كه‌ڵكه‌ڵه‌ی زمان و وه‌رگێڕان … سه‌باح ئیسماعیل
نووسه‌ری عه‌ره‌ب (عه‌بده وازن) له وتارێكیدا به‌ناوی (وه‌رگێڕانێكی عه‌ره‌بی و ئافاته‌كان) داخ و خه‌می خۆی ده‌رده‌بڕێت، به‌وه‌ی له‌م دوایییه‌دا ڕۆمانێكی وه‌رگێڕدراوی ژاپۆنیی بۆ زمانی عه‌ره‌بی خوێندووه‌ته‌وه، تووشی چ شۆكێك له ناپاكیی له وه‌رگێڕان هاتووه. وه‌كو خۆی ده‌بێژێت: “بێ زێده‌گۆیی جگه له هه‌ڵه‌ی چاپ 150 هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانیم تێدا بینییه‌وه. كاتێك سه‌باره‌ت به‌خراپیی ئه‌و وه‌رگێڕانه‌ی له ژاپۆنییه‌وه كرابوو له بڵاوكاره‌كه‌م پرسی، كه یه‌كێكه له هاوه‌ڵانم، گوتی، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌ك بوو و ڕووی دا، ئه‌گینا گه‌ر كۆمه‌كی وڵاتی ژاپۆن نه‌بوایا له بازاڕ ده‌یكێشایه‌وه. هه‌ر به‌كرده‌نییش پێش چه‌ند مانگێك ڕۆمانێكی وه‌رگێڕاوی له‌ناو دا و به‌رگه‌ی زیانه‌كه‌ی گرت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له براده‌رانی تێبینیگه‌لێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌یان داوه‌تێ…”.
ئه‌مه قسه‌ی ڕۆژنامه‌نووسێكی عه‌ره‌به، جا وه‌ره گه‌لۆ، داخۆ ئێمه‌ی كورد ده‌بێت چ بڵێین؟ به‌ده‌گمه‌ن كتێبێكی كوردی ده‌بینیت هه‌ڵه‌ی چاپی تێدا نه‌بێت، له‌وه كاره‌ساتبارتر هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانییه.
كه‌م نووسه‌ر و وه‌رگێڕی كورد بوێریی ئه‌وه ده‌كه‌ن ده‌ستنووسی خۆیان پێش له‌چاپدانی بخه‌نه به‌رده‌ستی نووسه‌رێكی تر، یان هاوه‌ڵێكی خوێنه‌ری جدیی خۆیان پێیدا بچێته‌وه، یان به‌فیلته‌ری شاره‌زایه‌ك له زمانزانی كوردیدا تێپه‌ڕێت.
“گونته‌ر گراس كه 1999 نۆبێڵی له ئه‌ده‌بدا وه‌رگرت، هاوكارێكی هه‌یه، یه‌كه‌مین كه‌سه، ڕه‌شنووسه‌كانی ده‌خوێنێته‌وه و ئازادیی ئه‌وه‌یشی هه‌یه، به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ نووسه‌ردا، جوانكارییان تێدا بكات و ته‌نانه‌ت مافی گۆڕین و لابردنی هه‌ندێك ڕسته و په‌ره‌گرافیشی هه‌یه. هیچ كام له ڕۆمانه‌كانی گراس، ڕه‌وانه‌ی وه‌شانخانه ناكرێن و ڕووناكی نابینن، ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوكاره‌ی كه وه‌ك ده‌ستی ڕاستی وایه، ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر نه‌دابێت. ئه‌م بێفیزییه‌ی ئه‌و نووسه‌ره گه‌وره‌یه، مایه‌ی سه‌رسوڕمان و جێی ڕێزی هه‌موو ئه‌وانه‌یه كه ئه‌م ڕاستییه ده‌زانن”.
له دانیشتنێكدا له یانه‌ی ئه‌ندازیارانی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندی عه‌ره‌ب (د. عه‌بدوڵا ئیبراهیم) و (فاروق مسته‌فا و هیشام قه‌یسی و بورهان ئه‌حمه‌د) دكتۆر عه‌بدوڵا باسی ئه‌وه‌ی بۆ كردین، به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر ده‌ستنووسێكی بۆ چاپ بنێرێت، ده‌یداته مامۆستایه‌كی زمانی عه‌ره‌بی، كه دۆستی خۆیه‌تی و نووسه‌ر نییه، له به‌رابه‌ر بڕێك پاره به‌ده‌ستنووسه‌كه‌یدا ده‌چێته‌وه و هه‌ڵه زمانه‌وانییه‌كانی بۆ چاكده‌كاته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت بۆ زیاتر زانین، د. عه‌بدوڵا به‌بنه‌چه عه‌ره‌به و ده‌رچووی به‌شی زمانی عه‌ره‌بییه، تێزی دوكتۆراكه‌شی هه‌ر له‌سه‌ر زمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بییه، كه‌چی ئینجاش جگه له خاكه‌ڕایییه‌كه‌ی هێند خه‌مخۆری زمان و كتێبه‌كانیه‌تی هه‌روا به‌ئاسانی ناهێڵێت ده‌ستنووسه‌كانی به‌ده‌م هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانییه‌وه ملی ڕێگه‌ی چاپ بگرنه‌به‌ر.
زمان به‌م ئاوایه به‌ره‌وپێش ده‌چێت و گه‌شه ده‌كات. ده‌زگه‌ی په‌نگوینی ئه‌مریكی باوه‌ڕی بێئه‌ندازه‌ی به‌خۆ و به‌كاره‌كانیان وای لێ‌كردن خه‌ڵات بۆ ئه‌وانه ته‌رخان بكه‌ن، كه بتوانن هه‌ڵه‌یه‌كی چاپ له كتێبه‌كانیاندا ببیننه‌وه.
مخابن، كام ده‌زگه‌ی كوردی ئه‌و بوێرییه ده‌كات شتی له‌و بابه‌ته ڕابگه‌یه‌نێت؟ له زۆربه‌ی ده‌زگه كوردییه‌كاندا ئه‌وی به‌های نه‌بێت هه‌ڵه‌بڕه. وه‌كو كه‌سێكی شوێنگر و زیاده ته‌ماشا ده‌كرێت.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه خاڵێكه بۆ چوونه ناو پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه، ئه‌گه‌ر بێین باسی پرۆسه‌كه خۆی بكه‌ین ئینجا تێده‌گه‌ین ڕه‌وشی وه‌رگێڕان له كوردستان به‌چ ئاقارێكدا ده‌ڕوات! ده‌توانم ناوی چه‌ندین وه‌رگێڕ بێنم، كه به‌ئاره‌زوو و كه‌یفی دڵی خۆیان ڕسته و په‌ڕه‌گرافیان له ده‌قی وه‌رگێڕاوه‌وه په‌ڕاندووه، یان قرتاندووه!!
كاتێك ڕۆماننووسی جه‌زائیری واسینی ئه‌لئه‌عره‌ج داوای لێكردم ڕۆمانی (ماڵه ئه‌نده‌لوسییه‌كه) بۆ زمانی كوردی وه‌رگێڕم، پێمگوت ڕۆمانێكی زۆر قه‌به‌یه، نزیك 500 لاپه‌ڕه‌یه ماندووم ده‌كات و سه‌بری زۆری ده‌وێت. پێی‌گوتم: به‌ڕه‌زامه‌ندیی من ده‌توانیت نامه‌كان پشتگوێ بخه‌یت و وه‌ریان نه‌گێڕیت، ئه‌وكات خێراتر و زووتریش ته‌واوی ده‌كه‌یت. یانی نیوه به‌نیوه كه‌مده‌بووه‌وه. پێمگوت، شتی وا چۆن ده‌بێت؟ ئه‌وه ئه‌مانه‌تی ئه‌ده‌بییه، پاشان ئه‌ی چی به‌خوێنه‌ران بڵێم له‌كاتێكدا هیچ وه‌رگێڕێك مافی ئه‌وه‌ی نییه له هیچ ده‌قێكدا ته‌نانه‌ت باز به‌سه‌ر ڕسته‌یه‌ك و وشه‌یه‌كدا بدات؟ پاشان كتێبه‌كه له مافی ئه‌و وه‌ك نووسه‌ر ده‌رچووه، تاكو ماف به‌خۆی بدات و به‌و شێوه‌یه بڕیاری له‌باره‌وه بدات.
بێگومان به‌وه كاره‌كه بۆ من گه‌لێك ئاسان ده‌بووه‌وه، به‌ڵام ئه‌وكات ڕه‌نگه ببوومایه‌ته بێ ویژدانترین و نائه‌مینترین وه‌رگێڕی كورد. خێرایی له وه‌رگێڕاندا گرینگ نییه هێنده‌ی ئه‌وه‌ی چی و چۆنی وه‌رده‌گێڕیت. ئه‌فڵاتوون ده‌ڵێت: “داوای خێرایی له كاردا مه‌كه به‌ڵكو داوای باشیی بكه، ئاخر خه‌ڵكی پرسیاری ماوه‌ی ته‌واوبوونی ناكه‌ن به‌ڵكو پرسیاری باشیی له وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا ده‌كه‌ن”.
چ ویژدانێكه كه‌سانێك ده‌ست بۆ وه‌رگێڕان ده‌به‌ن نه‌ك هه‌ر له زمانی لێ وه‌رگێڕاو به‌ڵه‌د و شاره‌زا نین، بگره له كوردییه‌كه‌شدا به‌هه‌مان شێوه لاوازن و له وشه و ئیدیۆم و په‌ند و گه‌مه‌كردن به‌وشه بێئه‌ندازه بێ زه‌خیره و بێ ده‌سه‌ڵاتن و بۆنوبه‌رامه‌ی زمانه‌كه‌ی له ده‌ماری ڕسته و ده‌سته‌واژه‌كاندا شه‌پۆل نادات.
بێگومان ئامرازی وه‌رگێڕ زمانه، زمانیش بوونه‌وه‌رێكی زیندووه و هه‌میشه له گۆڕاندایه.
“وه‌رگێڕان پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی وشه به‌وشه نییه له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی دی، هه‌روه‌ها پیشه‌یه‌كی میكانیكی نییه وشه‌یه‌ك جێگه‌ی وشه بیانییه‌كه بگرێته‌وه”.
وه‌رگێڕان ڕێگه‌یه‌كه بۆ ناسینی ئه‌ویتر و به‌رده‌وامبوونه له‌گه‌ڵی، هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ی كارلێكی ڕۆشنبیری و ژیارییه له‌نێوان دوو ژیاردا. هه‌ستكردنه به‌ڕۆحی وشه و گه‌ڕانه به‌ناو فه‌رهه‌نگاندا بۆ دۆزینه‌وه‌ی شیاوترین و له‌بارترینیان. وه‌رگێڕان خۆی له‌خۆیدا دیالۆگه له‌گه‌ڵ كلتووره هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كانی میلله‌تانی تردا، بگره وه‌رگێڕان له كایه‌ی ڕۆشنبیریدا ڕۆڵی په‌یامبه‌ر ده‌بینێت و په‌نجه‌ره‌یه‌كی ڕۆشنبیرییه به‌ڕووی كلتووره‌كانی تردا ده‌كرێته‌وه.
وه‌رگێڕان بۆ وه‌رگێڕی كارامه و پسپۆڕ دۆزینه‌وه‌یه‌كی تازه‌یه، ئالووده‌ی ده‌بێت و ژیان و بوونی خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه. لای وه‌رگێڕی ئاشق به‌وشه هیچ شتێك هێنده‌ی گه‌ڕان به‌دوای وشه‌ی نوێ‌دا چێژی نییه، له گه‌ڕانی ئه‌و ڕاوچییانه ده‌كات له بنی ده‌ریا به‌دووی مرواریدا ده‌گه‌ڕێن. هه‌ڵبه‌ت چه‌ند دڵسۆزیی بۆ كاره‌كه‌ت بنوێنیت هێند تێیدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بیت. چه‌ندیش له كاره‌كه‌تدا سه‌ركه‌وتوو بیت ئیشقت بۆی پتر ده‌بێت. به‌كورتی وه‌رگێڕان كه‌شتییه‌كه گه‌نجینه‌یه‌كی به‌هادار له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی تر ده‌گوازێته‌وه.
وه‌رگێڕێكی كورد په‌نابردن بۆ فه‌رهه‌نگی به‌شانكورتیی دانابوو، وای بۆ چووبوو گه‌ر هه‌ر وه‌رگێڕێك له‌كاتی وه‌رگێڕاندا فه‌رهه‌نگ به‌كاربهێنێت، ئه‌وا ناته‌واویی له زمان و له وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا هه‌یه.
له‌م باره‌وه وه‌رگێڕی ناوداری بوڵگاری (س. فلۆرین) ده‌ڵێت:
“به‌گشتی ئه‌و وه‌رگێڕه‌ی بێ فه‌رهه‌نگ كاری وه‌رگێڕان ده‌كات، وه‌رگێڕ نییه!”.
فه‌رهه‌نگ یه‌كێك له چه‌كه‌كانی وه‌رگێڕه، وه‌ك جه‌نگاوه‌ر ده‌بێت هه‌موو جۆره چه‌كێك له كاتی به‌شداربوون له شه‌ڕدا به‌كاربهێنرێت. بۆیه فه‌رهه‌نگ چه‌كی نوێی وه‌رگێڕ و كه‌ره‌سته‌یه‌تی له‌كاتی وه‌رگێڕاندا.
بوونی فه‌رهه‌نگ وه‌رگێڕ دوورده‌خاته‌وه له‌وه‌ی وشه له زمانه‌كه‌یدا دابتاشێت یاخود وشه‌كانی دووباره و سواوبن، هه‌روه‌ها پتر ڕێگه واڵاده‌كات گه‌مه به‌وشه بكه‌یت و جوانترین و له‌بارترینیان هه‌ڵبژێریت. هه‌ڵبه‌ت وه‌رگێڕی نه‌شاره‌زا و ناكارامه ئه‌گه‌ر “هه‌موو وشه‌كانی نێو فه‌رهه‌نگی هه‌نبانه‌بۆرینه و فه‌رهه‌نگی خاڵ و فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی گیو موكریانی (فه‌رهه‌نگی كوردستان)یشی له مێشكدابێ، به‌ڵام نه‌زانێ وشه‌كان چۆن بچنێ و له پاڵ یه‌كیان دابنێت و له پێكهاته‌یه‌كی كوردانه‌دا هه‌ڵیانشێلێت و بیانڕه‌نگێنێت، دیسان هه‌ر زمانێكی سه‌قه‌ت به‌رهه‌م دێنێته‌وه”.
وه‌رگێڕی ناوداری ئه‌رمه‌ن سۆرنیان ده‌ڵێت:
“باشترین وه‌رگێڕان (به‌ڕای من) ئه‌و وه‌رگێڕانه‌یه خوێنه‌ر هه‌ستنه‌كات كتێبێكی وه‌رگێڕاو ده‌خوێنێته‌وه”.
ڕۆماننووس بۆ نووسین هه‌میشه ئاتاجی دووره‌په‌رێزییه، مه‌گه‌ر وه‌رگێڕی ڕۆمان هێنده‌ی ڕۆماننووس دووره‌په‌رێز و ته‌نیا بێت. وه‌رگێڕ ڕۆژانه پێویستی به‌وه‌رگێڕانی چه‌ندین لاپه‌ڕه هه‌یه، بۆیه هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه ده‌بێت به‌ته‌نیا ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجام بدات، به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆیدا بدوێت. به‌ته‌نیا گه‌شت به‌ناو زمانه‌كه‌ی خۆیدا بكات.
بڕواناكه‌م كه‌س هێنده‌ی وه‌رگێڕ ئاشقی زمانه‌كه‌ی خۆی بێت، ئاخر ئه‌وه وه‌رگێڕه ڕۆژانه په‌یڤه‌كان زیندووده‌كاته‌وه و به‌ناو زمانه‌كه‌ی خۆیدا، به‌ناو فه‌رهه‌نگی مێشكی و لاپه‌ڕه‌ی فه‌رهه‌نگه‌كانی كتێبخانه‌كه‌یدا ته‌راتێن ده‌كات و لاپه‌ڕه‌كانیان هه‌ڵده‌داته‌وه. بۆ هیچ نا، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی وشه یان زاراوه‌یه‌كی له‌بارتر و مۆسیقیتر بدۆزێته‌وه.
ئه‌وه وه‌رگێڕه به‌دوای جووڵه و ڕیتمی وشه‌ی زمانه‌كه‌ی و ئاواز و قورساییی په‌یڤه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت. لای ئه‌و وشه تابڵێی پیرۆز و گرانبه‌هایه، بۆیه كاتێك وشه‌یه‌ك له‌بری ئه‌ویدی داده‌نێت، لای ئه‌و وه‌ك ئه‌وه وایه له‌بری بلۆكه ئاڵتوونێك به‌هه‌مان كێش و قه‌باره‌ی ئه‌وه‌ی پێشوو له بلۆكه ئاڵتوونێكی تر بگه‌ڕێت له شوێنه‌كه‌ی دایبنێت.
ئه‌وه ته‌نیا فه‌رهه‌نگنووسه پێش وه‌رگێڕ كه‌وتووه و دێوانه‌ئاسا عه‌وداڵی زیندووكردنه و بووژانه‌وه‌ی په‌یڤه‌كانی زمانه‌كه‌یه‌تی. ئه‌وه ئه‌وه ڕۆح به‌به‌ر ئه‌و وشه ده‌گمه‌ن و له‌بیركراو و به‌سه‌رچوو و نه‌نووسراوانه‌ی زمانه‌كه‌یدا ده‌كات و ده‌یانبووژێنێته‌وه.
وه‌رگێڕێكی گه‌وره‌ی ئێرانی هه‌مبه‌ر به‌داڕشتنێكی ته‌واو خۆماڵییانه، كه دوور نه‌بێت له گه‌وهه‌ر و سروشتی زمانه فارسییه‌كه، ده‌ڵێت: “جاری وا هه‌یه ڕسته‌یه‌ك به ده دوازده جۆر داده‌ڕێژمه‌وه. وشه‌كان باره‌وبار ده‌كه‌م، جێگۆڕكێیان پێ ده‌كه‌م. له باری مۆسیقایی و ئاوازی وشه‌كان و پێكهاته‌ی ڕسته‌كه ورد ده‌بمه‌وه، ئینجا خۆش ئاوازترینه‌كه‌یان هه‌ڵده‌بژێرم”.
پێوه‌ر و مه‌رجه‌كانی وه‌رگێڕان زۆرن، من لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه پێیاندا بێمه خوار و بیانژمێرم، یاخود ڕۆڵی ئامۆژگاریكار ببینم، به‌ڵام گرینگ‌ترین خاڵ، كه هه‌میشه ده‌بێت جه‌ختی له‌سه‌ر بكرێته‌وه، به‌لای منه‌وه یه‌كه‌مین مه‌رج وه‌رگێڕانه له زمانی یه‌كه‌مه‌وه، نه‌ك له زمانی ناوه‌نده‌وه، واته زمانی دووه‌م. كه پێیده‌ڵێن وه‌رگێڕانی وه‌رگێڕان. ئه‌وی هه‌ژار پێیده‌ڵێت ڕیشت به‌ده‌ست كه‌سێكی دیكه‌وه‌یه “كه‌وابوو ته‌رجه‌مه تامی ته‌رجه‌مه‌كراو كه‌م ده‌كاته‌وه. ئه‌مجار پرسیارێك دێته پێش، ئه‌و ته‌رجه‌مانه‌ی له ته‌رجه‌مه‌وه، ته‌رجه‌مه ده‌كرێن ده‌بێ چۆن بن؟…”.
له‌م باره‌وه وه‌رگێڕ و نووسه‌ری گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب “جۆرج ته‌رابیشی” ده‌ڵێت:
“نزیكه‌ی 30 كتێبی فرۆیدم وه‌رگێڕا، به‌ڵام نه‌ك له زمانه بنه‌ڕه‌تییه ئه‌ڵمانییه‌كه‌یه‌وه، به‌ڵكو له زمانی فڕه‌نسییه‌وه. ئێوه‌ش به‌په‌نده ئیتاڵییه‌كه ئاشنان، كه ده‌ڵێت: وه‌رگێڕ خیانه‌تكاره Traditore Traduttoreمنیش كه له زمانێكه‌وه وه‌رگێڕان بكه‌م، كه ئه‌ویش له زمانێكی دیكه‌وه وه‌رگێڕدرابێت، كه‌واته خیانه‌تێكی دوانه‌یییه، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ناچاریی بوو، به‌و پێیه‌ی له كلتوری عه‌ره‌بیدا، كه له ئه‌نجامی هه‌ژموونی پێشتری هه‌ردوو زمانی فڕه‌نسی و ئینگلیزییه‌وه به‌هۆی كۆڵۆنیالیزمه‌وه، كه‌سێك نییه ئه‌ڵمانی به‌باشی بزانێت مه‌گه‌ر زۆر كه‌م.
خۆ ئه‌گه‌ر فرۆیدم وه‌رنه‌گێڕابایه و كه‌سی دیكه‌ش له فڕه‌نسیی یان ئینگلیزییه‌وه ئه‌م كاره‌ی نه‌كردبایه، ئه‌وا زمانی عه‌ره‌بی به‌بێ فرۆید و بێ شیكاری ده‌روونیی ده‌مایه‌وه، ئه‌مه‌ش شتێكی قبوڵكراو نییه. گه‌رچی خیانه‌تێكی دوولایه‌نه‌م كرد، به‌ڵام پێموایه خزمه‌تێكی پێویستم به‌كلتوری عه‌ره‌بی كرد”.
مسته‌فا لوتفی مه‌نفه‌ڵووتی بێ ئه‌وه‌ی زمانی فڕه‌نسی بزانێت ئه‌ده‌بی له فڕه‌نسییه‌وه وه‌رده‌گێڕایه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی! چوار ڕۆمان و هه‌ندێك چیرۆكی وه‌رگێڕان، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك جار ناوی نووسه‌ره‌كه‌شیان بهێنێت. ئه‌و له وه‌رگێڕاندا پشتی به‌و هاوه‌ڵانه‌ی ده‌به‌ست، كه فڕه‌نسییان ده‌زانی، ڕۆمانه‌كه‌یان به‌زاره‌كی به‌زمانی عه‌ره‌بی بۆ ده‌گێڕایه‌وه، یان بۆیان ده‌نووسی، ئیدی ئه‌و به‌خامه‌ی ڕه‌نگین و به‌زمانه به‌بڕشت و جوانه‌كه‌ی دایده‌ڕشته‌وه. به‌ڵام ڕه‌نگوبۆی زمانی یه‌كه‌م و شێوازی نووسینی له بابه‌تی نووسه‌ره‌كه به‌یه‌كجاری داده‌ماڵی. ئه‌و به‌مه ناپاكییه‌كی گه‌وره‌ی له هونه‌ری وه‌رگێڕان كرد، به‌ڵام بازی به‌زمانی عه‌ره‌بی دا و په‌خشانی عه‌ره‌بیی به‌ره‌وپێش برد.
هه‌ڵبه‌ت وه‌رگێڕی ناكارامه و دوور له ئیشق و بێده‌ربه‌ست و خه‌منه‌خۆری تر هه‌ن به‌زۆر خۆیان ده‌خه‌نه ناو بواری وه‌رگێڕانه‌وه و له‌كاتی وه‌رگێڕاندا به‌كه‌یفی دڵی خۆیان ده‌ستكاریی ده‌ق ده‌كه‌ن و لێیده‌قرتێنن، یان هه‌ندێك جار لای خۆیانه‌وه شتی ده‌خه‌نه سه‌ر، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كۆتایییه‌كه‌ی به‌بارێكی تردا ده‌به‌ن و ئه‌و مافه به‌خۆیان ده‌ده‌ن چون دانه‌ری ئه‌و تێكسته‌بن ئاقاری ڕۆمانه‌كه ده‌گۆڕن.
یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌ی تابڵێی ناوداره و ڕۆمانه‌كانی بۆ زۆربه‌ی زمانانی دنیا وه‌رگێڕراون “ئیزابێل ئه‌لندی”یه.
هه‌موو ده‌زانین ئه‌م نووسه‌ره چ پێگه‌یه‌كی جیهانیی له ئه‌بدا گرتووه و گشت دنیا دانی به‌ڕۆمانه پڕ له داهێنانه‌كانیدا ناوه، كه هه‌ر به‌ڕاستییش شایانییه‌تی.
كه‌م كه‌س ده‌زانن له ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا وه‌كو وه‌رگێڕێك له ئینگلیزییه‌وه بۆ ئیسپانی وه‌رگێڕانی ده‌كرد. مخابن، پاشان ده‌ركه‌وت ئه‌م وه‌رگێڕه به‌ئاره‌زووی دڵی خۆی دیالۆگی نێوان كاراكته‌ره‌كان ده‌گۆڕێت و ئه‌وی خۆی به‌شیاوی بزانێت ئه‌وه ده‌نووسێت!
هه‌ر به‌وه‌نده‌وه نه‌ده‌وه‌ستا، بگره كۆتاییی هه‌ندێك له ڕۆمانه‌كانیشی ده‌گۆڕی. چاره‌نووسێكی به‌كاراكته‌ره‌كان ده‌به‌خشی جیا له‌وه‌ی ڕۆماننووس بۆی دانابوون. پاساویشی بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌بوو له ڕۆمانه‌كه جوانتر و شیاوتری ده‌كات. ئه‌مه‌ش وای له بڵاوكاره‌كه‌ی كرد سزای بدات و له كاره‌كه‌ی ده‌ریكات. چونكه به‌ڕێساكانی وه‌رگێڕانه‌وه پابه‌ند نه‌بوو، ئه‌گه‌ر زوو بڵاوكاره‌كه ئاگه‌دار نه‌بوایه‌ته‌وه و پێی نه‌زانیبایا ئێستا له‌گه‌ڵ كاروانی وه‌رگێڕاندا به‌رده‌وام ده‌بوو.
ڕه‌نگه ئه‌مه چێژ و چه‌شه‌ی وه‌رگێڕان بێت وای له خاتو ئه‌لندی كردبێت ئه‌و مافه‌ی به‌خۆی دابێت ده‌سكاریی كۆتایییه‌كان بكات و له‌كوێ به‌دڵی نه‌بووبێت بیبڕێت و دیالۆگی خۆی تێ بئاخنێت و بیسه‌پێنێت.
هه‌ڵبه‌ت هه‌میشه نووسه‌ری ڕاسته‌قینه، نووسه‌ری دڵسۆز به‌ئه‌ده‌ب و ژیان، له هه‌ر بارودۆخێكدا بێت، هه‌رگیز ڕێگه به‌خۆی نادات به‌ناپاكی ده‌ست بۆ حورمه‌تی ده‌ق ببات و له ماناكه‌ی لابدات.
هه‌ر له‌م بواره‌دا كاتێك بۆدلێر قه‌له‌ڕه‌شی ئه‌دگار ئالان پۆی وه‌رگێڕا پتر بۆدلێری تێدا ده‌بینرا نه‌ك ئالان پۆ، هه‌ژاریش به‌وه‌رگێڕانه‌كه‌ی چوارینه‌كانی خه‌یامی به‌هه‌مان ده‌رد بردووه. له گه‌لێك شوێن ده‌بینین ئه‌وه هه‌ژاری وه‌رگێڕه ده‌دوێت نه‌ك خه‌یامی شاعیر خۆی.
ئانا ئه‌خمه‌تۆڤای شاعیری ڕووس (1889زـ1966ز)، كه به‌ناودارترین شاعیری ڕووس له سه‌ده‌ی بیست داده‌نرێت، ماوه‌یه‌كی زۆر سه‌رقاڵی وه‌رگێڕانی شیعری بیانی بوو بۆ سه‌ر زمانی ڕووسی. دوای ئه‌وه‌ی له ڕێژیمی سه‌ركوتكاری سۆڤیه‌ت ده‌ستوور درا له‌به‌ر هۆكاری سیاسی ڕێ له بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعره‌كانی بگیرێت و بڵاونه‌كرێنه‌وه. له هه‌مان كاتدا مێردی یه‌كه‌می له‌سێداره درا و دووه‌مین پیاویشی له زیندان سه‌رینایه‌وه و كوڕه‌كه‌شی ماوه‌یه‌كی زۆری له گرتیگه‌كاندا به‌سه‌ربرد.
ده‌سه‌ڵاتدارانی سۆڤیه‌تی ئه‌وسا بڵاوكردنه‌وه‌ی دیوانه شیعره‌كانیان لێ قه‌ده‌غه‌كرد، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیای باودا نه‌ده‌گونجا. ته‌نیا ئه‌وه‌نده ڕێیان دا ژماره‌یه‌كی كه‌م له شیعره‌كانی ناوبه‌ناو بڵاوبكاته‌وه. بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌مه ئه‌خمه‌تۆڤا توانای خۆی بۆ وه‌رگێڕانی شیعری بیانی بۆ ڕووسی ته‌رخانكرد، ئه‌وه‌بوو له‌م بواره‌دا گه‌لێك شیعری چینی و كۆری و میسریی كۆنی بۆ زمانی ڕووسی وه‌رگێڕا، هۆكاری ڕاسته‌وخۆش له‌پشت ئه‌مه‌وه حه‌زی وه‌رگێڕان نه‌بوو، به‌ڵكو پێویستیی ئه‌و بوو به‌پاره، دوای ئه‌وه‌ی گشت ده‌رگه‌كان به‌ڕووی دا داخرابوون.
پێوه‌ندیی ئه‌خمه‌تۆڤا به‌وه‌رگێڕانه‌وه ئه‌رێنی نه‌بوو، به‌ڵكو ناچاریی بوو. بێگومان ئه‌و شیعرانه‌ی ئه‌و وه‌ریگێڕابوون به‌لوتكه‌ی داهێنان له وه‌رگێڕانی شیعر ده‌ژمێررێن. چونكه توانی هاونه‌وایییه‌ك له‌نێوان به‌هره‌ی خۆی وه‌كو شاعیرێك له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانه‌كانیدا چێبكات، بێ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندیی شاعیره بیانییه‌كه ون بكات، یان بشێوێنێت. ئه‌وه‌بوو له‌و نێوه‌دا بیست هه‌زار دێڕی نزیكه‌ی 150 شاعیری له كلتووره جیاوازه‌كاندا وه‌رگێڕا و هه‌رچی وزه‌ی شیعریی خۆی هه‌بوو ده‌یدڵۆپانده نێو ئه‌و شیعرانه‌وه.
ئه‌خمه‌تۆڤا نزیكه‌ی په‌نجا ساڵ له‌نێو ڕه‌وشێكی پڕ له زه‌بروزه‌نگی ئایدیۆلۆژیدا، كه خۆی و خێزانه‌كه‌ی گرفتاری بوون، مژووڵی وه‌رگێڕان بوو. ئه‌و بێزارییه وای لێ‌كرد ئه‌و پیشه‌یه‌ی هه‌رگیز حه‌زی پێ نه‌ده‌كرد به‌جوانترین شێوه به‌ڕێوه‌ببات. هه‌رچه‌نده جاڕس و وه‌ڕس ببوایا و پێویستی به‌چاره‌سه‌ری ده‌روونیی ببوایا، ده‌كه‌وته وێزه‌ی وه‌رگێڕانی شیعر و تاكو هێزی تێدا بمایا خه‌ریك ده‌بوو!
تایبه‌تمه‌ندیی له وه‌رگێڕاندا، كه لای ئێمه ئه‌مه‌یان ده‌گمه‌نه و هه‌ر شاعیر و چیرۆكنووس و شانۆكار و ڕۆماننووس و كێ و كێ هه‌ن به‌پاڵ كاری خۆیانه‌وه ده‌ست بۆ حورمه‌تی وه‌رگێڕانیش ده‌به‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕان كارێكی لابه‌لا بێت و كاتێكی تایبه‌ت نه‌بێت بۆ وه‌رگێڕان، به‌ڵكو هه‌رده‌م بۆشایییهكی هه‌بوو و شیعر یاچیرۆكی بۆ نه‌هات، ده‌بێت كاری وه‌رگێڕان بكات، كاتێكیش سه‌باره‌ت به‌وه‌رگێڕان و هونه‌ری وه‌رگێڕان پرسیاری لێده‌كه‌ن هیچ كات خۆی وه‌كو وه‌رگێڕ ناناسێنێت. یانی وه‌رگێڕان به‌كاری سه‌ره‌كیی خۆی نازانێت و ئه‌وده‌می هه‌مبه‌ر وه‌رگێڕان به‌پرسیار گه‌مارۆ بدرێت، زۆر به‌ئاسانی ده‌ڵێت من هیچ كات خۆم به‌وه‌رگێڕ نه‌زانیوه!
هه‌موو ئه‌مانه بێبایه‌خیی ده‌گه‌یه‌نن له ئاست وه‌رگێڕاندا. ئه‌فسووس لای خۆمان بایه‌خی پێویست به‌وه‌رگێڕان نه‌دراوه و تاكو ئێستاش وه‌ك كاری لابه‌لا و ناسه‌ره‌كی ته‌ماشا ده‌كرێت. كه‌چی له وڵاتانی پێشكه‌وتووی وه‌ك ئه‌وروپا و ئه‌مریكا به‌و هه‌موو زانست و ئه‌ده‌به‌ی هه‌یانه، ئینجاش هیچ كات سڵ له وه‌رگێڕانی به‌رهه‌می ئه‌وانی دی ناكه‌نه‌وه و به‌ها و نرخی گه‌وره بۆ وه‌رگێڕان داده‌نێن.
كاتی خۆی كه‌سانی وه‌رگێڕ لای خه‌لیفه‌كانی عه‌باسی هێند مایه‌ی متمانه و بایه‌خ بوون، یه‌كێكی وه‌كو خه‌لیفه مه‌ئموونی عه‌باسی، حونه‌ین بن ئیسحاق (810زـ873ز)ی كرده پزیشكی تایبه‌تی خۆی و ئینجاش كردی به‌سه‌رۆكی (بیت الحكمه). ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت وه‌رگێڕانه‌كانی چه‌ند جێگه‌ی متمانه و سوود و بایه‌خی زۆر بوونه. حونه‌ین یه‌كێك بوو له گه‌شترین و ناودارترین وه‌رگێڕی دنیای ئیسلام له سه‌رده‌می عه‌باسیدا، ئه‌و یه‌كێك بوو له كرستیانانی حیره، كوڕی ده‌رمانسازێكی نه‌ستووری بوو. جگه له سریانی، عه‌ره‌بی، یۆنانی و فارسییشی ده‌زانی. پتر له 100 كتێبی وه‌رگێڕاوه. ئه‌و پێش پتر له هه‌زار ساڵ سه‌باره‌ت به‌وه‌رگێڕان وتوویه‌تی “ته‌نیا زانینی زمان و بابه‌ت به‌س نییه، به‌ڵكو ناسینی نووسه‌ریش پێویسته و وه‌رگێڕ ده‌بێ ئاگاداری نووسین و شێوازه‌كه‌ی بێ”.
به‌پێی ئامارێكی یۆنسكۆ هه‌مبه‌ر قه‌باره‌ی وه‌رگێڕان لای خۆمان و لای ئه‌وان، تووشی شۆك ده‌بین كاتێك چاومان به‌و ژمارانه‌ی لای ئه‌وان و ئه‌وانی لای خۆمان ده‌كه‌وێت.
له‌و ئاماره‌دا هاتووه: ئه‌وی له سه‌رده‌می خه‌لیفه مه‌ئموونی كوڕی ڕه‌شیده‌وه وه‌رگێڕراوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، واته له ساڵی 1813ز وه تاكو ئێستا ده هه‌زار كتێبی تێنه‌په‌ڕاندووه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ژماره‌یه یه‌كسانه به‌وه‌ی له وڵاتێكی وه‌كو ئیسپانیا له یه‌ك ساڵدا وه‌ریانده‌گێڕێت. ئه‌وی هه‌موو وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان پێكه‌وه له ساڵێكدا وه‌ریده‌گێڕن ناكاته پێنج یه‌كی ئه‌وه‌ی وڵاتێكی وه‌كو یۆنان به‌ته‌نیا خۆی له ساڵێكدا وه‌ریده‌گێڕێت.
له جیهانی عه‌ره‌بدا له ماوه‌ی پێنج ساڵدا 4,4 كتێب بۆ هه‌ر ملیۆنێك هاووڵاتیی عه‌ره‌ب وه‌رده‌گێڕرێت، له هه‌مان كاتدا له وڵاتێكی وه‌كو هه‌نگاریا ئه‌و ڕێژه‌یه ده‌گاته 519 كتێبی وه‌رگێڕراو بۆ هه‌ر ملیۆنێك هاووڵاتیی هه‌نگاری.
ئامارێكی تر تیمێك له توێژه‌ران له‌سه‌ر داخوازیی “یه‌كێتیی وه‌رگێڕان” ئاماده‌یان كردووه سه‌باره‌ت به‌كتێبی وه‌رگێڕراو له ده‌زگاكانی بڵاوكردنه‌وه و خانه‌كانی وه‌رگێڕان له به‌یروت له ماوه‌ی نێوان ساڵانی (2000ـ2009)دا گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كتێبی وه‌رگێڕراو بۆ زمانی عه‌ره‌بی به‌درێژایی ده ساڵ (3000) سێ هه‌زار تێپه‌ڕ ناكات، له‌كاتێكدا له ئیسپانیا له ساڵێكدا ده هه‌زار كتێب وه‌رده‌گێڕرێت.
ژماره‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی وه‌رگێڕراونه‌ته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی له ساڵانی (1970زـ2000ز) گه‌یشتووه‌ته 6881 كتێب، ئه‌مه‌ش یه‌كسانه به‌ژماره‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی وه‌رگێڕراونه‌ته سه‌ر زمانی لیتوانی، كه ژماره‌یان 4 ملیۆنه.
به‌گشتی سه‌رجه‌م كتێبی وه‌رگێڕاوی عه‌ره‌بی له ماوه‌ی ده ساڵدا ناگاته ڕێژه‌ی 1% ی ئه‌و كتێبانه‌ی ساڵانه له ئه‌مریكا ده‌رده‌چن.
له وڵاتێكی (7) ملیۆنیی وه‌كو ئیسرائیل، ساڵانه (15000) كتێب وه‌رده‌گێڕرێن، كه‌چی له هه‌موو وڵاته عه‌ره‌بییه‌كاندا، كه دانیشتوانیان خۆی له (350) ملیۆن ده‌دات، ساڵانه ته‌نیا (330) كتێَب وه‌رده‌گێڕرێن.
واته له سه‌رده‌می خه‌لیفه (مه‌ئموونـه‌وه تاكو ئه‌مڕۆ چه‌ند كتێب وه‌رگێڕراونه‌ته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، له ئیسرائیل ئه‌وه به‌چوار ساڵ ئه‌نجام ده‌درێت و له وڵاتێكی وه‌كو ئیسپانیاش به‌یه‌ك ساڵ تۆڵه‌ی ده‌كرێته‌وه. گشت ئه‌و كاغه‌زانه‌ی ساڵانه له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كاندا به‌كارده‌هێنرێن، به‌شی ده‌زگه‌یه‌كی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی فڕه‌نسی ناكه‌ن.
هه‌ڵبه‌ت زیاتریش ناته‌واوییه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌و كتێبه عه‌ره‌بییانه‌ی وه‌رگێڕراون پتر ئه‌ده‌بین و به‌كه‌می كتێبی زانستی‌یان تێدا به‌دی ده‌كرێت. زۆربه‌ی زۆری ئه‌و كتێبانه‌ی له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا عه‌ره‌به‌كان وه‌ریانگێڕاون له به‌رژه‌وه‌ندیی بواری ئه‌ده‌بدا بووه نه‌ك زانست، به‌پێچه‌وانه‌ی وڵاتێكی بچووكی وه‌كو ژاپۆنه‌وه، هه‌ر له‌وكاته‌دا زیاتر كه‌وتنه وێزه‌ی وه‌رگێڕانی كتێبه زانستییه‌كان و تا ماوه‌یه‌ك بارۆمه‌تری وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی ڕوو له داكشان بوو.
ئه‌مه هیچ نه‌گه‌یه‌نێت نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه قه‌ڵشتی جیاوازیی ژیاریی له نێوان عه‌ره‌ب (به‌كوردیشه‌وه چونكه به‌شێكی زۆری كه‌وتووه‌ته ناو ئه‌و جوگرافیایه‌وه) و ڕۆژئاوادا چه‌ند له به‌رینی و فره‌وانیدایه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ململانێی بوون و مانه‌وه‌یه له ژیاندا.
پێشكه‌وتووترین و ڕۆشنبیرترین میلله‌تانی دنیا ئه‌وانه‌ن، كه خۆیان له قۆزاخه‌ی ئه‌ده‌به‌كه‌ی خۆیاندا گرمۆڵه نه‌كردووه، به‌ڵكو پتر بایه‌خ به‌وه‌رگێڕان ده‌ده‌ن و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، دیاره ئه‌و میلله‌تانه به‌زیندوویی ده‌مێننه‌وه، كه له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه سوود له ئه‌ده‌ب و زانست و ئه‌زموونی میلله‌تانی دیكه ده‌بینن و به‌رده‌وام به‌دوای كه‌ره‌سته‌كانی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌پێدانی كلتووریی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن. چونكه گۆڕان مه‌رجه بۆ مانه‌وه و پێشكه‌وتن. میلله‌تی كوردیش چونكه میلله‌تێكی تازه له‌سه‌ر پێ وه‌ستاوه، تابڵێی ئاتاجی به‌كوردی كردنی كلتووری میلله‌تانی تره، به‌ڵام نه‌ك به‌و شێوه هه‌ڕه‌مه‌كییه‌ی ئێستا به‌ڕێوه‌ده‌چێت….
——————————
http://bekolwodoh.blogspot.com/2014/09/blog-post_29.html
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، سانسۆری ئه‌ده‌بی، https://www.facebook.com/hemeseid.hesen/posts/561396857300915
صاحب الربیعی. فن الترجمه 3/5/2006 (ئینته‌رنێت)
صاحب الربیعی. فن الترجمه 3/5/2006
فن الترجمه، ت: حیاه شراره، منشورات وزاره الپقافه والفنون، العراق، 1979، بغداد، ص69.
ڕه‌سوڵی سوڵتانی: كاره‌ساته‌كانی وه‌رگێڕان له زمانی كوردیدا، شوێن و ساڵی بڵاوكردنه‌وه (؟)
فن الترجمه، ت: حیاه شراره، ص28.
ڕه‌سوڵی سوڵتانی: كاره‌ساته‌كانی وه‌رگێڕان له زمانی كوردیدا (ئینته‌رنێت)
بابه‌تێكی بڵاونه‌كراوه‌ی مام هه‌ژار. هه‌فته‌نامه‌ی باس ژماره 270ی 19/1/2016
گۆڤاری دابڕان، ژماره 4، ئه‌یلولی 2016، ل85.
د. عبدالله ابراهیم، لژه الترجمه وشقاۆها، جریده الریاچ، العدد 16236 فی 6/12/2012
مێژووی وه‌رگێڕان، و: ئه‌بوبه‌كر خۆشناو، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی 2011، ل146.