Skip to Content

چیرۆک\ مرۆڤ و…دەوروبەر.. ئەدیب نادر

چیرۆک\ مرۆڤ و…دەوروبەر.. ئەدیب نادر

Closed
by ئایار 8, 2024 General, Literature



1
تازە کۆچیرۆکی “ئەسپ”ی بڵاوببووەوە، ڕۆژێك بوو لەو ڕۆژانەی شار ئەوەندە بە جۆشبوو دەتگۆ دارستانی شەپۆلی دەریایەکی تێکچڕژاوە، ئاسمان گیزەگیزی مێشەنگ سەرشاری دەکرد وەك چۆن ئۆرکێسترا بە سیمفۆنیایەکی نایاب ژیانی بە هۆڵێکی بێدەنگ دەبەخشی ئاوها..لە فەلافلەکەی “ئەنتە ماشی”ڕێکەوتی ئازاد شەیدام کرد و بە شەقامەکەدا شۆڕبووینەوە، شەقامە دڵگیرەکەی جمهووری، کە سەروەختێك بوو ببووە جمکی ژیان و تەنانەت بەشێکیش لە ئایندەی هێشتا نەهاتوومان..وەك بڵێی هێزی گۆڕینی دنیامان تێگەڕابێ، خۆشحاڵانە پیایدا هاتینە خوارەوە. پێیەکمان لەسەر شۆستەکەیدا بووایە، پێیەکەی دیمان لەناو یەکێك لە کتێبخانەکانیدا دەبوو، هەندرێن، لە دەستە چەپیدا بوو بەرانبەر باڵەخانەکەی شکورنەججاڕ، بێئومێدانە دەردەچووینە دەرەوە، چونکە ڕەفەکانی لە چەند کتێبێکی مەلوول و دنیایەك تۆزوخۆڵگرتوو بەولاوە هیچی تر لەسەریاندا سەقامی نەدەگرت..دەچووینەوە دەستەڕاست، گەل، ئینجا ئاسۆ، ئاسۆ جوانترین ئاسۆمان بوو.. زیارەتگای ڕۆژانەمان بوو..ڕەفە پڕ کتێبەکانمان بەسەردەکردەوە، وەك ئەوەی مەزاری پیاوچاك و ئەولیاکان بن دەستمان پیایاندا دەهێنا و کاتیش لە پەنجەکانمانەوە ڕووناکیی پێدەبەخشین..کە دەریش دەچووین، بێلێبڕ بەدەم ڕێگاوە دنەی شەیتانی شیعرمان دەدا، کەی دادەبەزێتە خوارەوە و زریان و گەردەلوولێکی سپیی سپیی جیاوازمان پێ دەنووسێتەوە..ئەگەر کچە خەونئاساکەی حەمەئەمینیش، ڤینۆسە باڵابەرز لە دەرەوە بووایە، شەقام دەورووژا و وەك دڵمان دەکەوتە پەلەقاژێ..کسپە نەك هەر لە جگەرمانەوە، لە چاویشمانەوە سەری دەکرد، گەنج و پیر لە حەسرەتدا، وەك شەمەندەفەرەکەی شار، لە دووکەڵی سووتان بەولاوە هیچی تریان بەرهەم نەدەهێنا..تۆزێك خوارتر، ئۆرۆزدی هەڵیلووشین و بە بارتەقای سییەکان بۆنوبەرامەی کلارای پشت کاونتەری عەترەکانمان کرد و حەسرەتبارانە دەرپەڕین..لەو پێچەدا، لەو پێچەی بەلای قۆرییەی تێکقژقژاو لایدەدا و لە بازاڕە ڕەنگاڵەکەدا خۆت دەدیتەوە، وتی: با بپەڕێینەوە، سەرێك لە “داڕ ئەلوەتەنییە”بدەین.. پێیەکانمان وەك بڵێی چاوبن، بەرەو جادەکەی ئەوبەر، جادەی ئەوقاف، پەلکێشیان کردین..ئەوێیش، تابڵێی تیکچڕژاو و جەنجاڵ، وەك ئەوەی کتێب مفت بێت، جێی کەسی تری تێدا نەدەبووەوە، لێ خۆمان خزاندە نابەینەکانەوە و ڕووبەڕووی گەوهەرخانەی چاپەمەنییە بێشومارەکان وەستاین، دەتگۆ بەرانبەر قەدەر وەستاوین.. لەبەر ئەوەی بەردەوام داشکاندنیشیان هەبوو، چەند دانەیەکم قۆزتەوە و چوومە لای یەکێك لەو کچە بە تاسولووس و ڕێکپۆشانەی پسووڵەیان دەنووسی و گوتم پێم بڵێت چەندم لەسەر دەکەوێت، مخابن، نابەدڵانە کۆشیعرە نوێیەکەی بەیاتیم گێڕایەوە و بەخۆم گوت”بریا ئەو لەففە فەلافلەم نەخواردبایە”. نەیسە، بەوانی دییەوە هاتینە دەرێ و لەبەر دەرگاکەدا”ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل”بە مەشرەبە خۆشەکەیەوە بەرەو پیرمان هات و بێ سێودوو چەردە کتێبەکەی لێوەرگرتم و ئاشقێك چۆن بە دیداری ماشووقەکەی شاگەشکە دەبێت، ئاوا، تریقانەوەیەکی شەیدایانە تریقایەوە..ورد ورد لێیان ڕاما، دەتگۆ زارۆڵەیەكە و دوای دابڕانێکی کورت دایکی خۆی دەبینێ ئۆخژن و خۆشنوودییەکی کتوپڕ ڕووکاری ڕوخساریان داگرتەوە..چرکەساتێکی پێنەچوو، سەری هەڵبڕی، ڕووە هەورگرتووەکەمی دیت، هەموو هەورێکیش چیرۆکێکی لە پشتە و هەندێ کەس دەتوانن بیخوێننەوە.. باوکانە سەرێکی لارکردەوە و وتی: ئەوە چییە؟ ئازادیش وتی: نەیتوانی تازەترین دیوانی بەیاتی بکڕێت.. مەچەکی گرتم: وەرە، وەرە! ڕایکێشام بمباتەوە ژوورێ، منیش وتم: نا..نا.. پێویست ناکات.. پێویست دەکات و دەبێ بێی..ئازاد شەرمنانە تێیڕوانی ئینجا وتی: پارەی پێیە بەڵام بەش ناکات، ئەویش وتی: ئێ باشە با نوقسانییەکەی بۆ تەواوکەین..دیسان بە شەرمەوە وتی:…فلسی کەمە…هەندێ وردەی لە گیرفانی پانتۆڵە سەوزئاماڵە بزڕکاوەکەی دەرهێنا و وتی: دەستم مەگێڕەوە..منیش چوون ئەو منداڵەم لێهات یارییە دڵبەستەکەیان پێبەخشیبێ،..چەند خولەکێك دواتر بە”شانشینی گوڵەگەنم”ـەوە دەرپەڕیمە دەرێ و یەکەوڕاست ئەویشی لێیوەرگرتم و پاش ئەمدیوئەودیو، مەلی ئافەرینێکی ڕەنگاڵەی بەرەڵا کرد و دوای قەدەرێك تەتەڵە کردنی کتێب و ئەدەب و تازەترین چیرۆكی خۆی چووە ژوورەوە کتێب نەوازش بکات و ئێمەیش..دەتگۆ گەنمەجاڕێکی بێپایان پەلکێشمان دەکات، خلبووینەوە، وەکو ئەوەی لە خەوێکدا بین شادانە پیاسەیەکی دیکەی زۆرمان کرد..دواجار دوڕیانێك جیایکردینەوە، ئەو پردەکەی گرتەبەر و تاریکییەکەی ئێوارێ بەرەو پریادی قوتی دا و منیش تەنیا و دڵخۆش ئاڕاستەی خۆم بەرەو تەپپەی مەلا عەبدوڵڵام گرت..جاروبار سەیری ئاسمانم دەکرد، گوڵستانێك بوو تازە ئەستێرەکان تیایدا دەپشکوتن..سەرلەبەری ڕێگای بەرەو ماڵەوەم، وەکو پەیکەرتاشێك لە یادگەمدا پەیکەری ئەو زەردەخەنەیەی چاوە پشت چاویلکەکانیم دادەتاشی تاوەکو لە شوێنێکی شایستەی دەرباری یادەوەرییم سەقامگیری بکەم و بە ئامان و زەمان نەهێڵم تۆزوگەردی ڕۆژگار وێنەی ئاسەوارە دێرینەکانی مێژووی لێبکات..
2
هاوینێکی ڕمووزن هەوساری شاری گرتبووە دەست..پێویستم بە دوو تی شێرت و هەنێ کتێبی تازەیش هەبوو کە هەواڵی بڵاوبوونەوەیان کەوتبووە بەر گوێم و خۆیان هێشتا نەگەیشتبوونە کتێبخانەکانمان، نەشمدەزانی کەی دەگەن. بەڵام پێشوەخت دەبوو نەختێ پارە پێکەوە بنێم. لە ڕاستیدا حەزم لە تی شێرتێکی ڕەش بوو لەوانەی لە ئێرانەوە بە قاچاخ دەهێنران و لەگەڵ ڕیش هێشتنەوەیشدا ڕێك دەهاتنەوە، چونکە بە تەمای بووم. وەکو دایکم دەیووت هەم زیارەت و هەم توجارەت..دەستپێکی گەرمایەکی سەخت و ناحەز بوو، بە خۆم گوت گەر کتێبەکان لەوە زیاتر دوابکەون، ئەوا حەجمان ناگرم و دەبێ سەرلەبەیانییەك بچمە سلێمانی و دەمەوئێوارێ بگەڕێمەوە. ئەو ڕۆژەی بەتەمای چوونیش بووم، ئەفسووس برادەرە کتێبخۆرەکان ئاگاداریان کردمەوە، پێیانناکرێ هاوسەفەرم بن. ناچار بوولێڵێکی زوو، کە هێشتا ئاوڕشێنی ئەستێرەکان کزرنەببوونەوە، تەنیا، تەنیا ڕۆیشتم.. تەنیاییەکەم وای لەو ڕێگایە کرد دەتگۆ کۆتایی ڕەتدەکاتەوە و شاریش تراویلکە دوورە دەستەکانە..ئەو سەروبەندەیش ئۆتۆمبێلەکانی خەت لە دارە سووتاوەکە نەفەرەکانیان دادەبەزاند..سەرەتا شۆڕبوومەوە و پەڕیمە ئەوبەرەوە، سەرێکی مزگەوتی گەورەم دا و ئینجا بە جادەی مەولەویدا پێچمکردەوە و بۆ کتێبفرۆشییەکەی شێخ ئەنوەر بەرەو جادەی کاوە جڵەوی شەقاوەکانم بەردا..تەنیا بوو، کتێبیش بێشوومار.. سەیری سەعاتە ئۆریۆنەکەمم کرد، نزیکەی دوو کاژێر لەوێ بووم، کەچی بە دوو چرکە دەچوو، بەهەرحاڵ، چەند پەرتوکێکی نیوداشت و یەك دوانێکی تازەشم لێ کڕی و نەختێك هەوراز بوومەوە، لە چایخانە بەناوبانگەکەی ئەوبەر چایەکم خواردەوە و پشوویەکم دا، ئەوسا بۆ تەیکردنی ئەو شوێنانەی دەکرێ بڵێم تاڕادەیەك شارەزایان بووم، ملی ڕێم گرتەبەر..بێگومان کاتێ سەفەرم دەکرد، بەدەگمەن نەبووایە لەفە و ئەو شتانەم نەدەخوارد، تەنها بیبسیکۆلا و پسکیتە قەیماغدارەکان و ئەو شتانەم دەخوارد، جارجارە کاستەریشم لە یەکێك لەو دوکانە پاکوخاوێنانەی جادەی مەولەوی دەخوارد و ئیتر لە گەڕانم بەردەوام دەبووم..ئەوانەم بە ئیشتییاوە ئەنجامدا و بەرەو بازاڕی قەرەباڵخی ئێرانییەکان چووم..لەوێ زۆر شتم ئەمدیو ئەودیو کرد و سەرەنجام تی شێرتێکی ڕەش و یەکێکی سەوزئاماڵم بە نرخێکی کەمتر لە نرخی داواکراو دەستەبەرکرد، ئەوەیش ڕووی خۆشکردم و بووە هۆکاری ئەوەی بڕێك پارەی زیادیشم پێبمێنێ بۆ ئەگەری کڕینی کتێبی تر و کرێی گەڕانەوەش..ئیدی نازانم چۆن بە شوێنێکی ئەوتۆدا ڕۆیشتم کە لە سەفەرەکانی پێشترم پێیدا ڕانەبردبووم..سەرلەبەر دوکانی کوتاڵفرۆشی بوون، وەك ئەوەی چووبێتمە نێو دارستانێکی ڕەنگاوڕەنگەوە، هەندێ لە قوماشەکانیان بە بنەمیچ و چارداخی بەر دوکانەکانیانەوە هەڵواسیبوو، جێگایەکی ناوازە بوو، هاوشێوەی قەڵبەزەی سەرەوخواری ڕووناکیی، بە دنیایەك دەچوو تەنها لە خەوندا پەی پێ ببرێت. لاپڕەسەنانە بەناو تێکچڕژانی ڕەنگەکاندا دەڕۆیشتم و دەموچاوم پارچە قوماشێکی هەڵواسراو دایپۆشی، کە لامبرد، لە شوێنێکی چەپەکی بازاڕەکە دوکانۆچکەیەك دەرکەوت، ڕێی چوونەژوورەوە و بەردەمیشی بە مێز گیرابوو، چەردەیەك کتێب لە سەریدا پاڵخرابوون، جگە لە چەند دانەیەك نەبێ، ئیتر زۆربەیان کتێبی جزوبەندکراوی ئایینی بوون، هەستم بە بوژانەوەیەك کرد، وەك بڵێی نەمامێکی گڕەبردوو بم و ئاودێر کرابم، “مرۆڤ و دەوروبەر”ـەکەی مەسعوود محەمەد دڵی گواستمەوە بۆ ناو چاوەکانم و سەرنجەکانم بوون بە نێچیری..تازە کەوتبووە بازاڕەوە، یەکەوڕاست نرخەکەی وەکو کلچووك بە چاومدا هات..ئەگەر ئەو بڕە پارەیە بدەم.. دوای تێفکرین بە خۆمم وت، دەمزانی کرێی تەواوی گەڕانەوەم پێنامێنێ..خاوەندوکان، کە ڕیشدارێکی پاکوخاوێنی شەرواڵ مرادخانی پۆشبوو، کتێبیکی جزوبەندی کراوەی لەبەردەم بوو، لێوەکانی دەجووڵان، جاروبار چاوی هەڵدەبڕی و دەنگی قرتە قرتی تەسبیحەکەشی بە شێنەیی دەکەوتە بەرگوێ، بیرم کردەوە ساتوسەودای لەگەڵدا بکەم، شەرمەکەم خەریك بوو دژواری بکات، بەڵام بۆ کتێب!…نیگاکانی دەتگۆ تاشەبەردن و بە سەر دەموچاومدا بەردەبنەوە، هێسترئاسا ملی نەدا، هەنێك بە مەلوولی وەستام و دواجار وتم کرێی تەواوم پێنامێنێ تاکو بگەڕێمەوە بۆ کەرکووك، کەچی… ئیدی خەمبارانە بە خۆم گوت کاشکێ هەر تی شێرتێکم بکڕیبایە.. بەداخەوە..وەك بڵێی لە خەونێکی جەنجاڵ بەخەبەر هاتبم..”مرۆڤ و دەوروبەر” بە دەستمەوە نەبوو، نابەدڵانە دوورکەوتمەوە و بێ ئیشتییا قەدەرێکی دی سووڕامەوە..هێشتایش وەنەوز دەستەویەخەی خۆر نەببووەوە، بەلۆژە لۆژ بەرەو مزگەوتی گەورە کەوتمەڕێ..کە لەوێوە دەرچووم، هەورازبوومەوە و وەختێ سواری هەژدەنەفەرییەکە بووم، هەناسەکانم هێندەی لەنگەری بێڕادە قورسی کەشتییەك وابوون و دڵیشم هێندەی شەولەبانێکی چەقیوو..ڕیش هێشتنەوەکەم بە یاد سپارد و تاقە شتێكیش کە لە کەڵکەڵەمدا مایەوە و وێنەی مۆنیوومێنت ئاوەدانی دەکردەوە “ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل”بوو بە خۆی و زەردەخەنەی ئەفسووناویی چاوەکانی ئەودیو چاویلکەکەی و ئاواتێكی بێگومان وەدی نەهاتوو..


لەندەن ـ کانوونی یەکەمی 2023

ئەدیب نادر

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress