کوردستان سەنگەری شۆڕشە.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر
دیمانەی خەلیل کەیوان لە بەرنامەی پرسیار لەگەڵ حەمید تەقوایی
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید کۆکراوەتەوە
خەلیل کەیوان: بۆچی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان زووتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران گەیشتە قۆناغی ڕاپەڕین؟ ڕژیم دوای بانگەشەی بۆ کوردستان بە دوای چ ئامانجێکەوەیە؟ پێویستە چی بکرێت بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی کوردستان؟ ئایا بەشداری حزبە چەکدارەکان لە کوردستان سیاسەتێکی دروست بووە؟ لە چ هەلومەرجێکدا فەرمانی چەک و ڕاپەڕینی چەکداری دەدرێت؟ ئەم پرسیارانە لەگەڵ حەمید تەقوایی تاوتوێ دەکەین.
حەمید تەقوایی کوردستان لە بەشەکانی دیکەی ئێران یەکگرتووترە لە دژی نیزام. ئەم بەشەی وڵات بە کردەوە لە قۆناغی ڕاپەڕینی شارەکاندایە. بۆچی شۆڕش لە کوردستاندا گەیشتووەتە ئەم ئاستە پێگەیشتنە و بۆچی ڕژیم بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران پەنای بۆ توندوتیژی زیاتر بردووە لە کوردستان؟
حەمید تەقوایی: پێموایە ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە. هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە شۆڕش و خەبات لە کوردستان لە دوو مانگی ڕابردوودا بەرفراوانتر و هێرشبەرانەتر بوو لە چاو شارەکانی دیکەی ئێران. مانگرتنی سەرتاسەری کە لە لایەن حیزبەکانەوە بانگەوازی بۆ دەکەن، لەوانەش حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، چەندین جار لە کوردستان ئەنجام دراون و ئەم مانگرتنانە تا ئێستاش بەردەوامن. لە لایەکی دیکەوە لە ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی گیانبەختکردووەکان، وەک ڕێوڕەسمی چلەی مەهسا لە سەققز و ئازیزانی دیکە، کۆبوونەوەی هەزاران و چەند دەیان هەزار کەسی لە کوردستان ڕێکدەخرێن. هەروەها شەڕی شەقامەکان لە شارە جۆراوجۆرەکان، دەستبەسەرداگرتنی ناوەندە حکومییەکان و هتد، لە دوو مانگی ڕابردوودا لە دوای شۆڕشەوە بە بەردەوامی لە کوردستان بەردەوام بووە. بۆیە خاڵی یەکەم ئەوەیە کە کوردستان لە مەیدانی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی زۆر زیندووتر و پڕجۆشتر بووە. هۆکاری مێژوویی هەیە بۆ ئەوەی ئەمە وابێت. خەبات لە کوردستان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. لە شۆڕشی ١٣٥٧دا لە کوردستاندا شاهیدی ئەو جۆرە خەباتانە بووین. پێش ئەوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان چەکیان هەڵگرت و دژی هێزەکانی سەرکوت وەستانەوە. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کوردستان کۆمەڵگایەکی حزبییە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان، لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان، لایەنەکانی دژ بە حکومەت، چالاکن و بنکەیەکی جەماوەرییان هەیە. هه ڕوه ها چه ککردن و هه ڵگرتنی چه ک به شێکه له نه ڕیت و کولتووری خەباتکارانەی خه ڵکی کوردستان. هەموو ئەمانە ئەو فاکتەرانەن کە وایکردووە لە کوردستان دۆخێکی وامان هەبێت.
خاڵی دواتر ئەوەیە کە حکومەت بە هێرشکردنە سەر کوردستان هەوڵدەدات ئەو پرسە بکاتە شەڕی ناوچەیی پارێزگا سنوورییەکان. وەک دەبینین چەندین جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ناوەندەکانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەو هیوایەی ناچاریان بکات وەڵامی چەکداری وەربگرنەوە. ڕژیم هەوڵ دەدات پرسی جوداخوازی، پرسی شەڕی فارس و کورد، شەڕی نەتەوەیی و هتد ئاگرەکەی خۆشبکات و شۆڕش بکاتە جۆرێک لە ململانێی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بۆ جۆرێک لە شەڕی ناوخۆ.
و لە کۆتاییدا دوا خاڵ ئەوەیە کە دەسەڵات دەیەوێت عەقڵی گشتی بە لڕێداببات و میتۆدەکەی تاوانی ترسناکە. وەک تەقەکردن لە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی لە مانگی یەکی ساڵی ١٣٩٨. لە شۆڕشی ئێستادا سووتاندنی زیندانی ئەوین نموونەیەک بوو و هێرش بۆ سەر شا چێراغ نموونەیەکی دیکە بوو. ئێمە شاهیدی کوشتارین لە کوردستان. ڕێژیم دەیەوێت لەگەڵ ئەنجامدانی تاوانە زەبەلاحەکانی بەناو ڕووخساری کێشەکە بگۆڕێت و جگە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی سەر شەقامەکان، سەرنجی خەڵک بۆ پرسەکانی دیکە ڕابکێشێت. و بەم شێوەیە دەستەواژەیەکی تر و گوتارێکی تر و زەمینەیەکی تر بۆ بانگەشەکانی خۆی بدۆزێتەوە. ئەمانە هەموو هۆکارێکن کە بوونەتە هۆی هێرشی دڕندانەی حکومەت بۆ سەر کوردستان.
خەلیل کەیوان: ڕژیم بە ئامانجی جیاکردنەوەی کوردستان لە پارچەکانی دیکەی ئێران، پڕوپاگەندەی بەرفراوانی دەستپێکرد. هەوڵێکی زۆری بۆ گەیاندنی حزبە چەکدارە کوردییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی خەرج کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ئامانجی ڕژیم بەم سیاسەتە چییە؟
حەمید تەقوایی: بەڕای من حکومەت دەیەوێت جۆرێک لە شەڕی چەکداری بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێت. لە زاهیدانیش هەمان شتى کرد. بەڵام حیزبە چالاکەکان لە کوردستان زۆر زیرەکانە مامەڵەیان کرد و نەکەوتنە ئەو تەڵەیەوە. بەڵکو خەڵکیان ئاگادار کردەوە و وریایان کردنەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی پلانی حکومەتە لەم قۆناغەدا. لە زاهیدانیش، ڕژیم هەمان شتی کرد و شکستی هێنا. ئامانجێکی دیکەی ڕژیم “تۆمەتبارکردنی” لایەنە چەکدارەکان بە جوداخوازی و دروستکردنی دووبەرەکی لە ڕیزەکانی شۆڕشدا بوو. ئەم فێڵەش کاریگەری نەبوو. وەڵامی خەڵک ئەوە بوو کە “کوردستان چاو و ڕووناکی ئێرانە”، “کوردستان، زاهیدان، پەیوەندیتان پیرۆز بێت” یان دروشمی ئەم دواییە “بەلووچ، کورد، ئازەری، ئازادی و یەکسانی” بوو. بەم شێوەیە ئەم پیلانگێڕییە بە تەواوی پووچەڵکرایەوە. لە زاهیدان ڕژیم پێی وابوو دوای ئەو هەینییە خوێناوییە خەڵک دادەخەن، لە کاتێکدا بە پێچەوانەوە ناڕەزایەتی جەماوەری بەردەوام ڕۆژانی هەینی دووپات دەکرایەوە. لە کوردستانیش بە هەمان شێوە. هێرشی دڕندانەی ڕێژیم نەک تەنیا خەڵکی کوردستانی بێدەنگ کردووە و پاشەکشەی پێنەکردون ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شارەکانی کوردستان بەربڵاوتر و ڕادیکاڵتر بووە.
خەلیل کەیوان: لەم دواییانەدا کۆمەڵێک لە مەلای سوننە، یان مامۆستایان بە زمانی کوردی، باسیان لە پێویستی ڕیفراندۆم بۆ دیاریکردنی ڕژێم کردووە. مەولوی عەبدولحەمید ئیمامی جومعە زاهیدان پێشتر داوای ڕیفراندۆمی بەرزکردبووەوە. بیرۆکەی ئێوە چییە لەم بارەیەوە؟
حەمید تەقوایی: پێشتر چەندین جار ڕیفراندۆم لە لایەن لایەنە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە پێشنیار کرابوو. بەڵام هەم ئەوکات و هەم ئەمڕۆش ئەم بابەتە بەتەواوەتی پەیوەندی بە خەبات و ناڕەزایەتیی خەڵکەوە نییە و بەتایبەتی ئەمڕۆش بەو شۆڕشەی کە لە شەقامەکاندا دەگوزەرێت، چ لە کوردستان و چ لە شارەکانی دیکەی ئێران. تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە پرسی دەسەڵاتدارێتیەوە هەیە، بەزۆری پێشنیاری ڕیفراندۆم دەکرێت بۆ دیاریکردنی سیستمەکە دوای ڕووخانی حکومەتێک، یان لە هەر حاڵەتێکدا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی سیستەم و حکومەتێک. تەنها لەم حاڵەتەدا هێزێکی چارەنووسسازە و بۆچوونی خەڵک بۆ ئەو بەدیلە خوازراوە ڕادەکێشێت کە لە پرۆسەی شەڕکردن بۆ ڕووخاندنیدا کاریگەری و شکۆیەکی کۆمەڵایەتی بەدەستهێناوە.
کەواتە ئەمڕۆ لە هەر گۆشەیەکەوە سەیری بکەن، لە کاتێکدا هێشتا شەڕێکی ژیانی هەیە، شەڕێک بۆ مانەوە چ لەلایەن خەڵک و چ لەلایەن حکومەتەوە، قسەکردن لەسەر ڕیفراندۆم تەنها دەتوانێت سەرنج بۆ بابەتێکی خەیاڵی و مەحاڵ بەلاڕێداببات.و واقیعیەتی پرۆسەی ڕووخاندنی حکومەت خاو بکاتەوە.
ئەمڕۆش ئەو هێزانەی وەک مەلا و مامۆستا و پیاوانی ئایینی سوننەکان پەرە بە ڕیفراندۆم دەدەن. ئەمەش جێگەی نییە. ئەم شۆڕشە ناڕەزایەتی یان دژایەتی خوێندنەوە یان ئەم جۆرە مانۆڕەی هێزە ئایینییەکان لە هیچ ئاستێکدا قبوڵ ناکات. دژە ئایین بوون لە ناوەڕۆکی ئەم شۆڕشەدایە، جا سوننە بێت یان شیعە یان هەر چینێکی تری ئایینی. ئەم شۆڕشە دەیەوێت دەستی ئایین لە حکومەت، لە ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک، لە ژیانی تایبەتی خەڵک، لە پەروەردە، لە یاسا و لە هەموو شوێنێک ببڕێت، و کۆمەڵگە لە ئاین پاک بکرێتەوە. وە ئەمەش لایەنێکی ترە کە پلانی ڕیفراندۆم لەلایەن مەلا سوننەکانەوە ناکاریگەر و بێهودە دەکات.
خەلیل کەیوان: خۆشبەختانە بزووتنەوەیەکی بەرفراوان لە سەرتاسەری ئێراندا بۆ پشتیوانی لە خەباتەکانی گەلی کوردستان پێکهاتووە. هەروەها ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆن چالاک کراون. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و لاوانی گەڕەکەکانی تاران داوای مانگرتنی گشتی و ناڕەزایەتی سەرتاسەریان کردوە بۆ ڕۆژی پێنجشەممە، سێهەمی ئازەر، لەپشتیوانی خەڵکی کوردستان. لەگەڵ فراوانتر بوون و یەکگرتوویی ڕیزی ناڕەزایەتییەکان، حکومەت توندوتیژی زیاتر دەبێت. کوژرانی سەدان کەس، دەستگیرکردنی بەربڵاو، کارەساتی زاهیدان، هێرشکردنە سەر زیندانەکانی ئەوین و شاهچەراغ، ئێستاش لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان. ئایا مانگرتن و ناڕەزایەتی بەتەنها دەتوانێت ئەم خولە توندوتیژییە بوەستێنێت؟
حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم ئەوەیە کە حکومەت هەموو ئەو توندوتیژیەی کە باست کرد ئەنجامی داوە و تاوانی خراپتر و قێزەونتریش ئەنجام دەدات. هیچ گومانێکت لەم بابەتە نەبێت. بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە، ئایا ئەم دڕندەییە کاریگەری هەبووە؟ تەنانەت خەباتی خەڵکی خاو کردووەتەوە؟ بەڕوونی وەڵامەکە نەخێرە. نەک هەر شایەتحاڵی ترساندن و دانیشتنی خەڵک نین، بەڵکو تەواو پێچەوانەی ئەوە دەبینین کە خەباتی خەڵک هەر ڕۆژە قووڵتر و فراوانتر و بەهێزتر بووە و چین و توێژی زیاتری کۆمەڵگاش پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کردووە. بۆیە لە ڕوانگەی سیاسی و ستراتیجییەوە، هەموو ئەم تاکتیکانەی حکومەت کە باست کرد هەموویان بێ جیاوازی شکستیان هێناوە. ڕۆژانە تەقە لە خەڵک دەکرێت، بەڵام لە مەراسیمی پرسە، لە حەوتەکان، لە چلەکاندا، دەبینین کە جەماوەرێکی گەورەتر دێنە سەر شەقامەکان بۆ یاد و یادکردنەوەی گیاندووەکان و ئەم پرۆسەیەش بەردەوامە بۆ بەرژەوەندی شۆڕش و بە زیانی حکومەت بووە. وەک خەڵک دەڵێن “هەر کەسێک بکوژرێت هەزار کەسی لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت”.
بۆیە خاڵی یەکەم ئەوەیە کە ڕژیم بەو هەموو دڕندەییەی کە بەکاری هێناوە، نەلە کوردستان و نە لە شارەکانی دیکەی ئێران سەرکەوتوو نەبووە.
خاڵی دوای پرسیارکردن ئایا مانگرتنەکان دەتوانن کاریگەر بن؟ دەبێ وا بێت. دەبینیت جیاوازی بنچینەیی نێوان مانگرتن و خۆپیشاندان و گردبوونەوەی سەر شەقامەکان ئەوەیە کە ئابووری دەوەستێنێت و حکومەت لە ڕووی ئابوورییەوە ئیفلیج دەکات. بەسە تەنها خەیاڵ بکەین کە کرێکارانی کەرتی خزمەتگوزاری، میترۆ، هێڵی ئاسن، پاس، کرێکارانی شارەوانی بۆ ماوەی دوو هەفتە مانگرتن بگرن. دیارە کۆمەڵگا ئیفلیج بووە و حکومەت دەکەوێتە سەر ئەژنۆ. بەڕای من دەسەڵاتی مانگرتن لێرەدایە، هەر بۆیەش هەر لە یەکەم ڕۆژەوە، هەر لەو ڕۆژەوە کە ئەم شۆڕشە دەستی پێکرد، جەختمان لەسەر گرنگی مانگرتن کردەوە و خۆشبەختانە ئەمڕۆ شاهیدی دروستبوونی مانگرتن لە کەرتە جیاجیاکانداین، لە کوردستان و لە شارەکانی تریشدا.
هەروەها بانگەوازی مانگرتن بۆ سێیەم ڕۆژی ئازەریش بەتەواوی هەمان ئامانجی ئیفلیجکردنی حکومەت پەیڕەو دەکات. دەبێت بتوانین بەرەی نوێ لە دژی حکومەت بکەینەوە. خۆپێشاندان و گردبوونەوەی شارەکان بەربڵاوتر بێت، بەرفراوانتر بێت، بگاتە ئاستی سەدان هەزار و ملیۆنان، گومانی تێدا نییە، بەڵام هاوشان لەگەڵیدا مانگرتنی گشتی لە کەرتە کرێکارییەکان، کرێکاران ، فەرمانبەر، بازرگان، مامۆستا، قوتابی، قوتابی لە هەموو شوێنێک و ڕاگرتنی چەرخی ئابووری. بەڕای من ئەم دوو شێوازی شەڕە پێکەوە و بە تەبایی دەتوانێ زەربەی کۆتایی لە حکومەت بدات و ئەم تاوانکارانە بڕوخێنێت.
خەلیل کەیوان: ڕۆڵی چەک لەم کارەدا چییە؟ کەی فەرمانی ڕاپەڕینی چەکداری دەدرێت؟
حەمید تەقوایی: گومانی تێدا نییە کە دواجار کۆمەڵگا دەبێت چەک هەڵبگرێت. ئەم جەنایەتکارانە بە خۆپیشاندان و مانگرتن ناڕوخێن. لە کۆتاییدا ڕاپەڕینی شارمان دەبێت، هێرشمان دەبێت بۆ سەر ناوەندە حکومییەکان، هێرشیشمان دەبێت بۆ سەر ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و هتد. ئێمە بەم ئاراستەیە دەڕۆین، بەڵام پێویستە شتێک لەبەرچاو بگیرێت: چەکدارکردنی شۆڕشێک جیاوازە لە شەڕی پارتیزانی، شەڕی چریکی و شەڕی ناوخۆ. پڕچەککردنی شۆڕش کاتێک مانای هەیە، کاتێک کاریگەرە، کاتێک کار دەکات، ئەوکاتە کاریگەری دەبێت کە پشت بە بەشێکی مەزنی کۆمەڵگا دەبەستێت کە لە ئێستادا بە فۆرمەکانی تر خەبات دەکەن. واتە ئەگەر بە خەیاڵتدا بێت خۆپیشاندانی سەدان هەزار یان ملیۆنان کەس لە شەقامەکاندا هەیە، ئەوا ڕاپەڕین و هێرشێکی چەکداری مانای هەیە، چونکە دەسەڵاتی قەرەباڵغی پشتیوانی لێدەکرێت. ئەگەر وا نەبێت، ئەگەر وا گریمانە بکەیت کە بەشێک لە کۆمەڵگا لە ئاستی خۆپیشاندانی چەند سەد کەسێک یان زۆرترینی چەند هەزار کەسێک چەک هەڵبگرن، ئەوانی دیکە کە ناتوانن بەشداری ئەو بزووتنەوەی چەکدارییە بکەن، چالاک نابن ، دەکەونە پەراوێزەوە، دەبنە چاودێر ، هەرچەندە لەنگری لەهێرشی چەکدارانەش دەکەن، بەڵام بەشداری خودی بزووتنەوەکە ناکەن. لە ئەنجامدا ئەوەی دەتوانێ ڕاپەڕینی چەکداری و گورزی کۆتایی بێت، دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە شەڕی چریکی ، پارتیزانی سەرشەقام کە دواجار حکوومەت دەتوانێت شکستی پێبهێنێت. ئێمە تەنها کاتێک دەتوانین ڕاپەڕینێکی چەکداری سەرکەوتوومان هەبێت کە کۆمەڵگا چەک هەڵبگرێت لەسەر بنەمای شەپۆلێکی ناڕەزایەتی جەماوەری، لە شێوەی مانگرتنی سەرتاسەری و خۆپیشاندانی بەربڵاوی شارەکاندا. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، پێموایە ئەمڕۆ چ لە کوردستان بێت یان لە شارەکانی تر، هێشتا کاتی ڕاپەڕینێکی چەکداری نەهاتووە، بەڵام دەبێت لە ئاسۆی کۆمەڵگادا هەبێت، لە دیدگای کۆمەڵگادا هەبێت و پێویستە بێت کەخەڵکیش بزانن کە، لە کۆتاییدا، ئەبێت بە ڕاپەڕینێکی چەکداری کاری حکومەتی کۆتای پێ بهێنیت.
خەلیل کەیوان: بەڕای ئێوە هەڵوێستی شۆڕش چییە؟ تێڕوانینی دۆخەکە چۆن دەبینیت؟
حەمید تەقوایی: پێموایە هەندێک هۆکار کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا تێبینیمان کردووە گرنگ و بەرچاون لە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستادا. یەکێکیان ڕاپەڕینی شارەکانە کە نمونەیەکی دیار بوو لە شارەکانی کوردستان و لە شارەکانی تریش شاهیدی ئەوە بووین. ڕاپەڕین واتە بەربەست خستنە سەر شەقامەکان، هێرشکردنە سەر ناوەندە حکومییەکان، کۆنترۆڵکردنی هەندێک گەڕەک، هێرشکردنە سەر دەرکەوتە حکومییەکان وەک وێنە، لافیتە، تابلۆ و ئاڵای حکومەت لە شەقامەکان، گۆڕینی ناوی شەقامەکان و دواجار کۆبوونەوەی چەند هەزار کەس کە لە بنەڕەتدا بۆ یادی گیانبەختکردووەکان شان لە پرسەکانیان یان حەوتەمیان یان چلەکانیان ئەنجام دەدرا و لەم کۆبوونەوانەدا لەگەڵ هێزەکانی سەرکوتکەردا پێکدادان دەکرا. ئەمانە هەموو نموونەی نوێن کە پێموایە ئەوە نیشان دەدەن کە کۆمەڵگە لە لایەکەوە دەچێتە قۆناغی ڕاپەڕینی شارەکانەوە، لە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر دێتە سەر شەقامەکان. هاوکات لەگەڵ ئەم هۆکارانە مانگرتنەکانیش تەشەنە دەکەن. جگە لە مانگرتنی خوێندکاران و مانگرتنی کاسبکاران و بازرگانان، ئێستا شاهیدی دروستبوونی مانگرتن لە زۆرێک لە ناوەندەکانی کرێکارین. لە ئێستادا ئەم مانگرتنانە پچڕپچڕن، واتە لە بەشێکدا بۆ چەند ڕۆژێک بەڕێوەدەچن و کۆتاییان دێت و بەشێکی دیکەش دێتە سەر. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئەمانە سەرەتای مانگرتنی سەرتاسەری و مانگرتنی گشتین. هیوادارم ڕۆژی سێهەمی ئازەر ڕۆژێکی دیار بێت لە پێکهێنانی مانگرتنی گشتی و بەردەوامیش بێت.
بەڕای من تێکەڵکردنی ئەمانە شۆڕش دەخاتە قۆناغێکی نوێی بەهێزەوە و حکومەت لاوازتر و دواکەوتووتر دەکات. ئەم قۆناغە دەکرێ بە قۆناغی مانگرتنی سەرتاسەری و ڕاپەڕینی شارەکان ناوی ببرێت. وەک وتم ڕاپەڕینی چەکداری کاتێک سەرکەوتو دەبێت کە پشت بە جەماوەری جەماوەری سەر شەقام و مانگرتنی سەرتاسەری ببەستێت. بۆیە مەرجی پێشوەختە بۆ ئەوەی شۆڕش بتوانێت دواجار زەربەی کۆتایی بدات و حکومەت بڕوخێنێت ئەوەیە کە زنجیرەیەک مانگرتنی سەرتاسەری و کۆبوونەوەی جەماوەریمان هەبێت لەسەر ئاستی سەدان هەزار و ملیۆنان کەس لە شارەکاندا.
پێموایە ئێمە بەم ئاراستەیە دەڕۆین و بۆ هەر سێ پێشهاتەکان ڕێکخستن و کۆبوونەوە لە گەڕەک و لە کارگە و زانکۆ و ناوەندەکانی کاردا زۆر گرنگە، ئەم جۆرە ڕێکخستنە خەریکە بەرفراوانتر دەبێت. نەک هەر ئەوە، ئەو شورایانەی کە هەمانە، وەک شورای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەستی نەوت، شورای هاوئااهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەاکانی ڕۆشنبیران، شورا جۆراوجۆرەکان و لێژنە جۆراوجۆرەکانی چالاکانی کرێکاری، ئەمانەش خەریکە چەند هێندە دەبن، دێنە مەیدان و چالاک دەبن. بەڕای من کۆی ئەمانە شۆڕشی ئێمەی گەیاندۆتە قۆناغێکی نوێ و تەواو ئومێدبەخش.
٢ی ئازەری ١٤٠١، ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