە ٣٠ی جۆزەردانی ساڵی 1360، لە کاتێکدا ئێمە هەموو رێگاکانی ئاشتیمان تاقی کردبووەوە، ئەوە خومەینی بوو کە ئێمەی بەڕەوڕووی (بژاردەیەکی گەورە) و (مێژوویی) کردەوە. ئێمە لە بەردەم دوو رێگادا بووین. یان تەسلیمبوون یان بەرخۆدانی شەڕافەتمەندانە. کە خۆشبەختانە شەرەفی خۆمان و گەلەکەمان پاراست.
بەم شێوەیە “یەکەم 30ی جۆزەردان” لە دژی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە تاران روویدا. لەم بەروارەوە هەر دانوستانێک لەگەڵ رژێم بۆ گەیشتن بە مافەکانی خەڵک هەنگاوێکی ناڕەوایانە بوو.
٣٠ی جۆزەردانەکانیتر!
هەر لە سەر ئەم بۆنە و وەرچەرخانە مێژووییەوە بوو کە هاوکات لەگەڵ پێشکەوتنی خەباتی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆریی ئایینی، لە ساڵانی دواتردا، ئەم خەبات و تێکۆشانە لە دژی دیکتاتۆرییەت قووڵتر بووەوە. لە کاتێکدا کە داگیرکاریی رژێم گەیشتبووە دوورترین شوێنی ئێران و رۆژانە ژمارەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە زیادبووندا بوو و زیندانەکان فراوانتر کرابوون و “ئێران” بووبووە “زیندانێکی گەورە” بۆ خەڵکی ئێران، “ڕۆژی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی” وەک “نوێکردنەوەی بەڵێنی ئازادیخوازان و خەڵکی ئێران بۆ خوێنی شەهیدان” راگەیەندرا.
لە گەرماوگەرمی ئەم خەباتە و قووڵبوونەوەی لە دژی دیکتاتۆریی دوژمنکار دژ بە ژنان بوو، “ژنان” لە موقاومەتی ئێراندا گەیشتنە ئاستی سەرکردایەتی و رزگارکردن و گەڕاندنەوەی مافەکانی ژنان، وەک مەرجێکی پێویست بۆ رزگارکردنی پیاوان راگەیەندرا. ئەمەیش دیاریکردنی سنووری ئایدیۆلۆژیکی بوو بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەتی ئایینی. لە هەنگاوی کۆتاییدا و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی 1366 دا، “ئەڕتەشی رزگاریخوازی نیشتمانیی ئێران” لە تەنیشت خاکی ئێراندا دامەزرا و لە یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، جامی ژەهرئ ئاگربەست بە قوڕگی خومەینیدا کرا و 30ی جۆزەەردان کرا بە وەرچەرخانێکی سیاسی، ستراتیژی، شۆڕشگێڕانە و ئایدیۆلۆژیکی لە دژی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی. وردە وردە شەڕی سەرەکیی خەڵکی ئێران لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری هەموو رۆژێک قووڵتر و فراوانتر دەبووەوە و توانی دیکتاتۆرییەتی وەلی فەقیهی بگەیەنێتە ئاستی رووخاندن. هەر لەبەر ئەمەشە کە موقاومەتی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە کە “رووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی کاری خەڵکی و موقاومەتی ئێرانە!”
عەبدولڕەحمان گەورکی، شرۆڤەکاری سیاسی و نووسەر