كوشتنى پیرۆز .. به‌ختیار محه‌مه‌د
منداڵێكی 10 ساڵیی به هه‌موو هێزی خۆی، به نه‌عله‌كه‌ی مارمێلكه‌یه‌كی كوشت. گوتم: (ئه‌وه بۆ كوشتت؟ گوناحه…). گوتی: ((پێغه‌مبه‌رمان گوتوویه‌تی بیكوژن)). هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ته‌قدیسكردنی پره‌نسیپی كوشتنه (منداڵ فێری پره‌نسیپی كوشتنی پیرۆز ده‌كرێ). من قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه نییه، كه حه‌شه‌ره ده‌كوژرێ، به‌ڵكو قسه‌م له‌سه‌ر كوشتنێكی تایبه‌ته: كوشتنێكی پیرۆزكراو، كه پیاوێكی پیرۆز (پێغه‌مبه‌ر) گوتوویه‌تی و فه‌رمانی بۆ ده‌ركردووه.
ده‌شێ بڵێم: كوشتنی پیرۆز جیاوازی ناكا له نێوان كوشتنی مارمێلكه‌یه‌ك و كوشتنی مرۆڤێك. ئینجا له پشت كرده‌ی هه‌موو كوشتنێكی پیرۆزدا گوتار (ئایه‌ت و حه‌دیس) هه‌یه. منداڵه‌كه گوێی له گه‌وره‌كان بووه، گه‌وره‌كانیش گوێیان له‌م حه‌دیسه بووه، كه ده‌ڵێ: ((هه‌ر كه‌سێك به یه‌كه‌م لێدان مارمێلكه‌یه‌ك بكوژێت سه‌د چاكه‌ی بۆ ده‌نووسرێت، به دووه‌م لێدانیش له یه‌كه‌م كه‌متر و به سێیه‌م لێدانیش له دووه‌م كه‌متر)). (شایانی باسه بڵێم، منداڵه‌كه زۆر به جۆشه‌وه به یه‌كه‌م لێ دان كوشتی. واته سه‌د له سه‌د ناوه‌رۆكی حه‌دیسه‌كه‌ی جێبه‌جێكرد و سه‌د چاكه‌ی بۆ خۆی برده‌وه). هه‌ڵبه‌ت به ده‌یان ئایه‌تیشمان هه‌ن، كه كرده‌ی كوشتن پیرۆز ده‌كه‌ن؛ واته ده‌یانكه‌نه كار و ئه‌ركێكی پیرۆز. ئا هه‌ر چه‌مكی (جهاد) له فیقهی ئیسلامدا ئه‌م ئه‌ركه پیرۆزه‌یه هیچ شتێكی دیكه نییه. به‌نموونه ئه‌م ئایه‌ته ده‌ڵێ: ((یا ایها النبی جاهد الكفار و المنافقین)). {التوبة: 73} یاخود: ((قاتلوا الذین لا یؤمنون بالله ولا بالیوم الاخر…)). {التوبة: 29} ئه‌مه فه‌رمان پێكردن و داواكاری خوایه له پێغه‌مبه‌ر. واته جیهاد و كوشتن ده‌بنه ئه‌رك و كار و فه‌رمانێكی ئه‌خلاقیی و لاهووتیی پیرۆز. لێره كوشتن یه‌ك جه‌وهه‌ری هه‌یه، ئه‌ویش جه‌وهه‌ری پیرۆزكردنه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م فه‌رمانپێكردنه ڕاسته‌وخۆ له خواوه دێ. واته به‌نده به هاتنی وه‌حی بۆ پێغه‌مبه‌ر. لێره وه‌ك ده‌بینین كوشتن ده‌بێته به‌شێك له مه‌به‌ستی په‌یامی خوا بۆ مرۆڤ ( بۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی). واته ده‌بێته به‌شێكی جه‌وهه‌ریی له دینی خوا بۆ پێغه‌مبه‌ر و بۆ موسڵمانان. ئێستاكه تێده‌گه‌ین، كه بۆچی كوشتنی مارمێلكه‌یه‌ك و كوشتنی مرۆڤێكی بێ‌دین له‌لای موسڵمانان هه‌ر وه‌ك یه‌ك ئه‌ركێكی پیرۆزن و كارێكن له پێناو خوا و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌تی و بۆ سه‌رخستنی دینه‌كه‌یه؛ كه‌واته كوشتن (كوشتنی موقه‌ده‌س) یه‌كێكه له فه‌رز و كاره هه‌ره جه‌وهه‌رییه‌كانی ئایینی ئیسلام.(1)
ئێ خۆ هه‌موومان ده‌زانین، كه له ئایینی ئیسلامدا كوشتنه‌وه‌ی موقه‌ده‌س (قوربانیكردن)یش هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه نه‌ریت و میراتی ئایینه كۆنه بتپه‌رسته‌كانه. له كۆن له‌لای گریكه‌كان ئه‌م نه‌ریته (سرووته ئایینییه) زۆر باو بووه. داستانی (ئه‌لیاده) له زۆر شوێن ئه‌مه‌مان پێ ده‌ڵێ، وه‌ك: ((گایه‌كی زه‌به‌للاحیان ئاماده‌كرد بۆ قوربانییكردن سه‌ریان بڕی)).(2) له داستانی (گه‌لگامێش)یشدا هاتووه ده‌ڵێ: ((له سه‌ر لووتكه‌ی چیا قوربانیی خوێناویی پێشكه‌ش كرد)).(3) هه‌روه‌سا له‌لای سۆمه‌رییه‌كان (میزۆپۆتامیای كۆن) قوربانییكردن به (گا)ی سپی كراوه بۆ مردووان.(4)
نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین، كه كوشتن له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا له سه‌ر شه‌ره‌ف جۆرێكه له كوشتنی موقه‌ده‌س. هه‌ر بۆیه‌ش دایك و باوك و برا – بۆ ڕازیكردنی ده‌سه‌ڵاتی ئایین و كۆمه‌ڵگه – به ئیمانه‌وه (ته‌نانه‌ت به‌خۆشحاڵیشه‌وه) ئه‌م كاره قێزه‌ونه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌م كوشتنی موقه‌ده‌سه، پاككردنه‌وه‌ی شه‌ره‌فه (ئه‌خلاقێكی پیسكراوه)، كه كۆمه‌ڵگه (كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ریتپه‌رست و ئیماندار) له تاكه‌كانی ده‌وێ. واته سێكس (سێكس له ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیریی) پیسه (ئه‌وه‌ی به چه‌مكه ئایینییه‌كه‌ی پێی ده‌ڵێن زینا)، بۆیه شه‌ره‌ف پیس ده‌كا و ده‌بێ پاك بكرێته‌وه. تاكه ڕێگه‌ش بۆ پاككردنه‌وه‌ی، كوشتنه؛ كه‌واته ئه‌م كوشتنه كوشتنێكی پیرۆزه، چونكه به‌های شه‌ره‌ف ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و پاكی ده‌كاته‌وه له شه‌ڕاگێزیی به‌دڕه‌وشتیی زینا. ئا لێره‌وه شه‌ره‌ف ده‌بێته به‌هایه‌كی ئه‌خلاقیی یه‌كجار پیرۆز و موقه‌ده‌س له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا: پیرۆز و موقه‌ده‌ستر له ژیانی مرۆڤ؛ هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ر پێشێلكردنێكی ئه‌م به‌هایه ( ئه‌م شه‌ره‌فه) ده‌بێته هۆی كوشتنی موقه‌ده‌س (واته كوشتن له پێناو پاككردنه‌وه‌ی پیسبوونی شه‌ره‌فدا)؛ له‌مه‌وه كوشتن (كوشتنی ژن) له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، شه‌ره‌فمان (پیرۆزییه‌كانمان) ده‌پارێزێ. هه‌ڵبه‌ت شه‌ره‌ف له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌نده به شه‌ره‌فی ژنه‌وه. واته به‌نده به ئه‌خلاقی سێكسی ژنه‌وه. واته: ئاخۆ سێكسێكی ئازاده (زیناكه‌ره به مه‌فهوومه ئایینییه‌كه‌ی)، یانیش سێكسێكی كۆنترۆڵكراوه (واته چه‌پێندراوه و پارێزراوه)؟ لێره‌وه فۆبیا له سێكس (فۆبیا له ئازادیی تاك)، مانای شه‌ره‌ف و ئه‌خلاق له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا دیاریی ده‌كا و به‌رهه‌م ده‌هێنێ.
په‌راوێزه‌كان:
1 – ئه‌مڕۆش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌یه، كه داعش دێ ئێزیدییه‌كان قه‌تل و عام ده‌كا و حه‌ماسیش به كوشتوبڕكردنی خه‌ڵكی جووله‌كه‌ی مه‌ده‌نی هێرشه‌كه‌ی ئۆكتۆبه‌ری (2023) ی بۆ سه‌ر ئیسرائیل ده‌ست پێ ده‌كا. له پشت هه‌ردوو تاوانه‌كه‌ش ده‌قی پیرۆز و مێژوویه‌ك له كاری كوشتنی پیرۆز ( فتوحات و جیهاد) هه‌یه. ده ئێوه ته‌ماشایه‌كی ئه‌م ئایه‌ته بكه‌ن: ((فاذا لقیتم الذین كفروا فضرب الرقاب حتی اذا…)). {محمد: 4} چۆن چۆنی تێیدا كاری كوشتن ده‌گاته لوتكه‌ی پیرۆزبوونی خۆی!
2 – الالیاذه، هومیروس، تحریر و مراجعة احمد عثمان / القاهرة – 2004، ص 621
3 – ملحمة كلكامش، ترجمها عن المسماریه: د. سامی سعید الاحمد (الطبعة الاولی- 2022)، ص 231
4- هه‌مان ژێده‌ر، ل 70
به‌ختیار محه‌مه‌د