فەرموودەكانی شیعری بێگەرد … سەباح ڕەنجدەر
1
شاعیر له خۆڕسكییدا خه‌سڵه‌تی یاخیبوونی له‌ناوه‌وه ڕسكاوه و مانا و تۆڕی پێكهاته‌یه‌تی، به‌ڵام خەسڵەتی پێشمەرگه‌ی نییە. من قەت قەڵەمم نەكردووه‌ته چەك. شیعر به‌ره‌و قووڵایی ده‌بێته‌وه و وزە و درەوشانەوەی هەموو نووسینێكە، تەواوكەری پڕۆژە ڕۆشنبیرییەكان و قه‌واره‌یه‌كی سه‌رتاسه‌رییه.
2
لە شیعری بێگەرددا شاعیر دەبێتە ڕوخسارێكی كارای گەردوونیی، پەیوەندی بە تاكە شوێنێكەوە نامێنێت، دەچێتە ناو هێما و زاراوە و بنەڕەتەكانی تەواوی بوون و جیهان و خەون و چییەتی مرۆڤەوە. توانای بەدیهێنانی خەونی تێدا پەیدادەبێت، خه‌ون و به‌دیهێنانی به‌های ڕۆحیی و گه‌ردوونیی بوون.
3
هه‌موو قوتابخانه شیعرییه‌كان له‌ناوده‌چن، ته‌نیا شیعر خۆی ده‌مێنێته‌وه. كە بیر لە قوتابخانه و ڕێباز و تەوژم و جووڵانەوە جیاجیاكانی شیعر دەكەمەوە. تەوژمی هەستیی و خەونییم لە وانی تر پێ باشترە. لەواندا دەتوانم بچمه سه‌ر پایه‌ی خۆم و خۆم بنیادبنێم و هێز و وره‌یان لێوەرگرم و جۆش بگرم.
دەنگی دەرەوە ناتوانێت ناوه‌رۆكی ناخ بناسێنێت، یان بتاسێنێت. چەمكی بەختیاریی ئەدەبی لەناخمدا دەخەمڵێنم و به مۆركی هونه‌ریی خۆی له‌گه‌ڵیدا ده‌مێنمه‌وه و ده‌بێته بنیاد له زه‌ینمدا.
4
لە ئەزموونی مندا ئەمە ڕووینەداوە و نەمویستووه ئەفسانە تێكبشكێنم، بەڵكو ویستوومە ڕایه‌ڵ و تانوپۆی بۆ ئاستی بەكارهێنانی ڕووداوێكی هاوچەرخ بچنم و بەرزی بكەمەوە و بەكاریبهێنمەوە. ئەفسانە پێویستییەكی ناوكی شیعرە، پاشان بۆ كارامەیی بەكارهێنان پێویستی بە ئاگایییەكی هۆشمەندانەیە.
هیچ شیعرێكی داهێنراو لە وزەی ئەفسانە خاڵیی نییه. ئه‌م شیعره به‌نه‌مریی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌فسانه وزەی نووسینی بەرزكردبێتەوە تا ئاستی ڕەسەنی و زیندوویی.
5
زمان هۆكاری ده‌ربڕینی شته ناوه‌كی و زه‌ینییه‌كانی شیعره، شیعریش ڕێبازی ژیان و بیركردنه‌وه‌مه، حه‌زده‌كات له‌به‌ر ڕۆشناییدا ببیندرێت. له‌ژیاندا له بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعره‌كانم زیاتر هیچم نه‌ویستووه. شیعر هه‌ژاره و زۆریش به‌هێزه، به مردن ده‌وره‌دراوه. باوكم به هه‌ژاری مرد، دایكیشم. له‌مندا ده‌ركه‌وتنه‌وه و ماونه‌ته‌وه و تێكه‌ڵ به حاڵه‌تی نووسین و یاده‌وه‌ری نووسین بوون. حاڵه‌تی نووسین هه‌ستكردنه به كرانه‌وه‌ی گه‌ردوون، به سه‌ره‌تای دووه‌می ناوده‌به‌م، شته جوانه‌كانی ماونه‌ته‌وه شیعری بێگه‌رد له دیدێكی ته‌واو ئێستێتیكییه‌وه پاراستوویه‌تی و كردوویه‌تی به مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندی و نموونه. ده‌مه‌وێ له ڕێگای هێزی ده‌قه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌قیقی دابمه‌زرێنم و له پاراستنی شته جوانه‌كان نزیك ببمه‌وه.
6
گۆران و ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د و جه‌لال به‌رزنجی …..تاد، نوێبه‌خشییان له زه‌ینی مندا شێوه‌پێدا و ناوه‌ندێكی پێبه‌خشی، ناوه‌ندی نوێبه‌خشیی، له نوێبه‌خشیی ئه‌واندا، نوێبه‌خشیی خۆم كه‌شفكرد و په‌ره‌م پێیدا. ئه‌وه‌ی نووسیومه كاتێك ده‌زانم نوێبه‌خشییه، كه توانیبێتم به‌پڕی زمانی تێدا دووباره‌بكه‌مه‌وه و بیكه‌م به هه‌وێنی زه‌ینیی. كه توانیم به‌پڕی زمانی تێدا دووباره بكه‌مه‌وه و كردبێتمه هه‌وێنی زه‌ینیی، ئه‌وجا ده‌زانم نوێبه‌خشییه‌كی بێگه‌رد و هه‌ستكردن به ئازادی بووه، ئازادی منه، واته: نهێنی مه‌وداكانه. نوێبه‌خشیی ئازادییه‌كی شاراوه‌یه، مێشكی نوێبه‌خش، مرۆڤ به به‌هره ئێستێتیكییه‌كانی ده‌دۆزێته‌وه و ده‌ناسێت، كه داهێنه‌ری جیهانبینییه‌كی خۆبینینه و نوێبه‌خشیی له‌ناو دڵی وشیار و پڕ ئاگایدا كاری خۆی كردووه.
7
شیعری من ڕووبار نییه، جۆگه‌یه‌كی باریكه، خاڵیی نییه له خوڕه‌ی پاراو، ئه‌م خوڕه نه‌رمه سه‌رڕێژه له جیلوه‌ی هه‌قیقه‌تی بوون. هه‌قیقه‌ت ونه، پرسیاره، له وه‌ڵام گرینگتره. ده‌نگی مه‌وداكانه له هه‌سته‌كانی شاعیردا ده‌خرۆشێت و گوێمان لێی ده‌بێـت. گومان و دوودڵییه‌ك له نێوان واقیع و خه‌یاڵ، له‌ڕێگای ڕسته‌ی لێكدراودا پیشانی وه‌رگر ده‌دات، وام بیركردووه‌ته‌وه هه‌ندێك باڵی خه‌یاڵ ده‌چێته ناو واقیع و هه‌ندێ ورده‌كاری واقیعیش وه‌ك خه‌یاڵ ڕه‌شكه‌وپێشكه به بینین ده‌كه‌ن، زه‌ینی وه‌رگر له ڕسته‌ی ساده‌وه به‌ره‌و ڕسته‌ی لێكدراو ده‌به‌ن.
بوونی هه‌موو شته‌كان: ده‌ریا، ڕووبار، كانی، جۆگه‌ی باریك ….. تاد، پیرۆزن. ئاشقانه ده‌ڕوانن و ده‌یانه‌وێ ژیانیان ده‌سكه‌وێت و ساده‌یی شته‌كان بناسن. شیعری بێگه‌رد له كۆتایی خۆیدا گوێڕایه‌ڵ و پابه‌ند نییه، نه به خه‌یاڵ، نه به واقیع، نه به ئه‌فسانه و ئایینه‌كان ….. تاد، جگه له شیعرییه‌تی پڕ.
8
گۆشه‌گیرییه‌كی وشیارییم هه‌ڵبژاردووه. بۆ ئه‌وه‌یه زیاتر له شیعره‌كانم وردببمه‌وه و سه‌رنج نه‌خه‌مه سه‌ر شتی تر، یان ئه‌و شته لابه‌لایانه‌ی شیعر هه‌ڵده‌بزڕكێنن.
9
شیعر له یه‌كه‌م ڕه‌شنووس و یه‌كه‌م پاكنووسیه‌وه ته‌واوده‌بێت، له هه‌مان كاتیش‌دا قه‌ت ته‌واو نابێت. شیعرێك پێش سی ساڵ نووسیبێتم، هه‌ر جارێك گه‌ڕابمه‌وه سه‌ری گۆڕانێكم تێیدا كردووه. ئه‌م ده‌ستكارییه نه‌بوونی دڵنیایی نییه، هه‌وڵه بۆ گه‌شه‌پێكردنی. ساتی شیعر په‌یوه‌ندی به ده‌روون و زمانه‌وه هه‌یه. ڕێكه‌وتبووه له‌كاتی ڕۆیشتنم له‌سه‌ر شه‌قامدا، ڕیتمی ڕۆیشتن یارمه‌تی داوم بۆ گۆڕینی ڕسته و وێنه، چونكه ئه‌م ساتی شیعرییه بیركردنه‌وه‌ی ڕابردووی زیندووكردوومه‌ته‌وه و گه‌یاندوومیه‌ته‌وه ساتی نووسینی ڕه‌شنووسی یه‌كه‌م. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ڕێخۆشكه‌ر و یارمه‌تیده‌ره بۆ ده‌ستكاریكردن و به‌یه‌كگه‌یشتنه‌وه‌ی ئیلهام و ورووژان. باسنووس ئه‌م كرده‌یه به خراپ لێكده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڵێن ڕه‌وتی پێشكه‌وتنی شاعیر ده‌كه‌وێته نادیارییه‌وه.
باسنووس ده‌توانێت له‌هه‌ر ده‌ستكارییه‌كدا جۆرێك ببینێت. كامه بینین له میتۆدی ئه‌و نزیكه، میتۆدی خۆی له‌میاندا تاقی بكاته‌وه. شیعر له منداڵدانی كات له‌دایكده‌بێت و ئیدی له ده‌ستكاری به‌رده‌وامیدا گه‌شه‌ده‌كات. شیعر ڕوویه‌كی نه‌زاندراوه.
10
خانه‌واده‌كه‌م وه‌ك هه‌ر خانه‌واده‌یه‌كی چینی هه‌ژاری ناو كۆمه‌ڵگای كوردی، ده‌یانویست كوڕه‌كه‌یان ببێته فه‌رمانبه‌رێكی خاوه‌ن: سایه و مایه و پایه. منیش هه‌موویانم ڕه‌تده‌كرده‌وه، هه‌ڵبژاردن و كۆششم ته‌نیا بۆ ئه‌وه بوو، ببم به شاعیر. شاعیریی بوون كه‌سایه‌تییه‌كی په‌تی و پته‌و و مرۆڤبوونه، هه‌وا و هه‌ناسه‌ی پاراوی به ئازادی تێدا هه‌ڵده‌مژم. وابزانم له هه‌ڵبژاردن و كۆششم نیشانه‌م له‌به‌ر ئاوێنه داناوه.
ئێستا دوای نیو سه‌ده زیاتر له ته‌مه‌ن، منداڵه‌كانم له‌ڕوومده‌ده‌ن تۆ باوكێكی: بێ‌باك، یان كه‌مته‌رخه‌م، یان ته‌مبه‌ڵ بوویت. ئه‌گینا بۆ نه‌تده‌خوێند، ده‌بووایه بتخوێندبووایه ….. تاد، منیش هه‌میشه دروشمی ژیانم: خوێندن بۆ بڕوانامه و سایه و مایه و پایه نه‌بوو، به‌لامه‌وه‌ش هیچ گرینگ و مه‌به‌ست نه‌بووه، چی له‌وه خوێنده‌وارترم ناكات، چه‌ند نامه‌یه‌كی ماجستێر و دكتۆرا له‌باره‌ی بیری منه‌وه نووسراون و باسنووسانیش هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌باره‌ی ئه‌زموونی شیعریی من كردووه. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات ئه‌زموومێكی ئارامبه‌خش و خاڵی سه‌رنجڕاكێشانی من بوو.
شیعر پایته‌ختی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانه. له‌و پایته‌خته به كۆششێكی ته‌واو ئازاد ده‌ژیم، به‌ڵام وه‌ك گه‌ڕان و گه‌شت: ناوچه‌ییه‌كی په‌تیم. له‌ڕووی خۆشگوزه‌رانی و ویستی منداڵه‌كانم، دان به هه‌ڵه‌كانم ده‌نێم و قبووڵیان ده‌كه‌م: بێ‌باك و كه‌مته‌رخه‌م و ته‌مبه‌ڵبووم.
11
شاعیری بێگەرد كەسایه‌تییەكی بەهێز و سەربەخۆیە، شاعیری بوونه، ده‌نگی مه‌وداكانی به‌ده‌ستهێناوه، په‌یبه‌ر و په‌یپێبراوه. شیعرەكانی زەینێكی ڕوون و تیژیان داوەتێ و ژیاننامەیەتی، تیزابی به چاوی شمشێری دیموكلیس داكردووه. شیعر بوونەوەرێكە زوو شەڕی خۆی لە پێناو دادپەروەری خۆی دەكات و تۆڵەی وەردەگرێتەوە.
شاعیر به‌ده‌ر له شیعره‌كانی ده‌بێت خودی خۆشی بخوێندرێته‌وه. ئاره‌زوومه‌ندی شیعر هەیە تا ئەوپەڕی چووه‌ته پاڵ ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیاریكراو و نانی نانی و كاسەهەڵگر و پانیكێشهەڵگرە، دەیەوێت شیعریش بنووسێت. لەم حاڵ و بارەدا شیعر ده‌نگێكی تێكشكاو و جەستەیەكی بێجووڵەیە. نرخ و به‌ها و مانایەكی نامێنێت، نابێتە تیشكۆی سەرنجی خوێنەر و باسنووس. بەڕەواش دەزانێت گلەیی توند لە خوێنەر و باسنووسان بكات نایخوێننه‌وه، لە ناوەوەشیدا ئەو هەقیقەتە هەناوی لە دەمی ده‌هێنێتە دەرەوە، كه كەوتووه‌تە خانەی بێزران و بێبایەخ بوون.
12
20/3/1984 لە یانەی مامۆستایانی هەولێر، یەكەمجار بە بەزم و ڕەزمی سروودی نەورۆزەوە چوومە سەرمێزی خواردنەوەوه. لەگەڵ: مەحموود زامدار، مستەفا په‌ژار، خالید جووتیار، دكتۆر ئازاد حه‌مه شه‌ریف، بورهان ئیبراهیم یەعقووب. زامدار گوتی: یەكێكی تریشم كردە عەرەقخۆر و ناوی هاته ناو لیسته‌وه. پێكیان بەرزكردەوە گوتیان بە میوانداری شاعیری لاو سەباح ڕەنجدەر، منیش ده‌نگی خۆم هه‌ڵێنا و گوتم: لە گەشانەوەی شیعری گرینگ. هه‌ر پێنجیان پێكه‌كه‌یان دانایه‌وه سه‌رمێز و دووباره به‌رزیان كرده‌وه. به كۆرس گوتمان: له گه‌شانه‌وه‌ی شیعری گرینگ. دوای هەڵدانی یەكەمین پێك خالید جووتیار گوتی: پێشبینی دەكەم ببێتە شاعیرێكی تەواو داهێنەر. مستەفا پەژاریش بە ڕەشبینیی و بزه‌یه‌كی ته‌وساوییه‌وه گوتی: وه‌ی نایبینی. كتوپڕ لە شوێنی خۆمدا تاسام و برادەران دایانە قریوەی پێكەنین.
دوای بیست و چوار ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر دانیشتنه‌كه‌دا، خالید جووتیار ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌ی خۆی له ژماره (130)ی 5/3/2008، گۆڤاری (ڕامان) به ناونیشانی: (شیعر و تازه‌گه‌ریی و كه‌له‌پوور) نووسیوه و ئاماژه‌ی به به‌دیهێنانی پێشبینییه‌كه‌ی داوه.
دانیپێدادەنێم ئێستا و ئەوسا پەیم پێنەبردووە ئەم دوو بۆچوونە بەكوێ گەیشتوون، بەڵام درۆ باش نییە، هەمیشە خستوومیانەتە دۆخی پرسیار لەخۆكردن و مووچڕكی ترسیان لە جەسته‌مدا هێشتووەتەوە، نموونەی باڵای شیعری بێگەردیشم لەبەرچاوە، هه‌قیقه‌تی ڕۆحی خۆمی تێدا به‌رجه‌سته بكه‌م و شته گرینگ و كاریگه‌ره‌كانی خۆم به ئه‌ویدی ڕابگه‌یه‌نم.
13
له ژماره (68)ی ئه‌یلوولی 1988، گۆڤاری (كاروان)، مسته‌فا ساڵح كه‌ریم چیرۆكێكی به ناونیشانی: (پیرمامه‌ند) بڵاوكرده‌وه. ڕامانی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه ڕاگواستنی گونده‌كانی كوردستان بوو، چیرۆكه‌كه كاریگه‌رییه‌كی قووڵی له‌سه‌ر باری ده‌روونی مندا هه‌بوو، به خوێندنه‌وه‌ی، وامزانی گونده‌كانم هه‌مووی به‌ده‌ستهێناوه‌ته‌وه. له‌وساوه له خۆشحاڵی و چاوه‌ڕوانی ڕێكه‌وتێك بووم چیرۆكنووس ببینم و له پاداشتی ئه‌م چیرۆكه ده‌ستی ماچ بكه‌م.
له یازده‌مین فێستیڤاڵێ گه‌لاوێژ، له 22/11/2011 له حه‌وشه‌ی هۆڵی ته‌وار له سلێمانی، دووراودوور بینیم. شه‌رمم له شكۆی كرد بچمه خزمه‌تی و خۆمی پێ‌بناسێنم و باسی كاریگه‌ری چیرۆكه‌كه‌ی بۆ بكه‌م. بۆ ئێواره‌ی 24/11/2011 دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح میوانانی فێستیڤاڵی له: (یانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی) میوانداری كرد، میوانه‌كان له نهۆمی دووه‌مدا بوون. چیرۆكنووس له نهۆمی یه‌كه‌م له‌به‌رده‌م په‌یژه‌كه پیاسه‌ی ده‌كرد و وه‌ك زاوا ڕێكپۆشبوو. منیش له‌سه‌ر په‌یژه‌ی نهۆمی دووه‌م چاودێری و چاوه‌ڕوانم ده‌كرد سه‌ربكه‌وێت و بوێری و بێشه‌رمی ئه‌وه‌م تێدابێت خۆمی پێ‌بناسێنم و ده‌ستی ماچ بكه‌م.
من له تای چ ته‌رازوویه‌ك و چیرۆكنووس له تای چ ته‌رازوویه‌ك. له‌پڕ چیرۆكنووس شڵه‌ژا و بۆینباخه‌كه‌ی ڕێكخست، به‌په‌له ڕایكرد و ده‌سته‌ودامه‌نی دكتۆر به‌رهه‌م بوو، به ده‌ست له‌سه‌ر سینگ و خۆشدووییه‌كی ناپێویست پێشی كه‌وت، فه‌رموو فه‌رمووی لێ‌كرد تا گه‌یاندی به نهۆمی دووه‌م و ناو میوانه‌كان، له‌سه‌ر مێزی به میكرۆفۆن ئاماده‌كراو یه‌ك كورسی له ته‌نیشتی دانیشت.
25/11/2011 فێستیڤاڵ ته‌واوبوو، میوانان هه‌ریه‌ك به‌لایه‌كدا په‌رتبوون. بۆ به‌یانی له شیرینی: (تۆفیقی حه‌ڵواچی) چه‌ند جۆرێك شیرینیم بۆ منداڵه‌كانم كڕی و گه‌ڕامه‌وه هه‌ولێر، كه گه‌یشتمه‌وه ماڵه‌وه شیرینیه‌كه‌م دایه ده‌ست منداڵه‌كانم، پێش ئه‌وه‌ی پشوویه‌ك بده‌م، چوومه ناو كتێبخانه‌كه‌م كۆچیرۆكی: (ڕه‌شپۆشێكی جیهانی چواره‌م)م ده‌رهێنا و له پێش ده‌رگای حه‌وشه‌م دانا، به‌ڵكو كه‌سێك له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆیدا هه‌ڵیگرێته‌وه و بیبات.
تشرینی دووه‌می 2019 هه‌ولێر
سەباح ڕەنجدەر