
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی كه‌لیده‌ر ی ــ محموود دهوڵهتئابادی … وه‌رگێڕانی: سیامه‌ند شاسواری – زانا خدر
ڕۆمانی ده به‌رگی كه‌لیده‌ر چ له ڕووی قه‌باره‌ی كتێبه‌كه‌وه چ له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه به مه‌زنترین شاكاری ئه‌ده‌بی ئێرانی داده‌نرێت. له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه كتێبێكی قوڵ و ده‌وڵه‌مه‌ندی تژی له پرسیاری فه‌لسه‌فی، هه‌ر له سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌ی دا، خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر به‌ركه‌وتنیشی له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كه‌دا نه‌بێت له نێو كتێبه‌كه‌دا، خۆی ده‌پرسێت(بۆچی؟). كتێبێكی پڕ بایه‌خ و پێویست بۆ ئێمه‌ی كورد كه باس له ڕه‌وتی مێژووییه‌كی زۆرگرنگی كورده‌كانی خۆراسان ده‌كات، كتێبێك كه ئه‌توانین وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دابنێین بۆ زانستی (ده‌روونزانی كۆمه‌ڵایه‌تی- تاكی كورد).
لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م به‌و زمانه كرچ وكاڵهم به چه‌ند دێرێك چه‌ند لایه‌نێكی كتێبه‌كه شه‌ن و كه‌و بكه‌م بۆ ئه‌و خوێنه‌ره به‌ڕێزانه‌ی ئاشنای ئه‌م كتێبه گرنگه نین. هیوادارم له گه‌وره‌یی كتێبه‌كه كه‌م نه‌كه‌مه‌وه!
هه‌موومان له ئه‌زموونی ژیانی خۆمان و كه‌سانی ده‌ورووبه‌رمان، ڕۆژێك له ڕۆژان ناچار بووینه بپرسین: بۆچی مرۆڤ ئه‌ترسێ؟ تاكه‌ی مرۆڤ ژێرده‌سته‌یی و كۆیلایه‌تی قبوڵ ئه‌كات؟ ڕه‌نگه دهوڵهتئابادی كه له ژیانی خۆیدا چه‌ندین كاری جیا جیای ئه‌نجامداوه، زۆرترین جار ئه‌م پرسیاره‌ی ئاڕاسته‌ی ناوه‌وه‌ی خۆی كردبێت.
لابۆتی ده‌ڵێت: ڕاسته به‌ستنه‌وه‌ی خه‌ڵك له سه‌ره‌تادا كارێكی قوڕسه، ئه‌ویش به جۆرێك پێویست ده‌كات زه‌بر و زۆری تێدا پیاده بكرێت، وه‌لێ ئه‌وه‌ش ڕاسته كه نه‌وه‌ی دواتر به ئاسانی ملكه‌چ ده‌بێت.(خۆبه‌كۆیله‌كردن/ئاتین دولابۆتی. وه‌رگێڕانی: ڕێبوار سیوه‌یلی و مراد حه‌كیم).
ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا دهوڵهتئابادی بۆمان ده‌گێڕێته‌وه، قبوڵكردنی ئه‌و ملكه‌چی و ژێردهستایهتییهی خه‌ڵكی خۆراسانه، واته قبوڵكردنی كۆیلایه‌تی له ژێرده‌ستی ئاغاكاندا. ئالاجاقی وه‌ك نوێنه‌ری كوێخایه‌كی سته‌مكار و مێژووی سته‌مكاری سه‌ر كورده‌كان و ئاغاكانی ئالاجاقی وه‌ك نوێنه‌ری ته‌واوی مێژووی كورد له جاشایه‌تی و قبوڵكردنی بوون به ده‌ربار. جوتیار و خه‌ڵكی برسی و ڕه‌ش و ڕووتی مه‌ڵبه‌نده‌كه، وه‌ك نوێنه‌ری به‌شمه‌ینه‌ت و زه‌لیل و كۆیله‌یه‌كی ترسنۆكی داڕوخاو. دهوڵهتئابادی ده‌ڵێت: زۆرجاران ڕووی داوه كۆمه‌ڵێك له بن ده‌سته‌كان، له خاڵی په‌ڕینه‌وه‌ی ترس و گه‌یشتن به سازان، گه‌یشتونه‌ته ڕاده‌ی ستایشی جهللادهكهیان و هه‌موو ئه‌وینه ونبووه‌كانی خۆیان له‌ودا دۆزیوه‌ته‌وه و له باوه‌ڕی خۆیان ئاخنیوه! ئه‌مه هیچ نییه مه‌گه‌ر خۆ شاردنه‌وه له ترس، له په‌نای ترس‌دا. جۆرێك هه‌ڵاتنه له دڵه‌ڕاوكێی به‌رده‌وام، تاو نه‌هێنان له به‌رامبه‌ر خۆفدا، خۆ هه‌ڵاواردن له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خۆت به شكست خواردووی مسۆگه‌ری ئه‌و ئه‌زانی و وه‌ها ملكه‌چی شكۆ و مه‌زنایه‌تییه‌كه‌ی بوویت، هیچ ڕێگه‌یه‌ك له به‌رامبه‌ر خۆتدا نابینی جگه له‌وه‌ی ببێ به شتێكی وا له په‌نایدا خۆت بشاریته‌وه.
ئه‌مه هه‌مان ئه‌و قسه‌یه كه لابۆتی ده‌ڵێت: ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی زۆردار خۆیان نه‌فی ده‌كه‌ن و هه‌رچی له ده‌ستیان دێ ده‌یكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی زۆرداران وه‌ده‌ست بهێنن، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بۆخۆیان ژیانێكی ئاسایی بژین. .(خۆبه‌كۆیله‌كردن/ئاتین دولابۆتی. وه‌رگێڕانی: ڕێبوار سیوه‌یلی و مراد حه‌كیم).
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ڕوونه كه هه‌میشه ده‌سه‌ڵات سیاسه‌تی برسی كردن و زۆر لێ‌كردن به‌كار ئه‌هێنێ بۆ به كۆیله كردنی ئه‌وی تر، به‌ڵام بۆچی كۆیلایه‌تی قبوڵ ئه‌كرێ؟ مه‌گه‌ر خه‌ڵكی ناتوانن ڕووبه‌ڕوو ببنه‌وه؟ ناڕازی بن؟ چی ده‌كرێت له به‌رامبه‌ر ده‌نگی ناڕازی گشتیدا؟
گوڵمحمد كه یه‌كێكه له كاره‌كته‌ره یاخییه‌كان و ڕووبه‌ڕووی حكومه‌ت و ئاغا هه‌ڵساوه و ده‌یه‌وێ داد بسه‌نێ بۆ خه‌ڵكی. به گشتی ئه‌مه یه‌كێكه له‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی چیتر كۆیلایه‌تی و ترس و دڵه‌ڕاوكێی قبوڵ نییه، ناتوانێ هه‌روا بژی. ئه‌م فیگه‌ره، یان ئه‌م جۆره له تاك و كه‌سانی جورئه‌ت په‌یدا كردوو، چقڵی چاوی سته‌مكارانن، به هه‌ر جۆرێ بووه ئه‌یانه‌وێ ئه‌م ده‌نگه ناڕازییه بێده‌نگ بكه‌ن. سه‌ید شهرزا كه یه‌كێكی وه‌ك گوڵمحمد بوو، دواتر بوو به پیاوی میری و خۆی به‌ده‌سته‌وه دا، له گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ گوڵمحمد، ده‌ڵێت: كۆیله‌ی ده‌سه‌ڵات! ده‌سه‌ڵات چه‌نده به‌هێزتربێت، ئه‌وان له به‌رامبه‌ری دا ئاسانتر خۆ به‌ده‌سته‌وه ئه‌ده‌ن و مل كه‌چ ئه‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر بپرسین بۆچی؟ ڕه‌نگه ئه‌مه سه‌ختترین ئه‌نجام بێ كه دهوڵهتئابادی پێی گه‌یشتبێ: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕوایان به هیچ ده‌سه‌ڵاتێك له خۆیاندا نییه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كراوه به مێشكیاندا كه ده‌سه‌ڵات به‌س شیاوی ئه‌وانه‌یه كه له‌وان چاكترن. هه‌رچی چۆن بێت دڵی خۆیان به‌وه ئه‌ده‌نه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی به‌هێزتر چاكتر ئه‌توانێ بیانپارێزی. ڕه‌نگه بیرت له‌وه كردۆته‌وه كه بۆچی هه‌میشه چاویان له یه‌كێكی تره؟!. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌رگیز خۆیان به ئاده‌میزاد ناژمێرن. له منی ببیسه گوڵمحمد ئه‌م خه‌ڵكه‌ی من دیومه هه‌رگیز به چاوی مرۆڤی سه‌ربه‌ست و خاوه‌ن ماف سه‌یری خۆیانیان نه‌كردووه و هه‌رگیز له ناخی خۆیاندا بۆخۆیان ناگه‌ڕێن.
هه‌میشه حوكمی كه‌سی یاخی سه‌ركوتكردن بووه، به درێژایی مێژووی كورد ئه‌مه بینراوه. له وه‌ڵامی گوڵمحمد كاتێ ده‌پرسێ: بۆچی ده‌سه‌ڵاتی میری سه‌ری منیان ده‌وێت؟
سه‌ید شهرزا ده‌ڵێت: تۆ له‌و كه‌سانه‌ی كه خۆت ناسیوه و خۆت دۆزیوه‌ته‌وه، جیاوازی تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ڕیشیان به كلكی گاوه گرێدراوه، هه‌ر ئه‌مه‌یه. تۆ خۆت ناسیوه و متمانه‌ت به خۆت هه‌یه، تۆ بڕوات كردووه كه مرۆڤی.
……………..
لایه‌نێكی تری ئه‌م ڕۆمانه، هه‌ڵوه‌سته كردنه له‌سه‌ر پیاو سالاری، كه زۆر به ورد و قوڵی، له‌م ڕۆمانه‌دا، ده‌روونی تاكی كوردی داوه‌ته به‌ر نه‌شته‌ر و ده‌یه‌وێت له‌م لایه‌نه‌ی بكوڵێته‌وه.
شێرۆ وه‌ك باڵیۆزی هه‌میشه ئاماده‌ی نێو مێژووی كورد، باڵیۆزی كچانی سته‌مدیده‌ی ده‌ستی پیاو سالاری، ئافره‌تێك قوربانی داب و نه‌ریتێكی سته‌مكار و قێزه‌ون. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه دهوڵهتئابادی جوان په‌ی به‌م پاڕادۆكسه بردووه له نێو ده‌روونی پیاوی كورد و داب و نه‌ریتی كوردیدا، له‌لایه‌ك خزمه‌ت به پیاو ده‌كات، كچی بۆ هه‌ڵه‌گرێت، خه‌ڵكی له پێناو ده‌كوژێ، ژن ده‌ره‌كا و په‌راوێزی ئه‌خات و لێی ئه‌دا، له‌لایه‌كی تر كچی خۆی نادا به پیاوێك كه خۆی هه‌ڵی ئه‌بژێرێ، پرچی كچی ڕه‌دوو كه‌وتووی ئه‌بڕێت، پێی له ماڵی خۆی قه‌ده‌غه ئه‌كات، قبوڵی ناكاته‌وه و به‌ر نه‌فره‌تی ئه‌خات.
مه‌دیار، خاڵی شێرۆ، هاوڕێ له‌گه‌ڵ گوڵمحمد برای شێرۆ و، مام و پورزای شێرۆ، هه‌وڵی ڕفاندن و هه‌ڵگرتنی سه‌وقی ده‌ده‌ن، بۆ مه‌دیار، كه عاشق و مه‌عشوقن. له‌م فه‌ڕاغه، كاتێ شێرۆ چاوی براكه‌ی به‌سه‌رییه‌وه نابینێت، له هه‌مان شه‌وی نوته‌ك دا، ڕه‌دووی ماه ده‌روێشی خۆشه‌ویستی ده‌كه‌وێت. ڕزگار بوون له داب و نه‌ریت و هه‌ڵاتن به‌ره‌و باوه‌شی عه‌شق.
په‌ناگه‌ی ماهـ ده‌روێش و مه‌نزڵی نوێی له‌گه‌ڵ شێرۆ، پشت قایم به ئاغای گوند، بابقولی بوندار، گوندی قهڵاچیمهنه. هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتداری داماڵراو له ئه‌خلاق و ئینسانییه‌ت، كاتێك كه‌سێكی ههڵاتو یان زه‌لیل و داماو ده‌كه‌وێته داوی، هه‌وڵی قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌له ده‌دات. به‌رده‌وامی خوا ئه‌م هاوكێشه‌یه هه‌روا بووه، بابقولی بوندار یه‌كێكه له‌و نا ئینسانانه‌ی، هه‌لی ئه‌وه به‌ده‌ست ئه‌هێنێ، شێرۆ بكات به كه‌نیزه و ماهـ ده‌روێشیش بكات به غوڵام.
بهگمحمد، برا بچوكی شێرۆ، كاتێ ده‌زانێ خوشكی ڕه‌دوو كه‌وتییه، شوێن پێی خوشكی هه‌ڵده‌گرێت و ده‌چێت له قهڵاچیمهن پرچی خوشكی ده‌بڕێت و بۆ باوكی ده‌هێنێته‌وه. تۆی خوێنه‌ر، كاتێ ئه‌م دیمه‌نانه به‌سه‌ر یه‌كه‌وه له یادگه‌تدا شه‌ن و كه‌و ئه‌كه‌ی، له‌خۆت ده‌پرسیت: بۆچی قژی كچه‌كه‌یان كه ڕه‌دوو كه‌وتووه ئه‌بڕن، به‌مانای بێ به‌ری بوون و پاككردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌ف، به‌ڵام سمێڵی كوڕه‌كه‌یان نابڕن كاتێ كچێك هه‌ڵه‌گرێت؟
هیچم باس نه‌كردووه، ئه‌مه مشتێكه له خه‌روارێك: دووڕوویی، فێڵی ئاغا‌كان، نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی له نێو چینی جوتیار و چه‌وساوه، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی زه‌نگین بۆ هه‌ژاری و داماوی، نۆكه‌ری كردن، خۆشه‌ویستی، شه‌ڕ و هه‌ڵاتن… داستانێكی مه‌زن، كه من به پێویستی ئه‌زانم بخوێندرێته‌وه.