Skip to Content

پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیری (٣).. ئامادەکردنی: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیری (٣).. ئامادەکردنی: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

Closed
by حوزه‌یران 27, 2025 General, Literature



پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیری، هەرجارەی لەسەر بابەتێک چەند نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیرێک دێنێتە گۆ. بانیژەی ئەدەب و کلتوور لەڕێگەی ئەم گۆشەیەوە دەیەوێت پەنجە بخاتە سەر گیروگرفتەکانی کایەی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی و ورووژاندنی پرسیاری جیددی. لەم گۆشەیەدا پرسی هەژموونی زمانی نێرسالاریی لە ئەدەبی کوردی دەوروژێنێت.
پرسیار : ئایا ئەدەبی کوردی توانیویەتی هەژموونی زمانی نێرسالاری لەنووسینی دەق تێپەڕینێت؟ هۆکارە بنەڕەتییەکانی هەژموونی زمانی نێر سالاریی لە ئەدەبی کوردیدا چین؟ بەبڕوای تۆ چی بکرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی هەژموونی ئەو زمانە نێرسالارییە تێکبشکێنرێت؟

سروە ساڵەیی:

کورد و کوردلانە سەرچاوەی شارستانییەت و ئاوێتەی ڕەنگ و بۆچوونە. کورد لە دێرزەمانەوە باوەڕی بە بۆچوونی جیاواز و ڕاپرسی و باوەڕگۆڕینەوە هەبووە. ژنان لە مێژووی کوردی وەکو پیاوان هاوبەش و هاوبیر و بنیاتنەر بوونە ،مێژووی نووسین و ئەدەب عەیامێکە وەك مرۆڤ کوردان پێ هەڵساون. ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە مرۆڤ بە هەردوو ڕەگەز و جیاوازی چینایەتی و کلتووری دەبێت یەك شت بەهەند وەربگرن ئەویش بیری ڕووناکە کە بوغز و قینە و شکاندنەوە لە گۆشەکانی بونیادەم بوونمان دەرنەکەوێ. لە ئاسۆی کوردەواری توانایی و لێهاتوویی لە خودی مرۆڤەکان بدرەوشێتەوە. جوتیار و کرێکار و پێنووس بەدەست و گەورە و بچووکمان مرۆڤ بین و تەواوکاری یەکدی بین. ئەرێ وەك ئێستا زۆر بەزەقی و بەرچاو دەبینرێ و هەستی پێدەکەین، نێرسالاریی هەر لە چواچێوە تەنگەکەی خۆی نەماوە پێیەکانی پتر داگرتووە و ڕوو لە تەشەنەیە بەداخەوە، بگرە ئەدەبیش پشکی شێری بەرکەوتووە هەمدیسان بە داخەوە. کاتێك نووسینەکانمان لەقەفەزی ڕەخنەی ڕووخێنەر دەکرێ و بە مەیلی چەند کەسێك هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێ، لەدیوی ئەودیوی پەردەکە وەك بووکەڵەی