Skip to Content

من زەعیفە نیم خەبات بۆ سڕینەوەی پلە دوویی پێویستی بە بەشداری یەکە بەیەکەی ژنانە … لاوژە جەواد

من زەعیفە نیم خەبات بۆ سڕینەوەی پلە دوویی پێویستی بە بەشداری یەکە بەیەکەی ژنانە … لاوژە جەواد

Closed
by تشرینی دووه‌م 26, 2016 General, Women

کۆمەڵگای کوردستان وەک بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەلگایەکی پیاوسالارە، هەڵاواردنی جنسی و چەوساندنەوەی ژنان بۆتە بەشێک لە هەویەتی بنەڕەتی دانیشتوانەکەی، سەر تا پای کۆمەڵگا بە پیاوسالاری پۆڵین کراوە لە ئەدەبی ئاسایی قسەکردنی ڕۆژانەوە تا دەگاتە سیستەمی پەروەردە و سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگا و شێوازی ڕێکخستنی بازار و شوێنی کار و .. هتد. پیاوسالاری لە عەقڵی گەورە و بچوک، ژنان و پیاوان چەقی بەستووە و ڕەنگدانەوەی هەیە لە سەرجەم هەڵسوکەوتماندا، هیچ کوڕێک نیە خۆی بە زیاتر و باشتر نەزانێت لە کچ وە هەروەها بە پێچەوانەشەوە ئەو عەقڵیەتە جۆرێک ژنانی ڕام کردووە کە هیچ کچێک نیە خۆی بە کەمتر نەزانێت لە کوڕ.

کۆمەڵگای کوردی و بە تایبەتی ژنان تەنها دوو ڕێگایان لە بەردەم دایە، ڕێگای یەکەم ئەوەیە تەسلیمی ئەم واقێعە تاڵە بین و هەتا هەتایە گۆرانی “دونیا هەر وابووەو هەر واش دەمێنێ” بڵێینەوە و داماو و کنەفت و کۆیلە بەم دەردەوە بناڵێنین یان ڕێگای دووەم هەڵبژێرین و ڕاپەڕین کەین دژی ئەم پلە دوییە، ڕاستە وەها بووە بەڵام نابێت وەها بمێنێت، ئەوە ئینسانە زیندووەکانی ئەمڕۆن دیاری دەکەن سبەینێ دەبێت چۆن بێت. نابێت شەپۆلی پیاو سالاری هەتا هەتایە ئەمبەر و ئەوبەر بمانبات، دەڵێن ماسیە زیندوەکان ئەوانەن کە بە دژی شەپۆلەکانەوە دەجوڵێن نەک ئەوانەی کە شەپۆل لەگەڵ خۆی دەیانبات.
زۆربەی ژنان ڕێگای خۆپاراستن لە کێشە و خۆ گونجاندن لە گەڵ واقێع و تەسلیم بوون بە هەلومەرجەکەو پیاوسالاریان هەڵبژاردووە، هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی درێژ بونەوەی تەمەنی سیستەمی دژە ژنە. خۆ سانسۆر کردن بۆ خۆپاراستن لە بارگرژی ملدانە بە دۆخی دەرەجە دوویی.

خەبات بۆ گۆڕینی دۆخی ژنان سەرەتایی ترین هەنگاوە بۆ هەر ژنێک کە بیەوێت وەک ئینسانێک و کائینێکی سەربەخۆ پێ بخاتە دونیای بونەوە، بۆ هەر ژنێک کە بیەوێت لە هەر بوارێکی تردا خەبات بکات، ئەگەر ژن لەمافی ئینسانی بەهرەمەند نەبێت چی لە دۆخەکە دەگۆڕێت دوێنێ ناسیۆنالیزمی عەرەبی حاکمیەتی کردووە ئەمڕۆ ناسیۆنالێزمی کورد. دەڵێن: “ڕۆژێک لە چۆڵەوانێەک دز و جەردە دووای مەلای مەشهورە دەکەون مەلا بە کەرەکەی دەڵێت خێرا غاردە با نەمان گرن، کەرەکە لە وڵامدا دەڵێت بە قوربان خەمی خۆتت بێت و خۆت قوتار دە، من کە بارم چل مەن بێت چە جیاوازی تۆ و ئەوان هەیە بۆ من.”
ژن نیە ڕۆژانە پریشکی نیزامی پیاوسالاری بەرنەکەوێت و ئازار نەبینێت، زۆربەی ژنان لە ژیانی ڕۆژانەیان جارێک یان چەند جار توشی حاڵەتی وەها دەبن کە لە مێشکی خۆیان بڵێن ئەگەر ژن نەبونایە جۆرێکی تر هەڵوێستیان دەگرت. هەمو ژنان یەکێک کەم و یەکێک زۆر ڕۆژانە هەست بە پلە دوویی ژن بوون دەکەن.

ژنانی کوردستان دەبێت کۆمەڵێک پرسیار لە خۆیان کەن و بە دووای وەڵامی پرسیارەکان کەون. ئایا دۆخی ژنان لە سەرجەم کۆمەڵگای بەشەری ئەم کۆیلایەتیەیە؟ سەرچاوەی ئەم هەڵواردن و چەوساندنەوەیە لە کوێوە هاتوە؟ ئەزەڵی و ئەبەدیە؟ بۆچی ماوەتەوە؟ چۆن خەباتی بەرانبەر کراوە؟ کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان چیانکردووە لە گەڵ ئەم کێشەیە؟ شەڕی یەکسانی چیە؟ یەکسان لەگەڵ کێ؟ یەکسانی لە چی؟ شەڕ لەگەڵ کێ؟ ئەمانە و کۆمەڵێک پرسیاری تر، ئەگەر جەختیان لە سەر کەین ڕۆشنایەک دەخاتە بەردەم خەباتمان.
بە درێژایی مێژو دەسەڵاتداران و پاوەندخوازان هەوڵیان داوە، جیاوازی سروشتی، جوغرافیایی و جیاوازی باوڕ بکەنە ئامرازێک بۆ بەشبەش کردن و دابڕاندن ئینسانەکان لە یەکتر، لەم ڕێگایەوە ئاگری ناکۆکیان خۆش کردووە و شەڕیان ناوەتەوە. ئەم میتۆدە لە دینەکان زۆر بەرجەستەیە و بە ئاشکرا دەڵێت لە ناو گیانداراندا بەشەر پلە وپایەی بەرزترە، لە تەورات خێڵی بەنی ئیسرائیل، لە ئینجیل تایفەی مەسیح و لە قورئان ئۆمەتی ئیسلام باشترین و تایبەتن، لە هەر سێ دینەکەش تێکڕا بە هاو دەنگ ژن خراپ و سەرچاوەی شەڕن.
شەڕی مافەکانی ژنان، شەڕی سەلماندنی هەویەتی ئینسانی ژن شان بە شانی پیاوان، شەڕی رزگارکردنی ژنان لە کۆیلایەتی و ژێر دەستەیی و هەڵواسراوی، شەڕی ئەوەی کە ژنان خاوەن جەستە و بڕیاری خۆیان بن، شەڕی نێوان ڕەگەزی نێر و مێ نیە، ئەم شەڕە بەربەرەکانێی کەلتور و سروشتی سەرەتایی ئینسانە، سروشتی سەرەتایی ئینسان وەک هەر حەیوانێکی تر لاشعور و دڕندە بووە، هەرچی زەمان تێدەپەڕێت ئینسان بە جیاواز لە بونەوەرەکانی تر بە هۆی عەقڵ و هۆشیاریەوە تەکوینی ژیانی خۆی دەکات و لەو سروشتە وەحشیە دور دەکەوێتەوە، بەشەر بە پێی ئەزمون و داهێنانی نوێ ڕۆژانە کەلتوری خۆی ئابدەیت دەکات. ئاستی کەلتوری دیاری دەکات بۆ هەر کۆمەڵگایەک کە چەندە لە سروشتی سەرەتایی فاسیلەی گرتوە و چەندە توانیویەتی یاساکانی جەنگەڵ بگۆڕت و بە پێی زانستی سەردەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ئابدەیت بکات.

هەر لە سەر ئەم تیئۆریە شەوەیە کە دەڵێت شەڕی یەکسانی نێوان ژن و پیاو، بەرەنگاری کەلتورە لەگەڵ سروشتی سەرەتایی ئینسان دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە، هەڵسوکەوتکردن لە گەڵ ژنان دەتوانێت پێوەر بێت بۆ دیاریکردنی ئاستی پێشکەوتن و دەوڵەمەندی کەلتوری.
سروشتی سەرەتایی ئینسان بەشێک بوە لە یاسای جەنگەڵ، بە پێی قاعیدە و قەواعید هەرکام عەزەڵەی زیاتر بێت دەبێت بە سوڵتان و لەم ڕوانگەیەوە دەسەڵات و ماف دابەش دەکرێت. ئێستاش زۆر جا گوێمان لەوە دەبێت، سروشت ژنانی لاواز دروست کردووە و دروشمی یەکسانی بە مانا و بێ سودە. ڕاستیەکەی خاوەن ئەم جۆرە بیرکردنەوانە تەنها ئەوە دەسەلمێنن کە هێشتا مەودایەکی زۆریان نە بڕیوە و عەقڵ و تێگەیشتنی لانیکەم هەزار ساڵ دەبێت پایدەر لێبدات.
لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان
لە سەر لاپەڕەی یەکەم یاسا بنەڕەتیەکان زۆربەی وەڵاتە پێشکەوتوەکان نوسراوە “ڕۆشنگەری و هۆشیاری بەردەوامی تەنها ڕێگای تەکوین و پاراستنی مافەکانمانە”
ئەگەر یاساو ڕێسا بەردەوام بە زانستی کۆمەلایەتی دەوڵەمەن نەکرێت، ئەگەر ساڵ بە ساڵ و ڕۆژ بە ڕۆژ پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە گەڵ زانستی سەردەم هەنگاو نە نێت، کە واتە زانستی کۆمەڵایەتیمان بۆچیە؟ کۆمەڵگای ئێمە سەرقاڵە بەوەوە چوار ژنە یان زەواجی مسیار. ئێمە دەبێت دان بەوەدا بنێین کە خاوەن کەلتورێکی کۆنەپەرەست و پەرپوت و وێرانین کە لە هەزار ساڵ پێش ئێستاوە چەقیوە.
لە وڵاتی ئێمە ڕێک بە پێچەوانەی وڵاتە پێشکەوتوەکانەوە لە یاسا بنەڕەتیەکانمان جەخت لەوە دەکرێت کە هیچ بڕگەیەک نابێت ناکۆک بێت لە گەڵ دەورانی کۆیلایەتی و دەقەکانی ئیسلام. ئەگەر لە ڕوانگەی پیاوسالاریەوە سەیری کەلتوری ڕۆژهەڵاتی ناوەند بکەین، خاوەن دەوڵەمەندترین و کامل ترین کەلتورە لە جیهاندا، لە چ وێرانەیەکی تر دا پیاو بۆی هەیە وەک بازرگانی مەڕ و ماڵات چوار ژنی هەبێت.
خەبات بۆ مافە ئینسانیەکانی ژنان شەڕی ڕەگەزی نێر و مێ نیە، شەڕی نێوان کوڕان و کچان نیە هەروەک جۆن خەبات دژی ئاپارتاید و ڕەگەز پەرەستی بانگەوازی شەڕ دژی سپیپێستەکان نەبووە، خەبات دژی نیزامی کۆیلایەتی بانگەوازی شەڕ دژی خەڵکی ئازاد نەبووە، خەبات بۆ ڕەفاهیاتی خەڵکی خاوەن پێداویستی بانگەوازی شەڕ دژی خەڵکانی ئاسایی نیە، خەبات بۆ مافەکانی منداڵان شەڕ دژی گەورەکان نیە و خەبات بۆ مافەکانی ژنانیش خەبات دژی پیاوان نیە بەڵکۆ خەبات دژی سیستەمی پیاوسالاری و دژی ئەوکەسانە کە قازانج لەم ژێردەستەیەی ژنان دەکەن.

لە هەرکام لەم نمونانەی سەرەوە داستانی چەوساندنەوەی بەشێک لە ئینسانەکانە لە لایەن داب و نەریتێک کە تەنها لە بەرژەوەندی گروپێکی دیاریکراو و نادادپەروەردایە. لە سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەز پەرەستدا تەنها کۆمەڵێک سەرمایەدار و پاوەندخواز قازانج دەکەن نەک خەڵکی ئاسایی ڕەگەزەکانی تر، لە سیستەمی کۆیلایەتی تەنها کۆیلەدار و لە چەوساندنەوەی ژنانیش تەنها داب و نەریتێک قازانج دەکات کە بەرهەمی حکومڕانی ئێستا وپێشو بووە.
چەوساندنەوەی ژنان حاسڵ و بەرهەمی سیستەمی چینایەتیە لەو ڕۆژەوەی کە مرۆڤ دەستی کرد بە کشتوکاڵ و بەکارهێنانی زەوی، لە ماوەیەکی کورت دا ئەوە عەرزی منە و ئەوە هین تۆیە، دیاردەی مڵکداری هاتە کایەوە و بە تێپەڕینی زەمان مۆری خۆی لە هەمو شتێک داوە، لەم پەیوەندیەدا ژنانیش وەکو کالا دەکرێن بە مڵکی پیاو بەم شێوەیە لە قۆناغە یک لە دوای یەکەکان لە پاشکۆیەتی دەمێنێتەوە دەتوانین بڵێن لە سەرجەم داگیرکاری و شەڕ و سنور دانان و دەسەڵاتداری و یاسا دانان و هێنانی ئاین ژنان ڕۆڵی سەرەکیان نەبووە و بۆ سەرجەم وێرانکاریەکانی مێژو پاوەندخوازی پیاوسالاری تاوانبارە.

سەرەڕای ئەوەی کە ژنان لە گەشەدان و بەردەوامبونی مرۆڤایەتی پشکی شێریان بەرکەوتووە، بەڵام هەمیشە لە سەنتەری بڕیاردان هیچ جێگاو ڕێگەیەکیان نەبووە، واتە لە ئەرک و بەرپرسیاریەتی لەناوەند و لە ماف و بڕیاردان لە پەراوێز بوون.
ئەم هاوکێشەیە کە سەرێکی ئەرک و سەرەکەی تری دەسەڵاتە، دەبێت لە بنەماوە دەستکاری بکرێت، ژنان لە سەنتەری بڕیاردان نزیک ببنەوە و بەشێک لە ئەرکەکانیشیان کەم بکرێتەوە.
دۆخی ژنان پێویستی بە شۆڕشێکی هەمە لایەنە هەیە، بەشداری یەکە بە یەکەی ژنان لەم شۆڕشە دا پێشمەرجە بۆ گەیشتن بە ئامانج و ژیانێکی ئاسودە، تەجروبەی وڵاتانی پێشکەوتو نیشانی داوە تەنها گۆڕینی یاسا و چاک کردنی شوێنە فەرمی و گشتیەکان کافی نیە، پێویستە ژنان هۆشیار و شارەزابن بە مافەکانیان و لە هەر کوێ هەستیانکرد غەدریان لێکراوە بوێربن هاوار بکەن. ئەگەر بەشێکی بەرچاو لە ژنان بەشداربن لە مەیدانی خەباتی ڕاستەقینە دەتوانن گۆڕانکاری ڕیشەیی بکەن و دەستکەوتی باش بەرهەم بێنن بەڵام هێشتا پێویستە یەکە بە یەکەی ئەو ژنانەی کە لێرە و لەوێ ڕوبەڕوی توندو تێژی دەبنەوە خودی خۆیان هەنگاوی یەکەم هەڵگرن بۆ ڕزگار بوونیان. خەبات بۆ مافەکانی ژنان شەڕێکە کە هیچ ژنێک ناتوانێت بێ لایەن و لە دەرەوەی ئەم بازنەیە بێت، هەر تاکێک دەبێت بە مافەکانی خۆی شارەزا بێت و بتوانێت گوزارشت لە دۆخی خۆی بکات.

لە کۆمەڵگای ئێمە بە ژنان دەڵێن زەعیفە و زۆربەشمان بە کردەوە قبوڵمان کردووە یان لانیکەم بێدەنگین، وشەی زەعیفە لە کۆمەڵگای ئێمە کراوەتە هەویەتی ژن و دراوە لە نێوچەوانمان. پێش ئەوەی ناوی عایشە و فاتمەمان لە سەر دانێن ناوێکی گشتی مان هەیە و پێمان دەڵێن زەعیفە، هەژمونی ئاینی ئیسلام بەسەر کۆمەڵگاکنی ئێمە و تێڕوانینی بۆ ژن وایکردوە کەلتوری ژێردەستەیی ژن بمێنێتەوەو ڕۆژانە دەمەزەرد بکرێتەوە.
لە ژێر هەژمونی ماشێنی پەروەردەی پیاوسالاری ژنان خۆشیان پەسەندیان کردووە ئاساییە بە زەعیفە ناوببرێن لە هەمانکاتدا ئەم زەعیفەییە وای کردوە کە ورەی بەرەنگاری لەلایەن کەم بێت و داڕمانێکی دەرونی گەورەیان لا دروست بکات.
لەبەر ئەوەی زەعیفەیەن دەتواندرێت بڕیارمان لەسەر بدرێت بەرشەق بدرێین ئێمەش قبوڵی بکەین و بیشارینەوە، لەسەر جادەو شەقامەکان تەحەروشمان پێبکرێت و هاتو هوتمان بۆ بکێشرێت، لە بەرامبەردا خۆمان زیاترو زیاتر داپۆشین و لە شوێنە گشتیەکان دەرنەکەوین. لاوازی دەرونی لای ژنان یەکیکە لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی توند و تیژی لە کۆمەڵگا.

بەڵام ئایا ناکرێ ژنان زەعیفە نەبن؟
ئەگەر بەوردی سەیرێکی بارودۆخی ئێستای جیهان بکەین دەبینین ژنان لەم بارەیەوە زۆر پێشکەوتوون و زۆر هەنگاویان ناوە و ڕۆلێکی بەرچاویان هەیە لە بەڕێوەبردنی جیهان، لەناو هەموو سێکت و پۆستەکاندا دەبیندرێن، هاتنە میدانی ژنان پاڵنەرێکی بەهێز بوون بۆ گەشەپێدانی وەڵاتە پێشکەووتوەکان.

بەشداری ژنان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیابو بە هۆی ئەوەی، تەنها چەند مانگ دوای شۆڕش قانونی یەکسانی ژن و پیاویان دەرکرد و توانیان پێشبڕکێ لە گەڵ ڕەوەندێکی ٢٠٠ ساڵەی ڕۆژئاوا بکەن.
لە بواری بەرەنگاری و چەکداریشدا وەک بوارەکان تر ژنان توانیویانە ئەزمونی تۆمار بکەن و ڕەوڵی کاریگەریان بێت، لە جەنگی جیهانی دوەم کاتێک ژنان و پیاوانی ڕوسیا بەیەکەوە چەکداربون لە لنین گراد توانیان بەر بە هێرشی فاشیستی هیتلەر بگرن و ستۆپی کەن. لە کاتێکدا ڕوسیەی پێش شۆڕشی ١٩١٧ یەکێک بوو لە دواکەوتو ترین کۆمەڵگاکانی جیهان.

هەمومان قارەمانیەتی ژنانی کۆبانێمان بینی، ژنان و پیاوان بەیەکەوە هاتنە مەیدان و شاکاریان نواند، ناوی خۆیان خستە مێژو. تەنها بە تەنها ئەوان بوون بە جدی و بە کردەوە توانیان بەر بە هێزی تیرۆرستی داعەش بگرن. هەر ئەم هاتنە مەیدان و قارەمانیەتەشیان وایکرد کە نەخرێنە پەراوێزەوە و یاساو مەرسوم لە بەرژەوەندیان بهێنێتە دەرەوە. ئایا نمونەی ژنانی کۆبانێ بەس نییە بۆ ئەوەی ژنانی کوردستان بێنە دەرەوەو بڵێن ئێمە زەعیفە نین و ئینسانی تەواوین؟
ئاستی بەشداری ژنانی کوردستان لە سەرجەم کایە سیاسی ، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکان بەرچاو نیەو ئا ئێستاش نەیتوانیوە لە پۆستە چارەنوس سازکان نزیک بێتەوە، ئەم دۆخەی ژنان ئاماژەیە بە چەوسانەوە و ئاساری ئەو چەوسانەوەیە وەکو دێوزمەیەک بوەتە بەشێکی حاشا هەڵنەگر لە ناخ و کەسایەتی یەکە بە یەکەی ژنان.

ئەو بارودۆخەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت و هیچ کەسێک نازانێت ئەو سەرەکەی چی دەبێت. بەڵام گرنگە ژنان بێلایەن نەبن و بە بەشداری بەرچاویان دەتوانن مۆری خۆیان بدەن گۆڕانکاریەکان.
ئێستا کوردستان بە بارودۆخێکی زۆر حەساسدا تێدەپەڕێت، بارودۆخی خەڵک گەیشتۆتە ئەوپەڕی خراپی. بێموچەیی بێ خزمەتگوزاری، شەڕ بەرامبەر داعەش و خوێن ڕشتن. ژنان لەم نێوەدا پشکی شێریان بەرکەوتوەو باجێکی گەورە دەدەن من لە وتاری ترمدا لە مانگی مارسی ئەمساڵ بەوردی ئیشارەتم بە بارودۆخی ئێستای کوردستان و کاریگەری لەسەر ژنان کردووە. بۆیە لێرە نایەمەوە سەری.
بەڵام بەگشتی لە ئێستادا بارودۆخی کوردستان بانگامندەکات بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و بیرکردنەوە لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر کە ئەویش بەرەو خۆبەڕێوەبردن و پێکهێنانی شوڕاکانە لە گەڕەک و ناوەندەکانی کار. دەبێت ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ڕوبدات لە دەستی کۆمەڵێک دز و مفیا دەربهێندرێت و بکەوێتە دەستی خەڵک خۆیەوە. هەر ئێستا نارەزایەتی و ئیعترازێکی بەرفراوان لە کوردستان هەیەو دەبێت ئەم ناڕەزایەتیانە هەوڵبدرێت لە بەرژەوەندی خەڵک کۆتایی پێبهێندرێت. بۆ ئەمەش پێویستامان بە هێنانە مەیدانی ئیرادەو خۆ رێکخراوکردنمان هەیە. ئەم کارەش پیویستی بە ئینسانی بەهێزە و بە زەعیفە ناکرێت.

ژنان کە نیوەی کۆمەڵگان ئەگەر بەهێزو تەوژمەوە نەیەنە مەیدان و شان نەدەن لە شانی پیاوان لە گۆڕەپان نەوەستن و دەستیان نەبێت لە نەخشاندنی ئەم ئاڵۆگۆڕانە بە دڵنیایەوە داهاتو بە قازانجی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی نابێت. هەربۆیە زەرورەتی هەیە ژنان بێنە دەرەوە لە ماڵەکانیان و ئەم هاوارە بکەن کە ئێمە زەعفە نین ئێمە توێژێکی کاریگەری کۆمەڵگاین و بەهێزین دەتوانین شانبەشانی پیاوان کۆمەڵگا بگۆڕین.
دڵنیاتان دەکەمەوە تا خۆمان نەیەنە مەیدان و هێز لە خۆمان نیشان نەدەین، ئەو قودرەتە نەدەینە خۆمان ئەم شۆڕشە بەسەر ناخی خۆمان نەکەین کە ئێمە زەعیفە نین هیچ کەس ئەوەمان بۆ ناکات. تەنها خۆمانین دەتوانین ئەم کۆت و بەندە بشکێنین کاریگەری ڕۆڵی خۆمان لە کۆمەڵگا نیشاندەین، ئەگەر ئێمە نەتوانین هاوار کەین بۆ سڕینەوەی ژێردەستەیی خۆمان؟ چۆن دەتوانین وەکو دایک نەوەیەکی نوێی بەهێز پەروەردە بکەین و بۆ کۆمەڵگایەکی تەندروست، ئەگەر منێکی مامۆستا زەعیفە بم چۆن دەتوانم نەوەی نوێ فێربکەم، ئەگەر منی پەرستار زەعیفە بم چۆن دەتوانم ئاگاداری و چاودێری نەخۆشێک بکەم، ئەگەر منی دکتۆر زەعیفەبم چۆن دەتوانم ژیانی نەخۆشێک ڕزگار بکەم؟
ئەگەر ئێمە گوڕو تین بدەینە بەر خۆمان و بە کۆمەڵگاشی نیشانبدەین و ڕۆڵی کاریگەرمان هەبێت لە ئاڵوگۆڕە بنەڕەتیەکان. هیچ هێز و حکومەتێک ناتوانێت ئەم تواناییەمان بخاتە پەراوێزەوە و ناچارن لە یاسا دانان حسابی ئینسانی تەواومان بۆ بکەن و دەتوانین جەخت بکەین لە سەر گۆڕینی ڕێڕەوی سیستەمی پەروەردەو فێرکردن لە پیاوسالاریەوە بۆ ڕێڕەوی یەکسانی وە هەر وەها پاڵنەر بین بۆ ڕۆشەنگەری گشتی لە کۆمەڵگا.
وەرن با هەمومان بەیەکەوە هاورکەین ئێمە زەعیفە نین، پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز پستگیرمان بکەن و لەگەڵمان هاوارکەن، کە دایک، خوشک هاسەر مامۆستا….. ی ئێوە زەعیفە نین بۆ ئەوەی کە بتوانین ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگادا بەدیبهێنین.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish