گۆران و گه‌ڕان به‌دواى ئه‌ڵته‌رناتیڤى وێنه ونبووه‌كاندا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی
( دوای تێپەڕبوونی ٦٤ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی گۆران دا)
سەرەتا: بۆچوونی لەو جۆرە هەیە کە پێیوایە ئه‌ده‌ب بریتییه له نووسینه‌وه‌ى ئۆتۆبایۆگرافیاى نووسه‌ر به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چۆنێتى ژیانى نووسه‌رو بنه‌ماى فیكری و ئایدۆلۆژى كاریگه‌رى دیاریان ده‌بێت له‌سه‌ر جیهانبینى به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بی وهونه‌ریى، راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ ژیان و ورده‌كارییه‌كانى ده‌ورى له‌به‌رچاو ده‌بینن له فۆرمه‌له‌كردنى جیهانبینى هه‌ر ده‌قێكى ئه‌ده‌بیداو هه‌ر به‌وپێیه‌ش جیهانبینى هه‌ر ده‌قێكى ئه‌ده‌بى له شیكردنه‌وه‌ى كۆتایدا په‌یوه‌ندى ته‌واوى به دیدو بۆچوونى داهێنه‌ره‌كه‌یه‌وه هه‌یه به‌رامبه‌ر به ژیان‌و بوون، رووداو و مێژووى ژیانى داهێنەرى ده‌ق راسته‌وخۆ له‌رووى نەست و هه‌سته‌وه تێكه‌ڵاوى بنیادى ده‌قه‌كه ده‌بێت كه ئه‌م حاڵه‌ته‌نانه ده‌بێته یه‌كگرتنه‌وه‌ى لایه‌نى مه‌وزوعى داهێنەرى ده‌ق و بنیادى فیكری و تێڕوانینى بۆ ژیان و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایهaش گوزارشت كردن له‌خودى خۆی و به‌رجه‌سته‌كردنى تێڕاوانینى بۆ ژیان.
هه‌ندێ جار نووسه‌ر له‌خۆبه‌ستنه‌وه‌یدا به وێنه‌گرتنى ریالیستانه‌ى ژیانه‌وه راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته حاڵه‌تى ئیلتیزامى ئایدۆلۆژییه‌وه به‌جۆریك كه بنه‌مایه‌كى ئه‌خلاقی و به‌هاى جێگیر ده‌كاته سنوور‌و خۆیى له نێودا به‌ند دهكاتو له‌م حاڵه‌ته‌شدا خه‌یاڵ و خهونو ئه‌ندێشه‌ى بنیادنانى یۆتۆپیا دهمرێتو هیچ بوارێك بۆ رۆحى ئه‌فسوونگه‌رى نامێنێته‌وه، لێره‌وه رۆحى داهێنان ئەگەر نەشمرێت ئەوا لاواز دەبێت و له‌م باره‌شدا ئەسته‌مه نووسه‌ر بتوانێت ده‌قى زیندوی داهێنەرانەی نەمر پێشكه‌ش بكات. ده‌قێك كه تواناى ههڵگرتنو به‌رزكردنه‌وه‌ى پرسیارى هه‌بێت. پرسیار به‌و مانایه‌ى كه به‌رامبه‌ر به زانراو به‌رز بكرێته‌وه. مه‌به‌ستمان له په‌یوه‌ستبوونى ده‌قى هونه‌رى به ژیانه‌وه ئه‌م جۆره‌یان نییە چونكه ساده‌یى ئاستى داهێنان له ئه‌ده‌بى كوردیدا زیاتر ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌م هۆكاره.، ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان له كاریگه‌رى ژیانى داهێنه‌ر له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌وه‌یه كه چۆن ورده‌كاری و رووداوه‌كانى ژیان ده‌بنه هه‌وێنى رۆحى داهێنان له ئاستێكى باڵاى هونه‌ریدا به‌شێوازو جیهانبینى ئه‌زموونگه‌رییانه‌وه.
له‌لایه‌كى تره‌وه روداوه‌كانى ژیان‌و مێژووى ژیانى داهێنەرى ده‌قى ئه‌ده‌بى ناڕاسته‌وخۆ ده‌گوازرێته‌وه بۆ نێو ده‌قى ئه‌ده‌بى له رێگاى نه‌سته‌وه، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌شێوازی گۆڕینى ئه‌و بیر‌و بۆچوونانه‌وه ده‌بێت بۆ هێماو ده‌لالاتى زمانى كه له پشتیانه‌وه ماناى جۆراو جۆر راوه‌ستاوه‌و وه‌كو ده‌ره‌نجامى پرۆسێسێكى ناوكۆیى له نەستی داهێنەرى ده‌قه‌وه به‌رێگاى ناڕاسته‌وخۆ فڕێ ده‌درێنه پانتایى ده‌قى ئه‌ده‌بیه‌وه، كه ئه‌م حاڵه‌ته‌یان شێوازی ئیلتیزامى ئایدۆلۆژى پێوه دیار نابێت‌و زیاتر وه‌كو ئه‌نجامى یان ده‌رهاوێشتنى كارلێكى ناوكۆیى حه‌زو ئاره‌زوو ویسته مرۆییه‌كانى داهێنەرى ده‌ق خۆى ده‌نوێنێت و ئه‌و پرسیارانه‌شى كه ده‌قى به‌رهه‌مهاتووى ژێر هۆكارى نه‌ست هه‌ڵیده‌گرێت زیاتر پرسیارى جیدى ده‌بن به‌رامبه‌ر به نه‌زانراو به‌رز ده‌كرێنه‌وه، كه ئه‌وه‌ش ماناى گه‌ڕانه له‌دواى ئاشكراكردن‌و زانینى شته نهێنی و پهنهانو نه‌زارنراوه‌كان كه له هاوكێشه‌ى كۆتایدا ماناى پرسیاركردن له‌ماهیه‌تى (بوون) هه‌ڵده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستمان له نهستو ده‌ورى نه‌ست له كرده‌ى داهێناندا له روانگه‌یه‌كى رووتى ده‌رونزانیه‌وه نییە، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان له ده‌ورو كاریگه‌رى نه‌سته له خستنه‌ڕووى ئه‌وه‌ى له ناخى داهێنه‌ردا هه‌یه به‌بێ سانسۆر. دیسان له ئاستێكى ئه‌فسووناوى باڵادا چونكه نه‌ست په‌یوه‌ندى به‌هێزى بهخهونو خه‌یاڵ و یۆتۆپیاوه هه‌یه، یۆتۆپیا به‌و مانایه‌ی كه دروستكردنى مه‌مله‌كه‌تێک بێت له سیاقى زمانیداو رووتكراوه بێت له‌هه‌موو مانا جێگیر‌و مه‌ئلوفه‌كان کە چێژوهرگرتنو هه‌ستى ئێستاتیكى ئێمه‌یان شێواندوه.
هه‌روه‌ك مه‌به‌ستمان له به‌رزكردنه‌وه‌ى پرسیارى جیدى له میانه‌ى ئه‌و ده‌قانه‌ى كه له پانتایى نه‌سته‌وه به‌رجه‌سته ده‌كرێن ئه‌و وڕێنه‌و گڕوگاڵانه نییە كه ئه‌مڕۆ به‌ناوى ده‌قى ئەدەبییەوە فڕێ ده‌درێنه نێو پانتایى رۆشنبیرى كوردییەوە كه‌به‌شى هه‌ره زۆریان له دواندنى رووكەشی ساده‌ى ههستو سۆز زیاتر نین. به پێچه‌وانه‌وه ئێسته داهێنان لهروانگهى جیهانبینى فیكری و فه‌لسه‌فیه‌وه لێى دهڕوانرێتو شیعر به‌و ژانره ئه‌ده‌بیه داده‌نرێت كه نه‌ك هه‌ر ده‌شێ به‌ڵكو ده‌بێ گرنگى به مه‌عریفه بدات و بێ جیهانبینى مه‌عریفى ده‌ق ناتوانێت نه‌مرى به‌ده‌ست بهێنێت.
بۆ قسەكردن له‌سه‌ر ئه‌زموونى شیعرى گۆران ناكرێت ته‌نها لهروانگهى ئایدۆلۆژیا‌و ئیلتیزامى سیاسى گۆرانه‌وه ئاخاوتن بكرێت گه‌رچى ئیلتیزام كردنى سیاسیانه‌ى گۆران نه‌ك نه‌بۆته هۆى ده‌وڵه‌مەندتركردنى ئه‌زموونى داهێنانى به‌ڵكو زیانێكى گه‌وره‌ى له ئه‌زموونى مه‌زنى گۆران‌و مه‌وداى فراوانى خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ى داوه. بۆیه ده‌بێ بۆ لێكدانه‌وه‌ى شیعرى گۆران ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه به‌ر له‌هه‌موو شتێ ده‌رباره‌ى ئه‌زموونى داهێنه‌رێك ده‌دوێین كه شۆڕشێكى باڵاى له ئه‌زموونى شیعرى كوردیدا ئه‌نجامداوه. له‌راستیدا شۆڕشى گۆران له‌شیعرى كوردیدا شۆڕشه له شێوازی بنیادى زمانى ده‌قدا، ئه‌گینا له‌رووى جیهانبینییە وه گۆران گوتارێكى نوێى تەواوی بەرهەمنەهێناوە کە بە تەواوی دابڕانی لە گوتاری شیعریی پێش خۆی کردبێت بە تایبەتی لە ئاستی پرسیار‌و جیهانبینیدا. زۆربه‌ى ئه‌و لێكدانه‌وانه‌ى پێشتر بۆ گۆران‌و به‌رهه‌مى گۆران كراون په‌یان به‌م راستییه نه‌بردووه چونكه به پێودانى ئایدۆلۆژی و ئیلتیزامى سیاسی له زاتى داهێنه‌رانه‌ى گۆرنیان روانیووه كه ئه‌وه‌ش بۆچوونێكى راست نییە له روانگه‌ى توێژینه‌وه‌و ره‌خنه‌ى زانستیانه‌ى ئه‌ده‌بیه‌وه. بۆیه ناكرێت هه‌روا به‌ئاسانى به‌و حوكم‌و بڕیارانه رازى ببین كه تاكو ئێستا به‌رهه‌مى شیعرى گۆرانیان پێ پێوراوه. ئێمه له درێژه‌ى ئه‌م چه‌ند شیكردنه‌وه‌ماندا هه‌وڵمان داوه زیاتر له ئاستى داهێنانى گۆران‌و دۆزینه‌وه‌ى جیهانبینی و كاریگه‌رى نەرێنی ئیلتیزامى سیاسى گۆران بدوێین‌و ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى شیكردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كانى ئه‌نجام بده‌ین.
زۆربه‌ى ئه‌و لێكدانه‌وانه‌ى پێشتر بۆ گۆران كراون ته‌نها وه‌ك شاعیرێكى مولته‌زیمى ئایدۆلۆژى له شیعره‌كانى دوواون لایه‌نى دووه‌میش له سه‌نگه‌رى دژى ئاراسته‌ى یه‌كه‌مدان كه وسیتوویانه گۆران له خودى گۆران وه‌كو زاتى داهێنه‌ر، وه‌كو ئینسان لهژیانو مێژووى خۆى رووت بكه‌نه‌وه‌و به‌جیا له‌و مێژووه بدوێن‌و له‌برى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ست به تایبه‌تمه‌ندى بنه‌ماى پێكهێنه‌رى ده‌قه‌كانى گۆران خۆى له ده‌قه‌كان بدوێن‌و لهروانگهى دۆزینه‌وه‌ى ده‌لالاتى ده‌قه‌كانیه‌وه جیهانبینى شیعرى گۆران دیارى بكه‌ن. هه‌وڵیانداوه به‌پێى هه‌ندێ پێوه‌رو ئەحکامی ئاماده ده‌قه‌كانى گۆران بپێون. ئه‌م دوو رێگایە بۆ لێكدانه‌وه‌ى به‌رهه‌مى داهێنان هیچیان ناتوانن مافى ده‌ق بدهنو جیهانبیى ده‌ق سه‌ربه‌خۆیانه دیارى بكه‌ن. ئێمه لێره‌دا ههوڵدەدەین به‌رهه‌مى گۆران به ئاراسته‌یه‌كى جیا له‌و دوو ئاراسته‌ى سه‌ره‌وه باسكران لێكبده‌ینه‌وه، نه لێكدانه‌وه‌ى ئایدۆلۆژیانه‌و ئیلتیزامى سیاسى بۆ شیعرى گۆران بكه‌ین‌و به پێوەرێکی سیاسى ئاماده بیپێوین یان هەڵیبسەنگێنین، نه به‌ناوى تازه‌گه‌ری و ره‌خنه‌ى نوێوە هه‌ندێ چه‌مكى نوێ بسه‌پێنین به‌سه‌ر ده‌قه‌كانى گۆرانداو پشت له دۆزینه‌وه‌ى ده‌لالاتى زمانى ده‌قه‌كانى بكه‌ین. له‌هه‌مان كاتدا پێمان وایه ده‌بێ كاریگه‌رى ژیانى تایبه‌تى گۆران خۆی و بارى كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویى ئه‌و قۆناغه‌ى گۆران ژیانى تیا به‌سه‌ر بردووه ببه‌ستینه‌وه به به‌رهه‌مى شیعرى گۆرانه‌وه‌و له دۆزینه‌وه‌ى جیهانبینى ده‌قه‌كانیدا تارمایى ئه‌و كاریگه‌رییانه ئاشكرا بكه‌ین‌و له‌و ئاسته باڵایه‌ى هه‌ستى ئێستاتیكى گۆرانیش بدوێین كه چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ روداوه‌كانى ژیاندا كردووه‌و چۆن گۆڕیونى بۆ ده‌لالات و هێماو رۆحى هونه‌ری و داهێنانى كردون به به‌رداو چۆن له پێناوى ستراتیژى ئه‌زموونگه‌رێتیدا شێوازی كۆنى ره‌ت كردۆته‌وه‌و له فۆرمێكى نوێ و نامه‌ئلوفدا شیعریه‌تى به‌رهه‌مهێناوه‌و هه‌وڵیداوه په‌یوه‌ندیه‌كى پته‌و و به‌هێز له‌نێوان خهونو خه‌یاڵ و مێژوودا دروست بكات‌و چۆن له ئاستێكى باڵاى مامه‌ڵه‌كردنى هه‌ستى ئێستاتیكیدا یۆتۆپیا دروست بكات، یۆتۆپیا قهشهنگو سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانى نێو سروشت كه هه‌ر جاره‌ى بە شێوەیەک و له شێوەیەکی جیاوازدا ئه‌ڵته‌رناتیڤ له‌سنوورى خهونو یۆتۆپیادا دروست ده‌كات، به‌ڵام رۆحى مێژوو و واقیع زۆربه‌ى كات سنوورى ئه‌و یۆتۆپیا ده‌ڕوخێنێت و ده‌یخاته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ى گه‌ڕان له‌دواى مه‌وداى نوێ، یۆتۆپیاى نوێ، بۆ حه‌وانه‌وه‌و ئۆقره‌گرتن، بێ ئه‌وه‌ى گۆران خۆى وه‌كو شاعیرێكى داهێنه‌ر بگاته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه خودى داهێنه‌ر ئۆقره ده‌گرێت، گومان‌و دڵەڕاوكێى كۆتاییان نایه‌ت. شۆڕشى گۆران له‌بنیادى زمان‌و شێوازی شیعریدا ده‌رئه‌نجامى هه‌ره‌سى دڵنیایی و بڕوانه‌بوونه به‌مانا جێگیر‌و مه‌ئلوفه‌كان، ده‌رئه‌نجامى گه‌ڕانه له‌دواى رێگاى نوێ بۆ گوزارشت كردن له خود‌و له‌بوون.
كاریگه‌رى قۆناغى مێژوویى له‌سه‌ر گۆران
ژیانى لاوێتى گۆران له‌دواى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانیه‌وه ده‌ست پێده‌كات، له كاتێكه‌وه كه كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى له‌وپه‌ڕى دواكه‌وتوویی و بێئاگایدا بوو. بارى ژیان تا راده‌یه‌كى زۆر ناهه‌موار بووه‌و سیسته‌مى فیودیالى ناكامڵى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش وه‌كو دامه‌زراوەیەكى كۆمه‌ڵایه‌تى بهڕێوەبردن له‌وپه‌ڕى بۆگه‌نی و به‌ره‌ڵایدا بووه به تایبه‌ت له‌و بەشەی كوردستان كه گۆران سه‌ره‌تاى قۆناغى ژیانى تیا به‌سه‌ر بردووه، واته له هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وورو به‌ریدا کە ئەوێش هەمان شێوەی نیشتیمانەکەی گۆران لە سایەی سیستەمێکی فیودیالی پێنەگەیشتووی خێڵایەتی کەلتوور دواکەوتوودا ژیاوە. ئه‌و قۆناغه‌ش وه‌كو بەڕێوەبردنی سیاسی و ده‌وڵه‌تى ساته‌وه‌ختى فه‌رمانڕه‌وایى ده‌وڵه‌تى عوسمانیه كه نزیك بوو بووه‌وه له هەڵوەشاندنو هه‌ره‌سهێنان كه ئه‌وه‌ش ماناى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى دامه‌زراوەى ئیداری و سیاسییە. له‌لایه‌كى تره‌وه ئه‌ومێژووه گه‌وره‌ترین جه‌نگى قه‌ڵاچۆكه‌رى به‌خۆیه‌وه بینى كه جه‌نگى جیهانى بوو، گۆڕانكارییه‌كى گه‌وره‌ى له‌مێژووى مرۆڤایه‌تیدا دروست كرد‌و ئه‌نجام بووه هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سیسته‌مى ئیداره‌ى ئیمپراتۆرێتی عوسمانى له كوردستاندا‌و پاش ماوه‌یه‌ك ئیداره‌ى نوێ له‌هه‌ر به‌شێكى كوردستاندا فه‌رمانى كه‌وته ده‌ست. ئه‌وبه‌شه‌ى كوردستان كه گۆرانى تێدا ده‌ژیا كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتى عێراق‌و ئاراسته‌ى فهرمانو بەڕێوەبردن شێوەیەکی تر‌ى به‌خۆیه‌وه بینى به‌ڵام له هیچ بارێكیاندا سیسته‌مى بەڕێوەبردن نه‌یتوانیووه ببێته نوێنه‌رى خه‌ڵك. ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه دواتر گۆران به دروشمه شیعر ئامێزه‌كانى داواى راپه‌رینى لێدهكردنو گوزارشتى له ئێش‌و ژانه‌كانیان ده‌كرد.
له قۆناغى پێگه‌یشتى گۆران‌دا شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر بووه داینه‌مۆى كۆكردنه‌وه‌ى بیروبۆچوونى نوێخوازی، نه‌ك هه‌ر گۆران به‌ڵكو رۆشنبیرانى كورد به‌تێكڕا جگه له كۆنهپهرستهكانیان بوونه موریدى ئه‌و تیشكه‌ى كه ئومێدى رووناك كردنه‌وه‌ى رێگاى به‌ره‌و ئاینده‌یان پێى هه‌بوو. دواى دامه‌زراندنى حیزبى شیوعى عێراقی و زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ى بیروباوه‌ڕى كۆمۆنیزمی و له‌هه‌مان كاتدا سیاسه‌تى توندووتیژو كۆنه‌په‌رستانه‌ى فه‌رمانڕه‌وایه‌تى پاشایەتی مه‌یلى رووناكبیرانى بۆ ئازادى زیاتر ده‌جووڵاند. رزگاربوونى به‌شێكى زۆر له‌گه‌لانى مافخوراوى ئه‌وسا له‌دواى جه‌نگى جیهانى بوونه هۆكارێكى سه‌ره‌كى بۆ زیاتر كۆكردنه‌وه‌ى رۆشنبیران له دورى دروشمى كۆمۆنیزم. گۆران له ریزى پێشه‌وه‌ى رۆشنبیرانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى بوو بۆیه ده‌بوا له‌و بواره‌شدا له ریزى پێشوه‌دا بێت
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م رووداوه مێژووییانه‌و بارى دواكه‌وتوویی و هه‌ڵوە‌شاوەى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى كاریگه‌رى ته‌واوى له‌سه‌ر كه‌سێتى كۆمه‌ڵایه‌تى گۆران‌و له‌هه‌مان كاتدا له‌سه‌ر به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى گۆران هه‌بووه‌و ناكرێت گۆران له‌و مێژووه بكه‌ینه‌وه‌و وه‌كو (ئامێر) دوور له‌په‌یوه‌ست بوون‌و وابه‌سته‌بوون به‌ده‌ره‌وه‌ى خۆى لێى بڕوانین. به‌شێكى زۆرى به‌رهه‌مى شیعرى گۆران گوزارشت كردنه له‌واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویى تفتو تاڵى سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆى، هه‌ر كاریگه‌رى ئه‌و واقیعه‌یه كه‌وا له گۆران ده‌كات چ وه‌كو شاعیر چ وه‌كو ئینسان كه‌سێكى ناسه‌قامگیرو نامولته‌زیم بێت به‌عادات و ته‌قالیده باوه‌كانى كۆمه‌ڵگه. ئه‌وه‌ش ده‌یخاته به‌رده‌م چه‌ندین كێشه‌و گیروگرفته‌وه. ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:
تاوێ نه‌گه‌ڕا چه‌رخى موخالیف به‌حیسابم
بێناڵه نییە سانیه‌یه‌ك تارى روبابم
هه‌ر له‌حزه‌یه‌كى مه‌هدى هه‌زار گریه بو ئه‌فسووس
ساڵانى مناڵیمو هه‌موو عومرى شه‌بابم
ئێسته خه‌له‌لى عافیه‌تیش بارى به‌ده‌نمه
هه‌ر ده‌رده ئه‌دا پاچى له‌بونیانى خه‌رابم
زیاتر سه‌به‌بى عه‌قڵ و شعوره خه‌فه‌تى من
بۆ غهفڵهتو نسیانه هه‌موو نۆشى شه‌رابم!
هه‌ر لێره‌وه پرسیارى گۆران به‌رز ده‌بێته‌وه كه ئه‌ویش دوو جه‌مسه‌رى لێكدانه‌وه‌ى هه‌یه. یه‌كەمیان پرسیاره به‌رامبه‌ر به‌بێ ده‌سه‌ڵاتى و ناكرده‌یى خۆى له‌رووى چه‌رخى موخالیفدا، ئه‌و چه‌رخه‌ى به‌ئاره‌زووى خۆى دێت‌و ئه‌م مه‌حكومى ده‌ستى بووه‌و له‌ئاستیدا هیچى پێناكرێت.
مه‌به‌ستى گۆران له چه‌رخى موخالیف ده‌شێ بارى ناهه‌موارى كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانى دواكه‌وتووى كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى بێت‌و ئه‌م وه‌كو نوێنه‌رى هه‌موو میلله‌ت ئه‌و ده‌نگى ناڕه‌زاییه به‌رز بكاته‌وه كه ئه‌مه‌یان كه‌متر گرنگى ده‌مێنێت ئه‌گه‌ر واى بۆ بچین كه گۆران وه‌كو خود خۆى به‌ته‌نها واهه‌ست بكات كه هه‌رگیز رۆژگار له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌بووه‌و هه‌میشه چه‌رخى زه‌مانه له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌پ گه‌رد بووه‌و له سوودى ئه‌و نه‌بووه بۆیه ئه‌ویش گه‌یشتۆته ئاستى بێئومێدی و گله‌یى خۆى له‌رۆژگار ده‌كات. دیاره رۆژگاریش په‌یوه‌سته به‌و واقیعه مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ى كه گۆرانى تێدا ژیاوه. به‌ڵام گۆران وه‌كو شاعیرێكى خاوه‌ن ههستو وه‌كو رۆشنبیرێكى سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆى له پێش خه‌ڵكى ئاساییه‌وه هه‌ست به ناهه‌مواری و به‌دبه‌ختیه‌كان ده‌كات بۆیه پێىوایه هه‌ر له‌حزه‌یه‌كى ژیانى جێگاى له‌دایكبوونى هه‌زار گریان و ناڵینه. ته‌مه‌نى منداڵی ولاوێتى گۆران به‌و شێوەیە وه‌سف ده‌كرێت كه پانتاییه‌ك بۆ ئاسوده‌یی و به‌خته‌وه‌رى تێدا نەبووە. هه‌ر بۆیه به‌رهه‌مى شیعرى گۆران به‌تایبه‌تى ده‌قه زیندووه‌كانى له ده‌ورى ئه‌م خاڵه‌دا كۆده‌بنه‌وه یان له‌ژێر كاریگه‌رى ئه‌و دۆخ و بارە مێژوویه‌دا له‌دایكبوون.
گۆران ده‌زانێ چهرخو رۆژگار هه‌میشه به‌پێچه‌وانه‌ى ویستى ئه‌وه‌وه‌یه‌و هۆكارى ئه‌و زانینه‌ش دەرك پێده‌كات‌و ده‌یگێڕێته‌وه بۆ هۆكارى (عه‌قڵ و شعور) كاتێ ده‌ڵێت (زیاتر سه‌به‌بى عه‌قڵ و شعوره خه‌فه‌تى من) به‌واتایه‌كى دى گۆران ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌وكه‌سه‌ى عه‌قڵى هه‌یه‌و سه‌ر له‌مه‌سه‌له‌كان دهردهكاتو ده‌زانێت چۆن دێن‌و له كوێوە دێن، ئه‌وا ئەو کەسە هه‌رگیز ناحه‌وێته‌وه‌و ئاسووده نابێت. به واتایه‌كى دى گۆران واى بۆ ده‌چێت ئاسووده‌یی وپەیبردنپێكه‌وه كۆنابنه‌وه، ئه‌گه‌ر دەرك كردن‌و تێگه‌یشتن هه‌بوون ئه‌وا ئاسوده‌یى بوونى نابێت، چونكه ئه‌و زاته‌ى ده‌گاته ئاستى ناسینى شتهكانو په‌یان پێده‌بات، ئیتر ده‌گاته حاڵه‌تى گومان‌و نیگه‌رانى بهردهوامو چىتر ئۆقره ناگرێت. به واتایه‌كى دى گۆران ده‌یه‌وێت بڵێت سه‌رچاوه‌ى به‌دبه‌ختی و ناسه‌قامگیرى ده‌روونی و رۆحی و خه‌فه‌ت خواردنى به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌یه كه عه‌قڵى به‌شته‌كان ده‌شكێت و ناتونێت له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى وا دواكه‌وتوودا هیچ گۆڕانكارییه‌ك بكات، به ناچارى ده‌یه‌وێت خۆى بدزێته‌وه ئه‌ویش لهرێگاى له یادكردنیانه‌وه به‌هۆى شه‌رابه‌وه. ره‌نگه شه‌راب ده‌له‌لاله‌تى هه‌ر لادان‌و نه‌فیكردنێكى عادات‌و ته‌قالیدى باوى ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام گۆران بیانوو بۆ خۆى ده‌دۆزێته‌وه‌و ده‌ڵێت (شه‌راب) ده‌رمانى ده‌ردى منه له كاتێكدا له بارێكى ناسه‌قامگیرو پهشێودامو خه‌فه‌تى پەیبردن رۆحم ده‌خوات، له‌كاتێكدا له‌نێو ئێت و هى بێئاگادا من له‌ناخه‌وه عه‌قڵ و شعورى پەیبردنرێگام نادات بحه‌وێمه‌وه.
ده‌شێ له‌لایه‌كى تریشه‌وه لێكدانه‌وه‌ى ئه‌وه بۆ ئه‌م ناڕه‌زایى ده‌ربڕینه‌ى گۆران بكرێت كه جۆره ئاخاوتنێكى دژایه‌تی و ناڕه‌زایه‌تییه به‌رامبه‌ر به‌هێزى نادیارى بزوێنه‌رى گه‌ردوون، واته خواوه‌ند كه به‌تێڕوانینى گۆران هه‌میشه به‌دژى ویسته‌كانى ئه‌م ده‌جوڵێت، به‌ڵام ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه ناتوانێت پانتاییه‌كى فراوان له قسه‌كردن له‌سه‌ر گۆران‌و به‌رهه‌مى گۆران دایگر بكات چونكه سه‌ربارى په‌یوه‌ستبوونى گۆران به مه‌سه‌له روحیه‌كانه‌وه. له گوتارى ئه‌ده‌بى گۆران‌دا پرسیار ده‌رباره‌ى نه‌زانراو و په‌ى پێنه‌براو، رووبه‌ڕووى (یه‌قینى) خواوه‌ند نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵكو زیاتر ده‌لاله‌تى به گشتى كردنى حاڵه‌تى په‌ى پێنه‌بردن له پرسیارى گۆران‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه ئه‌ویش بریتییه له‌په‌ى پێنهبردنو نه‌توانینى ناسینى رۆح‌و مه‌سه‌له رۆحیه‌كان. له‌لایه‌كى تریشه‌وه وا ده‌رده‌كه‌وێت كه گۆران له ناڕه‌زایى ده‌ربڕینیدا زیاتر واقعى باوى كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویى ده‌دوێنێوناڕه‌زایى به‌رامبه‌ر به‌و واقیعه ده‌رده‌بڕێت، هه‌ربۆیه پێویسته له لێكدانه‌وه‌ى شیعرى گۆران‌دا ئه‌و واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه وه‌كو مۆتیڤى رۆحى داهێنان لێیان بڕوانرێت.
چۆنێتى ژیانى تایبه‌تى گۆران‌و كاریگه‌رى له‌سه‌ر جیهانبینى شیعرى:
لێره‌دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تاى ژیانى گۆران واته بۆ زه‌مینه‌ى رابردووى ده‌قه‌كانی و له‌وێشه‌وه له‌رووى ئۆتۆبایۆگرافیه‌وه مامه‌ڵه‌یه‌كى خودى گۆران ده‌كه‌ین‌و هه‌وڵده‌ده‌ین كاریگه‌رى ئه‌و قۆناغه له‌جوڵه‌و پراكتیك‌و جیهانبینى دواترى گۆران‌دا بدۆزینه‌وه.
گۆران له‌تافى منداڵی‌دا باوكى كۆچى دوایى دهكاتو دواى دوو ساڵ له مه‌رگى باوكى برا گه‌وره‌كه‌ى كه ناوى محه‌مه‌د به‌گ (حه‌مه به‌گ رووشه) بوو ده‌كوژرێت. دیاره مردنى باوك‌و كوشتنى براى گه‌وره كه وێنه‌ى باوكه له ژیانى منداڵى گۆران‌دا ده‌بێته له‌ده‌ستچوونى سه‌رچاوه‌ى به‌خشینى سۆز‌و خۆشه‌ویستی و گرێى هه‌ست كردن به نه‌بوونى باوك وه‌كو سایه‌و سێبه‌ر له ههستو نه‌ستى گۆران‌دا دروست ده‌كات. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆى دروستكردنى حاڵه‌تى نادڵنیایی و نیگه‌رانى به‌رده‌وام له كه‌سیه‌تى گۆرانداو هه‌میشه گۆران له‌به‌رامبه‌ر ترسێكى سه‌ختدا ده‌بێت، ترسى له ده‌ستچوونى ئه‌و وێنانه‌ى كه ده‌بوا بیان پاراستایه. ئاماده‌بوونى ترس به‌شێوه‌كى به‌رده‌وام له نه‌ستى گۆران‌دا ده‌بێته هۆى دروستكردنى گرێى هه‌ست به كه‌مى كردن له كه‌سیه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى گۆرانداو وه‌هاى لێ ده‌كات كه خۆى به جێگاى سۆز‌و به‌زه‌یى بزانێت‌و هه‌میشه داواى سۆز‌و به‌زه‌یى (ئه‌وانى تر) بكات‌و له چاوه‌ڕوانى سایه‌و سێبه‌رى باوكێكدا بێت. سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردن لاى گۆران له گه‌ڕان له دواى دۆزینه‌وه‌و گه‌یشتن به‌و وێنه‌یه‌وه ده‌ست پێده‌كات. گه‌یشتنیش به‌و وێنه‌یه هه‌روا كارێكى ئاسان نییە . به تایبه‌تى كوشتنى براى گه‌وره‌ى گۆران له‌و قۆناغه‌ى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌واریدا مایه‌ى ترس‌و له‌هه‌مان كاتدا جێگاى پرسیار بووه.
كوشتنى براگه‌وره‌ى گۆران له‌راستیدا بریتییه له كوشتنى به‌شێكى داهاتووى سڵێمان به‌گى باوكى گۆران، له هه‌مان كاتدا ئاماژه‌ى جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیش بۆ سه‌ر خودى گۆرانى لاو نیشان دهداتو ده‌شێ ئه‌وه له نه‌ستى گۆران‌دا بچه‌سپێنێت كه كاره‌ساتى كوشتنى برا گه‌وره‌كه‌ى هه‌ر ئه‌وه نییە كه ئه‌م خه‌مگین‌و دڵشكاو بكات، به‌ڵكو ئه‌و كرداره ناڕه‌وایه ده‌شێ سه‌ره‌تاى پرۆژه‌یه‌ك بێت بۆ كوشتنى گۆرانیش. به‌مانایه‌كى تر ئه‌و كرداره سه‌ره‌تاى پرۆژه‌كه‌یه بۆ كۆتاییهێنان به‌مێژووى سڵێمان به‌گى باوكى گۆران.
له‌لایه‌كى تریشه‌وه كوشتنى محه‌مه‌د به‌گى برا گه‌وره‌ى گۆران له‌سه‌رده‌مى لاوێتى گۆران‌دا له‌كاتێكدا باوكى نه‌ماوه‌و ته‌مه‌نى له‌نێوان (17-18) ساڵیدا بووه به ناچارى گۆران ده‌كاته به‌رپرسى یه‌كه‌مى ژیانى خۆی و دایكى كه ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى تایبه‌تى له‌سه‌ر ههستو بیرى گۆران هه‌بووه.
لێره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌ره‌تاى ژیانى لاوێتى گۆران پڕ له ئازار‌و چه‌رمه‌سه‌رى بووه‌و گۆران سه‌رچاوه‌كانى سۆز‌و خۆشه‌ویستى پێ به‌خشینى تا راده‌یه‌ك له دەستچووه. گه‌ڕان له دواى دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه بریتییه له دۆزینه‌وه‌ى ئه‌ڵته‌رناتیڤێك كه هێشتنه‌وه‌ى خودى گۆران به‌ر له هه‌موو شێ وه‌كو ئینسان بسه‌لمێنێت.
ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌ش له شیعردا به‌رجه‌سته ده‌بێت. به واتا به‌رهه‌مهێنانى شیعر لاى گۆران فاكته‌رێك ده‌یجوڵێنێ كه رهگو ریشه‌ى له‌رابردوودایه ئه‌ویش فاكته‌رى له‌ده‌ست چوونى وێنه‌ى باوكه.
مه‌به‌ست له‌وێنه‌ى باوكیش لێره‌دا هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكى سه‌ره‌وه‌یه كه ئه‌ركى بەڕێوەبردنی خواره‌وه له ئه‌ستۆ بگرێت و له‌هه‌مان كاتدا به په‌یوه‌ستێكى توندى رۆحى به خواره‌وه به‌سترابێت كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌گوێره‌ى خێزان باوكه. ره‌نگه به‌گوێره‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كیش بریتى بێت له‌رابه‌ى رۆحى ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه. ده‌شێ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌ستكردن به ونبوونى وێنه‌ى باوك گرێى هه‌ستكردن به ناته‌واوى لاى گۆران به‌جۆرێك دروست كردبێت كه گۆران خۆى هه‌ستى به جیاوازبوونى خۆى كردبێت و هه‌وڵدانى بۆ نووسین هه‌ر له سه‌ره‌تاى لاوێتییەوە له لایه‌ك هه‌وڵدان بووبێت بۆ سه‌لماندى خۆی وەکو تاکەکەس، له لایه‌كى تریشه‌وه شیعر هۆكارێك بووبێت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گۆران ویستوویه‌تى بیكاته هۆكارێ بۆ پرۆسه‌ى پاكژبوونه‌وه، واته رزگاركردنى خۆى له‌و باره ده‌رونیه ناجێگیره‌ى تێیدایه‌و گه‌یشتن به بارێكى ده‌روونى سه‌قامگیر، به‌ڵام له ئه‌نجامى كۆتایدا پرۆژه‌ى پاكژبوونه‌وه لاى گۆران نه‌گه‌یشتۆته لوتكه، به‌ڵكو ئه‌و پرۆسه‌یه‌و میكانیزمى كاركردنى به شێوازێكى پێچه‌وانه گۆڕاوه‌و به‌ره‌و حاڵه‌تى بڵندبوون –تسامى- Sublime چووه‌و تیكڕاى ویست‌و ئاره‌زووه چه‌پێندراوه‌كانى گۆران له‌برى پیادهكردنو خاڵیبوونه‌وه بوونه‌ته هه‌وێنى داهێنانى ئه‌ده‌بى له‌ژیانى شیعیرى گۆران‌دا.
به‌رهه‌مهێنانى شیعر لاى گۆران له‌بارى یه‌كه‌مدا هۆكارێك بووه تا له‌و رێگایه‌وه گۆران حه‌زو ئاره‌زوو و غه‌ریزه‌ى چه‌پێندراوى خۆى بخاته روو یان شیعر بكاته هۆكارو پانتاییه‌ك بۆ پیاده‌كردنى ئه‌و حه‌زو ویست‌و ئاره‌زووه چه‌پێندراو و سه‌ركوتكراوانه‌ى سه‌رده‌مى منداڵی ولاوێتى. به مانه‌یه‌كى تر شیعر لاى گۆران ئه‌ڵته‌رناتیڤێكه بۆ دروستكردنه‌وه‌ى رابردویه‌ك كه وێنه‌كانى تێدا دروست نه‌بووه. ئه‌وه‌ش له‌خۆیدا گه‌ڕانه‌وه بۆ تافى منداڵى بەرجەستە ده‌كاته‌وه. به‌ڵام لاى گۆران گه‌ڕانه‌وه بۆ تافى منداڵى هه‌رگیز گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى رۆمانسیانه نییە و به‌مه‌به‌ستى زیندووكردنه‌وه‌ى رابردووى زێڕین‌و زیندوكردنه‌وه‌ى وێنه گه‌شه‌كانى تافی منداڵى نیە، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ رابردوو گه‌ڕانه‌وه‌یه به مه‌به‌ستى دروستكردنى ئه‌و وێنانه‌ى كه ئه‌وسا له‌كیس چوون، به‌واتا گۆران له ئێسته‌دا ده‌یه‌وێت وێنه‌كانى رابردوو (وێنه‌ى باوك) به‌رجه‌سته بكات به مه‌به‌ستى جێنه‌هێشتنى رابردوو وه‌كو زه‌مه‌نێكى بۆشایی و بێ کردار.
ونبوونى وێنه‌ى باوك (سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌مى به‌خشینى سۆز‌و خۆشه‌ویستى) بابه‌تى دروستكردنى یه‌كه‌مین پرسیارى گۆرانه. پرسیار به‌و مانایه‌ى كه گه‌ڕان بێت له‌دواى ونبوویه‌ك، له‌دواى ماهیه‌تى نه‌زانراو یان نه‌ناسراو و په‌ى پێنه‌براو به مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌و زانین‌و ناسین‌و ئاشكراكردن. زه‌مه‌نى ئه‌و بابه‌ته‌ش واته (وێنه‌ى باوك) له‌رووى به‌رجه‌سته‌كردنى سه‌ربه‌خۆوه به‌سه‌رچووه‌و دۆزینه‌وه‌و ده‌سته‌به‌ركردنى راسته‌وخۆى كارێكى نه‌شیاوه. گه‌ڕانى گۆران له‌دواى گه‌یشتن به‌و وێنه‌یه كه بریتییه له گه‌ڕانى به‌رده‌وام له‌دواى (باوك) كارێكى بێ ئه‌نجامه، بۆیه گۆران له پرۆسه‌ى به‌رده‌وامى گه‌ڕاندا راسته‌وخۆ به وێنه‌ى یه‌كه‌م ناگاته‌وه، بۆیه هه‌وڵده‌دات ئه‌ڵته‌رناتیڤى بۆ بدۆزێته‌وه. ئیلتیزامى ئایدۆلۆژى گۆران له ئه‌نجامى شكستهێنانیدا له دۆزینه‌وه‌ى وێنه‌ى باوكه‌وه دێت‌و ئیلتیزامى ئایدۆلۆژی و حیزبى گۆران بریتییه له هه‌وڵدانی ئەو بۆ دۆزینه‌وه‌ى وێنه‌ى باوك كه هه‌میشه ئه‌و وێنه‌یه هێماى راسته‌وخۆى ده‌سه‌ڵاته. لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى ده‌ورێكى زۆر دیار‌و ئاشكراى له ژیانى تایبه‌تى گۆران‌دا گێڕاوه‌و وه‌كو تێكڕاى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى هه‌ست ده‌كات پێویستى به باوكێكه له سایه‌یدا بحه‌وێته‌وه‌و فه‌رمانى لێ وەربگرێت‌و دوور له بوونى ئه‌و باوكه هه‌ست به كه‌سێتی و بوون و ئاماده‌بوونى خۆى ناكات.
دیاره وێنه‌ى باوك له تێڕوانینى فرۆیده‌وه وێنه‌یه‌كى دزێوه، به‌ڵام به گوێرەی گۆران له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له سیسته‌مێكى كۆمه‌ڵایه‌تى فیودیالیدا ژیاوه‌و له سیسته‌مێكى له‌م جۆره‌شدا پێناسه‌ى هه‌ر ئه‌ندامێكى كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاماده‌بوونى رهگو ریشه‌و نهسهبو بنه‌ماڵه ده‌كرێت، بۆیه باوك ئه‌و هێزه ئاماده‌یه له پشتى كوڕه‌وه كه ناسنامه‌ى بوونى بۆ ده‌سه‌لمێنێت. گۆران هه‌ر زوو هه‌ستى كردووه كه ئه‌م ئه‌و هێزه مه‌عنه‌وییه‌ى له‌ده‌ست چووه بۆیه گرێى رق به‌رامبه‌ر به باوك گۆڕاوه به‌گرێى هه‌ستكردن به نه‌بوونى باوك. هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانى تاوانى كوشتنى باوك لاى گۆران گۆڕاوه بۆ هه‌وڵدان بۆ زندووكردنه‌وه‌ى باوك، چونكه باوك به‌ر له ئه‌وه‌ى ئه‌م بیر له پرۆسه‌ى كوشتنى بكاته‌وه خۆی مردووه. هه‌ر لێره‌شه‌وه بابه‌تى رق Hate- گۆڕاوه به بابه‌تى سۆز‌و خۆشه‌ویستی و رەتکردنەوەی باوك‌و وێنه‌كانى گۆڕاوه بۆ گه‌ڕان له دواى دۆزینه‌وه‌ى باوك و وێنه‌ى باوك.
سه‌ره‌تاى گرێى هه‌ستكردن به‌ونبوونى باوك (ونبونى سه‌رچاوه‌ى سۆز‌و خۆشه‌ویستى) هه‌ر له سه‌ره‌تاى ده‌ست به نووسینكردنى گۆرانه‌وه ئاشكرا ده‌بێت، ئه‌وه‌تا له كه‌ركوكه‌وه له‌كاتێكدا ته‌مه‌نى له‌نێوان (16-17) ساڵاندایه‌و بۆ دایكى ده‌نووسێت‌و بارى ده‌روونى خۆى به‌یان دهكاتو ده‌ڵێت:
ئه‌ى دایه ئه‌گه‌ر ئه‌پرسى حاڵم
ئێ تۆش وه‌كو باقى بێڕه‌حم نیت
تۆزقاڵێ ره‌حم ئه‌زانیت!
راستى شه‌و و رۆژ هه‌ر ده‌ناڵم
ده‌گریم‌و ده‌سوتێم هه‌روه‌كو مۆم
ئاهم ئه‌گاته كۆشى گه‌ردوون
مات‌و كز‌و مه‌لوول و مه‌حزون
بۆ حاڵى غه‌ریبى، بێكه‌سى خۆم/ 1921
لێره‌دا به ئاشكرا هه‌ستكردنى گۆران به نه‌بوونى هیچ سایه‌و سێبه‌رێك به نه‌بوونى هیچ باوكێك ئاشكرا ده‌بێت، وێنه‌ى باوك وێنه‌یه‌كى سڕاوه‌یه چ له‌رووى ئاماده‌بوونى فیزیكیه‌وه هه‌تا گۆران نامه‌كه‌ى بۆ ره‌وانه بكات، چ له‌رووى ئاماده‌بوونى مه‌عنه‌وییه‌وه له ههستو زهنى گۆران‌دا هه‌تا به‌و شێوه‌یه خۆى بێكه‌س نه‌بینێت.
ده‌بینین له‌جیاتى (باوك) نامه‌كه ئاراسته‌ى دایك ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش له كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ى كورده‌واریدا كارێكى باو نه‌بووه. دایك تواناى پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه‌ى نییە. (دایك) یش لاى گۆران تاراده‌یه‌ك سیفه‌ته‌كانى دایكى لێ ده‌بێته‌وه‌و له‌برى ئه‌وه‌ى وێنه‌یه‌كى زیندووبێت له‌پێبه‌خشینى سۆز‌و خۆشه‌ویستى كه‌چى گۆران وه‌كو مه‌خلوقێكى ناپهیوهستو دابڕاو له‌خۆى ده‌یدوێنێت. لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه دایك لاى گۆران ده‌بێته (ئه‌و) یان به‌شێك له (ئه‌وانى تر)، واته ده‌بێته كه‌سێكى نامۆ‌و غه‌ریب به‌خودى گۆران، كه‌سێك كه نه‌ك هه‌ر ناتوانێت هیچ گۆڕاِنێك له دۆخی (بێكه‌سی وغه‌ریبى) گۆران‌دا دروست بكات، به‌ڵكو بێئاگاشه له گۆران وه‌كو په‌یوه‌ندى دایك به كوڕه‌وه. لێره‌وه به ته‌واوى ده‌رده‌كه‌وێت كه دایك نه‌ك هه‌ر ناتوانێت ببێته جێگره‌وه‌ى وێنەی باوك بۆ گۆران به‌ڵكو ناتوانێت وێنه‌ى راسته‌قینه‌ى دایكیش بێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆكارێكى سه‌ره‌كى بۆ گه‌ڕان و له‌دوا ڕۆیشتنى به‌رده‌وامى گۆران له دواى ئه‌ڵته‌رناتیڤ.
ده‌شێ ده‌لاله‌تێكى تر‌ى ئه‌و نامه شیعرییه‌ى گۆران بۆ دایكى له‌پاڵ گه‌ڕان له‌دواى دۆزینه‌وه‌ى سۆزى باوك، جۆرێك له خودنمایش كردن بێت بۆ ده‌ره‌وه‌ى خودی خۆی به مه‌به‌ستى پاكژبوونه‌وه. واته هه‌وڵدان بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئه‌وانى تر له‌بارى شلۆقى ده‌روونى خۆى كه ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆى جۆره سه‌قامگیرییه‌كى ده‌روونی و له‌و حاڵه‌ته په‌شێوه ده‌روونیه رزگار ده‌بێت. له‌هه‌مان كاتدا سه‌رده‌مى هه‌رزه‌كارى گۆران هاوكاته له‌گه‌ڵ نووسینى ئه‌و نامه شیعرییه‌دا بۆ دایكى كه ئه‌وه‌ش دیسان بۆشاییه‌كى دى به‌رجه‌سته ده‌كات كه ئه‌ویش بۆشایى رۆحییه له ژیانى لاوێتى گۆرانداو مه‌به‌ست له‌وه‌ش نه‌بوونى خۆشه‌ویستى ره‌گه‌زى به‌رامبه‌ره كه دواجار لاى گۆران ده‌بێته گه‌ڕان له‌دواى پانتاییه‌ك بۆ مسۆگه‌ركردنى ویسته جه‌سه‌دییه‌كان كه ئه‌وه‌ش له ونبوونى جه‌سته‌ى به‌رامبه‌ر واته ئافره‌تدا به‌رجه‌سته ده‌بێت. ئه‌مه‌ش له قۆناغى دواترى ژیانى گۆران‌دا ئاشكرا تر ده‌بێت به تایبه‌تى كه گۆران ژنى یه‌كه‌مى به‌نابه‌دڵی و له‌ژێر فشارى دایكی‌دا ده‌هێنێت. لێره‌شه‌وه گۆران ده‌گاته به‌رده‌م هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌وێنه‌ى دووه‌م واته (ئافره‌ت)، ئه‌ویش له‌دوو رووه‌وه یه‌كه‌میان ژن هێنان بۆ گۆران كه له‌ودیوى سنوورى خۆشەیستییەوە بوو، نه‌یتوانى سۆز‌و خۆشه‌ویستى قۆناغى پێشترى ژیانى گۆران زیندووبكاته‌وه‌و ببێته ئه‌ڵته‌رناتیڤى وێنه‌ى یه‌كه‌م واته باوك. دووه‌میش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گۆران ژنى یه‌كه‌مى به‌نابه‌دڵى هێناوه‌و له‌روى جوانیه‌وه به‌دڵێ نه‌بووه كه‌واته نه له‌رووى حسى ئیساتیكییەوە، نه له‌رووى ئاماده‌بوونى فیزیکیشەوە ئه‌و ئافره‌ته نه‌یتوانیووه جێگاى قه‌ناعه‌تى گۆران بێت‌و به گۆران بگات‌و گۆرانیش به‌هیچ ئامانجێكى پێشترى نه‌گه‌یشتووه‌و بگره خهونو خه‌یاڵه قووڵه‌كانیشى به‌رامبه‌ر به ئافرهتو جەستەی ئافره‌ت بۆ پیاده‌كردنى ویست‌و غه‌ریزه سه‌ركوتكراو و چه‌پێنراوه‌كانى هه‌ره‌سیان هێناوه. ئاشكراتر بڵێین ژنى یه‌كه‌مى گۆران وه‌كو جەستە نه‌یتوانیووه ببێته پانتاییه‌ك كه سنوورى دیسپلین كردن بشكێنێوگۆران له‌شێوەیەکی سروشتیداو بێ هیچ كۆت‌و پێوه‌ندێكى رۆحی و جه‌ستەیی (فیزیكى) به‌و جەستەیە بگات‌و هه‌ستى پێبكات‌و بیدوێنێت، كه ئه‌مه‌ش له شیعره‌كانى دواترى گۆران‌دا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌و ده‌یان ده‌لاله‌تى چه‌پاندن‌و سه‌ركوتكردنى ئاره‌زووى سێكسى له شیعره‌كانیدا ده‌دۆزرێنه‌وه.
ئێسته ده‌رده‌كه‌وێت كه ونبوونى وێنه‌كان لاى گۆان دوو ونبوونن، ونبوونى (وێنه‌ى باوك) واته یه‌كه‌مین سه‌رچاوه‌ى به‌خشینى سۆز‌و خۆشه‌ویستى. ونبوونى خۆشەویستی وجەستە واته (وێنه‌ى ئافره‌ت) وه‌كو وێنه‌ى دووه‌م. گوتارى ئه‌ده‌بى گۆران له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و دوو زه‌مینه ونبووه بنیادنراوه. له‌مێژووى ژیانى ئه‌ده‌بى گۆرانداو له‌تێكڕاى به‌رهه‌مه‌كانیدا ئه‌و دوو ئاراسته بوونه‌ته ئه‌ده‌ب كه به‌رجه‌سته‌ى پرسیاره‌كانى ئه‌م دوو بۆچوونه دهكهنو دواجاریش هه‌ردووكیان یه‌كده‌گرنه‌وه‌و گوتارى ئه‌ده‌بى گۆران فۆرمه‌له ده‌كه‌ن. ئه‌م دوو فاكته‌ره مۆتیڤى سه‌ره‌كى دروستكردنى پرسیارن لاى گۆران، به‌ڵام به ئاكام نه‌گه‌یاندنیان نه‌بۆته هۆكارێك بۆ پاشه‌كشێ پێكردنى گۆران‌و مانه‌وه‌ى له پانتاییه‌كى بێ (كرده‌و) بێ رووداو و وه‌ستاو و بێ جوڵه‌داو خۆى بداته ده‌ستى ئومێدى به‌دىهاتنى ئاواته‌كانى له‌دواى مردن‌و وه‌كو ونبوونى وێنه‌كانى پێشوو خۆیشى به‌دنیاى ونبوون بسپێرێت، به‌ڵكو گۆران سنووره‌كانى وه‌ستاندن ده‌شكێنێوونبوونى هه‌ردوو وێنه‌ى پێشه‌وه له ئه‌ڵته‌رناتیڤێكى تردا ده‌دۆزێته‌وه كه ئه‌ویش بریتییه له (سروشت), لێره‌دا ده‌لاله‌تى گه‌ڕانه‌وه بۆ سروشت لاى گۆران ئاشكرا دهبێتو ئه‌و پرسیاره‌ش سه‌رهه‌ڵده‌دات داخۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت راكردنه له واقیعى باوى كۆمه‌ڵگه‌ى شارستانى؟ یان گه‌ڕانه‌وه‌یە به‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و وێنانه‌ى كه له‌ژیانیدا له‌ده‌ستى چوون؟ یان گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌مه‌به‌ستى تیكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ سروشت و توانه‌وه‌و له ئه‌نجامیشدا تیایدا دفن ببێت؟ داخۆ سروشت په‌یوه‌ست به‌تێڕوانینى گۆران بێلایه‌نه یان لایه‌نداره به‌وه‌ى كه داخۆ خه‌سڵه‌تى ره‌گه‌زى (مێ)ى هه‌یه یان نا؟ ئه‌مانه چه‌ند پرسیارێكن كه ده‌شێ لهروانگهى لێكدانه‌وه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ نێو سروشت‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا وه‌ڵام بدرێنه‌وه.
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیارانه ده‌بێ ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه تافى منداڵى له ژیانى هه‌ركه‌سێكدا تافى تۆماركردنى یه‌كه‌مین یاده‌وه‌رییه‌كانى مرۆڤه‌و ئه‌و تافه‌ش سۆز‌و خۆشه‌ویتسییه‌كى خاوێن‌و بێگه‌ردى تێدایه. ونبوونى سۆز‌و خۆشه‌ویستى ئه‌و سه‌رده‌مه لاى گۆران ده‌شێ ته‌نها له ئامێزى خاوێن‌و بێگه‌ردى سروشتدا دروست بكرێته‌وه. واته بنیادنانه‌وه‌ى ئه‌و زه‌مه‌نه به‌سه‌رچووه‌ى كه له‌تافى خۆیدا هه‌ستى پێنه‌كراوه، ده‌شێ ته‌نها له پانتایى سروشتدا دروست بكرێته‌وه. بۆیه تاكه رێگایه‌ك بۆ ئاماده‌كردنه‌وه‌ى رابردووى ونبوو و بێناسنامه له ساته‌وه‌ختى ئێسته‌دا له پرۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌و گه‌یشتنه‌وه به (سروشت) دا ده‌گات به‌ئه‌نجام، ئه‌مه‌ش ده‌مانگێڕێته‌وه بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ى كه ده‌ڵێت هه‌تا مرۆڤ له‌سایه‌ى سروشتدا بووه شته‌كان خاوێن‌و بێگه‌رد بوون، ئه‌و وێنه ئاڵۆزانه‌ى كه مرۆڤ له قۆناغى ژیانى نێو كۆمه‌ڵگه‌ى شاردا بۆى رام ناكرێت له‌نێو پانتایى سروشتدا به ساده‌یى ده‌ست دەکەون و دەستەبەر دەکرێن.
گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ نێو سروشت له راستیدا دوو ده‌لاله‌تى هه‌یه. یه‌كه‌میان گه‌ڕانه‌وه بۆ تافى منداڵی و زیندوكردنه‌وه‌ى سۆز‌و خۆشه‌ویسى ونبووى ئه‌و تافه، گه‌ڕانه‌وه بۆتافى منداڵی و گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سروشت هاوشێوه‌ن له خاوێنی و بێگه‌ردیدا. دووه‌میان سروشت وه‌كو دنیاى خاوێن‌و بێگه‌رد ئه‌و پانتاییه‌یه كه گۆران به مه‌به‌ستى حه‌وانه‌وه‌ى ئه‌به‌دى بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و له‌م باره‌شدا سروشت ده‌لاله‌تێكى تر‌ى ده‌بێت كه ئه‌ویش منداڵدانى دایك ده‌گه‌یه‌نێت كه گۆران له دنیاى پڕ له ئاژاوه‌ى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى دوور له سۆز‌و به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستییەوە بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه. واته گۆران له ژیانى ده‌ره‌وه له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نێو ژیانى داخراو، واته بۆ ناوه‌وه به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتنى به دنیایه‌ك كه هێمنی و هێورى تیا به‌ركه‌ماڵ بێت. ئه‌م حاڵه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌یه لاى گۆران هه‌ر هه‌ڵوێستێكى ساده نییە له‌رووى مامه‌ڵه‌كردنى خودى گۆرانه‌وه لێى بڕوانێت، به‌ڵكو جێكهوتو كاریگه‌رى دیارى هه‌یه له مێژووى شیعرى كوردى دواى گۆرانیشدا. گۆران له گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ سروشت له ئه‌نجامى هه‌ستكردن به له‌ده‌ست چوونى وێنه‌ى باوك‌و وێنه‌ى ئافره‌تدا ژیانى كۆمه‌ڵگه رەت دهكاتەوەو جۆرێك له‌خه‌ڵوه‌ت هه‌ڵده‌بژیرێت كه ئه‌و خه‌ڵوه‌ته‌ش له‌برى ئه‌وه‌ى وه‌كو شاعیره سۆفیه‌كانى پێش خۆى له كونجى مزگهوتو حوجره‌كاندا بێت یان په‌نا بۆ ته‌سه‌وف ببات، له دنیاى فراوانى سروشتدایه، به‌ڵام له هه‌ردوو باره‌كه‌شدا ئه‌نجام هه‌ر پشتكردن وخۆدوور خستنه‌وه‌یه له ژیانى كۆمه‌ڵگه.
گۆران سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه ونبوونى ئه‌و دوو وێنه‌یه پاڵى ده‌نێت بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سروشت به‌مه‌به‌ستى به‌ده‌ستهێنانه‌وەی رابردووى ونبوو و له‌ده‌ستچوو له‌پانتایى سروشتداو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ناگاته ئاستى توانه‌وه له‌گه‌ڵ سروشتداو مامه‌ڵه‌كردنى گۆران له‌گه‌ڵ سروشتدا بێت، خۆى وه‌ك به‌شێك له سروشت نیشان بدات، به‌ڵكو مامه‌ڵه‌ى گۆران له‌گه‌ڵ سروشت‌و توخمه‌كانىدا مامه‌ڵه‌ى مرۆڤێكه كه له زه‌مینه‌یه‌كى تره‌وه هاتووه‌و له ئه‌نجامى دووچاربوونى به دوو شكستى كاریگه‌ر له پانتایى زه‌مینه‌ى پێشوودا په‌ناى بۆ سروشت هاوردووه‌و سروشت به‌رزگاركه‌ر ده‌زانێت. گۆران له‌م روانگه‌یه‌وه مامه‌ڵه‌ى سروشت ده‌كات هه‌ر بۆیه هه‌ڵوێستى گۆران به‌رامبه‌ر به سروشت هه‌ڵوێستى شاعیرێكه كه له‌نێوان خۆی وسروشتدا په‌یوه‌ندییه‌ك دروست ده‌كات كه ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌ماى سروشتى مهزنو ئامێز پڕ له سۆز‌و میهرە به‌رامبه‌ر به گۆرانى هه‌ڵاتووى ژێر فشارى په‌یوه‌ندییه تهڵخو دزێوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى شار بنیادنراوه. گۆران وه‌سفى سروشت دهكاتو سروشت ده‌دوێنێت به‌و هیوایه‌ى سروشت ئامێزى بێگه‌ردو پڕ له سۆز‌و میهرى بۆ بكاته‌وه‌و باربووى رابردووى دزێو و ته‌ڵخ و دوور له سۆز‌و به‌زه‌یى بۆ بكاته‌وه. به‌واتا گۆران له پێناوى مه‌به‌ستێكى دیاردا سروشت ده‌دوێنێت و له بنه‌ڕه‌تیشه‌وه مه‌به‌ستى گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت له پێناوى ئه‌و ئامانجه‌دایه، واته گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه مه‌به‌ستێكى دیارى له‌به‌رچاوگیراو له‌پشتییه‌وه‌یه، نه‌ك عیشقێكى ده‌روێشانه به‌سروشتییەوە به‌ستبێت. هه‌ربۆیه مامه‌ڵه‌كردنى گۆران له‌گه‌ڵ سروشتدا مامه‌ڵه‌ى شاعیرێكه كه له‌رووى سروشتدا ئاماده‌بوونى هه‌یه‌و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ئاماده‌بوونه سروشت ده‌دوێنێت نه‌ك له‌و رواگه‌یه‌وه كه گۆران به ته‌واوى ته‌ماهى له‌گه‌ڵ سروشتدا كردبێت‌و ئه‌نجامیش تیایدا توابێته‌وه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش له لایه‌ك مانه‌وه‌ى گۆران وه‌كو داهێنەرێكى ئاماده له دواى شیعره‌كانیه‌وه نیشان ده‌دات، له لایه‌كى تریشه‌وه ئاستى وه‌سفكردنى سروشت له‌لایه‌ن گۆرانه‌وه‌و مامه‌ڵه‌كردنى توخمه‌كانى سروشت له تێكڕاى شیعره‌كانى گۆران‌دا وا ده‌رده‌كه‌ون كه له‌وه جوانتر‌و قه‌شه‌نگتربن كه خۆیان له سروشتدا هه‌ن یان به‌شێوەیەکی گشتی‌تر بڵێین سروشت له‌وه‌سفكردنى گۆران‌دا له‌وه جوانتره كه خۆى هه‌یه. ئه‌مه‌ش ئاستى به‌رزو شكۆدارى ئیحساسى شیعرى گۆران‌و هەستی ئیستاتیكى گۆران نیشان ده‌دات. هه‌ر مانه‌وه‌ى گۆران وه‌كو داهێنەرێكى ئاماده له دواى شیعره‌كانیه‌وه‌و وه‌كو داهێنەرێكى خاوه‌ن هەستی شیعریى مه‌زن كه ئاستى هەستیاری وێنهگرتنو عه‌كس كردنه‌وه‌ى ئه‌و وێنانه‌ى له ئاستێكى باڵاتردایه له‌وه‌ى كه له‌راستیدا ههنو ئه‌وه‌ش گۆران له شاعیرانى رۆمانسى به‌گشتی و بایرۆنو كیتسو وردزۆرپ جیا ده‌كاته‌وه ئه‌ویش له‌وه‌یدا كه گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و شاعیرانه بۆ سروشت گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى رۆمانسیانه‌یه‌و ئه‌نجامیش له‌نێو سروشتدا ده‌توێنه‌وه‌و هیچ ئاماده‌بوونێكیان نامێنێت، به‌ڵام گۆران ناتوانێت له‌گه‌ڵ سروشتدا ته‌ماهى بكات‌و تیایدا بتوێته‌وه گه‌رچى هه‌نگاوى یه‌كه‌مى گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت به‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى وێنه ونبووهكانو حه‌وانه‌وه‌و پاشانیش خۆ دفن كردنه له‌نێو سروشتدا، كه‌واته لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه په‌یوه‌ندى گۆران‌و سروشت له ئاستێكى شلۆقدا ماوه‌ته‌وه، له ئاستێكدا كه گۆران له‌حاڵه‌تى دڵه‌ڕاوكێدا بێت به‌رامبه‌ر به‌و باوكه نوێیه كه هه‌ڵیبژاردووه هه‌تا جێگاى پێشتری بۆ بگرێته‌وه.
لێرەوە دەردەکەوێت کە هه‌میشه گۆران له حاڵه‌تى تێڕاماندا بووه به‌رامبه‌ر به په‌یوه‌ندى خۆی و سروشت. هه‌ر لێره‌شه‌وه له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى ئه‌م حاڵه‌تى نیگەرانی و تێڕامانه‌وه پرسیارى گۆران سه‌رهه‌ڵده‌دات كه ئه‌ویش پرسیاره له ماهیه‌تى بوون. پرسیاره له ماهیه‌تى جوانى، پرسیاره له‌ماهیه‌تى له‌زه‌تى رۆحی و جه‌سه‌دى، پرسیاره له نهێنییە كانى دنیاى ئه‌ودیوى زانین و په‌ى پێبردنى مرۆڤ.
ونبوونى وێنه‌ى باوك لاى گۆران زیاتر له‌و ماوه مێژووییه‌دا به‌رچاو ده‌كه‌وێت و به‌زه‌قى ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌كاته ته‌مه‌نى منداڵى گۆران‌و قۆناغى هه‌رزه‌كاری و پێگه‌یشتن، به‌ڵام گۆران له وێنه‌یه‌كى راسته‌وخۆى شیعریدا ئه‌و وێنه له‌ده‌ستچووه‌ى به‌رجه‌سته نه‌كردۆته‌وه ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێ له دێڕه شیعرێكدا، له هه‌ڵوێستێكى ناڕه‌زایى ده‌ربڕیندا به‌رجه‌سته‌ى بارى بێباوكى خۆى دهكاتو د‌ڵێت:
نامه‌وێ هه‌تیو كه‌وم/ كه‌لاوه بێت جێى خه‌وم.
به‌ڵێ ئه‌م دێڕه شیعره له‌كاتێكدا گوتراوه كه گۆران قۆناغى ژیانى هه‌تیووى به‌ڕێ كردووه‌و كه‌لاوه‌ش ته‌نها مه‌به‌ست له‌ژیانى نێو خانوویه‌كى كه‌لاوه نییە، به‌ڵكو مه‌به‌ست به‌كه‌لاوەبوونى ژیانى منداڵى گۆرانه له رووى نه‌بوونی و له‌ده‌ستچوونى سۆز‌و خۆشه‌ویستى باوكه‌وه. له رووى ژیانى پڕ له چه‌رمه‌سه‌رێى گۆرانیشه‌وه به‌پشتبه‌ستن به مێژووى ژیانى گۆران ئه‌وه ده‌زانین كه كاتێ ئه‌م ته‌مه‌نى حه‌ڤده ساڵان ده‌بێ محه‌مه‌د به‌گى براى ده‌كوژرێت‌و ئه‌م ناچار ده‌بێت ده‌ست له خوێندن ههڵگرێتو له كه‌ركوكه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه بۆ شان دانه به‌ر ئه‌ركى به‌خێوكردنى خێزانه‌كه‌ى.
ونبوونى وێنه‌ى دووه‌میش لاى گۆران بریتى بوو له ونبوونى وێنه‌ى ئافره‌ت واته ونبوونى سه‌رچاوه‌ى سۆز‌و خۆشه‌ویستی و ونبوونى جەستەی ئافره‌ت ئه‌وه‌ش ماناى له‌ده‌ست چوون‌و نه‌گه‌یشتن به ئاستی جێبەجێکردنی ئارەزووە جەستەییەکانی. گۆران حاڵه‌تى ونبوونى وێنه‌ى ئافره‌ت له ژیانى خۆیدا به‌م شێوه‌یه نیشان ده‌دات:
سه‌رده‌مێك بوو دنیاى گیانم تاریك‌و چۆڵ بوو
كام به‌رۆچكه‌ى گه‌رمه دڵم چه‌شنى شه‌هۆڵ بوو
فه‌ریحه‌م وشك، ته‌بیعه‌تم زه‌ردو ژاكاوبوو
زه‌رده خه‌نه‌م ئاخى سه‌رلێو فرمێسكى چاوبوو
……………………………………………
به‌ڵام ئه‌ى یار، یارى نازدار، شۆڕه ژنى شۆخ
به لێوى ئاڵ به‌چاوى ره‌ش، چاوى ره‌شى تۆخ
به باڵاى به‌رز و به‌ئه‌ندامى نه‌رم و شل و جوان
ره‌وتى شیرین، عیشوه‌و نازى گفتوگۆ‌و جوڵان
به‌م جوانیانه كه زینه‌تى به‌هه‌شتى دنیان
به‌م جوانیانه كه له تۆدا هه‌موویان په‌یدان
له‌و رۆژه‌وه دیومه سیحرى زه‌رده‌خه‌نه‌ى تۆ
دنیاى ده‌روون مه‌له‌كانى هاتوونه‌وه گۆ
سه‌رچاوه‌كه‌ى عومرى جوانیم هاتۆته‌وه قوڵ
باغچه‌ى ژینم پڕبۆته‌وه له نه‌مامى گوڵ!
له راستیدا گۆران بارى ده‌روونى خۆى ئاشکرا ده‌كات، له‌سه‌ره‌تاوه له وێرانەیەک ده‌دوێت كه سه‌رده‌می منداڵی وهه‌رزه‌كارى تیا به‌سه‌ر بردووه، وێرانەی سۆز‌و خۆشه‌ویستى باوك، وێرانەو کاولەی سۆز‌و خۆشه‌ویستى ئافره‌ت له قۆناغى هه‌رزه‌كاریدا، دواتریش كه وێنه‌ى ئافره‌ت ده‌هێنێته‌وه پێشه‌وه ته‌نها به مه‌به‌ستى هه‌وڵدانه بۆ پڕكردنه‌وه‌ى گرێى هه‌ست به‌كه‌مى كردن له‌و قۆناغه‌داو وه‌سفكردنه‌كه‌ش ته‌نها وه‌سفێكى ته‌سویریه‌و گۆران ئافره‌تێكى غایب ده‌دوێنێ به‌واتا به خه‌یاڵ ئه‌و دنیایه دروست ده‌كات، ئه‌گینا گۆران بە ئەندێشە و خەیاڵ ده‌گات به وێنه‌ى ئافره‌ت كه له‌م حاڵه‌ته‌شدا ناتوانێت بگات به جه‌سته‌ى مادى ئه‌و ئافره‌ته‌و ئاره‌زوو یان غه‌ریزه‌ى سه‌ركوتكراوى بۆ رەگەزی بەرامبەر جێبەجێ بکات و باری هەڵچووی خاڵى بكاته‌وه. هه‌ربۆیه به‌هه‌مان هه‌ڵچوون‌و به‌هه‌مان هێزه‌وه چه‌ندین جارى تر ئه‌م هه‌ڵوێسته دووباره ده‌كاته‌وه كه ئه‌وه‌ش له‌رووى لێكدانه‌وه‌ى ده‌روونى گۆرانه‌وه ماناى نه‌گه‌یشتنه به‌و وێنه‌یه.
گۆران ئه‌نجام ده‌گاته ئه‌وه‌ى بڵێت (ژن) سه‌رچاوه‌ى ئیلهامى منه‌و جوانیه‌كانى سروشت بێ بوونى (ئافره‌ت) ناتوانن بمخه‌نه سه‌رباڵى نه‌شئه‌ى شیعر نووسین، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:
له‌كونجى زاکیره‌ما ژنێكى شۆخ نه‌كا
په‌رى صیفه‌ت به په‌لوپۆى جه‌ماله‌وه جیلوه
له كوێ له سەتحی زه‌مینا، له‌سینه‌ى فه‌له‌كا
ئه‌بێته مه‌نبه‌عى شیعرم به‌دایعى ئه‌شیا.
هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌مان ته‌رزه بۆچوون ده‌توانین به‌ڵگه‌ى شیعرى تر بهێنینه‌وه‌و زیاتر ئه‌وه ئاشكرا بكه‌ین كه گۆران ده‌یه‌وێت بڵێت سه‌ربارى جوانى سروشت‌و خاوێنی و بێگه‌ردى سروشت كه ده‌شێ ئاسووده‌یى رۆحى ته‌نها له‌وێدا بدۆزرێته‌وه، كه‌چى دوور له جوانى ئافرهتو میهرو سۆز‌و خۆشه‌ویستى ئافره‌ت سروشت ناتوانێت ببێته ئه‌و مه‌نزڵگایه‌ى كه حه‌وانه‌وه‌ى ئه‌به‌دى مسۆگه‌ر بكات. به‌بێ بوونى جه‌سته‌ى ئافره‌ت، به‌بێ زه‌رده‌خه‌نه‌و بزه‌ى پڕ له سۆز‌و پڕ له ماناى ئافره‌ت جوانى سروشت هیچ مانایه‌كى نییە. به واتایه‌كى دى گۆران ده‌یه‌وێت جوانى سروشت‌و جوانى ئافره‌ت پێكه‌وه گرێ بدات و ئه‌وه‌ش نیشان بدات سروشت و ئافره‌ت یه‌ك ماهیه‌تیان هه‌یه‌و هه‌ردووكیان ده‌بنه پانتایى خاڵى كردنه‌وه‌ى حه‌زوو ئاره‌زووى سه‌ركوتكراوى رۆحی و جه‌سه‌دى پیاو، به‌ڵام به‌بێ بوونى ئافره‌ت سروشت ناتوانێت حسى ئێستاتیكى گۆران بجوڵێنێت و لاى وایه ئه‌گه‌ر ئافره‌ت نه‌بێت سروشت تاریكستاێكى بێ گیان‌و ناكاریگه‌ره. ئه‌وه‌تا له هه‌ڵبه‌ستى ئافرهتو جوانیدا دواى ئه‌وه‌ى كه وه‌سفێكى ته‌سویرى سروشت‌و توخمه‌كانى ده‌كات ده‌ڵێت:
ئه‌مانه هه‌موو جوانن شیرینن
رۆشن كه‌ره‌وه‌ى شه‌قامى ژینن
به‌ڵام ته‌بیعه‌ت هه‌رگیزاو هه‌رگیز
بێ رووناكییه بێ بزه‌ى ئازیز
گۆران له ئه‌نجامى ونبوونى سه‌رچاوه‌كانى سۆز‌و خۆشه‌ویستى قۆناغى منداڵی و هه‌رزه‌كاریدا په‌نا بۆ دۆزینه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى نوێى سۆز‌و خۆشه‌ویشستى ده‌بات. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ش سروشته كه گۆران له‌لایه‌ك بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشایى رۆحی وعاتیفى قۆناغه‌كانى پێشتر له پانتایى سروشتدا ده‌گه‌ڕێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌و له‌هه‌مان كاتیش‌دا كردنى سروشت به پانتاییه‌ك بۆ خاڵیكردنه‌وه‌ى ههستو سۆزى په‌نگ خواردووى ناخى كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته جۆرێك له پاكژبوونه‌وه. ئه‌ویش ده‌لاله‌تێكى قووڵتر هه‌ڵده‌گرێت كه بریتییه له خاڵیكردنه‌وه‌ى غه‌ریزه‌و ئاره‌زووى سه‌ركوتكراوى سێكسى.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه سروشت له روانینى گۆڕانه‌وه بریتییه له جه‌سته‌ى ئافره‌ت. به‌ڵام گۆران له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ناتوانێت سروشت به ته‌واوى بكاته ئه‌ڵته‌رناتیڤى ئافره‌ت له شیعره‌كانیداو ناتوانێت تێكڕاى حه‌زو ئاره‌زووه سه‌ركوتكراوه‌كانى له جه‌سته‌ى سروشتدا به ئاكام بگه‌یه‌نێت، هه‌میشه ئافره‌ت ده‌كاته‌وه به‌هاوشێوه‌ى سروشت وه‌كو جووته‌یه‌كى پێكه‌وه به‌ستراو لێیان ده‌ڕوانێت كه هه‌ردووكیان له جوانی و ناسكی و لهسۆزو به‌خشیندا چوون یه‌كن. له‌راستیدا گۆران له ئه‌نجامى نه‌گه‌یشتن به جوانى ئافرهتو جه‌سته‌ى ئافره‌ت وه‌كو ئه‌و وێنه قه‌شه‌نگه‌ى چاوه‌ڕوانى ده‌كات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سروشت به‌و هیوایه‌ى سروشت بكاته جێگره‌وه‌ى ئافره‌ت له‌و بوارانه‌دا، به‌ڵام ئه‌نجام ئه‌وه‌ى له جه‌سته‌ى ئافرهتو جوانی و ئیحساسى ئافره‌ت پێى نه‌گه‌یشت، له‌سروشتدا نایدۆزێته‌وه‌و پێى ناگات. ئه‌وه‌ش واى لێ ده‌كات هه‌رچۆن به ئیحساسو هه‌ستى ئێستاتیكییەوە جوانى ئافرهتو نهێنییەكانى جه‌سته‌ى ئافرهتو سۆز و عیشق دەدوێنێت و ده‌خوێنێته‌وه، به‌هه‌مان هه‌ستى ئیستاتیكییەوە جوانى سروشت‌و توخمه‌كانى بدوێنێت و بخوێنێته‌وه‌و وێنه‌یان بكێشێت.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه سروشت نه‌یتوانیوه لاى گۆران ببێته جێگره‌وه‌ى ته‌واوى ئافره‌ت، به‌ڵكو بۆته وێنه‌ى هاوشێوه‌ى ئافره‌ت له دیدى گۆرانه‌وه، له هه‌ڵوێستى گۆرانه‌وه كه مه‌به‌ست له‌و وێنە هاوشێوه‌یه ئه‌وه‌یه هه‌رچۆن گۆران نه‌یتوانیوه به لوتكه‌ى نهێنییەكانى ئافره‌ت بگات له‌رووى رۆحی و جه‌ستەییه‌وه‌و هه‌موو سۆز‌و حه‌زو غه‌ریزه‌ى سه‌ركوتكراوى خۆى خاڵى بكاته‌وه‌و بتوانێت ئافره‌ت له‌رووى رۆحی و جه‌ستەییەوە به‌پراكتیك بدوێنێ، هه‌مان شێوه نه‌یتوانیوه سروشت وه‌كو وێنه‌ى ئافره‌ت بدوێنێت له هه‌ردوو بوارى رۆحی و جه‌ستەییەوە به‌ڵكو به ئیحساسى شاعیرانه‌ى به‌رزى وێنه‌كێشانى سروشتى كردۆته ئه‌ڵته‌رناتیڤى وێنه‌ى ئافره‌ت.
سه‌رنه‌كه‌وتن له دۆزینه‌وه‌ى وێنه‌ى ته‌واوه‌تى ئافره‌ت له پانتایى سروشتدا، گۆران به‌ره‌و قۆناغێكى تر له ژیانى شیعرى ده‌گوازێته‌وه كه ئه‌ویش قۆناغى شیعرى سیاسی و ئیلتیزامى ئایدۆلۆژى گۆرانه كه ئه‌م قۆناغه‌ش له‌رووى داهێنانه‌وه ئه‌گه‌ر بڵێین قۆناغێكى وشك‌و بێبه‌ره لاى گۆران ره‌نگه له دركاندنو ئاشكراكردنى راستییه‌ك نزیك بووبینه‌وه كه به‌لاى زۆربه‌مانه‌وه مایه‌ى رازى بوون نییە. كه‌واته ده‌توانین بڵێین قۆناغى ژیانى شیعرى گۆران په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌واوى به ژیانى تایبه‌تى خودى گۆرانه‌وه هه‌یه. شكسته‌كانى قۆناغى منداڵی وهه‌رزه‌كارى به‌ره‌و سروشت ده‌یبه‌ن. نه‌گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ى له پێناویدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سروشت به‌ره‌و قۆناغێكى ئیلتیزامى ئایدۆلۆژى ده‌یبات. لاوازى فیكری و بارى ناهه‌موارى كۆمه‌ڵایه‌تیش گۆران به‌ره‌و نووسینى شیعرى سیاسى كێش ده‌كه‌ن. له‌م بواره‌شدا بەرهەمهێنانی شیعریه‌ت كارێكى سوك‌و ئاسان نییە، هه‌ر بۆیه شیعرى سیاسى گۆران هیچێك ناخاته سه‌ر خه‌رمانى پڕ له داهێنانى ئەو، به‌ڵام ده‌شێ ئیلتیزامى سیاسی و ئایدۆلۆژى بووبێته مایه‌ى ئۆقره‌گرتنى ده‌روونى گۆران‌و له حاڵه‌تى شلۆق نیگەرانی و تێڕامان دوورى خستبێته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا گۆران ئه‌و شاعیره داهێنه‌ره‌یه كه توانى له ئاستى زماندا شۆڕشێك له شیعرى كوردیدا بكات، ئه‌گه‌رچى گوتارى گۆران رەگوریشەی لای مەولەوی هەیە، بەڵام ئەزموونی ئەم برهوپێدانى گوتارى شیعرى نوێی كوردییه. دیسان له‌رووى جیهانبینى شیعری و ئه‌و پرسیارانه‌ى شیعرى گۆران هه‌ڵیده‌گرێت ده‌شێ ئه‌زموونى گۆران به ئه‌زموونى تازه‌گه‌رى دابنرێت كه تاكو ئێسته‌ش شیعرى كوردى سنوورێكى دیارى له‌نێوان خۆی و ئه‌زموونى گۆران‌دا به ته‌واوى نه‌كێشاوه. سه‌ربارى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌زموونى نوێ به‌ڵام رهگو ریشه‌ى ئه‌زموونى گۆران هه‌ر زیندووه هه‌تا ساڵانى هه‌شتاكان كه جۆره دابڕانێك له ئه‌زموونى گۆران له‌رووى شێوازی شیعری وگوتارى شیعرییه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات، بەڵام ئەو هەوڵانە ناتوانن لە ژێر هەژموونی ئەزموونی گۆران دەربچن.
زۆربه‌ى زۆرى شاعیرانى كوردى دواى گۆران ئه‌گه‌ر گه‌ڕابنه‌وه بۆ سروشت‌و مامه‌ڵه‌كردنى توخمه‌كانى سروشت ئه‌وا نه‌یانتوانیوه له‌ژێر كاریگه‌رى ئه‌زموونى گۆران ده‌ربچن له‌چۆنێتى مامه‌ڵه‌كردنى سروشتدا، سروشت وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ كرد لاى گۆران ئه‌ڵته‌رناتیڤى وێنه‌ى ونبووى قۆناغێكى دیارى ژیانى گۆرانه. له ئه‌زموونى دواى گۆرانیشدا سروشتى كوردستان‌و توخمه‌كانى بریتین له‌و بابه‌تانه‌ى كه گوتارى مانەوە و گوتاری سیاسى نه‌ته‌وه‌یى كوردى پێكده‌هێنن.
دیاره سروشت‌و توخمه‌كانى سروشتیش په‌یوه‌ستن به قۆناغى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ى شوانكاری و كشتوکاڵەوە، واته قۆناغى فیودیالى له ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌واریدا. لێره‌وه ده‌توانین ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه گۆران له گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ سروشت زیاتر گوزارشتى په‌یوه‌ستبوونى مرۆڤى كورد به سروشته‌وه ده‌كات كه ده‌شێ ئه‌وه‌ش وێنه‌گرتنێكى ریالیستیانه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى بێت كه له‌و قۆناغه‌دا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى سه‌ره‌تایى لادێنشینى نێو سروشت بووه، بۆیه ئه‌ده‌به‌كه‌شى ده‌ربڕینى ژیانى نێو سروشته. به‌واتا شیعر لاى گۆران گوزارشتى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ى قۆناغى پێش دروستبوونى كۆمه‌ڵگه‌ى شار‌و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ده‌كات. جێكهوتى گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت‌و مامه‌ڵه‌كردنى توخمه‌كانى سروشت به به‌رهه‌مى شیعرى كوردییەوە تاكو ئه‌مڕۆ دیار‌و ئاشكرایه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه شیعرى كوردى به‌شێوەیەکی گشتى (جگه له هه‌ندێ هه‌وڵى تاكه كه‌سى) زمانى سه‌رده‌مى نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌و تاكو ئێسته گوزارشت له كۆمه‌ڵگه‌ى فیودیالى ده‌كات كه ئه‌ویش به‌گوێره‌ى ئاستى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی و پێشكه‌وتن له كۆمه‌ڵگه‌ى كوده‌واریدا له ئاستى ژیانى نێو سروشتدا داده‌نرێت، واته شیعرى كوردى به‌شێوەیەکی گشتى گوزارشت له ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ى فیودالى ده‌كات له كاتێكدا ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى ئێسته له قۆناغێكى بره‌وسه‌ندوتردایه ئه‌گه‌رچى نه‌گه‌یشتبێته ئاستى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى خاوه‌ن ناسنامه‌ى مه‌ده‌نىبوون. هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش وه‌هاى كردووه كه شیعرى نوێى كوردى لاواز‌و دواكه‌وتووبێت له ئاستى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستى حیسی و تێگه‌یشتنى كۆمهڵداو تواناى به‌رزكردنه‌وه‌ى پرسیاره گه‌وهه‌رییه‌كانى ئینسانى كوردى نه‌بێت چ كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان چ كێشه زاتییه تاکە کەسیە مرۆییه‌كان.
ئێسته ده‌توانین بڵێین ئه‌زموونى شیعرى گۆران له مێژووى شیعرى كوردیدا جێگاى دیارى هه‌یه‌و له ئاستى داهێناندا گۆران خۆى ده‌به‌ستێته‌وه به خهونو خه‌یاڵ و مێژووه‌وه به مه‌به‌ستى دروستكردنى یۆتۆپیا بۆ رزگاركردنو له ئامێزگرتنى رۆحى نیگهرانو ئۆقره نه‌گرتووى مرۆڤى ئه‌م سه‌رده‌مه، گۆران ئه‌و ئه‌زمونگه‌ره‌یه كه له دواى نوێ ده‌گه‌ڕێت، پرسیار ده‌رباره‌ى بوون‌و كێشه‌كانى بوون به‌رز ده‌كاته‌وه، له مه‌سه‌له‌ى جوانی و چێژى راسته‌قینه‌ى ئیستاتیكی مرۆڤ ده‌پرسێت. داهێنانى گه‌وره‌ى گۆران ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیهانبینی گەردوونی شیعرەکانی كه ئه‌وه‌ش سیفه‌تى سه‌ره‌كى به‌رهه‌مى نه‌مره.
( ئەم بابەتە لە هاوینی ١٩٩٢ نووسراوە، بەرچاوی خوێنەران نەکەوتووە، پێمباش بوو لە یادی ٦٢ ساڵەی کۆچی دوایی گۆران‌دا بڵاوی بکەمەوە).