Skip to Content

تێڕوانینی ماتریاڵیستی بۆ داهێنان لەئەدەب و هونەر.. نووسینی : ئەحمەد مەرزوک.. وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

تێڕوانینی ماتریاڵیستی بۆ داهێنان لەئەدەب و هونەر.. نووسینی : ئەحمەد مەرزوک.. وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by تشرینی دووه‌م 21, 2024 General, Literature


ئەگەر بمانەوێت بەتێڕوانینی ماتریالیستییەوە باس لە داهێنانی ئەدەبیی و هونەریی بکەین، ئەوا پێویستە بە کورتی پێداچوونەوە بەو بابەتە سەرەکییەدا بکەین کە هۆشیاری مرۆڤ دیاری دەکات، ئەو بابەتەش واقیعە، کە نوێنەرایەتی پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵگە و سەرخانە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و هونەرییەکان دەکات و تەریبە پێی. هەروەها پێویستە لەسەرمان گەر بمانەوێت لە تێڕوانینی ماتریالیستی بۆ هونەر و ئەدەب تێبگەین، ئەوا دەبێت لە پێچەوانەکەی ئەم بۆچوون و تێگەیشتنە ماتریاڵیستییە تێبگەین کە ئەویش تێڕوانینی ئایدیالیستییە.
تێروانینی ئایدیالیستی، بە قوتابخانە فەلسەفی و ئایدیۆلۆژییە جۆراوجۆرەکانییەوە، پێیوایە ئەوەی واقیعی هەر کۆمەڵگەیەک لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا دیاری دەکات، شێوازی هۆشیارییە لەو قۆناغەدا. واتە ئەوە هۆشیارییە کە واقیع دیاری دەکات. ئەم تێڕوانینە تا ئێستاش لای فەیلەسوفە ئایدیالیستەکان بوونی هەیە. کارل مارکس و فرێدریک ئەنگڵس هاتن و لە بەرهەمەکانیاندا تێڕوانینێکی تریان بنیادنا کە ناکۆکە بە تێگەیشتنی ئایدیالیزم، مارکس وای دەبینێ کە ئەوە هۆشیاری مرۆڤەکان نییە کە بوونیان دیاری دەکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە بوونی کۆمەڵایەتییانە هۆشیارییان دیاری دەکات، ئەمەش بەو مانایەیە کە پێگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان لەسەر بنەمای سروشتی پەیوەندییەکانیان و ئەوەی بەرهەمی دەهێنن لە چوارچێوەی شێوازێکی دیاریکراوی بەرهەمهێنان، دامەزراوە. ئەمەجگە لە ململانێی نێوان دارا و نەدار، کە سروشتی ئەم هۆشیارییە دیاری دەکات.
هەورەها تێڕوانینی ئایدیالیستی بوونی بەها و پێوەر و میکانیزمە جێگیرەکان بەشێوەیەکی ڕەها و نامێژوویی بۆ ئەدەب و هونەر دەبینێت، ئەم ڕەوتە سەرنج دەخاتە سەر خودی هونەرمەند، دوور لەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژی، جا چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یان شێوازی بەرهەمەکەیەوە بێت. لە کاتێکدا تێروانینی ماتریالیستی پێی وایە کە بەهاکان و پێوەرەکان و بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان دەربڕینی واقیعێکی کۆمەڵایەتین لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا، ڕەنگدانەوەی بەرهەمی هونەرمەند یان نووسەر هەرچییەک بێت، لەڕاستیدا دەربڕینێکە بۆ بارودۆخە باوەکانی ناو کۆمەڵگە، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی ناهۆشیارانەش بێت.
ئەگەر کارە هونەرییەکانی مرۆڤە سەرەتاییەکان وەربگرین کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی ئێجگار دوور، دۆزینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مرۆڤی پێش پەیدابوونی مێژوو، واقیع و ژیانی ڕۆژانەی خۆی بە شێوەی هونەری دەربڕیوە، چەشنی ئەو وێنانەی لەناو ئەشکەوتەکاندا دۆزراونەتەوە. وەک ئەشکەوتی تامیرا لە ئیسپانیادا و ئەشکەوتی سێ خوشک لە فەرەنسا. ئەم کارە هونەرییانە وێنەی مرۆڤگەلێکیان وێنا کردووە کە ئاژەڵ ڕاو دەکەن و پرۆسەی ڕاوکردنەکانیان بەرجەستە کردۆتەوە. هەروەها هەندێک لەو وێنانە؛ وێناکردنی مرۆڤەکانن کە لەگەڵ ئاژەڵە دڕندەکاندا لە زۆرانبازی دان و ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستی مرۆڤی سەرەتایی بوو بۆ زاڵبوون بەسەر سروشتدا لە ڕێوڕەسمێکی جادووییدا. لە ڕێگەی ئەم کارە هونەرییانەوە کە زۆرجار جۆرێک لە ڕێوڕەسمی جادوویی بووە کە کەسێکی ئەو سەردەمە بەپێی تێگەیشتنی خۆی پێیوابووە کە توانای شکستپێهێنانی نێچیرەکەی هەیە.
خۆ ئەگەر بچینە سەر ئەدەب و هونەری میزۆپۆتامیاش، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە دەربڕینە ئەدەبی و هونەرییەکان بەرهەمی سروشتی ئەو قۆناغەن و ئەو هونەرەی کە لە چیرۆک و داستان و شێوازەکانی هەڵکۆڵراوە هونەرییەکانی شوێنەوارەکاندا دەربڕدراون، بە پلەی یەکەم گوزارشت بوون لە نیگەرانییەکانی مرۆڤ لەو قۆناغەی میزۆپۆتانیا و هەورەها لە تێگەیشتن بۆ پەیوەندی لەگەڵ سروشت و ئەوانی دیکە و خوداوەندەکاندا. ئەو ئەدەب و هونەرە گوزارشت بوو لە پێگەی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی و خێڵەکیی لەو مێژووەدا و هەورەها بەو پێیەی دەسەڵاتی ئایینی ئەو بناغەیە بوو کە فەرمانڕەواکان لە سۆمەر، بابل، یان ئاشوور شەرعیەتی خۆیانیان لێوەی وەرگرتووە. بەرهەمە شیعری و گێڕانەوەکان زۆرجار دەربڕینی گەورەیی و پاڕانەوە بوونە لەخواوەندەکان. بە هەمان شێوە ململانێی مرۆڤ لەو قۆناغە مێژووییەدا لەگەڵ سروشت و ئەو دەرد و پەتا و نەخۆشییانەی کە دووچارییان دەبوو، لە داستان و شیعر و هونەری پەیکەرسازیدا بەرجەستە کراونەتەوە.
هەروەها بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکان چەشنی تابلۆ قوڕینە نووسراوەکان و چیرۆک و پەندی پێشینان، وێنەی کشتوکاڵ و دروێنە و ڕاوکردن و شەڕیان گواستووەتەوە و دەقە سەرەکییەکانی ناو ئەفسانە و داستانەکان کۆشاون هەستکردن بە ئاسایش دەستەبەر بکەن و ئەو مەترسییانە لێکبدەنەوە کە مرۆڤ لەو کاتەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە وەکو لافاو و وشکەساڵی و نەخۆشییەکان. بۆ نموونە داستانی گلگامش لە بەشێکیدا جە‌غد لەسەر بابەتی لافاو کردۆتەوە، ئەمەش گوزارشت لە بایەخی ئەم دیاردەیە (لافاو) دەکات لەسەر دانیشتوانی میزۆپۆتامیا، چونکە خەڵکی ئەم ناوچەیە توانای کۆنترۆڵکردنی لافاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتیان نەبووە. هەروەها هەمان شت بۆ گەلان و ناوچەکانی تریش کە بەدەست ئەم گرفتەوە ناڵاندوویانە ڕاستە. ئەمەش وایکردووە پرسی لافاو لە ئەدەب و هونەری ئەو سەردەمەدا باو بێت. واتە کاریگەری کارەساتە سروشتییەکان لەسەر مرۆڤی ئەو قۆناغە مێژووییە و هەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی خواوەندەکان لە بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانی ئەو سەردەمەدا باو بووە.
ئەوەی بەسەر شارستانییەت لە میزۆپۆتامیادا پەیڕەو کراوە، شارستانییەتەکانی میسری و یۆنانی و ڕۆمانی و هەروەها ڕۆژهەڵاتی هیند و چین و شارستانییەتە کۆنەکانی تریشی لێ بێبەری نەبووە و بەپێی ئەو گەشەسەندنەی کە هەریەکێک لەو شارستانییەتانە پێی گەیشتوون، ئەدەب و هونەر وێنای سروشتی ژیان و بەرهەمهێنان و ململانێ و گۆڕانکاری و تێڕوانینەکانی زاڵی ناو ئەم کۆمەڵگایانەی لەو قۆناغە مێژووییەدا، کردووە.
دەکرێت بوترێت کە لێکدانەوە ئایدیالیستییەکان بۆ بەرهەمی هونەری و ئەدەبیی؛ دێت ئەم بەرهەمە لە هەلومەرجە ماددییەکەی دادەبڕێت و دوور لە ژینگە و ئەو ململانێیانەی لەناو کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن، لێکدەداتەوە. لە کاتێکدا تێڕوانینی ماتریالیستی پێی وایە ئەدەب و هونەر و سەرجەم بەرهەمە مرۆییەکانی تر ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوویین لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و کاریگەریی دەسەڵات لەناو ئەو کۆمەڵگەیەدا.
شێوە و ناوەڕۆکی هونەر و ئەدەب لەگەڵ گۆڕانکاری پێکهاتەی ئابوری و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان، ئەویش ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت. ئەدەب و هونەر دوورترین بەرهەمی مرۆڤن لە سەقامگیری و چەقبەستوویی. ئەدەب و هونەر و ئەرکەکانیان لە کۆمەڵگەی چینایەتی تەژی لە ململانێ زۆر جیاوازترن لەو جۆرە ئەدەب و هونەرەی کە لە کۆمەڵگەیەکی سەرەتاییدا پشتگیری لە جیاکاری چینایەتی ناکەن، وەک ئەوەی لە کۆمەڵگەکانی پێش کشتوکاڵیدا هەبوون. هەموو هونەرێک بەرهەمی سەردەمی خۆی و بەرهەمی کارلێککردنییەتی لەگەڵ چەندین هەلومەرج و گۆڕانکاری هەمەجۆردا.
ئایدیالیستەکان هەمیشە ماتریالیستەکان بەوە تاوانبار دەکەن کە لەڕووی ئابوورییەوە هەوڵی لێکدانەوەی سەرجەم شتەکان دەدەن و ئەم بۆچوونەش تا ئاستێکی زۆر ڕووکەشانەیە. چونکە تێروانینی ماتریالیستی بە شێوەیەکی میکانیکی لە پەیوەندی نێوان ئابووری و هونەر ناڕوانێت، بەڵکو وای دەبینێت کە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی پڕ لە کارلێکە، لەناو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا ڕوودەدات کە بنەما و بزاوتی لەسەر زەمینەی ململانێی نێوان چینی باڵادەست و چینی ژێردەستەدا دامەزراوە و ژێرخانی ئابووریش وەک ئامراز و هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و سەرمایەش دەتوانێت سروشتی سەرخان وەک داب و نەریت و ئەخلاق و هونەر دیاری و ئاڕاستە بکەن. لەسەر ئەم بنەمایە شیعر و پەیکەرسازی و ڕۆمان و چیرۆک و مۆسیقا و هونەر و ئەدەبیاتەکانی تر، شێوەیان بەپێی شێوازی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و بەپێی ئەو قۆناغە مێژووییەی کە ئەم شێوازە بەرهەمهێنانەی پێیدا تێپەڕیوە و هەروەها تا چەند ململانێکە لەناو ئەم شێوازەدا پەرەی سەندووە، دیاری دەکرێت.
دەتوانرێت بە کورتی دیارترین هێزەکانی کاریگەر لەسەر بەرهەمی ئەدەبی و هونەری لە هەر سەردەمێک لە سەردەمەکان ، بە واقیعی ئابووری و خەباتی چینایەتی بخرێنەڕوو، کە بەڕۆڵی خۆیان ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی و بنەماڵەیی و دەسەڵاتە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی ترن، کە هەمیشە هەوڵدەدەن قۆرخکاری یان کاریگەری لەسەر شێوازە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی ئەدەبی و هونەری بکەن بەجۆرێک کە ئەگەر کاریگەرییەکە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت، لەڕێگەی بنیادنانی هونەر و ئەدەب و کلتووری دەسەڵات بە شێوازی جۆراوجۆر جا هۆشیارانە بێت یان ناهۆشیارانە. گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکان هەمیشە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە شێوە و ناوەڕۆکی ئەدەب و هونەر. بەو پێیەی هونەر و ئەدەبیاتی نوێ لەڕێگەی ئەو گۆڕانکارییانەوە دەسازدرێن، بەتایبەتیش لە کاتی تووندبوونەوەی ململانێ لە سەردەمی گواستنەوەدا بۆ نموونە لە قۆناغی کۆیلایەتییەوە بۆ قۆناغی دەرەبەگایەتی ململانێکە تووندتر دەبێتەوە یان بە پێی بارودۆخی هەر کۆمەڵگە و دەوڵەتێک کورت یان درێژ دەبێتەوە. ئەدەب و هونەریش لەگەڵ ئەو گۆڕانکاری و گەشەکردنەی کۆمەڵگەدا شانبەشان و هاوتەریب هەنگاو دەنێت، بەمەش زەمینەی ئەو گۆڕانکارییە و گوزارشت کردن لێی، بە شێوازی هونەری و گێڕانەوە و داستانیی دەردەبڕێت. هەر ڕێک وەکچۆن لە گۆڕانکاری شێوازی بەرهەمهێنانی فیۆداڵی بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا دەبینرێت.
ئەگەر بۆ نموونە شانۆنامەکانی شکسپیر وەربگرین، لە یەکێک لە لایەنەکانیاندا، گوزارشت بوون لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی سەرمایەداریی بازرگانی و پێکهاتنی دەوڵەتەکان بە مانا مۆدێرنەکەی، کە دەوڵەتگەلێک بوون مەیلی ناوەندی ناسیونالیستییەکی ناوەندگەرایان هەبووە کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە قووڵەکان یاوەری بوون و گرنگترینیان کەمبوونەوەی ڕۆڵی دەرەبەگایەتی بوو لە ئەوروپای ڕۆژئاوا. ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە پیشەسازییانەی لە سەردەمی ڕێنیسانسدا ڕوویاندا و هەوڵێک بوون بەرەو گۆڕانکاری بەئاڕاستەی کۆتایی سەردەمی فیۆداڵی. هەروەها ئەم شانۆنامانەی شەکسپیر دەربڕینێک بوون بۆ ئەو ئاڵۆزییەی کە یاوەری ژیانی کۆمەڵایەتی بوو لەو قۆناغەدا و ئەو سەردەمەش هەنگاونانی بەرەو تاکگەرایی بەخۆوە بینی. لە زۆربەی شانۆنامەکانی شکسپیردا ئەم ململانێ تاکەکەسییانە دەبینین کە هاملێت، ماکبێس، ئۆتێلۆ، لیر، یان پاڵەوانەکانی دیکەی شانۆنامەکانی ویلیام شکسپیر تووشی دەبن. باڵادەستی مەیلی تاکگەرایی عەلمانی و گۆڕینی مرۆڤ بۆ دروستکەر و بوون بەچەقی ڕووداوەکان، دوای ئەوەی کە کڵێسا هەژموونی بەسەر ژیانی ڕۆژانە و بیری تاکەکاندا دەستەبەر کردبوو. ئەمەش پێچەوانەی ئەو شانۆنامانەیە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە ئەوروپادا باو بوون کە لە ڕۆحێکی تاکگەرایی لاوازتر بەهرەمەند بوون. وەک چۆن کارەکتەرەکانی شانۆنامە و چیرۆکەکانی پێش شکسپیریش لە سەرەتاوە تا کۆتایی یەک کارەکتەری یەکجۆریی بوون، یان کارەکتەری باش بوون یانیش بەڕەهایی خراپ بوون. شانۆنامەکانی شکسپیر گوزارشت بوون لە قۆناغێکی نوێی واقیعی بابەتیی کە ئاڵۆزتر بوو لەو سەردەمانەی پێش خۆی. وەک گوزارشتکردن لە سەرهەڵدانی شێوازێکی نوێی بەرهەمهێنان لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییانەی کە لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتبوو.

هەروەها دەتوانرێت سێرڤانتێس وەک نموونەیەکی دیکەی گواستنەوە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە ببینرێت. ڕۆمانی مەزنی دۆنکیشۆت، ئەو ڕۆمانە گەورەیەیە کە بە ڕوونی و ڕەوانی کۆتایی سەردەمی سوارچاکی و ئاغایەتی و شکۆی داب و نەریتی فیۆداڵی کە تێیدا زاڵ بووە، دەرئەبڕێت. هەنگاونان بەرەو ژیانێکی نوێ کە سێرڤانتێس توانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرجەستەی بکات و هەروەها پاڵەوانی ڕۆمانەکەش گوزارشتی لە بێهودەیی و مردنی بیرۆکەکانی سوارچاکی لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵوەشاندنەوەی شێوازی بەرهەمهێنانی فیۆداڵی کە لە ئەوروپادا زاڵ بوو، دەکات . سەرهەڵدانی ڕۆمان لە سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەمدا یەکێکە لە گرنگترین گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرهەڵدانی چینی بۆرژوازی.پاڵەوانی ڕۆمانەکان زۆربەی جار سەر بە چینی ناوەڕاستی بۆرژوازین، یان خەڵکی ئاسایین، لەبری ئەو دەرەبەگ و ئاغا و شازادانەی کە لە بەرهەمەکانی پێشوودا باو بوون. سەردەمی ڕۆشنگەری کە ئەوروپا پێش شۆڕشی فەرەنسی بەخۆوەی بینیبوو، گوزارشت بوو لە گۆڕانکاریی لە سەردەمی فیۆدالیزمەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی بۆرژوازی. ئێمە لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵدا چەندین نووسەر و هونەرمەند و بیرمەند و فەیلەسوفی وەک مۆلیێر، ڤۆڵتێر، ژان ژاک ڕۆسۆ، هێلڤیسوس، دیدێرۆ و چەندانی ترمان بینی، کە بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی ئەم گۆڕانکارییانە بوون و فەلسەفەی ماتریالیستیش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە لە فیکر و فەلسەفە و ئەدەب و هونەر و ئایدۆلۆژیادا دەرئەنجامی گۆڕانکاریی ئابووری و سیاسی بوون و نەک هۆکارێک بن بۆ ئەو ئاڵوگۆڕانە. لە کاتێکدا ئایدیالیزم جەغد لەوە دەکاتەوە کە بەرهەمی ئەم نووسەر و هونەرمەند و فەیلەسوفانە لە پلەی یەکەمدا هۆکاری شۆڕشی فەرەنسا بوون! ماتریالیزم پەرەسەندنی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و سەرهەڵدانی چینێکی نوێی پیشەسازی و بازرگان بە پێشکەوتن و داهێنانە زانستییەکانەوە دەبەستێتەوە بە گەشەسەندن و داهێنانە زانستییەکان کە سروشتی ژیانیان گۆڕی و بوونە هۆی فراوانبوونەوەی شارەکان، ئەمە جگە لە دۆزینەوەی جوگرافییەکان کە هەلومەرجی تازەتری لێکەوتەوە. هەموو ئەم هۆکارە بابەتییانە پێکەوە بەشداربوون لە سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی ئەدەب و هونەر نەک بە پێچەوانەوە.
لێرەدا دەتوانین باسی هەریەک لە بەلزاکی فەرەنسی و تۆڵستۆی ڕووسی بکەین، کە بە ڕوونی گوزارشتیان لە سەرهەڵدانی سەردەمێکی نوێ کرد، کە ئەویش سەردەمی سەرمایەدارییە بە هەموو ئەو دژایەتییەی کە لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتووە. ئەم دوو ڕۆماننووسە توانیان وێنای چەوسانەوە و کۆیلەکردنی ئینسان و هەروەها ڕۆڵی پارە لە دروستکردنی ململانێ لە نێوان خەڵکدا بکەن. هەورەها توانییان ڕادەی ئەو نامۆبوونەی کە بەهۆی ئەم شێوازە نوێیەی بەرهەمهێنانەوە دروست دەبێت چەندە و چۆن تەماح؛ موڵکدار و بازرگان و دەوڵەتەکان لەپێناو بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر دەداتەپێش تەنانەت ئەگەر بە شەڕیش بێت، گوزارشت لێبکەن. هەرچەند ئاراستە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانی ئەم دوو ڕۆماننووسە لەگەڵ سەرمایەداریدا بوون، بەڵام واقیعی فەرەنسا و ڕووسیا و ئەو ململانێیانەی لەو قۆناغەدا زاڵ بوون بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە وێنا کرد. هەرچەندە بەرهەمەکانی بەلزاک و تۆڵستۆی شۆڕشگێڕانە بوون، بەڵام چارەسەرەکانیان بۆ واقیع زیاتر چارەسەرێکی ئەخلاقییانە بوو.
ئەوەی بەسەر ڕۆمان و شانۆنامەدا پەیڕەو دەکرێت بۆ مۆسیقاش هەر بەو جۆرەیە. ئەم هونەرە لە ڕێگەی گەشەسەندنی درێژخایەنی خۆیەوە کە هەر لە سەرەتاوە هاوڕێی ژیانی مرۆڤ بووە، گوزارشتی لە خواستەکانی مرۆڤ کردووە و یەکێک بووە لەو ئامڕازانەی کە لە ڕێوڕەسمی جادوویی و ئایینیدا لە سەرانسەری قۆناغ و شێوازەکانی بەرهەمهێنانی جیاوازدا، بەکارهێنراوە. بۆیەش هەمیشە مۆسیقا و گۆرانی و سروود، یاوەری سرووتەکانی پەرستگا و کڵێسا و ڕێوڕەسمە بەکۆمەڵەکان بوون کە لەلایەن گروپەکانەوە ئەنجام دەدران بەو ئومێدەی لە خوداوەندەکان نزیک ببنەوە یان کارئاسانییەک بێت بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان بە ئاسمان. مۆسیقا لە واقیعی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنیان بۆ جیهان لەسەردەمە جیاوازەکاندا جیا ناکرێتەوە هەروەک چۆن مۆسیقا لە سەردەمەکانی پێشوودا ڕۆڵی خۆی بینیوە، لە سەردەمی ئێمەشدا گوزارشتی لە واقیعی کۆمەڵگاکان و ئاسۆ و ململانێکانیان و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەناو شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ڕوودەدەن، کردووە.
دانانی بارودۆخێکی ئابوری و سیاسی دیاریکراو، کە لە سەرەتای هەژموونییەوە تا داڕمان و نەمانی ئەم هەژموونە، وەک بەرهەمهێنانی ڕێبازێک یان قوتابخانەیەکی هونەری یان ئەدەبی، جۆرێکە لە بێهەڵوێستیی. چونکە لەناو ئەم یان ئەو شێوازەدا گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕ هەن کە هاوتەریب لەگەڵ ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکان و تووندی و لەسەرخۆبوونی شێوازی خەباتی چینایەتی هەنگاو دەنێن. بۆیە دەبینین کە شێواز و قوتابخانە هونەرییەکانی ناو شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، بۆ نموونە، قەیرانەکانی ئەم سیستەمە و گۆڕانکارییەکانی لە قوتابخانەکانی هونەر لە پێناو هونەردا و لەوێوە بۆ قوتابخانەی سوریالیستی تا دەگات بە قوتابخانەی دەروونناسی تا شێواز و قوتابخانەکانی تر، دەرکەوتنێکن کەشانبەشان ئەو گۆڕانکاری و شەڕانە بوون کە لەگەڵ جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا ڕوویاندا. بۆ نموونە هونەر و ئەدەبی بێهوودەیی لەو قۆناغەدا برەویان پەیدا کرد، دوای پرۆسە بەربڵاو و ترسناکەکانی تێکدانی شارەکان و کوشتنی خەڵک بۆ ئەوەی خزمەت بە ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکان بکەن. ئەم قوتابخانانە بۆ ئەوە دەرکەوتن تا نائومێدی مرۆڤ دەرببڕن و دوودڵی و گومان لە توانای گۆڕینی ئەو واقیعە لای مرۆڤ بچێنن. لەگەڵ ئەم هەموو نەهامەتی و وێرانکارییانەشدا، زۆرێک لە نووسەران و هونەرمەندان بە شێوازی بێهوودەیی و بێمانا گوزارشتیان لە واقیع دەکرد.ڕێک بە پێچەوانەی ئەدەبیاتی واقیعی شۆڕشگێڕانە کە هاندەری گۆڕانکاری و ڕزگاری بوو.
ئەگەر تەماشای سەرهەڵدانی سوریالیزم بکەین وەک قوتابخانەیەکی هونەری و ئەدەبیی کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە پاریس سەریهەڵدا، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ڕێبازەش گوزارشتە لە کاریگەربوونی بە کۆمەڵێک لەو ئاڵوگۆڕانەی کە بەشدارییان لە شکڵپێدانیدا کردووە. یەکەمینیان باڵادەستی قوتابخانەی شیکاری دەروونییە لە ئەوروپا وەک فەلسەفە و میتۆدێکی چارەسەریی کە پشت بە لێکدانەوەی خەونەکان و نائاگایی و ململانێ سێکسییە سەرکوتکراوەکان دەبەستێت. ئەم هێزە وێرانکارە ناوخۆییانە مرۆڤ بەرەو لەناوچوون و شەڕ و مردن پاڵ دەنێت (غەریزەی شەڕانگێزی و مردن). ئەگەر ئەم تێڕوانینانە زاڵ بن بەسەر دەروونناسیدا، ئەوا زۆرێک لە زانستە مرۆییەکان و تەنانەت ئەو قوتابخانە فەلسەفییانەش کە لەسەر بنەمای ماتریالیزم دامەزراون وەک قوتابخانەی فرانکفۆرت، ئەمە سەرباری شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە ئەوروپا کە بە ملیۆنان کەس بوونە قوربانی، وایکرد ئەم ڕێبازە لە بیرکردنەوەی لۆژیکی هۆشیارانە و تەنانەت زانست و هونەریش بێتوانا بێت و ئیتر ئەم ڕێبازە هونەرییە بەرەو ناعەقڵانییەت و نائومێدی هەنگاوی نا.

بنەمای ماددی بۆ داهێنان لە ئەدەب و هونەردا
زۆرێک لەو لێکدانەوە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی کە هەن باسیان لە بابەتەکانی داهێنان لە زانست و هونەر و ئەدەبدا کردووە. وەک باسکردن هۆشیاری بە هەموو جۆرەکانییەوە. لێرەدا دوو تێڕوانین لەئارادان سەبارەت بە بنەچەی داهێنان لە هونەر و ئەدەبدا. یەکەمیان تێڕوانینی ئایدیالیستییە کە داهێنان لە ئەدەب و هونەر وەک حاڵەتێکی نەخۆشیناسیی یان حاڵەتێکی ئیلهامبەخش و شتی تر سەیر دەکات. ئەو تێڕوانینانەی کە بەرهەمی کار لە دەوروبەر و بارودۆخی ماددی و مێژوویی جیا دەکاتەوە. ئەوی تر تێڕوانینی ماتریالیستییە کە داهێنان بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراوی دەبەستێتەوە، هەروەها ئەو دەرفەت و هەلومەرجانەی لەبەردەستی نووسەر یان هونەرمەندان کە پاڵی پێوە دەنێن بۆ خولقان و داهێنان. سەرەتا بەو تێڕوانینە ئایدیالیستییە دەست پێدەکەین کە زۆرێک لە ڕوانگە دەروون شیکارییەکان نوێنەرایەتی دەکەن. دیارترینی بۆچوونەکان کە لە بازنەی زانستی و ئەکادیمی و تەنانەت لە ئاستی جەماوەریشدا ناوبانگیان بەدەستهێناوە، بریتین لە:
یەکەم: ئەو تیۆریانەی کە داهێنان بە شێتی و نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەبەستنەوە و پێشەنگی ئەم ڕەوتە توێژەری ئیتاڵی لۆمبرۆسۆ و پزیشکی مەرەنسی بۆ نەخۆشییەکانی مێشک کریستجامەر بوون. پوختەی ئەوەی کە لۆمبرۆسۆ لە کتێبەکەیدا ( بلیمەتدار) جەغدی لەسەر دەکاتەوە ئەوەیە کە پەیوەندی لە نێوان شێتی و نەخۆشی دەروونی یان بلیمەتیدا هەیە و بلیمەتیش بە بۆچوونی لۆمبرۆسۆ؛ شێتییە. ئەو وای دەبینێت لەدەستدانی هاوسەنگی لە ڕوانگەیەکی ئەناتۆمییەوە لەناو مێشکی داهێنەردا ئەوەیە کە دەبێتە هۆی ئاوسانی مێشک یان گرژبوونی چەند بەشێک لە مێشک. ئەم ناهاوسەنگییەش لە بلیمەتیدا داهێنان دەخولقێنێت. بەڵام کریستجامەر بلیمەتی یان داهێنان وەک لادانێکی نەخۆشی دەمارەیی و بۆماوەیی دەبینێت کە تایبەتمەندی هەندێک خێزان بێت، ئەو توێژینەوەی لەسەر هەندێک لەخێزانەکان وەک خێزانەکانی بیتهۆڤن، کۆتێ، باخ و مایکل ئەنجێلۆ کرد و گەیشت بەو ئەنجامەی کە خێزانەکانی ئەم داهێنەرانە هەڵگری لادان و نەخۆشییەکانی مێشک بوون. ئەم تێڕوانینە لەلایەن لێکۆڵینەوە و توێژینەوە زانستییەکانەوە پووچەڵ کراوەتەوە، بەڵام هێشتا بۆچوونێکی بەربڵاوە لە نێو هەندێک لە ڕۆشنبیران و ئەکادیمییەکان.

دووەم: هەرچی فرۆیدە بە پلەی یەکەم لێکۆڵینەوەی لە داهێنانی هەندێک لە هونەرمەند و نووسەرەکاندا کرد، لەسەرووی هەمووشیانەوە لیۆناردۆ داڤینشی و دۆستۆیڤسکی، لێکدانەوەی فرۆید بۆ داهێنانی ئەم دوو داهێنەرە کە لە تیۆری گشتی دەروونشیکارییەکەیدا هاتووە،وای دەبینێت کە لە ئەدەب و هونەردا دۆخێک دێتە ئاراوە وەک ئەوەی فرۆید بە میکانیزمی بەرگری ناوزەدی دەکات. لە نێو مرۆڤە داهێنەرەکانیشدا وەک میکانیزمی خوویەکی نزم و ناپەسند سەرهەڵدەدات، ئەمەش هۆکارێکە کە مرۆڤ بە شێوەیەکی نائاگایی پەنای بۆ دەبات بۆ ئەوەی بەسەر پاڵنەرە سێکسییەپێویستییەکانی زاڵ بێت و ئەویش لە ڕێگەی داهێنانی هونەری یان ئەدەبی یان تەنانەت بیرکاری یان زانستییەوە، خۆی لێ خاڵی دەکاتەوە. فرۆید پێیوایە هونەرمەند و نووسەرانی داهێنەر هەمیشە نێرگسین و ئارەزووی سێکسییان بۆ خودی خۆیان هەیە و داهێنانیش بەوجۆرە، حاڵەتێکی سێکسی بایۆلۆژییە. بۆیە هونەرمەندی داهێنەر بە تایبەت ناتوانێت ئارەزووە سێکسییەکانی خۆی لە ئەنجامی فشاری کۆمەڵایەتی و ئەو قەدەغەکردنانەی کە بەسەریدا دەسەپێنرێت، تێر بکات.
ئەمانە ئەو تیۆرییانە بوون کە هەوڵیاندەدا داهێنان وەک حاڵەتێکی نەخۆشی بایۆلۆژی ڕوون بکەنەوە. وەک ئاماژەشمان پێدا زانست پشتگیری ئەم بۆچوونانە ناکات سەباری ئەوەی کە بەسەر زاری زۆر کەسەوە دەوترێنەوە. داهێنەرانیش وەکو زۆربەی خەڵک ڕەنگە هەندێکیان بەدەست شڵەژان یان نەخۆشییە دەروونییەکانەوە بناڵێنن، بەڵام دانانی ناوی نەخۆشی دەروونی یان شێتی بۆ سەرجەم داهێنەران زۆر دوورە لە ڕاستییەوە و تەنانەت توێژینەوە دەروونی و نەخۆشییە دەمارییەکانیش بێپەروا پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە نەخۆشی دەروونی یان نەخۆشی مێشک لەزۆربەری بوارە زانستی هونەری و ئەدەبییەکاندا، ڕێگری لە داهێنان دەکەن.
سێیەم: تیۆرییەکی تر هەیە کە داهێنان نەک وەک حاڵەتێکی نەخۆشی، بەڵکو وەک حاڵەتێکی سروشتیی دەبینێت، بەڵام ئەمە بۆ هەموو مرۆڤەکان وکو یەک بەردەست نییە. کەسانێک هەن بەهرەمەندن یان بلیمەتن و کەسانی تر بەوجۆرە نین. ئەم تیۆرییە داهێنەر لەو ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی کە تێیدا گەورە بووە و ئەو بوارەی بۆی ڕەخساوە و ئەو دۆخەی پێیدا تێپەڕیووە، دادەبڕێت. زاناکانیش هەمیشە لەهەموو بوارە جیاجیاکاندا بەوجۆرە دەڕواننە داهێنەران کە ئیلهام و چرکەساتی دەرکەوتنیان هەیە، لێکدانەوەشیان بۆ داهێنان، لێکدانەوەیەکی سۆفییانەیە. هەمیشە ساتی دەرکەوتن و هاتنی ئیلهام دەبەستنەوە بە بێ نەخشەیی و پلانیی و دوور لەو بارودۆخەی کە دا‌هێنەر بیر لەو چرکەساتانە بکاتەوە. وەک ئەوەی دۆزینەوەی لەناکاوی یەکێک لە یاساکانی بیرکاری پۆینکاریێردا، یان وەک ئەوەی نیوتن بە کەوتنە خوارەوەی سێوێک بەسەر سەریدا گەیشت بە یاسای کێشکردنی زەوی. بەمجۆرە بەنسبەت هەندێک لە نیگارکێشەکان کاتێک کە بیرۆکەیەکی دیاریکراوی بەپەلەیان بۆ دێت، دواتر دەچنە سەر کار و تابلۆکانیان بە شێوەیەک بەرجەستەی دەکەن وەک ئەوەی لە خەونێک بچێت؛ چەشنی سوریالیستەکان و ئەوانی دی. ئەم تیۆرییە هەمیشە سەرنج دەخاتە سەر ئەو خاڵەی کە هەندێک کەس خاوەنی بلیمەتی و زیرەکی لەڕادەبەرن و لە کۆتاییدا ئەم زاراوانە ناڕٶشنن و ناتوانرێت ڕوون بکرێنەوە.
ئەم بۆچوونەش هەر بەوەوە دەوەستێت وەسفی ئەوەی کە لە ڕاستیدا چی بەکردەوە لە مێشکی داهێنەردا دەگوزەرێت،بکات ،بەبێ ئەوەی گرنگی بەو هۆکارە کلتووری و کۆمەڵایەتییانە بدات کە دەبنە هۆی ئەم داهێنانە. هەروەها بنەمای مێشک بۆ پرۆسەی داهێنان پشتگوێ دەخات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مێشک ئەو ئامڕازەیە کە کارلێک لەگەڵ ژینگەدا دەکات و نوێنەرایەتی ئەم ژینگەیەش دەکات بۆ بەرهەمهێنانەوەی لە شێوەی بەرهەمی هونەری و ئەدەبی و زانستیدا.
چوارەم: سەبارەت بە بنەمای ماتریاڵیستی بۆ داهێنان لە ئەدەب و هونەردا، کە ناونیشانی باسەکەی ئەمڕۆمانە، ئەو تیۆریییە کە لە ماوەیەکی دوور و درێژ شکلگیریی کرد و لەگەڵ کارئەندامزانی ڕووسی ئیڤان پاڤلۆڤ گەیشت بە پلەی پێگەیشتن. ئەو تیۆرییە پێی وایە داهێنان لە هەموو شێوەکانیدا بنەمایەکی بایۆلۆژی هەیە کە بە کاری مێشک نوێنەرایەتی دەکرێت، ئەمەش بە دەوری خۆی بەرهەمی قۆناغێکی گەشەکردنە کە مرۆڤایەتی بە چەندین گۆڕانکاری لە ملیۆنان ساڵ بەر لە ئێستاوە تا هەنووکە پێیدا تێپەڕیوە و تا دەگات بەو توێژینەوە مۆدێرنانەی کە باس لە بابەتی داهێنان لە زانست و هونەر و ئەدەبدا دەکەن .

تێڕوانینی ماتریالیستی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە غیابی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کولتووری گونجاودا، کەسی داهێنەر ناتوانێت داهێنەر بێت. ئەوەی ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتی لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا دابینی دەکات و ئەو ململانێ و گۆڕانکارییانەی کە یاوەریی دەکەن و وە ئەو هۆکارانەی پەیوەستن بە گەشەپێدانی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بنەمان بۆ داهێنان لە هەر بوارێکدا. هەروەها داهێنان بۆ نموونە لە وێنەکێشان، ڕۆمان، یان مۆسیقا کاری پڕ زەحمەت لە مرۆڤ دەخوازێت کە ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت. داهێنان لەناکاو ڕوونادات وەک هەندێ کەس وای دەیبینن وەک ئەوەی کێشەی ئیلهام، سرووش، یان بلیمەتی دوور لە واقیعی زیندووەوە بێت. بەڵکوو دوای لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و درێژخایەن دێت و پێویستی بە هەوڵ و تەقەللایەکی زۆر هەیە، چونکە هەر بەرهەمێکی داهێنەرانەی مەزن و کاریگەر و هەر بەرهەمێکی ئەدەبی نەمر، ئەوە لە داهێنەرەکە دەخوازێت کە ئەزموونەکانی پێش خۆی وەرگرێت و هەرسیان بکات و ئینجا گوزارشتیان بکات. ئەمەش وا لە مێشکی داهێنەر دەکات کە تووشی ململانێیەکی ناوخۆیی بێت و لەم ڕێگەیەشەوە بە تەواوی سەرقاڵی بەرهەمەکەی دەبێت.
بنەمای ماتریاڵیستی بۆ داهێنان، مێشکی مرۆڤ کە ئاڵۆزترین مێشکی سەر ڕووی زەوییە دەکات بە جەوهەری خۆی. ئەوەشی وا لە مرۆڤ دەکات بتوانێت داهێنان بکات و هونەر و ئەدەب بەرهەم بهێنێت ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە گونجاوەیە کە دەبێت لەبەردەستدا بێت. ئەگەر دەرفەت بۆ کەسێکی دیاریکراو و هەروەها هەلومەرج و پەروەردەی گونجاو لە تەمەنی منداڵییەوە بۆ دابین بکرێت، بۆ نموونە هاندەری بێت لە بواری ئەدەب و هونەردا، ئەوا چینی ژێرەوەی مێشک کە بەرپرسە لەم جۆرە چالاکییە لای کەسی داهێنەر چالاکتر دەبێت و ژمارەی خانە دەمارەکانی ئەم بوارە زیاتر دەبن بەبەراورد بەو کەسانەی کە لەسەر ئاستی ئەدەبی و هونەریدا سەرقاڵی داهێنان نین. توێژینەوەکان ئەوەش پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن ئەو جێگایانەی بە پلەی یەکەم مامەڵە لەگەڵ سۆز و هەستەکاندا دەکەن، یەکێکە لە جیاکەرەوە گرنگەکانی بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکان. بەڵام سەبارەت بە زانایانی فیزیا و بیرکاری و لقە زانستییەکانی تر، ئەو ناوچانەی چینی خوارەوەی مێشکیان بەرپرسن لە بیرکردنەوەی لۆژیکی، کە زیاتر لێکهەپێکرانی دەماریان هەیە لە چاو ئەوانی تر. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین داهێنان لە ئەدەب و هونەردا لە ڕێگەی نەخۆشیی مێشک یان دەروونەوە نایەتە دی و هەورەها جۆرێک نییە لە ئیلهام و ناوازەیی دوور لەو هەلومەرجە بابەتییانەی کە دەوری خوڵقێنەرەکەیان داوە و هەروەها دەرئەنجامی بەرزبوونەوەی غەریزەی سێکسی سەرکوتکراویش نییە، بەڵکو داهێنان لە جەوهەری خۆیدا دەرئەنجامی کارلێکی ژمارەیەکی زۆر لەو هۆکارانەی ناو ئەو ژینگەیەی مرۆڤە کە تێیدا دەژی و ناو مێشکی ئەو مرۆڤەیە کە بەرهەمێک بەرهەم دێنێت.
تێبینی : ئەم وتارە لە کۆڕبەندی دووشەممەی مەعریفی لە ٢٨ ی شوباتی ٢٠٢٢ پێشکەش کراوە.

سەرچاوە : التصور المادي للابداع في الادب و الفن، بقلم احمد مرزوک، موقع منظمة البدیل الشیوعي في العراق https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=7151

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress