ڕاوە کچ.. نەوزاد بەندی
چەندین بیریاری گەورەی وەک گالیلۆ و ئەنگڵز و شارڵ فۆریێ و کارڵ مارکس لەو باوەڕەدان ژن هەرگیز نابێتە لەشفرۆش و بە سروشتی خۆی حەزی لە پاکیزەیی وپاشان دایکایەتییە، ئەوە پیاوە بێ شەرەفەکانن لە خشتەی ئەبەن و برسی ئەکەن و ناچاری ئەکەن لەشی تەسلیم بکات..سیستمی سەرمایەداریی و بازرگانە بێ مۆراڵەکان، ژن ئەکەنە کەرەستەی چێژ و پۆڕن و کۆمپانیای بەدڕەوشتیی گەورەی لێ دروست دەکەن..
ئەڵێن مارلین مۆنرۆ، دوای ئەوەی کرا بە ئەستێرەی سێکس و وروژاندن لە هۆلیود، تەنانەت سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا جۆن کێنیدی و براکەی بە جیا جیا ژوانی سێکسییان لەگەڵدا ئەبەست، لە ناکاو کوژرا ..ووتیان خۆی کوشت .. لە هەندێ لە بیرەوەرییەکانیدا، ئەڵێت : خۆزگە له لادێیەکی دوورە دەست بوومایە، هیچ کەسێک نەیناسیمایه، دایک بوومایه و منداڵەکانم پەروەردە بکردایە ..!
ئەمەیە سروشتی ڕاستەقینەی ژن، ئیتر لە هەر پلە پۆستێکا بێ، لە هەر لوتکە و نشێوێکدا بێ..
کە پڕۆسەی هاوسەرگیرییش ئەنجام ئەدات و ئەبێتە خاوەنی منداڵ، هەموو خولیا و حەز و خۆشییەکانی لە منداڵەکانیدا ئەبینێتەوە و .. حەزی سێکسی تێدا کاڵ ئەبێتەوە، بۆیە پیاوە بێ شەرەفەکان ئەکەونە بۆڵە بۆڵ و سەرەتاتکێ و خیانەتکردن .. ئێ بنەچەی ئافرەت پاکیی و بەخێوکردنی مناڵەکانێتی، نەک لەشفرۆشیی و شوێن کەوتنی سێکس و پیاوە ناشیرینە ڕەزاقورسە ملیۆنێرەکان..
یەکێک لە هۆکارەکانی بێ ئیشیی و دانەمەزراندنی گەنجان، بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە ڕاوکردنی کچۆڵەکان لە لایەن کەڵتەکۆنە ناشیرینەکانی دەسەڵات و دۆلارەوە، ئاسان بێ..
کاتێ بە لێشاو کچە ناسک و نازدارەکان ئەبنە ڕاگەیاندنکار و پێشکەشکاری کەناڵە حیزبییەکان، نە لە خۆشی حیزبە و نە لە عەشقی ڕاگەیاندنە و نە حەزیش ئەکەن بەو شێوەیە دەربکەون و جەماوەر بیانبینێ، بەڵکو بە هۆی برسێتیی و بێ هیوایی و نائومێدکردنیانە لە لایەن دەسەڵاتێکی هەوەسبازی ڕەشۆکییەوە .. ئەو شیرینانەی کە ئەکەونە داوی کەڵتە کۆنە مافیا سمێڵ بۆیاخکراوە قێزەونەکانەوە، لە بنچینەدا فەرهادەکانیان بێ ئیش و کار و نائومێد کراون .. یان لە شەڕە ناوخۆکاندا شەهید کراون ..یان بە عەرەبانەیەکەوە لە هەوڵی پەیدا کردنی پارووە نانێکدان بۆ دایک و باوک و خوشک و براکانیان .. یان لە بارەگای حیزبێکدا بە نانەسکیی بوون بە پاسەوان.. یان لە هەندەران تۆز دەکەن و هەندێکیشیان لە ئاوی ئیجەدا خنکاون .. ئەو خەجە نازدارانەی لە ڕاگەیاندنەکاندا وەک ماسی خەمگین دەردەکەون و لە پشت پەردەیشەوە قولاپی سەد بازرگانی دز و گەندەڵ و نیشتمانفرۆش بەرزفتی کردوون .. سەد سیاسی ناوگەڵ ئاڵۆشاویی، تۆڕی خۆی بۆ هەڵداون و ناچاری شەوجێییان کردوون بە دیار چرچ ولۆچیی و دەم و فڵقیی لیکاویی و چڵماوییانەوە ..سیامەندەکانیان لە ژێر ئەشکەنجەی دەروونیی و ئابوریی و بیر و باوەڕدا، عەقڵیان لە دەست داوە و لەسەر شەقامەکان کارتۆن کۆدەکەنەوە .. یان لە کەمپێکی بۆگەن و شێداری ئەوروپادا، بە مەمرە و مەژی، تەمەنیان بەڕێکرد و سەریان سپی بوو، نەبوونە خاوەن ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و دۆلار تا بگەڕێنەوە بۆ لای خەجی ناسک و نازداریان ..ئەو خاتووزینە نازدارانەی ناچارکراون ببنە گێڵفرێند یان ژنی کاتیی و نهێنی سیاسییە سەرخۆشە پیر و پەککەوتە و ڤیاگرا قوتدەرەکان، ئەسڵەن قێزیان لە دەم و قەپۆزیی چڵماویی و .. وورگی ئاوساو و غازات و دەوالی و فتق و ناسۆر و مایەسیریی ئەو ملیاردێرانە دێتەوە، بەڵام چی بکەن ؟ کاکە مەمەکانیان لە حەمەدۆک خراپتر ئاوارەی شاخ و پێدەشت و چۆڵ و سەحرا کراون ..خۆیان لە کاکەمەمەکانیان برسیتر و بێ گوزەرانتر، ئەوانیش لە خاتووزینەکانیان بەلەنگازتر و هەژار و قەلەندەرتر و سەرگەردانتر ..
بێ ئیشکردن و دانەمەزراندن و هەڵفڕاندنی لاوان بۆ ئەوروپا و شام و شیراز، ڕاوکردنێکی بێویژدانانەی خەزاڵەکانی له پشتەوەیە ..
بڕوانە، ئەوەی جوان و ناسک و نازدار بێ، لەناو کادیلاک و ڕۆسڕایس و سەرا و قولە و کۆشکەکانیاندا بەند کراون و .. تەسلیم کراون و .. کراون بە کەرەستەی چێژ و حەز و ئارەزووی پیرەمێردە دز و جەردەکانی نیشتمان ..
بڕوانە ڕاگەیاندنەکان، وەک بەردەم کۆمپانیای پلەی بۆی وان، هەرچی نازدار و دەلالی نیشتمانە، تیایاندا دیل و کۆتی سەرۆک عەشرەتە ڕەشۆکییە چاوبرسییە هەرگیز تێرنەخۆرەکانن .. ئەوانەی لە مێژە عەقڵیان کردووە بە قوربانی غەریزەی وورگ و ناوگەڵیان ..
بڕوانە، شار و کۆڵانە کۆن و پرۆتکاوەکانی شار، جوانێکیان تیا نەما لەگەڵ خۆر ئاوابوونا چاوەڕێی شاسوارە باڵا بەرزە شان و شەپێلک ڕۆستەمێکەی بکات .. هەموویان بوونە پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان .. بوونە خزمەتکار و کەنیزەک و قەتیسماوی کەوڵەکۆنە سیخنە ڕیخنە لێخنەکان ..
ئیدی شتێک نییە بەناوی داستانی عەشق .. شاعیرەکان درۆ ئەکەن .. ئاواز دانەر و گۆرانیبێژەکان سەریان دای لە بەرد .. هەرچی جوانیی و دەلالییە لەبەر پێی حەربا و بزنمژۆکەکانی دزیی و گەندەڵیدا، وەک شوشەی عەتر شکاون ..ڕژاون ..تێکەڵ چڵماوی فیاگرا و کێم جەراحەت بوون.
درۆ ئەکەن، هیچ شاسوارێ نەماوە لە ئاوزەنگی ئەسپە شێ بدات و . .ئێوارانێ بچێتە جێ ژوان .. کچە بێرێکان هەموو بوون بە کچەمۆدێل و ..بە جی کڵاس و شوقە و موچەی بندیوار ڕامکران ..بوون بە خۆبەخش لە کۆمپانیا و دامەزراوە عەشارییە حیزبییە بنەماڵەییەکاندا ..بوونە کاوێژکار و ڕاوێژکار و بێهۆشکاری شەوە سوورەکانی کۆشکە دزراوەکان .
نیشتمانێ سندوقی خانەنشینیی و شێرپەنجەی تێدا تاڵان بکرێ، چۆن ئەو هەموو بەژن زراف و دەم شلیک و سنگ هەنار و هەرمێ و لیمۆیە تاڵان و بڕۆ ناکرێن ؟؟ ..
دەلالۆ .. دەلالۆ ..دەلالۆ ..
دەلالۆ دەلالۆ نازت بەندم دەکا
نیگای چاوەکانت مەست و کەندم دەکا
گوڵم گەر بێیت و سەردانم بکەی
بە ڕووی خۆشەوە سەرمەستم بکەی
دەلالۆ وەرە ببا وەفاداری کەین
سەفای عەشق و ئەوین بێغەوشداری کەین
مەچۆ بۆ ناو غەریبی نازەنینم
تۆم هەر لە بیرە تا لە ژیندا دەژیم
دەلالۆ … دەلالۆۆۆۆۆۆ …

