ئه‌ده‌ب خه‌یاڵه.. به‌ختیار محه‌مه‌د
ئه‌ده‌ب خه‌یاڵه، هیچ شتێكی دیكه نییه. ئه‌مه‌ش بنه‌مای به‌های ئیستاتیكای ئه‌ده‌به. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌ده‌ب به‌بێ خه‌یاڵ نابێ، چونكه خه‌سڵه‌تێكی سه‌ره‌كی ئه‌ده‌ب ئیستاتیكایه، سه‌رچاوه‌ی ئیستاتیكاش خه‌یاڵه.
هه‌ڵبه‌ت داهێنانیش به‌بێ خه‌یاڵ نابێ: خه‌یاڵی فانتازیی بێ سنوور. كاری ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه، كه واقیع له‌ناو قوڕی خه‌یاڵدا ده‌شێلێ؛ به‌مه‌ش – له‌سه‌ر كاغه‌زدا – واقیعێكی نوێی جوداواز چێ ده‌كا و ده‌ئافرێنێ؛ هه‌ربۆیه له ئه‌ده‌بدا هه‌رچه‌ند خه‌یاڵ چه‌مووش و بێ سنوور و به‌رزه‌فڕ بێ، هێنده‌ش خۆی له تخووبی داهێنان (ده‌گمه‌ن و ناوازه‌دا) نزیك ده‌كاته‌وه.
هه‌موو شاكاره ئه‌ده‌بییه‌كان ئه‌م خه‌یاڵه بێ سنووره به‌رزه‌فڕه‌یان له‌پشته. ڕاستییه‌كه‌ی شاعیری (ئه‌دیبی) داهێنه‌ر، شاعیرێكی (ئه‌دیبێكی) خه‌یاڵییه و گه‌لێك جار وڕێنه و قسه‌ی بێ سه‌ر و به‌ر ده‌كا (میتافۆر و هێما و هه‌موو شێوه‌كانی خوازه و لێكچوواندن، داهێنانی وڕێنه‌ئاسای ناو زمانی ئاخاوتنن؛ ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕه‌گه‌زانه نه‌بن زمان گه‌شه ناكا و ده‌وڵه‌مه‌ند نابێ. له زمانی شیعردا، كه دیوار و دره‌خت قسه ده‌كه‌ن و ئاسمان به چاوی یار ده‌چێ، ئه‌مه ئه‌و خه‌یاڵه وڕێنه ئاسایه‌یه، كه له زمانی داهێنانی ئه‌ده‌بدا به‌ده‌رده‌كه‌وێ و به‌رجه‌سته ده‌بێ. ئه‌م وڕێنه‌یه كرۆكی به‌های ئیستاتیكای ئه‌ده‌به. ئه‌ده‌ب به‌وه له ژانره‌كانی دیكه‌ی نووسین جودا ده‌كرێته‌وه، كه خاوه‌ن زمانێكی وڕێناویی فانتازییه. هه‌موو جوانی ئه‌ده‌ب ئا له‌م فانتازیایه‌دایه). ده ئێوه ته‌ماشا كه‌ن! ئه‌دی ئه‌مه وڕێنه و قسه‌ی بێ سه‌ر و به‌ر نییه (وڕێنه‌یه‌ك كه پڕه له ناوازه‌یی)، كه‌وا ئه‌ندرێ بریتۆنی شاعیری سوریالی ده‌یڵێ و ده‌یكا: ((ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی كه له گۆشتمان هه‌ڵكۆڵراوه له‌سه‌ر دڵمان كراوه‌ته‌وه…))؟ (1) به‌ڵێ، ئا ئه‌مه وڕێنه‌ی داهێنانه، ئه‌و كاته‌ی، كه خه‌یاڵ هه‌موو سنوورێكی ماقووڵ و ناماقووڵ ده‌به‌زێنێ. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌ده‌ب – گه‌لێك جار – زمانی ده‌ربڕین و داڕشتنی ناماقوولییه‌كانه. كرۆكی به‌های چێژ و ئیستاتیكای ئه‌ده‌ب له‌م ناماقوولییه فانتازییه‌دایه. هه‌رچه‌ند به خه‌یاڵێكی فانتازیی نائاسایی بنووسی، هێنده‌ش له تخووبی ناوازه و داهێنان نزیك ده‌بیته‌وه. ئه‌م دێڕه‌ی (به‌یته‌ی) نالیش له ئه‌ده‌بی كلاسیكی كوردیدا، پڕه له‌م خه‌یاڵه جوانه فانتازییه (خه‌یاڵێك، كه تا چاوی هزر حوكم كا، جوان و ناوازه‌یه):
((قوربان ئه‌تۆ نه‌خیلی یا روتابی
وه‌ها شیرین و سینه نه‌رم و دڵڕه‌ق)).
ته‌ماشاكه‌ن بشزانن رافائیل ئه‌لبێرتی چ ده‌ڵێ:
((ئای ئه‌ی هاوڕێم،… ئا..ا.. ا..ی!
گایه‌كی شین له ئاودایه!
ئێستا به‌حاڵ به‌ده‌رده‌كه‌وێ!
- چی.. چی.. چ.. ی.. ی.. ی!
- گایه‌ك له ده‌ریادا، ئای!)). (2)
یانیش ده‌ڵێ:
((ناتوانم له‌گه‌ڵ باران
له ڕووباردا خۆم بشۆم، ئه‌ی خۆشه‌ویستم
جه‌سته‌ی ئاو برینداره
به خوێن داپۆشراوه)). (3)
رامبۆش دبێژه:
((ئه‌مه‌ته، ئه‌ی ترسنۆكینه! له وێستگه‌كاندا بڕشێنه‌وه
خۆر ئه‌و ئێواره‌یه
به سییه پڕه‌كانی
شه‌قامه‌كانی پاك كرده‌وه
كه به‌ربه‌رییه‌كان پیسیان كردبوو
ئه‌مه‌ته شاره پیرۆزه‌كه، له ڕۆژئاوادا رۆنیشتووه!)).(4)
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌ده‌ب كه‌ینوونه‌ی مرۆڤ كه‌شف ده‌كا: كه‌ینوونه شاراوه و نهێنییه‌كه‌ی. ئا ئه‌مه سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ره سه‌ره‌كی به‌های له‌زه‌تیشه له ئه‌ده‌بدا. هه‌ر بۆیه‌شه ئایدیۆلۆژیا له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بدا ناكۆكه، چونكه سنوور بۆ خه‌یاڵ (بۆ بیركردنه‌وه‌ی فانتازیی، بۆ كه‌شفكردنی كه‌ینوونه) داده‌نێ.
سه‌رئه‌نجام ده‌مانه‌وێ بڵێین: هیچ ئه‌ده‌بێكی سه‌د له سه‌د واقیعی نییه. ناشبێ ئه‌ده‌بی سه‌د له سه‌د واقیعی هه‌بێ، چونكه ئه‌وسا له جه‌وهه‌ری ئه‌ده‌ب بوون داده‌شۆرێ. له‌مه‌وه خه‌یاڵ ڕه‌گه‌زی هه‌ره سه‌ره‌كی ئه‌ده‌ب پێك ده‌هێنێ (ئه‌م خه‌یاڵه له شیعردا ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی). واته ئه‌ده‌بێك كه خه‌یاڵی تێدا نه‌بوو، ئه‌ده‌ب نییه، ده‌بێته هه‌ر بوارێكی دیكه‌ی نووسین، ته‌نها ئه‌ده‌ب نه‌بێ. به‌نموونه وه‌ك: بابه‌تی ڕۆژنامه‌گه‌ریی، نووسینه‌وه و تۆماركردنی ڕووداوه‌كانی مێژوو، هه‌موو نووسینێكی واقیعی به‌ڵگه‌نامه‌یی، بیركاری و ماتماتیك، ئه‌ندازه… تاد؛ بۆیه ئه‌ده‌ب له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ مامه‌ڵه ده‌كا، به‌رله‌وه‌ی له‌گه‌ڵ واقیعدا مامه‌ڵه بكا. ئێمه ده‌زانین، ته‌نانه‌ت ئه‌ده‌بێكمان هه‌یه پێی ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی زانستی؛ ئه‌ده‌بێكیشمان هه‌یه پێی ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی (ڕۆمانی) واقیعی ئه‌فسووناویی. ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی زۆر واقیعی بێ، زوو ده‌مرێ؛ یانیش هه‌ر به مردوویی له‌دایك ده‌بێ. ڕاستییه‌كه‌ی هیچ ئه‌ده‌بێك به‌بێ خه‌یاڵ نییه، ئه‌گه‌ر به بڕێكی كه‌میش بێ.
په‌راوێزه‌كان:
1- ئه‌نته‌رنیت.
2، 3 – رفائیل البیرتی، مختارات شعریة، ترجمة: صالح علمانی، عاصم باشا. ص 37، 56
4- رامبو (حیاته و شعره)، ترجمة: خلیل الخوری، الطبعة الثالثه 1985، مطبعة الدیوانی – بغداد. ص 137
به‌ختیار محه‌مه‌د