سوكرات…. ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی له ئاسمانه‌وه هێنایه سه‌ر زه‌وی
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم…
به‌گوێره‌ی زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان و قسه‌ی شاره‌زایان، سوكرات به یه‌كێ له ڕابه‌ره هه‌ڵكه‌وتوه‌كانی رێبازی سه‌فسه‌ته‌ی سۆفستاییه‌كان داده‌نرێ، ئه‌گه‌رچی به پێچه‌وانه‌وه كه‌سانێكیش هه‌ن سوكرات نه‌ك هه‌روه‌ك سۆفستاییه‌ك ناناسن، به‌ڵكو به‌نه‌یاری مه‌زه‌هه‌بی سۆفستایشی داده‌نێن.
بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه ئایا به‌ڕاست، سوكرات فه‌یله‌سوفێكی سۆفستایی بووه، یان نا. ده‌بێت به‌ر له‌هه‌ر شتێك بگه‌ڕینه‌وه سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه بۆیه‌كه‌م جار هه‌واڵه‌كانیان لێوه گوازراوه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌رچی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی. ئه‌و سه‌رچاوه و زانیاریانه‌ن، كه له‌لایه‌ن نه‌یارانی سۆفستاییه‌كانه‌وه گوزاراوه‌ته‌وه، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئه‌فلاتون، وه‌ك نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی سۆفستاییه‌كان.
ده‌كرێ بڵێین جگه له‌و زانیاریانه‌ی له دوژمنه‌كانی سۆفستاییه‌كانه‌وه گه‌یشتون، هیچ زانیارییه‌كی دیكه له‌به‌ر ده‌ستدا نین، چونكه وه‌ك ئاشكرایه سوكرات له دوای خۆیدا هیچ نووسینێكی جێ نه‌هێشتوه.
پرۆتاگۆراس-یش كه به یه‌كه‌م فه‌یله‌سوفی سۆفستایی داده‌نرێ، به هۆی بیروباوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه سه‌رجه‌م كتێبه‌كانیان سووتاند و خۆشی به به‌له‌مێك رای كرد، به‌ڵام له ده‌ریادا به‌له‌مه‌كه‌ی شكا و ئه‌ویش له ده‌ریاكه‌دا خنكا.
واته هه‌موو زانیارییه‌كان له یه‌ك لایه‌نه‌وه‌یه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ناكرێ یه‌كسه‌ره باوه‌ڕی پێبكرێ، ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌فلاتون خۆی نه‌یارێكی سه‌ر سه‌ختی سۆفستاییه‌كان بوو.
به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی سۆفستاییه‌كان وه‌ك مه‌زهه‌بێكی دیاری فه‌لسه‌فی بوونیان هه‌بوو هه‌ریه‌ك له ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ وه‌ك دوو نه‌یاری سه‌رسه‌خت هه‌موو هه‌وڵێكیان دا بۆ ناشرینكردن و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یان، واته ئه‌م دوو فه‌یله‌سوفه رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بووه له ناشرینكردن و سه‌ره‌نجام زینده‌به‌چاڵكردنی ئه‌و رێبازه، یه‌كێ له بیانوه‌كانیشان بۆ ناشرینكردنیان ئه‌وه بوو، گوایه سۆفستاییه‌كان به‌هه‌رمی عه‌قڵیان له رێی وتنه‌وه‌ی وانه‌كانیاندا به پاره ده‌فرۆشن.
به‌دوور نازانرێ ئه‌فلاتون وه‌ك فه‌یله‌سوفێكی سه‌ر به خانه‌واده‌یه‌كی ئورستۆكراتی هه‌ر له هه‌وه‌له‌وه له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بووبێت، له‌سه‌ر عه‌ڕشی فه‌لسه‌فه دابنیشێت، بۆهێنانه‌دی ئه‌و خه‌ونه‌ش ده‌بوایه، ته‌خت و تاراجی سۆفستاییه‌كان له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوشێنێ.
بۆیه ده‌بینین به‌ژه‌هرخواردكرنی سوكرات وه‌ك دواهه‌مین سۆفستایی مه‌یدانی فه‌لسه‌فه له به‌رده‌م ئه‌واندا ته‌خت بوو. ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه به ناشرینكردنی رێبازه سه‌فسه‌ته‌ییه‌كه‌یانه‌وه ده‌ستی پێكردو به مه‌رگی سوكرات كۆتایی پێهات.
سوكرت زیاتر له رێی هه‌ڵسوكه‌وت و بیروباوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه وه‌ك سۆفستاییه‌ك ده‌ناسرێته‌وه، به‌ده‌ر له‌وه شتێك نییه بمانگه‌ێنێته ئه‌و ڕاستییه‌ی كه سوكرات سۆفستایی بووه. سوكرات له نێو خه‌ڵكی ره‌ش و رووت و كوچه‌و كۆلانه‌كاندا وانه‌كانی ده‌وته‌وه، ئه‌مه‌ش شێواز و ئامانجێكی سه‌ره‌كی سۆفستاییه‌كان بوو، كه تا دوا هه‌ناسه‌ش پاشه‌كشه‌ی لێنه‌كرد، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌فلاتون زۆر دژی ئه‌وه بوو، پێی وابوو ئه‌مه هۆكارێكه بۆ سووك و بێقیمه‌تكردنی فه‌لسه‌فه، ئه‌گه‌ر دیقه‌تی دواتر بده‌ین، به‌تایبه‌تی دوای ژه‌هرخواردكردنی سوكرات، ده‌بینین ئه‌فلاتون چۆن فه‌لسه‌فه‌ی له كوچه‌و كۆڵانه‌كانی ئه‌سیناوه گواسته‌وه بۆ كۆشكی ئه‌كادیمیا.
ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌ی كه به‌سه‌ر باخی ئه‌كادیموس-ی‌دا ده‌ِروانی، هه‌ر به‌م هۆیشه‌وه بوو ناونرا ئه‌كادیمیا.
زۆرن ئه‌وانه‌ی پێان وایه ئه‌قلاتون به په‌یژه‌كانی سوكراتدا سه‌ركه‌وت و گه‌یشت به‌و ناو و ناوبانگه‌ی.
عه‌لی وه‌ردی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه‌ئه‌فلاتون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی سوودی له ناوی سوكرات وه‌رگرتوه ئه‌و ده‌ڵێ:( ره‌نگه ویستبێتی كوژرانی سوكرات بكا به بیانوویه‌ك بۆ له ناوبردنی رێبازی سه‌فسه‌ته‌و دیموكراتی كه زۆر رقی لێیان بوو). له كاتێكدا ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ڕی سوكرات بوو له كاتی خۆیدا.
عه‌لی وه‌ردی ڕۆشنای ده‌خاته سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی جیاوازییه‌كانی نێوان سوكرات و ئه‌فلاتون كه له‌زۆر بیروبۆچونی دیكه‌ی ئه‌واندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. (سوكرات هات فه‌لسه‌فه‌ی له ئاسمانه‌وه هێنایه سه‌رزه‌وی و ده‌ستیكرد به بانگه‌شه بۆ گه‌ڕان به دوای مرۆڤدا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤ، له بڕی تێڕامان و وردبوونه‌وه له‌و حه‌قیقه‌ته خه‌یاڵییانه‌ی هیچ سودیكیان نییه بۆ خه‌ڵك، به‌ڵام “ئه‌فلاتون” جاریكی دیكه فه‌لسه‌فه‌ی گه‌ڕانده‌وه به‌ره‌و ئاسمان و جیهانێكی نوێی دروستكرد كه به‌ناوی خۆیه‌وه ناسراوه”جیهانی نموونه‌ییه‌كان” واش گومان ده‌كرێ ئه‌و بیروبۆچوونه خه‌یاڵییانه‌ی كه داویه‌ته پاڵ “سوكرات” هه‌مووی زاده‌ی خه‌یاڵی خۆی بێ). هه‌ر بۆیه‌شه گومانێكی زۆر هه‌یه له‌وه‌ی ئه‌فلاتون له‌سه‌ر رێبازی سوكرات بووبێ.
“كونفورد” ده‌ڵێ: ( سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی كه “ئه‌فلاتون” فه‌لسه‌فه‌و رێبازه‌كه‌ی خۆی لێوه‌رگرتووه رێیبازی فیساگۆرس بووه) هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا پڕۆفیسۆر “زیلر” ده‌ڵێ: ( ئه‌فلاتون “ئه‌كادیمیا” ی دروستكرد له‌سه‌ر شێوه‌ی خوێندنگه‌ی فیساگۆرس كه یه‌كه‌م خوێندنگه بوو له مێژووی مرۆڤدا).
ئه‌مه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك له گه‌ڵ بنه‌ما فیكرییه‌كانی سوكرات یه‌كی نه‌ده‌گرته‌وه، سوكرات هاوشێوه‌ی سۆفستاییه‌كان، باوه‌ڕی به‌وه بوو ئه‌وان بچنه نێو خه‌ڵك و وانه‌كانیان بۆ بڵێنه‌وه، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه خۆیان دانیشن و خه‌ڵك بێته لایان، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئه‌فلاتون كردی و ئه‌كادیمیای دامه‌زراند و له‌م رێگه‌یه‌وه خۆیان له خه‌ڵكی ئاسایی جیاكرده‌وه.
هه‌ر بۆ لێدانی سۆفستاییه‌كان ئه‌فلاتون قسه‌یه‌كی “فیساگۆرس” كه یه‌كه‌م كه‌س بوو وشه‌ی “فه‌لسه‌فه‌ی” به‌كارهێناوه، داوه‌ته پاڵ سوكرات و ده‌ڵێ: (من حه‌كیم و زانا نیم، چونكه ته‌نیا خوا حه‌كیم و زانایه، من ته‌نیا فه‌یله‌سوف-م)
عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێ: (یه‌كێك له گاڵته‌جاڕییه‌كانی زه‌مانه ئه‌وه‌یه، ئه‌فلاتون سوكراتی واده‌خسته پێش چاوی خه‌ڵك كه دوژمنی گه‌وره‌ی رێبازی سه‌فسه‌ته‌یه).
لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و بۆچوونه‌ی كه سوكرات نه‌ك هه‌ر دژی سۆفستاییه‌كان نه‌بووه، به‌ڵكو یه‌كێكه له‌وان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوكرات له رابه‌رانی دیكه‌ی سۆفستایی جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه بوو، كه‌سوكرات له هه‌ندێ رووی مه‌زهه‌بییه‌وه ناكۆك بووه له گه‌ڵیان، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی به وه‌رگرتنی پاره‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ناكۆكییه‌ی سوكرات به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ك ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه دژی سۆفیستاییه‌كان بووبێ، به‌ڵكو سوكرات به داڕێژه‌ری بنه‌ماو به مه‌نهه‌جیكردنی سه‌فسه‌ته داده‌نرێ، به شێوه‌یه‌ك سوكرات له باره‌ی ئه‌خلاقییه‌وه، چه‌شنی سوفستاییه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی رێسا ئاكارییه‌كاندا به‌ڵگه‌ی ده‌هێنایه‌وه و بانگه‌شه‌ی زاتی بوونی ئه‌خلاقی سووننه‌تیی ره‌تده‌كرده‌وه هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه نوسه‌ره “كۆنزه‌ر ڤاتییه‌كان”ی وه‌ك “ئه‌ریستۆفانس” به سوفیستیان داده‌نا. (“ئه‌ریستۆفانس” یه‌كێك بووه له نووسه‌ره‌كانی ده‌قی شانۆی كۆمیدی، كه له سه‌رده‌می سوكراتدا ژیاوه و خاوه‌نی بیری نوێ بووه له‌و سه‌رده‌مه‌دا له رێگه‌ی به‌رهه‌مه شانۆییه‌كانییه‌وه هێرشی كردۆته سه‌ر فه‌یله‌سوفه‌كان و رێبازی سه‌فسه‌ته و له رێگه‌ی توانجه‌كانییه‌وه شعوریانی بریندار كردوه، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه “سوكرات”) ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پرسیاره سه‌ره‌تاییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق یه‌كه‌مجار له لایه‌ن سوكرات و سوفیسته‌كانه‌وه گه‌ڵاله كرا، له لایه‌كی تره‌وه زۆر له سه‌رچاوه‌كان، نه‌ك سوكرات هه‌ر به سۆفیستایی، داده‌نێن، به‌ڵكو هه‌ندێكیان به ئیمامی سۆفستایی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و پێیان وایه یه‌كێ له‌و بلیمه‌تانه‌ی سه‌فسه‌ته كه مێژوو ناسیویه‌تی “سوكرات”ه.
“شیشڕۆن” به‌م شێوه‌یه وه‌سفی سوكراتی كردوه كه فه‌لسه‌فه‌ی له ئاسمانه‌وه هێنایه خواره‌وه بۆ نێو شار‌و له وێشه‌وه بۆ نێو ماڵه‌كان و كردی به پێویستییه‌كی پێویست بۆ هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له ژیان و ئه‌خلاق، كه ئه‌مه‌ش به ته‌واوه‌تی له گه‌ڵ رێبازی سۆفستاییه‌كاندا دێته‌وه، راسته سوكرات له رووی مه‌زهه‌بییه‌وه ناكۆك بوو له گه‌ڵیان، به‌ڵام له رووی فه‌لسه‌فییه‌وه هیچ ناكۆكییه‌كی له گه‌ڵیان نه‌بوو، به تایبه‌تی له باره‌ی مرۆڤ و ئه‌خلاق و ژیان.
له كتێبی (مێژووی فیكری عه‌ره‌بی” تا رۆژانی ئیبن خه‌لدون”)دا سوكرات “399-470” وه‌ك دواین سه‌فسه‌تایی ئاماژه‌ی بۆكراوه.
ماوه‌ته‌وه بڵێین “پرۆتاگوراس” وه‌ك یه‌كه‌م سۆفستایی و خاوه‌نی (ئاده‌میزاد پێوه‌ری هه‌موو شتێكه) به هۆی بیرباوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه كتێبه‌كانیان سووتاند‌و خۆشی له كاتی هه‌ڵاتندا له ده‌ریادا خنكا، وه‌ك چۆن “سوكرات”یش خاوه‌نی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی په‌رستگای “دلفی” ( ئه‌ی مرۆڤ به خۆت، خۆت بناسه) ی گواسته‌وه بۆ دیدگایه‌كی فه‌لسه‌فی و كردییه رێبازی ژیان، به هه‌مان شێوه له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی ژه‌هرخوارد كرا‌و بووه یه‌كه‌م قوربانی ئازادی بیروڕا له جیهاندا، واته یه‌كه‌م و دواین سۆفستایی به‌م شێوه‌یه له نێوبران و كۆتایی به‌م رێبازه فه‌لسه‌فییه هێنرا.