
کتێبی “ئەدەب و هونەری منداڵان”.. زیاد ڕەشاد قادر
ناساندن و هەڵسەنگاندن
ئەدەب و هونەری منداڵان، ناوونیشانی ئەو کتێبەیە لە سازدانی دیمانە و ئامادەکردنی هەردوو بەڕێزان د.هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش، کتێبێکی قەبارە گەورەی ٥٥٢ لاپەڕەییە و بە تیراژی ٥٠٠ دانە لە ساڵی ٢٠٢٢ چاپ کراوە، لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەخشی کۆیەیە و لەلایەن سەڵاح شێخ شەرەفەوە پێشەکیی بۆ نووسراوە.
کتێبەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، بەشی یەکەم کە لە لاپەڕە ٢٣ تاکوو لاپەڕە ٢٧٦ی کتێبەکەی گرتووە، تێیدا لێدوان لە ٦٣ کەس لە نووسەر و مامۆستا و دەروونناس و نیگارکێش و مۆسیقار و گۆرانیبێژ و کاریکاتێریست و کەسایەتی دیکەی چالاکی بواری ئەدەب و هونەری منداڵانە وەرگیراوە لەبارەی شازدە تەوەری جیا جیای کە بریتیین لە: {ڕۆڵی فۆلکۆر لە ئەدەبی منداڵان، ئەدەبی منداڵان، شیعری منداڵان، چیرۆکی منداڵان، ڕۆمانی منداڵان، شانۆی منداڵان، نووسین بۆ منداڵانی باخچە، نیگارکێشی منداڵان، کاریکاتێری منداڵان، میوزیک و گۆرانیی منداڵان، فیلمی کارتۆنی منداڵان، ڕۆژنامەنووسیی منداڵان، ڕۆژی جیهانیی منداڵان، کتێب و گۆڤاری منداڵان، وەرگێڕان لە ئەدەبی منداڵان، بەرنامەی منداڵانە لە ڕادێۆ و تیڤیدا}. هەرچی بەشی دووەمە لە لاپەڕە ٢٩٢ تاکوو لاپەڕە ٥٤٣ی کتێبەکەی داگیر کردووە، چاوپێکەوتنە لەگەڵ ٣٦ کەسایەتیی بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەدەب و هونەری منداڵان.
بەگوێرەی ئاگاداری و دیتنی ئێمە ئەم هەوڵە ناوازەی ئەو دوو بەڕێزە، بەو قەبارە گەورە و بەرفراوانییە، هەوڵێکی داهێنەرانەیە و یەکەم جارە لە نێوەندی ئەدەبی منداڵانی کورددا، لە ڕێگەی بەسەرکردنەوەی ئەو هەموو کەسایەتییەوە لە هەموو پارێزگاکانی باشووری کوردستان و بەشێکی نووسەر و چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تاراوگەنشینیشی تێدایە و ژمارەیەک بابەتی گرنگ بخرێتە بەر باس و گەنگەشەکردن، لە نموونەی مژارەکانی ئەدەبی منداڵان بە شیعر و چیرۆک و ڕۆمانەوە، هەروەها بە قسەکردن لە شانۆ و نیگارکێشی و کاریکاتێر و میوزیک و فیلمی کارتۆنی و وەرگێڕانەوە، بە باسکردنی لایەنەکانی وەک کتێبی منداڵان و ڕۆژنامەگەریی منداڵان بە بەرنامەی ڕادێۆیی و تەلەڤزێۆنییەوە.
دیارە ئەمەش بۆ کۆششی زۆر و لێهاتوویی و ماندووبوونی هەردوو دانەری کتێبەکە دەگەڕێتەوە، کە جگە لەو کتێبەیان هەر یەک لەو دوو نووسەرە پاشخانێکی دەوڵەمەندیان لە بواری ئەدەبی منداڵاندا هەیە. ئەوەتا د.هاوژین سڵیوە جگە لە نووسین و چالاکییە ڕۆشنبیری و ئەکادیمییەکانی لە مەیدانی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی گشتیدا، هەوروەها لە بواری ئەدەبی منداڵاندا هەوڵی جوانی لە شیعر و چیرۆک و وەرگێڕاندا هەیە. سەبارەت بە مامۆستا ڕۆستەم خامۆشیش ساڵانێکە خۆی بۆ کاری نووسینی دەقی منداڵانە و ڕۆژنامەگەریی منداڵان یەکلا کردووەتەوە و بە هەق جێپەنجەشی لەم بوارەدا دیار و بەرچاوە.
بۆیە ئەگەر بە لایەنە جوان و درەوشاوەکانی ئەو کتێبەدا بچین، لەلایەک جگە لەوەی بە چەند ڕستە و پەرەگراف و لاپەڕەیەک تەواو نابێت، لەلایەکی دی بە ئەرکی ئەو نووسینەی نابینین ڕۆڵ و پێداویستی و بایەخی ئەو کتێبە ڕیز بکەین و بنووسین. بەڵکوو بۆ ئەوەی هەردوو ئەو نووسەرە بەڕێزە و تەواوی ئەوانەمان کە قسە لە ئەدەب و هونەری منداڵان دەکەین بە هەموو ڕشتە و بەشەکانییەوە، بەرهەم و بابەتی باشتر و بەپێزتر و ناوازەتر بنووسین و لەپاڵ گەڕان لەدوو زمانێکی پاراوتر و بیرۆکەی جوانتر و داهێنانی گەورەتر و خزمەتی زێتر بە لایەنی سەلیقە و پەروەردەی منداڵ بین و بابەتی ڕەخنە و دەرخستنی خەوش و کێماسییەکانی هەر دەق و بەرهەمێک زەق بکەینەوە وکاری جددی لەسەر بکەین. بۆیە لێرەوە لەپاڵ دەستخۆشی و ئافەرین و بارەکەڵڵای زۆرم بۆ ئەو کۆشش و شەونخوونی و ماندووبوونەیان، بە داوای لێبوردەنەوە لە چەند خاڵێکدا پەنجە دەخەینە سەر ئەو نەنگی و ناتەواوی و ناهاوسەنگییەی بە دیدی ئێمە لەو کتێبەدا هەیە.
یەکەم: هەرچەندە ئامادەکارانی کتێبەکە لە پێشەکیدا دەڵێن: “پرسیارمان بۆ چەندین کەسی دیکەش ناردبوو و داوامان لێ کردبوون کە وەڵاممان بدەنەوە، بەڵام ئامادە نەبوون وەڵاممان بدەنەوە، هەبوو بەڵێنی پێداین و دواتر لە بیری چوو…هتد”. (ئەدەب و هونەری منداڵان، ل١٣). من نازانم ئەوانەی وەڵامیان نەداونەتەوە و کێن و چەند کەس بوون، بەڵام ئەوە دەزانم کۆمەڵێک نووسەر و چالاکی بواری ئەدەبی منداڵان پێشی زۆرێک لەوانەی لەم کتێبەدا قسەیان هەیە، بە نووسین و کتێب وچالاکیی هونەری پشکدارییەکی گەورەیان لە پێشخستنی ئەدەب و هونەری منداڵانی کورد کردووە، ئەوەتا ئەگەر سەرەڕای هەر سەرنج و تێبینییەک لەسەر بەرهەمەکانیان، بۆ نموونە هەر کە بتەوێت سەرچاوەیەک لەسەر ئەدەبی منداڵانی کورد ببینیت و بخوێنیتەوە، ناچاریت بەشێکی ئەو نووسەرە کوردانەی کە کتێبەکانیان جێگەی باوەڕن و زانیاریی ورد وگرنگیان تێدا دەست دەکەوێت، پێکهاتوون لە مامۆستایان حەمەکەریم هەورامی، ناهیدە ئەحمەد، فازڵ مەجید مەحموود… یان هەر کە بتەوێت لەسەر ڕۆژنامەنووسیی منداڵان سەرچاوە پەیدا بکەیت، ناچاریت بۆ کتێبە ناوازەکەی د.ئیدریس عەبدوڵڵا بگەڕێیتەوە، کە دێیتە سەر گۆرانیی منداڵان کەسایتیی هونەرمەند سەڵاح محەمەد ناسراو بە مام عەوڵا وەک سیمبولێک دەبیندرێت. کەچی هیچێک لەو ناوانەی باس کران لەو کتێبەدا حزووریان نییە. ئیدی پێدا وەرە زۆر قەڵەم و نووسەری دیکەی لە نموونەی فەهمی کاکەیی، محەمەد فەریق حەسەن، محەمەد عەبدوڵڵا ئامێدی، حوسێن بەفرین، موحسین ساڵح حەسەن، مەدحەت بێخەو، محەمەد گۆران ناسراو بە بابە گەورە، سەید ئەحمەد بەرزنجی، جەمال گردەسۆری، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، بڕوا موحەممەدی و زۆرانی دی کە هەر یەکەو بە نووسین یا وەرگێڕان جێدەستیان لە پێشخستنی ئەدەبی منداڵانی کورددا هەیە.
دووەم: ناهاوسەنگییەکی زەق و بەرچاو لە بایەخدان بە تەوەرە جیاوازەکانی نێو کتێبەکە هەیە. بۆ نموونە بۆ پرسێکی گرنگ و ئاوکێش و قسەهەڵگر و پڕ مشتومڕی وەک (ڕۆڵی فۆلکۆر لە ئەدەبی منداڵاندا)، زۆر بەکورتی چاوپێکەوتن تەنیا لەگەڵ یەک کەسایەتی کراوە و تەنیا لاپەڕە و نیوێکی بۆ تەرخان کراوە، کەچی لە بەرانبەردا بۆ باسی شیعری منداڵان قسە و بۆچوونی حەفت کەسایەتی وەگیراوە و حەڤدە لاپەڕەی بۆ تەرخان کراوە. بۆ تەوەری چیرۆکی منداڵان چاوپێکەوتن لەگەڵ هەشت کەسایەتی کراوە و بیست و شەش لاپەڕەی کتێبەکەی بۆ تەرخان کراوە. هەروەها لە هەندێک بەش و فایلدا نووسەرێک پرسیارباران کراوە، لە هەندێکێش پرسیارێکی کورتیلە و وەرامێکی دوور و درێژی چەند لاپەڕەیی بەرچاو دەکەوێت، بۆ نموونە لە یەکێک لە تەوەرەکان نووسەرێک بەبێ ئەوەی هیچ پرسیاری لێ بکرێت، کەچی وەرامێکی پێنج لاپەڕەیی نووسیوە! لە باسێکدا کە بە حسێب باسی وەرگێڕانە و قسە لەسەر وەرگێڕان دەکرێت، کەچی بە ڕستەی “چۆن ئاشنا بووی بە جیهانە جوان و ڕەنگاڵییەکەی منداڵان” پرسیاری لێ کراوە.
سێیەم: بەشێک لەو کەسایەتییانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە، چەند جارێک و لە چەندین تەوەری جودادا قسە و لێدوانیان هەبووە، کە ئەمە زەحمەتە بۆ یەک کەس لە هەموو ئەو بوارە جۆراوجۆرە بۆچوونی زانستی و ڕای دروست بخاتە ڕوو. بۆ نموونە نووسەر هەیە لەو کتێبەدا حەفت جار چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە و تێیدا جگە لە قسەکردن لەبارەی شیعر وچیرۆک و ڕۆمانی منداڵان، هەروەها لەسەر فیلمی کارتۆنی و بەرنامەی ڕادێۆ و تەلەڤزێۆنی و نیگاركێشیی منداڵانیش وەک شارەزایەک لێدوانی داوە، نووسەری دیکە هەیە جگە لەوەی لە سێ مژاری جودادا لێدوانی لێ وەرگیراوە، دواتر لە تەوەری دووەمی کتێبەکەدا چاوپێکەوتنی بەرفراوانی لەگەڵدا کراوە.
چارەم: مەرج نییە ئەوەی شیعری جوانی نووسی بۆ منداڵان لە هەمان دەمدا لە باسکردنی خەسڵەتەکانی شیعری منداڵان لێزان و زیرەک بێت، هەر وەک دەشێ کەسێک با لە مەیدانی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵاندا بلیمەتیش بێت و هەر بۆ ئەوە باش بێت دەقی داهێنانکارانە و دەقی سواوی پێ لێک جوێ بکەیتەوە، بەڵام ڕەنگە هەر ئەو کەسە بۆخۆی نەتوانێت شیعر یان چیرۆکێکی جوان و سەرکەوتوو بنووسێت. ئەوجا بەشێک لەو بەڕێزانەی لێدوانیان لێ وەرگیراوە، یان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە بەم تەرز و شێوەیەن. بۆ نموونە کەسێکت هەیە چەند دەقێکی جوانی بیانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، چ پێویست دەکات بە پرسیارکردن لە باسی شانۆ یان کاریکاتێری منداڵان تووشی هەڵە و قسە فڕێدانی بکەیت. یان کابرا چەند شیعرێکی بۆ منداڵان نووسیوە، چ لازم بە پرسیار لە تایبەتمەندی و بەهای چیرۆکی منداڵان بەسەری بکەیتەوە، یاخود کابرا لە دەروونزانیدا پسپۆڕە، ئاخر لەکوێ ورد و درشتی ڕۆمانی منداڵان و مێردمنداڵان شی بکاتەوە؟
پێنجەم: باوەڕ ناکرێ هیچ کەس نکوڵی لەوە هەبێت پرسیار دانان بۆ کتیبێکی بەو قەبارە گەورەیە و بەو هەموو بوار و بابەتە جۆراوجۆرە کارێکی ئاسان بێت، بگرە ڕەنگە هەندێک جار دانانی پرسیاری ورد و ئامانجدار لە وەرامەکان قورستر و ماندووکەرتر بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش مادام هەردوو نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەڕێز شانیان داوەتە بەر وەها پرۆژەیەکی گەورە، دەبوو لە پرسیارکردن وردتر بن، هیچ نەبێت لێرە و لەوێ تووشی پرسیاری دووبارە نەبنەوە. من لێرەدا تەنیا دوو نموونە دێنمەوە. یەکێکیان لە تەوەری شیعری منداڵاندا لە یەکەم پرسیاردا هاتووە: “تایبەتمەندی شیعری منداڵان چییە و دەبێ چۆن بۆیان بنووسرێت”.لە کۆتا پرسیاری هەمان تەوەریشدا هاتووە: “بە بیر و ڕوانینی تۆ دەبێت شیعری منداڵان چۆن بێت لەڕووی ڕووخسار و ناوەرۆکەوە”. ئێ جا چونکە هەردوو پرسیار یەک شتن، بۆیە کە وەرامەکەش دەخوێنیتەوە، هەمان شتن بە کەمێک جیاوازیی لە وشە و دەربڕیندا. یان لە پرسیارێکدا هاتووە: “تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی منداڵان چییە” دوای ئەوە نووسراوە: “ئەی خاسیەتەکانی چین”. کە ئەمە وەک ئەوە وایە بە کەسێک بڵێیت ئەرێ تەمەنت چەندە، پاشان پێی بڵێی ئەدی چەند ساڵیت!
شەشەم: ئەو کارەی ئەو دوو بەڕێزە ئەنجامیان داوە، کارێکی جوانی ڕۆژنامەگەرییە، نەک شرۆڤە و توێژینەوە، دیارە لە ئیشی ڕۆژنامەگەریشدا، وەک چۆن ڕۆژنامەنووس دەتوانێت ئەو وەرامانەی وەریدەگرێتەوە ناوونیشانی گونجاوی بۆ دابنێت و ئەو ڕستە و پەرەگرافەی بە باشی دەزانێت زەقی بکاتەوە و بیکاتە مانشێت، بە هەمان تەرز بۆی هەیە بە کورتکردنەوە و ڕێکخستن و مۆنتاژ و لادانی هەندێک ڕستە و پەرەگرافی زیادە و ناپێویست بە چاوپێکەوتنەکاندا بچێتەوە، ئەمە بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر گەیاندنی پەیام و ڕا و بۆچوون و دونیابینیی ئەو نووسەر یان چالاکە هەبێت کە دیمانەی لەگەڵ ساز دراوە. بەڵام ئامادەکارانی کتێبی ئەدەب و هونەری منداڵان پێناچێت ئەو مافەیان بە خۆیان دابێت بە وەرامەکاندا بچنەوە، بۆیە لە هەندێک لاپەڕەدا قسەی دووبارە و درێژدادڕیی ناپێویست بەدی دەکرێت. بۆ نموونە لە یەكێك لە چاوپێکەوتنەکان تەواوی پرسیار و وەرامەکان شەش لاپەڕەی کتێبەکەی گرتووە، بەڵام هەر لەو چاوپێکەوتنە برای چاوپێکەوتن لەگەڵ کراو، هاتووە پرۆفایلی خۆی لە پێنج لاپەڕەدا خستووەتە ڕوو، ئەوانیش دەق وەکوو خۆی داینناوە! یان کە پرسیار لە نووسەرێک کراوە و بۆ نموونە باسی نووسینی چیرۆکی منداڵانی لێ کراوە، کەچی ئەو لەناو وەرامەکەیدا بێ ئەوەی بە خۆی زانیبێت کەوتووەتە ناو قسەکردن لە وەرگێڕان، ئەمانیش هاتوون دیسان قسەکەیان دەق بەبێ هیچ کەم و زیادکردنێک داناوە!
حەفتەم: لە بەشێک لە بەرسڤی ئەو بەڕێزانی لێدوانیان لێ وەرگیراوە یان دیمانەیان لەگەڵ ساز دراوە، هەندێک قسە و بڕگە و پەرەگراف بەرچاو دەکەوێت. هەر بەڕاستی سەیر و نامۆیە، ئەوجا ئەگەر ئامادەکاران مافی سانسۆرکرنی ئەو قسانەشیان پێ نەدرابێت، وەها پێویست بوو لانی کەم داوا لەو نووسەر و چالاکە بکەن کە بەو بۆچوون و قسەیەیدا بچێتەوە و تەواو لێی دڵنیا بێت ئەوجا بڵاویان کردبایەوە. بۆ نموونە شاعیر هەیە لە لێدوانێکیدا گوتوویەتی: “شیعری مناڵان ئەبێ کورت بێت لە چوار دێر کەمتر و لە شەش دێر زیاتر نەبێ” لە کاتێکدا وەها باشە شیعری منداڵان کورت بێت بەڵام بە چ بەڵگە و بیرکردنەوە و پێوەر و لۆژیکێک هەر دەبێ لەنێوان شەش دێر و چار دێردا بێت! یان هەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەقی منداڵانە پێویستە بەشێوەی ئاکادیمیانە بنووسین! یان هەیە ڕایگەیاندووە کە “مامۆستا قانع و مامۆستا هەژار لە ڕۆژهەڵاتدا لەو شاعیرانەن کە ڕاستەوخۆ بەرهەمی ئەدەبیان بۆ منداڵان خولقاندووە”. هەروەها گوتراوە ” ئەحمەدی خانی چیرۆکی بۆ منداڵان داناوە”… ئەمەو چەندین قسە و لێدوانی دیکە کە زەق دیارن کە زانیاریی هەڵە و نەگونجاون و پەیوەندییان نییە بە دید و بۆچوونی جیاوازی ئەم و ئەو لەسەر مەسەلەیەکی دیاریکراوی ئەدەبی منداڵان.
زیاد ڕەشاد قادر