جاشکەکە دەبێتەوە بە کەرەکەی جاران.. شەماڵ بارەوانی
دەڵێن جاران کوێخایەک هەبوو ناوی(کەرۆ)بوو. ئەو ناوە ببوو بە هۆی ئیحراجی و بێزارییەکی زۆر بۆ جەنابی کوێخا.
کوێخا نەیدەزانی چۆن و بە چی ڕێگایەک ئەو ناوە نەفرەتی و ناشیرینە لەخۆی بکاتەوە.
تا ڕۆژێک خزمەتکارێکی پێی گوت: گەورەم، من ڕێگایەکی زۆرباشم دۆزیتەوە تا ئەو ناوە بەڵایەت لەسەر لابەرین.
کوێخا لەخۆشییان شاگەشکەبوو و گوتی: چۆن؟
خزمەتکارەکە گوتی: مەپرسە، تۆ یەک شتم بۆ بکە و خەمی هیچت نەبێت.
هەموو ئاوایی و مەملەکەتم بۆ کۆبکەوە و دەعوەتێکی باشیان بکە، ئەوەی تر عایدی خۆم.
لە ڕۆژی دیاریکراودا هەرچی عێڵ و عەشیرەت و ڕیشسپی و پیاوماقووڵان و خەڵکی ئاوایی و مەملەکەت هەبوو، هەموویانی کۆکردەوە و لەسەر ئەرکی کوێخا، زیافەتێکی چاکیان کردن.
ئینجا خزمەتکاری کوێخا هەڵساوە و گوتی: خەڵکینە، یاخوا عافیەتتان بێت و گۆشتی پێ بگرن.
شتێک هەیه دەمانەوێ بەناوی گەورەم کوێخاوە پێتانی ڕابگەیەنم.
بڕیارمان داوە ناوی کوێخامان لە(کەرۆ)وە بۆناوێکی تر بگۆڕین.
جا یارمەتیمان بدەن و هەریەکە و ناوێکی جوانتر و گونجاوترمان بۆ پێشنیازکەن.
یەکێک گوتی ئەمە و یەکێ تر گوتی نەوەلڵا ئەوە خۆشترە.
ئەوڕۆژە زۆر ناو پێشنیازکران وەک ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوە بۆ ناوەکەی جەنابی کوێخا.
جەنابی کوێخا هیچیانی نەچوو بەدڵەوە.
ئاخرییەکەی خزمەتکارەکە گوتی: ئێستا نۆرەی منە ناوێکی شایستە و جوان بۆ گەورەم بدۆزمەوە.
گوتی: بەڕێزان، من ناوێکی زۆرباشم دۆزیتەوە و پێم باشە ناوی گەورەم لە(کەرۆ)وە بکەین به(جاشکۆ).
هەمووان گوتیان: ئەی ئافەرین، وەلڵاهی ناوێکی زۆر خۆش و گونجاو و جوانە.
هەمووان ڕێککەوتن کە ناوی کوێخاکەرۆ بکەن بە جاشکۆ.
پیاوێک دەستی بەرزکردەوە. کوێخا گوتی: فەرموو قسەیەکت هەبوو؟
گوتی: ئەزبەنی، ئەو جاشکە ماوەیەکی تر گەورە دەبێت و دەبێتەوە بە کەرەکەی جاران!
مەسەلەی پشتگیریکردن و ڕێگەبۆخۆشکردنی سەلەفیزمیش وەک جێگرەوە( ئەلتەرناتیڤ)ی ئیسلامی سیاسی و لێدانێک لە ئیسلامی سیاسی، هەمان شێوەی ئەو چیرۆکەیە و لە داهاتوودا ئەو (جاشکۆ) سەلەفییەیە گەورە دەبێت و دەبێتەوە بە هەمان کەرەکە (ئیسلامی سیاسی و ئیخوانی جاران) و وەک چۆن لە میسر و ئوردن و لیبیا و کوێت و شوێنانی تر لە دژی پەتای ئیسلامی سیاسی و ئیخوانییەت، سەلەفییەکان پشتگیری کران و بەکارهێنران. گوترا ئەوانە سیاسەت ناکەن و حیزب دروست ناکەن و مەترسییان لەسەر کورسی و دەسەڵات نییە. بینیمان کاتی ئەو پاییزەی کە بەهەڵە پێی گوترا: بەهاری عەرەبی! چۆن هاتنە ناوسیاسەت و دەیان حیزبیان دروست کرد و ئەوجارە نەک تەنها لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کولتووری و فەرهەنگییەوە چی داخرانێک و کارەساتێک و تاکێکی تاکڕەهەند و تۆتالیتاریان دروست کرد و بوون به مەترسی لەسەر چەمکی پێکەوەژیان و فرەیی و یەکترقبووڵکردن. بەڵکو ڕۆیشتنە ناو پەڕلەمان و لەوێ جارێکی تر بوون بە بەڵا و کارەساتێکی گەورەتر لە دژی هەرپڕۆژەیەک کە بۆنی مۆدێرنێتە و یەکسانی جێندەر و ئازادییەکانی تاکی لێبێت و شەڕی گەورەیان لەپێناو فرەژنی و چەسپاندنی بیروباوەڕ و ئیدەلۆجیاکەیان لەوێوە دەستپێکرد.
ماوەتەوە بڵێم: لێدان لە ئیسلامی سیاسی لەڕێگای سەلەفییەتی دینییەوە، هەڵەیەکی ستراتیجی و گێلایەتییەکی زۆرگەورەیە و لە هەمان کاتدا نەزانی و نەخوێندنەوە و تێنەگەیشنە لەو دوو ڕەوتەی کە ئەگەر لە فرتوفێل و شێواز و تاکتیک و گوتار، دیسکۆرس(discurrere)یش جیاوازبن، لە حەقیقەتدا هەردووکیان دوو ڕووی یەک دراون و داعشی بێ چەکن.
ئەوە ئێستا وادەبینن لەسایەی بوون و هەژموونی ئەو دوو هێزەکۆنخوازە، چۆن فیکری داعشگەرێتی خزاوەتەوە هەموو کونج و کەلەبەرێکی ئەم وڵاتە.
بەدڵنیاییەوە بەرلەوەی تاوانبار و هۆکاری سەرەکی(ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەتی دینی)بن، ئەو بەرپرس و لایەن و کەسانەن کە چاوپۆشی لەو دوو هێزه دەکەن، بە تایبەتی سەلەفییەتی دینی.
ئەو دوو هێزه تاریکبیرەی کە دوو گەورەترین مەترسی و هەڕەشەن لەسەر ئێستا و ئاییندەی کۆمەڵ و مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان و فرەیی و یەکتری قبووڵکردن.
ئەگەر زوو پێشیان پێ نەگیرێت و سنووریان بۆ دانەنرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەساتی زۆر گەورەتر بەڕێوەیە.