توندوتیژیی فیزیکیی دژی مێینە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی
خەتەنە وەک نموونە..
بە سەرنجدان لە مێژووی کۆن و نوێی مرۆڤ لەسەر زەوی، توندوتیژیی یان زەبروزەنگ بەشێک بووە لە سروشت و رەفتاری رۆژانەی. ئەم توندوتیژییە هەر بەوەوە نەوەستاوە لە بەرامبەر ئاژەڵ یان سروشت ئەنجام بدرێت، بەڵکو لەگەڵ گەشەکردنی ژیار و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، توندوتیژیی پێچەوانەوە بووەتەوە بۆ نێو خودی مرۆڤەکان خۆیان. مرۆڤی سەرەتایی بۆ پەیداکردنی ژەمە خواردنێک لە پێناوی مانەوەیدا ناچاربووە لە رێی زەبروزەنگەوە ئەو ژەمەخواردنە مسۆگەر بکات، ئەویش لە رێی راوشکارەوە. بە پێی میتۆلۆجیاش توندوتیژیی (زەبروزەنگ) هەر لەگەڵ مرۆڤدا سەریهەڵداوە و هەتا هەنووکەش هەر لەگەڵیدا دەژی و نەشونما دەکات. بە وتەی (میشێل ڤیڤێۆرگا)ی سەرۆکی رێکخراوی ئەنتەرناسیۆنالی سۆسیۆلۆژیی “..ئەوەی ناویدەنێین زەبروزەنگ لە نێو زەمەنە جیاوازەکاندا بە چەندین شێوەی جیاواز خۆی مانیفێست دەکات”. بە پێی میتۆلۆجیای ئیسلامیی هەر لە سەرەتای جێگیربوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، کوڕەکانی (ئادەم) ممارەسەی توندوتیژییان کردووە، هەر بەپێی ئەو میتۆلۆجیایە دوای ئەوەی خواوەند قوربانیی هابیل وەردەگرێت و بە پێچەوانەوە ئەوەی قابیل رەتدەکاتەوە، قابیل هەڵدەستێت بە کوشتنی هابیل!، ئیدی ئەمە سەرەتای یەکەم توندوتیژیی مرۆڤە بە پێی میتۆلۆجیای ئیسلامیی.
هەندێک لە زانایانی دەروونناسیی لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان و لێکۆڵینەوەی وردیان لەمەڕ سروشت و ئەدگار و سایکۆلۆژیای مرۆڤ گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی توندوتیژیی بەشێکە لە سایکۆلۆژیای مرۆڤ و لە رێی جیناتەوە نەوە لە دوای نەوە دەگوێزرێتەوە. بۆ روونکردنەوەی زیاتر ئەم تیۆرە، پێویستمان بە خوێندنەوە و سەرنجدان لە هەڵهێنجانەکانی (سیگمۆند فرۆید)ی خاوەنی قوتابخانەی دەروونشیکاریی هەیە. بە بڕوای فرۆید لە هەر مرۆڤێکدا دوو رەمەکی جیاوازی دژ بە یەک لە ئارادان کە هەر یەکێکیان بەرپرسیارە لە جۆرێک لە رەفتاری مرۆڤ، ئەو دوو رەمەکەش لای ئەو زانا سایکۆلۆجییە بریتین لە (تاناتۆس و ئیرۆس)، یەکەمیان بەرپرسیارە لە هەست و رەفتاری شەڕئەنگێزانەی مرۆڤ و ئەویتریشیان بە پێچەوانەوە بەرپرسە لە هەستی ئیرۆتیک و ژیاندۆستیی مرۆڤ.
رۆشنبیری ناوداری ئێرانی “د.کاوس سەید ئیمامی” دەربارەی ئەم بیردۆزەی فرۆید دەڵێت (تیۆری کلاسیکی فرۆید یەکێک لە تیۆرە گرنگەکانی دروونناسی کۆمەڵایەتییە سەبارەت بە توندوتیژیی. فرۆید یەکێک لە بەستێنە گرنگەکانی توندوتیژیی بەبوونی پرنسیپێک بە ناوی غەریزەی مەرگ یان تاناتۆس لە دەروونی مرۆڤدا دەزانێت. بە بڕوای فرۆید، ئەم پرنسیپە دژ بە پرنسیپی ژیان یان غەریزەی سێکسە. لە راستییدا فرۆید لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەنگیزە و ویستی سێکس مەیل بۆ ژیان لە مرۆڤدا بەهێز دەکات و سەرچاوەی سەرهەڵدانی چالاکیی و ئینێرژیی پۆزەتیڤە لە مرۆڤدا. لە ئاست ئەوەشدا غەریزەی مەرگ، مەیل بۆ توندوتیژیی و رووخاندن لە مرۆڤدا بەهێز دەکات).
ئەگەرچی توندوتیژیی دێرین (ئەوکاتەی هێشتا مرۆڤ لە قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتاییدا بوو) بە جۆرێک بووە مەگەر بەدەگمەن پێچەوانە بووبێتەوە بۆ ئاستی خودی مرۆڤەکان. بەڵام هەروەک پێشتر وتمان لەگەڵ گەشەکردنی ژیار و بەجێهێشتنی قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتایی، توندوتیژیی پێدەنێتەوە قۆناغێکی نوێوە، کە دەکرێت لە پوختەترین دەربڕیندا بڵێین قۆناغی توندوتیژیی بەرنامە بۆ داڕێژراوە، ئەو توندوتیژییەی سیستم و رژێمە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی و ئاینییەکان بۆ پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان چوارچێوەیەکی شەرعیی یاخۆ یاساییان پێبەخشیوە. وەلێ دەکرێت لێرەوە لە چەند روانگەیەکەوە پێناسەی چەمکی توندوتیژیی یاخۆ زەبروزەنگ بکەین:
رۆشنبیری ئێرانی “د.محەمەد زەیمەران” پێیوایە (لە ساکارترین پێناسەدا دەکرێت بووترێت توندوتیژیی بریتییە لە هاویشتنی جۆرێک زیان یان کپکردنی ئەویدی لە رێی کوشتن یان زیان گەیاندنی رۆحی. هەندێک لە بیرمەندان پێیانوایە دەتوانرێت ئەم چەمکە تا دەڤەری “هەڕەشە”ش بگشتێندرێت و درێژ بکرێتەوە. واتە ئەگەر کەسێک هەڕەشەی توندوتیژیی لێکرا، بۆ وێنە هەڕەشەی مەرگ، یان هەڕەشەی زەڕبەی جەستەیی و رۆحیی رەنگە بکرێت بە توندوتیژیی دابنرێت). ئەم پێناسەیە جەخت لەوە دەکاتەوە توندوتیژیی بەشێوەیەک لە شێوەکان بریتییە لە زیانگەیاندن بە ئەودیدی. بێگومان ئەم زیان گەیاندنە تەنێ روویەکی ماددیی نییە بەڵکو دەکرێت دیوێکی مەعنەویشی هەبێت “وەک توندوتیژیی رۆحی و دەروونی و ئابووری و سێکسیی”.
“ج.فرویند” پێیوایە (زەبروزەنگ بەو هێزە دەوترێت کە راستەوخۆ هێرش دەباتە سەر کەسانی تر و ماڵ و سامانیان، چ وەک تاک تاک یان وەک دەستە و گروپ، بە مەبەستی زاڵبوون بە سەریاندا لە رێگەی لەناوبردن و تێکوپێکدان و هێنانە چۆک و تێکشکاندنیانەوە). بە کورتی توندوتیژیی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی– سیاسییە و لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا بە ئێستا دەگات لەگەڵ مرۆڤدا تەریب لە ئارادا بووە و لەگەڵیشدا پێ بە پێی پێشکەوتنەکانی مرۆڤ ئەویش پێشکەوتووە و فۆرمی نوێ و جیاوازی بەخۆگرتووە.
توندوتیژیی فیزیکیی دژ بەمێینە
ناتوانین مێژوویەکی دیاریکراو دەستنیشان بکەین وەک سەرەتای پیادەکردنی کردەی توندوتیژیی لەلایەن رەگەزی نێرەوە لە دژی مێینە. ئەوەی ئێمە لە چیرۆکی مرۆڤایەتی دەیزانین، قۆناغی سەرەتایی ژیانی مرۆ لەسەر زەمین، قۆناغی دەسەڵاتی ژن یان دایک بووە (ماتریاکی). بەڵام دوای ئەوەی کشتوکاڵ لەلایەن ژنانەوە دۆزرایەوە و جێگۆڕکێ روویدا لە رۆڵی هەریەک لە هەردوو رەگەزەکەدا، ئیدی هێدی هێدی خاوەندارێتی بەروبوومەکان لەلایەن نێرینەوە کۆنترۆڵکرا، ئەم مۆنۆپۆڵکردنە پێویستیی ئەوەی هێنایە کایەوە پیاو شۆڕشێک لە دژی پێگەی بەهێزی ژنان بەر پابکات، بێگومان پیاو توانی دەسەڵاتی خۆی بەسەر مێینەدا بسەپێنێ و کودەتایەک بکات بەسەر رۆڵی ئەودا، هەر لەم نێوەندەدا بوو پیاو ئاینەکان و یاسا داهێنراوەکانی خۆی کردە زرێی بەرگریی و درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەى لە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری مێینە. بێگومان مێژوو گەواهیی ئەوەمان بۆ دەدات یەکێک لە میکانیزمەکانی بەچۆکداهێنانی مێینە لەلایەن ئەویتری نێرینەوە بریتی بووە لە زەبروزەنگ، ئیدی ئەم کردەیە لە ئازاری جەستەیی و لەنێوبردنەوە درێژ دەبێتەوە تاکوو دەگات بە گوشاری دەروونیی و رۆحیی.
مێژوو پێماندەڵێت چەرخی دەسەڵاتی ژن یان کۆمەڵگای سەرەتایی زۆر کورتبوو، لەوە بەدواوە دەسەڵاتی پیاو هات، جگە لەوەی نەهامەتیی بۆ رەگەزەکەی دیکە هێنا، لە هەمان کاتدا بووە مایەی ناهەمواریی و ئازار بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتی بە هەردوو جێندەرەوە. لەو رێکەوتە بە دواوە ژن هەمیشە لە ژیانی کۆمەڵدا بە میکانیزمی توندوتیژیی کەنار گیرکراوە و لە چەندین ماوەی مێژووییشدا ژن بە ئەندازەیەک چەوسێنراوەتەوە و تووشی زەبروزەنگ بووە کە هەرگیز سڵ لە کوشتنی سەدانیان لە یەک چرکەدا نەکراوەتەوە. چون لە دیدگای هەندێک کۆمەڵگەی ئەو کاتەی مرۆڤایەتیدا تەنانەت گومانیش لە مرۆڤبوونی خودی مێینە کراوە. ئەگەر سەرنج بدەینە شارستانێتییە کۆنەکانی وەک یۆنان و میسرییە دێرینەکان و بابلی و سۆمەریی و ئەکەدییەکان و…هتد، دەبینین هەمیشە پلە و پایەی مێینە لە خوارەوە بووە و هەمیشەش بە رێگای توندوتیژیی رێگە گیراوە لەهەر هەوڵێکی ژن لە بۆ گۆڕان دروستکردن لە جێگە و رێگەکەیدا.
لەوە زیاتریش چونکە مێینە وەک مرۆڤ تەماشا نەکراوە، وەک دەرعێک بەکارهێنراون یان لە کاتی جەنگەکاندا بە کۆمەڵ لەنێویان بردوون تا خۆراک بەشی پیاوان وەمێنێتەوە. “هیرۆدۆت” باسی بابلییەکان دەکات و دەنووسێت “بابلییەکان لە کاتی گەمارۆدانیان دا، بۆ ئەوەی خۆراکی زۆر لەناو نەچێت، ژنەکانی خۆیان دەخنکاند”. دواتریش ئاینەکان رۆڵی نەرێنیان گێڕا لە شەرعییەتدان بە چەوساندنەوە و نواندنی زەبروزەنگ لە دژی مێینە. ئەگەر کەمێک چاو بە سفرەکانی تەوراتدا بگێڕینەوە ئەوسا بە روونی دیارە ئاینی یەهوودی چەندە سووک تەماشای مێینە دەکات و هەرواش ئاشکرایە چلۆن شەرعییەت دەدات بە بەکارهێنانی توندوتیژیی و لێدان لە بەرامبەریان. لە زۆربەی ئاینەکانی دیکەشدا بە هەمان شێوە رەوایی بەخشراوە بەنێرینە “چ لە شێوەی باوک ، چ لە شێوەی برا، چ لە شێوەی هاوسەر” توندوتیژیی دژ بە مێینە ئەنجام بدات. بۆ وێنە لە ئاینی ئیسلامیدا لەنێو تێکستەکانی قورئان و لە ممارەسەی رۆژانەی ژیانی موسڵمانەکاندا ئەم رەواییدانە بەدی دەکەین.
ئەوەتا لە ئایەتی “34”ی سورەتی “النساء” بەم جۆرە رەوایی دراوە بە لێدان و بەکارهێنانی زەبروزەنگ لە دژی مێینە: “الرجال قوامون على النساء بما فضل الله بعض على بعض وبما انفقوا من اموالهم فالصالحات قانتات حافظات للغيب بما حفظ الله واللاتي تخافون نشوزهن فعظوهن واهجروهن في المضاجع واضربوهن فان اطعنكم فلا تبغوا عليهن سبيلا ان الله كان عليا كبيرا”. . مامۆستای شەهید “عەبدولخالیق مەعرووف” لە کتێبەکەیدا “ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا” دەربارەی هۆی هاتنە خوارەوەی ئەم ئایەتە دەڵێت (بەیزاوی دەڵێ “هۆی هاتنی ئەم ئایەتە دەڵێن سەعدی کوڕی ئەلڕەبیع کە یەکێک بووە لە گەورە پیاوانی ئەنساری ژنەکەی “حەبیبە” ناو کچی “زەید” کوڕی “ئەبو زوهەیر”بووە و نافەرمانی کردووە و ئەویش زللەیەکی لێداوە و باوکی ژنە، ژنەی هەڵگرتووە و چووە بۆ لای پێغەمبەر”د.خ”. پێغەمبەریش گوتوویە “با تۆڵەی لێبسێندرێتەوە” پاشان ئەم ئایەتە هاتە نووسین و پێغەمبەر “د.خ” فەرموویە “ئێمە شتێکمان ویست و خواش شتێکی تر، ئەوەی خوا ویستوویە چاکترە”). جگە لەمەش هەندێک لەو کەسانەی تەفسیری ئایەتی “نشوز”یان کردووە، رێبازێکی توندیان گرتۆتەبەر و تەنانەت وشەی “واهجروهن”یان بەمانای پەل و پێ بەستن بەکارهێناوە، لەو روانگەیەی کە وشەی “الهجر” ئەو پەت و گوریسە دەگەیەنێ حوشتری پێدەبەسترێتەوە. (تەبەری) لە تەفسیرەکەیدا بەمجۆرە لێکیداوەتەوە.
کۆمەڵی کوردەواریش وەک کۆمەڵێک کە هێشتا هەردوو نەریتی ئیسلامیی و خێڵەکیی بوونی کارایان لە نێویدا هەیە، بێبەش نییە لە پیادەکردنی توندوتیژیی دژی مێینە، بە پێچەوانەوە یەکێک لە چەوسێنەرترین کۆمەڵەکانە سەبارەت بە ژنان و ئازاردانی ئەویتری مێینە. ئامارەکانی چەند ساڵی رابردوو بە ئێستاشەوە لەمەڕ کوشتن و چەوساندنەوە و خۆسووتاندنی ژنان و لێدان و سووکایەتیکردن بە مێینە شایەتی ئەو راستییەن. تەنانەت لە کۆمەڵی کوردەوارییدا توندوتیژیی و بێ حورمەتیکردن بە مێینە بە ئەندازەیەکە تاکی مێ خۆی پەنا دەباتە بەر خۆکوشتن و خۆسووتاندن، ئەم جۆرە لە کوشتنی مێینە هەم بەشێکە لە پرۆسێسی سپیکردنەوەی ئابڕووی بنەماڵە و لە هەمان کاتدا ئەویتری پیاو کە خوازیاری کوشتنی تاکی مێینەیە، بێبەریی دەبێت لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە. بە بڕوای (ئادلەر)ی زانای دەروونناسیی (خۆکوشتن هەموو کاتێک توندوتیژترین بیرکردنەوەیە لە توانج تێگرتن لە خودی خۆ و تۆڵەکردنەوەیە لێی). کۆمەڵگەی شەرەفپارێزی کوردەواریی دۆخێکی بۆ ژنان خوڵقاندووە لەگەڵ بچووکترین ممارەسەی رەمەکەکانیان بە تایبەت رەمەکی سێکس خۆیان وەک تاوانبار و گوناهبار بێتە بەرچاو، هەر بۆیە ناچارن رەخنە لە خودی خۆیان بگرن بۆ ئەو لە رێگە لادانەیان لە کولتووری باوی کۆمەڵگە و رووشاندنی شەرەف و نامووسی بنەماڵەکانیان، بەم هۆیەوە هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە خۆیان دەدەن و پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن، چ لە شێوەی خۆسووتاندندا، چ لە شێوەکانی تری خۆ لەناوبردندا.
لێرە لە کوردستان چەمکی شەرەف ئەو کۆنسێپتەیە رۆژانە ژیانی مێینە لووشدەدات و رەوایی و کوتەک دەداتە دەستی پیاو بۆ تەمێکردن و لێدان و ئازاردانی جەستەیی و رۆحی مێینە. چەمکی شەرەفیش هەروەک “نەزەند بەگیخانی” دەڵێت “لەلای کورد وشەی نامووس راستەوخۆ گرێدراوەتەوە بە ژن و سێکچوالێتی ژنەوە”. ئەم چەمکە وەک چەمکێکی ئاکاریی لە کۆمەڵی ئێمەدا لە پێش هەر پاساوێکی ترەوە رەوایی بەخشیوە بە کوشتن و چەوساندنەوە و بەکارهێنانی توندوتیژیی لە دژی ژنان. ئەم کردەیە نەک هەر لەلایەن کولتوور و نەریتی خێڵەکییەوە پشتیوانی لێدەکرێت، بەداخەوە ئاین و یاساکانیش (یاساکانی باری کەسێتی وەک نموونە) بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆی بوونەتە پاڵپشتێکی شەرعیی و یاسایی بۆی. جیا لەوەش هەنووکە و لە سەردەمی پێشکەوتنی کۆمەڵی مرۆڤایەتی، لە پێشکەتووترین کۆمەڵەوە تا دواکەوتووترینیان هێشتا لێدان و بەکارهێنانی مامەڵەی رەق و زەبروزەنگ لە دژی مێینە لە ئارادایە.
بە پێی “ئامارەکانی سازمانی بیهداشتی جیهانیی WHO لە ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهانیی بووە. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە 25-16% ژنانی جیهان بە دەست هاوسەرەکانیانەوە تووشی ئازاری جەستەیی بوون. نزمترین رێژەی ئەم ئامارانە وڵاتگەلی پێشکەوتوو و زیاترین رێژەی لە هیند و مالیزی و نیگاراکوا بووە. هەروەها ساڵانە چوار ملیۆن ژن لەلایەن مێردەکانیانەوە تووشی ئازاری جەستەیی دەبن و 28% پیاوانی جیهانیش لە ژنەکانی خۆیان دەدەن و 17% ئەو ژنانەی تازە شوویان کردووە لەلایەن مێردەکانیانەوە تووشی توندوتیژیی دەبن”. توندوتیژیی دژی ژنانیش هەر بەوەوە نەوەستاوە تەنێ لە سنووری لێدان و کوشتن و ئازاردانی جەستەییەوە بمێنێتەوە بەڵکو ئەم زەبروزەنگە تێپەڕیوە بۆ توندوتیژیی ئابووری و رۆحی و دەروونی و سێکسیی. ئاخر سێکسفرۆشیی چیتر نییە جگە لە جۆرێکی زۆر هۆڤانەی توندوتیژیی ماددیی و مەعنەویی دژی تاکی مێینە، ئێستاش کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە دۆخێکدایە هیچیتری پێ نییە بۆ بەگژاچوونەوەی دیاردەی لەشفرۆشیی، جگە لە سەرژمێریی و باج خستنەسەر لەشفرۆشەکان، کە وەک وتمان ئەم دیاردەیە روویەکی هەرە بەرجەستەی توندوتیژییە دژ بە ژنان لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانەوە تا دەگات بە پاشکەوتووەکان.
دیاردەی خەتەنە
توندوتیژیی فیزیکیی دژ بە مێینە هەر بەوەوە نەوەستاوە کاردانەوەی پیاوێکی نەریتیی بێت دژی بەرخودێکی کۆمەڵایەتی تاکی مێینە بێت، بۆ وێنە زۆربەی جار کوشتنی مێینە دوای ممارەسەکردنی هەندێک ئازادیی دێت کە لە دیدگای خێڵەکیی و نەریتیی کۆمەڵی ئێمەدا تێپەڕینە لە هێڵی سوور و بەزاندنی سنوور و پەرژینەکانی کولتووری چەقبەستووە. بەڵام بۆ حاڵەتی خەتەنە، توندوتیژییەکە شتێکی جیاوازە، چوونکە ئەم پیادەکردنەی زەبروزەنگ لە دژی تاکێکی مێینەی تازە لە دایکبوو یان منداڵ، بەشێک نییە لە کاردانەوەی کولتووریی لەلایەن ئەویتری پیاوەوە. بەڵکو زەبروزەنگێکی بێ پاساوە و نەریتی کۆمەڵایەتی بەسەرچوو وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی “توانای سێکسیی” ئافرەت پیادەی دەکات!!. چوونکە بە پێی تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیی و ئیسلامییەکان، رەهەندی سێکسوالێتی ژن سەرچاوەی گشت ئاشووب و ناکۆکییەکانە و سنووردارکردنی رەمەکی سێکسیی ئەو رەگەزە لە یەکێک لە ماناکانیدا بریتییە لە سنووردارکردنی راددەی ئاشووب و ناکۆکی و نەهامەتیی لە کۆمەڵدا!!.
خەتەنەکردن کە ترادیسیۆنێکی هەرە دێرینی شارستانێتییە سەرەتاییەکانی ئەم ناوچەیەیە، هێشتاش لە سەردەمی گلۆبالیزەیشن و گەشتنی مرۆڤایەتی بە قۆناغی پێکەوەبەستن و پێشکەوتنی ئەلکترۆنیی و زانستیی، درێژەی هەیە و لە زۆربەی کۆمەڵگە رۆهەڵاتی و ئیسلامیی و پاشکەوتووەکاندا ئەنجام دەدرێت. کەم نین ئەو ژنانەی رۆژانە دەکەونە بەر رەحمەتی چەقۆی خەتەنە، کەم نین ئەو مێینانەی هێشتاش تاڵاوی ئەو ئازارە لە بن نەهاتووەیان لە بیر نەچووەتەوە. خەتەنە ناوێکە یان کردارێکە وەک سێبەرێکی ترسناک تەنانەت هەڕەشە لە نەوەکانی ئایندەی زۆرینەی کۆمەڵە رۆژهەڵاتیی و ئیسلامییەکان دەکات. خەتەنە کردەیەکە هێشتا نەوەی نوێی مێینەی لە ترسەوە ئاڵاندووە و دەئاڵێنێت، لەگەڵ ئەوەی خەباتی فێمینیستی و ئازادیخوازیی زۆر رێگا و هەنگاوی بڕیوە و زۆر دەستکەوتی بۆ ژنانی جیهان دابین کردووە، کەچی تا بە ئەمڕۆ دەگات نەیتوانیوە سنوورێک بۆ پیادەکردنی ئەو نەریتە زۆر ترسناکە دابنێت، یان بەمانایەکی تر لەگەڵ ئەوەی بزووتنەوەی ژنان زۆر هەنگاوی ناوە، بەڵام خەتەنەکردنی رێژەیەکی بێشوومار و سەرسووڕهێنەری مێینە، مانایەکی پێچەوانە نیشان دەدات.
مێژووی خەتەنە
لێرەوە هەوڵدەدەین دوای پێناسەکردنی کردەی خەتەنە، مێژووی سەرهەڵدانی بناسێنین، بە تایبەت وەک دەبینرێت رەگوریشەی ئەم نەریتە لە نێو کولتووری رۆژهەڵاتیدایە. بە پێی زۆرینەی پێناسەکان:
خەتەنەکردنی مێینە بە ئینگلیزیی بە”female genital mutilation” ناسراوە و بە”FGM” کورت دەکرێتەوە و بریتییە لە بڕینی قیتکە (clitoris)،بەشێک یان هەموو لچی گەورە و بچووکی ئەندامی سێکسیی مێینە Labien” ” ئەم وشەیەش لە زمانی عەرەبیدا “ختن” لە رووی زمانەوانییەوە فرمانی رابردووە و مانای “بڕی” لە خۆ گرتووە. بێگومانیش مەبەست لەو بڕینە، بڕینی بەشێکە لە ئەندامی زاوزێی مرۆڤ “چۆک و قیتکە”. “ویڵ دیورانت” لە نووسینە بەناوبانگەکەیدا “چیرۆکی شارستانی – قصة الحضارة ” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، خەتەنەکردن نەریتێکی کۆمەڵایەتی باو بووە و لە سەردەمی میسرییە کۆنەکاندا فیرعەونەکان پەیڕەویان کردووە و لە کاتی دەسەڵاتی عیبرانییەکان و سەهەڵدانی ئاینی “جو”دا بۆ عیبرانییەکان گوێزرایەوە و لە رێگەی ئەوانیشەوە بۆ نیمچە دوورگەی عەرەبیی گوێزرایەوە. هەروەها “مانتێگازا”ی مرۆڤناسی ئیتالی ساڵی 1885 نووسیوویەتی”خەتەنەی ژنان لە میسردا داکەوتووە، چوونکە پیاوانی میسریی پێیان خۆش نەبوو لە کاتی جووتبووندا ژنان بەشی هەوەس و ئیشتایان بەدەستەوە بێت”. بەڵام یەکەمین ناوهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ هیرۆدۆت “Herodotus”ی مێژوونووسی گریکیی لە سەدەی پێنجەمی پێش زاین، بە بڕوای هیرۆدۆت، میسرییە کۆنەکان و بەشێکی سەرەکی دانیشتوانی مەکسیک “المایا” کە بریتین لە کۆنترین شارستانێتییەکانی جیهان، هەروەها کەنعانییەکان و دانیشتووانی نیوە دوورگەی عەرەبیش لە پێش هاتن و سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامدا پێی ئاشنابوون.
هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان شێمانەی ئەوە دادەنێن ئەم دیاردەیە لە200 ساڵ پێش لە دایکبوونی مەسیحەوە سەریهەڵداوە، بەڵام هەندێکی تریان لە چەشنی “دیورانت”لەو باوەڕەدان مێژوویەکی دێرینتری هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی فیرعەونەکان لە میسری کۆندا. سەبارەت بە دەرکەوتنی سەرەتای ئەم دیاردەیەش هەروەک دەستنیشانکردنی مێژوو و ساتەوەختی سەرهەڵدانی خەتەنە دیار نییە و چەندان سەرنج و رای جیاواز جیاوازی لەسەرە. بەشێک لە مێژوونووسان بۆ ئەوە دەچن لە کیشوەری ئەفەریکادا سەریهەڵداوە، وەک هیرۆدۆت کە لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا “مێژوو” جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە خەتەنە لە نزیکی رووباری نیل واتە میسر سەریهەڵداوە. بەڵام هەندێکی تر بۆچوونیان بە پێچەوانەوەیە و پێیانوایە ئەم نەریتە لەنێو گەلە رەچەڵەک سامییەکاندا لە نموونەی عەرەب سەریهەڵداوە و دواتر گەشەی کردووە و پەڕیوەتەوە بۆ نێو کولتوور و ترادیسیۆنی کۆمەڵگاکانی دیکە.
نووسەری داکۆکیکار لە مافی ژنی کورد “مەرزە جەوانمەرد” بە پشت بەستن بە هەندێک شێمانە لەو بڕوایەدا خەتەنە لەنێو عەرەبەکاندا سەریهەڵداوە. ئەو دەنووسێت (زۆر کەس دەڵێ ئەم کردەوەیە لە نێو سامییەکاندا داکەوتووە، لەبەرئەوەی کە عەرەبەکان زۆر پابەندبوون و ئێستاش یەکێک لەهەرە لایەنگری خەتەکردنن. “کوڕی دایک خەتەنە نەکراو” پیسترین جنێوە کە کەسێک دەتوانێت بە کەسێکی تری بدات. ئەو ئەنگیزانەی عەرەبان سەبارەت بە خەتەنەی ژنان دەیڵێن، هەروەک ئەنگیزەکانی دەورانی هەرە کۆن سەبارەت بە خەتەنەکردنی پیاوان، جۆراوجۆرە. هۆی سەرەکیی باس لە پاکیی ژنانە). بە کورتی ئەوەی دەکرێت لە ئەنجامی راڤە و بۆچوونی مێژوونووسان و پسپۆرانەوە تێیبگەین، بریتییە لەوەی، خەتەنە دیاردەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییە و مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، وەک ئاشکراشە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە پێش زاین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دیاردەیە زادە و هەڵقوڵاوی نەریتی کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکانە، جا لە کیشوەری ئەفەریکا یان راستتر بیڵێین میسر سەریهەڵدابێت یان لەنێو عەرەب و نەتەوە سامییەکاندا، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کۆمەڵگە ناخۆرئاواییەکان دۆزەرەوەی خەتەنەن. هەر لەبەر ئەم فاکتۆرە زۆر سادەیەشە دەبینین ئێستاش زۆرترین رێژەی خەتەنەکردن لەم جۆرە کۆمەڵانەدا رۆژ لە دوای رۆژ برەوی هەیە!.
جۆرەکانی خەتەنە
بێگومان خەتەنەکردن وەک نەریتێک کە مێژوویەکی زۆری بڕیوە و لە چەندان کۆمەڵدا لە ئارادا بووە و هەیە، تەنیا یەک تاکە جۆر نییە، بەڵکو لە شێوازی پیادەکردن و چۆنێتی لێکردنەوە لە ئەندامی زاوزێی مێینە جیاوازیی زۆر لەنێوان هەریەک لە جۆرەکاندا هەیە. بەشێکی بەرچاو لە دەزگا پسپۆرەکان و مێژوونووسان چەند جۆرێکیان لە خەتەنەکردن دەستنیشانکردووە هەر لە رۆژگاری دێرینەوە تا ساتەوەختی ئێستامان. لەوانە:
1-خەتەنەکردنی نیوە دوورگەی عەرەبیی: لە شێوەی خەتەنەکردنی پیاوەوە نزیکە، لەم جۆرەدا هەڵدەستن بە بڕینی سەری پێستی قیتکە بەبێ ئەوەی ئازارێکی ئەوتۆی خەتەنەکراوەکە بدەن.
2-خەتەنەکردنی “بیکەر براون” ئامانجی بڕینی قیتکەیە.
3-خەتەنەکردنی فیرعەونی: ئەمەش وەک خەساندنی پیاوان وایە، تیایدا هەموو ئەندامە دەرەکییەکانی سێکسی ئافرەت لێدەکرێتەوە “قیتکە و هەردوو لێوەکانی ناوەوە و دەرەوە” پاشان برینەکە بە تەواویی دەدوورنەوە و تەنیا کونێکی زۆر بچووک نەبێت ئەویش بۆ دەرچوونی میز و خوێنی مانگانە. پاشان تەداوی دەکرێت و ئافرەتەکە ناچار دەکرێت بۆ ماوەی “40” رۆژ لە جێگادا بکەوێت تا برینەکەی ساڕێژ دەبێتەوە. رێکخراوی تەندروستی جیهانیش “WHO” لای خۆیەوە و دوای لێکۆڵینەوەی ورد چوار جۆری دیاریکردووە:
1-لابردنی بەشێک یان هەموو میتکە (clitoris) کە پێی دەوترێت “CLITORIDECTORY”.
2-لابردنی میتکە لەگەڵ لابردنی بەشێک یان هەموو لچی گەورە و بچووک کە پێی دەوترێت “EXCISION”.
3-لابردنی هەموو ئەندامی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێ، لەگەڵ دوورینەوە بە تەواوەتی، جگە لە هێشتنەوەی کونی میز و خوێنی سووڕی مانگانە.
4- ئەمجۆرە سووکترین جۆریانە کە خۆی تەنیا لە کونکردن و سمینی ئەندامەکانی زاوزێدا دەبینێتەوە.
بەشێوەیەکی گشتیی هەر یەک لە فۆرمەکانی خەتەنەکردن لە ئاسانترینیانەوە تاکو دەگات بە ناڕەحەت و دژوارترینیان چیتر نییە جگە لە دیوێکی تری مامەڵەی هۆڤانەی فەرهەنگی باوکسالاریی لە دژی مێینە، هەر کام لەو شێوە و شێوازانە بگریت بە نۆرەی خۆی کاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر تەندروستی و کەسێتی تاکی مێینە، کە لە دواتردا دێینە سەر باسی زیانە تەندروستی و رۆحییەکانی ئەو کردارە. بەڵام گرنگترین مەبەست لە پوختەترین دەربڕین و قسەدا ئەوەیە، خەتەنەکردنی ژنان بە هەموو فۆرمەکانییەوە روویەکی تری توندوتیژیی پیاوسالارانەیە لە بەرانبەر بەویتری مێینە.
لێکەوتە نێگەتیڤەکانی خەتەنە
بە پێی بۆچوونی پزیشکەکان و پسپۆرانی دەروونی، خەتەنەکردنی مێینە چەندین دەرئەنجامی نێگەتیڤی هەیە، هەم بۆ سەر باری تەندروستی و هەم بۆ سەر باری دەروونی تاکی مێ. تا ئەو ئەندازەیەی بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سوێدییەکان خەتەنەکردنی مێینە دەبێتە هۆی ناپیتی. لەم رووەوە لێکۆڵینەوەیەکی سوێدیی روونیکردۆتەوە خەتەنەکردنی مێینە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکیی بۆ ناپیتی کچان. پسپۆرەکان بە مەبەستی تاقیکردنەوەی زانستیی و سەلماندنی ئەم ئەنجامە بە شێوەیەکی زانستیی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ “300” ئافرەتی سودانی ئەنجامداوە کە بەشێک لە ئەندامی زاوزێیان لێکراوەتەوە، لە ئەنجامدا ئەوە دەرکەوت رێژەی ناپیتی لەم ژنانەدا پێنج بۆ شەش جار زیاترە بە بەراوورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی خەتەنە نەکراون. لەوەش ترسناک و مەترسیدارتر ئەوەیە هەندێک توێژینەوەی زانستیی دەریانخستووە، خەتەنەکردن دەبێتە هۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی نەخۆشیی ئایدز. لەو بارەوە هەندێک لە پسپۆران خەتەنە بە یەکێک لەهۆکارەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی ئایدز بۆ ژنان دەزانن. گۆڤاری لەنسێت “lancet”یش ئاشکرایکردووە خەتەنەکردنی مێینە یەکێک لە کاراترین هۆکارەکانی تووشبوونی ئافرەتان بووە بە نەخۆشیی ئایدز. هەروەها روونیکردۆتەوە هەر خەتەنە یەکێکە لە هۆیەکانی چێژ وەرنەگرتنی ئافرەتان لە ممارەسەی سێکس بە تایبەتی لە دوای پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە.
بە شێوەی گشتیی زیان و لێکەوتە نەرێنییەکانی کرداری خەتەنەکردن لە رووی تەندروستییەوە دەکرێت لەم حاڵەتانەدا چڕ بکرێنەوە: خوێن بەربوون و هەورکردنی بەردەوام و درێژخایەنی زایەند”مهبل” و منداڵدان، پەشێوییەکانی بۆری میزکردن و دەرکەوتنی کیس یان دوومەڵ کە لەوانەیە ببێتە هۆی داخستنی بۆری میزکردن یان کونی زاوزێکردن و هەندێکجار بەردەوامبوونی خوێنی مانگانە بۆ چەند رۆژێکی زیاتر لە سروشتی خۆی و مانەوەی بەشێک لە خوێنی پیس لە ناو لەشدا، هەروەها چەندان کێشەی تری هەیە کە لە کاتی منداڵبووندا روودەدەن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خەتەنەکردنی مێینە یان دەبێتە هۆی نەزۆکیی یان تووشبوون بە ئازارێکی زۆر و دژوار لە کاتی دووگیانیی و منداڵبووندا. هەروەها دەبێتە هۆی تورەکەکردن لەناو پێستدا و کۆبوونەوەی کێم و گرێی پێست، هەندێک جاریش دەبێتە فاکتۆری نەخۆشیی ئەقڵیی و تێکچوونی مێشکی مێینە.
بەشێوەی مەیدانیش گۆڤاری لەنسێت “lancet” لەگەڵ چەندان ژن گفتوگۆی لە نزیکەوەی کردووە کە خەتەنە کراون، پشکی زۆری ئەو ژنانە بە دەست ئازاری زۆر، میز بەخۆداکردن، نەزۆکیی، برینی قووڵ لە ناوەوە و گیروگرفتی دەروونییەوە دەناڵێنن. ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کچانی منداڵ لە ئەنجامی ئەو کردەیەوە گیان لە دەستدەدەن، چ لە ئاکامی کاریگەریی برین و رێژەی لێکردنەوە لە میتکە، چ لە بەرئەنجامی خراپی ئەو ئامێر و چەقۆ و کەرەستانەی بەکاردەهێنرێن بۆ ئەو کردارە، یان بەهۆی نەزانینی دوورینەوەی ئەو برینەی دروست دەبێت. لە رووی دەروونییشەوە خەتەنەکردن دەبێتە هۆی پەشێویی دەروونی و رۆحیی، هەروەها دەبێتە هۆی خەمۆکی و نائارامیی و دڵەڕاوکێ و رەشبینی و زوو هەڵچوون و تووڕەبوونی بەردەوام و بێ هۆکار و بێزاریی بەردەوام. هەر لەم بوارەدا هەندێک تاقیکردنەوەی زانستیی دەیسەلمێنن: ئەو ئافرەتانەی لە کاتی خەتەنەکردنیاندا بێهۆش نەکراون، دووچاری بارێکی ناهەموار دەبنەوە، ناتوانن لە ئەندامی زاوزێی خۆیان نزیک ببنەوە و لە کاتی جووتبووندا تووشی هیستریا دەبن و لێرەوەش ئەو ئافرەتانە ناتوانن ئارەزوو و حەزی سێکسیی خۆیان و پیاوانی خۆیان تێر بکەن.
ئیسلام و خەتەنە
بەڵگە مێژووییەکان سەلماندوویانە خەتەنە دیاردەیەکە پێش هاتنی ئاینی ئیسلام لە نیوە دوورگەی عەرەبی، سەریهەڵداوە و بڵاوبۆتەوە. تەنانەت سەرچاوە مێژووییەکان دیرۆکی خەتەنە دەگەڕێننەوە بۆ رابردوویەکی زۆر دوورتر و هەندێکیان پێیانوایە بە هەزاران ساڵ پێش زایین ئەو کردەیە لە میسردا ئەنجامدراوە. بەڵام ئەوەی خەتەنە لە ئیسلامدا چۆنە و حکومەکانی چین؟ رایەکی کۆنکرێت نییە لە بارەیەوە و موفەقیهەکانی ئیسلام را و سەرنجی جیاوازیان لە بارەوە هەیە. هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی خەتەنەکردنی نێرینە بریتییە لە یەکێک لە فەرزەکانی ئاینەکەیان یان هیچ نەبێت ئیسلام رێگریی لێناکات، ئەوەی دەمێنێتەوە ناکۆکی شەرعناسەکانە لەسەر خەتەنەکردن و جۆری خەتەنەکردنی مێینە بە پێی شەریعەتی ئیسلامیی. بێگومان لە ناو تێکستەکانی قورئاندا هیچ تێکستێک نابینین فەرمان یان نەهی کردبێت لە ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێینە. ئەم ئاماژە پێنەکردنەی قورئان بووەتە هۆی ئەوەی شەرعناس و موجتەهیدەکان لە نێو فەرموودەکانی پێغەمبەردا بەدووی رەوایی یان پێچەوانەکەی خەتەنەی ئافرەتاندا بگەڕێن.
بە گوێرەی ریواتێکی بەهێز “متفق علیە” دەگێڕننەوە پێغەمبەر وتوویەتی “اذا جلس بين شعبها الاربع – اي اطرافها- ومس الختان الختان فقد وجب غسل” ئەم حەدیسە هەم لە ئەبو هوڕەیڕەوە و هەم لە عائیشەی هاوسەری پێغەمبەرەوە ریوایەت کراوە و بە گوێرەی زانستی فەرموودە “علوم الحدیث” بە فەرموودەیەکی سەحیح ناسێنراوە. واتەی فەرموودەکە ئەوە دەگەیەنێت هەر کاتێک هەردوو جێگەی خەتەنەکراوی ژن و پیاو بەریەک کەوتن ئەوە خۆشواردن فەرز یان پێویست دەبێت. لێکۆڵەرەوانی فەرموودە لە مانای ئەم ریوایەتەدا ئەوەیان لێکداوەتەوە: چونکە پێغەمبەر وتوویەتی جێگەی خەتەنەکراوی ژن و پیاو، ئەمە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی پێغەمبەر نەهی نەکردووە لە خەتەنەکردنی مێینە. هەندێکی تر لە شەرعناسان پێیانوایە ئەم فەرموودەیە نابێتە بەڵگەیەکی شەرعیی بۆ واجبوونی خەتەنەی مێینە. بەڵکو هێنانەوەی دوو جاری وشەی ” الختان” مەبەست لەوە نییە هەردوو لا خەتەنەکراون، بەڵکو ئەو وشەیە لەوێدا بۆ “تغلیب”ە واتە دوو شت ناوێکیان لێبنرێت. بۆ نموونە “القمران” واتە “قمر– شمس” یان “العمران” بریتین لە هەریەک لە”عومەر و ئەبوبەکر”.
ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە ئەو فەرموودەیەی “ئەبوداود” لە زمانی “ئوم عەتیە” گێڕاویەتییەوە کە ناوبراو دەڵێ: ژنێک هەبوو لە مەدینە خەتەنەی کچانی دەکرد و پێغەمبەر بە لایدا رەتدەبێت و پێیدەڵێ زۆر دەست دامەگرە…، بە فەرموودەیەکی لاواز دەدانرێت و بەپێی بنەماکانی “ئسوڵی فیقه”یش هیچ فەرموودەیەکی لاواز نابێتە بنەمای حکوم. ئەبوداود خۆیشی کە فەرموودەکەی ریوایەت کردووە دیسان بە لاوازی داناوە بەو هۆیەی “محەمەدی کوڕی حەسان”ی تێدایە. هەروەها ئەو فەرموودەیەی لە”حەجاج”ەوە گێڕدراوەتە، گوایە پێغەمبەر وتوویەتی “الختان سنە للرجال، مکرمە للنساء” هەردوو ئیمامی “بەیهەقی و قورتووبی” جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە بە حکومی ئەوەی “حەجاج” پیاوێکی ناڕاست بووە و هیچ متمانەیەکی لەسەر نەبووە، ئەم فەرموودەیە بە بەهێز دانانرێت، بۆیە حسابی لاوازی لەگەڵدا دەکرێت. جیا لەم فەرموودانەش کۆمەڵێکی تر هەن، بەڵام زۆربەیان فەرموودەی لاوازن و وەک لە پێشتریشەوە وتمان هیچ فەرموودەیەکی لاواز بە هیچ بیانوویەکەوە نابێتە بنەمایەک بۆ دەرکردنی هیچ حکومێکی شەرعیی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکۆکیی و رای جیاواز لەنێوان شارەزایان و پێشەوایانی فیقهی ئیسلامیدا هەیە لەمەڕ خەتەنەکردنی مێینە.
لای ئیمامی شافیعی خەتەنەکردنی ژنان هەروەک خەتەنەی پیاوان فەرزێک و پێویستییەکی ئاینییە. لەم رووەوە ئیمامی “نەواوی” وەک یەکێک لە شوێنکەوتووانی مەزهەبی شافیعی و دووەم ئیمامی ئەو مەزهەبە دەڵێت” رای راست ئەوەیە کە ئیمامی شافیعی فەتوای لەسەر داوە و تەواوی زانایان فەرموویانە کە لەسەر ژن و پیاو فەرزە”. بەشێوەیەکی گشتیی حەنبەلییەکان پێیانوایە: بۆ پیاوان سووننەتە و بۆ ژنان پێویست نییە. حەنەفیی و مالیکییەکان پێیانوایە: بۆ ژن و پیاو سووننەتە، خۆ ئەگەر دەرکەوت خەتەنە لە بەرژەوەندیی ژناندا نییە و نەکرا، هیچ سەرپێچی و گوناهێکی تێدا نییە. هەر لەو راستایەدا شەرعناسی ناودار “سەید سابق” لە کتێبی “فقە السنە”دا پێیوایە کۆی ئەو فەرموودانەی دەربارەی خەتەنەکردنی ئافرەتان ریوایەتکراون هەموویان لاوازن و سەحیحیان تێدا نییە.
ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی ئیسلام خەتەنەکردی ئافرەتانی بە فەرز نەزانیوە. شێخ ئیبنو عوسێمین دەربارەی خەتەنەی ئافرەتان دەڵێت “خەتەنەکردنی پیاوان، بەرژەوەندیی پیاوەکانی تێدایە، چوونکە بە نەبڕینی ئەو پێستەی سەر گۆپکەی چۆکیان مەرجێکی نوێژ نایەتەدی کە بریتییە لە پاکژیی ئەندامانی لەش، چوونکە لە کاتی هەبوونی ئەو پێستەدا میزی تێدا کۆدەبێتەوە، بەڵام بۆ ئافرەتان وانییە”. دەتوانین بڵێین بە پێی بنەماکانی فیقهی ئیسلامیی خەتەنە بابەتێکی مشتومڕئامێزە و رای پێچەوانەوە و جیاوازی لەسەرە، سەبارەت بە خەتەنەکردنی نێرینە جیا لەوەی جیاوازیی هەیە لە بۆچوونی زانایاندا بەڵام کارێکی نەهی لێکراو نییە، هەرچی پابەندە بە خەتەنەکردنی ژنانەوە جگە لە مەزهەبی شافیعی بە لای زۆرینەی موفەقیهین و مەزهەبەکانی ترەوە کارێکی پەسەند نییە و هیچ بەڵگەیەکی بەهێز لە قورئان و سووننەتدا لە بەردەستدا نین ئەوە بسەلمێنێت خەتەنەکردنی مێینە کردارێکی ئاینیی یان شەرعییە.
خەتەنە و جیهانی سەردەم
لەگەڵ ئەوەی خەباتی بزووتنەوەی ژنانی جیهان چەندان وێستگەی گرنگیی دەستەبەری مافەکانی مێینەی بڕیوە، بەڵام هێشتا چەندان جۆر لە توندوتیژیی دژی ئافرەتان لە برەودایە، یەکێک لەهەرە دیارترینیان خەتەنەیە کە ئەمڕۆ وەک دیاردەیەکی جیهانی سەیری دەکرێت و بوونی هەیە. رۆژانە و هەفتانە و مانگانە هەزاران کچی منداڵ لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەفەریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێک لە وڵاتە دواکەوتوو و ئیسلامییەکان ئەم کردەیەیان بەسەردا پراکسیس دەکرێت و لە بەشێک لەو جێگایانە وەک نەریتێکی ئاینیی و لە هەندێکی تردا وەک کەلەپوورێکی دێرین و نەریتێکی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەچێت. هەرچەندە بە دەیان رێکخراوی جیهانی و لۆکاڵی لە خەباتدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنە و نەهێشتنی ئەم دیاردە توندوتیژ و دژە ژنە، بەڵام وەک ئەوەی لە رێی ئامارەکانەوە دەیزانین هێشتاش ئەو کردارە بەشێکی دانەبڕاوە لە فەرهەنگ و مامەڵەی زۆرێک لە کۆمەڵگەکان.
رێکخراوی تەندروستیی نێودەوڵەتیی “WHO” رایدەگەیەنێت ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن منداڵ لە چەندان دەوڵەتی جیاجیا خەتەنە دەکرێن. هەروەها بە پێی هەندێک سەرژمێریی و ئاماری رێکخراوە پەیوەندیدارەکان هەر ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە 135 ملیۆن ئافرەتی خەتەنەکراو هەن. ئەو ئامارانە ئەوەش دووپاتدەکەنەوە 85% رێژەی خەتەنەکراوەکان دەکەونە کیشوەری رەشەوە” ئەفەریکا”. هەرچی لێکۆڵینەوە سوێدییەکانە روونی دەکەنەوە ئەو نەریتە لە زیاتر لە 30 وڵاتی جیهاندا لە نموونەی وڵاتانی وەک “ساحل ئەلعاج، غانا، کینیا، چاد، کامیرۆن، عەرەبستانی سعوودی، میسر، سودان، مالیزیا، ئەندەنوسیا، ئوردون، ئێراق، ئێران، سووریە و هتد” پەیڕەو دەکرێت. بەداخەوە رەوەندەی بێگانە لە چەقی خۆرئاواو وڵاتە ئەوروپییەکان و ئەمەریکادا هەڵدەستن بە خەتەنەکردنی منداڵەکانیان بەبێ هیچ رێگرییەکی ئەوتۆ، چوونکە لە بەشێک لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا سیاسەتی فرە کولتووریی بۆتە بەڵایەکی گەورە و رەوەندە جیاجیاکان چەندان کاری ناپەسەند و نایاسایی بەو ناوەوە ئەنجام دەدەن، ئێستاکە تازە بە تازە ژمارەیەک لە دەوڵەت ئەوروپییەکان بیریان لە قەدەغەکردن و رێگرییکردن لەم جۆرە کردەوانە کردۆتەوە، لەم بارەوە حکومەتی فینلەندیی خەتەنەکردنی منداڵان بە تاوان دەزانێت و لێپێچینەوە بە پێویست دەزانێت لەگەڵ بکەرەکانیدا.
هاوشان لەگەڵ ئەمەدا دەیان رێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵەی جیهانی و لۆکاڵی لە کارکردندان بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی رێژەی خەتەنە، زۆرێکیش لە رێکخراوە جیهانییەکانی وەک “ئەمنستی” بڕیاریان داوە وەستانەوە بەرەو رووی خەتەنەکردن بکەن بە ئەجیندای کاری رێکخراوەکانیان و لەسەر ئاستی بەرفراوان و جیهانیی کەمپین و هەڵمەتی جۆراوجۆر ساز بدەن بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەو دیاردەیە. نووسەری ئێرانی “نوشین غەبرایی” دەربارەی فۆرمی کاری ئەم رێکخراوانە بە تایبەت لە کیشوەری رەش دەنووسێت “بەپێی راپۆرتی WACC لە26 ئاوریڵی ئەمساڵدا، نیل فۆرد سەرۆکی بەشی خەبات بۆ نەهێشتنی خەتەنەی ژنان لە ئەفەریکا لە رێکخراوی یۆنیسێف، سیاسەتێکی تازە و سەختی بۆ خەبات دژی ئەو کردەوەیە، گرتۆتە پێش و لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەگان و زۆر رێکخراوی تری ناحکومیی و فێمینیستییەکان بۆ مافی لە دەستچووی ژنانی ئەو ناوچانە دەستیان داوەتە هێندێک کاری بە پەلە، بۆ نموونە رێکخراوەکانی RAINBO NOCIRC، PRB TOSTAN، FGC، WOWORC، PRB و سەدان ئۆرگان و رێکخراوی ناحکومیی دیکە بۆ خەبات بۆ نەمانی خەتەنەی ژنانیان کردۆتە سەر فەسڵی کاری خۆیان و هەوڵی جیددی بۆ دەدەن. تەواوی کارناسان، کۆمەڵناسان و دەروونناسانی پسپۆر لەو بارەیەوە لەسەر ئەو باوەڕەن خەباتەکە نابێ تەنیا بەشێوەی فیزیکیی و ترسان لە گیروگرفتی قەزاییەوە بێ، بەڵکو لە پەنا ئەو سەختگرتنانە و بەڕێوەبردنی یاسا و لە بەرچاوگرتنی سزای قورس بۆ سەرپێچیکاران و سزادانیان بە پارەیەکی زۆر، دەبێت هەوڵبدرێت بۆ گۆڕینی بیر و بۆچوونی خەڵک”.
خەتەنە لە کۆمەڵی کوردەوارییدا
بۆ نووسینی ئەم باسە و دۆزینەوەی سەرەداوی مێژووی ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵی کوردەوارییدا، زۆر گەڕام بە دوای سەرچاوە مێژووییەکاندا، تاوەکو سەرچاوەیەکم دەست بکەوێت، بەڵام بەداخەوە هیچ کڵافەیەکی داوی ئەو مێژووەم بەردەست نەکەوت. رەنگبێ یەکێک لە هۆیەکان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ژن لە مێژووی کۆمەڵی ئێمەدا شایانی ئاوڕلێدانەوە نەبووە، یان بە مانایەکی تر کتێبی مێژووی ئێمە تەنیا بریتییە لە گێڕانەوەی رەفتار و بەسەرهاتی پیاوەکان، ئەمەش وا دەکات مێژووی ئێمە مێژوویەکی تەواو پیاوانە بێت. بە هەرحاڵ خەتەنەکردن لە کوردستان ئەگەر مێژوویەکی زۆر کۆنیشی نەبێت بە بەراوورد بە کۆمەڵەکانی تر، ئەوە هیچ کات گومان لەسەر ئەوە نییە، خەتەنە بە پێی تێپەڕین و پیادەکردنی لە مێژووماندا بووە بە جوزئێک لە ترادیسیۆن و نەریتی کۆمەڵایەتیمان. بێگومان هەر کام لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان بگریت خاڵی نییە لە پیادەکردنی ئەو کردارە، ئەوەی دەگۆڕێت تەنیا گۆڕانە لە رێژەدا، چوونکە بە پێی زۆرێک لە داتا و ئامارەکان دەرکەوتووە خەتەنەکردنی کچان لە ناوەندی شارەکان بە بەراوورد بە ناوچەکانی کەنار “گوند و شارۆچکەکان” رێژەکەی کەمترە. جگە لەوەش بە پێی کولتووری شارەکانیش گۆڕان و جیاوازیی هەیە لە رێژەکاندا.
بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی جیهانیی لەشساغیی 60% ژنانی باشووری کوردستان خەتەنە کراون. هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی “نۆشین غەبرایی” تەنیا لە ئاواییەکی باشووری کوردستاندا لە کۆی 1544 ژن و کچ، 907 کەسیان خەتەنەکراون. هەروەها بە گوێرەی لێدوانی “فەلاح مرادخان” رێکخەری گشتیی رێکخراوی وادی ئەڵمانیی خەتەنەکردن لە کوردستان بەشێوەیەکی مەترسیدار و بەربڵاو پەیڕەو دەکرێت و رێکخراوەکەشیان هەستاوە بە ئەنجامدانی ئامارێک لە 201 گوند و شارۆچکەی سەر بە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوک لە نێوان ساڵانی 2005-2007 بە مەبەستی زانینی رێژەی خەتەنەکراون، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە، لە کۆی 5628 ئافرەت 3502 یان خەتەنەکراون، ئەم رێژەیەش دەکاتە 62% سەرجەم ئەو ژنانە. “8”. ئەم رێژەیە واتای رەوشێکی مەترسیدار بۆ مێینە لە کوردستان مانیفێست دەکا، ئەم ئامارە دەیسەلمێنێت لە کوردستانیش ژنان لە ژێر توندترین شێوەی توندوتیژییدا ژیان دەگوزەرێنن. لە ئاوها حاڵەتێکیشدا کە یاسای خەتەنە لە پەرلەمانی کوردستانە و چەندان رێکخراوی داکۆکیکار لە مافی ژن و مافی مرۆڤ هەزاران واژۆیان بۆ قەدەغەکردنی ئەو دیاردەیە کۆکردۆتەوە، پەرلەمان هیچ دەنگێکی ئەوتۆی نییە و بە گوێرەی وتەی هەندێ لە رۆژنامەکانیش پەرلەمانتارە پیاوەکان شەرم لە تاوتوێکردن و گفتوگۆی ئەم پرسە دەکەن!!.
بێگومان شەرمکردن و پشتگوێخستنی ئەو پرسە خۆی لە خۆیدا جگە لە سووک سەرنجدان و تێڕوانینی ئاکارییانەی پەرلەمانتاران بۆ کەسێتی ژن، جۆرێکیشە لە پاڵپشتیکردنی ئەو نەریتە رزیو و کۆنە لە دژی ژنان. بچووککردنەوەشی دیسان تاوانە، چوونکە بە وتەی یەکێک لە پەرلەمانتارە ژنەکان، زۆرێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان پێیانوایە دیاردەکە شتێکی ئەوتۆ نییە تاوەکو پێویستی بە دەرچوونی یاسایەک هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی. دواجار تەنیا هەر ئەوەندە دەڵێین ئەو چەند راپۆرت و بە دواداچوون و ئامارەی لە رۆژنامەکانی کوردستان لەمەڕ خەتەنە بڵاوکراونەتەوە بەسن بۆ ئەوەی بزانین رێژە و قەبارەی ئەو تاوانە چەندە و چۆنیش ژنانیش لێی تووڕە و بێزارن؟. بەسیشن بۆ ئەوەی لە کوردستان لە رێگەی هەڵمەتێکی نیشتمانی سەرتاسەرییەوە و بە یەکخستنی وزەی رێکخراوەکان و حکومەت کۆتایی بهێنرێت بە پیادەکردنی خەتەنە.
ئەنجامگیریی
ئەوەی لەلای هەموو لایەکمان روونە، خەتەنە جگە لەوەی نەریتێکی کۆن و دواکەوتووانەیە، کۆمەڵێک ئیفرازاتی نێگەتیڤیشی بۆ سەر تاکی خەتەنەکراو هەیە. بەڵام تاکە شتێکی گرنگ لەم نێوەندەدا بریتییە لە سنووردارکردن و هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە، ئەم کارە چەند میکانیزم و رێگەیەکی خۆی هەیە، لەوانەیە دوو لە گرنگترینیان لەم دوو میکانیزمەدا خۆیان ببیننەوە:
لایەنی یاسایی: پێویستە دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسادانان لە رێگەی تێکستێکی یاسایی روون و ئاشکراوە هەم خەتەنە قەدەغە بکات، هەم سزای یاسایی “ماددیی و مەعنەویی” بۆ سەرپێچیکاران دابنێت. ئەم یاسایە بە فۆرمێک دابڕێژرێت هەموو بڕگە و لایەنەکانی ئاشکرا بن و هیچ لوغزێکیان تێدا نەبێت، بەمەش یاسا دەبێتە هۆیەکی بنەڕەتیی بۆ پاراستنی تاک لە توندوتیژیی کرداری خەتەنە.
لایەنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی: ئەم رێگایە بریتییە لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ و دامەزراوەی خێزان، تا نەبنە هۆکاری خەتەنەکردنی منداڵەکانیان. ئەم رێگەیەش خۆی لە خۆیدا بەهۆی چەند میکانیزمێکی ترەوە دێتەدی، لەوانە: بوونی سیستمێکی پەروەردەیی مودێرن و شارستانی و لیبرال، پاڵپشتێکی میدیایی کارا، ریفۆرمی کۆمەڵایەتی و ئاینیی و…هتد. ئەم رێگەیە وا دەکات فەزایەکی وەها بێتەدی، لە پێش دامودەزگاکانی میرییەوە خودی خێزانەکان رێگریی بکەن لە خەتەنەکردنی منداڵەکانیان “بە تایبەتی منداڵە کچەکانیان”. بێگومان رێگە و میکانیزمی تریش هەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، بەڵام ئەو دوو لایەن و میکانیزمەی لە سەرەوە باسکران، لە گرنگترین و کاراترین رێگە و ئامڕازەکانی رێگەگرتنن لەئەنجامدانی ئەو کردارە، خۆ ئەگەر هاتو ئەو دوو میکانیزمە لە شوێنی خۆیاندا بەکارهێنران هەرگیز دیاردەیەک لە کۆمەڵدا نامێنێت ناوی خەتەنە بێت.
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم