كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه …. 69 … كه‌ریم كاكه
بابه‌گوڕگوڕ كوڕی ده‌دا و ست ئیمامیش شیر
..
69…
مانگ له ئاسمان و هه‌موو جێ هه‌ر مانگه‌و ته‌واو
لێ كاتێ به پڕی خۆ داوێته ناو كانی و به‌راو
ژن به پرچی كراوه و سینگی واڵاوه ده‌وری ده‌ده‌ن،
مانگ چیدی مانگ نیه، ده‌بێته تاسكڵاو
ساڵان ئه‌و رۆژه‌ی كارتی كۆتایی ساڵم وه‌رده‌گرته‌وه، یه‌كپێ ده‌گه‌یشتمه‌وه ماڵێ، پێم به زه‌ویه‌وه نه‌ده‌ما، ده‌مگۆته بابم:
كه‌نگێ ده‌چینه ده‌شتێ؟
دایكم ده‌یگۆ:
ئه‌و كوڕه‌ی من له ناو قه‌یسه‌ریش بیبه‌ستنه‌وه نابێته شاری، ده‌ڵێی فرچكی به گوند گرتووه.
به‌و چه‌ند جاره‌ی سه‌ردانی گوند، سه‌ردانی پیری سوارچاكان و گوڵی كۆساران، وه‌ك بڵێی بووبمه گوندی، پیری سوارچاكان له خۆشی و جوانیی گوندی گرتم، خۆ له بیرتانه چه‌ند ته‌ڕ له قه‌رسیل و زه‌نوێر ته‌ڕتر ته‌ڕواری ده‌گێڕایه‌وه.
به مردنی پیری سوارچاكان له گه‌ڕانه‌وه‌ی گوند، له گه‌شتی هاوینانهم بۆ هاوینی فێنكی ئه‌وێ، ئومێدبڕ بووم، ئاخر تا ئه‌و له ژیان مابوو، ده‌مگوت هه‌وكه نا دهمێكیدی خودا جاحێلی ده‌كاته‌وه و ده‌چێ به زه‌بری تفه‌نگێ گوندی خۆی وه‌رده‌گرێته‌وه، داخی گرانم، خودا گوێی له پاڕانه‌وه‌ی نه‌گرت و بۆ سێ رۆژ جاحێلی نه‌كرده‌وه.
ئای بۆ هاوینی ئه‌وێ، له بن كه‌پره‌كه‌ی پشت ماڵان داده‌نیشتین، له لای جۆخینانهوه بایه‌كی ده‌هات فێنك فێنك له چ پانكه و كونهبایهكهوه بای وا فێنك نه‌هاتووه، ئه‌دی ناو بێستان بۆ ناڵێی، به دڵی خۆ ته‌رۆزی و گندۆرهمان لێده‌كرده‌وه، من به بڕكه‌وه ههڵمدهكێشان، پیری سوارچاكان فێریكردم:
كوڕم، ئه‌ها، ئه‌وها ئه‌وها، نابێ بڕكهكهی هه‌ڵكێشی.
له ناو بێستانێ شهمامهشم ده‌دیته‌وه، تا به ده‌ستی خۆت شه‌مامه له بڕك نه‌كه‌یته‌وه، تام له شه‌مامه‌ی ناو گۆرانی ناكه‌یت، وای بۆنی چه‌ند خۆش بوو، ئه‌دی كه كه‌ند و كه‌ند شۆڕده‌بووینه‌وه به‌ره‌و به‌ستی شه‌رغه، ئه‌و شهرغهیهی پیری سوارچاكان گۆته‌نی:
هه‌ر ناوه‌كه‌ی نا، ئاوه‌كه‌شی له هه‌نگوینه‌وه هاتووه.
له گۆماوه‌كانی شه‌رغه ده‌بووینه مراوی و به (كوڕه فڕۆكه هات)یش، به پیل راكێشانیش نهدههاتینهوه، ئای مه‌له‌ی ناو به‌ستێ، له‌گه‌ڵ به‌ستێ چووی و ناتبینمه‌وه، له هاتنه‌وه‌ش لاماندهدایه به‌راوه‌كه‌ی پیری سوارچاكان و ته‌ماته‌ی مزر مزرمان ده‌خوارد، سواری جهنجهڕیش له‌وێ، وای كاتی به ده‌وری قرشه‌ی زۆر و بڵند كه هێنده‌ی گردێك هه‌ڵدرابۆوه، ده‌سووڕاینه‌وه ده‌تگوت به ده‌وری گۆی زه‌ویدا دنیا گێرهدهكهین.
به كارته‌وه لۆژه لۆژ ده‌هاتمه‌وه، كارته‌كه‌م به ده‌سته‌وه، هه‌ركێ ده‌یدیتم وای وێناده‌كرد له چه‌ند وانه‌یه‌ك كه‌وتوومه، له نزیك ماڵێ، مام مه‌ردان گۆتی:
كوڕم گوێ مه‌دێ، كوڕه‌كه‌ی منیش كه‌وت، ساڵی دادێ باش بخوێنه.
گوتم:
من نه‌كه‌وتووم، یه‌كه‌م بوومه
گۆتی:
ئه‌دی لۆ وا كزی! باره خوێت كه‌وتۆته زێ؟
چم نه‌گۆ، چ بڵێم! بڵێم، باپیرم مردووه و چیدی ناچێته‌وه ده‌شتێ و منیش ناچمه‌وه سه‌ردانی، بڵێم قادری شۆڕه‌بی هه‌رێی به منداڵانی به‌لاشاوه دابوو:
شۆڕش سه‌ركه‌وێ، هه‌وڵده‌ده‌م لێره، له‌و ده‌و كه‌نده گۆمێكی گه‌وره به چه‌مه‌نتۆ درووستبكه‌م، هاوینان گه‌وره و گچكه‌ی به‌لاشاوه له ئاوی خاوێن مه‌له بكه‌ن..
هێی شۆڕه‌بی، تۆ له تڕی شۆڕش چووی، شۆڕش له تڕی خۆی چوو، شۆڕه‌بی، من چه‌ند دڵم به‌و گۆمه خۆش بوو، ئیدی چوو، هه‌موو چوو، به مردنی پیری سوارچاكان و سه‌رهه‌ڵگرتنی گوڵی كۆساران وتوانه‌وه‌ی شۆڕش هه‌مووی چوو، چ ناهومێدیهك گرتوومی!
كیسه تووتنی به‌ر پشتێنی مام مه‌ردان، به‌راوی تووتنی بیرخستمه‌وه، چه‌ند له كیسه‌كه‌ی پیری سوارچاكان ده‌چوو، ئه‌وه‌ی له كه‌وێی گوڵی كۆساران بوو، هه‌ر ئه‌ویش به په‌نجه وردیله‌كانی خۆی بۆی دووریبوو.
پیری سوارچاكان له كه‌ندی خوار كانی پیاوان، له بن ئه‌و گه‌وه‌یه‌ی لالێوی ئهشكهفتی گه‌وره‌ی ئه‌وبه‌ری لێوه دیاره، تووتنی چاندووه، چ تووتنێ! هه‌ر جغارهكێشێ سێ جغاره‌ی له‌و تووتنه كێشابێت، تامی له چ جغارهیدی نه‌كردووه، به جغاره‌ی كاسترۆ و سه‌دامیشه‌وه.
پیری سوارچاكان ده‌یگۆ:
جغاره‌یه‌ك له تووتنی به‌راوی خۆم نه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌یه پووشكه بكێشم.
من له‌گه‌ڵ پیری سوارچاكان به ناو به‌راوی تووتن گه‌ڕابووم، دیتبووم چۆن ئه‌و په‌لكه پانانه لێده‌كاته‌وه و ده‌یخاته ناو بهرانپیلێكهوه و پێكه‌وه هه‌ڵیده‌گرین و ده‌یهێنینه‌وه بن كه‌پرێ، ده‌مدیت چۆن به داری درێژی باریكی نووك تیژی له شێوه تیریانهوه ده‌كات و وشكیان ده‌كاته‌وه و دواییش چۆن وردیان ده‌كات و داركیان لێ ده‌گرێت و كه‌مێك به بایان ده‌كات و كیسه‌كه‌ی پڕده‌كات و جغاره‌یه‌كی لێ پێده‌كات و هه‌ڵمژینێ هه‌ڵیده‌مژێ، دووكه‌ڵ نایه‌ته‌وه، ده‌ڵێ:
تا تووتنی تهڕوارم هه‌بێت، من ده‌ژیم
پیری سوارچاكان ده‌یویست به جغارهكێشان بسه‌لمێنێ كه تووتنی وی نه‌ك هه‌ر زیانی نیه، بگره ته‌مه‌نیش درێژ ده‌كات، روو له بابم ده‌یگۆت:
ئه‌و كوڕه‌ی من چۆن هێنده‌ی من ده‌ژی، چوار جغاره‌ی له تووتنی بابی نه‌كێشاوه.
پیری سوارچاكان دوایوه‌ی گوند و به‌راویشی نه‌ما، ماوه‌یه‌ك هه‌ر له تووتنی ئه‌وێی ده‌كێشا، زۆری داكردبوو، یه‌ك دوو فه‌رده تووتنی له سه‌ر ئهستێڕكێ دانابوو، ئه‌و وه‌رزه‌ی تووتنی ته‌ڕواری لێ بڕا، بیرمه گوتی: ئێستا مردن پێمدهوێرێ.
بیرمه، له وه‌رزی مردنێ، گۆتی:
ئاخ، ئاخ، نه هه‌مینه سۆرم ما، نه تووتنی مه‌فته‌نێ.
پیری سوارچاكان بێ زیانیی تووتنه‌كه‌ی بۆ ئاو و خاكه‌كه‌ی ده‌گێڕایه‌وه، پێیوابوو، ئاوی هه‌نگوینه، خاكی زێڕینه، به‌ردی مه‌رجانه، گونده‌كه‌ی ئه‌و له گۆی زه‌وی جوایه‌ز بوو، وای ده‌بینی تیلمێكی به‌هه‌شته و خودا به ده‌ستی خۆی بڕیویه‌تی و لوولی داوه و فریشته‌كانی هێناویانه لێره له بن پێی خۆی و خه‌جێی ژنی رایانخستووه، بۆیه هه‌رچی لێ بچێنی و به‌ر بدا، خواردنێكی به ههشهتیه و زیانی نیه، ده‌یگۆت:
له‌و خاكه، ژه‌هر تۆكه، ره‌ژگوڵ گوڵ ده‌كا.
ئه‌دی كاتێ ده‌هاته سه‌ر باسی هه‌یڤ و ههیوهشهوی ناو بهراوێ، پیری سوارچاكان پێیوایه مانگی چ جێیان له جوانی و پڕی ناگاته مانگی ئاسمانی گوند و ئاقاری وی، له بنی دڵه‌وه ده‌یگۆت:
ئه‌نگۆ وه‌رن له مانگه شه‌وێ بڕواننه مانگی ناو كانی و به‌راوی من، هه‌ینێ جوانیی مانگ ده‌بیننه‌وه، له‌وێ بۆ گوڵی كۆسارانی من ده‌بێته تاسكڵاو.
پیرێك له‌و ته‌مه‌نه و وا جوانی پێدا هه‌ڵبڵێ، به من ناڵێی چۆن نه‌بمه ئه‌وینداری ته‌ڕوار و به‌ستی شه‌رغه!
هێی ئه‌و هاوینه، چ نائومێدیه‌ك گرتبوومی، وه‌لێ بابم و كه‌ویار و فازیل رێحانه و كۆتر و پایسكل و گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربردان و په‌یدابوونی نه‌نكی تازه و هاتنه‌دنیای برای تازه و شتی زۆر هه‌ن، ئومێد ده‌به‌خشنه‌وه، نه‌نكی تازه، ره‌قه‌ڵه‌ی كه‌پوو درێژكۆلهی بسك خه‌نه‌یی چاو هه‌میشه تژی كل، خرخاڵ له پێی گه‌ردانه له مل، ئه‌و نهنكهم، دایكی دایكه‌م، جاری یه‌كه‌م له به‌فری قه‌ندیی كۆیێ دیتبووم، بۆیه تا دره‌نگیش به (نه‌نه‌ی كۆیێ)بانگمان ده‌كرد، ئه‌و نه‌نه‌یه كۆڵێ تۆ بڵێ كۆڵانێ خه‌می له‌بیربردمه‌وه، هه‌ندێ سه‌ربرده‌ی ناسكی وی ده‌گێڕمه‌وه:
نه‌نه‌ی كۆیێ له كۆیێوه به خ و كوڕه‌كه‌یه‌وه هاتنه چاوه‌كه‌ی پیری سوارچاكان و گوڵی كۆساران، ده‌ستێكیان پێداهێنایهوه و ده‌رگه‌یه‌كی باشتریان تێخست، بیرمه كلیلی ده‌رگاكه‌یان داربوو، بستێ درێژ، كه‌ل كه‌ل بوو، به‌كارهێنانی ئه‌و كلیله شاره‌زایی ده‌ویست، من ئێستاش فێرنه‌بووم، كوڕه‌كه‌ی چۆوه سه‌ربازی و بۆوه عهریفهكهی جاران، ئه‌و خاڵ و زڕخاڵانهی من ده‌تگوت به تیره عهریفن، مه‌جید و حه‌وێز ئه‌و دووه دوایوه‌ی له هه‌مه‌دان هاتنه‌وه، یه‌كیان گۆڕه‌كه‌ی كه‌وته به‌كره‌جۆ، ئه‌ویدی ئاقاری كه‌لارێ، ئه‌ویدیان ردێنی له عهریفایهتی سپی كرد، ئه‌و شهفیقهش كه له هه‌مه‌دان هاته‌وه، چۆوه عه‌ریفی، له‌وێوه‌وه گه‌یشته‌وه چیا، نه‌نه‌ی كۆیێ گۆته‌نی:
به پۆستاڵه‌وه به هانای مه‌لا مسته‌فاوه چوو، ئێستاش گه‌ڕایه‌وه عه‌ریفی.
خاڵم زۆرن ناوی هه‌ر یه‌كیان بێنی ده‌بێ عه‌ریفێكی پێوه‌نێی، ئێ، نه‌نه‌ی كۆیێ زوو لێی قه‌وما، منداڵی سهركهوبنكهی به سه‌ردا جێ‌ما، گۆڕی مێرده‌كه‌ی به دوو كێلی بڵندی وه‌ك هی وه‌لی دێوانه،نازانم بۆ كه‌وته گوندی كێله سپی! } له‌و رۆژانه، رۆژانی نووسینه‌وه كۆڵان كۆڵان، واته دوای نزیكه‌ی هه‌شتا ساڵێ، چوومه سه‌ر گۆڕی ئه‌و باپیره‌م، دایكم به‌و به‌رده بابی ناسیه‌وه كه نه‌نكی له سه‌ری داده‌نیشت و ورده فرمێسكانی به سه‌ر گۆڕی كوڕه‌كه‌یدا هه‌ڵده‌وه‌راند{ ئه‌و چیرۆكه با بۆ دوایی بێ..
نه‌نه‌ی كۆیێ وه‌ك ژنێكی هه‌ینێ ، شوو به شووبراكه‌ی ده‌كاته‌وه، ئه‌و پیاوه‌ی ژنه فهلهیهكی موسلمان كردبوو، زۆریش خۆی پێوه باده‌دا و پێیوابوو به‌وه بلیتی به‌هه‌شتی بڕیوه، ناوه ناوه ده‌یگۆت: من بۆ مردن سه‌رم پێوه نیه، چونكێ به‌هه‌شتم له‌پێشه.
نه‌نه دوای كچ و كوڕێ، ده‌ڵێته پیاوی رێی به‌هه‌شتێ:
من له ماڵی خۆم، تۆ له ماڵی خۆت، پێ ئاودیوبكهیت، ده‌رمان مشكت ده‌رخوارد ده‌ده‌م و ده‌تنێرمه دۆزه‌خێ.
دیاره پیاوی رێی به‌هه‌شتێ، گومانی له گه‌یشتنه به‌هه‌شتێ هه‌یه، بۆیه پێ ئاودیو ناكات، ئه‌وه‌ش چیرۆكێكه، جارێ لێیگه‌ڕێ..
هاتنی ئه‌و نه‌نكه بۆ من نزیك له هاتنه‌وه‌ی گوڵی كۆساران بوو، جێی وی نه‌گرته‌وه، به‌ڵام ته‌واوێك له بیریبردمهوه، خدێم پێوه‌ی گرت، ئه‌و نه‌نه‌یه هه‌ر شتێكی ده‌گێڕایه‌وه ده‌بووه چیرۆك، چ چیرۆكخوانێ بهههقایهتبێژهكهی سه‌یداوه و شێرزادهكهی كووران و یهشارهكهی ئه‌وێ و كازانتزاكیهكهی هێوه‌تریش كه‌س نیه وه‌ك ئه‌و نه‌نكه‌ی من چیرۆكان بگێڕێته‌وه، ئه‌و ژنه ته‌نێ ناوانی گۆتبا، ته‌نێ ژماره‌ی ژماردبا، له‌وه‌ش هێوه‌تر فاتیحای خوێندبا، ده‌بووه چیرۆك، ئه‌و ژنه پێكهاته‌كه‌ی چیرۆكی هه‌ڵكه‌وتبوو، له زمانیش په‌یڤی وای گۆ ده‌كرد، من نه له گه‌ڕه‌ك و باژێڕێ نه له ناو كتێبی قوتابخانه نه‌مبیستبوو، نه‌نكی من به ددانی ده‌گۆ دگان، له جیاتی بڵێ: كرۆشتی، ده‌یگۆ:وای وای كرۆتی، هاتیشی وه‌ك ئێمه نه‌بوو، ده‌یگۆ: هاتگه، له هه‌مووی خۆشتر (من خۆش تۆ خۆش)ه‌كه‌ی بوو، هێنده‌ی ده‌گۆ، دواتر هێنده‌ی نه‌مابوو ببێته نه‌نه‌ی من خۆش تۆ خۆش.
ئێستا سه‌ردانی ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌رمان له پێشه، له‌گه‌ڵ نه‌نه‌ی من خۆش تۆ خۆش و ژنه جوانه شه‌له‌كه و.. به‌رێكه‌وتین، له كۆماری لامان دایه ماڵی داده بێری، ئه‌و ژنه ده‌ستی پڕ بازنه، خرخاڵ له پێ، بسكی لوول لوول ئێستاش نه‌مزانی له چی ده‌چێ، دواتر كه گوێم له گۆرانیی (شهنگهبیرێری ساڵی ساڵان له كوێستان له به‌ر مه‌ڕی..) ده‌بوو، ئه‌و بێریهی كۆماریم بیرده‌كه‌وته‌وه، ئێ، له‌وێ چایه‌و برێشكه‌مان خوارد و به‌رێكه‌وتین، بێریشمان له‌گه‌ڵه، له‌و جاده‌یه پهریِینهوه كه ئیزرائیل له شێوه‌ی ترومبێل هات و مینكه‌ی شمشاڵژه‌نی تیا برد و شاری بێ شمشاڵ هێشته‌وه و هێنده‌ش نه‌مابوو من و بابیشم به به دوویدا بچین، گه‌یشتینه هێلی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، هه‌ر ئه‌و هێلهیه:
((- بابه،ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره ده‌چێته كوێ؟
+ كوڕم، ده‌چێته‌وه ماڵی خۆی.
– ماڵیان له كوێیه؟
+ له پشت ئه‌و داروبارانهیه..))
له‌و شوێنه ئه‌و پرسیاره‌م كرد كه جارێك به نیازی بوونه درهه‌م نیودرههمم خسته بن پێی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، من ئاشنای دیوی ده‌ره‌وه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌رم، زۆر جار به ته‌نیشتما وه‌ك مار فیشكاندوویهتی و تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام ناوه‌وه‌ی بۆ من نهێنیه، به دڵ حه‌زمده‌كرد سه‌رێك له ماڵه‌كه‌ی بده‌م و بزانم چی تێدایه، چی داده‌نێ و چی هه‌ڵده‌گرێ..پێده‌چێ پرسیاره‌كه‌م كهوتبووبێته پایزه‌وه، چوونكێ كه روانیمه داروبارهكانی لای ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، دیتم با له سه‌ر زه‌وی گه‌مه‌ی به په‌لكی داران ده‌كرد، كه‌واته ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر كه‌وتۆته پشت پایزه‌وه.
ئه‌و رۆژه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌نه‌ی كۆییَ ته‌واوێك له ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر نزیكبووینهوه، هه‌ر ده‌بێت دنیا به‌هار بووبێت ، ئه‌و ناوه كه‌سك كه‌سك، له بابه‌گوڕگوڕه‌وه بگره تا ده‌گاته سوت ئیمامی كهسكدهچۆوه، ماڵی چۆلی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ئه‌و ده‌ور و به‌ره هه‌مووی كهسكدهچۆوه، دیاره له به‌ختی ره‌شی من شه‌مه‌نده‌فه‌ر سه‌ردانی كه‌ركووك و به‌غدای كردبوو، نه‌نكم وای گوت.
دێته‌بیرم نه‌نه‌ی كۆیێ له نێوان دوو ژن ده‌ڕۆیی، منیش ده‌مێ له پێشیان ده‌مێ له پشتیان، ژنێكیان ژنه جوانه شه‌له‌كه بوو، دیتم له ته‌نیشت بابه‌گوڕگوڕ، بابه‌گوڕگوڕی تا خودا ده‌ڵێ به‌س باڵا به‌رز، نیو مناره‌یه‌ك به‌ژنی هه‌یه، خۆی غلۆردهكردهوه، به ده‌نگێ هه‌ر ئه‌وه‌تا ده‌بیسترا:
بابه‌گوڕگوڕ به گوڕ هاتم، بۆ كوڕهاتم..
ژنهكهیدی بێری، ئه‌وه ژنه ئیشی به بابه‌گوڕگوڕ نه‌بوو، سێ چوار منداڵی هه‌بوو، له‌وێوه چووینه سه‌ر گۆڕێكی ئاسایی، ئه‌وه ناوی سوت ئیمامیه، هه‌ندێك (ست)ی ده‌ڵێنێ، پلكی كه‌ویار داوای شیری لێده‌كات:
مه‌مكم چ شیری نیه
كۆرپهم گه‌له‌ك برسیه..
دره‌نگ پێكه‌وتم (سوت) شیره، ئه‌وه ژنانه‌ی مه‌مكیان شیری كه‌مه روو له ئیمامی شیر ده‌كه‌ن، ئه‌و ژنانه‌ی منداڵیشیان نابێ روو له بابه‌گوڕگوڕ، هێنده‌ش لێكدی دوور نین، دره‌نگتریش تێگه‌یشتم ئه‌و (سوت)ه چ په‌یوه‌ندی به شیری توركه‌وه نیه، ئه‌فسانه‌ی ئه‌و گۆڕه هێشتا باپیره‌ی گه‌وره‌ی عوسمانی عوسمانلیش نه‌هاتبووه دنیایێ، هاته سه‌ر زاران، ئه‌و گۆڕه له حهفتهكهیه، ئه‌وانه‌ی له سه‌ر قه‌ڵاته‌وه باڵیان لێكدا و هه‌ڵفڕین و گۆڕی هه‌ر یه‌كه‌یان كه‌وته جێیه‌كی شار، ست ئیمام و بابه‌گوڕ گوڕ هێنده لێكدی دوور نه‌كه‌وتنه‌وه.
باشه، له بابه‌گوڕگوڕی منداڵ و ست ئیمامی شیر گه‌ڕێ، با سه‌رێك به ماڵی چۆلی شه‌مه‌نده‌فه‌ردا بكه‌م، زۆر كه‌ڕه‌ت خه‌ونم به ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه دیتبوو، هۆرێكی درێژ، درێژتر له كۆڵانی موورتكان، ئه‌و كۆڵانه‌ی مه‌گه‌ر كۆڵانی قه‌نه‌فڵی قه‌یسه‌ری ئه‌و بۆنه خۆشه‌ی له به‌رۆكی هاموشۆكه‌رانی دابێت، ئه‌و كۆڵانه له كن ئاوی كهسكوسۆر و ئاوی میریی پێشانه‌وه درێژده‌بۆوه ده‌گه‌یشته‌وه ئه‌ولای ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر.
ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ناو خه‌ونه‌كانی من هه‌زار دیوه‌خانی وه‌ك هی باپیرم به ته‌نیشت یه‌كه‌وه بن ناگه‌نه درێژیی ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، له خه‌ونه‌كانی من جاده‌ی خڕی شهستمهتریش بخه‌یته سه‌ر باری درێژی ناگاته ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، دیاره له ده‌ره‌وه‌ی خه‌ونیش ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له بیركردنه‌وه‌ی من زۆر گه‌وره و بڵند و دوور‌و درێژ بوو، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت چۆن جێی ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره ده‌بێته‌وه كه سه‌ری گه‌یشتۆته ناو داره‌كانی نزیك ماڵی خۆیك بنی هه‌ر لای ئه‌و جێیه‌یه كه‌و نیودرههمهكهم له بنی دانا.
گه‌یشتین له‌گه‌ڵ نه‌نه‌ی كۆیێ گه‌یشتینه به‌ر ده‌م ئه‌و خانووه‌ی كه به قسه‌ی بابم بێت، ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره، سه‌ره‌تا وای بۆ چووم كه ئه‌و ژووره ده‌روازه‌ی ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره، ره‌نگه ماڵه‌كه كه‌وتبێته بن زه‌ویه‌وه، دێته‌وه بیرم پرسیاری ماڵی شه‌مه‌نده‌فه‌رم له نه‌نكم كرد، وه‌ك بڵێی تێمنه‌گات، ده‌یگوت:
ماڵی چی، كوڕم ماڵی چی؟!
پرسیاره‌كه‌م بۆی ئاسانكرد:
ئه‌دی شه‌مه‌نده‌فه‌ر شه‌وێ له كوێ راده‌وه‌ستێ؟
گوتی:
كوڕم هه‌ر له سه‌ر ئه‌و ئاسنه‌ی به سه‌ریدا دێ، ده‌گه‌ڕێته‌وه..
تا دواتر هه‌مان وه‌ڵامم له بابمه‌وه نه‌بیست، قسه‌ی نهنكمم به راست وه‌رنه‌گرت.
له‌گه‌ڵ نه‌نه‌ی كۆیێ بۆ سه‌ردانی پایز به سه‌ر هاوین و پایزێكدا بازده‌ده‌م، دوای سه‌ردانه‌كه ده‌گه‌ڕێمه‌وه هاوین و پایزه‌كه‌ی ساڵی دمۆر، زستانێكی تووشه، شه‌وانی سایهقهیی و زوقم تف هه‌ڵده‌ی ده‌یبه‌ستێ، ده‌مه‌و به‌یانان میزیش ده‌كاته چلووره، من كه له كه‌لێنی ده‌رگاوه میزم هه‌ڵده‌دا بابم به پێكه‌نینه‌وه ده‌یگۆ:
كوڕم زوو بیپسێنهوه، با میز به ده‌رێت نه‌به‌ستێته‌وه..
جستانێكی تووش بوو، سبه‌ینان به مه‌نجه‌ڵێ ئاوی كوڵاو به‌لووعه‌ی ئاوێ ده‌بۆوه، ئه‌و زستانه گۆمی شه‌خته كه كه‌وتبووه نزیك ماڵی حه‌مه‌د مه‌ستان پاسكلی به سه‌ردا ده‌ڕۆیی، من كه تازه فێری پایسكل هاژۆتن ببووم، به نیوه په‌یدان و له ناو په‌یدان دهمهاژۆشت، به‌و پایسكله گه‌وره‌وه، پایسكلی زه‌لامان ئه‌و سه‌ر و سه‌ری گۆمی شه‌خته‌م ده‌كرد، پاسكل ههڵدهخلیسكا، شه‌خته نه‌ده‌شكا، كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانیش پاسكلهكهی بابی ده‌هێنا، ئه‌و پاسكلهی كه‌س حه‌مه‌د مه‌ستانی به‌سه‌ره‌وه نه‌دیتبوو، هه‌ندێك ده‌یانگۆ: وێده‌چێ شه‌وان ده‌می ماڵنووستنان باژوا، ئه‌و كچه نه‌یده‌ویست كه‌ویار به تاقه كچی به‌لاشاوه له ناو په‌یدانی پاسكلی گه‌وران بمێنێته‌وه، به‌ڵام فێرنه‌بوو، دوایی ده‌گه‌ڕێمه‌وه هاوینێ و به‌زمی پاسكل و فێربوون، ئێستا دیمه‌نێكی سه‌ر شه‌خته‌ی كچه‌كه‌ی مه‌ستان ده‌بینین:
من و كچه‌كه‌ی مه‌ستان رۆژانی شه‌خته به‌ر له هه‌مووان ده‌گه‌یشتینه سه‌ر گۆمی شه‌خته، هێشتا منداڵانی به‌لاشاوه پرخه پرخی خه‌ویان بوو، هێشتا شامینۆكفرۆشه‌كه (شامینۆك، شامیۆنۆك، لۆبیا..)بوو من و ئه‌و له سه‌ر شه‌خته پاسكلبازیمان ده‌كرد، دیاره ئه‌و زۆر جار له‌گه‌ڵ پاسكلهكه غاریده‌دا، جاروباریش پێیه‌كی ده‌خسته سه‌ر په‌یدان و كه‌مێك ده‌ڕۆیی، سپێده‌یه‌كی شه‌خته‌یی، به به‌ر چاومه‌وه كچ و پاسكل كه‌وتنه بن شه‌خته، ئه‌ها ته‌نێ سووكان و كوشین و سه‌ر و پرچ دیاره، ئای چ بكه‌م، ئه‌ها ده‌ست راده‌وه‌شێنێ، دیاره گازی من ده‌كات، به‌ڵام من نه‌وێرام له شه‌خته بده‌م و بگه‌مه هانای، دواتر ئه‌و رووداوه‌م خسته چیرۆكێكه‌وه له چیرۆكه‌كه كوڕه‌كه له چاو ترووكانێ به سه‌ر شه‌خته و بن شه‌خته‌دا ده‌گاته كچه و ده‌یخاته سه‌ر ملی و..له چیرۆكه‌كه گه‌ڕێ، ئه‌و چیرۆكه‌ی كه‌س نه‌یدی، من كوڕی ناو چیرۆك نیم، منی نهوێرۆك نه‌ك كچه‌كه‌ی مه‌ستان كه‌ویاریش نوقم بێ ده‌وێرم خۆ له‌و شه‌خته‌یه بده‌م؟ له چاوترووكانێ به زاری پڕ هاواره‌وه گه‌یشتمه سه‌ر كۆسپه‌ی پێش ده‌رگای ماڵی مه‌ستان، ده‌ستم نه‌گه‌یشتبووه ده‌رگا، مه‌ستان به پێ‌خواسی ده‌رپه‌ڕی، دیتم به پێیه پانه‌كانی پێ پێ شه‌خته‌ی شكاند وپێ پێش به‌ژنی نه‌ویتر ده‌بوو، كچه‌كه‌ی وا له سه‌ر شانی، پایسكلهكهش به ده‌ستیه‌وه، حه‌مه‌د مه‌ستان دوو شه‌كرۆكه‌ی دامێ و گوتی:
چیدی سبه‌ینان زوو مه‌چنه سه‌ر گۆمێ.
سه‌ربرده‌كه‌م له ماڵێ گێڕایه‌وه، هه‌ر ئه‌و رۆژه نه‌نه‌ی كۆیێ چه‌ند جارێ سه‌ربرده‌ی من و كچه‌كه‌ی مه‌ستانی گێڕایه‌وه، جار له دوای جار به‌تامتر، هێند جوانی ده‌گێڕایه‌وه كه‌س لێی تێرنه‌ده‌بوو، من باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد ئه‌وه سه‌ربرده‌ی من بێ، چیرۆكی من بێ، له خه‌یاڵ ده‌چوو، دهستراوهشاندنی كچه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌ك نیشاندهدایهوه من له ته‌مه‌نم دیمه‌نی وام نه‌دیبوو، ده‌تگوت ده‌ستی پهریهكه و له ناو زاری دێوه‌وه، ئه‌دی خرمه خرمی شه‌خته‌ی بن پێی حه‌مه‌د مه‌ستان! ئه‌دی… نه‌نكم ناوی له‌و چیرۆكه نابوو، كچی ناو شه‌خته، من زوو زوو ده‌مگۆ:
نه‌نه، هه‌قایه‌تی كچی ناو شه‌خته‌م بۆ بگێڕه‌وه!
هه‌ر له‌و زستانه، كه‌ندێ پێش ماڵێ ههستانێك هه‌ستا، كه‌ند چیدی هه‌ستانی وای به خۆیه‌وه نه‌دی، خانوو كه‌وته ناو ئاوێ، له چاوی منه‌وه له‌و ساوایه ده‌چێ له ناوه‌ندی ته‌شتێكی گه‌وڕه‌ی پڕ ئاو دانیشتبێ و بزیڕێنێ، گوێم ده‌زرینگایه‌وه ،گوێم له زیڕه‌ی خانوو بوو، هه‌موو له پشته‌وه دوور له خانوو به دیار خانووه‌وه له بن بارانێ چاوه‌ڕێی كه‌وتن و به ئاوداچوونی ماڵ و خانووین، ره‌نگه هه‌ر یه‌كه‌ی بیر له شتێك بكاته‌وه، خه‌می شتێك بخوات، من خه‌می ده‌لاقه‌ی مهم و زین و پێڵاوه‌كانم بوو، تازه پیڵاوێكم كڕیبوو، جارێ دوو له پێم كردبوو، لافاو هێند له پڕ هات، به پێڵاو رانه‌گه‌یشتم، بابم پێده‌چوو خه‌می چێڵه‌كه‌ی بێ، دایكم باوله‌كه‌ی، ئه‌دی نه‌نه‌ی كۆیێ، نه‌نكم یه‌كه‌م جاره لافاوی ئێره ببینێ، له هه‌مووان پتر تاساوه، ترساوه، ئه‌وه‌تا به هه‌ردوو ده‌ستان سینگی خۆی ده‌كوتێ:
به‌سێ، كچم به‌سێ، نه‌ده‌بوو بڵێی لافاو هه‌لده‌ستێ!
دایكم ده‌ڵێ:
دایه، ترست نه‌بێ، هیچ ناقه‌ومێ، كه‌مێكیتر دهنیشێـتهوه.
نه‌نه‌ی كۆیێ ده‌ڵێ:
كوڕه‌كه‌م، كوڕه‌كه‌م ئاو ده‌یبا…
ژنێ، نازانم چ ژنێ بوو، ده‌ڵێ:
نه‌نه ئایشه، كوڕه‌كه‌ت له ژۆرێیه؟!
نه‌نه‌ی كۆیێ ده‌ڵێ:
له‌وێیه، له كن په‌نجه‌ره‌كه دانیشتووه..
تاهو واه! ئه‌و نه‌نكه‌ی من وێنه‌یه‌كی كوڕه ههمهدانیهكهی -هه‌ندێ كه‌س ههمهدانییان ده‌گۆتێ، ئاخر له‌وانه بووه كه كاتی خۆی هه‌ڵاتبوونه هه‌مه‌دانێ- به دیواره‌وه هه‌ڵواسیبوو، ئه‌و كوڕه‌ی خۆی زۆر خۆشده‌ویست رۆژی سه‌د جار ده‌چووه دیاری و پێیدا ههڵدهگۆت، هێنده متووی وێنه‌كه ببوو، زۆر جار هه‌مه‌دانیی راستی له ته‌نیشتی بوو، كه‌چی ئه‌و هه‌ر ته‌ماشای هه‌مه‌دانیی وێنه‌ی ده‌كرد.
نه‌نه‌ی كۆیێ به دیار لافاوه‌وه و به‌ده‌م نه‌رمه سینگكوتانهوه له بن لێوانه‌وه ئه‌وه‌شی ده‌گۆ:
كلدان و كلچووكهكهم، ده‌ستم بشكێ، ده‌ستم نه‌یگه‌یشتێ.
ئه‌و نه‌نكه‌ی من رۆژێ جارێ چاوه‌كانی ده‌ڕشت، بۆ شایی چووبا، یان له تازیه با، هه‌میشه كلیان لێوه ده‌تكا.
وه‌بیرمدێ پیاوانی گه‌ڕه‌ك كۆك بوون له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له پشته‌وه خانووه‌كه كون بكه‌ن و بزگوڕ و هیربار بێننه ده‌رێ، ئاخر ده‌یانزانی لافاو كاتێ ده‌نیشێته‌وه، خانووی ئێمه ئاتاری به سه‌ر پاتاریهوه نامێنێ، كاریته و شهقرهكانی گه‌یشتوونه‌ته سه‌یداوه و گهڕكی جووان و منداڵ به سه‌ریاندا ده‌په‌ڕنه‌وه، به‌ڵام بابم ملی نه‌دا، گۆتی:
خانووی من مه‌گه‌ر لافاوی نووح، ده‌نا چ لافاوێ نایبات، ئه‌نگۆ ده‌زانن ئه‌من چ خۆڵێكم به ده‌وریدا هه‌ڵداوه‌ته‌وه!
نه‌نه‌ی كۆیێ دوای نیشتنه‌وه‌ی لافاو و شادبوونه‌وه به وێنه‌ی كوڕ و كلدانهكهی، چیرۆكی لافاوه‌كه‌ی ئه‌و زستانه‌ی به شێوه‌یه‌ك ده‌گێڕایه‌وه كه‌س لافاوی نووحیشی وا نه‌گێڕاوه‌ته‌وه، وه‌ها ده‌ستیپێده‌كرد:
((خودا نازانم له كێ تووڕه‌بوو، هات زاركی هه‌موو كونده‌كانی خۆی له سه‌ر به‌لاشاوه كرده‌وه، دنیا بووه ئاو، ئاو به‌رزبۆوه، بستێكی مابوو بگاته ئاسمان……..))
هه‌ر له‌وێ زستانێ له نێوان هه‌ردوو سێتاقانێ، له نزیك مزگه‌فتی حاجی مرادی پێشتر جوو، له جاده‌ی شێستمه‌تری دهپهڕیینهوه، نه‌نه‌ی كۆیێ زۆر له ترومبێل ده‌ترسا، ترسانێك باوه‌ڕناكه‌م چ كوردێ هێنده له فڕۆكه ترسابێ، هیچ جووێكیش هێنده له كه‌س ترسابێ، پێده‌چوو ترسهكهشی له ترومبێله‌كه‌ی به‌فری قهندیهوه پهڕبێته دڵیه‌وه، ده‌ڵێن جارێ له كۆیێ له نزیك گه‌راجی هه‌ولێرێ، ترومبێلێ له ده‌ستی شوفێر ده‌رده‌چێ، وه‌ك ئه‌سپی سه‌ر شێت مل ده‌نێ، نه‌نه‌ی كۆیێ له سه‌ره كۆڵانێكی گه‌ڕه‌كی به‌فری قه‌ندی راوه‌ستایه، ترومبێلی بێ سووكان- هه‌ر ترومبێلێ به‌و شێوه‌یه ملی نابێ بێ سووكانیان ده‌گۆتێ- دێ، ئه‌گه‌ر دار تێله‌كه نه‌با، نه‌نه‌ی كۆیێی پانده‌كرده‌وه، له‌و رۆژه‌وه ترسی ترومبێل نیشتۆته دڵی و به به ده‌ستی فریشته‌ش ئه‌و ترسه ههڵناقهندرێ، ئه‌و سه‌رهاته‌ش له زاری خۆیه‌وه هێند ناسك و به‌تام بوو، قهستت ده‌كرد لێوه‌كانی بگهزی..
ترومبێل له دووره‌وه ده‌رده‌كه‌وت، نه‌نه‌ی كۆیێ جێی پێ جێ نه‌ده‌ما، جارێ بۆ پێش جارێ بۆ پاش هه‌ڵده‌هات، چاوی له دارتێل ده‌گێڕا خۆی باوێته په‌نای، جگه له دارتێل باوه‌ڕی به هیچ شتێ نه‌بوو، شاخ له وێ با خۆی نه‌ده‌خسته په‌نای.
ئِهوهتا قهمهرهیێ هات، هێشتا دووره، نه‌نه‌ی كۆیێ تا پێی تێدایه هه‌ڵات، قه‌ت نه‌مده‌زانی وا له‌ش سووك به‌غاره، ئێمه‌ی جێهێشت، یه‌ك دوو شه‌قاو مابوو بگاته ئه‌وبه‌ری جاده، له پڕ بایداوه، گه‌ڕاوه، له گه‌ڕانه‌وه‌دا ترومبێل نزیككهوتهوه، به ئیستاپێ زیڕه‌ی له نه‌نه‌ی كۆیێ هه‌ستاند، زیڕاندم.. ئۆخه‌ی! نه‌نكم به پێوه‌یه، وه‌بیرمدێ شوفێره‌كه گۆتی:
ئه‌رێ ئه‌نگۆ ئه‌و ژنه شێتهتان لۆ به‌ره‌للای جاده كردووه؟ پانمكردبایهتهوه قوربه‌سه‌ری هه‌ردوولامان ده‌بوو.
نه‌نه‌ی كۆیێ گۆتی:
كوڕه ده بڕۆ، رێ نه‌ما بێره‌دا دێی!
شوفێر گۆتی:
له‌گه‌ڵ شێتان چ ناگۆترێ.
دواتر دهمانگۆته نه‌نێ به مه بڵێ ئه‌و غارغارێیهت له چ بوو؟ ده‌یگۆ: كوڕم به دوای دارتێلدا ده‌گه‌ڕام، نه‌مدۆزیه‌وه!
ئه‌و سهرهاتهشی كرده چیرۆك و به شێوه‌یه‌ك ده‌یگێڕایه‌وه بابمرده و هه‌شبه‌سه‌ر خۆی له‌به‌ر پێكه‌نین رانه‌ده‌گرت.
به دوویدا دێ ….