Skip to Content

فۆبیا لە فەشەلی نەوشیروان و گۆڕان!… کامیار سابیر

فۆبیا لە فەشەلی نەوشیروان و گۆڕان!… کامیار سابیر

Closed
by حوزه‌یران 23, 2022 General, Opinion


فۆبیا( Phobia)، ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی لە شتێ، لە دەعبایەک، لە دیاردەیەک یان لە رووداوێک ئەگەیەنێت کە مرۆڤ، تووشی دۆخی تۆقیین، شڵەژان، بێمتمانەیی و سەرگەردانیی ئەکات. هاوکات، هەستیاریی و قەلەقیی بەردەوامی بۆ دروست ئەکات و ناتوانێ بڕیار لەسەر شتێ بدات کە ئەو فۆبیایە لە مێنتاڵیتیی ئەو کەسەدا گەرای ترسی خستووە. لە هەلومەرجی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، سیاسەتکردن، یان هەنگاونان بەرەو ئەوەی کە چەند کەسێک یان گرووپێک هەڵسن بەسەرپێخستنی رەهەندێکی سیاسیی و گوتارێکی سیاسیی جیاوازتر، یەکسەر و بێ سێ و دوو، لەگەڵ فۆبیایەکدا، دەرگییر ئەبێت( بە تاک) و ئەبن( بە کۆ) کە کەس ناتوانێ تەجاوزی نەوشیروان بکات؟! لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتەدا، نەوشیروان هیچی پێ نەکرا، بە دڵنیاییەوە، بە کەسیتریش ناکرێ! بەو کاریزما و توانا سیاسیی و عەسکەریی و جەماوەرییەی نەوشیروان، هیچ لەگەڵ ئەم دوو حیزبە نەکرا، ئەبێ هەرکەسێ بییر لە ئۆپۆزیسیۆنبوون بکاتەوە، هەزارویەک پرسیار لەسەر فەشەلی گۆڕان و نەوشیروان لە خۆی بکات؟ ئەوکاتیش هەنگاوێ بۆ دواوە بنێت و دەست بەکڵاوی خۆیەوە بگرێت و عاقڵمەند، دانیشێت!

ئەوانەی سەرەوە و هەزاران ریوایەتی تری لەو جۆرە، بەشێکی زۆر لە مێدیا سێبەرەکانی دەسەڵات و کەسایەتییە سیاسییە پییرەکانەوە، بەردەوام تەخشان ئەکرێن، بەڵام بەشێک لەوانەی خۆیان بە رەخنەگر و ناڕازیی و بگرە ئۆپۆزیسیۆنیش ئەزانن، بە لا ئیرادیی بێت یان لە خۆیان رانابیینن، هەمان فۆبیا بڵاو ئەکەنەوە کە کەس ناگات بە قوولەی قافی نەوشیروان و هەرکەسێکیش بییر لە ئۆپۆزیسیۆن بکاتەوە، حیزب دابنێ یان لیست دابنێ، ئەوە چارەنووسی بە فەشەلەکانی نەوشیروان، مەحتوم ئەبێت. کارەساتەکە لەوەدایە زۆرێک لەوانەی خۆیان بە قائید، بە نوخبە، بە کادیر و بە مەیدانداری سیاسیی ئەزانن، ئەم فۆبیایانە لە دەسەڵات، باشتر تەخشان ئەکەن و راستەوخۆ بە خەڵک و بە دەسەڵاتیش ئەڵێن، ئێمە ئەهلی ئۆپۆزیسیۆن نیین و گەڕ بە ئۆپۆزیسیۆن ئەکەین و بە شێنەیی، کارتی تەسلیمبوونیان، بڵند کردووەتەوە.

شێواز و تایبەتمەندیی بییرکردنەوە و رەفتاری خودگەرایی و سیاسیی ( ئیدیۆسینکرەسیIdiosyncrasy ) نەوشیروان، پێش هەموو شتێ، تایبەتمەندیی ئۆپۆزیسیۆنبوون نەبوو لە سیستەم و مۆدیلی دەسەڵات و چەتەگەرییە ئابوورییەکە، بەڵکو ئەو خۆی بە بەشێک لەو سیستەمە سیاسیی و کولتووریی و کۆمەڵایەتییەی کوردایەتیی ئەژمارد ئەکرد و خەونی بەوەوە ئەبیینی کە ریفۆرم لە حکومەتی هەرێم و حیزبەکاندا، بکرێن و چاکسازیی سیاسیی و ئابوورییان تێدا بکرێت! لە واقیعدا بە شیعار و بە حەماس و پۆپیولیزم ئەوانەی ئەویست، بەڵام لەسەر ئەرضی واقیع، کڵاوی خستە سەر حیزبەکە( گۆڕان) و جەماوەرەکەیشی، هەروەکو کاتی خۆیشی کڵاوی خستە سەر رێکخراوێکی گەورەی وەکو کۆمەڵەی رەنجدەران کە خۆی قەناعەتی بە پرەنیسپە سیاسییەکانی کۆمەڵە نەبوو، هەزاران کەسیش لەسەر کۆمەڵە تێداچوون، بەڵام عاقیبەت ئیعتیرافی کرد کە ئەو کۆمەڵە نەبووە و لە لایەن تاڵەبانییەوە، مەئموورییەتێکی پێسپێردراوە و بە سکرتێری کۆمەڵە، تەعیین کراوە.

هەمان شتی لە گۆڕانیشدا دووبارە کردەوە، بەڵام ئەمجارەیان، خۆی ماستەرمایند و ئەندازیاری ئەم کڵاولەسەرکردنە بوو، هەمان شتی کرد کە جەلال تاڵەبانیی لە دروستبوونی یەکێتییدا کردی و تەنیا حیزبی بۆ خۆی دروست کرد. ئەوە، کادیرە گەنج و بێ تەجروبەکانی کۆمەڵە و شۆڕشگێڕان و خەتی تەسک و پان، تایبەت و گشتیی بوون لە عەبقەرییەتە سیاسییەکەی جەلال تاڵەبانیی ناگەیشتن و باجی ئەو تێنگەیشتنەیش ئەو کوردستانە وێرانەیە، ئەو زەلیلبوونەی ناوچەکانی خۆیان و خەڵکەکەیەتی، هەروەها ئەو یەکێتییەی کوڕانی تاڵەبانیی و منداڵەکانی ئبیراهیم ئەحمەد و ئەو هەموو مەکتەب سیاسیی و سەرکردایەتییەیە کە چۆن حیزبەکەیان جڵەو بکرێ و بۆ کوێ لێبخوڕدرێ، بەس پارەی مانگانەی بەردەوامیان هەبێت و ئەو ژیانە گەندەڵییەی پێکەوەیان ناوە، لێیان تێکنەچێ، لە دوور و نزیکەوە، پێوەندییەکیان بە پرەنسیپی سیاسیی و ئەخلاقی سیاسیی و ئاییندەی خەلکی کوردستانەوە، نە بووە نە ماوە. هەمان طاس و حەمامیش بۆ گۆڕانی ئێستا، بەس شەراکەتی بیزنس و دزییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدا، لێتێکنەچێ، نەک باکیان بە خەڵک نییە، بەڵکو باکیان بە توراثی قائیدە رۆحییەکەی خۆیشیان، نییە.

پاش چل ساڵ خەلفەیی بۆ مام جەلال، نەوشیروانیش تێگەیشت کە سیاسەت لە کوردستان و ناوچەکەدا ئەوەیە کە وەکو ماڵی بارزانیی و ماڵی تاڵەبانیی، حیزبێک بۆ خۆت و منداڵەکانت دروست بکەیت، ئەو هیچ کاتێ بە شوێن ئەوەوە نەبووە کە فۆرمەڵەی فیکرێکی سیاسیی جیاوازتر بکات و لە هێڵە گشتیی و رەسمییەکانی مەنظومەی کوردایەتیی دەربچێ، هیچ کاتێکیش بە شوێن ئەوەوە نەبووە کە بەڵێنە ریفۆرمخوازییەکانی جێکەوت و تەنفیذ ( implementation) بکات. سیاسەتیش لە یەک دێڕدا، فۆرمەڵەی پۆڵیسی( سیاسەت) و تەنفیذکردنی فۆرمەڵە ثیۆرییەکەیە، فەشەلەکەیشی، لە ئاستێکی گشتیی و سیاسیی ورددا، بەر رۆژەڤ نەدراوە و تەنیا و تەنیا ئەوە دووبارە ئەکەنەوە کە فەشەلی گۆڕان بە چوونە ناو حکومەت و ناڕۆشنیی لە تەوریثی سیاسییەکەیدا، گۆڕانی بەو دەردە برد. لە واقیعدا، ئەمانەی خوارەوە، فەشەلی حەتمیی نەوشیروان و گۆڕان، ئەخەنە ژێر چڕنووکی مێژووەوە.

  1. نەوشیروان، سیاسیی بوو، موناوەرەی باشی ئەکرد، بەڵام دیپلۆماسیی نەبوو، حەماسیی بوو، بەڵام پشوودرێژ نەبوو، لە پێوەندییە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییەکان ناگەیشت، یان گوێی پێ نادان، بە تایبەتیی لە رۆڵی ستراتیژیی و عومقی ئەمنیی ئێران لە زۆنەکەی خۆیدا، خۆی نەبان ئەکرد و بە حەماسی کوردایەتییەوە، بە عەقڵییەتی حەفتاکان و هەشتاکانەوە، دیپلۆماسییەتی ئەکرد کە زۆرجار لەسەردەمی گۆڕانیشدا، سیاسەتەکانی بە قازانجی رەقیبەکانی( پارتیی) شکاوەتەوە. بۆ نموونە، تەوەجوهی حیزبە عێراقییەکانی ( عێراقی دوای ٢٠٠٣) بۆ هەرێم رەت ئەکردەوە، بەڵام عەلیی حەمەصاڵح و ئاشتیی هەورامیی، بردیانە سەر زێی نەوتی کوردستان( بە ناوی سەربەخۆیی ئابوورییەوە) و کەوتە ناو ئەجێنداکانی پارتیی و تورکیاوە.
  2. فیکری سیاسیی کەم تا زۆر نەبوو، هەندێ شیعاراتی وەکو نیشتمانییبوون و هێزی نیشتمانیی و ریفۆرمی سیاسیی، بە دەرخکراویی ئەگوتەوە، بەڵام لە ناو تەونی جاڵجاڵۆکەی کوردایەتییدا، یەقی کردبووەوە. لە هەموو تەمەنی سیاسیی خۆیدا، نەیتوانی لەگەڵ چوار سیاسیی ناو عێراقدا( عەرەب و تورکمان و مەسیحیی…تاد) تەبایی سیاسیی دروست بکات! هاوکات، بەو تەمەنە زۆرەی خۆیەوە، جگە لە گوتار بە ئەدەبی سیاسیی کوردایەتیی، چوار گوتاری فیکریی(فیکری سیاسیی) نییە کە توانیبێتی لە دەرەوەی مەنظومەی کوردایەتیی، نیشتمانییانە و عێراقییانە، بییر بکاتەوە. بە گشتیی، جیاوازیی سیاسیی و فیکریی لەگەڵ پارتیی و یەکێتیی نەبوو، بەڵکو بە شوێن ئەجێندای شەخصیی خۆیەوە بوو.
    بە کورتییەکەی، وێڕای فەشەلی گۆڕان لە حکومەتدا، بەهۆی ئەوەی زۆریینەی رەهای کادیر و قیادییەکانی گەندەڵ بوون، وێڕای تەوریثی سیاسیی بە ئەنقەست، بە بەمەست و بە بەرنامەی پێشوەختەوە، ویستی خۆی بووە و وەکو پرۆژە، کاری بۆ کردبوو، فیکری سیاسیی جیاوازتری لە ئەدەبییاتە سیاسییەکەی کوردایەتیی پێ نەبوو، هاوکات، دیپلۆماسیی نەبوو، لە رۆڵی هێزە ئیقلیمییەکان و عومقی ستراتیژیی عێراق تێناگەیشت( یان نایەویست). لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکرێ ئەوکاتی لە یەکێتییدا بوو، پێیوابوو ئەوە بەغداد و حکومەتی عێراقە، ئەتوانن هەرێمی کوردستان لە هەمبەر تورکیا بپارێزن، واتە باوەڕی بە عومقی ستراتیژیی بەغداد هەبوو! بەڵام غوبنە نەتەوەیی و نەژادییەکەی، هەروەها سیحری دەوڵەتی کوردیی و پرۆژەی چەتەگەرییە ئابوورییەکەی مەرجەعی کوردایەتیی، لە دیینی وەرگێڕایەوە و جارێکیتر پێش مردنی، بۆ ناو بازنەی بێفیکریی و وەهمە حۆلحۆلییەکانی کوردایەتیی، گەڕایەوە.

لە کۆتاییدا، ئەوە پارتیی و یەکێتیی نەبوون، گۆڕانیان تێکشاند، بەڵکو ئەوە نەوشیروان بوو، نەیتوانی چوار پیاو و ژنی شەریف، نە لەناو کۆمەڵەدا و نە لەناو گۆڕاندا، دروست بکات کە ئەخلاقی سیاسییان هەبێت و دوای پارە و پۆست و لەذەت و هەواجسی دونیا و مەتاعەکانی نەکەون، خەریکی فیکری سیاسیی و بەرنامەی سیاسیی و دژایەتیی گەندەڵیی بن و لە بەرەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا بمێننەوە. ئەوە نەوشیروان خۆی بوو، بە ئەنقەست، پیاوی لاواز و نەفسنزم و ماستاوچیی لەدەوری خۆی کۆئەکردەوە و بۆ پۆپیولیزمیش ئەیگوت، رقم لە ماستاوچیی و لەوانەیە کە دوای پارە ئەکەون. هاوکات، ئەو هەموو گەندەڵ و دز و پارەپەرستەی لە خۆی کۆکردەوە کە بە هەموو ئەندام پارلمانەکانی خوولەکانی پێشوو و ئێستایشەوە، دوو پیاوی صادق و رەشیدیان تێدا نەبوو، هەموویان تەسلیمی پارە و مەتاعی دونیا بوون و خەریکی ژیانی تایبەتیی خۆیانن. زۆربەی هەرە زۆریان دەعمی تەوریثە سیاسییەکەیان کرد و ئەو گرووپەی بە گرووپی قادری حاجیی عەلییش ناسراوبوون، بە بەرنامە کەوتنە وێزەیان و دووریان خستنەوە( هەرچەندە ئەوانیش تا ئەم کاتەیش، ئاهێکی فیکریی و سیاسیی جیاوازتریان بە بەردا نەهاتووەتەوە).

بە کورتییەکەی هەر کەسانێک و گرووپێک بیانەوێ حیزبێک، یان رەوتێکی ئۆپۆزیسیۆن، یاخود بۆ ئاییندە، لیستی هەڵبژاردن دروست بکەن، ئەگەر تەجاوزی ئەو فۆبیایە نەکەن کە لە فەشەلی نەوشیروان و گۆڕاندا، لە پانتایی سیاسیی کوردییدا لە کورستانی عێراق، جێکەوت بووە، ئەگەر عوقدە قەومیی و نەژادییەکانی نەوشیروان، تەجاوز نەکەن و بەر رەخنەی فیکریی و سیاسیی نەدەن، ئەگەر بە رۆشنیی و بە شەفافیی و جەرییئانە، هەڵگری گوتارێکی سیاسیی جیاوازتر لە گوتاری زاڵی کوردایەتییە تیجاڕیی و پرۆکسییەی پارتیی و یەکێتیی نەبن، ئەگەر جەرییئانە و عەقڵانیی و واقیعییانە، عێراقییانە و نیشتمانییانە بییر نەکەنەوە و هەر خەریکی گێرەی پانکوردیزم و خورافاتی دەوڵەتی کوردیی و شیعراندنی ئەدەبییاتی سیاسیی و ریتۆریکی خۆخواردنەوە بن، ئەوە بێگومان، لە حەلەزۆنی گۆڕان و نەوشیروان و ریتۆریکەکانی کوردایەتیی دەربازیان، نابێت.
هاوزەمان، ئەو فۆبیایە لە فەشەلی سیاسیی دە – دوازدە ساڵی گۆڕان، بەرۆکیان بەرنادات و هیچیشیان پێ ناکرێ. عاقیبەت، هەرگرووپێک بیانەوێ بییر لە ئۆپۆزیسیۆن بکەنەوە، ئەبێ گوتارێکی سیاسیی جیاوازتر لەم گوتارە نەژادیی و طائیفییەی کوردایەتیی هەڵبگرن، نیشتمانییانە و عێراقییانە بییر بکەنەوە و خۆیان بە عێراقیی بزانن، ئەگەر نا، بۆ هەمیشە لە لۆکاڵیزمی کوردایەتییدا ماخۆلانیان ئەبێت و ئەمەیش رێک بە قازانجی پارتیی و یەکێتیی ئەشکێتەوە و ئەو شێخنشیینییە سیاسییەی هەرێم، درێژەی ئەبێت و خەڵکی کوردستان، زەلیلتر و بێچارەتر ئەبن و کوڕان و نەوەی بنەماڵەکانیش، رێژەی میلیارد دۆلارەکانیان، زیاتر و زیاتر ئەبێت و هەرێمی کوردستانیش، بە تەواویی ئەبێتە کۆڵۆنییەکی راستەوخۆی تورکیا، ئەوکات، مەگەر تەنیا و تەنیا بە زەبری هێز، دەوڵەتی عێراق، دەخالەت بکات و کۆتایی بەم حوکمڕانییە بنەماڵییە فاشیل و پرۆکسیانە، بهێنێت.

کامیار سابیر

Previous
Next
Kurdish