( شوناسی ژن له‌كۆمه‌ڵه شیعری پاییزه یاد دا) …. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
پانتایه‌كی گه‌وره له‌گوتاری شیعری كوردی و ئه‌زموونی زۆربه‌ی شاعیرانی ئێمه، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی شیعری ئیرۆتیكی ده‌نووسن،ته‌رخانه بۆ وه‌سف وجوانییه‌كانی ژن و به‌مه‌زه‌نده‌ی خۆیان گوزارشتكردن له عشق و خۆشه‌ویستییه‌كی ڕوحی پاك و بێگه‌رد، بۆ ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر. ئه‌مه‌ش له‌ڕێكه‌ی ده‌ربڕین و ئستاتیكای وشه و هێماكردن له‌ئاستی فۆڕمدا.وه‌لێ كاتێ به‌وردی ده‌چینه نێوگوتاری ئه‌وشیعرانه و دیوهشاراوهكانیان ده‌رده‌خه‌ین، ئیدی ماسكی ئه‌و خۆشه‌ویستیه ساخته‌یه ده‌كه‌وێت، كهئامانج لێی به‌پله‌ی یه‌كه‌م دهستخهرۆكردنی زۆرترین ژنه به‌ناوی خۆشه‌ویستی كه‌دواجار بهتێركردنی ڕه‌مه‌كێكی زایه‌ندی و جه‌سته‌یی كۆتایی دێت.ئه‌م شێوه تێڕوانینه بۆئهوڕهگهزه، درێژبووه‌وه‌ی ئهوئهقڵه ڕۆژهه‌ڵاتی و پیاو سالاریهیهكهتاكی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌گشتی و له‌نێویشیاندا به‌شێك له‌پیاوی كوردی به‌تایبه‌تی پێ ده‌ناسرێنه‌وه.ئه‌قڵیه‌تێك كهلهزۆركاتدا هیچ پێشكه‌وتن و زه‌مه‌ن و شوێن و كلتووری جیاواز و روئیای جیاواز، ناتوانن بیگۆڕن.چونكه ئه‌وه‌نده ڕه‌گی به‌ناخی تاكهكانداچووه وبۆته به‌شێك له‌شوناسی بوونیان له‌ئاستی هزریی و جه‌سته‌یی.بۆیه سه‌یر نییه كاتێ ده‌بینین پیاوی كورد دوای ئه‌وه‌ی بۆماوه‌یه‌كی زۆریش له نێوكلتووری خۆرئاوا ده‌ژیت، كه‌چی دیدی بۆ ژن له‌وسنووره تێنه‌په‌ڕیوه كهئامرازێكه بۆتێركردنی پیاو. بێگومان نكۆڵی له‌وه‌ناكرێت ڕه‌مه‌كه‌كان به‌شێكن لهوپێداویستییه فسیۆلۆژی و جه‌سته‌ییانه‌ی خوا به‌مرۆڤی داوه.به‌ڵام دواجارههموو شتێك نییه.
مرۆڤ وێرای جه‌سته،ڕوح و بوونه. ئافره‌ت وێرای جوانییه‌كانی سنگ و مه‌مك و جه‌سته و له‌ش و لاركهبهردهوام له‌ڕووبه‌ری هونه‌ری گۆرانی و تێكستی ئه‌ده‌بی گوێبیستی ده‌بین، ئه‌وا له‌پێش هه‌موو ئه‌وانه‌وه مرۆڤه. بۆیه به‌رله‌وه‌ی سنگی ببینین، ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێت كهمرۆڤێك ده‌بینین. كه‌وه‌ك مرۆڤیش بینیمان، ئیدی لێره‌وه ئه‌و تێگه‌یشتنه یهكسانیخوازهمان بۆ دروست ده‌بێت.ئه‌و یهكسانخوازیهی كه‌ده‌بێ له سه‌رهه‌موو ئاسته‌كانی ژیانمان له نێویشیاندا ئه‌ده‌بیات وهونه‌ر ئاماده‌یی هه‌بێت.له‌تێكستی به‌شێك له‌شاعیره پیاوه‌كانی ئێمه‌دا، ئهوهزره یه‌كسانیخوازییه نه‌ك ههرپێوازه بگره به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ده‌قی شیعره‌كان گوزارشت لهنێرسالاری و هه‌وڵدان بۆ داگیركردنی ژن ده‌كه‌ن. زمان له‌وده‌قانه‌دا هه‌ڵگری ئهوزمانه نێر سالاریهیهیه كه‌له‌ڕێگه‌ی گوزارشتكردنهكانییهوه زۆربه‌ئاسانی،بێ هیچ بیركردنه‌وه‌و گرێ و گۆڵێك ده‌یناسینه‌وه.كهسهرهتاییترین هێماكانی ناسینه‌وه‌شی له‌فه‌رمان به‌سه‌ركردنه‌وه خۆی ده‌رده‌خات.كۆمه‌ڵه شیعری(پاییزه یادی) سه‌ركه‌وت ره‌سول، هه‌ڵگری ئه‌و زمان و تێڕوانینه‌یه، كهلهسهرهوهئاماژهمان پێكرد. له‌وشیعرانه‌دا، كه‌شیعری ڕۆمانسی و لیریكینه و شاعیربهمهزندهی خۆی له‌پێناو ژن و بۆ ژنی نووسیوه، هه‌مان ئهوزمانه ده‌بینرێت كه ئه‌ویش زمانی نێرێكه بهرامبهرمێ. له‌وشیعرانه‌دا شاعیر وشه‌كانی وه‌ك:(تۆ نازانی_ده‌مت داخه_ڕابمێنه_پێت ده‌ڵێم-بافێرت كه‌م_كاوه‌ره)ئاراسته‌ی ژن كردووه.
هه‌ڵبه‌ته گه‌ر ئه‌و وشانه له‌چوارچێوه‌ی ڕه‌هه‌ندی زمانه‌وانی و وشه‌سازی خۆیان ده‌ریانبێنین و له‌ڕوانگه‌ی مانا، ناوهڕۆك و په‌یامی وشه‌كان لێكییان بده‌ینه‌وه، ده‌زانین ئه‌و وشانه كه‌رسته‌ی فێركردن و فهرمانكردنن به‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كانمان. فهرمانكردنیش ده‌لاله‌ت له (ده‌سه‌ڵاتخوازی- هه‌ژموون_ پاوانخوازی_ نه‌رجسیه‌ت) ده‌كات. ده‌كرێ بپرسین شاعیر بۆچی ده‌ڵێت(ده‌مت داخه_ڕابمێنه_ كاوه‌ره) كه‌هه‌موویان فه‌رمانی داخوزاین و ده‌چنه‌خانه‌ی فه‌رمان به سه‌ركردنه‌وه؟ یاخود نیشانه‌ن بۆ گه‌وره‌یی و بچووكی. ئاخۆ ئه‌مه گوزارشت له بێ توانایی ژن ولاوازی و گوێپێنه‌دانی ناكه‌ن؟له‌كاتێكدا شاعیرگوایه شیعری بۆ‌ژن و له پێناو ژن نووسیوه.ئه‌مه‌له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌رله‌خودی ده‌قه‌كان ژن وه‌ك نیشانه‌ی(هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن_بێ وه‌فایی_سه‌رچاوه‌ی خه‌م_ مۆتیڤی كوشتن_)وچه‌ندین وێنه‌ی تریش وێنا كراوه.شیعره‌كان به‌مه‌زنده‌ی شاعیرلهپێناو ژن و جوانییه‌كانی ژن نووسراون. وه‌لێ كاتێ به‌وردی سه‌رنجیان ده‌ده‌ین ده‌بینین له‌وشیعرانه ژن ته‌نها ئامێرێكه له‌خزمه‌ت پیاودا. خه‌می ژن ته‌نها زایه‌ند و خه‌یاڵی سێكسییه.له‌وشیعرانه‌دا ژنێك ده‌بینین كه‌خاوه‌نی شوناسی خۆی نییه، بهڵكوههڵگری ئه‌و شوناسه‌یه كهشاعیرلهوشیعرانهیدا داویه‌ته پاڵی. شوناسێك كه‌تیایدا جگه له قوڵكردنه‌وه‌ی جیاوازی ڕه‌گه‌زی و به‌كه‌م ته‌ماشاكردنی تواناكانی ژن، هیچ ده‌لاله‌تێكی دیكه‌یان نییه. ڕه‌نگه شیعره‌كان هه‌ڵگری گوتاری ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بۆ ژن بن. به‌ڵام پرسه‌كه لێرهداكۆتایی نایه‌ت. به‌ڵكو ده‌ست پێ ده‌كات. كه‌ئه‌ویش له‌و په‌یوه‌ندییه جه‌سته‌یه خۆی ده‌بینێته‌وه كهنێربهمێ ده‌به‌ستێته‌وه.
شاعیرده‌ڵێت:-
ده‌موت بێ من كه‌سێ هه‌یه له شه‌وانی بهستهلهكا..
گه‌رمی ببه‌خشێ به‌له‌شت..
ده‌كرێ بپرسین گه‌رمی به‌خشین به‌له‌ش چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت؟ به‌تایبه‌تیش له‌شه‌واندا؟ شاعیربۆچی ئه‌وگه‌رمییه‌ی له‌ڕۆژانی بهستهلهكدا پێ نابه‌خشێ؟دواتریش شاعیربۆچی ڕوحی ئه‌و گه‌رم ناكاته‌وه به‌خۆشه‌ویستی و ڵاواندنهوهو بۆچی جه‌سته‌ی گه‌رم ده‌كاته‌وه؟ كه‌هه‌موومان ده‌زانین جه‌سته گه‌رمكردنه‌وه چ مانایه‌كی له نێوفه‌رهه‌نگی كۆمه‌لگه‌ی كوردی و بونیادی زمانه‌وانی زمانی كوردی هه‌یه. ئاخۆئهمهخۆشویستنه، یان سه‌یركردنی ژنه ته‌نها له‌یه‌ك گۆشه‌نیگاوه كه ئه‌ویش جه‌سته و له‌ش و لاریه‌تی.ئایاژن به‌تایبه‌تیش ژنی كورد،ته‌نها له‌خه‌می ئه‌وه‌دایه كه‌سێك هه‌بێت له‌شه‌واندا گه‌رمی به‌جه‌سته‌ی ببه‌خشێ. شاعیربه‌رده‌وام ده‌بێ له‌وشێوه تێڕوانینه‌ی بۆ ژن و ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێت:
من باریبام..تۆكێلگه بووی…
من كات بامه تۆجێگه بووی…
من ڕێبوارو تۆ ڕێگه بووی…
نیشاندنی ژن وه‌ك كێلگه‌یه‌ك جگه له‌وه‌ی گوزارشته بۆ عه‌قڵێكی فیوداڵی،هاوكات ده‌لاله‌تی خاوه‌نداریه‌تیش ده‌گه‌یه‌نێت. كێلگه لێره ده‌مانباته‌وه سهرچهمكی خاوه‌نداریه‌تی.به‌ومانایه‌ی ئه‌م پارچه ئه‌رزه هی خۆمهوچۆنم بووێ به‌وشێوه‌یه ده‌یكێڵم. ئه‌مه‌له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه كێلگه هێمایه‌كه بۆ به‌رهه‌م هێنان و كشتوكاڵكردن و وه‌به‌رهێنان.به‌ڵام چ كاتێ كێلگه ده‌توانێ ئه‌و به‌رهه‌مانه بێنێته بوون؟بێگومان كاتێ باران ده‌بارێت. تاباران كێلگه تهڕنهكات، سه‌وز نابێت و هیچ شتێك ناڕوێت. شاعیریش كاتێ ده‌یه‌وێت پیاو ببێته باران وئافره‌تیش كێلگه، ئه‌وه مانای وایه منداڵ دروست ده‌بێت و وه‌چه زۆرده‌بێت كه‌به‌شێكه له‌بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی ومرۆڤی كوردیش. ئه‌مه‌ش جگهلهسهیركردنی ژن وه‌ك ئامێرێك هیچ مانایه‌كی تری نییه.شاعیرههرسێ شوناسی(جێگه_ڕێگه_كێلگه)ی داوه‌ته پاڵ ژن، كهههرسێكییان دواجار وه‌ك بووێك ده‌چنه خزمه‌ت پیاوه‌وه. ته‌نانه‌ت شاعیرخۆی به‌كات داناوه.به‌ومانایه‌ی هه‌ركاتێك مه‌به‌ستی بوو،ده‌توانێ به‌ئاره‌زووی خۆی بچێته سه‌ر ئه‌وجێگه‌یه.هه‌روه‌ك خۆشی ده‌ڵێت كه ئهوواته ژن جێگه‌یه.بێگومان ئه‌و وێناكردنه‌ی شاعیر ئه‌گه‌رته‌نها له‌چه‌ند شیعرێكه‌وه بوونی هه‌بووایه، ڕه‌نگه به‌لای خوێنه‌ر ئاسایی بوایه.وه‌لێ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، كهئهوتێڕوانینه وه‌ك گوتارێكی شیعری درێژبۆته‌وه و له‌زۆربه‌ی شیعره‌كانی نێوكۆمهڵه شیعری پاییزه یاددا،بوونی هه‌یه. واته هه‌رته‌نها گوزارشتكردنێكی شیعریانه نییه. بهڵكوگوتار،تێڕوانین، باوه‌ربوونه به‌وپرسه وه‌ك ئه‌وه‌ی شاعیر ده‌یه‌وێت. ئه‌م حهقیقهتهشمان له‌ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كان و په‌یامی شیعره‌كانه‌وه،بۆ
ده‌رده‌كه‌وێت.چونكه شاعیر زۆرتر له‌ده‌قێكی ئه‌و تێڕوانینه‌ی خۆی دووپاتكردۆته‌وه كه‌ئه‌ویش بینینی ژنه وه‌ك ئامێرێك له‌خزمه‌ت ڕه‌مه‌كه‌كانی پیاودا.بێگومان مه‌رج نییه شاعیربهوشێوهیه بێت.وه‌لێ كاتێ له‌ده‌قێكدا زۆرترلهجارێك په‌یامێكی له‌وشێوه‌یه ده‌رده‌بڕێت، ئهواخوێنهر مافی خۆیه‌تی گومان بكات.
له‌شیعرێكی دیكه‌یدا(سه‌ركه‌وت ره‌سول)ده‌ڵێت:
من مێژووی ده‌به‌نگی پیاوم بۆ گێڕاوه..
ئه‌ویش هێدی سینگ و به‌رۆكی واڵاكرد…
باسی ههرژنێكم بۆ كردچۆن بروسكه زه‌وقی خۆی بۆپیاو ده‌نارد.
ئه‌و ئاهێكی ههڵدهكێشائاوێته به‌هه‌ناسه‌ی سارد.!!!
له‌په‌راوێزی ئه‌و مێژووه‌ی شاعیر بۆژنی گێڕاوه‌ته‌وه، گه‌رچی ئاماژه‌ی پێ نه‌كردووه، به‌ڵام زۆربه ئاسانی ده‌زانین ئه‌ومێژووه باسی چ ڕووداوێك ده‌كات. ئاخۆمێژووێك ببێته هۆی(واڵاكردنی سینگ و به‌رۆك)و(هه‌ڵكێشانی ئاخ و ئۆف )و(ناردنی بڕوسكه زه‌وق) ده‌بێ چ مێژووێك بێت؟ له‌م پهڕاگرافه شیعریه‌دا، ده‌ربڕینه‌كان، وێنه شیعرییه‌كان، لهوهلاوازترو بێ تواناترن خوێنهردركییان پێ نه‌كات.ماسكی وشه‌كان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك كه‌وتوون كه‌هیچ شتێك كۆمه‌كی شاعیرناكات بۆشاردنه‌وه‌یان. ئه‌م جۆره گوزارشت كردنه له ژن،پێویستی به‌هیچ شرۆڤهكردنێك نییه. چونكه وشه‌كان خۆیان ده‌دوێن و ته‌نها دیوێكی ما‌نایان هه‌یه كهشاعیرباسی كردوون. پرسیار ئه‌وه‌یه شاعیر بۆچی مێژووی داهێنانه‌كان، جوانییه‌كان، سته‌م و بێدادی، چه‌وسانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی و مرۆیی، نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانی، بۆ ژن باس ناكات؟ بۆته‌نها ئه‌ومێژووه‌ی بۆده‌گێڕێته‌وه كه‌ده‌بێته هۆی والاكردن و ناردنی بڕوسكه زه‌وق؟ ئاخۆژن خه‌می یه‌كه‌م و سه‌ره‌كی له‌ژیاندا ته‌نها ئاخ و ئۆف هه‌ڵكێشانه بۆسێكس؟له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌كرێ بپرسین مێژووێك ته‌ژی بێت لهدهبهنگی، ده‌بێ بگێڕدرێته‌وه، یان بچێته زبڵدانی مێژوو؟ژن چ پێویستی به‌وه‌یه مێژووێكی بۆ باس بكرێت كهڕووادهوكانی جگه له‌ناشرین و كه‌م نیشاندنی ئه‌و چ ده‌لاله‌تێكی تر ناگه‌یه‌نێت. شاعیرلهبڕی ئه‌وه‌ی مێژووی هه‌زاران داهێنان و جوانییه‌كانی ژیانی بۆ باس بكات، دێت به‌شانازییه‌وه باس له‌وه‌ده‌كات، كه‌باسی ههرژنێكی بۆ ده‌كرد ئاخی هه‌ڵده‌كێشا ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه گوزارشته له‌وه‌ی كه‌شاعیر پێش ئه‌و چه‌ندین ژنی تری ناسیوه‌و ڕه‌نگه هه‌مان مێژووشی بۆ ئه‌وانیش باسكردبێت!!.لێره‌دا قسه له‌مێژوو نییه كه‌ده‌بێ باس بكرێت و بگێردرێته‌وه،بهڵكوقسه له‌ناواخنی ئهومێژووهیه كهدهگێڕدرێتهوه. كاتێكیش سه‌رنجی ئه‌و كۆپله شیعریه ده‌ده‌ین، ئیدی تێده‌گه‌ین ئه‌ومێژووه چ مێژووێكه شاعیرگێڕاویهتییهوه. له‌شیعرێكی دیكه‌دا، شاعیردڵنیایی ئه‌وه‌ده‌داته خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كه‌بێگومان(ڕه‌گه‌زی مێیه!) كه‌ته‌نها ئه‌وی خۆشده‌وێت.بۆیه نیگای ناكه‌وێته سه‌رهیچ كه‌سێكی تر. دڵی له سینه‌یدا زیندانی ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی كه‌سی تری خۆشنه‌وێت.په‌یمانی پێ ئه‌دات كه‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دڵی نه‌گۆڕێ!ئاماده‌یه له پێناوی ئه‌ودا ده‌ستبه‌رداری هه‌موو جوانێك بێت. به‌دڵ و گیان ئه‌وی خۆشده‌وێت.بۆیه له‌شیعرێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:_
سی و پێنچ ساڵ هه‌ناسه‌م زیندانی ده‌كه‌م.
تاتێكهڵی هه‌ناسه‌ی كچی ترنه‌بێ..
حوكم به سه‌ردڵم ده‌ده‌م نه‌گۆڕێ..
دیارههیچ كه‌سێك هێنده‌ی ژنان، گوێبیستی ئه‌وقسه بریقه‌دارانه له زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری پیاوه‌كان نه‌بوونه. كاتێ ده‌یانه‌وێت نماییشی خۆشه‌ویستییه‌كی ساخته‌ی به‌ناو ڕوحی بكه‌ن. كاتێكیش به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، یان ده‌بنه هاوسه‌ر، یان ژنێكی دیكه‌ی جوانترله‌وه‌ی خۆیان ده‌بینن، ئیدی بیریان ده‌چێته‌وه چی‌یان وتووه و پشت دهكهنهبهڵێنهكانیان. ئینگلیزه‌كان ده‌ڵێن:_ (خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه كۆتایی نایه‌ت، ئه‌گه‌ر كۆتایی هات مانای وایه ڕاسته‌قینه نه‌بووه)ئه‌مه‌گرنگ نییه چه‌نێ یه‌كێكمان خۆشده‌وێت. ئه‌وه‌گرنگه تا چهنددهتوانین به‌رده‌وام بین لهوخۆشهویستییه.كاتێ به‌ڵێن بهخۆشهویستهكهمان ده‌ده‌ین كهنهگۆڕێین، ئیدی ده‌بێ خاوه‌نی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی خۆمان بین و ئه‌وپه‌یمانه بگه‌یه‌نینه سه‌ر. نه‌ك كه‌یه‌كێكی دیكه‌ی جوانترمان دیت، خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ترمان بیربچێته‌وه.نه‌ك به‌ئاسانی دڵمان بسپێرین به‌كه‌سێكی دیكه. ئه‌وكات ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌مان جگه لهنماییشێك، جگه له ده‌مامكێك،هیچ مانایه‌كی تری نابێت.لهوكۆپله شیعریه‌دا شاعیر وێرای ئه‌وه‌ی دڵنیایی ده‌داته خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كه هه‌ناسه‌ی تێكه‌ڵی هه‌ناسه‌ی هیچ كچی تر ناكات،به‌ڵام هێشتا چاوی له په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ چه‌ندانی تر.باسه‌رنج بده‌ین كهئاخۆشاعیر تاسه‌ر ده‌توانێك حوكم له سه‌ردڵی بدات كهنهگۆڕێ؟ ئه‌و دڵه‌ی وابڕبار بوو له سینه‌دا زیندانی بكرێت، دواتر چی لێهات؟شاعیر دوای ئه‌و به‌ڵێنه‌ی چۆن كچانی تر ده‌بینێت؟ ئێمه هیچ گومانێك دروست ناكه‌ین تهنهابهشیعرێكی دیكه‌ی شاعیروهڵامی شاعیر ده‌ده‌ینه‌وه. ئه‌مجاره‌یان شاعیر ده‌ڵێت:_
هانێ ئه‌وه دڵم بۆچی هه‌نجن بهههنجنه؟
ئاسه‌واری میكیاژی چه‌ند كچ گه‌لێكی پێوه‌دیاره؟
یاخود له دێڕێكی تردا ده‌ڵێت:
ئۆقڕه‌م نییه بۆ هه‌ر جوانێ كوده‌تایێ به‌رپا ده‌كه‌م..
ئه‌و شاعیره‌ی هه‌ناسه‌ی خۆی زیندانی ده‌كرد بۆئه‌وه‌ی تێكه‌ڵی هه‌ناسه‌ی كچی ترنه‌بێت، ئه‌وشاعیره‌ی بڕیاربوو سی و پێنچ ساڵ چاوه‌ڕێ بێت و حوكم به‌سه‌ردڵی بدات،ئاماده‌یه بۆههرجوانێ كوده‌تایێ به‌رپا بكا! واته هه‌موو شتێك وێرانده‌كات و له‌نێوده‌بات له‌پێناوچی؟له‌پێناو ژن.له ژنیشدا چی؟ جوانییه‌كه‌ی.دڵی ئه‌و شاعیره‌ی كه‌بڕیاربوو حوكمی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا بدرێت كه له ژێر فشاری هیچ شتێك نه‌گۆڕێت، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ر جوانێك ببینێت ئاماده‌یه كوده‌تایێ به‌رپا بكات. من كه ئه‌و دێڕه شیعره‌ی سه‌ركه‌وت ره‌سولم كه‌وته به‌رچاو، دێڕه شیعرێكی(هێمن موكریانی)م هاته‌وه یاد كه ده‌ڵێ:( ههرجوانێ كهدهبینم سارێژده‌بێ برینم) سه‌رنج له‌هه‌ردوو وێنه شیعریه‌كه بده‌ن كه‌جیاوازی نێوانیان چه‌ندین ساڵه. كه‌چی شاعیری پاییزه یاد،بۆجوانهكان كوده‌تا بهرپادهكا.دیاره‌ئێمه له‌م وتاره‌ماندا، ته‌نها له‌سه‌رچه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعری ههڵوهستهمانكردووه. بۆیه ئهگهربهشێوهیهكی گشتی شیعره‌كان هه‌ڵبسه‌نگێنین، ئه‌وا ڕه‌نگه وێنه‌ی نێگه‌تیفی دیكه‌ش له سه‌ر ژن له‌و شیعرانه ببینین. نووسین به‌گشتی و شیعریش وه‌ك ژانرێكی نووسین ده‌بێ هه‌ڵگری په‌یامێك بێت. شاعیرشیعربۆخوێنهران ده‌نووسێت نه‌ك بۆخۆی. بۆیه ده‌بێ هه‌ڵگری ئه‌وپه‌یامه‌ش بێت كه‌له‌خزمه‌ت پرسه ئینسانییه‌كان دابێت.چونكه هیچ سه‌رمایه‌یه‌ك له‌ژیاندا به‌ئه‌ده‌ب و شیعریشه‌وه له‌مرۆڤ به‌به‌هاتر نین!!..
————————————-
په‌راوێز/ پاییزه یاد/ كۆمه‌ڵه شیعر/ نووسینی سه‌ركه‌وت ره‌سول/ به‌شی دووه‌م 2010….
*ئه‌م بابه‌ته له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره(1043)ی ڕۆژی 21-6-2018بڵاوكراوه‌ته‌وه…