دەزوویی چەند کەسانێکی دەستنیشانکراو دەیجوڵێنەوە. کەواتە ئەدەبیش دوور نییە لەزەبری ئەو وشەیە. پیاوسالاریی دەردێکی کوشندەیە، زۆریش تەشەنەی کردووە، لەبری چارەسازی هەندێك هەستاون وەڵامی خراپ بە خراپ دەدەنەوە ئەویش پەیرەوکردنی بیری مێ سالاریی(فێمەنیست). بگرە زۆربەیان هەر قینە و دووبەرەکیی لە نێرسالاریی خراپتر دەهێننە کایە. لێرەدا بەمانای ئەوە نییە پیاوسالاریی دۆز و بیرۆکەیەکی براوەیە ،نا بە پێچەوانەوە؛ ئەوەی لەقازانجی مرۆڤایەتی نەبێت هەمیشە تەمەنی کورتە و هێندە نابات لە بەین دەچێت. چونکە لەکاتێکدا بێ ئاگای لەوەی دژی کیژەکەت دەوەستی بۆ پاڵپشتی کوڕەکەت ئەوەش لەسەرکام بنەما؟ بنەمای کۆڵەواری و دواکەوتن، لەهەمان کاتدا تەرازووی لۆجیك لار دەبێت و نیوەی کۆمەڵگە کە ژنە لەدەستی دەدەین کە مەل بەباڵێك نافڕێ ! گەر ئەدەب و هونەر بخەینە لاوە هەر لەژیانی ئاسایی بنۆڕین، باوکێك کە خۆی هۆکارە بۆنێرسالاریی، ماندووە بە بیر و جەستە بەوەی ژن بە هاوبیر و هاوبەشی خۆی نازانێت، بەردەوام لە هاوبیرێك دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی گوێگر و چارەسازێك بۆ چارەسازی ئەو کۆسپ و تەگەرانەی ڕۆژانە ڕێگای لێدەگرن. لەهەمان کاتدا ژنان هەر دایك نین، ئەوان مرۆڤێکی کامڵ وپڕ بەرپرسیارێتین، بگرە ئەگەر نەبنە دایکیش وەکو بایۆلۆجی هەمیشە ئارامبەخش ودەروونێکی پڕ سۆز و دەستێکی چارەساز و هەتوان ئاسایان هەیە بۆتاکی دەوروبەریان. بۆیە ئاشتەوایی و زانست و تێگەیشتن دەتوانێت ئەو کاڵفامییە بسڕێتەوە و کۆمەڵگەیەکی پڕ بیروبڕوا و ئازاد بهێنێتە کارا کە چیدی ئەو ژنە و من پیاوم نەمێنێت ، ناوچەیەکی پڕ هۆشیاری و مرۆڤگەلێکی دەروون ئارام و تەواوکاری یەکدی بڕەخسێت لە ئەقڵی ژەنگاوی ڕزگارمان بێت بۆیە بەلایەنی کەم نابێت ئەوڕەوشی نێرسالارییە لەو ناوەندە جێگەی هەبێت بگرە دەبێت ئێمەی نووسەران قبوڵمان نەبێت و بەرپەرچی ئەو دیاردە ناپەسەندە بدەینەوە و بەهەموولایەکمان بۆ ڕێگا پڕ ئامانجەکە بەڕێ بکەوین ئەویش مرۆڤبوون. ڕەنگبێ تا ئاستێك نووسەران و ڕۆشنبیران لە دەقەکانیان ئەو دیاردە لاسارە پشتگوێ بخەن. من هەمیشە لە دەیان دەق و نووسین جەختم لە مرۆڤبوون کردۆتەوە دژی پۆلینکردنم بەهەموو شێوەکانی. من هیچ سەنگەرێکم نییە نە فیمنیستم ونە لایەنگری باب سالاریی. چونکە هۆکار زۆرن بە هێزترینیان ئەوەیە دژی منداڵەکانم نانووسم . ئینجا با بێمەوە سەر ئەسلی مەسەلەکە، بێگومان لەسۆنگەی مرۆڤ بوونم و باوەڕی تەواومەوە بە یەکسانی جێندەری، وەك نووسەرێك بە شەرمی دەزانم دەقەکانم بۆ چین و ڕەگەز بنووسم و قبووڵی جۆرە دەقێک بکەم کە نێرسالارانە و مێ سالارانە نووسراوە. چۆن پیاوسالاری نەخۆشییەکی کوشندە و دیاردەیەکی قێزەون و نامرۆڤانە و دێرینەیە و کۆمەڵ تووشی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و ئیفلیج و دەرد و بەڵاو ئافات و ماڵوێرانی دەکات، ژن سالاریش هەمان شێوە. ئێمە دەبێ دایمە مرۆڤ سالارانە بیربکەینەوە و ژیان بکەین، ئەو دیواری جیاکاری ڕەگەزییە بڕوخێنین، کە لەسەر بنەمای جیاکاری جێندەری لەنێوان هەردووک ڕەگەزدا بنیاتنراوە. بە بڕوای من ئەو ئەقڵییەتە نێرسالارییە نەخۆشییە و دەبێت بسڕیتەوە لە هزری تاك بەتاکی کۆمەڵگە و ئاگادارکردنەوەی مرۆڤەکان لە مەترسییەکانی ئەنجامە خراپەکەی زیتر ڕێچکەی هۆشیاری و مرۆڤبوون و مرۆڤدۆستی بگیرێتەبەر. نابێت چیتر جیاوازی جێندەری لەباس و خواست بێتە ئاراوە، ئەوەش بەهەنگاوی پتەو و بڕوابەخۆبوون و دەست خستنە ناو دەستی یاسا سەردەگرێت و هەموان لەڕێگەی پەروەردە و یاسا، خێزان و کۆمەڵگە بەهەموو چینەکانییەوە، ڕاهێنانی ڕۆژنامەکاران و ڕاگەیاندنی تۆکمە و مامۆستایان کە ئەرکی پێگەیاندنی نەوە یەك لە دوا یەکەکانیان لە ئەستۆیە ، ئاشنای چەمکی یەکسانی بکەین، یاسا و داد وپشتگیری پتەو دژی جیاکاری جێندەری لە ماف و ئەرك و دیاردەی بزێو کە دەبێتە هۆی گواستنەوە و ئیفلیج کردنی تاك بە بیری کۆن و کۆلەوار کەلە زەرەرمەندی مرۆڤایەتی چیدی لێ سەوز نابێت. ئێمە نیشتمانمان پێویستی بەبیری ئازاد و یەکگرتووی مرۆڤەکان هەیە، کوا کاتی شکاندنی باڵی یەکترییە. ژنان وەك پیاوان با دەنگ و ڕەنگ دەرکەون، چارەی دەردی ئێمە خوێندنە و خۆ دروستکردنە. لەمێژووی دێرینی کوردەواری ژنان زۆر کارا و پڕ ووزە دەرکەوتبوون.
ژنان سەرکردە و کارگوزار، دەورێکی هەرەپڕهەندیان هەبووە لە کۆمەڵگەی کوردەواری،چونکە ئەدەب لەکانگەی کۆمەڵگەوە سەردەکات و کلتوور و سەرزاری خەڵک دەگوازێتەوە بۆیە پشکی شێری بەرکەوتووە. بەواتای ئێمەش وەك نووسەران و شاعیران پڕوشکی ئەوئاگرەمان بەرکەوتووە و ڕۆژانە بە دەستییەوە دەناڵێنین ،هەرچەندەپشت گوێی دەخەین، بەڵام هەر لە بوارەکەی خۆمان هەمان هاوڕێ و هاوبیرانی خۆمان ئەو تاڵییەمان دەرخوارد دەدەن.

ئیمان یادەوەر :

من بڕوام وایە ئەدەبی کوردی هێشتا نەیتوانیوە هەژموونی زمانی نێرسالاری تێپەڕێنێت، هەرچەندە لە دوو دەیەی ڕابردوودا هەوڵی جددی دراوە بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە. ئەمەیش بۆ کۆمەڵێک هۆکاری بنەڕەتیی ئەم هەژموونە دەگەڕێتەوە کە پێگەی کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگای کوردی هێشتا زۆربەی دامەزراوە کولتووری و ڕۆشنبیرییەکان لەژێر دەسەڵاتی پیاواندان. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر زمانی نووسین و دەربڕین هەیە. هۆکارێکیتر کەمیی ژمارەی نووسەر و ڕەخنەگری ژن خۆیەتی لە کایەی ئەدەبی کوردیدا، کە ئەمەیش وایکردووە زمانی نێرسالاری زاڵ بێت بەسەر زۆربەی دەقە ئەدەبییەکاندا. یەکێک لە گرفتەکان کە بەردەوامی بە ئەدەبیاتی (نێرسالاری) دەدات ژنان خۆیانن کە هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی هەست بەکەمی نەکەن بەرامبەر پیاو دەیانەوێت وەک پیاوان بنوسن، لەکاتێکدا دەبێت باوەڕیان بەوە هەبێت کەئەوان هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە بگرە لە زۆر ڕووەوە لەپیاوان باڵاتر و چالاکترن، گەر بتوانرێت ئەدەبیاتێکی فێمێنستی ئازادانەمان هەبێت . ژن بتوانێت لە تێکست و نوسینەکانیدا کێشە و ئازارەکانی ماف و بیرکردنەوەکانی خۆی بەیان بکات ئیدی چاوەڕێی پیاوێک ناکات بۆی بنوسێتەوە، بۆیە پێویستە ژن خۆی نوسەری خۆی و گێڕەوەی ژنبونی خۆی بێت بەوشێوە تۆ کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیری بونیاد دەنێیت کە سەرچاوەکەی تەنیا مرۆڤـبوونە نەک جیاوازی ڕەگەزگەرایی . بۆیە دەڵێم نەخێر ئەدەبی کوردی نەیتوانیوە هەژموونی نێرسالاری تێپەڕێنێت. ئەو زمانە هەر لە کۆنەوە بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئێمەی داگیرکردووە. زمانی نێرسالاری تەنیا پرسی دەربڕین و ڕستەسازی نییە، بەڵکو پرسی عەقڵییەتێکی قووڵە کە ڕیشەی لە مێژووی کۆمەڵایەتی و کولتووریماندا هەیە. کاتێک باس لە زمانی نێرسالاری دەکەین، باس لە سیستەمێکی گەورەی بیرکردنەوە دەکەین کە وەک چەترێک هەموو جومگەکانی کۆمەڵگای داپۆشیوە. کەئەمەیش ڕوونە ئەم زمانە لە ئەدەبی کوردیدا، تەنیا ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە تاڵەیە کە ژن تیایدا وەک بوونەوەرێکی لاوەکی سەیر دەکرێت. کۆمەڵگای پیاوسالاری کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە داگیرکردنی زمانی نووسیندا هەیە. ئەمە کێشەیە نەبوونی دەزگایەکی ڕەخنەیی بەهێز کە بتوانێت ئەم زمانە هەڵوەشێنێتەوە. هەروەها لاوازی بزووتنەوەی فێمێنیستی کوردیش کە نەیتوانیوە ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێز دروست بکات. بۆیە بۆ تێکشکاندنی ئەم هەژموونە، پێویستمان بە شۆڕشێکی زمانەوانی هەیە. دەبێت زمان لە چوارچێوەی ئەو دیوارە تاریکە ڕزگار بکەین کە پیاوسالاری دروستی کردووە. پێویستە ئەو زمانە بخوڵقێنین کە دەنگی ژن و پیاو بە یەکسانی تێیدا دەربکەوێت. ئەمەش تەنیا بە گۆڕینی وشە و دەستەواژە نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکارییەکی قووڵی فەلسەفی و فیکری هەیە لە تێڕوانینمانەوە بۆ زمان و دەسەڵات و … تد.

بەندی عەلی

بەبڕوای من زمان گرنگترین کەرەستەی پەیوەندی و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکتر. لەهەر کۆمەڵگەیەکی دیاریکراویشدا وابەستەیە بە کلتوور و فەرهەنگی ئەو کات و شوێنەوە. ئەگەرچی خودی زمان وەك کەرەستەیەکی سەربەخۆی بێلایەن دەردەکەوێت، لێ لەهەر سەردەمێکدا دوو کلتوور هاوتەریب و بەرانبەر بەیەك دەگوزەرێن. یەکیان ڕابردووی ڕوو لەدوێنێ و یەکیان ئەمڕۆی ڕوو لەسبەی. لێرەدا ململانێ دروست دەبێت لەنێوان هزری کۆن و نوێدا لەڕێگەی زمانەوە. هەر بۆیە دەکرێ دوو شێواز لەزمان خۆیان نماییش بکەن، یەکیان کۆنخواز و یەکیان پێشکەوتووخواز. بێگومان دیاردەی نێرسالاریی لەزماندا دەکەوێتە نێو ئەم حاڵەوە و هاوکات و بەتایبەتی لەکۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا بەحوکمی کلتووری باوی نێر سالاری ، بەشێکی زمانیش دەکەونە ژێر کارگەریی هزر و کلتووری باوەوە . ئەرکی ڕۆشنبیرو نووسەرە مردۆدۆست و یەکسانی خوازەکانیش لێرەوە ئەرزشیان دەبێت لەڕێگەی بەگژداچوونەوەی ئەو کلتوورو زمانە نێرسالارییەوە بەتایبەتی لەبوارەکانی ئەدەبدا کە دەکرێت ڕۆڵی گرنگ و یەکلاییکەرەوەی هەبێت لە بەگژداچوونەوەی هەموو جۆرەکانی بێدادی لەبەکارهێنانی زماندا . پێ بەپێی کاتیش (بەبڕوای من) لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، زمان یەکێك بووە لەو ڕەهەندانەی بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوەدیوە، بەتایبەتی لەبواری ئەدەبدا، کەنەوە بە نەوە هەم لەهەوڵی گەشەسەندنی زماندا و هەمیش لەهەوڵی پاکژکردنەوەیدا بوون. لەکاتێکدا کەهەردوو کلتووری ئایینی و نەژادی سەردەمانێکی زۆر جڵەوی زمانیان گرتبووە دەست بۆ بەرژەوەندی ئایدیۆلۆژی تایبەت ، لێ کەمیش نین ئەو نووسەر و نووسەرانەی لەخەمی ئەودابوون کە زمان ڕەهەندە مرۆییە یەکسانیخوازەکان لەدەست نەدات و ئەگەر بەراوردێکی وردی چەند دەیەیەکی پێش ئەمڕۆ بە ئەدەبی ئەمڕۆ بکرێت، گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەبینرێت لەکەمکردنەوەی ئەژموونی نێرسالاری. ئەگەر چی هێشتا هەڕەشەی ئایدۆلۆژییە کۆنەکان کۆتاییان نەهاتووە و ململانێی نێوان هەردوو ڕەهەندی کۆنخواز و نوێخوازەکان بەردەوامە، لێ هیچ دیاردەیەکی باوی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بەبێ هەوڵ و خەباتی نووسەرانی مرۆڤ دۆست بنبڕ نابێ و هەر ئەم لایەنگیرییەشە نووسەران دابەش دەکەن بەسەر فەرهەنگی باو و نوێخوازیدا. زمان ئامڕازی دەربڕینی هزری مرۆڤەکانە، هەر بۆیە شێوازی بەکارهێنانی، دەبێتە پێوەر بۆ چۆن و چی بوونی نووسەر و دیاریکردنی لایەنگیری بۆ چ بەرەیەکی هزری و فەرهەنگیی.

بەکر ئەحمەد

بە بروای من لە ئاستێکی ڕووکەشدا سەفەری پیاوی ئێمە لە خاوەن سمێڵێکی گەورەوە کە بە” ئەبوشوارب “دەستپێدەکات و بە “نادر ئاوێنە”دا تێدەپەڕێت و دەگات بە “واحیدی عەلینەژاد”، خۆ گۆڕین و خۆ ساف و لووسکردن بەو شێوازەی کە ئەمڕۆ پیاوی کورد خۆی تێدا دەبێنێتەوە و بە ئایدلبوونی بەشێکی زۆر لە گۆرانیبێژانی لاوی کورد ئەگەرچی موونەرمن و وەک پیاوی ڕەسمی کۆنی کورد مووڕەق نین، دەرکەوتنی دەموچاوی دیکەی پیاوانە کە دەکرێ لە ڕووخساری ڕەسمی پیاوی کورددا جێی نەبێتەوە، ئاماژەی ئاڵوگۆڕێکی هەتا بلێی کلتووری تازەن کە سیستەمی دیجیتالی کۆمەڵگەی نوێ فەراهەمی کردووە، نەک پراکتیکێکی بە ئاگاهانەی یەکسانیخوازانە. بەڵام هێشتاش ئەڵتەرناتیڤێکی کارا و جیاوازتر لە پێناسەکردنی چۆنێتی نێربوون لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، خەریکی دەمکردنەوەیە ئەگەرچی لەرێی سووکایەتی و گاڵتەپێکردنەوە پێی، نێت و یوتوب و فەیسبووکیان کردۆتە شوێنی ئەم لەشکرکێشییە کلتوورییە لە بەرانبەریدا. لە پاش ئەم ڕوونکردنەوە کورتە، با بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە: ئایا ئەدەبی کوردی توانیویەتی هەژموونی زمانی نێرسالاری لە نووسینی دەق تێپەڕێنێت؟ بە بڕوای من، زمانێکی نێرسالارانە، یان دیدو بۆچوونێک کە نێرینەیی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لە ناو چوارچێوەکانی نێرینەییەکی هەژمووندارانەدا بەرهەم دەهێنێتەوە، ئاسان لە ناو تێکستە ئەدەبی و تابلۆ و لەسەر شانۆ و لە ناو گۆرانییەکاندا نمایشی خۆیدەکات و بێدەنگ تێدەپەڕێت بە بێ کاردانەوەیەکی ڕەخنەگرانە. من بڕیارێکی ڕەها نادەم و دەکرێ لێرە و لەوێ کەسانێکی دیکە هەبن کە مەراقی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان، چاویلکەیەکی جەندەرییان دەکاتە چاو و توانای بینینی ئەو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییە جیاوازانە دەبێتە شوێنی نیگای ڕەخنەگرانەیان تا مەملەکەتەکانی نایەکسانی پێبدۆزنەوە. بەڵام ئەم نیگایە، خود بەخود لە ئینساندا دروستنابێت و ئەوە هەموو ئەندامەکانی کۆمەڵگە نین کە سوودمەندی خوڵقاندنی دنیایەکی یەکسانیخوازانەی نێوان ڕەگەزەکانن. کەسێک دەتوانێت ئەم ڕێگایە بگرێتە بەر کە پێیوابێت پرسی نایەکسانی ڕەگەزی بەرانبەر، بە تەنها گرفتی ئەوی دی بەرانبەر نییە و تۆیەکیش کە ئەم نایەکسانییە نەیگرتوویتەوە، بە جۆرێک دەکەویتە ناو داوەکانی کۆیلەبوونی ئەوی دیکەوە. پرسیاری یەکسانی بەرلەوەی خەبات بێت بۆ ڕزگارکرنی ئەوی نایەکسانی بەرانبەر، خەباتە بۆ ڕزگارکردنی خۆ لەو هەموو پێوەر و بەها و ستراکتۆرانەی کە تۆ دەکاتە سەرەک کۆیلەی ڕاگرتنی ئەم سیستەمی کۆیلەدارییە. بە بڕوای من، تێکشکاندنی ئەو زمانەی نێرسالاری بەرهەمدەهێنێتەوە، بە تەنیا کارێک نییە کە لە بواری ئەدەبدا دەکرێ بەشوێن تەنگ پێهەڵچنینتیەوە بیت. نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان لە هەوادا ڕوونادات و بەشکیکی دانەبڕاوی ئەو نابەرابەرییە پەرگیر و هەمەلایەنەیە کە سیسەتەمی ئابووری کۆمەڵگە دووبارە بەرهەمی دەهێنێتەوە. تۆ بۆ ئەوەی قازانجێکی زیاتر بکەیت، دەبێت کرێیەکی کەمی مەمرە و مژی بدەیتە کیژۆلەیەکی بەنگلادیشی و پاساو بۆ ئەم کۆیلەدارییە لەوەدا بدۆزیتەوە کە ئەو کرێکارێکی بیانییە و ئەو کرێیەی لێرە وەریدەگرێت، کۆشێ خێزانی لە بەنگلادیش پێبەخێودەکرێت. کەمێ بێئینسافتریش بیت، ڕەشبوونی ڕەنگی ئەو دەکرێ ببێتە پاساوێکی دیکەی هەرزان. نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان، لە ناو سیستەمێکی چڕ و پڕی کۆمەڵایەتیدا کاردەکات کە سەرتاپای ئەو شوێنانەی پەیوەندی نێوان ئینسانەکانی تێدایە دەگرێتەوە. لە ئامۆژگارییەکانی ڕۆژنامەی هاوڵاتیدایە لە بەشی گۆشەی خانماندا کاتێک دەنووسێ: ” رێنمایی بۆ رێکخستنی ژووری منداڵی دوو نەفەری، چۆن دیکۆری بەلەکۆنەکەت دەکەیت.”. لە تیکستی گۆرانی بەیتبێژەکانی گەعدەی ئەو هەرزەکارانەدایە کە بێوەژن و بە گەلەمارەکردنیان لە پیاوێک، لە مکەبەرەکانیانەوە گوێچکە کەڕدەکات. لە ڕیپۆرتاژی تەلەفیزیۆنی ڕووداوی “شاهۆ ئەمین”دایە لەسەر ئەو گەنجانەی لە شاری جوانڕۆی کوردستانی ئێران کاتێک دەرەلنگی شەڕواڵەکانییان تەسک کردۆتەوە و بەمەش حەیای جلی پیاوانەی کوردییان بردووە و دەبێ نەفرەت بکرێن. لە سەربەزی ئەو مەلایەدایە کە پێیوایە لە پاسدا دانیشتن لە تەنیشتی کچێکەوە، ئەگەر عەورەت بەرزبوونەوی لێنەکەوتەوە، بڕۆ حسابێک بۆ ناپیاوبوونی خۆت بکە. لە تیکستی ئەو داخوازینامانەی کاردایە کە مەرجی وەرگرتن تیایدا لە پرسگەی ئۆفیسێکی بچکۆلەیشدا، دەبێ تەمەنت لە خوار ٢٥ بێت و کچ بیت. لە ریکلامەکانی برنجی مەحموددایە. بۆ ڕاوەستانەوە لەبەرانبەر ئەم هێرشە سیستماتێک و هەمیشە ئامادەیە، سیاسەت و ستراتیژی دەوڵەتی دەوێت کە یەکسانی لە باخچەی ساوایانەوە بۆ پەروەردە وبازاڕی کار و کەرتی نیشتەچیبوون هەموو جومگەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەگرێتەوە. دانانی پلانی یەکسانی گەرەکە کە دەبێ دەوڵەت بچێتە ژیر بوودجەکەی. ئاخر دەمێکە ئەوە وتراوە کە یەکسانی پارەی تێدەچێت. لەم گۆشەنیگایەوە سەیری پرسیارەکەی ئێوە بکرێت، هەست دەکرێت تێکشکاندنی هەژموونی ئەم زمانە نێرسالارییە، سەدەها جۆری زمانی دیکەی دەوێ کە لەبەرانبەر نایەکسانی و دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانیدا، هەژموونی بە زمانەکانی خۆی بدات.

تێبینی : وەڵامی بەکر ئەحمەد، بۆ بەشداری لەتەوەرەی ئەم ژمارەیەی پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیریی زۆر درێژ بوو و ئێمە هەر ئەوەندەمان لێ هەڵبژارد. بەڵام لەژمارەی داهاتوودا تەواوی نووسینەکە بڵاودەکەینەوە.

ڕۆژ هەڵەبجەیی

ئه‌م پرسیاره‌ درێژه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌تا ئێستا. جۆره‌ پرسیارێكه‌ چه‌نده‌ ڕوونه‌ ئه‌وه‌نده‌ قووڵ..ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی‌ مێژوو هه‌ڵده‌ینه‌وه‌، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ژموونی‌ زمانی‌ نێرسالاری‌ به‌ گشتی‌ ئه‌ده‌بی كوردی‌ داگیر كردووه‌. ئیتر ئایا شیعر بێت یان ژانرێكی‌ تری‌ ئه‌ده‌ب..ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م هه‌ژموونه‌ هه‌تا ئێستا دیارده‌یه‌كه‌ هه‌ستی‌ پێده‌كرێت و له‌ تێكسته‌كاندا كه‌ به‌ ئاقاری‌ ئه‌و هه‌ژموونه‌دا چووه‌، لێ ئه‌گه‌ر هۆشیاری‌ هه‌بێت؛ ده‌توانین كه‌مێك له‌و هه‌ژموونه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه.‌ نووسه‌ران و ئه‌دیبان ده‌بێت هه‌میشه‌ دوو سیفه‌تیان هه‌بێ، هۆشیاری‌ و یاخی‌ بوون. كه‌ ئه‌و دوو سیفه‌ته‌ هه‌بوو پێم وایه‌ ئه‌و هه‌ژموونه‌ تێده‌په‌ڕێت، ئه‌ویش به‌ هه‌وڵدان. تاڕاده‌یه‌ك نووسه‌رانی‌ ژن توانیویانه‌ به‌زمانی‌ خودی‌ خۆیان نووسینه‌كانیان په‌خش بكه‌ن ئه‌ویش ئه‌و ژنانه‌ ده‌توانن كه‌ یاخیبوونیان تێدایه‌ كه‌ سڵ له‌ كلتووری‌ ڕزیوی‌ كۆمه‌ڵكه‌ ناكه‌نه‌وه‌ .
ئه‌وه‌ی‌ ناخییان ده‌یه‌وێ‌ ده‌ینووسن. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌تا ئێستا به‌شێكیان ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ ده‌قه‌كانیان بكه‌ین؛ واده‌زانین پیاو نووسیویه‌تی‌ نه‌ك ژن. هۆكاریش زۆره‌ وه‌ك وتم ناتوانن كلتوور تێپه‌ڕێنن، یان كه‌ ده‌بنه‌ دایك و سه‌رقاڵی‌ ماڵ و مناڵ ده‌بن ورده‌ ورده‌ ئه‌و ئازادییه‌ی‌ هه‌یانه‌ كاڵ ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و یاخیبوونه‌ی‌ ده‌یانه‌وێ ده‌ری‌ ببڕن ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت. بۆیه‌ جارێكی‌ تر هه‌ژموونی‌ نێرسالاری‌ باڵاده‌ست ده‌بێت. نووسین له‌خودی‌ خۆیدا ئازادییه.‌ ناكرێ نووسه‌ر بین و خودی‌ خۆمان نه‌بین. ئه‌گه‌ر ژن بین و نووسینه‌كانمان بۆنی‌ ئه‌و هه‌ژموونه‌ی‌ لێبێت، باشتره‌ نه‌نووسین، چونكه‌ ناكرێت نووسه‌ر ڕاستگۆ نه‌بێت له‌گه‌ڵ خودی‌ خۆیا. به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ ك‌لتوور هه‌ن هه‌تا ئێستا درێژه‌یان هه‌یه‌ وه‌ك ململانێی‌ ئه‌وه‌ هه‌ژموونه‌ی‌ پیاوان ناهێڵن ژنی‌ نووسه‌ر ده‌ركه‌وێت و له‌خۆیان باشتر بنووسن. بڕوایان به‌وه‌ نییه‌ نووسین جه‌مسه‌ری‌ خه‌یاڵه.‌ كێ خه‌یاڵی‌ فراوان بوو ئه‌وه‌ ده‌توانێت جوانتر و به‌پێز بنووسێت. به‌ڕای‌ من چی‌ بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌ژموونه‌ كاڵ بێته‌وه‌ ژنان ده‌بێت بڕوایان به‌خودی‌ خۆیان هه‌بێت..ده‌بێت بیسه‌لمێنن ئه‌وانیش ده‌توانن باش بنووسن و جورئه‌تی‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن له‌گه‌ڵ كلتووری‌ ڕزیوودا نه‌ڕۆن. ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت نووسه‌ر و شاعیری‌ باش بن، ده‌بێت سڵ نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ نووسین و به‌زمانی‌ ژنانه‌ی‌ خۆیان بنووسن. لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ جیاوازی‌ بكه‌م له‌نێوان ئه‌ده‌بی‌ ژن و پیاو، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ڕاستگۆ بن له‌گه‌ڵ خودی‌ خۆیان به‌رامبه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ ده‌ینووسن. ته‌نها ئه‌م بوێرییه‌ ده‌بێت خۆیان بیسه‌نن كه‌س ئازادیی ناداته‌ هیچ كه‌س. من وه‌ك خۆم كه‌ ده‌نووسم ئه‌وه‌ هه‌ژموونه‌ له‌لای‌ من نییه‌ تا بڵێم ڕێگره‌. هه‌ر به‌وه‌ تێك ده‌شكێنرێت هۆشاریی و یاخیبوون بكه‌ینه‌ جه‌مسه‌ری‌ خه‌یاڵه‌وه‌. له‌وه‌ زیاتر پێموایه‌ ناتوانین هه‌ژموونی‌ نێرسالاری‌ تێكبشكێنین.

ئامادەکردنی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress