Skip to Content

رۆمانێک لەبارەی سیمۆن دو بۆڤوار.. نیهاد جامی

رۆمانێک لەبارەی سیمۆن دو بۆڤوار.. نیهاد جامی

Closed
by حوزه‌یران 17, 2024 General, Literature



نووسینی ڕۆمان لەبارەی ژیانی تایبەتی فەیلەسووف و نووسەر لەبنەرەتدا گواستنەوەی ئاستی ڕەگەزی هەواڵە بۆ ئاستی گێڕانەوە و دیالۆگ، تاوەکو سەر لەنوێ کۆی زانینی هەواڵی ژیانی تایبەتی و کولتوری وەک گێرانەوەی ئەدەبی خۆی بخاتە ڕوو، ئەوەش کارێکە گەر چی زەمینەی بیرۆکە پەیوەستە بە ژیاننامەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا سەختیەکی تەواوی تیایە، بەو پێیەی ناچارت دەکات پابەندی ڕووداوە تایبەتیەکانی ژیانی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەت بیت، هەردوو نوسەر ژولیا کۆربیک و ژولیا بێرنارد پابەندی ئەم دۆخە مێژوویە دەبن، لە ڕۆمانی “سیمۆن دو بۆڤوار: من هەموو شتێکم ئەوێت لەژیان” رۆمانەکە بە زمانی ئەڵمانی نووسراوە، ساڵی پار چاپکراوە، ئەمسالیش وەرگێڕانە فەرەنسیەکەی چاپ و بڵاوکرایەوە، لەلایان گایا مانیکوان- رۆگۆزیک وەرگێردراوەتە سەر زمانی فەڕەنسی.
بۆ ئەوەی ڕووداوەکان لەیادداشتی مێژوویی، کە وەک سەرەتا ناومان برد بە ئاستی ڕەگەزی هەواڵ بگوازرێتەوە بۆ ئاستی گێڕانەوە، تەکنیکێکی سادە دەگیرێتە بەر، بەلام لەهەمان کاتدا چێژی خوێندنەوە وەک ڕۆمان دەخاتە ڕوو، ڕۆژنامەنووسێک دێتە پاریس بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانی لەتەک ژیان و کارە فەلسەفیەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی سیمۆن دو بۆڤوار ساز بکات، بە زەحمەت دەتوانێت ئەدرەسەکە بدۆزێتەوە، بڕوای وایە هەموو شوێنەکان لەپاریس لەیەک دەچن، سەرەنجام لەکاتی خۆی دەگاتە بەردەرگای ماڵەکەی و خانمی فەیلەسووف پێشوازی لێ دەکات، بەناو ماڵەکەدا تێدەپەڕن کە بەهەموو لایەک کتێب و تابلۆیە، دوو سال بەسەر مەرگی ژان پۆل سارتەر تێپەڕیووە، خوێنەر لەم ساتەدا لەوە تێدەگات دەبێت خۆی ئامادە بکات، بۆ هەموو ئەو ڕووداوانەی ژیانی خانمی فەیلەسووف لە منالیەوە تا ئەم ساتەی دیدارەکەی تیا ئەنجام دەدرێت، لێرەوە گرنگی ڕۆمانەکە چەندە وەک ژیاننامە خۆی دەنوێنێت، هێندەش ئاشنایەتی بە خوێنەر دەبەخشێت بۆ نهێنی چیرۆک، وەک ڕووداوی ڕاستەقینەی ژیان.
ژیانی مناڵی و پەروەردە بوونی کچێک کە جیاواز لەهەر مناڵێکی تر خولیایەکی تەواو جیاوازی هەیە بۆ خوێندنەوەو گەڕان بەدوای بیرکردنەوە، جۆرێک نامۆبونی لەناو خێزان بۆ دروست دەکات، ئەوەیان پەیوەندی بە خەمۆکی و دۆخی دەروونیەوە نیە، هێندەی پابەند نەبوون بە خواستی مناڵانەی خۆی و هاوکاری نەکردنی دایکی بۆ کاری ئاشپەزخانە.
بیرکردنەوە لەنووسین، سەرەتای هەڵوەستە کردنە نەک لەوەی وەک نووسەرێک دەیەوێت بنووسێت، هێندەی دیالۆگی باوک ڕووبەرووی گومانی دەکاتەوە، کە چۆن ژنێک دەبێت بە نووسەر، وەک ئەوەی نووسین کاری پیاوەکان بێت، ئەو تێگەیشتنە تەواو ڕووبەرووی گومانی دەکاتەوە، گومانێک سەرەتای پرسیارکردنە، سەرەتا کاتێک لەگەڵ دایکی دەڕۆن بۆ شانۆ، ئەو گومانەی باوک وەک پرسیار دەخاتە ڕوو، سەرەنجام پرسیارەکە دەگوازرێتەوە ناو نووسین و جیاوازی ڕەگەزیی.
خوێندنی فەلسەفە و ژیانی زانکۆ بۆ ئەو توێژینەوەو گەڕانە بەناو پرسیار، بەواتایەکی تر بە پێچەوانەی زۆرینەی خوێندکارەکان، کەوا هاتوون بۆ ئەوێ بڕوانامە وەربگرن و خوێندن تەواو بکەن، تەنانەت لەگەشتەکانی زانکۆش هێندەی پەیوەندی ڕۆمانسی نێوان هاوڕێکان بۆ هەمووان گرنگی گەشت دەردەخات، بەڵام بۆ سیمۆن سەر لەنوێ کتێب و پرسیارەکانی دەبنە دەرفەتێکی باش تا لەگەڵ کچە هاوڕێکەی مشتوومڕی لەبارەوە بکەن.
هەروەها هەر لەو نێوەندە ئەکادیمیەدا، ئێمە پەیوەندی هاوڕەگەزبازی دەبینین، وەک دیاردەیەکی ئەو رۆژگارەو بەتایبەت لەنێوەندی فەلسەفی فەڕەنسیدا بوونی هەبووە و نەشاردراوەتەوە، بۆیە لەرۆمانەکەشدا ئەوە بەڕوونی دەبینین لەنێوان هەردوو ماوریس، میرلۆ پۆنتی و گاندیلاس.
لەنێوان ڕووداوەکان ئێمە دەگەڕێینەوە ناو گفتوگۆی خانمی فەیلەسووفی و خانمی ڕۆژنامەنووس، چ لەبارەی قسەکردن لەسەر ئەو سالانە یاخود هەندێک جار لەسەر جۆری خواردنەوە، تا بەدەم خواردنەوەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.
گێڕانەوە وابەستەی ژیانی تایبەتی سیمۆن و روانینی ناو کتێبەکانیەتی، ئەوەش وا دەکات ڕۆمانەکە وێنەیەکی پانۆڕامایی بەژیانی ئەو فەیلەسووفە ببەخشێت، گێڕانەوە نووسینەوەی ژیان و چێژی خوێندنەوەی کتێبە، بۆیە کاتێک خانەوادەکەی لەگەڵ سارتەر بۆ یەکەمجار لەناو سرووشتی نزیک ماڵەکەی دەیبینن، ئەو ئاگاداریان دەکاتەوە، کە بەنیازن لەگەڵ سارتەر کتێبێک لەبارەی مارکس بنووسن، هەڵبەت ئەو دیالۆگ و وێنەیە ئێمە پێشتر لەلایان سیمۆن خوێندومانەتەوە، کاتێک لەکیێبی “من و سارتەر و سیاسەت” باسی ئەو دیدارە دەکات، وەک چۆن ژیانی خوێندنی زانکۆ و چیرۆکی ناسینی بە سارتەر وپەیوەندیەکەیان وێنەیەکی ڕوونی ناو ڕۆمانەکەیە، دەتوانین ڕۆمانەکە وەک دەسپێکێک ناوبەرین بۆ ناسینی خانمی فەیلەسووف.
سەرەتای دەرکەوتن، رۆژێک دەبێت بۆ دابڕان لەنێوان ژیانی سرووشتی و ژیانی نووسین، لەکاتێکدا ئەو لەسەر شەقامدا تێدەپەڕێت لەبەر خۆیەوە ناوی ئەو شتانە دێنێت کە پێویستە بیانکڕێت وەکو هێلکە و ئارد و مەرەکەب و سابوون، کەچی لەولاوە کۆمەڵەک رۆژنامەنووس و بەخۆیان و کامێراکانی دەستیانەوە بەدوای هەواڵ دەگەڕێن، لەپڕ یەکێکیان خانمی فەیلەسووف بەسەر شەقام دەبینێت و هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە “سیمۆن.. سیمۆن دو بۆڤوار”، ئەو وێنەیە سەرەتای جیاکاری نێوان دوو کەسێتی مرۆڤە وەک ژیانی سرووشتی و ژیانی نووسین.
سەفەرکردنی بۆ ئەمریکا و پەیوەندی لەگەڵ فەیلەسوفی ئەمریکی برگسۆن، کەوا دەکات تێکست وێنەیەکی ڕاستگۆیانەی ژیانی فەیلەسووفێک بێت کە ڕووداوەکان لە یادداشتەوە دەبنە تێکستی ئەدەبی، تێکست وەک ئەوەی ژیانی ڕاستەقینە بێت.
لەگەڕانەوەی بۆ پاریس و کاریگەری کتێبەکانی بەسەر شەقامەوە دەبینین. چۆن بزووتنەوەی ژنان لەژێر کاریگەری کتێبەکانیەوە دەبنە دەنگی ناڕەزایەتی و سەردانی دەکەن تاوەکو ئامۆژگاریان بکات بۆ ساتی خۆپیشاندان، ئەو کاریگەریە درێژەی دەبێت بەتایبەت دوای وتارەکەی “ئێمە خاوەنی زگی خۆمانین” لەگەڵ بلاوبونەوەی لەرۆژنامەدا پیاوەکان وەک سوکایەتی وەری دەگرن و ژنەکان بەو پەڕی بوێریەوە سەیری نووسینەکە دەکەن و ئەکتەری سینەمایی کاترین دینۆف پشتگیری وتارەکە دەکات، کە وتارەکە بەکردەوە گوازرایەوە ناو ژیانی ژنەکان و لەبەردەم دادگا خۆپیشاندانی ژنەکانی بۆ ساز دەکرێت، بەتایبەت لەکێشەی ماری کلێر کە لاقەی سێکسی کراوەو زگەکەی لەبار بردوور، ئەگەرچی دادگا لەم کەیسەدا لایەنگیری ماری کلێری تەمەن شانزە سالان ناکات، سەرباری ئازادکردنی، بەڵام پارێزەرو پسپۆرانی بوارەکە لەدادگادا پشتگیری هەلوەشاندنەوەی یاسای ڕێگەنەدان بە لەباربردنی مناڵ دەکەن، هەڵبەت سیمۆن دو بۆڤوار یەکێکە لەو کەسانەی لە دادگا ووتەی وەردەگیرێت و ئەویش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەکتێبی «ڕەگەزی دووەم» باسی لەو پرسە کردووە.
سەرەنجام پرسەکە بردرایە ناو هۆلی پەرلەمان و زۆرینەی دەنگی وەدەست هێنا، کتێبە رۆژنامەوانیەکەی ژنە رۆژنامەنووسە ئەلمانیەکە لەگەڵ سیمۆن دو بۆڤوار کۆتایی دێت و بەم کۆتاییە و رۆیشتنەوەی بۆ زێدی خۆی و ماڵئاوایی لە خانمی فەیلەسووف ڕۆمانەکەش تەواو دەبێت، کە کۆی گێڕانەوەی ڕووداوەکان وەک بیۆگرافیایەکی ژیانی بۆڤوارە لەناو تێکستێکی ئەدەبیدا، لەشێوەی وێنەدار، کە کۆمەکی هەموان دەکات بۆ تێگەیشتن، بەواتایەکیتر کتێبەکە بەم ڕێگایە ئاسانکاری لەگوتاری فەلسەفی کردووە تا هەموو تەمەنێک بتوانێت بیخوێنێتەوە، لەهەمان کاتدا بۆ هەموو مرۆڤێکی بێگانەی هاوشێوەی ئێمەش کە کێشەی زمانی هەبێت وەک ئاسانترین کتێب بتوانێت بیخوێنێتەوەو تێیبگات.

نیهاد جامی/ فەڕەنسا

mm

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی نیهاد جامی کلیکی ئەم لینکە بکەن: http://www.dengekan.com/kteb_nihad.htm

Previous
Next
Kurdish