Skip to Content

کاتێک کە ئیبلیس بە خوا هەناسەی دەم بە دەم دەدات.. نووسینی: جەلال حەیدەری نەژاد.. لە فارسیەوە: مەریەم کاکایی

کاتێک کە ئیبلیس بە خوا هەناسەی دەم بە دەم دەدات.. نووسینی: جەلال حەیدەری نەژاد.. لە فارسیەوە: مەریەم کاکایی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 15, 2021 General, Literature



نازانم ئەمە بیرۆکەی چیرۆکێک بوو یاخود پەرەگرافێکە لە سبەی؟ بەشێک لە چارەنووسم بوو یان پەێڤگەڵێک کە وەک وەحی بۆم دادەبەزین. یانی، دەرگای ئاسمانیان داخستبوو و ئێستا کرابووەوە؟ دەورەی پێغەمبەرە گشتییەکان بەسەرچوو بوو و پێدەچێت من پێغەمبەری تایبەتی کەسێک بوومە. ئەگەرنا هۆکاری چییە کە بەیانی زوو، جبرایل بەپەلە لە نێو گوێچکمدا ئاواز بچڕێت و پەیڤگەڵێک لە پاڵ یەک ڕیز بکات، کە هی من نین. دەنگی جبرایل لەرزۆک بوو، لە جیاتی ئەوەی دەبووا من بلەرزام. خۆ ئەو پێشێنەی ناردنی وەحی هەبوو ! ئیدی بۆ وا پەشۆکابوو؟ ڕاڕابوو؟ لەرزان بوو؟ چەرچەفەکەی خۆم بە دەوری جبرایلدا دەپێچم تا ئارام بگرێت. بە ئەندازە و شێوەیەکی ئاسایی له باوشی دەگرم و دڵی دەدەمەوە. رەنگ بە سیمایەوە نەماوە پیرەمێرد. ماندوو لە گەیاندنی وەحی. ئیستکانێ چای داخ دەدەمە دەستیەوە، بەپەلە فڕی دەکات. گەرم دەبێتەوە و ئارام دەگرێت، بەڵام دەنگی تاڕادەیەک هێشتا دەلەرزێت. ترساوە. نیگەران و بێ قرارە. لەو فەخفەخە و هەیبەتەی چیرۆکە بیستراو و ڕوایت کراوەکان هیچ باسێک نییە. جبرایل بێ ئوقرە و تەنانەت بە پەلە بوو و هیچ باسێک لە (اقراء ) نەبوو. بخوێنە لە مانگی سەرکەلدا..محاق.. بوو، بە تکا و دەنگێکی لەرزۆکەوە لێی ڕوانیم و وتی: اعرف! .
“بزان” جێی خۆی دابوو بە بخوێنەوە. (بزان کە سوقوت “داڕمان”، بووتە هۆی کۆتایی ئاوێنەیەک.) و من بە بێ ئەوەی زبانم بگرێ بە شوێنیدا وتمەوە. جبرایل بە سوقوتی دەوت سوقرات. و نەیدەزانی کە من ئەم هەواڵم بەر لە ئەو بیستبوو.

بەیانی زووە. هێشتا چاوم نەکردووەتەوە، کە خێوەت دادەکووتی لە سەر دڵ و هزرم و ئەمە واتا لە هەموو ئەو کاتژمێرانەی چاوم داخستبوو (گوایە خەوتبووم ) وەکو خەوگەردەکان دەستم بە دیواری بوونتەوە دەکێشا و کوێرانە دەڕۆمە بەر ئەو ئاوێنەیەی کە هەمووم دەرناخات. واتا دڵم ئاوێنەی قەدی دەوێ؟ ئایا ئاوێنەیەک هەیە کە مروڤ بە تەواوی پێشان بدات‌؟ ئەویش دووای نائومێدییەکی گەورە کە سەرانسەر بوونی گرتەوە وخوا دیقی کرد؟ و هەموو فریشتەکان ژاریان خواردەوە و ڕوو بە قیبلەی ئادم ڕاکشان؟ و ئیبلیس عاشقانە هەموویانی تیمار دەکرد؟ ئەو دەمەی کە گەورەترین ئاوێنە لە بەرزترین سەربانی ئاسمانەوە کەوتە خووارەوە؟
کینە، بێهوودەیی، فەزا، هەوا، بەربوونەوە، بێ کێشی، چێژی ورد و خاش بوون، پارچە پارچە بوون، ترس ، عیشق، ڕق، نەبوون، هێڵنج، تاران، ڤێژە بەردەوامەکان، هەڵاتن لە چاوشارکێیە عاشقانەکان، ڕاکردن لە سەرلێشێواوییە فەیلەسووفیانەکان، فەریادە ئاراستەدارەکان، خۆکوشتنی بیرەوەرییەکان و سقووت و سقووت و سقووت…. سوقرات و سوقرات!

چیتر ئاوێنەیەک نییە. هەیە بەڵام قەدیی نییە! ورد و خاش دەبێت. بوون سقووت دەکات. سقرات دەبێتە ذاتی بوون. خوا مۆر هەڵگەڕاوە. ئیسرافیل متقی بڕاوە. عوزرایل مردووە. جبرایل ون بووە و ئبلیس بە پەشوکاویەوە بە خوا هەناسەی دەم بە دەم دەدات. پارچە ورد و خاش بووەکانی ئاوێنە گەورەکە سەخت دەناڵێنن بەڵام فرمێسکی شادیش دەڕێژن. پارچە پارچە بوونە و گەورەترین پارچەیان نووکی موژگانی خواش پێشان نادەن. چە سقووتێکی سوقراتیانە! عاشقانە و زیرەکانە! ئەمێستا چیتر پارچە ورد و خاش بووەکانی ئاوێنەکە، ئازاد و ڕەهایانە بۆ یەکتر دەگەڕێن. تەنانەت لە نێو خاکیشدا. هەروا بێ باکانە.
من دەسیانم خوێندووەتەوە . هەروا ئیبلیسیش. من ڕۆڵەی ئیبلیسم! گرێیەک دەکەوێتە نێو چاوانی ئیبلیسەوە. خوا بە سەرسووڕمانەوە ڕووی وەردەگێڕێت. و ئەم سقووتە دەبێتە سوقراتی بوون و هەروا بوونی سوقراتیش!

ئەمێستاکە من دڵم بەربوونەوەی دەوێت.کەوتنەخووارەوە لە سەربانێکی بەرزی دەوێت. وردو خاشبوون -تلقانەوە. حەزدەکەم مێشکم بە وردترین پاشماوەی پارچەکانی زمانم، تام بکەم. حەز دەکەم پەرشبوونی خۆم بچێژم! حاڵەتی دڵتێکچوونم هەیە. هێڵنچ ئەدەم. حاڵەتی تارانم هەیە.دیسانەوەش. چاوەکانم دەردەپەڕن. شین و مۆر دەبمەوە. دڵ و لیلەخۆکانم دەڕژێنە دەرەوە. دڵم کە ڕژایە دەرەوە بە ددان دەیگرم. خوێنی گەرم دەڕژێتە دەرەوە. تامی جەرگ دەدات. توبڵێی ئێسکەکانم بە باشی هەڵبپڕوکێن؟ خوا بکا گوێچکم گەورەترین لەتی جەستەم بێت! هێشتا هەر خەریکە بەردەبمەوە. بەڵام هاوار ناکەم. بێ دەنگ بەردەبمەوە. وەکو خودا بەردەبمەوە. دیارە هەندێ کات دەبات. خوا بکات ئێسکەکانم هێندە تیژ بن کە گۆشت و پێستم پارچە پارچە بکەن. خوا بکا ئێسکەکانم هێندە تورد بن کە ورد و خاش بن. لە هەموو گرنگتر کاسەی سەرمە. رەنگە هەر بەسەرەوە بکەوم. بۆم گرنگە. مێشکم بپشکێتە هەموو لایەک جوانتر دەبێ. هەموو لایەک دەبێت رەنگ و بۆنی مێشک و هزری من بگرێت. هێشتا بە نێو فەزا و هەوادا غلۆر دەبمەوە. چیتر ماوەیەکی زۆری نەماوە.
شتێک دەچێتە ژێر پێستمەوە. شتێک وەکو بیرەوەری دەپەنەمێم. هەنێ خۆشحاڵ دەبم. نەک ڵەبەر بیرەوەری بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دەپەنەمێمەوە. با دەکەم و باشتر دەپڕوکێمەوە. بیروەریگەلێک لە ڕەگەزی با. راستی نین، تەلبیسی ئیبلیسن. موتفەڕکن. بەڵام زیاتر دەبنە هۆی داپڕوکانی من. هانجن هانجن بوونم زەمانەت دەکەن. گەرانتی لەت لەت بوونم دەدەن. خنکانی دڵ و پرۆکانی مێشکم بەبێ ئامادەبوونی پزیشکی دادوەریی پشت راست دەکەنەوە. ئیبلیس هێشتا هەناسەی دەم بە دەم دەداتە خوا و خوا ڕوو بە هیچ لا، لە پەشیمانیا دەداتە بان دەستی خۆی. و ئیبلیس لەسەر پشتی خوا دەدات. هەر دووکیان سەر تەکان دەدەن بەڵام من حاڵەتی دڵ تێکچوونم هەیە. هێڵنچ دەدەم. حاڵەتی تارانم هەیە. لیلەخۆکانم دەێنە دەرەوە و دڵم ئارام ئارام دەخنکێنن و…..خنکا! تەواو! پیرۆزم بێت پژانی میشکم بە دەر و دیواری بووندا. ئێستا دەبێت تاهەتایە بە دوای پارچە پەرتبووەکانی خۆمدا بگەڕێم، هەنگاو بە هەنگاو. بە وجودی تێکەڵبوو بە سوقرات و دڵنیگەرانی خودایەک کە شین و مۆر هەڵگڕاوە.

تاران 2004

————————————————–

بیوگرافی نووسەر:
جەلال حەیدەری نەژاد، نووسەر و رۆژنامەنووس و دەرچووی کۆلێژی تارانە بەشی کۆمەڵناسی. لە ساڵی 1971 لە شاری تاران لە دایکبووە و لە تەمەنی بیست ساڵەییەوە لە رادیۆوە دەستی بە نووسین کردووە. نزیکەی دوو دەیە لە میدیا جیاجیاکان وەکو ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن، رۆژنامە و بڵاوکراوەکان بە نووسین و شیکردنەوە لە بوارەکانی فەرهەنگ و کۆمەڵگە کاریکردووە . هەمیشە لە روانگەیەکی تایبەت بە خۆیەوە خوێدنەوە و شیکاری بۆ دۆخ و رووداوەکان هەبووە. ئەو لە گێڕانەوەی هزری خۆێدا هەندێ جار چیرۆکێشی نووسیوە. چیرۆکەکانی سەبکێ تایبەتیان هەیە، کە بەرجەستەترین تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە ڕاست و ڕەوان و بی پەردە و دژەباون، هەروا دەرچوون لە بازنەی تێگەیشتنی باو و ئاسایی کۆمەڵگا. ئەو هەروا سەرنووسەری بڵاوکراوەی زانستی کتابدارانی ئێران و چەندین بڵاوکراوەی شیکاری ئانلاین وەکو بڵاوکراوەی (عەتف) بووە. جەلال حەیدەری نەژاد ئێستا دانیشتووی وڵاتی کەنەدایە و بەشداری لە دانیشتنە فەرهەنگی – کۆمەڵایەتیی و ئەدەبییەکان دەکات. ئەو نووسەرێکە کە بە هەر یادداشتێک، شیکاری یان چیرۆک کۆمەڵێک پرسیار لە هزری خۆێنەردا گەڵاڵە دەکات. لە ڕاستیدا خۆێنەرانی بانگهێشتی بیرکردنەوە و ڕامان دەکات، بیرکردنەوەیەکی رووت و ڕەوان. ئەم چیرۆکە کورتەی ژێرەوەش نموونەیەکە تژی لە نیشانە و هێماکان کە لە ڕەواڵەتدا هەمووان پێی ئاشنان بەڵام نووسەر وێنا و تەفسیرێکی لەو شتانە ساز کردووە کە بە یەک خاڵ کۆتاییان دێت: کە ئەویش پرسیارگەلێکی تازە و نوێن!


لە فارسیەوە: مەریەم کاکایی

سەر چاوە:
وێب سایتی “از روزگار هرگز” https://jalalheidarinejad.net/?p=355

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish