
ئه‌و زه‌مه‌نه گوزه‌شت كاك مه‌ریوان ! … هۆگر برایم
مه‌ریوان وریا قانیع، له زنجیره نوسیینێكدا كه له په‌یجه‌كه‌ی خۆیدا به چوار به‌ش بڵاوكراونه‌ته‌وه، ده‌ستی بۆ بابه‌تێكی ئاڵۆز بردووه كه ده‌بێت له چوارچێوه‌ی پڕه‌نسیپه مه‌عریفیی و ئه‌كادیمییه‌كانی سایكۆلۆژیی، سۆسیۆلۆژیی و ئه‌نترۆپۆلۆژیی كاری له‌بارەوە بكرێت و لێكۆڵینه‌وه‌ی جددیی بۆ بكرێت و تیۆریزه بكرێت كه ئه‌ویش (خود نهفرهتییى)ه. مه‌ریوان، له چوارچێوه‌ی سێ تیۆریی سایكۆئانالیزیی ئاننا فرۆید، تیۆدۆر لیسینگ و فرانز فانۆن ئه‌و بابه‌ته راڤه‌ده‌كات. سه‌باره‌ت به باسه تیۆرییه‌كه كه زیاتر گواستنه‌وه‌ی بۆچوونی ئه‌و سێ لێكۆڵهرهیە كه ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌میان واتا فرۆید و لیسینگ، دوو كه‌سی جووله‌كه‌ن و باسه‌كانیان له چوارچێوه‌ی سۆشیال-سایكۆلۆجییدان و زیاتر دەربارەی گه‌لی جووله‌كه ته‌طبیق ده‌بن، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی لیستینگ. مه‌ریوان، دێت تیۆرییه‌كه‌ی فرانز فانۆنیش له‌باره‌ی خۆبهكهمزانیین كه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه دەربارەی كاریگه‌ری كۆڵۆنیاڵیزم له‌سه‌ر سایكۆلۆژیای ره‌شپێسته‌كان، تێكهه‌ڵكێشی ئه‌وانه ده‌كات. دیاره ئه‌و دوو چه‌مكه تیۆرییه واتا خۆبهكهمزانیین و خودنه‌فره‌تیی ده‌شێ په‌یوه‌ندیه‌كی دوولایه‌نه‌یان هه‌بێت كه ئه‌وه بابه‌تێكی سایكۆلۆژییه، له ئاستی تاكیشدا ده‌شێت ببێته هۆكاری خودكوژییش.
ئه‌و به‌ڕێزه، كۆی هه‌موو وتاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه كوردیش ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی تاك و حاڵه‌ت نا، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معیی و وه‌كو دیارده به‌شێوه‌ی جووله‌كه‌كانی ئه‌ڵمانیا و ره‌شپێسته‌كانی سه‌رده‌می كۆلۆنیالیزم له‌ناو خۆبه‌كه‌مزانیی و خودنهفرهتییدا ده‌ژیێن. له به‌شی چواره‌مدا ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه هه‌موو ئه‌و ره‌خنه‌گرانه‌ی كوردایه‌تیی ده‌خاته خانه‌ی خودنه‌فره‌تیی و به دژه‌كورد تهشهیریاندهكات.
دیاره مه‌ریوان، چ وه‌كو كه‌سێك كه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌و سێ ده‌یه‌ی رابردوودا، ناوێكی دیاربووه و چ وه‌ك ئه‌كادیمست-ێكیش له‌وه ئاگاداره كه دوو دیارده‌ی له‌یه‌كچوو به‌بێ لێكوڵینه‌وه‌یه‌كی ورد (له‌و بابه‌ته‌دا مه‌یدانییش)، ناكرێ به ریتۆریكی زمانه‌وانیی وه‌كو یه‌كتری تیۆریزهبكرێن. ئینجا دیارنییه كه مه‌به‌ستی مه‌ریوان له كورد، كوردی كام به‌شه‌ی كوردستانه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاره‌زای مه‌عریفه‌ی ره‌هه‌ندییه‌كان بێت، ده‌زانێت كه مه‌به‌ستییان ته‌نیا ناوچه‌ی سۆرانی كوردستانی عێراق و به‌تایبه‌ت سلێمانییه. ئهوەیش شاراوه نییه كه كورد له هه‌ر چواربه‌شی كوردستاندا، به‌تایبه‌ت له‌و صه‌ت ساڵه‌ی دواییدا، له‌یه‌كتر دابڕاوه و بووەته خاوه‌ن دونیابینیی جیاواز، هه‌ر چه‌نده كه ئینتهگراسیۆنێك له‌نێوان ناوچه‌ی سۆران له كوردستانی عێراق و ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵان و موكریان له كوردستانی ئێران‌دا ههبووبێتیش و هه‌مان ئینتهگراسیۆنیش له نێوان كوردانی توركیا و سوریادا له‌ئارادابێت، به‌ڵام هه‌مان ئینتگراسیۆن له نێوان بەهدینان و سۆران له كوردستانی عێراقدا هه‌ستی پێناكرێت.
مه‌ریوان، به‌بێ هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانیی، دێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی بهكۆمهڵگهیهك وهصفدهكات كه نه‌فره‌ت لهخۆیدهكات، به‌ڵام له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه كه مه‌ریوان تێمان ناگه‌یێنێت كه ئه‌و خودنه‌فره‌تییه (ئه‌گه‌ر هه‌یه) ده‌رئه‌نجامی هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كانه یان ناوه‌كییه‌كان، چونكه له به‌شی یه‌كه‌می نوسیینهكهدا ئاوای نووسییوه كه جه‌نابی ئه‌و دۆخه وه‌كو ده‌رئه‌نجامی هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كان ده‌بینێت:ئانا فرۆید لە کتێبێکی زۆر بەناوبانگدا بەناوی ”خود و میکانیزمەکانی بەرگریی لەخۆکردن“، کە لە ساڵی ١٩٣٦دا دەینوسێت، باس لە دیاردەی ”تەماھیکردن لەگەڵ ستەمگەر“دا دەکات وەک میکانیزمێک بۆ خۆپاراستن. ئەم خانمە دەرونناسە ئەم تەماھیکردنە وەک میکانیزمی بەرگریکردن لە خود دەبینێت و وەک ھەوڵی خود بۆ مانەوە سەیریدەکات. لە دیدی ئەودا مرۆڤ کاتێک ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسیی دەرەکیی گەورە دەبێتەوە، یەکێک لە میکانیزمەکانی بەرگریکردن لە خود، بریتییە لەوەی تەماھیکردن لەگەڵ ئەو کەس و لایەندا کە سەرچاوەی ھەڕەشە و مەترسییەکەن و ھەوڵدانە لەو کەسە ھێرشبەر و ھەڕەشەکەرە بچیت تا ئاستی ئەوەی تەواو وەک ئەوت لێبێت، یاخود لە ڕووی فیزییایی و جەستەییەوە، یان لە ڕووی ئەخلاقیی و مەعنەوییەوە، لاسایی ئەو بکەیتەوە و ھەوڵبدەیت لەو بچیت. بۆ نموونە، لاسایی زمان و بیرکردنەوەکانی ئەو بکەیتەوە و ئەو ڕوانینەت بۆخۆت دروستبکەیت کە ئەو بۆ تۆی ھەیە و دروستیکردوە. نەفرەتکردن لە خود، خۆتاوانبارکردن و لۆمەکردن لە خود، دەبنە ئەو بنە سایکۆلۆژیی و ڕەمزییەی ئەم پرۆسەی تەماھیکردنە ئارستە دەکەن. خۆ بە ناپاک و خائین و گەمژە، یان خۆ بێ‌نرخ و بەھیچکردن، دەبنە دەرکەوتی ئەم پرۆسە مێژوویی و سیاسیی و دەرەونییە. لە ھەموو ئەم دۆخانەدا ”ڕەخنکردنی خود“، کە کردەیەکی مێژووی ھێجگار گرنگە، دەگۆڕێت بۆ ”نەفرەتکردن لە خود“. ئەمەش ڕەخنەگرتن لە ڕەخنەکردن دەخات و دەیگۆڕێت بۆ تۆڕێکی گەورە لە ڕق و نەفرەتکردن لە خود
. (به‌شی١)
به‌ڵام له به‌شی چواره‌مدا هه‌مان دۆخ وه‌كو كاركردێكی ناوخۆیی پێناسه‌ده‌كات كه ده‌ڵێت:
....خودنەفرەتیی، بەرھەمی پەیوەندیی خود نییە بە ئەوانیترەوە، واتە پەیوەندییەکەی دەرەکیی نییە، بەڵکو بەرھەمی پەیوەندیی خودە بە خود خۆیەوە، سەیرکردن و ھەڵسەنگاندنی قێزەوانانەی خودە بۆ خۆی، لە غیابی ڕاستەوخۆی ئەویترێکی دەرەکیدا
. (به‌شی ٤)
لێره‌دا ئه‌گه‌ر كه‌سێكی نا هۆشیار و ناوردبین به‌شه‌كانی ئه‌و وتاره به‌جیا بخوێنێته‌وه هه‌ست به‌و پاڕادۆكسه ناكات و به هه‌ردوو دوعایه‌كه هه‌ر ده‌ڵێت ئامین. ئه‌وه‌ش ئه‌و گومانه دێنێته ئاراوه كه بۆیه مه‌ریوان ئه‌و وتاره‌ی وه‌كو به‌شی جیاواز نوسیوه تا خوێنه‌ر هه‌ر به‌شه و له كۆنتێكستی خۆیدا بخوێنێته‌وه و به‌شه‌كان به‌یه‌كه‌وه گرێنه‌دات كه لهبنهماشدا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه بڵێت هه‌رچوار به‌شه‌كه لهسهریهكتریی بنیادنراون.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی كه‌وتنه ناو ئه‌و پاڕادۆكسه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ئیدیعایه‌ی مه‌ریوان هیچ بنه‌مایه‌كی تیۆریی نییه. به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سۆشیال-سایكۆلۆجی له‌و باره‌یه‌وه له‌ناو خه‌ڵكی كوردستاندا نه‌كراوه كه ئه‌وه بسه‌لمێنێت. كه‌واتا مه‌ریوان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته كه خه‌ڵكی كوردیش وه‌كو جوله‌كه‌كان توشی خودنه‌فره‌تیی بووه؟ هه‌ر به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند كۆمێنت و سه‌رنجێكی فه‌یسبووك لێره و له‌وێ، به‌تایبه‌ت هه‌ندێك كه‌سی هیچ نه‌دیته‌ی ئه‌وروپا نشین؟ ئه‌وه له‌كاتێكدایه كورد، نه‌وه‌ك جوله‌كه‌كان هه‌زاران ساڵه له‌سه‌ر خاكی خۆی هه‌ڵكه‌ندراوه و وه‌كو گروپێكی بچوك به‌دونیادا بڵاوبۆته‌وه، نه‌وه‌كو ڕهشپهستهكانیش نزیكه‌ی سێ بۆ چوار سه‌ده له‌ژێر سته‌می كۆڵۆنیاڵیێكی ده‌ره‌كییدا بهكۆیلهكراوه و وهكوئاژهڵ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵداكراوه، تا به‌هه‌مان ته‌رازوو بیانكێشین. گه‌لی كورد له‌سه‌ر خاكی خۆیدا ژیاوه و، وه‌كو خۆیشی ئاماژه‌ی پێده‌كات، تا سه‌ده‌ی بیسته‌م كورد كه‌مینه نه‌بووه به‌ڵكو له‌ناو زۆرینه‌ی ئیسلامی سوننه دا جێگهیگرتووه. ئه‌وه هیچ كه تا سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌سته‌ڵاتی خۆجێیی هه‌بووه، له هه‌ندێك قۆناغدا وه‌كو سه‌رده‌می ئه‌یوبیی و زهندییهكان ده‌سته‌ڵاتی ناوچه‌كه‌یشی له‌ده‌ستدابووه. له‌سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ناو به‌رخۆدانێكی جیاوازدابووه، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی كلتوریی و ئه‌ده‌بییه‌وه كه مه‌ریوان له به‌شی سێیه‌می وتاره‌كه‌یدا تا ئهوڕاددهیه پێداده‌گرێت كه ئه‌حمه‌دی خان‌یش، كه زۆر كه‌س به باوكی ناسیونالیزمی كوردیی ده‌زانێ، به سه‌ره‌تای خودنه‌فره‌تیی له ئه‌ده‌بیاتی كوردییدا له‌قه‌ڵه‌مده‌دات (كه پێموایه ئه‌وه بۆچونێكی عه‌قڵانیی نیه كه ئه‌حمه‌دی خانیی وه‌كو سه‌ره‌تای ناسیونالیزم پێناسه‌بكرێت، چونكه له‌و سه‌رده‌مه‌دا شتێك به‌ناوی ناسیونالیزمه‌وه جێگه‌ی باس نه‌بووه). له‌كاتێكدا ناسیونالیزمی كوردیی له شێعر‌و په‌خشان بترازێت، چوار لاپه‌ڕه‌ی فیكریی و مه‌عریفیی نییه، ده‌چێته عه‌قڵی كێوه كه ئه‌ده‌بیاتی كوردیی ٤٠٠ ساڵه پڕیبێت له خودنه‌فره‌تیی؟ ده‌ی كوا دوو نموونه‌ی وه‌كو ھاین ریچ ھاینە (به‌شی ٢) له‌ناو ئه‌و شاعیر و ئهدیبانهمان بۆ بێنه‌وه كه ئهدهبیاتهكهیان خودنه‌فره‌تییه.
دیاره هه‌موومان ده‌زانیین كه ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی كوردیی كه به‌زۆریی خۆی له شێعردا ده‌بینێته‌وه، جگه له ئه‌حمه‌دی خانیی كه كۆمه‌ڵێك ڕه‌خنه‌ی سیاسیی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی ده‌گرێت، ئه‌وه‌ی تری به‌زۆریی له چوارچێوه‌ی عه‌شق و ته‌صه‌وف بووه. ئه‌وه‌ی شاعیر و ئه‌دیبانی كورد تا سه‌ده‌ی بیسته‌م كهمتربهلایدا چووبێتن بابه‌تی سۆسیۆلۆژی و سیاسیی بووه. له سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا كه ناسیونالیزمی كوردیی و به‌تایبه‌ت كوردایه‌تیی ده‌رده‌كه‌وێت شێعری شاعیرانی وه‌كو دڵدار، حاجی قادری كۆیی، قانیع، فایه‌ق بێكه‌س، هێمن، جگه‌رخوێن، هه‌ژار، شێركۆ بێكه‌س، په‌شێو و چه‌ندانی تر ده‌بنه مانیفێستی ئه‌و ئایدۆلۆژیایه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وانه‌ی به كوردی نوسیویانه هه‌تا كه‌سانی وه‌كو سه‌لیم به‌ره‌كات، یه‌شار كه‌مال، یوسف ههیاڵئۆغڵو و ئه‌حمه‌د عارفیش كه یه‌ك وشه‌شیان به كوردیی نه‌نوسیوه، دێڕێكیان ته‌عبیر له خودنه‌فره‌تیی ناكات.
له دونیای ئه‌كادیمییدا كه تۆ بۆچوونێك ئیدیعا بكه‌ی ده‌بێ یان سه‌رچاوه‌ت هه‌بێ یان خۆت لێكۆڵینه‌وه‌ی دهقیقتكردبێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه وه‌كو قسه‌ی بۆش و بێ به‌ڵگه پێناسهدهكرێت و هیچ ئیعتیبارێكی زانستیی نابێت. ئه‌م په‌ڕه‌گرافه‌ی مه‌ریوانیش كه یه‌ك نموونه‌مان بۆ ناهێنێته‌وه و ته‌نیا ته‌شهیر كردنی ڕه‌خنه‌گرانه به‌وه‌ی كه چاوی به‌عس و كهمالیزمن، ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی قسه‌ی قۆڕه‌وه.تا ئەو ڕادەیەی کەسانێک لە نەفرەتکردن لە سیاسەتەوە گواستیانەوە بۆ نەفرەتکردن لە سەرجەمی ئەزموونەکانی کوردبوون لە ئاستە جیاوازەکاندا: نەفرەت لە مێژوو، لە شۆڕش و یاخیبوونەکان، لە نووسین و ئەدەبیات، لە گشتێتی بوونی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی. تا ئەو ڕادەیەی سڵ لەوە نەکەەوە کوردبوون و گەمژەبوون و کوردبوون و جاھیلبوون و کوربوون و ھیچنەبوون، بەیەکتری یەکسانبکەن. لە ئێستادا خودنەفرەتیی لە دونیای ئێمەدا بووە بە پەتا، نەک تەنھا لەناو سیاسەتی کوردیی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا ئامادەیە، بەڵکو لەناو شیعر و ئەدەبیاتدا، لەناو ڕەخنەی سیاسیی و ڕەخنەیی کۆمەڵایەتییدا، لە ناو نووسینی ڕۆژانە و کتێب و بڵاوکراوەدا، لەناو ڕەخنەی فەرھەنگیی و ئەخلاقییدا ئامادەیە. ئەم دۆخە بەجۆرێکە مرۆڤ واھەستدەکەات ئەم نووسەر و سەرنجنووس و ڕەخنەگرانە چاوەکانی بەعس و ئەتاتورک و شا و خومەینی و ئەسەدیان قەرزکردوە و بۆ سەریکردن و ڕامان لە کورد و لە ئەزموونی کەمینەبوونی لەناو مێژوی خوێناوی سەدەی بیستەمدا
(به‌شی ٣).
له‌و نمونانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه وتاره‌كه‌ی مه‌ریوان هیچ ئیعتیبارێكی ئه‌كادیمیی و زانستیی نییه، به‌ڵكو هه‌وڵدانه بۆ ته‌شهیری ڕه‌خنه‌گرانی ناسیونالیزمیی كوردیی و به‌تایبه‌ت كوردایهتییی كه له‌و نموونه‌یه‌دا باشتر له مه‌به‌سته‌كه‌ی تێده‌گه‌ین. لە سەرێکی ترەوە ”خودنەفرەتیی“ جولەکە، وەک شارەزایانی ئەم بوارە دەڵێن، دەرەنجامی تێکەڵبوونی ”خودڕەخنەیی“ جولەکەکانیشە بە وێنەی جولەکە وەک نەزان و گەمژە و بەڵا. وێنەیەک لە سەدەی نۆزدەھەمەوە جولەکەکان بەرامبەر بەیەکتری زیاتر و زیاتر ھەیانبووە
(به‌شی ٢).
ئێمه ده‌بێ ئه‌و پرسیاره له كاك مه‌ریوان بكه‌ین كه ڕه‌خنه به‌لای تۆوه چییه؟ ئایا یه‌كێك له بنه‌ماكانی ڕۆشنبیرییی ڕه‌خنه‌ی ته‌واوی سیسته‌میی سیاسیی، كلتوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌وجود و ڕابردوو نیه، له پێناو هێنانه كایه‌ی دونیایه‌كی تر؟ ئه‌ی باشه كوردبوون بۆ به‌ڕێزی چییه؟ ئایا من ده‌توانم به كه‌سێك بڵێم كورد كه ئه‌و خۆی به كورد نه‌زانێ؟ ئایا كوردبوون بۆ مه‌ریوان پرسێكی ئه‌تنیكییه، كه ده‌مانباته‌وه سه‌ر نه‌ژاد په‌رستیی؟ یان وه‌كو عه‌باس وه‌لی ده‌ڵێت ته‌نیا هه‌ڵوێستێكی سیاسییه؟ دیاره ئه‌وه بابه‌تێكی تیۆریی تره كه له شوێنی خۆیدا مرۆڤ ده‌توانێت هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ربكات.
ئینجا با من بۆ كاك مه‌ریوانی رونبكهمهوه كه تیۆرییه‌كه‌ی فڕانز فانۆن (خۆ به‌كه‌مزانی) زۆر پێش جه‌نابی، له هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، عه‌بدوڵا ئۆجالان كاری لەبارهوەكردووه. (ئه‌گه‌ر مه‌ریوان كاتی خۆی به خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی ئۆجالانه‌وه بكوژێت). له كتێبه‌كانی پرسی كه‌سایه‌تیی له كوردستان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سایه‌تیی شۆڕشگێڕ له‌ناو په‌كه‌كه دا- ١٩٨٦
و چۆن بژین؟ -١٩٩٥
دا زۆر به‌وردیی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی كورد ههڵوهستهدهكات. دیاره ئه‌ویش له‌و كتێبانهیدا مه‌سه‌له‌كه گشتگیر ده‌كات، به‌ڵام ئه‌زموونه‌كانی خودی خۆی زیاتر له‌سه‌ر كوردی باكووره. ئۆجالان له‌و كتێبانه‌دا له روانگه‌یه‌كی ماركسییانه‌وه (دیاره فڕانز فانۆنیش هه‌ر ده‌كه‌وێته ناو ئه‌ده‌بیاتی ماركسییه‌وه) هه‌وڵده‌دات كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی به‌هه‌موو ره‌هه‌ند و دامه‌زراوه و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانییه‌وه رهخنهبكات كه ئه‌و پێیوایه داگیركاریی به‌گوێره‌ی خۆی فۆڕمێكی به كه‌سایه‌تیی كورد و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییداوه كه ئه‌و كه‌سایه‌تیی و كۆمه‌ڵگه‌یه ئاگاهانه یان نائاگاهانه له‌خزمه‌ت داگیركارییدایه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ئه‌و هه‌وڵده‌دات كه‌سایه‌تیی و كۆمەڵگه‌ی كوردیی سه‌رله‌نوێ بونیادبنێته‌وه. دیاره ئه‌و تیۆریی و ئیدیعایانه‌ی ئۆجالان چه‌ند ڕاستبوون و جێگهیانگرت یان نا، بابه‌تی گفتوگۆلهسهركردنن.
دیاره به‌رواورد به سێ ده‌وڵه‌ته‌كانی تر، سیاسه‌تی توركیا زیاتر كاركردن بووه له‌سه‌ر ئاسیملاسیۆنێكی جه‌بریی و بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موو ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت له په‌روه‌رده‌وه تا ده‌گاته سوپا له‌خزمه‌ت ئه‌و سیاسه‌ته‌دا بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێك له پایه‌كانی دامه‌زراندنی كۆماری توركیا له‌ناوبردنی ناسنامه‌ی كوردیی بووه و هه‌وڵیداوه به‌هه‌ر نرخێك بێت بیكات به تورك. هه‌رچه‌ند به‌رخۆدانێكی به‌ردوه‌وام له ڕووی سیاسیی و به‌تایبه‌ت كلتورییه‌وه به‌رده‌وامبووه، به‌ڵام شكستی نزیكه‌ی ٢٧ ڕاپه‌ڕیینی جۆراو جۆری لۆكاڵی و نیمچه گشتگیر له ماوه‌یه‌كی كورتدا (١٩٢٠ تا ١٩٣٨) جیاوازه له‌وه‌ی كه له كوردستانی عێڕاقدا هه‌بووه كه ده‌وڵه‌تی عێڕاق خۆی تازه دامه‌زراوه و ناسیونالیزمی عه‌ره‌بیی له كۆتایی شه‌سته‌كان، به یارمه‌تیی ناسیونالیزمیی كوردایه‌تیی، پێی خۆی له حوكمدا جێگیركردووه. بۆیه ناتوانین به هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌سایه‌تیی كورد له كوردستانی توركیا، كه تا نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو و گه‌وره‌بوونی بزوتنه‌وه‌ی په‌كه‌كه، كوردبوون تیایدا شه‌رمبوو، به كه‌سایه‌تیی كوردی عێڕاق به‌راوردبكه‌ین كه كلتور و زمانی كوردیی تیایدا هه‌رگیز قهدهغهنهبووه و هه‌تا به‌عسیش هه‌وڵی ئاسیملاسیۆنی كوردیی نه‌داوه به‌ڵكو خواستوویهتیی بیخاته ژێرڕكێفی ته‌واوه‌تیی خۆی. ئه‌و شێوازه‌ی به‌عسیش، ئه‌گه‌ر كاتێكی زیاتری هه‌بووایه لەوانەیە هه‌مان ڕێچكه‌ی كه‌مالیزمی بگرتایه‌ته به‌ر، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا كورد نه‌ك هه‌ر خۆی به‌كه‌م نه‌زانیوه تا بگاته ئاستی خودنه‌فره‌تیی به‌ڵكو هه‌میشه سهربزێوبووه. وه‌ره قسه‌یه‌كی یه‌ك جاش و مسهتهشاریشم بۆ بێنه كه ته‌عبیر له خودنه‌فره‌تیی بكات. ئاخر جاشه‌كانیش جاشایهتییهكهی خۆیان به‌جلی كوردیی و به زمانی كوردیی، وه‌كو كورد ده‌كرد و شانازییشیان بە کوردبوونی جاشایەتییەکەی خۆییانەوە دەکرد!
ئیسته‌نبوڵ كه له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا یه‌كێك بوو له ناوه‌نده ڕۆشنیرییهكانی كورد، له سه‌رده‌می كۆماردا كلتوری ئیسته‌نبوڵ بۆته قاڵبی ناسیونالیزمی توركیی و له‌ناو چه‌ندان دیالێكتی جیاوازی زمانی توركیدا دیالێكتی ئیسته‌نبوڵ بۆته زمانی كلتوری باڵا و هه‌تا دیالێكتی ئه‌نادۆڵی ناوه‌ڕاستیش كه ئه‌نقه‌ڕه ناوه‌نده‌كه‌یه‌تی بونەته دایلێكتی لادێیی و ڕه‌مزی دواكه‌وتوویی، ئه‌وه به نسبه‌ت كورده‌وه، له‌وه به‌ولاوه‌تر، بۆته مه‌كینه‌ی هاڕینی كه‌سایه‌تیی و كلتوری كوردیی و به‌تورككردنی، به‌ڵام به‌غدا تا هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، هه‌روه‌كو سه‌رده‌می پێش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێڕاق، شانبه‌شانی شاره‌كانی كوردستان و به‌تایبه‌ت سلێمانیی، وه‌كو یه‌كێك له ناوه‌نده‌كانی رۆشنبیریی كوردیی به‌رده‌وامیی بهڕۆڵهكهی خۆیداوه. كوردێك پێویستیی به‌وه نه‌بووه كه ببێته عه‌ره‌ب بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو كلتوری به‌غدا جێگه‌ی ببێته‌وه، به‌ڵام كوچوك ئه‌مره كه ده‌چێته ئیسته‌نبوڵ به‌ئاشكرا ده‌ڵێت نه‌فره‌ت له‌و خوێنه‌ش ده‌كه‌م كه له ده‌ماره‌كانمدا ده‌گه‌ڕێت چونكه كوردییه
و ئیبڕاهیم تاتڵی سهسیش، چونكه په‌روه‌ده‌ی ئیسته‌نبوڵه له هه‌ولێری مه‌ڵبه‌ندی تازه‌ی كوردایهتییش ده‌ڵێت باوكم عه‌ره‌به، دایكم كورده، به‌ڵام خۆم تورك كوڕی توركم
.
له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه تا ئێستا نه‌ك خۆبه‌كه‌مزانیی به‌رامبه‌ر عه‌ره‌ب و خودنه‌فره‌تیی، وه‌كو مه‌ریوان ئیدیعای ده‌كات، ئه‌وا، به‌تایبه‌ت له‌و چه‌ندساڵانه‌ی دواییدا، فاشیزمی كوردایه‌تیی هه‌وڵیداوه كه‌سایه‌تیی كورد وا فوتێبكات كه عه‌ره‌ب به ئینسانیش نه‌زانێت، تەنانەت لەو کتێبخانەیهش كه كتێبه‌كانی به‌ڕێزی تیادا چاپده‌كرێن ( ئەندێشە) لە سلێمانیی، لەسەردەمی ئاوارەیی عەرەبەکانی دەستی داعش، سووکایەتیی بە عەرەب ده‌کراو بە گەورەیی نووسرابوو بۆ عەرەب نییە بێنە ژوورەوە
.دیاره كاك مه‌ریوان رەخنەیەکیشی لەو فاشیزمە نەژادییەی هاوڕێکانی، نەبوو. كه‌واتا ئه‌و خۆ بهكهمزانیی و خودنه‌فره‌تییه، له‌كوردستانی عێڕاقدا، له‌كوێیه؟ كێن ئه‌وانه‌ی ٤٠٠ ساڵه شێعر‌و په‌خشانی خودنهفرهتییانه ده‌هۆننه‌وه؟ كه‌واتا، ئه‌وه‌ی مه‌ریوان باسی ده‌كات ئه‌و شه‌پۆله تازه‌یه‌ی ناو كۆمه‌ڵگای كوردییه، به‌تایبه‌ت له كوردستانی عێڕاق و ئێران‌دا، كه هه‌موو مێژووی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تیی و تهقوتۆقهكانی، به‌ناوی شۆڕشهرهوه، ده‌خاته به‌ر مه‌نگه‌نه‌ی ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵانیی وپرسیاری جدییه‌وه كه مه‌ریوان و هاوڕێكانی تا ئێستاش موناجاتی بۆ ده‌كه‌ن و پێیانوایه له قوڕی ناسیونالیزمی كوردایه‌تیی تۆزی ژیانێكی شه‌ڕه‌فمه‌ندانه بۆ خه‌ڵكی كوردستان په‌یدا ده‌بێت.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئۆجالان خۆدابڕاندنی بوو له‌و مێژووه پڕ لهشكستهی كوردایه‌تیی و ئه‌و كه‌سایه‌تییه فشۆڵه‌ی كوردایه‌تیی كه له كوردستانی توركیا له حه‌فتاكاندا، كه‌سانی وه‌كو كه‌مال بورقای نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كرد، كه بینیشمان چۆن له كۆتایی عومریدا بوو به مه‌سینه‌هه‌ڵگری فاشیزمی ئه‌ردۆغان و خودنه‌فره‌تیی كردن. هۆكارێكارێكی تری ئه‌و ته‌شهیره‌ی مه‌ریوان و هاوڕێكانی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و شه‌پۆله له ڕه‌خنه‌گری گه‌نج كه تەرکی چەمکی کوردایەتیی کردووە ، تیغی ره‌خنه‌كانیان ته‌نیا له‌سه‌ر چهتهگهرییهكهی كوردایه‌تیی نییه به‌ڵكو خۆی گه‌یاندۆته نوخبه به‌ناو ڕۆشنبیرهكهیشیی كه له‌به‌رامبه‌ر موچه‌یه‌كی ڕه‌زیلانه یان پارچه زه‌وییه‌ك، به‌ناوی ره‌خنه‌گرتنه‌وه بوونه‌ته سوغرهكێشیی كوردایتیی.
مه‌ریوان هاتووه دونیایه‌ك شێر و ڕێوی دێنێته‌وه به‌ناوی تیۆریزه‌كردنی وه‌همی خودنه‌فره‌تیی
كه درێژكراوه‌ی وه‌همی له‌بارچوونی ده‌سكه‌وته‌كان و مه‌ترسیی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم
ه كه چه‌ته‌كانی كوردایه‌تیی تهخشانیدهكهن و مه‌ریوانیش دێت له‌ژێرناوی فیكر و فه‌لسه‌فه و تیۆریزهكردنهوه ئه‌وه‌ی مافیاكانی كوردایه‌تیی ته‌واو ده‌كات و هه‌وڵده‌دات هه‌موو ڕه‌خنه‌گرتنێك له‌و چه‌ته‌گه‌رییه به‌دژه كورد، تهشهیربكات، به‌ڵام ئه‌و زه‌مه‌نه گوزه‌شت كه گه‌نجانی كورد ته‌نیا گوێ له تهڵقینهكانی كۆمه‌ڵێك نوسه‌ر و به‌ناو رۆشنبییر بگرن.