
لەبارەی ئەزموونی یوسف عیزەدینەوە.. بڵند باجەڵان
ڕۆمان و چیرۆکەکانی یوسف عیزەدین، بە جیهانە ناوەکییە قووڵ و پڕ لە ناسنامە و گەڕانەکەیان، مێرگێکی بەپیتن بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕوانگەی دوو فەلسەفەی جیاوازەوە کە یەکێکیان ڕیشاڵەکانی لە قووڵایی ڕۆحی مرۆڤ دەدۆزێتەوە، ئەوی تریان لە سەرچاوەی گومان و عەقڵدا. ئەم دوو ڕوانگەیە، واتە فەلسەفەی خوداناسی و فەلسەفەی خودناسیی دیکارت، وەک دوو ئاوێنەی جیاواز کار دەکەن بۆ تیشک خستنە سەر ئەو جیهانە دەوڵەمەندەی یوسف عیزەدین بنیاتی ناوە.
کارەکتەرەکانی یوسف عیزەدین زۆرجار وەک گەڕیدەیەکی ڕۆحی دەردەکەون. ئەوان لەناو نائومێدی و دابڕان و گەڕان بەدوای ڕەگ و ڕیشە و مانای بووندا دەژین. ئەم گەڕانە، کە ڕەنگە لە سەرەتادا وەک گومانێکی جیهانی یان ناسنامەیی دەربکەوێت، لە قووڵاییدا دەکرێت وەک حەزی نادیاری ڕۆح بۆ نزیکبوونەوە لە حەقیقەتی باڵا لێکبدرێتەوە. عیرفان پێی وایە خودناسی بریتییە لە دۆزینەوەی ئەو ڕووناکییە خوداییەی لە قووڵایی هەموو مرۆڤێکدا هەیە؛ ئەو کاتەی کە کارەکتەرەکانی عیزەدین هەست بە تەنیاییەکی قووڵ دەکەن یان لەناو بیرکردنەوەی بێ کۆتای خۆیاندا نوقم دەبن، لە ڕاستیدا لە گەشتێکی بێ کۆتان بەرەو حەقیقەتی خۆیان، گەشتێک کە تێیدا سنوورەکانی “من”ی بچووک دەتوێنەوە و بەرەو “من”ێکی گەورەتر، کە ڕەنگە جیهان یان بوونی گەردوونی بێت، دەچن. ئەم دۆخە پڕ لە گەڕان و حەسرەتە، زۆرجار لەناو چیرۆکەکانی یوسف عیزەدیندا بەرجەستە دەبێت، بەتایبەت ئەو کاتانەی کە ناسنامەی کارەکتەرەکان لە ژێر کاریگەریی مێژوو، نیشتمان یان چارەنووسی گشتیدا تێکەڵ دەبن، ئەمەش جیاکەرەوەی ئەزموونی یوسف عیزەدینە لە چیرۆکنووسەکانی تری وەکو ( کاروان کاکەسوور، عەتا محەمەد و توانا ئەمین)
لەلایەکی دیکەوە، فەلسەفەی خودناسیی دیکارت، بە دروشمە بەناوبانگەکەی “من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم”، بناغەی بوونی مرۆڤ لە بیرکردنەوەدا دەبینێتەوە. دیکارت داوای گومانێکی بنەڕەتی دەکات لە هەموو شتێکدا بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکی نەگۆڕ و دڵنیا. کارەکتەرەکانی یوسف عیزەدین زۆرجار نموونەی ڕوونی ئەم گومانە و گەڕانە عەقڵانییەن. ئەوان لەناو بیرکردنەوەی بێ وەستاندا دەژین، پرسیار لە بوونی خۆیان، لە ناسنامەیان، لە مانای ژیان و چارەنووسیان دەکەن. لەنێو نووسەرە گەنجەکان، لە چیرۆکەکانی (ئارام محەمەد) و ( جێگر بەختیار) زۆرجار هەست بەم دنیایە دەکەین. ئەم گومانە عەقڵانییە، کە دڵەڕاوکێیەکی فیکریی قووڵ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، وەک ئامرازێک کار دەکات بۆ لێدان لە بنچینەی تێگەیشتنەکانیان لە جیهان و لە خود.
جیابوونەوەی جەستە و ڕۆح (دووانەیی دیکارتی)، یان بەمانایەکی تر، ململانێی نێوان پێداویستییە مادییەکان و بیرکردنەوەی قووڵی عەقڵانی، زۆرجار لە ژیانی کارەکتەرەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەوان لەناو جیهانێکی ماددیدا دەژین کە زۆرجار توندوتیژ و پڕ لە نادادپەروەرییە، بەڵام بیر و هۆشیان سەربەخۆیە و بەردەوام پرسیاری بوون و ناسنامە دەکات.
هەرچەندە عیرفان و فەلسەفەی دیکارت دوو ڕێچکەی جیاوازن بۆ خودناسی (یەکێکیان زیاتر ڕۆحی و هەستەکی، ئەوی تریان عەقڵانی و لۆژیکی)، بەڵام لە کارەکانی یوسف عیزەدیندا دەکرێت بەیەکەوە بن و تەواوکەری یەکتر بن. گومانی دیکارتی دەکرێت ڕێگە خۆشبکات بۆ گەڕانێکی عیرفانی قووڵتر، یان بە پێچەوانەوە، ئەو حەسرەتە ڕۆحییەی عیرفان قووڵاییەکی فیکریی دیکارتی بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت. کارەکتەرەکانی یوسف عیزەدین لە دۆخێکی نێوانیدا دەژین؛ گومان دەکەن و بیر دەکەنەوە و دەیانەوێت بە عەقڵ بگەن بە ڕاستی، لە هەمان کاتدا هەست بە تەنیاییەکی ڕۆحی قووڵ دەکەن و بەدوای نزیکبوونەوە لە حەقیقەتی باڵا دەگەڕێن کە لە دەرەوەی سنورەکانی عەقڵ بێت. ئەم تێکەڵاوییە کارەکانی یوسف عیزەدین دەکاتە گۆڕەپانێکی فیکریی دەوڵەمەند، کە تێیدا خودناسی وەک گەشتێکی هەمە لایەنە و بێ کۆتا دەردەکەوێت، گەشتێک کە هەم ڕێچکەی عەقڵ و هەم ڕێچکەی ڕۆح دەگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی حەقیقەتی مرۆڤ لە بووندا.
سەرنج: عیرفانم وەکو فۆڕمێکی باڵای خوداناسی باسکردووە نەک وەکو ئەو دنیا خورافییەی تەسەوف لە ئێستادا وێنای دەکا.