Skip to Content

نامەیەکی کراوەی کورت بۆ (سەدیق سەعید ڕواندزی) — ژیار ئەسوەد

نامەیەکی کراوەی کورت بۆ (سەدیق سەعید ڕواندزی) — ژیار ئەسوەد

Closed
by حوزه‌یران 10, 2020 General, Literature

کاک سەدیق سڵاو.

لە کۆتا وتارت بەناوی (چەند سەرنجێک لە پەراوێزی شیعرەوە) کە ھەر لە سایتی (دەنگەکان) بڵاوت کردبۆوە، ھەندێ پەرشوبڵاویی و ھەڵەتێگەیشتن ھەیە. لە وتارەکەتدا ناوی منت ھێناوە، ئەمەش دیارە پاش ئەوە دێت کە شاعیر (سەباح ڕەنجدەر) لە بابەتێکیدا بە نێوی (بەھای جیاوازییەکان) ناوی من و ڕزگار جەباری وەک نموونە ھێناوەتەوە.
ئەگەر بە سەرنجەوە خوێندبێتتەوە، شاعیر لە تەواوی وتارەکەی خۆیدا لە ھیچ جێیەک بەو مەبەستەوە ناو ناھێنێ کە ئێمە درێژەپێدەری ئەزموونی شیعریی ئەو بین، وی تەنھا باس لە بەھرە و توانای گەنج دەکا کە ئەگەر خۆیشی نەبووایە -یان شیعری نەنووسیایە- دەکرا دنیا بە شێوەیەکی تر، لە دیدێکی دیکەوە لەسەر دەستی شاعیرگەلێکی گەنج بێنە نووسینەوە.
قوربان، لە وتارەکەتدا نووسیوتە: “کاتێ (ژیار ئەسوەد) دێت و لەڕێی نووسینی شیعرەوە، ھەوڵی لاساییکردنەوەی ستایلی شیعری ئەو دەدات، بێگومان نە دەتوانێت وەک ئەو بنووسێت، نە دەشتوانێت بەردەوامی بە ئەزموونی نووسینی شیعری بدات”. ھەر نەختێک دواتر نووسیوتە: “کە من شیعری ئەو نووسەرەم پێشتر نەبینیوە”! کەواتە چۆن ئەو بڕیارە پێشوەختەیەت لای خۆت دروست کردووە؟ جەنابت نموونەیەکی گچکەت لە دوو دێڕەشیعری من ھێناوەتەوە و بەراوردت کردۆتەوە بە چەند دێڕەشیعرێکی (سەباح ڕەنجدەر)! لە ھەمووی سەیرتر ئەوەیە: بایی ھێندە لە شیعرەکە ورد نەبوویتەتەوە، بەوەی دێڕی یەکەمت بە ھەڵە داناوەتەوە! لەوێدا من دەڵێم (مێروو – حشرة) نەک (مێروولە – نمل). کە مێروولە جۆرێکە لە جۆرەکانی زیندەوەرانی کۆمەڵەی بەرفراوانی مێرووەکان.
بەدەر لەوانە، بە داوای لێبوردنەوە دەڵێم: شیعر لەسەر ئەو جۆرە پێوەرانە ھەڵناسەنگێنرێن کە جەنابتان پەیڕەوی دەکەن، لەبەرئەوەی شیعر تەنھا دێڕ و دوو دێڕ و تەنانەت کۆپلە نییە. ئەگەر تەواوی شیعرەکە بخوێنیتەوە بۆت دەردەکەوێ لەڕووی بابەتەوە چەند لێک دوورن و من بە چ شیعرییەتێک مامەڵەم لەگەڵیدا کردووە و (سەباح ڕەنجدەر)یش چۆن.
ھەڵبەت پێم ناخۆش نابێ گەر بچی تەواوی ئەو ئەزموونە کەمە شیعرییەی من بخوێنیتەوە -پێویست بکا بۆت دەنێرم- ئینجا بەراوردی بکەیتەوە لەگەڵ ئەزموونە زەوەندەکەی شاعیر؛ ئەوکات بێی وتارێکی تێروتەسەل دەربارەی ئەوە بنووسی کە من لە کوێ لاساییکەرەوەی ئەوم!

ڕێزی زۆرم.

ژیار ئەسوەد

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish