Skip to Content

شۆڕشی ژنانە مانای چییە؟… دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

شۆڕشی ژنانە مانای چییە؟… دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

Closed
by July 19, 2022 General, Opinion, Women


وەرگێڕانی لەفارسیەوە:کاوە عومەر
لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵە جەدید ئامادەکراوە.


خەلیل کیوان: لە دەیەکانی ڕابردوودا زاراوە و وشەی سیاسی نوێ لە ئەدەب و گوتارە سیاسییەکانی ئێراندا خراونەتە ڕوو. بۆ نموونە ئازادی قسەکردن بۆ هەمووان، ئێران کۆمەڵگایەکی ئیسلامی نییە، ئاپارتایدی سێکسی، ئیسلامی سیاسیی کە لە دژایەتیی بنیادگەراگەرایان ئیسلامدا هاتونەتەکایەوە، یان ئەوەی کە لە سێدارەدان کوشتنی نەخشە بۆداڕێژراوی دەوڵەییە. هەروەها بایكۆتی جیهانی كۆماری ئیسلامی و بەباشووری ئەفریقانیزەکردنی، كۆماری ئیسلامی و هتد. ئەمانە زاراوەگەلێکن کە زۆرجار دەیبیستین.
یەکێک لەو زاراوانەی کە لەم ڕۆژانەدا لە کەشوهەوای سیاسی ئێران و میدیاکانی فارسدا ئاماژەی پێکراوە و لە کەسایەتییە ناودارەکان و چالاکانی سیاسییەوە دەبیسترێت، زاراوەی شۆڕشی ژنانە. ئەم دەستەواژەیە زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر لەلایەن مەنسوور حکمەتەوە لە وەسفکردنی شۆڕشی داهاتووی ئێراندا بەکارهاتووە. ئێمە لەگەڵ حەمید تەقوایین و باسی شۆڕشی ژنان دەکەین.
حەمید تەقوایی پێش هەموو شتێک با چاوێک لەو زاراوە سیاسیانە بکەین کە باس کران. ئەم زاراوانە لە کەیەوە و چۆن هاتنە ناو ئەدەبی ئێرانەوە؟
حەمید تەقوایی: ئەم زاراوە و چەمکانە کە لەمڕۆدا باون، باس لە هەلومەرجی بابەتیی کۆمەڵگا و ئەو گۆڕانکاریانە دەکەن کە ئێمە شاهیدی دەبین. ئەو بزووتنەوەو و ناڕەزایەتیانەی کە دروست بوون و بەرەو پێشەوە دەڕۆن، پێویستیان بەم چەمکانە هەیە. ئیتر ناتوانرێت بە زاراوەی کۆن ، ئەو زاراوەیانەی کە لە شۆڕشی ١٩٥٧دا بەکارهێنراون.مافی بابەتەکە بدەیت، بێگومان دروشمی دژە دیکتاتۆری، مەرگ بۆ دیکتاتۆر و هتد، دروشمی نزیکەی هەموو ئەو شۆڕشانەن کە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا ڕوودەدەن. ئەمە دروشمی گشتی هەموو شۆڕشەکانە دژی ستەمکاری و زوڵم و خنکاندنە. ئەمەش ڕوونە. بەڵام بۆ نمونەناڕەزایەتی لە دژی ئاپارتایدی سێکسی تایبەتە بە دۆخی ئێستای ئێران. زاراوەیەکی لەو جۆرە لە پێشهاتەکانی ڕابردوودا بەکارنەدەهات. ڕوونە کە ئاپارتایدی سێکسی بە واتای ئەو دیوارەیە کە ئەمڕۆ لە نێوان ژن و پیاودا دروست دەکرێت و جیاکردنەوەی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا و ژنکوژی دڕندانە تایبەتە بە حکومەتەکانی وەک کۆماری ئیسلامی. زاراوەی ژنکوژی خۆی لەم ڕاستییەوە سەرچاوەی گرتووە. لەم دۆخەدا تەنیا قسەکردن لەسەر زوڵم و بێبەشکردنی ژنان یان هەڵاواردن لە دژی ژنان تەواوی وێنەکە نیشان نادات. ئاپارتایدی سێکسی و ژنکوژی بە ڕوونیتر گوزارشت لە پرسەکە دەکەن.
هەروەها دەربڕین و چەمکەکانی دیکەی وەک ئێران کۆمەڵگایەکی ئیسلامی نییە، ئیسلامی سیاسی یان بێ مەزهەبی یان سڕینەوە ئیسلام لە کۆمەڵگەش پێوەندییان بە شوناسی ئیسلامیی ڕژیم و هەژموونی ڕەشی ئیسلام بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و تەنانەت تایبەتیی خەڵکەوە هەیە. هەروەها ئازادی ڕادەربڕینی بێ مەرج لە دژی حکومەتێک بەرز دەکرێتەوە کە لە بنەڕەتدا بە پشت بەستن بە تابۆ و دۆگما و یاسا ئاینییەکان دەنگەکان دەخنکێنێت. بەکورتی کۆی ئەم زاراوانە لە هەلومەرجی تایبەتی ئێران و تایبەتمەندیی ناڕەزایەتی و خەباتی ئەو خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەدژی حکوومەتێکی پاوانخوازی ئیسلامی ڕاپەڕیون.
خەلیل کیوان: مەنسوور حکمەت ٢٠ ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد. زیاتر لە دوو دەیە پێش ئێستا شۆڕشی داهاتووی ئێرانی وەک شۆڕشێکی ژنانە وەسف کرد . زۆر کەس بەرەنگاری ئەو زاراوانە بوون کە ئەو بۆ وەسف کردن و شیکردنەوەی دۆخی سیاسی بەکاری هێناوە، وەک “شۆڕشی ژنان”. ڕەخنەیان گرت ئەمانە بۆ زۆر کەس سەیر بوون. تەنانەت هەندێک ڕەوتی چەپ ڕەخنە لەم زاراوانە دەگرن، لەوانەش زاراوەی شۆڕشی ژنان. بەڵام ئەمڕۆ شۆڕشی ژنان یان شۆڕشی ژنانە بووەتە یەکێک لە زاراوە باوەکانی ناو بازنە سیاسییەکان و لە نێو چالاکوانانی ژن و لە نێو کەسایەتییە ناودارە ژنەکاندا. هەروەها ڕێکخراوێک هەیە لە ژێر هەمان ناونیشانی “شۆڕشی ژنانە” کە شیرین شەمس ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لێی بەرپرسیارە. بۆچی ئەم دەستەواژەیە زۆر بەکاردێت؟ بەڕای ئێوە شۆڕشی ئێران ژنانەیە، مانای چییە؟
حەمید تەقوایی: لەسەر ئاستی شیکاری و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، دەکرێت لەوە تێبگەین کە بۆچی ئێستا پرسی ژنان و شۆڕشی ژنان دەوروژێنرێت، هەروەها لەڕووی پێشهاتە بابەتییەکان و هەلومەرجی ڕاستەقینەی خەباتەوە.
لە ڕوانگەی یەکەمەوە، لە ڕووی شیکارییەوە، وەک باسم کرد، توندوتیژی دژی ژنان پایەیەکی کۆماری ئیسلامییە. ئەم حکومەتە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەیویست بە هێرشکردنە سەر مافی ژنان دەسەڵاتی دۆزەخی خۆی جێگیر بکات. یەکەم ناڕەزایەتی کە لە ئاستی دەیان هەزار و سەدان هەزار کەس لە دژی کۆماری ئیسلامی دروست بوو، ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بوو لە دژی حیجابی ئیجباری. تەنانەت مانگێک بەسەر هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی تێنەپەڕیبوو، کە لە یەکەم ڕۆژی جیهانی ژناندا ناڕەزایەتییەکی لەو شێوەیە دروست بوو. ئه‌مه‌ش له‌ یاسا و هه‌ڵوێست و ئه‌خلاقه‌ ڕزیوه‌ ئیسلامیهکانە‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت به‌رامبه‌ر به‌ ژنان. لە شیکارییەکانەوە بە ڕوون بوو کە ژنکوژی بۆ کۆماری ئیسلامی سیاسەتێکی ناسنامەییە و چەکێکە بۆ پەردەپۆشکردن و هێرشکردنە سەر هەموو کۆمەڵگە. ئەم ڕاستییە بناغەی ئەو دەستەواژەیەی شۆڕشی ژنانە کە مەنسوور حکمەت دەیخاتە ڕوو. دەشڵێت شۆڕشی ئێران کاراکتەری ژنی دەبێت، چونکە زۆر باش سروشتی دژە ژنی حکوومەت دەزانێت.
لە ڕووی پێشهاتە کۆنکرێتییەکانەوە دەبینین کە لە ماوەی چوار دەیەی دەسەڵاتی ئیسلامیدا ژنان پێگەیەکی دیار و گرنگیان لە خەباتەکاندا دۆزیوەتەوە. لە بەرەنگاربوونەوەی بێمافی ژنان نەك تەنیا لە بەرەنگاربوونەوەی خورافاتە ئاینییەكانیشدا. لە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و نەهامەتی. لە خەبات بۆ گەیشتن بە ژیانێکی مۆدێرن و هاوچەرخ. لە هەموو شوێنێک کە دەیبینیت ژنان لە پێشەنگی خەباتدان. لە جوڵانەوەی مامۆستایان، لە جوڵانەوەی خانەنشینان و هتد. لەو بزووتنەوەیەدا کە لەم دواییانەدا لە دەوری کارەساتی میترۆپۆل لە ئابادان دروست بوو، کلیپێکی ژنێکی ئازامان بینی کە ڕوبەڕوو بە هێزە سەرکوتکەرەکان و جێبەجێکارانی یاسادا بەدەنگی بەرز دەڵێت مەرگ بۆ خامنەیی و هاواری ئەمەی دەکرد. یان لە بزووتنەوەی دادگاییکردندا دەبینین رۆڵی دایکانی ئابان و دایکانی رۆژهەڵات چەندە دیارە. بۆ نموونە لە دادگای نۆڤەمبەردا ژنان ئازایانە هاتنە پێشەوە و وتەیان لێوەرگیرا و نەک تەنیا بەناوی ژنانەوە، بەڵکو بەناوی هەموو کۆمەڵگای ئێرانیشەوە سکاڵای خۆیان بەرزکردەوە و هاواریان بۆ دادپەروەری بەرامبەر بە کوشتن و تاوانەکانی حکومەت کرد. بەم مانایە لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا ژن لە هێڵی پێشەوەی خەباتدا دەبینرێت. ژنان ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر بەو هەموو نادادپەروەری و هەڵاواردنێکی ئاشکرایەی کە لە بەرامبەریان دەکرێت، هەروەها ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە بارودۆخی سەختی ژیان و نەبوونی ئازادی و سەرکوت و هتد و هتد دەردەبڕن و لەبەردەم حکومەتدا وەستاون.
کۆی ئەم هەلومەرجانە وایکردووە کە شۆڕش کاراکتەری ژنی هەیە یان شۆڕش لە ئێران زیاتر لە جاران لەبەر چاوی هەمووان ژنانە دەبێت. وەک وتت ئەمڕۆ تەنانەت ئەوانەی پێشتر گومانیان لەم دەستەواژەیە دەکرد و دەیانگوت ڕۆڵی کرێکاران یان چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا کەم دەکاتەوە، درک بەوە دەکەن کە ئەمانە دژ بەیەک نین. شۆڕشی ژنان واتە ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لە شۆڕشی دژ بە هەژاری و ئیستغلالکردن و بێ یاسایی. شۆڕشی ئێران کە دژی هەموو ئەم سیستەمە هەڵدەستێت، کاراکتەری ژنی هەیە، واتە ژن ڕۆڵێکی دیار و گرنگ تێیدا دەگێڕێت.

خەلیل کەیوان: لەم وێنەیەدا فێمینیزم چ شوێنێکی هەیە؟ ئایا ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ژنان لە خەباتەکان و قسەکردن لەسەر شۆڕشی ژنان بەو مانایەیە کە پلاتفۆرمێک بۆ گەشەکردنی فێمینیزم لە ئێراندا دابین کراوە؟
حەمید تەقوایی: فێمینیزمیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئەو فێمینیزمەی لە ساڵانی شەست و حەفتادا لە رۆژئاوادا دەگوزەرا، بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز بوو، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لە رابردوودا ماوەتەوە. فێمینیزمی ئه‌مڕۆ ده‌ڵێتێکی ئه‌وتۆی نیه‌ له‌ به‌رگریکردن له‌ مافی ژنان له‌ به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی که‌ بزوتنه‌وه‌یه‌کی کاردانه‌وه‌ی جیهانییه‌ و دژه‌ ژنانه‌. هەر ئەمڕۆ لە ئەمریکا بە زیادبوونی دەسەڵاتی کۆنەپەرستان کە ئاییندارن، یاسای لەباربردنیان هەڵوەشاندەوە، بەڵام فێمینیزم تەنانەت لەم شەڕەشدا خۆی بە ئایینەوە نابەستێتەوە. بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ كۆمەڵگە ئیسلامیەكاندا، فێمینیزمی رۆژئاوا بە تێڕوانینی تەواو دواكەوتووی خۆی بۆ رێژەگەرایی كولتووری ناچێتە ناو ئەم چاڵەوە.
لەبیرمە چەند ساڵێک لەمەوبەر ژنانی فێمینیست لە شاری مۆنتریاڵی کەنەدا بۆ بەرگریکردن لە حیجاب و بەرگریکردن لە مافی حیجابی ژنانی موسڵمان دەهاتنە سەر شەقامەکان و ئەوانیش حیجابیان لەبەر دەکرد بۆ یاوەریکردنیان. ئەوان لەوە تێناگەن کە حیجاب نەک چەکی سەرکوتی ژنانە و نەک هەر بەتەنها چەکی سەرکوت کردنە لە دژی ژنان بەڵکو چەکی سەرکوتی هەموو مرۆڤەکان لە وڵاتانی بەئیسلام گیراودایە. وە ئێستا حیجاب بۆتە ئاڵای کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسیی تەنانەت لە ڕۆژئاواشدا. فێمینیزمی كلاسیك له‌ دژی ئه‌مه‌ ڕاناوه‌ستێت، به‌ڵكو لقێكی دیكه‌ی بزووتنه‌وه‌ی جیهانی ژنان، كه‌ ده‌كرێت پێی بگوترێ فێمینیزمی مۆدێرن، دژ به‌ ئایین چالاكه‌. لقێک کە گروپی فێمەن و ناڕەزایی ڕووت لێی ناویان دەبەن، دەرکەوتنێکی بەرجەستەیە. فێمین بە ڕوونی لە ململانێدایە لەگەڵ ئایین و نەک تەنها لەگەڵ ئیسلام بەڵکو لەگەڵ ئایینی مەسیحی و کاسۆلیک و هەموو تابۆ و پیرۆزییەکانی ئایینی دژە ژن.
تا ئەو جێگایەی کە پەیوەندی بە کۆمەڵگای ئێرانەوە هەیە، فێمینیزمی کلاسیک لە بزووتنەوەی ژناندا جێگەیەکی نییە، چونکە قەڵغانێکی لە دژی ئایین و بەتایبەتی ئیسلامیی فڕێداوە. تەنانەت لە ژێر ناونیشانی ڕێژەیی کولتووری(نیسبیەتی فەرهەنگی) هاوڕێیەتی خۆی نیشان دەدات. وا دیارە حیجاب بەشێکە لە فەرهەنگی ژنان لە وڵاتانی ئیسلامیدا.
بێگومان ئەمە لە ئێراندا نییە. ژنان لە ڕیزی پێشەوەی شەڕی دژ بە ئاییندان. ژن هەن لە گوێی مەلاکان دەدەن و عەمامەکانیان دەخەنە ژێر پێیانەوە، لە بزووتنەوەی دادخوازیدا هاواریان لە دژی مەلا کۆنەپەرستەکان بەرز دەکەنەوە. ژنان هەن لە ناڕەزایەتەکاندا بەرامبەر بە حکومەت دەوەستنەوە و دەیانەوێت بە تەحەدای حکومەت مافی خۆیان بەدەست بهێنن. کۆماری ئیسلامی بنچینەیترین مافەکانی ژنانی پێشێل کردوە و بە قامچی لێدانی ژنان، لە ڕاستیدا هێرش دەکاتە سەر هەموو کۆمەڵگا. کۆمه‌ڵگا چوار ده‌یه‌یه‌ ئه‌م توندوتێژی دژی ژنانەی ئه‌زموون کردووه‌ و به‌ هۆی ئه‌مه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی ژنان پێگه‌یه‌کی گشتی و کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ده‌ست هێناوه‌.
بە کورتی ناکرێ لە چوارچێوەی بەرتەسکی فێمینیزمدا خەبات بۆ مافی ژنان لە ئێراندا ڕوون بکرێتەوە. ئەمە خەباتێکە لەدژی هەڵاواردن، بۆ ئازادی، بۆ ڕزگاری و نەک تەنیا ڕزگاری ژنان، بەڵکو ڕزگاری هەموو کۆمەڵگایە.
خەلیل کەیوان: شۆڕشەکان بەزۆری بە زاراوەی وەک شۆڕشی سۆسیالیستی، شۆڕشی کرێکاری، شۆڕشی دیموکراتیک و هتد ناویان لێدەنرێت و وەسف دەکرێن. ئێمە لە ئەدەبیاتی مارکسیستیدا دەستەواژەی شۆڕشی ژن نابینین. بۆیە زۆرێک لە ڕەخنەگرانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسور حکمەت ئەم جۆرە زاراوانە بە داهێنانی نامارکسی دەزانن. وەڵامی ئێوە بۆ ئەم جۆرە ڕەخنە چییە؟
حەمید تەقوایی: داهێنان هەیە، بەڵام نامارکسی نییە. بۆ دەبێت هەموو شتێکی نوێ هەڵە بێت؟ مارکسیزم سیستەمێکی بەستووی بیرکردنەوە نییە بە چەمک و زاراوە و ترمینۆلۆژیانەی خۆیەوە، وەک ئەوەی هەرکەسێک بە پێچەوانەوە بڵێت چیتر مارکسیست نییە. ئەمە شتێکی بێمانایە. ئەگەر وا بووایە ئەمڕۆ مارکسیزم وەک ئایینەکان دەبوو بە دۆگما. ئەگەر بمانەوێت ئاماژە بە قسەی گەورەکانی مارکسیزم بکەین، پێویستە ئەم وتەی لینین لەبیر بکەین، کە جەختی لەسەر شیکردنەوەی تایبەتی لە هەلومەرجە تایبەتەکان کردەوە. هەلومەرجی تایبەت لە ئێران سیمایەکی ژنانە بە شۆڕش دەبەخشێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە شۆڕش سۆسیالیستی نییە. ئەمە بەو مانایە نییە کە چینی کرێکار ڕۆڵێکی جەوهەری لە شۆڕشدا ناگێڕێت. یان شۆڕش دژی هەژاری و ئیستغلالکردن نییە. بەڵکو بە سادەیی دەڵێت لەم شۆڕشە دژ بە هەژارییەدا، لە شۆڕشی سۆسیالیستیدا، لەو شۆڕشەدا کە دەیەوێت نەک تەنیا کۆمەڵگا لە خراپەی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکات، بەڵکو لە خراپەی هەژموونی سەرمایەدارە ڕۆح ئازادەکان ڕزگار بکات. ژنان ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕن. شۆڕش سیفەتێکی ژنانەی هەیە، بە سادەیی ئەمە دەردەبڕێت.
خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە خەبات بۆ ڕزگاری ژنان بەشێکە لە خەباتی چینایەتی چینی کرێکار. چینی کرێکار تەنیا رزگاری خۆی ناخوازێ، بەڵکو ئاڵای رزگاری ژنانیشی بەدەستەوەیە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە تەنیا ستراتیژ و سیاسەت و ڕەخنە و ناڕەزایەتی قووڵی چینی کرێکارە کە دەتوانێت بناغەکانی سیستەمی سەرمایەداری و کۆماری ئیسلامی دواجار لەبەر یەک هەڵوەشێنێت و دەتوانێت ژن ڕزگار بکات. شۆڕش کاراکتەری ژنانەی هەیە، بەڕای من جەختکردنەوە لەسەر جەوهەری دژە سەرمایەداری و سۆسیالیستی شۆڕشە. هەموو جیهان لە ژێر هەژموونی سەرمایەداریدایە، هەر بۆیە نەبوونی مافی ژنانیش کێشەیەکی جیهانییە.
بەم مانایە دەبێ بڵێین نەک هەر تایبەتمەندیی شۆڕش ژنانەیە یاخود شۆڕشی ئێران ژنانە دەبێت، دژایەتی شۆڕشی سۆسیالیستی یان هەر زاراوەیەکی وەک شۆڕشی ڕزگارکەر و هتد ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەوە جەخت لەسەر سروشتی ڕزگارکەر و دژە سەرمایەداریی ئەو شۆڕشە دەکاتەوە کە لە ئێراندا ڕوودەدات.
خەلیل کەیوان: با کەمێک بنەڕەتیتر بچینە سەر ڕەگ و ڕیشەی بێ مافی ژنان و باس لە مەرجەکانی ڕزگاربوونیان بکەین. ئایا تەنیا بە بەشداریی بەرفراوانی ژنان لە شۆڕشی داهاتوو و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ژنان بە تەنیا جێ دەهێڵدرێن؟ چۆن و لەژێر کام سیستەمی سیاسیدا یەکسانی نێوان ژن و پیاو مومکینە؟
حەمید تەقوایی: زوڵم و ستەم لە ژنان تەنیا بەرهەمی هەلومەرجی ئەمڕۆ و کۆمەڵگای سەرمایەداری نییە، بەڵکو پرسێکی مێژووییە. بەتایبەت پیاوسالاری و ئایین، ئەم دوانە دەست لەناو دەست بە درێژایی مێژوو دژە ژن بوون. ئایین بە پێناسە پیاوسالارییە. خودا پیاوە. پێغەمبەران پیاون. یاسا و ئایەت و کتێبە ئایینییەکان هەموویان دژی ژنانن و بەم مانایە هەڵاواردنی ژنان بەشێک بووە لە ئایینەکان. و ئەم ئایینانە ئەمڕۆ دروست نەکراون. هەزاران ساڵە لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. بەڵام ئەمڕۆ سەرمایەداری ئەم زوڵمە مێژووییە بەکاردەهێنێت و سواری دەبێت و پشتی پێدەبەستێت بۆ قازانجی خۆی. سەرمایەداری پەنا بۆ هەر هەڵاواردنێک دەبات بۆ ئەوەی چینی کرێکار زیاتر بەکاربهێنیت، لە ژێر کۆیلایەتی مووچەدا. و دیارە ئەمڕۆ لە کۆماری ئیسلامیدا کە ئێمە باسی دەکەین، ڕووبەڕووی حکومەتێکی بۆرژوازی ئایینی دەبینەوە. دزی و مافیای ئابووری و ئیستغلالکردنی توندی چینی کرێکار، دەستبەسەرداگرتنی سامانی سروشتی سامانی کۆمەڵایەتی و دارستان و دەریا و زەوی و کانزاو و نەوت و هتد.. ئەم حکومەتە و یەکێک لە ئامرازەکانی سەرکوتکردنی تەواوی خەڵکی ناڕازییە. هه‌ر بۆیه‌ خه‌بات بۆ رزگاری ژنان له‌گه‌ڵ خه‌بات بۆ رووخاندنی حكومه‌تی ئیسلامی سه‌رمایه‌داریدا تێكه‌ڵاوه‌.
لەبیرمان نەچێت کە کۆماری ئیسلامی بە کردەوە تاکە جۆری حکوومەتی مومکینە کە بۆ بۆرژوازی تەنانەت لە ڕوانگەی تەواوی بۆرژوازی جیهانیشەوە، لە ئێراندا. ئەم حکومەتەیان لەدژی سەکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ خستە سەرکار و دژی مەترسی چەپەکان. وە ئەم حکومەتە کاروباری خۆی بە هەڵاواردنی ژنان بەسەر دەبات. بەم کریدتەوە دەکرێ بڵێین کۆیلایەتی سێکسی پایەیەکی کۆیلایەتی حەقدەستە لە ئێراندا. ئەم دووانە ئەمڕۆ بە تەواوی لەیەکتردا تێکەڵ بوون. دەتوانم بانگەشەی ئەوە بکەم کە لە جیهاندا هەمان شتە. کێشەی ژنان لە هیچ شوێنێکی جیهان چارەسەر نەکراوە. وە نەک هەر چارەسەر نەکراوە، بەڵکو سەرەڕای بزووتنەوەی ژنان، مافەکانیان بە بەردەوامی لە لایەن حکومەتەکانەوە بەرتەسک کراوەتەوە و پاشەکشەیان پێکردوە. دەتوانن نموونەیەکی ڕوونی لە کۆمەڵگەی ئەمریکی ئەمڕۆدا ببینن. ئەمە دۆخی دونیایە. سەرمایەداری وەک وتم قازانجێکی ڕاستەوخۆی هەیە لە هەڵاواردن لە دژی ژنان و بە تایبەت لە کۆماری ئیسلامیدا ئەم پرسە تەواو بەرچاوە. هەر بۆیە دەبێت تا ڕەگ ببڕدرێت. ئێمە پێمان وایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژنان، هەروەها رزگارکردنی تەواوی کۆمەڵگە، پێویستە تەواوی سیستەمی سەرمایەداری بە عەمامەوە یان بەبێ عەمامە، لەژێر ناوی کۆماری ئیسلامی یان لەژێر هەر ناوێکی تردا، لە کۆمەڵگاداڕابماڵرێ. تەنیا بە ڕەتکردنەوەی سەرمایەداری، هەموو هاوڵاتیان بە ژن و پیاوەوە دەتوانرێت وەک تاکی خاوەن مافی یەکسان بناسرێن و مافەکانیان مسۆگەر بکرێت.
٥ی تەمموز ی٢٠٢٢

Previous
Next