قورئان كه خۆی ده‌سووتێنێ … به‌ختیار محه‌مه‌د
خۆ ئه‌وه‌نده‌ی قورئان به‌ده‌ستی موسڵمانان خۆیان سووتێندراوه، ئه‌وه‌نده به ده‌ستی خه‌ڵكی دیكه نه‌سووتێندراوه. به‌نموونه: به‌عس 4000 هه‌زار گوند و 4000 هه‌زار مزگه‌وت و 4000 هه‌زار قورئانی سووتاند؛ هه‌ر به‌ناوی قورئانیشه‌وه ئه‌نفالی كردین (ئه‌وه باسی داعش‌یش ناكه‌م، كه مزگه‌وته‌كانی ته‌قانده‌وه. باسی جه‌نگی سوریاش ناكه‌ین، كه چۆن مزگه‌وت و قورئان بوونه سووته‌مه‌نی ئاگری جه‌نگ.
باسی شیعه و سوننه‌ش ناكه‌م، كه مزگه‌وتی یه‌كدی ده‌ته‌قێننه‌وه؛ باسی مێژووش ناكه‌م، كه له شه‌ڕی نێوان موسڵماناندا چۆن مزگه‌وت و قورئان هه‌تككراون؛ من باسی ئه‌وه‌ش ناكه‌م، كه سوپای معاویه به مه‌به‌ستی فریودانی سوپاكه‌ی عه‌لی، قورئانیان له جه‌نگی سه‌فه‌یندا به سه‌ری ڕ‌مه‌كانیان وه‌كرد. ئایا ئه‌مه گه‌وره‌ترین سووكایه‌تی نییه به قورئان، كه خه‌لیفه‌ی موسڵمانان پێی ده‌كا؟).
ئه‌ردۆگانی ئیخوانیش درێغی نه‌كردووه له سووتاندن و داگیركردنی گوند و شاری كوردی موسڵمان، كه بێگومان هه‌مووان پڕن له مزگه‌وت و قورئان…؛ كه‌واته ئه‌و هه‌را و هۆریایه چییه بۆ سووتاندنی قورئانێك (كه من به‌ته‌واوه‌تی دژیمه) له‌لایه‌ن توندڕه‌وێكی مه‌سیحییه‌وه، كه پێده‌چێ له بنه‌ڕه‌تدا وه‌ك كاردانه‌وه ئه‌مه‌ی كردبێ: كاردانه‌وه له به‌رانبه‌ر تیرۆری ئیسلامییدا؟ ئه‌ی بۆ زۆربه‌ی موسڵمانان له‌ئاست تاوانه‌كانی ئێستای ئه‌ردۆگان له به‌رانبه‌ر كورددا بێده‌نگن و ته‌نانه‌ت پشتگیریشی ده‌كه‌ن؟ بۆچی كاتی خۆی به‌عس چوار هه‌زار مزگه‌وتی له كوردستان وێران‌كرد، یه‌ك موسڵمان چییه مته‌قی نه‌كرد و ده‌نگی لێوه نه‌هات؟ نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو ئه‌و سه‌رده‌مه سه‌رله‌به‌ری جیهانی عه‌ره‌بی ئیسلامی (ئه‌وانه‌ی دژی میحوه‌ری ئێران بوون) پاڵپشتی به‌عس بوون.
موسڵمانان له‌سه‌ر سووتاندنی قورئانێك له وڵاتی كافران (به قه‌ولی خۆیان) دنیایان پڕ كردووه له هه‌را و زه‌نا و جۆش و خرۆشی سۆزی ئایینیی و به‌خشینی خه‌ڵات له (21) وڵاتی ئیسلامییه‌وه به‌و گه‌نجه موسڵمانه (پاڵه‌وانه‌ی؟!)، كه هێرشی كرده سه‌ر كابرای نه‌رویژی قورئانسووتێن؛ به‌ڵام ڕۆژێك ستایشی ئه‌و ئازادییه ناكه‌ن، كه ئه‌وان له ئه‌وروپادا له سایه‌یدا ده‌ژین و هه‌موو مافێكی سیاسی و ئایینیی خۆیانی تێدا دابین ده‌كه‌ن و جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، كه هه‌رگیز له وڵاتانی خۆیاندا ئه‌و مافانه‌یان بۆ فه‌راهه‌م و دابین نه‌كراوه.
ئه‌وان ده‌بێ له خۆیان بپرسن: كه بۆ چوونه‌ته ئه‌وروپا؟ لێره ئه‌وان سپڵه‌ن، هیچ حیسابێك بۆ ئه‌و میواندارییه‌ی ئه‌وان (به هه‌موو كه‌موكوڕیه‌كانییه‌وه) ناكه‌ن (ئا لێره‌دا مرۆڤی موسڵمان دووچاری دووڕووییه‌كی كوشنده ده‌بێ)؛ ئه‌و به‌و په‌یام و خه‌یاڵه په‌روه‌رده‌ییه ئایینییه نه‌ستییه ده‌چێته ئه‌وروپا، كه ئه‌و موسڵمانه و ڕاستی ڕه‌ها له‌لای ئه‌وه؛ ئه‌ركه له‌سه‌ریشی، كه ئه‌وروپا بكاته موسڵمان، بۆیه هێشتا ئه‌و ئه‌وروپاییه‌كان (خاوه‌ن ماڵ و خانه‌خوێ) به قه‌رزداری خۆی ده‌زانێ. له‌مه‌شه‌وه بێ منه‌ته، كه چۆنی بوێ بژی و هێشتا هه‌موو خه‌ڵكی (مه‌سیحی) ئه‌وروپا به كافر و به قه‌رزداری خۆی بزانێ؛ چونكه ئه‌و خاوه‌نی دوایه‌مین ئایین و دوایه‌مین پێغه‌مبه‌ری ڕاسته. هیچ موسڵمانێك جارێك له خۆی ناپرسێ، كه بۆ له وڵاته‌كه‌ی ئه‌ودا كه‌س ناتوانێ كڵێسه‌یه‌ك بكاته‌وه؟ به‌ڵكو ته‌نانه‌ت چی مه‌سیحی و ناموسڵمانیش هه‌ن ڕاده‌كه‌ن و وڵاته‌كه‌ی ئه‌و به‌جێ ده‌هێڵن (هه‌ڵبه‌ت به برای موسڵمانی موجاهیدی وه‌ك مه‌لا كرێكاریشه‌وه)؛ به‌ڵام ئه‌وان به ئاره‌زووی خۆیان و به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه ده‌توانن مزگه‌وتان (له وڵاتی خانه‌خوێی كافراندا) دروست بكه‌ن و بكه‌نه‌وه…
كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه‌سێك خۆی به ڕاستی ڕه‌ها بزانێ، نه پرسیاران ده‌كا، نه وه‌ڵامی پرسیارانیشی پێ ده‌درێته‌وه، چونكه ئه‌و پێویستی به پرسیار و وه‌ڵام نییه و خاوه‌نی ڕاستی ڕه‌هایه.
به‌ختیار محه‌مه‌د