لە ساڵی نوێدا.. سەلام عومەر
کێ سەرم دەدۆزێ و ئەسپێ كۆنەكان دەكوژێ؟
کێچەکانی ساڵی نوێ كێ راویاندەنێ؟
هەموان لە چاوەروانی هاتنی ساڵی نوێدان، بێئەوەی بزانن داخۆ لە ئایندەدا چی روودەدات؟ یان ساڵی نوێ چی پێیە؟ تەنیا من نەبێ دەگەڕێمەوە ساڵانی رابردوو، ئەو ساڵانەی بەخۆشی و ناخۆشیەکانەوە جێمانهێشت و دەزانم چی داینێ و چیشی لێبردین، بەدوای جێپێکانی منداڵیم دەکەوم سوپاسی ئەو شیشۆقانە دەکەم خوێنیان لە بنی پێمەوە هێنا و وانەی ئازاری پێخاوسیان فێرکردم، نەفرەتیش لەو کەسانە دەکەم پلان بۆ چاندنی مین لە رۆژەکانی ساڵی نوێدا لە بنپێمان دادەنێن.
دەگەڕێمەوە نێو کۆشی دایە، تا سەرم بدۆزێ و لە ئەسپێیەکانی ئەمڕۆی پاککاتەوە، نوێنەکەم بخاتە بەرتاو تا کێچەکانی ساڵی نوێ راونێ، هەندێ جاریش گوڵەبەڕۆژەم بۆ دەنککا، وەک ئەو دەنکە مرواریانەی لە تەمەنم بوونە و ئەوانیدی خواردیان.
لەساڵی نوێ دەترسم چونکە لە کۆتاییم نزیک دەکاتەوە، دەچمەوە نزیک ئاگردانەکان و بەرکوڵێک لە چێشتی سەرداران دەخۆم، چاو لە دەستی دایکم دەکەم کاتێک شوشەی فانۆسەکە بەهەڵمی هەناسەی پاک دەکاتەوە، ئەو هەناسە ساردانەی تەنیا بۆ روناكی گەرم بوون، بەشداری هەڵپەڕینەکان و یاریە ئاگرینەکانی ساڵی نوێ ناکەم، دەچم ڕۆژانەکەم لە بابم وەردەگرم و لەلای دوکانەکەی مام مەحمود رادەوەستم، نازانم نوقڵی مینۆی پێبکڕم یان پسکیتی ویتانا؟ نەعنەع یان بنێشتی سەهم؟ دواجار نیومەتر تێلی قاپان دەکڕم و شەوێ دەیسوتێنم و لەنێو کۆڵان بایدەدەم و پروشکە ئاور بەهەوایدا بڵاودەکەمەوە، جوانتر لەو یاریە ئاگرینانەی هەموومانیان کردۆتە رۆبۆت.
لە ساڵی نوێ دەترسم چونکە نوچە و موچەکان غەممان دەدەنێ، ئاوڕمان پێ لەساڵانی گرانیەکان دەدەنەوە، ئەو ساڵانەی لەسەر خوانەکان قەوان لە نان زیاتر بوو، ترس ئاشتی راودەنا.
دەترسم ساڵی نوێ هیچی نوێی پێنەبێ جگە لە بەستنەوەمان بە تەکنەلۆژیاوە، بۆیە بادەدەمەوە منداڵی و دەچمەوە سەربانە گڵەکان و کۆلارەی منداڵیم هەڵدەدەم، توند داوەکە دەگرم و نایەڵم بەڕەڵا بێ، چوون دەزانم داوەکە بپسێ یان با لەدەستم بڕفێنێ، منداڵیم لەگەڵ خۆی دەبا و وەک ئێستا بەخەیاڵ نەبێ نامداتەوە.
دایکم نەماوە سەرم بدۆزێ، بابیشم مرد، ئیدی رۆژانەکەم لەکێ وەرگرم؟
