دانانی کازمی بۆ سەرۆک وەزیزران و ڕێڕەوی ڕاپەڕین لە عێراقدا
دوای چەند مانگ دەستکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە سەرۆک وەزیزی، هێزە ئیسلامی و قەومیەکانی ئەم ڕژێمەی ئێستای عیراق گەیشتن بە دەستنیشانکردنی مستەفا کازمی، کەسێکی ناوجەرگەی ڕژێم و بەڕێوەبەری دەزگای سیخوڕی موخابەرات لە ٢٠١٦ەوە، تا ببێت بە سەرۆک وەزیرانی عێڕاق.
ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر لە ڕێڕەوی کاروانە شۆڕشگێرانەکەیدا ڕووەو ڕوخاندنی تەواوی ئەم ڕژێمە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ڕوخاند، بەڵام ئامانجەکەی ئەوە نەبوو بیگۆڕێت بە حکومەتێک کە بەڕێوەبەری دەزگا سیخوڕیە موخابەراتیەکەی هەر ئەم ڕژێمە سەرۆکایەتی بکات، کە خۆی داواکراوە لە لایەن جەماوەرەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە دەرحەق بە جەماوەری ڕاپەڕیوو ئەنجامداراوە.
کازمی بە کۆکبونی زوربەی هێزە ئیسلامی و قەومیەکانی ئەم ڕژێمەی ئێستا و حکومەتەکەیان و ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دانرا، وەک کەسێک کە حکومەتەکەی بەشێوەیەکی کاتی ڕزگارکەری ڕژێمەکەیانە و بەرژەوەندی و نفوزی هەریەک لە ئەمریکا و ئێرانیش لەبەرچاودەگرێت لەگەڵ “مافی” دەستێوەردانیشیان لە ڕێڕەوە سیاسیەکانی عێڕاق. ئەوەی کە تۆزێک تای تەرازوەکە لە قازانجی ئەمریکایە هیچ شتێک لەو هاوکێشە و کێشمەکێشانە ناگۆڕێت.
ئەرکی سیاسی بەپەلە و دەستبەجێی حکومەتەکەی کازمی ئەوەیە کە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت وەک حکومەتێکی دژە شۆڕش بۆ خنکاندنی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر و کردنەدەرەوەی ئەم توخمە شۆڕشگێریە لە هاوکێشەی هێزەکانی ئێستا لە عێڕاقدا. لەبەرئەوە گرینگی و بایەخی ئەم حکومەتە و هەروەها سودمەندیەکەی بۆ بورژوازی ناوخۆی عێڕاق و ناوچەکە و جیهانیش لە ئێستادا لەوەدایە کە بتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێ لە دژایەتی شۆڕش و لە هێنانەدی بارودۆخێکی سیاسی ئارام بۆ کەڵەکەی سەرمایە و هەرچی قایمترکردنی چەپۆکی سەرمایە و سەرمایەداری بەسەر ژیان و چارەنوسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشاندا، وێڕای ڕۆڵگێڕانیشی لە پارێزگاری لە ڕژێمی ئیسلامی و قەومی پشکپشکێنە و ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگیە جیۆ-سیاسیەی کە لەئاردایە لە ناوچەکەدا. باقی پرۆژەی بەرنامە حکومیەکەی پاشکۆیەکی ئەم ئەرکانە و ئامڕازێکی تەواوکەرە لە خزمەتیاندا و لە باشترین حاڵەتدا بەڵێنی درۆینەی ڕیفۆرمی بێ ناوەڕۆکە وەک حکومەتەکانی پێشووتر.
هەروەک هەموو بۆنەیەکی تر سازشکاران و ڕیفۆڕمخوازانی سەر بە ڕژێم و هەتا ئەوانەشیان کە لەناو مەیدانەکانی ڕاپەڕیندان، ئەو هەلە دەقۆزنەوە کە ڕاگەیاندنی حکومەتەکەی کازمی بۆی هێناونەتە ئاراوە تا دەستبکەن بە تەپڵ لێدان بۆ لەگۆڕنانی دروشمی ڕاپەڕینەکە، کە ڕوخانی ڕژێمەکەیە و لەگەڵیشیا ئامانجەکانی ڕاپەڕین و خواستە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیش پوچەڵ بکەنەوە. ئەمە و سەدرییەکان و ئیسلامیەکانی هاوشێوەشیان، ئەم هەلەیان قۆزتەوە تا لێدوان بدەن کە “مۆڵەت” دەدەن بە کازمی بەناوی ڕاپەڕین و ماسکی ڕاپەڕینەوە، ئەوەش لە بنەڕەتدا بۆ لەباربردنی ڕاپەڕینەکە و مسۆگەرکردنی دڵنیایی بۆ خۆیان و حکومەتەکەی کازمی.
ئەو ئەرکە بنەرەتیەی کە ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر هەنگاوی بۆ هەڵێنایەوە بە دروشمە سەرەکیەکەیەوە، کە ئێستاش هەر ئەو دروشمەیە، بریتی بوو لە هەڵپێچانی سەرتاپای ئەم ڕژێمە سیاسیە. چونکە ملیۆنان لە کرێکار و زەحمەتکێش، لە لاوان و ژنان و خوێندکاران، بە ئەزموونی کردەیی و خەباتی جەماوەری چەندین ساڵەی دورودرێژی خۆیان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەم ڕژێمە چاکسازی هەڵناگرێ، بۆیە ئەو جەماوەرە بە بەرزکردنەوەی دروشمی ڕوخانی ڕژێمەوە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا ڕاپەڕین، کە لە ماوەی حەوت مانگیش لە ڕووبەڕووبونەوەدا سەدان کەس لە کچان و کوڕانی ڕاپەڕیوو گیانیان بەخشی و دەیان هەزاریشیان بریندارکران و گیران و ژمارەیەکی زۆریشیان فڕێنران.
پەتای کوڕۆنا و لێکەوتەکانی کەرەنتینە و وەستاندنی چالاکیە ئابوریەکان، قورساییەکی کەمەرشکێنیان خستەسەر ژیان و گوزەرانی ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێش و لاوانێکی کچ و کوڕ کە پێشوەخت بەدەست هەژاری و بێکاریەوە دەیانناڵاند و ڕووبەڕووی ئایندەیەکی نادیاربوون. هەرچەندە بڵاوبونەوەی ئەم پەتای کوڕۆنایە یارمەتی ڕژێمیدا کە هەناسەیەکی بەبەردا بێتەوە، بەڵام ئاڵۆزکاوبونی قەیرانی سیاسی ڕژێم و توندوتیژبونەوەی کێشمەکێشی بەردەوامی ئێران و ئەمریکا و بەردەوامبونی ڕاپەڕین و پەرەداربوونی توڕەیی جەماوەر، هەموو ئەمانە داوێنی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتیان لە عێڕاقدا بەربڵاوکردوە و پێگە کۆمەڵایەتیەکەیشی بەرینکردوە.
هێزی چینایەتی و کۆمەڵایەتی کرێکار و زەحمەتکێش کە بزوێنەری هێنانەدی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگەیە، لەناوجەرگەی ئەم بارودۆخەدا تا دێ پەرەدەستێنێ، گەشە دەکات و دەبێتە بەهێزبوونی سەرلەنوێی ڕاپەڕینەکە و سایە دەخاتەسەری.
ڕاپەرێنی ئۆکتۆبەر سیمای ژیانی سیاسی لە عێراقدا گۆڕی. کەس ناتوانێ بە ئاسانی بیگەڕێنێتەوە دۆخی پێشووتری. ئەم ڕاپەڕینە تەختوتاراجی ئیسلامی سیاسی و پایەکانی نفوزی ئایدیۆلۆژی بەسەر جەماوەرەوە وەلەرەزەهێنا. ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو و تایبەتیان هەبوو، قوتابیانیش بەهەمان شێوە ڕۆلێکی چالاک و کاریگەریان هەبوو. هەروەها ڕاپەڕین گورزێکی گورچوبڕیشی لە تائیفەگەری سرەواند و جەماوەری ڕاپەڕیووی کردە هێزێکی سیاسی لە مەیداندا. بەڵام هەموو ئەم دەسکەوتانە ناتوانن پایەدار و بەردەوام بن بەبێ زاڵبوون بەسەر خاڵە سەرەکیە لاوازەکانی ڕاپەڕیندا. ئەمەش پێش هەموو شتێک واتا پشتبەستنێکی بەهێز بە خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوانی بێکار لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و لەناو خودی ڕاپەڕین و بەگرتنەبەری ئاسۆی فکری و سیاسی سۆشیالیستیشەوە بۆ ئەو خەباتە.
ئەرکی بنەڕەتی سۆشیالیستەکان و شۆڕشگێڕەکان لە پەیوەند بە ڕاپەڕینەوە، بەهێزکردنی و زاڵبونە بەسەر خاڵە لاوازە سیاسی و ڕێکخراوەیی و فکریەکانیدا، ئەویش لە جێگەوڕێگەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژارکراوەکان و خەباتی ڕزگاریخوازانەیانەوە.
پاش ئەزمونێکی حەوت مانگە لە بەردەوامی ڕاپەڕینەکە و ئەو ئاستەنگیانەش کە ئێستا ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەلایەن هێزەکانی دژە شۆڕش و حکومەتە نوێکەیەوە، ئەرکی ڕێکخراوکردنی هێزەکانی ڕاپەڕین و پێکهێنانی شۆرا شۆڕشگێرییە جەماوەرییەکانی لەهەر کات زیاتر پێویست کردوە. ئەمەش پەیوەندیەکی توندوتۆڵی بەوەوە هەیە کە ڕەوتی سۆشیالیستی تا چەند سەرکەوتوو دەبێ لە یەکخستنی ڕیزەکانی خەباتی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژارکراوان و چالاکردنی ڕۆڵی سیاسیان لە کۆمەڵگە و لە ڕاپەڕیندا.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراقدا
١٣ی ئایاری ٢٠٢٠