کام جیهانبینی لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی
دەستەواژەی جیهانبینی شیعری کوردی، کە چەند ساڵێکە بە شێوەیەکی فراوان هاتۆتە نێو ئەدەبی کوردی و بە بەردەوامی دەگوترێتەوە و ئاماژەی پێ دەدرێت، بە بڕوای من گوزارشتێکە، جۆرێ لە گیروگازی زەمەنی و مێژوویی تێدایە، چونکە جیهانبینی شیعری کوردی لە هەموو قۆناغ و سەردەمێکدا، هاوکات لە ڕووی تیمە و بابەت و گوتاری شیعرییەوە، هاوشێوە و هاوتای یەکتری نین، بەڵکو بە پێی واقیعی کۆمەڵایەتی و ئەو ڕووداوانەی پەیوەندییان بە شیعر و گوتاری شیعرییەوە هەیە، دەگۆڕێت. بۆیە ناتوانرێت ئەزموونی شیعری کوردی، لە قۆناغێکی دیاریکراودا، یا خود لە چەند دەیەیەکدا، کورت و چڕ بکرێتەوە لە تیمەیەکی شیعری دیاریکراو نیشان بدرێن، چونکە ئەزموونەکان جیاوازن. شیعری کوردی، بە تایبەتیش لە قۆناغی پێش ڕاپەریندا، جۆرێک جیهانبینی هەیە، کە خۆی لە پرسی نەتەوە و نیشتمان، بەرگریی و مانەوە، پارێزگاریکردن لە شوناسی نەتەوە خۆی دەبینێتەوە، بۆیە نەک هەر ناتوانین ئەو بابەتە لە شیعری ئەو قۆناغە دەرهێنین، بەڵکو هەر لێکۆلینەوەیەک لە شیعری کوردیدا لەو قۆناغە، بە بێ ئاماژەدان بەو گوتارە شیعرییە، شوێنی خۆی ناگرێت. ئەمە وێرای ئەوەی چەمکی هاوچەرخ بە مانای نوێگەرێتی لە هەموو سەردەم و قۆناغێک نایەت. دەشێ ئەوەی ئەمڕۆ نوێ و هاوچەرخە، لە داهاتوودا کۆن ببێت و ڕەهەندی نوێگەرانەی خۆی نەمێنێت، لە بەر ئەوەی هاوچەرخبوون پەیوەندی بە قۆناغ و سەردەم و دیاردەکانی ژیانەوە لە هەموو ڕووێکەوە هەیە. لێرەوەش جیهانبینی شیعری هاوچەرخی کوردی، لە ڕووی مانایەوە هەڵگڕی گیرو گازە. لەو ڕوانگەیەوە، کتێبی (جیهانبینی شیعری کوردی) کە لێکۆلینەوەیەکە لە گوتاری شیعری کوردی، لە قۆناغەکانی نێوان ساڵانی 1970 تاکو 2012، شڕۆڤەی ئەو بابەتانە دەکات، کە وەک تیمەی سەرەکی دەقی شیعری لەو سەردەمەدا، ڕەنگدانەوەی لە شیعری کوردی هەبووە. بێگومان ئەم ناونیشانە، بە بێ پۆلێنکردنی زەمەنی و مێژوویی، جۆرێک لە ناڕۆشنی لە ڕووی ناوەڕۆک و بابەتەوە دروست دەکات. دواتریش دەبوو توێژەر هەر تەنها لە پێشەکی کتێبەکە نا، بەڵکو وەک ناونیشانێکی لاوەکی لە سەر بەرگی کتێبەکەش، ئاماژە بەو ماوە زەمەنییە بدات کە دیاریکردووە بۆ لێکۆلێنەوە لە جیهانبینی شیعری کوردی. توێژەر لەو کتێبەیدا، سێ تەوەرەی سەرەکی کە ئەوانیش:_ (خودا و گەردوون و مرۆڤ)ن، وەک بابەتی گوتاری شیعری و جیهانبینی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، واتا نێوان ساڵانی 1970 تاکو 2012 دیاریکردووە. بە بڕوای نووسەر، ئەم بابەتانە جیهانبینی سەرەکی شیعری کوردی لە ئەزموونی شیعری شاعیرانی کورد پێک دێنێت، بەڵام ئایا ئەم بابەتانە، تیمەی سەرەکی شیعری کوردین لە قۆناغی هەفتا و هەشتاکاندا؟ ئایا شیعری کوردی، بە درێژایی قۆناغەکانی تا چەند تەناهی لەگەڵ ئایین هەبووە؟ مەگەر بەردەوام شاعیرانی ئێمە ڕەخنەیان لە ئایین نەگرتووە؟ بۆیە بەستنەوەی شیعری کوردی بەو سێ تەوەرەوە، لە ڕاستیدا بێ ئاگایە لە مێژووی شیعری کوردی و ناوەڕۆکەکەی. لە ڕاستیدا، جیهانبینی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، تەنها لە دەوری ئەو بابەتانە ناخولێتەوە کە ئەویش پرسی خوداو گەردوونە، گریمان ئەگەر لە شیعری شاعیرانیشدا، ئەو ڕەگەزانە باسکرابن ، مانای وانییە ئەمە هەموو جیهانبینی شیعری کوردییە، بە پێچەوانەوە ئەم بابەتانە بەشێکی بچووک لە گوتاری شیعری پێک دێنن. شاعیرانی ئێمە، هەمیشە دیدێکی ڕەخنەیان بۆ ئایین بە گشتی هەبووە، بگرە لە هەندێ کاتدا، ئایینیان وەک ڕەوایەتیدان بەو کارەساتانە بینیوە، کە بە سەر گەلی کورد داهاتوون، بۆ نموونە وەک ئەنفال، کە چۆن ڕژێمی بەعس دێت و ئایەتێکی قورئان دەکاتە بەهانەی قڕکردنی ئێمە و لە ژێر ئەو ناوەدا، سەدان هەزار مرۆڤی کورد دەکوژێت. ڕەخنە گرتن لە ئایین، لای هەندێ شاعیری کورد، هێلی سووریشی بەزاندووە و بۆتە هۆی ئەوەی فەتوای کوشتنی دەربکرێت، ئیدی نازانم چۆن نووسەری ئەم کتێبە دێت، هەموو شیعری کوردی لە هەبوونی خودا و گەردوون و قەزا و قەدەر کۆدەکاتەوە؟ کە ئەم هەوڵە، پتر لە خزمەت دید و ئەقڵێکی ئیسلامی دایە، لەوەی فەرهەنگی و ئەدەبی و نەتەوەیی بێت. بێگومان جیهانبینی سەرەکی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، کە نووسەری کتێبەکە خۆی لێ بواردووە، پرسی خاک و نیشتمان و بەرگریی و مانەوەیە. ڕووبەرێکی سەرەکی و بگرە هەموو گوتاری شیعری کوردی لە شەستەکان و هەفتاکان و هەشتاکان و ساڵانێکیش دوای ڕاپەڕین، خۆی لە پرسی خاک و نیشتماندا دەبینێتەوە. گوتاری شیعری ئەو قۆناغە گوتاری بەرگریی و گەڕانە بە دوای ئازادی و سەربەستیدا. شیعر لەو سەردەمەدا، ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە سیاسی و نەتەوەیەی ئێمەیە، کە لە پەراوێزی ئەو داگیرکاریی و ستەمە نەتەوەیەی بە سەر گەلی ئێمە داهاتوون. شیعر لەو قۆناغەدا، لە سەنگەری بەرگریی و مانەوەی شوناسی نەتەوەیی دایە. لەو ڕوانگەیەشەوە، سیماکانی بەرگریی و داکۆکی لە نەتەوە و یاخیبوون و هاتنەوە بە گژ دوژمناندا، لە خاسیەت و گوتارە هەرە دیارەکانی شیعری کوردین. ئەم بابەتانە، پرسی بنەڕەتی و سەرەکی و هەرە دیاری شیعری کوردی پێکدەهێنن و ئەگەر پرسێکی وەک خوداو گەردوونیش لە شیعری ئەو سەردەمە لای شاعیرانی کورد بوونی هەبێت، هەرگیز مانای وا نییە جیهانبینی شیعری کوردی، جیهانبینییەکی ئایینگەرایی بووە. ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ مێژووی شیعری کوردی، لە هەفتا و هەشتاکاندا، لە ڕاستیدا شێواندنی مێژووی شیعری کوردییە و بەستنەوەیەتی بە پرسێک کە هەمیشە پرسێکی نامۆ و لاوەکی بووە لای شاعیرانی کورد و بگرە نەتەوەی کورد بەگشتی. مەگەر کەس ئەوەندەی نالی و مەحویی و شێخ ڕەزاو پیرەمێرد و شێرکۆبێکەس، ڕەخنەیان لە ئایین و سیمبولە ئایینییەکان گرتووە؟ شیعری کوردی لە هەفتاو هەشتاکاندا، ڕوالەتێکی ئەوپەڕی نەتەوەییانە و بەرگریانەی هەیە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەرگریی و مانەوەی ئێمە هاوشانی خەباتی چەکداری لە شاخدا بینیوە، بە سەدان پێشمەرگە، لە سەردەمی تێکۆشانی شاخدا، خۆزگەی ئەوەیان دەخواست شەهید بوونایە، بۆ ئەوەی شێرکۆبێکەس شیعرێکییان بۆ بنووسێت، ئیدی نازانم چۆن نووسەری کتێب، ئەو جیهانبینییە نابینێت و دێت شیعری چڵ ساڵی کوردی، بە خوداو گەردوون دەبەستێتەوە. تەوەرەیەکی دیکەی ئەو کتێبە، پرسی بوونی مرۆڤە، شاعیرانی کورد، هەمیشە بوونی مرۆڤیان لە ڕوانگەیەکی ئەنتۆلۆژیی و وجودی بینیوە نەک ئایینی، وەک ئەوەی نووسەری کتێب باسی دەکات. سەردەمانێک، شاعیرانی کورد لە ژێر کاریگەریەتی هزری سارتەر و کامۆ دابوونە و لەو ڕوانگەیەشەوە، بوونی مرۆڤیان وەک پرسێکی فەلسەفی ئاڵۆز بینیوە، کە مایەی پرسیار و تێڕامانە. زۆرجار بوونی مرۆڤیان، بە کارێکی پووچگەرایی و بێ مانا و ژیانییان بە گشتی وەک دەرکەوتەیەکی بێ نرخ و بێ بەها بینیوە، دیارە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەیە، کە مرۆڤی کورد لەو سەردەمەدا تیایدا ژیاوە. بوون لای شاعیرانی کورد، ڕەهەندێکی فەلسەفی و یاخیبوونی هەبووە، نەک ئەوەی بە ئاسانی باوەڕبەوە بێنن کە وەک هەر مرۆڤێکی دیکە دەژین و دەمرن و خودا خەڵقی کردوون! لەو سۆنگەیەشەوە، بەردەوام لە ڕوانگەیەکی هزریی و فەلسەفییەوە پرسیاریان لە بوون و ژیان و خودا کردووەو بگرە دژ بە دنیا و ژیان و بوونیش وەستاونەتەوە. بوون لای ئەوان، ڕەهەندێکی ئایینی و گەردوونی نەبووە، بگرە زۆرتر مایەی نائومێدی و ڕەشبینی و گومان و پرسیار بووە لەوەی مرۆڤ بۆ دروستکراوە؟ بۆچی دەژیت؟ بۆچی قەدەری ژیانی وەهایە؟ لێرەوەش نموونە هێنانەوە لە شیعری چەند شاعیرێک کە زۆرینەیان ئەزموونێکی شیعری ئەوتۆیان نییە لەو کتێبەدا و لای نووسەر، مانای وانییە جیهانبینی شیعری کوردی هەمووی پەیوەندی بە خوا و گەردوون و ئەستێرە و مانگ و خۆرەوە هەیە. هەموو ئەو توخمە گەردوونی و سرووشتیانە، کاتێ لە شیعری ئەو قۆناغەدا، واتا ساڵانی هەفتاو هەشتا، بەرجەستە دەکرێن، مانای دیکەی سیمبولی و سیاسی وەردەگرن و لە ڕەهەندە سرووشتییەکەی خۆیان دادەماڵڕێن و بوونێکی سیاسی و نەتەوەیی وشۆڕشگێرییان پێ دەدەرێت. ئەو ڕەگەزە سرووشتییانە، لە فۆڕمێکی دیکەی شیعریدا بەرجەستە دەکرێن، بۆیە لە شیعری نیوەی دووەمی هەفتاکان و دەیەی هەشتاکان، توخم و وێنە شیعرییەکان، بونیادێکی دیکەی واتایی وەردەگرن و جۆرێک لە ڕەهەندی سیاسی و نەتەوەیان پێ دەدرێت. گەر بە وردیش لە سەر شیعری ئەو قۆناغە بوەستین، باشتر ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت. لە مێژووی شیعری کوردیدا، هیچ قۆناغێک وەک ئەو قۆناغەی نووسەری کتێبەکە، وەک ماوەی زەمەنی توێژینەوەکەی دیاریکردووە، هەڵگری جیهانبینی نەتەوەیانە و شۆڕشگێڕیانە نییە، ئیدی نازانم چۆن نووسەر دەیەوێت شیعری زیاتر لە سی ساڵی شاعیرانی ئێمە، بەتەنها لە بابەتەکانی وەک بوونی خودا و ئەستێرەو گەردوون کۆبکاتەوە؟ ئەو شیعرانەی وەک نموونەی توێژینەوەکە وەرگیراون، زۆرینەی هەرە زۆریان، شیعری شاعیرانێکن کە هیچ ئەزموونێکی شیعری ئەوتۆیان نییە و بە داخەوە نووسەر لە ڕوانگەی شارییەوە، بەو پێیەی خەڵکی شارەکەی ئەون، نموونەی لە شیعرەکانیان هێناوەتەوە. لە کاتێکدا، نموونەی لە شیعری شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس، فەرهاد شاکەلی ، ئەنوەرقادر و ڕەفیق سابیر ، بە جۆرێکی کەم نەبێت نەهێناوەتەوە. لەکاتێکدا باسکردن لە شیعری هەفتاو هەشتاکان، بە بێ ئاماژە دان بە ئەزموونی ئەو شاعیرانە، ناتوانرێت گوزارشت لە قۆناغە شیعرییەکە بکرێت.
*پەراوێز: ناوی کتێب: جیهانبینی شیعری هاوچەرخی کوردی، ئامادەکردنی: دەریا جەمال حەوێزی، بڵاوکراوەی: ئەکادیمیای کوردی.
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ، ژمارە (1285) ڕۆژی 10/ 8/2023 بڵاوکراوەتەوە.
.