ترەمپ لە سعودیە چی بە موسڵمانان گوتو چی لێدەکەوێتەوە؟ … شێرکۆ کرمانج
لە دانیشتنی لوتکەی عەرەبی-ئیسلامی-ئەمریکی کە لە ٢١ی ئایاری ٢٠١٧ دا لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعودی بەسترا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وتارێکی پێشکەشکرد. لە وتارەکە ترمپ دیدی خۆیو سیاسەتو ستراتیجی وڵاتەکەی لەپەیوەند بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو دنیای ئیسلام بەگشتیو پرسی تیرۆریزمی ئیسلامی بەتایبەتی خستەڕوو.
لەوێدا سەرکردە موسڵمانەکان کۆمەڵێک قسەو دیدو پەیامو تێگەیشتنی ترەمپیان بەرگوێکەوت کە هەندێکیان بەهەلەکەبازی وەرگیرانو هەندێکیشیان قوڕسبوو لەسەر دڵیانو کەمێک پەیامیش هەبوون کە تێگەیشتن لێیان بۆ ئەوان لەوانەیە زەحمەت بووبێت. لێرە هەوڵدەدەین پەیامە جۆراوجۆرەکانی ترمپ بەکورتی بخەینەڕوو و شرۆڤە بکەین، هەندێک قسە لەسەر دەرکەوتەکانو پاڵنەرەکانی پشت پەیامەکە بکەین.
لەوانەیە بەهەڵەدانەچووبم ئەگەر بڵێم ترمپ لەم وتارەی پێچەوانەی زۆربەی وتارەکانی دیکەی زیاتر وەک سەرۆک دەردەکەوت بەڵام سەرۆکێک، کە وەک بیزنێسمانێک (کە پاشخانی خۆیەتی)، ئاسودەییو سەقامگیریی وڵاتانو هاونیشتیمانیانی بەگشتی لە گەشەی سەرمایەداریو سەرمایەگوزاریو ئابوری دا دەدیت. تەنانەت تێگەیشتنەکانی بۆ شەڕی تیرۆریزمی ئیسلامییو ڕێگریکردن لە بیری توندوتیژی هەر لە گەشە ئابورییەکاند قەتیسکردبوو.
ترەمپ پێچەوانەی سەرۆکە ئەمریکییەکان (بۆنمونە جۆرج بۆشو باراک ئۆباماو بیل کلینتن) لە وتارەکەیدا پشتی لە پرسی ئازادیو ئازادی ڕادەربڕینو مافەکانی مرۆڤ کرد. ئەو هەر بەوە نەوەستا بە ناڕاستەوخۆ سیاسەتی سەرۆکەکانی پێش خۆی خستەژێر ڕەخنەوە، ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە بۆ ئێمە نیە شێوازی ژیانو بیرکردنەوەی ئێوە هەڵبژێرین. ئەو بەو قسانەی واپێدەچوو بە سەرۆکە موسڵمانەکان بڵێت کە ئەوە ئیشی ئێمە نییە کە ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییەکانتان دەکەن. تاکە یەکسانییەک کە ئاماژەیپێکرد یەکسانی بیروباوەڕی دینیو قەبوڵکردنی جیاوازییە دینییەکان بوو. بۆ کەسێکی موحافیزەکاری-دینی وەک ترەمپ پێدەچێت ئازادی دینی تاکە ئازادی بێت کە مرۆڤ پێویستی پێیبێت یان ئەوەتا دیندارەکان تاکە گروپن لە ناوچەکە کە ئەمریکا دەبێت لەسەریان وەجواببێت.
ترەمپ ئەوەی لەبیرچووبۆوە، یان نازانێت، کە ژمارەیەکی زۆر لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکوتو نادادپەروەرییو پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هۆکاری هەرە سەرەکین لە پشت لەدایکبوونی بیری توندوتیژین، بە بیری ڕادیکالیزمی ئیسلامیشەوە. تەنانەک گەشەنەکردنی ناوچەکەش لەڕووی ئابوریو بازرگانیش هەر پەیوەندی بە نەبوونی ئازادییەوە هەیە.
یەکێک لەو پەیامانەی کە دەکرێت بڵێین بەدڵێکی فراوانەوە لەلایەن ئامادەبووانی لوتکەکە وەرگیرا هەوڵی ترەمپ بوو لە جیاکردنەوەی ئیسلام وەک دین لەگەڵ ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆجیا، بەتایبەتی ئیسلامیزمی توندڕەوی قاعیدەو داعش. ئەو گوتی کە ئەو شەڕەی لە ئارادایە شەڕی نێوان دینەکانو شارستانییەکان نییە بەڵکو شەڕی نێوان ئێمە (بە ئێوەی موسڵمانیشەوە) لەگەڵ شەیتانە. ئەوەی هەموومان کۆدەکاتەوە ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشەمانە لە شەڕ دژی تیرۆریستە ئیسلامییەکان کە ئێوەی موسڵمانان زەرەرمەندی گەورە بوون تێیدا، شەڕێک کە موسڵمانان لە هەموو کەسێکی دیکە زیاتر بوونەتە قوربانی.
ڕاستە ترەمپ ئیسلامی وەک دین لە ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆجیا جیاکردەوە بەڵام پاشگری ئیسلامیی لە تیرۆیستەکانو تیرۆریزمو ئایدیۆلۆجییەکەیان نەکردوە، کە لەوانەیە بەشێکی زۆری لە سەرکردەکانو گوێگرە موسڵمانەکان نیگەران یان دڵتەنگ کردبێت. ئەمەش لەوانەیە یەکێک لەو هۆکارانە بووبێت کە تا تەواوبوونی وتارەکەی کەسێک لە ئامادەبووان سەری بۆ قسەکانی ترەمپ نەلەقاند یان چەپڵەی بۆ لێنەدا. چەپڵەی کۆتاییش هەستانەوەی بەخۆیەوە نەدیت، سەرەڕای ئەوەی کە ترەمپ لە قسەکانی عەرەبەکانو سعودییەکانی بە خەڵکانی ڕێزگر لە میوان وەسفکرد.
ناوهێنانی حەماس وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بەدڵنیاییەوە ئیسرائیلییەکانی دڵخۆشکرد بەڵام دوورنییە زۆرینەی ئامادەبووانی هۆڵەکەی گرژو توڕەکردبێت. ترەمپ لێرە نەک هەر ویستی حەماس بخاتە ڕیزی حیزبوڵاو قاعیدەو داعش بەڵکو ویستی لەبەردەم موسڵمانانو سەرکردەکانیان هاوپەیمانی خۆی، واتە ئەمریکا، بۆ ئیسرائیل جارێکی دیکە دەربخاتو نوێبکاتەوە.
ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر جێگەی سەرنج بوو لە وتارەکەی ترەمپ ناوهێنانی ئێران بوو، وەک تاکە دەوڵەت لە دنیا ئیسلامدا، کە سپۆنسەری تیرۆر بکات. ئەو ئێرانی تاوانبارکرد بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقو سوریاو لوبنانو یەمەن. هاوکات، زۆربەی هاوپەیمانەکانی ئێرانی (وەک حیزبوڵا، میلیشیا شیعەکان لە عێراق، حوسییەکان)، وەک گروپی تیرۆریستی ناوبرد. ترەمپ ڕاشکاوانە داوایکرد کە دەبێت ئێران ئیحتیوابکرێت تا ئەوکاتەی کە ئەو دەبێت بە هاوکار یان هاوپەیمان یان ئەوەتا ئەو نیزمەی ئێستا ئاڵوگۆڕدەکرێت.
ناوهێنانی ئێران بەوشێوە خراپییەو بەوزەقییە کۆمەڵێک هۆکاری لەپشتە. لەپێش هەموویانەوە دەکرێت ئەوەبێت کە ئامادەبووانی لوتکەکە هەر هەموویان موسڵمانی سوننە بوون. لەوەش گرنگتر لە قسەکانی ترەمپ وادەردەکەوت کە بە عەرەبەکانی کەنداو بڵێت ئەگەر ئێوە یارمەتی ئێمە بدەن لە بڕینی پارە لە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانو بەگژاچوونەوەی بیری توندوتیژیی ئیسلامیی ئەوە ئێمە لە ڕێگریکردن لە خەونە فرانخوازییەکانی ئێران یارمەتیتان دەدەین. هەربۆیەش هەندێک لە چاودێران هەر ئێستاکە باس لە دروستکردنی ناتۆیەکی کەنداویی دەکەن بەژی ئێران لەسەردەستی ئەمریکا.
ئەم پشتیوانییکردنە لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو لەوانەیە ئاوا بەسانایی لەناوچەکە تێپەڕنەبێت. ئەگەری زۆر هەیە کە هێندەی دیکە پێکدادانەکانی نێوان عەرەبە سوننەکانو ئێرانییە شیعەکانو هاوپەیمانەکانی لەناوچەکە قوڵبکاتەوەو ئێرانییەکان زیاتروزیاتر بەرەو ڕوسیا پاڵبنێتو پێشبڕکێی چەک لەناوچەکە بگەیەنێتە ئاستێکی دیکە، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە بێنینەوە بیر خۆمان کە هەر لەسەروبەندی لوتکەکە ئەمریکاو سعودیە ژمارەیەک ڕێکەوتنی چەککڕینیان بەبڕی سەدو پەنجا ملیار (بلیۆن) دۆلار ئیمزاکرد. هاوکات نزیکبوونەوەی ئەمریکا لە وڵاتانی عەرەبیو ئیسلامی دەکرێت پەیوەندی بەو پڕۆژە زەبەلاحانەی “چین”یشەوە هەبێت. چین ساڵانێکە نیازی نوێکردنەوەی ڕێی ئاوریشم (Silk Road) ی هەیە بەمەبەستی بەستنەوە وڵاتانی ڕۆژهەڵات بە وڵاتەکەیەوە.
بێجگە لە پڕۆژەی ڕێی ئاوریشم چین ئێستا لەهەوڵی دروستکردنی ژمارەیەک بەندەری ستراتیجییە لە کەنارەکانی هیندو کەنداوی عەرەبیو ئەفریقاو دەریای سور تا دەگاتە ئەوڕوپا. پڕۆژەکە بەناوی “یەک کەمەربەند یەک ڕێگا” (One belt, One Road) ناسراوە. ئەم نزیکبوونەوەی ئەمریکا لە وڵاتە موسڵمانەکان، کە چواردەوری “چین”یان داوە بەشێکیشە لە ئیحتیواکردنی ئەم پڕۆژەیە، یان لانیکەم بۆ پێشبڕكێکردن لەگەڵ نفوزی چین لەو دەڤەرانەدا.
بەکورتی ناوچەکە لە دواڕۆژێکی نزیکدا گۆڕانکاری گەورە بەخۆیەوە دەبینێت بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە ئەو گەشە ئابورییەیە دەبێت کە دۆناڵد ترەمپ خەونی پێوەدەبینێ بۆ دژایەتیکردنی بیری توندوتیژیی ئیسلامیی یان هێندەی دیکە دەڤەرەکە لە گرژیو ململانێو پێکدادانی هێزە ناوخۆییەکانو ناوچەییەکانو جیهانییەکان دەئاڵێنێ. ئەوانە پرسیارگەلێکن کە لە چاوەڕوانیدان.