Skip to Content

دیدارێک لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار هەرێم جەماڵ(*).. سازدانی: عەبدولا سڵێمان(مەشخەڵ)

دیدارێک لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار هەرێم جەماڵ(*).. سازدانی: عەبدولا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by شوبات 10, 2024 General, Literature


لەجەرگەی پایزێکی تەڕ و باراناوی و بەدەم کزەبایەکی سارد و وەرینی گەڵای دارەکانی قەراغ شۆستەکانی شار، هونەرمەندێکی کورد لە یەکێک لە ناوەندە هونەرییەکانی شاری ڤانکووڤەر، بەکۆمەڵی تابلۆ و کاری هونەریی جوان دەیەوێت پەیامێک بدات بەگوێی سەردانیکەرانی پێشانگاکە و شار. ئەو هونەرمەندەش هەرێم جەماڵە. تابلۆکانی ئەم هونەرمەندە بەگشتی هەڵگری خەمی ئینسان و نمایشی ستایڵێکی هونەری واقیعی و جوانن. ئەتمۆسفیری کارە هونەرییەکان سیخناخ بوون بە ڕەتکردنەوەی ئەم ماڵوێرانی و کارەسات و جەنگ و ئاوارەیی و کوشتنەی کە یەخەی مرۆڤایەتی گرتووە. هونەرمەند هەرێم جەماڵ لەنێوان خەمی ئینسان و هونەرێکی بەرز، زیرەکانە ڕایەڵەیەکی تووند و تۆڵی ئارایشت داوە. ڕۆژنامەی ڕەوت جگە لە ئامادەبوونی لەو پێشانگایە، پێشنیاری ئەم دیدارەشی خستە بەردەم هونەرمەند هەرێم و ئەویش خۆشحاڵانە پێشنیارەکەی قەبووڵ کرد.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : سەرەتا زۆر سوپاس بۆ قەبووڵکردنی ئەم دیدارە لەگەڵ رۆژنامەی ڕەوت. وێڕای پیرۆزباییمان بۆ ئەم پێشانگایەت، بەچاوگێڕانێک بەنێو تابلۆکاندا، بینەر هەست بە پەیوەندییەکی قووڵ لەنێوان تابلۆکان و ژیانی ئینسانەکانی ئەم سەردەمە دەکات. یان بڵێێن هەست بە پەیوەندییەکی پتەوی نێوان هونەر و واقیع دەکات. بەبۆچوونی ئێوە هونەرمەند چیبکات تا ئەم پەیوەندییەی نێوان هونەر و واقیع بەزیندوویی ڕابگرێت؟

هەرێم جەماڵ : هونەر وهونەرمەندان پێگەی جیاوازیان هەیە لە کۆمەڵگەدا، شێوازی جیاوازیان هەیە بۆ دەربڕین و کارکردن . هونەرمەندی زۆرهەیە لە دەرەوەی بازنەی ڕوداوەکان کار دەکەن، یان لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە جوانی بڵاو ئەکەنەوە و تێکەڵ بە گرفتەکان و واقعی ژیانی ئەمڕۆ نابن، کە بە بۆچونی من ئەوە مافی خۆیانە و ناکرێ بخرێنە ژێر ڕەخنەی ڕوخێنەر کە بۆچی هونەرەکەیان ڕەنگدانەوی گرفتەکان و ئەوەی ئەگوزەرێ نییە. بەڵکوو بگرە جێی دەستخۆشین کە جوانی وئاشتی ئەگوێزنەوە بۆ بینەر وە کۆمەڵگە پێویستی پێیان هەیە. منیش لەگەڵ ئەوەی زۆربەی لەسەر بابەتی جەنگ وستەم و قوربانیانی جەنگ و کارەساتە مرۆییەکانە، بەڵام زۆرجار هەڵدەستم بە کێشانی تابلۆی سروشت، گوڵ، دیمەنی ئارامبەخش و پڕ لە ڕەنگ. چونکە پێویستم پێیەتی وە ئەمە مانای پشتگوێ خستن و دورکەوتنەوە نییە لە ئامانجە سەرەکییەکەم.
ئەکرێ رۆژێک ستایلی کاردنی من بگۆرێ بەڵام لە ئێستادا کاری من ئەوەیە پەیامەکەم بەو شێوەیە بگەیەنم. پێم باشە بە تابلۆیەک ڕای خۆم لەسەر بابەتێک یاخود ڕوداوێکی گرنگ دەربڕم، نەوەک قسەی لەسەر بکەم، یان ڤیدیۆیەک، نوەسینێک، یا پۆستێک بڵاوبکەمەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوە کاری من نییە و کەسانی تر زۆرن بەو شێوە گوزارشتی بکەن. تەنانەت لە ئێستادا بەشێوەیەکی لێ هاتووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر کەس ‌قسە لەسەر بابەت و ڕوداو وپێشهاتەکان ئەکەن بەبێ شارەزایی و زانیاری دروست. جگە ئەوە پێم وایە پەیامێک یان بۆچونێک لەسەر بابەتێک لەڕێی کاری هونەرییەوە، زۆر زیاتر بایەخی هەبێت و بینەر تێڕامانی هەبێت بۆی و بیری لێبکاتەوە. وە زیندوو ڕاگرتنی پەیوەندی نێوان هونەرمەند و واقیع و بینەر پێویستی بە خۆئەپدەیت کردنەوە هەیە لەگەڵ ڕووداوەکان و ئەو ئیڤێنتانەی کاریگەری هەیە لەسەر هونەرمەند و ئێستای کۆمەڵگە.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : ناوەڕۆکی کارە هونەرییەکانت لێوڕێژن لە هەستی ئینسانیی بەرز. واتە ئینسان بۆتە چەقی ئیشەکانت. خەمی ژیان، منداڵ، ژن،ئاوارەیی و جەنگ..تاد دوواجار هەموو ئەمانە دەبنە پەیامی هونەری. تۆ لەڕێگەی ئەم کارە هونەرییانەوە دەتەوێت چ پەیامێک بگەێنیت؟
هەرێم جەماڵ :
بەڵێ، ئەوانەی ئاماژەت پێدا وە هاوکات مرۆڤە بێتاوانەکان و قوربانیان، زوڵم و ستەم، جەنگ و کاریگەرییەکانی، بابەتی سەرەکی کارەکانمن لە ئێستادا وە بە ڕێژەیەکی زۆر منداڵ چەقی کارەکانمە و هەژموونی هەیە لە کارەکانمدا. هۆکاری هەلبژاردنی ئەو بابەتانە بۆ کارەکانم ئەکرێ زۆربن. ئێمە لە جیهانێکدا ئەژین کە ئەم کارەسات و ڕوداوانە ڕۆژانە دەبینین و دوبارە ئەبنەوە و کۆتایی نایەن. نەک تەنها شایەتحاڵی ئەو ڕووداوانە ئەبین بەڵکوو زۆرێکمان ئەزموونمان کردوە و ئێستاش ڕوودەن، وە تەنها خەڵکی بێتاوان و بێدەسەڵات دەبنە قوربانی و سووتەمەنی لەم نێوەندەدا.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی مناڵ لە چەقی کارەکانمدا، چەند هۆکارێک هەیە. وەک مرۆڤ پێم وابێت هەموومان هاوڕاین لە نێوان ئەم هەموو ڕووداو و کارەساتە مرۆییانەدا، منداڵ تاکە کەسە کە بێتاوانە و هیچ پەیوەندییەکی نییە بەوەی لە چواردەوری ڕوو دەدەن. منداڵ بێئاگایە لەوەی بۆچی دەکوژرێ، برسی دەکرێ، زوڵمی لێ دەکرێ، بێ دایک و باوک دەکرێ. منداڵ بێئاگایە لەوەی بۆچی دەبێ لەناکاو ئاوارە بکرێ. منداڵ بێ ئاگایە لەو دینەی بۆی دیاری کراوە. منداڵ پێویستە تەنها منداڵ بێت و دڵخۆش بێت.
هۆکارێکی تری بوونی منداڵ لە کارە هونەرییەکانمدا ڕەنگە ئەوەبێت کە خۆم مناڵیم لەدەست داوە بەهۆی جەنگەوە. زیاتر لە هەشت ساڵی مناڵیم لە کەمپی پەنابەران بەسەربرد لەگەڵ خانەوادەکەم کە وەک زیندان بوو، هاتنە دەرەوە لەو کەمپە تەنها بۆ کارکردن بوو لەو تەمەنە کەمەدا. جەنگ ساتەکانی مناڵی بردم وە ئێستاش هەر منداڵێک ئەبینم لەو بارودۆخە مناڵی خۆمم بیردەکەوێتەوە، بۆیە ئەمەوێ دڵخۆش بن. ئێستاش کە منداڵان ئەبینم خەریکی یاری کردنن پێمخۆشە بڕۆم یارییان لەگەڵ بکەم و قەرەبووی ساتە لەدەست چووەکانی مناڵیم بکەمەوە.
ئێمە لە جیهانێکدا ئەژین کە پڕە لە جەنگ و نادادپەروەری وە خەڵکی بێتاوان بوونەتە قوربانی چاوچنۆکی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی سەرمایەداری. وەک چارلی چاپلین لە فیلمی ‘دیکتاتۆر’ ئەڵێت “یەهودی وغەیرە یەهودی، ڕەش و سپی، فەرقی نییە. مرۆڤ بوون واتە هەموومان هاوکاری یەکتربین. نەفرەت و ڕق لێبوونەوە کاری ئێمە نییە. زەوی بە پێی پێوییست جێی بۆ هەممومان هەیە و پێویستی هەموومان دابین ئەکات.”
ئێمەی هونەرمەندیش خۆ ئەگەر نەشتوانین گۆڕانکاری بکەین، بەڵام ناتوانین دەست و چاومان دابخەین، وە ئەکرێت بە هونەرەکەمان دۆخەکە بەرجەستە بکەین و کاریگەری دروست بکەین.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : کەرەسە و مەتریاڵەکانی ئیشە هونەرییەکان جیاواز بوون. تیایاندا هەبوو زەیتی بوون لەسەر کانفاس و هەشبوو ئەکریلیک، هەشبوو موجەسەم. ئایا ناوەڕۆکی ئیشە هونەرییەکان وا دەکات کە ئەو کەرەستانە هەڵبژێریت، یان ستایڵی هونەریی وا دەخوازێت؟
هەرێم جەماڵ :
بەکارهێنانی جۆری کەرەستە بۆ کاری هونەری ئەکرێت هەم بە پێی جۆری ستایلی کارکردن وە هەم بەپێی ناوەڕۆکی کارەکە بگۆڕێت. لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کارەکانم لە تابلۆیا خۆی ئەبینێتەوە، بەڵام هەندێ جار کۆنسێپتی کارەکە وا ئەخوازێت کە کەرەستەیەکی دیکە بەکاربهێنم کە ڕەنگە زۆر دووربێت لە تابلۆ و بچێتە چوارچێوەی ڕێبازێکی دیکەی هونەری. هەربۆیە کاری هونەری لای من تەنها تابلۆ نیە. هەرچەند ستایل و کارکردنی من زیاتر لەڕێگەی تابلۆوەیە بەڵام زۆرجار سەردانی گەلەری و پێشانگە هونەرییەکان ئەکەم کە کار لەسەر کەرەستە و ڕێبازی جیاواز ئەکەن، وە زۆر گونجاوە لەگەڵ ناوەڕۆکی کارەکان و زۆر بە دروستی و بە قووڵی پەیامی کارەکەیان ئەگەیەنن.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : ئەم پێشانگایە سێیەمین پێشانگاتان بوو لە هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیای وڵاتی کەنەدا، بەگشتی ڕەوەندی کوردیی چۆن پێشوازییان لەم پێشانگایەت کرد؟
هەرێم جەماڵ :
بەڵێ ئەمە سێیەمین پێشانگەم بو لێرە وە بە خۆشحاڵییەوە ئامادەبوویەکی زۆری لێبووە بەڵام بەداخەوە ڕێژەی سەردانکردنی کوردەکان زۆر کەم بووە. ئەمە وەک گلەیی نییە لەلایەن منەوە چونکە پێم وابێت زۆری کوردەکان ئآشنان بە چیرۆکی کارەکانی من وە ڕەنگە تەنانەت زۆرێکیان لە هەمان بارودۆخدا بووبن وە هەمان چیرۆک و کارەساتیان بەسەردا هاتبێت. بۆ من زیاتر گرنگی لەوەدایە پەیامەکە بگات بە خەڵکی دەرەوە و غەیرە کورد کە خۆشبەختانە تا ئێستا سەرکەوتوو بووم. کاتێک کە بینەرێکی بیانی دێتە ناو پیشانگەکەم و لە کارەکانم ئەڕوانێت، بە دڵێکی پڕەوە قسەم لەگەڵ ئەکات و هەڵهێنجان بۆ کارەکانم ئەکات و دواتر داوای لێبوردن ئەکات کە ئەو هەموو کارەساتەمان بەسەر هاتووە، ئەوکات من دڵخۆش ئەبم چونکە پەیامی کارەکانم گەشتووە و کاریگەرییەکەی ئەبینم. بەڵام پشتگیری و سەردانکردنی کوردەکان زیاتر ئەبێتە جێی دڵخۆشی کە ببینم بایەخ ئەدەن بە کاری هونەری، وە بوونی کۆمەڵگەیەکی کوردی کە بایەخ بدات بەو چالاکییە هونەرییانە گرنگە.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : پەیوەندییتان لەگەڵ هونەرمەند و دەزگا و ناوەندە هونەرییەکانی وڵاتی کەنەدا چۆنە و لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا توانیوتانە ڕایەڵەیەک دروست بکەن؟
هەرێم جەماڵ :
پەیوەندی دروست کردن لەگەڵ دام ودەزگا هونەرییەکان کارێکی خێرا و ئاسان نییە، بەوەی کە هەزاران هونەرمەندی لێیە کە ماوەیەکی زۆرە لێرە دەژین و کاری هونەری ئەکەن بەبەراورد لەگەڵ من. هەروەها زۆربەی کار و پرۆژە هونەرییەکان لێرە پەیوەستە بە شێوازی کارکردن و پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵ. بەڵام جێی دڵخۆشییە کە توانیومە جێ پێی خۆم سەنگین بکەم و پەیوەندی دروست بکەم لەگەڵ هەندێ لە دام و دەزگا هونەرییەکان و گەلەرییەکان. هەروەها توانیمە کۆمەڵێک هاوڕێ و هونەرمەندی زۆرباش بناسم و پردێک دروست بکەم کە بتوانم هەندێ جار یەکتر ببینین و سەردانی ئیڤێنتە هونەرییەکان بکەین و گفتوگۆ بکەین. هەروەها لەم چەند ساڵەی کە لێرە بووم توانیومە پانتایی کارکردنم زیاتر بکەم و لە چەند پرۆژەیەکی هونەری بەشداربم لە ولاتانی ئەمریکا و ئیتالیا و نیوزیلاند، وە توانیومە پەیوەندی دروست بکەم لەگەڵ هونەرمەندی بە ئەزموون و بەتوانا کە هەریەک لە وڵاتێکەوە بەشدار بوون.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : بەشێکی زۆری کارە هونەرییەکانت هەم واقیعین و هەمیش ئاوێتەکراون بە رادیکاڵییەت و ڕەوتکردنەوەی واقیعی فەرزکراو. ئایا پێتوانییە ئامانج لە ئەم ڕێبازە هونەرییە گۆڕینی واقیعی فەرزکراوە بەرەو دنیایەک کە خاڵی بێت لە جەنگ و کوشتن و هەژاری و برسێتی؟
هەرێم جەماڵ :
کارەکانی من پەیوەندی بە واقعی ژیانی خۆم و ملیۆنان کەسی ترەوە هەیە. واقعی ئەو بارودۆخەی چ لە ڕابردوودا ڕوویداوە وە کاریگەری جێ هێشتووە یاخود ئێستا ڕوودەدات وە ڕەنگە بەردەوام بێت بۆ داهاتووش. لەبەر ئەوەی خۆم ئەزموونی ئەو بارودۆخ و کارەساتانەم کردووە، وە ئێستاش بە واقعی ئەیبینم بۆیە زۆرجار پێم خۆشە هەر بەوشێوە و بەو ڕێبازە واقعگەراییانە دەریبڕم و کاری لەسەر بکەم بەڵام بە ئاوێتەبوون لەگەڵ ئەو خەیاڵ و بیرۆکە و مەبەستانەی کە هەمە و ئەمەوێ بیانخەمەڕوو. بۆیە کاتێک مناڵێکی هەژار ئەبینی لە تابلۆکەمدا کە لەسەر بەرمیلێکی پڕ نەوت دانیشتووە و لەسەرخاکێکی پڕ لەزێڕ و پڕ داهاتە، وە پارچەکانی وڵاتی لەپێش چاودا هەرزانفرۆش ئەکرێت، ئەم دیمەنە ڕەنگە بە واقعی وەک دیمەن یان فۆتۆیەک نەیبینین بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە واقعێکە و هەستی پێ ئەکەین.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : کاک هەرێم گیان ببەخشە ماندوومان کردی و جارێکی تر سوپاست دەکەین. ئەگەر شتێکی ترت ماوە بێڵێی دەتوانیت بفەرموویت.
هەریم جەماڵ :
زۆر سوپاس بۆئێوە و ئەم چاوپێکەوتنە، خۆشحاڵ بووم. لە کۆتاییدا تەنها ئەتوانم بڵێم هیوادارم لەهەرشوێنێکی ئەم دونیایە هیچ کەس دووچاری ستەم و جەنگ نەبێتەوە و خەندە لەسەر لێوی منداڵان نەبڕێ.

(*)هونەرمەند هەرێم جەماڵ لە شاری هەڵەبجە لە کوردستانی عێراق لەدایک بووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە هونەرە جوانەکان وەرگرتووە و هەروەها پڕۆگرامی مەشقی مامۆستایی لە زانکۆی بێرمینگهام لە شاری هەولێر تەواو کردووە. هەرێم جەماڵ لەماوەی ژیانی هونەریدا بەشداری زیاتر لە چل پێشانگای هونەری کردووە کە هەشت دانەیان پێشانگای تایبەت بوون. لەبواری فیلم و نواندنیشدا چالاک بووە و لە کورتە فیلمی ( بیرەوەرییەکانی ماڵەوەی هەرێم) کە لە فیستیڤاڵی فیلم لە ڤانکووڤەر کەنەدا نمایش کرا و سەرکەوتنی بەدەست هێنا. هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک میوزیکژەن و ئاوازدانەری بەتوانا لە وڵاتی ئەمریکا بەشدارە لەپرۆژەی Songs of Hope, کە هەستاون بە داڕشتنی ئاواز لەسەر تابڵۆکانی هەرێم و نمایشکردنی و ژەنینی لە شارە جیاجیاکانی ئەمریکا. وا بڕیارە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ لە ویلایەتی تێنەسی نمایش دەست پێ بکەنەوە. هەرێم جەماڵ ماوەی چەند ساڵێکە لە شاری ڤانکووڤەر لە وڵاتی کەنەدا دەژێت و سەرقاڵی وتنەوەی وانەی هونەرە.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish