Skip to Content

شیعر و ( دایک و میهرەبانی ) .. ناڵە حەسەن

شیعر و ( دایک و میهرەبانی ) .. ناڵە حەسەن

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 10, 2020 General, Literature


خوێندنەوەیەک بۆ شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) نووسینی ( خولیا حسێن )

                                             

دایک / قەسیدەیەکی درێژی بەردەوامە ، هەمیشە جوانی و سۆز و خۆشەویستی لێدەڕژێ ، قەسیدەیەکی کراوەیە بە بوون و ناوەڕۆکێکی فراوانی گەردوونییەوە ، میهرەبانیش بەهەمان شێوە ، بوونێکی کراوەو ، مانایەک جگە لە جوانی و خۆشەویستی هەڵگری هیچ هێما و کۆدێکی تر نییە ، تەنها دایک بە خۆیی و بوونە گەردوونییەکەیەوە ، بەخۆیی و دڵە پڕ لە خۆشەویستی و پڕ سۆزەکەیەوە ، دەتوانێ لە گەڵ وشەی میهرەبانی هاوتەریب بێتەوە ، بە بڕوانی من چەمکی میهرەبانی جگە لەدایک ناتوانێ ببێتە هێما بۆ هیچ وشە و کاراکتەرێکی تر . دایک جگە لە زمانی خۆشەویستی هیچ زمانێکی تر نازانێت ، گریان و تووڕەبونەکان و گۆرانی و خەمەکانیش هەر بە زمانی خۆشەویستی دەردەبڕیت ، دایک ئەو دەقە شیعرییەیە کە ژیان لەنێویدا بە سەوز و رەنگاوڕەنگی دەبیندرێ ، هێمن و ئارام ، دوور لە هەموو توندوتیژی و مردنێک ، دڵێکی گەردوونی وەک ماڵیکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی .. بۆیە ( شیعر و دایک و میهرەبانی ) دەبن بە هاوکێشەیەک و یان دەستەواژەیەک کە / هەموو جوانییەکانی دنیا لەنێویاندا کۆدەبێتەوە ، میهرەبانی لەگەڵ دایک بەو هێزە موگناتیسییەوە بەیەکەوە دەنووسێن وەک ئەوەی / لەبنەڕەتەوە بۆ یەکتری دروستبووبن . وەک ئەوەی میهرەبانی لەبنەڕەتەوە بوونێکی مێینەی هەبێت و جگە لەدایک لە هیچ چەمک و ناوێکیتر نزیک نەبێتەوە ، یان هیچ ناو و چەمکێکی تر بە نیوەکەی تری خۆی نەزانێت …! بەم دەستپێکە کورتەمان دەمانەوێت خوێندنەوە بۆ شیعرێکی ( خولیا حسێن ) بکەین بەناوی ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) . لەسەرەتا دەمانەوێت هەڵوێستەیەک لەسەر ناونیشانەکە بکەین و لەهەمانکات / قسەش لەسەر پەیوەندی نێوان ( دایک و دەریا ..! ) بکەین . ناونیشانێک پڕ لە ئیستاتیکای شیعری و ناوەڕۆکێکی بەهێز .. یەکێک لەو ناونیشانە شیعرییانەیە کە ، ئەگەر هەموو دەقەکە بە تەنیا دێری ناونیشانەکەبووا ، هەرهەمان ئەوقسانەی لەسەرەوە کردوومە دیسان دەمکردنەوە …! ، ناونیشانێک کە ئەو هێزەی لەگەڵدایە کە هەموو دەقەکە بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە ، یان جوانییەکانی خۆی پەخش بکات بەسەر تەواوی ڕووبەری دەقەکەوە ، بەمانایەک لەسەرەتای دەستپێکردنەوە تاکۆتایی دەقەکە تەواو بیرکردنەوەی شاعیری داگیرکردووە ، یان شاعیر نەیتوانیوە تا کۆتایی دەقەکەی لە پەرێزی ئەم ناونیشانە دوورکەوێتەوە .. هێزی ئەم دەستەواژە شیعرییە لەوەدایە / لێکچوواندنی ( دایک و دەریا ) ..! خولیا بە تەواوی ئاگاییەوە ئەم کارەی کردووە ، وە لەم هەڵبژاردنەی واتە هاوتەریبکردنی ( دەریا و دایک ) سەرکەوتوو بووە . دەریا وەک دایک / بوونێکی فراوان و کراوە و گەردوونی هەیە ، دەریا وەک دایک پڕاوپرە لە ( جوانی و ئارامی ) کە چێژ بە ڕۆحی مرۆڤەکان دەبەخشێت ، دەریا یانی ئاو ، ئاو توخمێکی سەرەکییە بۆ ژیان و بوون .. یەکێکە لەو چوار توخمە سەرەکییەی کە فەیلەسوفی یۆنانی کۆن ( ئیپمادۆکلیس ) فەلسەفەکەی خۆی لەسەریان بنیاد ناوە ئەوانیش ( زەوی ، هەوا ، ئاو ، ئاگر ) وەکچۆن ئاو توخمێکی پێویست و سەرەکییە بۆ بەردەوامی ژیان دایکیش بەهەمانشیوە ، کەواتە هاوکێشەکەی سەرەوە ( شیعر ، دایک ، میهرەبانی ) ئێستا دەبێتە / ( شیعر ، دایک ، میهرەبانی ، دەریا ) کە هەرچوار چەمکەکە بوونێکی کراوەی گەردوونییان هەیە و هەرچوار چەمکەکە بە هێزێکی پتەو بە ژیانەوە پەیوەستن ، ئەو هێزەی کە ( فرێدریک نێتچە ) بانگەشەی بۆ دەکات و دەیکات بە بنەڕەتی ژیان و بوون . خولیا لەسەرەتای شیعرەکەیدا دەڵێت ،
دەریا و دایکم لە یەک دەچن
کە غەریبیی دایکم دەکەم
دەچمە کەنارێکی دەریا
نیگاکانم نوقمی قووڵاییەکەی دەکەم
لە جوانی و
لە فراوانی و
لە هێمنی دەریادا
جوانی و
هێمنی و
دڵ گەورەیی دایکم دەبینم
دایکم و دەریا لەیەک دەچن / ئەوە ناونیشانی شیعرەکەیە ، دەبینین چۆن پرشنگی خۆی پەخش کردووە بەسەر ڕووبەری دەقەکەدا ، ( خولیا حسێن ) لێرە هەندێک لە سیما و سیفاتە سەرەکییە هاوبەشەکانی نێوان ( دایک و دەریا ) دەخاتە ڕوو، ( جوانی ، فراوانی ، هێمنی ) ، لای ئەو دەریا وەک دایک / جوان و فراوان و هێمنە ، بۆیە هەرکاتێک غەریبی دایکی دەکات دەچێتە کەنار دەریایەک ، لەسەر رووی ئاوەکە ڕوخساری دایکی دەبینێت ، دڵگەورەیی دایکی و جوانی و هێمنی و هەمووشتێکی دایکی چونکە ، لای ئەو ( دایک و دەریا لەیەک دەچن ) . لەگەڵ جووڵەی شەپۆلەکانی دەنگی ئاوەکە گۆرانییەکان و قسەکانی دایکی بیر دەکەوێتەوە ، هەمان نەغمە و هەمان ئاوازی پڕ سۆز و ڕۆحێکی گەردوونی پڕ لە میهر و خۆشەویستی . دوای ئەوە دەڵێت /
بیرکردنەوە لە نهێنیەکانی دەریا
بیرکردنەوەیە لە نهێنیی
عەشقە ئەبەدییەکەی دایکم
بێگومان کە دەچێتە کەنار دەریا ، جوانی و فراوانی هێمنی دەریا دەبینێ ، لەو کاتەیە دایکی بیردەکەوێتەوە و بەنێو قووڵایی خەیاڵەکانی ڕۆدەچێت ، هەرچەند بەنێو خەیاڵەکانی قووڵتر دەبێتەوە و لە نهێنی و سیحری جوانییەکان و سەراسیمەیی دەریا ورد دەبێتەوە ، عەشقە ئەبەدییەکەی دایکی لەلا فراوانتر و سیحراویتر دەبێتەوە ، چونکە نهێنییە ئەفسوونییەکانی دەریا لە نهێنییە عەشقە ئەفسوونییەکەی دایک دەچێت . خولیا لە کەنار دەریا لە وێناکردنی لەگەڵ بیرەوەرییەکانی خۆیی و دایکی زێتر بەنێو خەیاڵەکانیدا ڕۆدەچێ و زێتر نهێنی و خاڵە هاوبەشەکانی نێوان دایک و دەریا وێنا دەکات و دەڵیت .
دەریا و دایکم
وەکوو یەکن
هەردووکیان
گوێ لەگمەی کوکوختی گلەییەکانم دەگرن
کۆشیان بۆ فرمێسکەکانم دەکەنەوە
خەمەکانم لە دڵی خۆیاندا هەڵدەگرن و
گرێی نهێنییەکانم لای کەس ناکەنەوە
کە گوێ لە دەریا ڕادەگرم
وادەزانم گوێم لە ( هۆدای ) خۆم گرتووە
لە گەڵ بیستنی دەنگی شەپۆلەکانی دەریا
قاقای پێکەنینە خۆشەکان
لایلایە بە سۆزەکان
نەغمەی مەقامە حەزینەکان
سۆزی سەردوولکە دڵ سووتێنەرەکانی دایکمم بیر دێتەوە
خۆشەویستی دایک و بیرکردنەوە لەدایک وایلێدەکات ، بیر لەهەموو شتێکی دەریا بکاتەوە ، لە شتە وردەکانیش بڕوانێت ، هێندە بە هەستیارییەوە لە ئاوەکە دەڕوانێ و هەموو جووڵەیەک واتادار دەبێ و یادێک یان شتێکی دایکی بیردەهێنێتەوە ، لەنێو قووڵایی ئەم بیرکردنەوەدا بە بەرینایی دەریا لەسەر ڕووی ئاوەکە سیمای دایکی دەبینێت ، هەموو ئەو شتە جوانانەی دایکی بیردێتەوە ، کە ئەوشتانە لە دەریاش بەدیدەکات ، بۆیە هیچ بوارێک بۆ گومان ناهێڵێتەوە بە یەقینێکی گەورەوە دەڵێت ، ( دایکم و دەریا وەکو یەکن ..! ) ئەمجارە ناڵێت لەیەکدەچن ، دەڵێت وەکو یەکن . دەڵێت / هەردووکیان گوێ لە گمەی کوکوختییەکانی خەمەکانم دەگرن ، کۆشیان بۆ فرمێسکەکانم دەکەنەوە ، گرێی نهێنییەکانم لای کەس ناکەنەوە ..! بۆ هەموولایەکمان ڕوونە کە دایک میهرەبانترین و دڵسۆزترین کەسە بۆ منداڵەکانی ، دڵی دایک شوێنی هەموو خەمێک و نهێنییەکی تیا دەبێتەوە ، دەریاش بەهەمان شێوە ، پڕاوپڕە لەنهێنی ، هەزاران مرۆڤی دڵشکاو بەدەم وڕینەوە خەمەکانی بۆ دەریا باس دەکەن ، هازاران عاشق لە کەنار دەریاکان نهێنی و ڕازی دڵی خۆیان باسدەکەن و هەمووشتێک هەرچییەک لە قووڵایی دڵیاندایە باسیدەکەن ، دڵی دەریاش وەک دڵی دایک جێگای هەموو نهێنییەک و زام و ئازارێک دەگرێت ، ئارامترین کەنارە بۆ مرۆڤە غەمبارەکان و نائومێدەکان و دڵشکاوەکان و تەنانەت بۆ کەسە کەیفساز و دڵخۆشەکانیش ، ئەوەتا بە ڕوون و ئاشکرا دەڵێت / کە گوێ لە دەریا ڕادەگرم ، وادەزانم گوێ لە هۆدای خۆم رادەگرم ، لەگەڵ بیستنی دەنگی شەپۆلەکانی دەریا ، قاقای پێکەنینە خۆشەکان ، لایلایە بەسۆزەکان ، نەغمە حەزینەکان ، سۆزی سەردوولکە سووتێنەرەکانی دایکمم بیردێتەوە ..! بە هێناوەوەی ئەم هەموو فاکتە لەیەکچووانە ئیتر بوارێک بۆ گومان نامێنیتەوە دەڵێت ( دایکم و دەریا ) تەواو وەکو یەکن ، ( هۆدا ) بە دیالێکتی هەولێری یانی ( دایە ) ، دیارە ئەو بیرۆکەیەش کە دایکم و دەریا وەکویەکن ، رەهەندێکی مەعریفی و زانستی لە پشتە ، چونکە بە پێی (تیۆری پەرەسەندن ) ئاو یان دەریا دایکی هەموو بوونەکانە ، ژیان لە ئاوەوە هاتووە . ئەم دەقە لێرەدا جگە لەلایەنی جوانکاری قووڵاییەکی مەعریفیشی هەیە . ئیتر لەسەر ئەم وەکویەکبوونە بەردەوام دەبێت ، تا بە وشیارییەوە بتوانێ ئەو یەقینە لای خوێنەریش دروستبکات بۆیە فاکتی گەورەتر و باسدەکات دەڵێت ،
دەریا وەکوو دایکمە
نە پیس دەبێت نە پیر دەبێت
تائەبەد
هەر بە جوانی
دەمێنێتەوە
باس لە بەرائەت و پاکی دایک دەکات ، کێ هەیە گومان لە پاکی دایک بکات ، یان مانەوەی دایک وەک بوونێکی ئەبەدی ، لێرە کە دەڵێت نەپیر دەبێت ، مەبەستی تەمەن و شێوەی جەستە نییە ، مەبەستی دایک وەک بوونێکی ئەبەدی و وەک بوونێکی گەردوونی تا ئەبەد لەنێو بوون و یادەوەرییەکان دەمێنێتەوە ، کەس هەیە دوای مردنیش خۆشەویستی بۆ دایکی یەک زەڕە کەمبکاتەوە ؟ یان بتوانێ کاریگەری دایکی لەنێو ژیان و یادەوەرییەکانی بسڕیتەوە ، ئێ کەوایە دایک بوونێکی ئەبەدی هەیە و پیرنابێت ، دەریاش وەک دایک وایە نەپیس دەبێت نە پیر دەبێت . من پێموایە خولیا لە باسکردنی سیما و ڕەفتار و ئەدگارەکانی دایک هاوکات بینینی ئەم سیما و ئەدگارانە لە دەریاشدا زۆر سەرکەوتوو بووە و قووڵایی و جوانکاری بێوێنەی بە شیعرەکەی بەخشیوە . لە خەیاڵەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت
دایکم و دەریا
هەردووکیان بینای چاو و
هەناسەی سییەکانممن
عەرشی دڵیان داگیر کردووم
بە ئارامی لە سەر فەرشی ڕۆحم نوستوون
هۆ دایە گیان
لە دووری تۆ
لە کەنارەکانی دەریای ئەم نیشتیمانە دڵتەڕە
ڕۆژەکانم بەسەر دەبەم
ئەم وڵاتە هیچ شتێکی لە نیشتمانەکەی خۆمان ناچێ
دەریا نەبێ ، وەک عەشقی تۆ و وەک جوانی تۆ قەت نامرێ !
ئیتر تا ئێرە هەوڵیداوە کتومت ئەوە پێشان بدات کە دایک و دەریا لەیەکدەچن یان وەکو یەکن .. ئینجا لێرەبەدوا لەنێو هەستی غەریبیدا و لە کەنار دەریایەک بەنێو قووڵایی خەیاڵە خەمناکەکانی خۆیدا ڕۆ دەچیت ، لە قووڵایی ناخییەوە هەستەکانی خۆی دێنێتە قسە و دەڵێ ( دایکم و دەریا هەردووکیان ، بینای چاو و هەناسەی سییەکانمن .. ) هاوکات وەک خۆشەویستی بۆ دایکی ئەو خۆشەویستییەش بۆ دەریا دەردەبڕێت ، تا ئەندازەی بینای چاو و هەناسەی سییەکان ، چونکە ( دەریا و دایک ) لای ئەو وەکویەکن ، بۆیە هەردووک عەرشی دڵیان داگیرکردووە و بە ئارامی لەسەر فەرشی ڕۆحی نووستوون ، شیعرێکی ناسک و دەستەواژە و وشەی شیعری چێژبەخش ، ناسک و جوان وەک ناسکی و جوانییەکانی دایک و دەریا .. یان لەنێو خەیاڵەکان و هەستەکانی قسە لەگەڵ دایکی دەکات و دەڵێت / هۆ دایە گیان ، لە دووری تۆ ، لە کەنارەکانی دەریای ئەم نیشتیمانە دڵتەڕە ، ڕۆژەکانم بەسەر دەبەم ، ئەم وڵاتە هیچ شتێکی لە نیشتیمانەکەی خۆمان ناچێ دەریا نەبێ / وەک عەشقی تۆ وەک جوانی تۆ قەت نامرێ ..! هەرچەندە شاعیر لە وڵاتێکی جوان و ڕەنگین دەژی و وڵاتێک کە هەموو شتەکانی جیاوازە لە نیشتیمانەکەی خۆی کە ، هیچ شتێکی لە نیشتیمانەکەی خۆی ناچێت ، سروشتێکی جیا و کلتوورێکی جیا و هەموو شتێکی جیا تەنها دەریا نەبێ ، چونکە دەریا و دایکی لەیەکدەچن یان وەکو یەکن ، دەریا وەکو عەشقی دایک هەمیشە جوانە و هەرگیزیش پیرنابێ . دوای ئەوە هەندێ وەسف و دیمەنی شیعری ناوازە و نایابمان بۆ وێنەدەکات و دەڵێت ..
کە تیشکی خۆر ئاوێزانی دەریا دەبێ
ئەوە تیشکی خەندەکانی دایکمە
لەنێو ڕۆحی ئەو و
لە نێو چاوەکانی مندا
دەشنێتەوە
لەو ساتەدا
دڵم هێشووی خەندە دەگرێ
ڕۆحم قاقا پێدەکەنێ
چاوەکانم هەرچی تیشکی دەریا هەیە دەیان مژێ
کە لە شینی ڕوخسارە ڕوونەکەی دەریا قووڵ دەبمەوە
بە هەستێکی شاعیرانە و بە چاوێکی وردبینەوە لە دەریا دەڕوانێ ، لەو دەمەی تیشکی خۆر ئاوێزانی دەریا دەبێ ، ئەو دیمەنە بەراورد دەکات بە درەوشانەوەی خەندەکانی دایکی کە لەنیو چاوەکانی دەردەکەون یان / تیشکی خۆرەتاوی خەندەکانی دایکی لەنێو چاوەکانی دەشنێنەوە ، لەوساتەدا هێندە دڵخۆش و کەیفساز دەبێ تا ئەندازەی ئەوەی ، دڵی هێشووی خەندە دەگرێت و ڕۆحی قاقا پێدەکەنێت ..! دیمەنێک جوان و هەستێکی پاکوبێگەرد ، ئیتر لەودەمەدا لەتاو درەوشانەوەی خۆری خەندەکانی دایکی ، چاوەکانی هەرچی تیشکی دەریا هەیە هەڵدەمژن و ئاوێزانی قووڵایی شینێتی ڕوخساری دەریا دەبن . لەکۆتایی ئەم شیعرە و لەگەڵ هەموو تەنگژەکانی غوربەت و دووری و تەنیایی و بیرکردنی دایک ، هەست بەئارامییەک دەکات وەک ئەوەی گەیشتبێتە کەناری ئارامی و بە دڵخۆشییەوە دەڵێت ،
هێندە دڵخۆش و هێندە ئارام و
منداڵ دەبمەوە
وادەزانم لە ژێر ئاسمانی چارۆکە شینە
ئەفسووناویەکەی دایکم
خۆم شاردۆتەوە
نە عەشق دەمسووتێنێ
نە خۆشەویستی ئازارم دەدا
نە خەم زەفەرم پێ دەبا
نە شەکەتی پێم دەزانێ
نە تەمەن لەگەڵ خۆی دەمبا
نە دۆڕان تێکم دەشکێنێ
نە غوربەتیش دەمگریێنێ ..!
دوای ئەوەی تێر لە بەرینایی دەریا و جوانییەکان و نهێنیەکان و دیمەنە دڵگەشەکان دەڕوانێ و هاوکات تێر لە ڕوخساری دایکی و بەسەرکردنەوەی یادەوەرییە شیرینەکان ، ئیتر دڵخۆشییەک جەستە و ڕۆح و خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی دادەپۆشی دەڵێت / هێندە دڵخۆش و هێندە ئارام و منداڵ دەبمەوە ، ( وا دەزانم لەژێر ئاسمانی چارۆگە شینە ، ئەفسووناوییەکەی دایکم . خۆم شاردۆتەوە ..! ) ، بە بڕوای من ئەو دێرە شیعرە یەکێکە لە هەرە دەستەواژە جوانەکان و قووڵەکانی ئەو دەقە شیعرییە ، کە جوانییەکی بێوێنەی بەرجەستە کردووە لە هێماکردنی ئاسمان بە چارۆگە شینەکەی دایکی ، تا بڵێی لێکچوواندنێکی شیعری و نایابە ، لە کەنار دەریا دانیشتووە لەژێر ئاسمانێکی شینی بێگەرد ، وا هەستدەکات لەژێر چارۆکە شینە ئەفسووناوییەکەی دایکییەتی ، بۆیە دڵخۆشە و وادەزاێت گەیشتۆتە کەناری ئارامی ، چونکە باوەشی دایک و خۆشاردنەوە لەژێر چارۆگەی دایک ئارامترین شوێن و پەناگەیە ، هەربۆیە لەو شوێنە ئارامە ( نە عەشق دەیسووتێنێ ، نە خۆشەویستی ئازاری دەدا ، نە خەم زەفەری پێدەبا ، نە شەکەتی پێیدەزانێ ، نە تەمەن لەگەڵ خۆیدا دەیبا ، نە دۆڕان تێکی دەشکێنێ ، وە نە غوربەتیش دەیگریێنێ ..! ) ، کۆتاییەک و نەخشادنی دیمەنێکی ئارام و پڕ ئیستاتیکا و چێژ . کە لەسەرەتای شیعرەکەوە تا کۆتایی / لە ئەنجامی بەرجەستەکردنی جوانی ، چێژ و ئارامی بە ڕۆحی خوێنەر دەبەخشێت . ئەوەی زۆرگرینگ و جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە لەم دەقەدا کە ، هاوکیشەیەک بەرجەستە دەکات لە نێوان چەمکەکانی ( شیعر / دایک / میهرەبانی / دەریا ) ، ئەم چوار چەمکە بە بوونێکی کراوەو گەردوونی تێکەڵاوبوون و ئاوێزانییەکی توندوتۆڵ لەنێوانیاندا دەنەخشێنێ ، وەک چوار توخمە سەرەکییەکەی ( ئیپمادۆکلیس )ی فەیلەسوف ، ئەوانیش ( زەوی / هەوا / ئاو / ئاگر ) . گرینگ و پێویستن بۆ ژیان و گەردوون . ( شیعر و دایک و میهرەبانی و دەریا ) دەبێتە هاوکێشەیەک کە لەو توخمە سەرەکییانە پێکهاتوون کە / ژیان و مرۆڤایەتی بەبێ ئەم چەمک و توخمانە تەنانەت گەردوونیش مانایەکی نابێت ، ئەمەش کاکڵە و ناوەڕۆکی ئەم شیعرەیە ، من دەستخۆشانەی گەرم لە خولیا دەکەم ، بە دڵنیاییەوە دەڵێم شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) ، یەکێکە لەو شیعرە ناسک و نایابانەی کە بۆ ( گەورەیی و میهرەبانی و جوانی دایک ) نووسرابێت ، هێندە بڵێم کە ( خولیا حسێن ) شاعیرێکە خاوەن ئەزموونێکی دوور ودرێژە لەگەڵ شیعر بەڵام ، ئەزموونێکی ( پەرشوبڵاو ) ، وا پێویست دەکات ، خۆی کۆکاتەوە و گرینگی زێتر بە تواناکانی خۆی بدات بەرامبەر بە شیعر ، چونکە داهێنان پڕۆسەیەکی لەخۆڕا و عەفەوی نییە بەڵکو ، ئاگایی و وشیاری و مەعریفەیەکی قووڵی دەوێت .. لەکۆتایی دەڵێم / سڵاو لە میهرەبانی دایک ، سڵاو لە جوانی دەریا ، سڵاو لە شیعر و داهێنان …!

                                                                 دیسەمبەری ٢٠٢٠

سەرچاوە :
شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) نووسینی / ( خولیا حسێن )

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish