Skip to Content

دژبەرەکانی زمانی کوردی.. فەرەیدوون سامان

دژبەرەکانی زمانی کوردی.. فەرەیدوون سامان

Be First!
by حوزه‌یران 25, 2026 General, Opinion, زمان


تێبینی: ئەم توێژینەوەیە ڕاستەوخۆ لە سەنتەری کۆمەڵایەتی کۆییانی شاری سلێمانی لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٦/٦/٢٠٢٦ پێشکەشکرا.
دەتوانین ئاماژە بە دوو هۆکاری سەرەکی دژبەرەکانی زمانی کوردی بکەین، یەکەمیان هۆکارەکانی دەرەوە کە بریتین لە هۆکاری سرووستی- جوگرافی، هۆکاری سیاسی و ئایدۆلۆلۆژی، هەروەها هۆکارە یاسایی و دەستوورییەکان، کە کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکاری دیمۆگرافی و جینۆسایدی کەلتووری ناسنامەو زمانی کوردیدا هەبووە.
هۆکارە ناوخۆییەکانیش بریتین لە نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی و هەبوونی فرە زار و فرە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان و هەروەها دژەگوتاری ئایینی و مەزهەبی، خەمساردی دەزگە کولتوورییەکانی حکومەت و نزمی ئاستی زانستی بەشە کوردییەکانی زانکۆیەکانی هەرێمی کوردستان.
بە ڕای زمانناسی کوردی سۆڤیەتی جاران (زارا یوسوبۆڤ ئەلینۆڤا) زمانی کوردی لەسەر بنەمای ئیتنیکی لە دوو زاری سەرەکی(کورمانجی و گۆران) پێکهاتووە، واتە کرمانجی ژوورو و کرمانجی ژێری بە بنزارەکانیانەوە، زاری گۆران(زازاکی- ھەورامی، بە بنزارەکانی شەبەک و باجەلان و زەنگنە..تد)، بەڵام بە ڕای زانایەکی کوردی فەیلی وەک د.ئیسماعیل قەمەندار کە ئەندامی ئەکادیمیای زانستی فرەنسایە، نووسەری کتێبی(زارە کوردییەکانی خوارین- اللهجات الکوردیە الجنوبیە)ە، ئەو زارەکانی(لەک و لوڕ و کەڵھور و گەرووسی..تد)، بە کۆمەڵەی سێیەمی زارە کوردییەکان دەناسێنێت، مخابن ئەو زارە ڕەسەنە کوردییانە لە بەشەکانی کوردستاندا، سەبارەت بە زۆر ھۆکاری ئایدۆلۆژی و سیاسی کە پێشتر ئاماژەم پێکردوون، دووچاری نکۆڵی لێکردن و هەڵمەتی جینۆسایدی کەلتووری ھاتوون، ئەویش لە ڕێی قەدەغەکردنی قسەپێکردن و نەخوێندنی لە بوارەیلی پەروەردە و فێرکردندا، لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا بەشکراوە، ساڵانەش بوودجەیەکی قەبەیان بە پلان و بەرنامەڕێژی کردنی ئاسمیلەکردنی ئەو زارە کوردییانە تەرخان کردووە، تەنانەت چەندان نووسەر و زمانناسی ئەکادیمی لە خودی ئەو خەڵکانەیان ھانداوە بۆ ئەوەی توێژینەوەو کتیبەکانیان لەسەر جیاوازی و سەربەخۆیی ئەو زارانە بە چاپ بگەیەنن و بانگەشەی ئەوەش بکەن کە زارەکانیان زمانی سەربەخۆن و کوردی نین.
کاتێک کۆمەڵگەیەک پێدەزانێ ‌زمانەکەی لە مەترسی لەناوچووندایە، دەتوانێ تێکۆشانەکانی بەدەر لە ئایدۆژیای سیاسی و حیزبایەتی و ناوچەگەرێنی بکاتە یەک و ھەنگاوی ئەوتۆ ھەڵبێنێت کە بە ڕاستی بکرێ زمانەکەی ببۆژێنێتەوە، بۆ سەرکەوتن لەو کارەشدا ھەڵبەت ھەموو خەباتێک دەبێ بە ئاوایەکی نەتەوەپەروەرانە دروست بکرێ، واتە تاک و کۆی کۆمەڵگەکە خۆی دەبێت ویستی ڕزگارکردنی زمانەکەی ھەبێت، واتە ئەو کولتوورەی کە پارچەیەک پێویستی بەوە ھەیە کە ڕێزی زمانەکەی خۆی بگرێت، ئەو کارەش دەرفەت و دەرەتانی مادی و مەعنەوی و میدیایی پێویستە، دیارە پێویستی بە ھەبوونی زمانناسانیش ھەیە، کە بە ئەرکی سەرەتایی گردەوەکۆیی و بە بەڵگەیی کردنی زمانانەوە خەریک بن.
د.فوئاد حەمە خورشید لە پێشەکی کتێبی(زمان و زارە کوردییەکان)یدا دەڵێت: لەم سەردەمەدا زمانی کوردی لە نێو باھۆزی بە جیھانیبوون و سەدەی مردنی زمانەکان و باڵادەستی زمانی ئینگلیزیدا، بە ڕێرەوێکی سەخت و پڕ لە کەند و ھەڵەت تێدەپەڕێت. ئەم زمانە بە درێژایی مێژوو ھەر بە زیندوویی ماوەتەوە، ئەمە ھەر چەندە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە لایەن دەوڵەتە ناسیۆنالیستەکانی تورکیا و ئێران و عیراق و سووریاوە زۆر بە توندی نکۆلی لێ کراوە و بە زۆر شێواز ھەوڵی لەناوبردنی دراوە، مەگەر تەنھا لە بەشێکی کوردستاندا کە باشووری کوردستانە، دوای خەباتێکی بێوچان و قوربانییەکی زۆر، ئازادیی بەکارھێنانی بۆ ڕەخساو ھەتا ڕادەیەکی بەرچاویش گەشەی کردووە.
لە کوردستاندا کە پتر لە سی و چوار ساڵە خاوەنی حکومەت و دەیان دەزگەی توێژنەوەو ناوەندی کەلتوورین، تا ئێستا وەکو پێویست بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوە لەسەر ئەم زارە کوردییانە نەکراوە، کە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی ئەدەبی زارەکییش لە نێو زارەکاندا ھەیە و بە میتۆدێکی زانستی کۆنەکراوەتەوە، ئەمڕۆ ئەم گەنجینە ئەدەبییە لەبەردەم مەترسی لەناوچووندایە، ئەمە لە کاتێکدا ئێمە لە سەردەمی کۆکردنەوەی زانیاریداین و تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتووی تۆمارکردن و نەخشەسازیمان لەبەردەستدایە، کەچی تا ئێستا ئەتڵەسی زارەکانمان نییەو ناشزانین ژمارەی ئاخێوەری زارەکانیشمان چەندن، نەک ھەر زارەکان، بەڵکو ھەتا ئێستا نازانین لەسەر نەخشە جوگرافیای زمانی کوردی لە کوێوە ھەتا کوێ درێژ دەبێتەوە، ھەندێک توێژەری کورد بە کاریگەری ھەندێک لە ڕۆژھەڵاتناس و کوردناسە ئەوروپییەکان گومان لە ناسنامەی کوردبوونی زمان و ناسنامەی لوڕ و لەک و زازا و ھەورامییەکان دەکەن، چاوەڕێ دەکەن ئەوان بە ئێمە بڵێن ئەم زارە کوردییە و ئەو شێوەزارە کوردی نییە، ئەوان بە ئێمە بڵێن کە زمانی کوردی چەندان زاری ھەیە، ئەوسا ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە بڵێین ئەدی ئەوە نییە ئەوروپییەکان دەڵێن ئەوانە کوردن، کەواتە ئەوانە زاری کوردیین، ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە کە ئێمە بە خۆمان لە زارەکانی کوردی بکۆڵینەوە و لەسەر بنەڕەتی مێژووی گەشەکردنی زمانی کوردی و بنەماکانی زمانەوانی نوێ ناسنامەیان دیار بکەین، ھەروەھا دابەشکردنێکی سەردەمییانە بۆ زارەکان بکەین و نەخشەی ورد و زانستییانەیان بۆ بکێشین.
ئایا زمانی کوردی ھێشتا لە سنووری مان و نەمان ‌دایە؟
ئەمڕۆ زمانی کوردی ئەو سنوورەی بەرەو پانتاییەکانی ژیانی ھەمیشەیی بەزاندووە و مەترسییە سەرەکییەکانی سەر ئەم زمانە لە سەردەمی گلۆباڵ و تەکنەلۆژیای زانیاریدا کامانەن، چۆن دەتوانین زمانی کوردی لەم مەترسییانە دوور بخەینەوە و ھاوکاتیش بەرە و گەشەکردن و بەخشینی توانای ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تایبەتمەندییە نوێیەکانی سەردەمی ببەین و لە باری فورم و ناوەڕۆکەوە دەوڵەمەندتری بکەین، چۆن دەتوانین بارودۆخ و توانستەکانی ئەم زمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زانست و دیاردە مودێرنەکاندا فراوانتر بکەین، بێ گومان چ زمان بە خانەی ھەستیی بزانین یان بە ئامرازی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان، چ بە دیاردەیەکی مێژوویی دابنێین یان وەکوو سیستەمێک لە نیشانەکان بیبینین و بە شێوەیەکی ھەنووکەیی سەیری بکەین، ناتوانین خۆمان لەم ڕاستییە بشارینەوە کە زمان و هزری مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوی یەکترن، بە واتایەکی‌ دیکە زمان ئامرازی هزرکردنە و هزریش بنەمای زمانە.

زمانی کوردی و گوتاری ناسیۆنالیزم
هزری نەتەوەیی، کۆڵەکەی سەرەکی ڕزگارکردنی ئەم زمانەیە، کە لە ژێر پەنجە نەگریسەکانی سڕینەوەی کولتووریی ئەو دەسەڵاتە پاوانخوازانەی کە سەردەمانێک خەونیان بە درووستکردنی یەک نەتەوە و یەکزمان دەبینی. بەڵام ئێستاکە بە ئاشکرا و بە تەواوی پەیکەری ئەم ئاواتە نامرۆڤانەیان ڕووخاوە، ئەم حکومەتانە بە ناچاری ئاراستەی سیاسەتەکەیان گۆڕیوە بۆ سیاسەتی برایەتی ڕواڵەتیی و ڕازی کردنی ڕووکەشییانە، پێیان خۆش بێت یان نا، ئێستە زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانە زیندووانەی کە تەنانەت لە غیابی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیشدا ڕووبەرێکی سیاسی و کولتووریی بەرین و بەرفراوانی ھەیە.
ئەوەی لێرەدا جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە دەرکەوتە ئایدیۆلۆژیکەکەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، ھێشتا قەناعەتی بەم وەرچەرخانە مێژووییە نەھێناوە و ھەر لە ڕەھەندی دووانەی مەرگ و ژیانەوە مێزەی زمانی کوردی دەکات، بەم پێیەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەگەر و دۆخەکانی گەشەی زانستیی لێوەر‌گرتۆتەوە و ڕێگەی بۆ ھەر چەشنە دەستێوەردانێکی نازانستیی خۆش کردووە؛ ئەو دەستێوەردانانەی کە بە دروشمی ڕەسەنایەتی و پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمان و کتێبخانەی کوردی پاساو دەدرێن، بە گشتیی دوو گرووپ خاوەندارێتی ئەم دەستیێوەردانە ئایدیۆلۆژیک و نازانستییە دەکەن:
یەکەم- ئەوانەی تا ئێستەش ئاگاداری ئەم ڕاستییە نین و بە شێوازەکانی ڕابردوو ھێشتا ھەر پاراستنی زمان بە ئەرکی خۆیان دەزانن.
دووەم- ئەوانەی بە تەواوی ئاگادارن، بەڵام ئەم دۆخەیان پێخۆشترە و شکۆی دەستکرد و نانی خۆ ھەڵواسین بەم زمانەدا بە ئاسانی ڕادەستی پرۆسەی بە پسپۆڕیی بوون و زانستیی کردنەوەی زمانی کوردی ناکەن، بە داخەوە نموونەیان کەم نییە ئەوانەی کە هەرچەند توانستی وەزیفی و داراییان قۆرخکردووە، ھێشتا گرفتی سەرەکییان لە نووسینی کوردیدا ھەیە، کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بڵاودەکەنەوە.
بە ئایدیۆلۆژیی کردن یەکێکە لەو مەترسییانەی دەتوانێت پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان زمان و هزر تووشی دابڕان بکات، ئایدیۆلۆژی وەکوو دەزگەیەکی هزریی سیاسیی پێشتر داڕێژراو و بە پیرۆزکراو، ئاراستەی گەشەی زانستیی زمان دەگۆڕێت و سیستەمێکی چەقبەستوو لە نیشانەکان بەرھەم دەھێنێت، کە دەروازەکانی زمان لەسەر گەشەکردن و نوێبوونەوە دادەخات، لە ساتەوەختێکدا بە دووپات بوونەوەی دروشمگەلی وەکوو “ھەرچی بێت ھەر کوردی بێت” زمان دەبێتە بەستێنی تەراتێنی ناشارەزایی و لە ئەنجامدا دەقی لاواز و نەزۆک بەرھەم دەھێنێت. بۆ نموونە دوای ڕاپەڕین و لە ژێر کاریگەریی ململانێی سیاسیی و ئابووریی و فەرھەنگیی نێوان حیزبەکانی باشووری کوردستاندا کە بوو بە ھۆی ھەڵتۆقانی دەیان زانکۆی ئەهلی و بەخشینی سەدان بڕوانامەی باڵاو دامەزراندنی دەیان مامۆستای زانکۆی بێ بەهرە و بوونی چەندان دەزگە و ڕێکخراو بۆ زمان و کەلتووری کوردی، دیاردەی وەرگێڕانێکی بە لێشاو ھەموو ڕووبەری زمان و هزری داگیر کرد، کە بە داخەوە لە غیابی میکانیزمی زانستیی و چاودێریی پێویستدا تا ئێستەش بەردەوامە و خراپترین شێوە تەنیوەتەوە. ڕاستییەکی تاڵ کە بووەتە ھۆی زمان‌بێزیی بەشێکی بەرچاو لە خوێنەران و ھۆگرانی زمانی کوردی.

                                    (بەشی دووەم)

هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ گۆڕینی پڕۆژەیەکی پەروەردەیی وەک ئامرازێک بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو و هەڵوەشاندنەوەی زمانی کوردی، کە لەسەر ڕاستگۆیی لەگەڵ مێژووی نەتەوەکەماندا بنیات نراون، نەک لەسەر داهێنانی ناوی نوێ بۆ خزمەتکردنی ئەجێندا سیاسییە کاتییەکان، کە خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی کوردستان دەکەن، بۆ نموونە ماوەیەکە باس لە زمانی ئیزیدی و خوێندن بە زمانی ئیزیدی دەکرێت، لە ڕاستیدا کەس ناڕەزایەتی نییە بەرامبەر بە کردنەوەی قوتابخانە یان دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان، بەڵکو ئەمە بە زەروورەتێکی کەلتوری و نەتەوەییشی دەزانم، بەڵام گوتنی ئەوەی کە “یەکەم قوتابخانەی زمانی ئێزیدی” کرایەوە، بە ڕای من ئەوەندەی دەستکەوت نییە، بەڵکو ساختەکردنی مێژووی نەتەوەکەمانە، چونکە ئێزیدی ئایینێکی کۆنی کوردستانە، زمانەکەشیان سەر بە زاری کورمانجییە، واتە زمانێکی سەربەخۆ نییە، بەپێی ئەوەی لە توێژینەوە زمانەوانیدا ناسراوە، سەبارەت بە زمانی زۆرینەی ئێزیدییەکان بە درێژایی مێژوو، هەر زمانی کوردی-زاری کرمانجی بووە، کە تێیدا میراتی ئایینی و کولتووری ئێزیدی نەوە لە دوای نەوە پارێزراوە، جا ئەگەر زمانێکی سەربەخۆی ئێزیدی هەبووبێت، کەواتە کتێبە مێژووییەکانیان لە کوێن؟ کوا یاسا زمانەوانییەکانی؟ لە کوێ میراتی نووسراوەکەی کە بە درێژایی سەدەکان درێژ بووەتەوە، بۆچی دەقە ئایینی و میراتی زارەکی ئێزیدی بە زاری کرمانجی پارێزراو بوون؟ ئێزیدییە نوێیەکان، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ئەرمەنستان، بەشێک لە کوردانی ئێزیدی لەناکاو و موجیزەیی ئەو بیرۆکەیەیان پەرەپێدا، کە گەلێکی سەربەخۆن و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە، تەنانەت کوردیان بە دوژمنی سەرسەختی ئێزیدییەکان دەزانی و کوردستانیان بە تابو دەزانی. باشووری کوردستانیان بە “باکوری عێراق” و بەشی باکووری کوردستانیان بە “ڕۆژئاوای ئەرمینیا” ناوبرد، ئەم بیرۆکەیە لەلایەن ناسیۆنالیستە ئەرمەنییەکان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەرمەنستان و هەندێک نووسەر و ئەکادیمی ئەرمەنستانەوە پشتیوانی لێکرا. ڕۆژانە پەخشی ڕادیۆیی ٣٠ خولەکی تایبەت بە سووکایەتی کردن بە کورد و کوردستانیان پێدەدرا و جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئێزیدییەکان گەلێکی سەربەخۆن و کوردنین و کورد دوژمنی هەردوو گەلی ئێزیدی و ئەرمەنستانە. تەنانەت ئەوەندەش ڕۆیشتن کە بانگەشەی ئەوە بکەن کە زمانی کوردی نییە، تەنیا زمانێکی ئێزیدییە.

  • لە ساڵی١٩٨٩ بەشی ئاماری ئەرمەنستان ڕایگەیاند کە ئێزیدییەکان گەلێکی جیاوازن لە کورد و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە. پەرلەمانی ئەرمەنستانیش دانی بە زمانی ئێزیدیدا نا و دەستی کرد بە چاپکردنی کتێبی خوێندن بە زمانی ئێزیدی و بە شێوەیەکی موجیزە، زمانی کوردی بوو بە زمانی ئێزیدی. ئەو ئێزیدییانەی دژایەتی ئەو بێماناییانەیان دەکرد، کەوتنە بەر هێرشی جەستەیی. ئەکادیمیستەکان شاکر خدۆ و کارلین چاچان و ئەوانی تر لەلایەن ئەم گروپەوە لێیاندرا بەهۆی ئەوەی ڕایانگەیاند “ئێمەی کوردی ئێزیدین “.تەنانەت هێرشیان کردە سەر کەسایەتییە ئایینییە ئێزیدییەکان و میر تەحسینیان بە خائین ناوزەدکرد، بەهۆی پێداگری لەسەر کورد بوونی ئێزیدییەکان دەکرد، ئەم ئێزیدییە نوێیانە پاڵپشتی سەرکردایەتی سیاسی ئەرمەنیان هەیە. بۆ نموونە کاتێک پترۆسیان سەرۆک کۆماری ئەرمینیا بۆ بەشداری کردن لە پرسەی تورگوت ئۆزال سەردانی تورکیای کرد، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “لە ئەرمینیا کورد نییە؛ ئێزیدی هەیە، ئەوانیش کورد نین”.
    ئەوەی گرنگە لە سەرەتاوە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم جۆرە پرسە زمانەوانییانە پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی بابەتییانە هەیە، نەک سۆزدارانە و دوور لە سادەکردنەوە یان حوکمدانی نادادپەروەرانە، چونکە زمان لە جەوهەرەکەیدا، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە، کە مێژوو و کولتوور و سیاسەت تێکەڵ دەکات و ئەمەش وای کردووە ئەم باسە لە ڕادەبەدەر گرنگ بێت، بە تایبەت کاتێک باس لە ناسنامەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی کوردستان و سیستەمی زمانەوانییان دەکرێت.
    بۆیە دیاردەی ناساندنی پرسی ئێزیدییەکان وەک نەتەوە و ناساندنی زارەکەیان وەک زمان(زمانی ئێزیکی)، جگەلە پیلانێکی قێزەونی ناحەزانی نەتەوەکەمان، پرسێکی تازەش نییە و ساڵانێکی زۆرە لەلایەت ناسیۆنالیستی ئەرمەن و تورک و عەرەبەوە کاری بۆ دەکرێت.
    بەشێوەیەکی گشتی گەلان لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتەکانیاندا بەربڵاوترین زارەکانیان لەبەرچاو دەگرن، وەک زمانی ستاندارد وەریاندەگرن، کە دواتر بە زمانی فەرمی دەوڵەت دەناسرێن، بەڵام ئەم شێوەزارانە، لە جەوهەردا، بەشێک لە سیستەمی فراوانتری زارە لەناو یەک زماندا دەمێننەوە، نەک بە تەواوی بوونێکی جیاواز، ئەم شێوازە لە زۆربەی ئەزموونە زمانەوانییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دووبارە دەبنەوە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوەی لە دۆزی زمانی کوردیدا ڕوودەدات، هەڵاوێر نییە، بەڵکو یاسایەکی گشتییە کە بۆ هەموو گەلان کاری پێدەکرێت.
    ئەگەر ئەمڕۆ گەلی کوردیش دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزراندبا، لە نموونەی گەلانی دیکەی جیهان و بەرفراوانترین زاری خۆی هەڵدەبژارد، وەک زمانی ستاندارد، هەڵبەتە دوای پاککردنەوەی له وشهو زاراوە بیانییەکان، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو زەخیرە بەرفراوانەی وشەسازیی ڕەسەنی کوردی کە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەبینرێن. پاشان ئەم زارە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان و لە بەڵگەنامەکردنی بەرهەمە هزرییەکانیاندا بەکاردەهێنرێن. دواتر پێیان دەڵێن زمانی فەرمی کوردی، هەروەک چۆن گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهان کردوویانە.
    ئەمە ڕێڕەوی سروشتی و لۆژیکییە بۆ وەرگرتنی یەکێک لە زارەکانی وەک زمانی ستاندارد و فەرمی خۆی، گەلان بە زۆری لە کاتی بنیاتنانی دەوڵەتە مۆدێرنەکانیاندا دەیکەن، کە پێویستیان بە زمانێکی ستانداردی یەکگرتوو هەیە بۆ ئیدارە و پەروەردەو فێرکردن، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەوان بە زمانێکی نوێ هاتوون کە ئەوانەی بە زاری دیکە قسەیان دەکرد نەیاندەتوانی لێی تێبگەن. ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەگەر ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەربڵاوترین شێوەزاری کوردی بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە گەلی کورد خاوەنی هەموو توخمێکی پێویستە بۆ ئەوەی زمانێکی کوردی ستانداردی هەبێت، کە بتوانێت هەموو کورد یەکبخات و وەک زمانی هاوبەشی خۆی خزمەت بکات. ئەو بەربەستەی لە ئێستادا ڕێگری لە کورد دەکات بۆ گەیشتن بەم کارە سیاسییە نەک زمانەوانی، زمانی کوردی زمانێکی بەهێز و دەوڵەمەندە و چەندان زار و شێوەزار و وشەسازی هەیە.
    ئاشکرایە کە هێزی هەر زمانێک تەنیا بە ژمارەی ئاخێوەرەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای بەرهەمهێنانی مەعریفە و پانایی وشەسازییەکەی و هەمەجۆریی پێکهاتە ناوخۆییەکەی، جگە لە توانای گونجاندنی لەگەڵ زانستە مۆدێرنەکاندا، زمانی کوردی دەوڵەمەندە بە وشەسازی، نەرم و نیان و خاوەنی میکانیزمی دروستکردنی وشەی نوێ، کە لە خودی جەوهەر و ڕۆحی زمانەکەوە وەرگیراوە، وەک زمانێکی ئەگلۆتیناتیڤ پۆلێن دەکرێت، وەک زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئەوانی تر، واتە زۆرجار دوو وشە کۆدەکرێنەوە و وشەیەکی نوێ بە مانایەکی نوێ پێکدەهێنن. زمانی کوردی خاوەنی ئەم توانایەیە کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ زاراوەی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی کە بۆ وەسفکردنی داهێنان و دۆزینەوەکان بەکاردێت.
    زمان بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێت. بۆیە بە هێرشکردنە سەر زمانی کوردی، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر خودی شوناسی نەتەوەیی و ئەمەش لە ڕەچاوکردنی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەربەستی بابەتیی تریش هەن کە ڕێگرن لەوەی کورد شارەزا بێت لە هەموو ئەو وشە زمانەوانییانەی کە لە سەرانسەری کوردستاندا قسەی پێدەکرێن. گرنگترینیان ئەو سنوورە سیاسیانەیە کە کوردستانیان دابەش کردووە بەسەر چوار وڵاتدا، ئەم سنوورانە بەهۆی هەلومەرجی مێژوویی و کۆلۆنیالیزمەوە سەپێندراون، پەیوەندی زمانەوانی و کارلێکی ڕاستەوخۆی نێوان کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان سنووردار کردووە، ئەمە فاکتەرێکی بنەڕەتییە بۆ نەتوانینی کورد لە زاڵبوون بەسەر هەموو زارە کوردییەکاندا، جیاوازی شێوەزاری دیاردەیەکی سروشتییە و کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی زمان و یەکیتی نەتەوەیی نییە.
    ئەگەر جیاوازی زۆر لە وشەسازی لە نێوان ناوچەیەکی تردا بدۆزینەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد لە ناوچەیەکدا بە زمانێکی جیاواز قسە دەکەن، جیاوازە لەو زمانەی کە کورد لە ناوچەیەکی دیکەدا قسەی پێدەکات، ئەم جۆرە ئارگیومێنتە یان دەرەنجامە لە ڕادەبەدەر بێمانایە و یان لە نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو کەسە لە جیاوازیی نێوان زمانێک و زارێک تێناگات یان لە هەوڵێکی بە مەبەست بۆ تێکدانی خودی زمانی کوردی و گومان خستنە سەر بوونی زمانی کوردی. بەڵام جیاوازییە بەرچاوەکانی بەکارهێنانی وشەسازیی دیارکراو لە ناوچەیەکی کوردییەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، دەرخەری دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانی کوردییە، هەر ناوچەیەک خاوەنی وشەسازی تایبەتی خۆیەتی، جیای دەکاتەوە لە دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی یەک زماندا دەمێنێتەوە و لە زمانی ڕەسەنی کوردییەوە لک و پۆپ دەکات. زمان سەرچاوەیە، زاراوەش لک و پۆپن. ئەم فرەچەشنییە لە شێوەزارەکاندا، لە واقیعدا، لاوازی نییە، بەڵکو هێزێکە بۆ زمانەکەمان، چونکە ڕەنگدانەوەی زیندوویی و دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانە، توانای بەرگەگرتنی لە سەرانسەری جوگرافیایەکی فراوان و لە ژێر بارودۆخی سیاسیی جیاواز و ئاڵۆزدا. بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە وشەسازیی کوردی بەسەر هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دابەش بووە، ئەگەر لە یەک ناوچەدا قەتیس بوایە، بەشێکی زۆری دەوڵەمەندی خۆی لەدەست دەدا و بەشێکی زۆری بە تێپەڕبوونی کات نەدەما. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نەیاندەتوانی هەموو وشەسازییەکانی ناو فەرهەنگی کوردی بەکاربهێنن؛ بەڵکو شێوازێکی تایبەتی وشەیان هەڵدەبژارد و ئەوانی دیکەیان بەجێدەهێشت، کە دواتر لەگەڵ کاتدا کاڵ دەبووەوە و نەدەما، دابەشبوونی جوگرافی و هەروەها دابەشبوونی کتێبخانەی زمانەوانی بەرفراوانی کوردی لە سەرانسەری هەموو ناوچەکانی کوردستاندا، بەشداری کردووە لە پاراستنی ئەم میراتە زمانەوانییە دەوڵەمەند و بەرفراوانە. سەرەڕای ئەو شەڕ و سیاسەتانەی کە زمانی کوردییان کردە ئامانج، و ئەو قۆناغانەی کە بەکارهێنانی قەدەغەکرابوو و سەرەڕای هەڵمەتەکانی شێواندن و ئینکاری، هەر وەک زمانێکی زیندوو و بەهێز دەمێنێتەوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر توانای مانەوە و بەرگەگرتن و ئەوەی کە زمانێکە بەرگەی لەناوچوون دەگرێ.
    زمانی کوردی خاوەنی دەوڵەمەندی و فرەچەشنییەکە کە وای لێدەکات بتوانێت زمانێکی یەکگرتوو پێکبهێنێت، بە مەرجێک مەرجە مێژوویی و سیاسییە گونجاوەکان جێبەجێ بکرێت، هەروەک چۆن لەگەڵ زمانەکانی دیکەی جیهاندا ڕوویداوە، جگە لەوەش جیاوازییە شیوەزارییەکانی ناو خۆی، یەکێتییەکەی نکۆڵی ناکات، بەڵکو زیندوویی و وشەسازی دەوڵەمەند و قووڵی مێژووییەکەی دووپات دەکەنەوە.

mm

شاعیر و نووسەر فەرەیدون سامان، ساڵی 1961 لە شاری هەولێر لە دایکبووە. ساڵی 1984 بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە. لە ئێستادا سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی زمان و زارە.

Previous
Next

Leave a Reply