Skip to Content

خوێندنەوەیەکی ئەنارکی بۆ کتێبی ” کۆمۆنیزمی نوێ”.. ئاسۆ کمال

خوێندنەوەیەکی ئەنارکی بۆ کتێبی ” کۆمۆنیزمی نوێ”.. ئاسۆ کمال

Be First!
by ئه‌یلول 20, 2025 General, Opinion

هاوڕێ زاهیر باهیر خوێندنەوەیەکی بۆ کتێبی ” کۆمۆنیزمی نوێ” کردوە، کە بۆچونێکی جیاوازی هەیە سەبارەت بە مەسەلەی حزبی کرێکاری. گرنگی ئەم دایەلۆگەی ئێمە لەوەدایە کە سەبارەت بەو فاکت و ڕاستیانە قسەدەکەین کە لە دەرەوەی باوەڕی ئێمە هەن، وە ڕاستی یان نادروستی ئایدیۆژیا و بیروڕای خۆمان لە پەیوەند بەو کارە مێژوویی و پراتیکانەی ئێستاوە هەڵدەسەنگێنین. هاوکات گرنگی ئەم باسانەمان لەوەدایە کە لەسەر ئامڕازەکانی ئێستا و داهاتووی خەباتی سۆشیالیستی قسەدەکەین و لە ڕێگەی ئەم بیرکردنەوە ڕەخنەگرانەوە دەمانەوێ ڕێڕەوێکی نوێی خەبات دژی سیستمی سەرمایەداری بدۆزینەوە. ئەم گفتوگۆیانەی نێوان بۆچون و ڕیبازە فکری و سیاسیەکانی نێو خەباتی دژی کاپیتالیستی گرنگیشە چونکە دەتوانێ لەم ڕێگەیەوە گرفت و نەریتە سێکتاریستی و چەق بەستوەکانی زاڵی ئێستا لەسەر ڕێگای ئامانج و کاری هاوبەشمان لابەرێت و یەکگرتووی سەرجەم ئەم بزوتنەوەیە مسۆگەر بکا.

لە کتێبی ” کۆمۆنیزمی نوێ”دا من دیاردەی حزبی کرێکاری و گۆڕان بەسەر شێوازەکانی حزب و جێگای ئەم ئامڕازە لە خەباتی چینایەتی و سیاسی چینی کرێکار و بزوتنەوەی سۆشیالیستی لە مێژووی سەدەی ١٩ و د٠ دا باسکردوە. بەپێی ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییە شێوازەکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران، پارتە سۆشیال دیموکراتەکان، بەلشەفیزم و ترۆتسکیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاریم هەڵسەنگاندوە. دواتر ئەنجامگیریەکم لەو مێژووە کردوە کە تیایدا سۆشیالیزمی باو و زاڵ سۆشیالیزمی دەوڵەتی بووە و ئەمەش هۆکاری مانەوەی ئەو جۆرە ڕیکخراو و حزبە کۆمۆنیستیانە بوون، کە لە سەدەی بیستدا و تا ئێستاش بونیان هەیە، لەوەی نەیانتوانیوە و ناتوانن لە ئیستاشدا ببنە ئامڕازی چینی کرێکار بۆ یەکگرتوکردنی سەرجەم چینەکە و گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری. هەربۆیە ئەمڕۆ پێویستمان بە جۆرێکی تر لە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمێکی نوێ هەیە و بەم پێیەش جۆرێکی تر لە ڕێکخراو و حزبی کرێکاریە.

بۆچونەکانی هاوڕێ زاهیر سەبارەت بە حزب ناکۆکی لەگەڵ ئەم لێکدانەوەیە و ئەنجامگیریەکانی مندا هەیە.
ئەو بە پێی باوەڕی ئانارکیستانە تیڕوانینی سەبارەت بە حزب و دەوڵەت و سیستمی سەرمایەداری جیاوازە و پێی وانیە کە حزب و دەوڵەت وەک ئامڕازی چینەکان لە خەباتی چینایەتیدا کاردەکەن. هەروەها پێشی وانیە کە سیستمی سەرمایەداریش لە سەر بنەمای ناکۆکی چینەکان و ململانێی نیوان دوو چینی سەرەکی کرێکاران وسەرمایەداران دەچێتە پیشەوە و چارەنوسی یەکلایی دەکرێتەوە. من بۆچون و ڕەخنەی خۆمم سەبارەت بەم تێروانین و باسانەی ئەو لە وتارێکی پێشتردا خستۆتەڕوو، بەناوی “دایەلۆگێک لەگەڵ هاوڕێیەکی ئەنارکیدا” ، تیایدا ڕەخنە و جەدەلەکانی نێوان “مارکس لەگەڵ پرۆدۆن و باکۆنین” و ڕەخنەی من لە بۆچونی “بوکچین”م خستۆتەڕوو، وە وەک باک گراوندێک بۆ ئەم جەدەل و دایەلۆگە سودبەخشە بخوێنرێتەوە.

بەڵام ئاستی باسەکەی ئێمە لەم وتارەدا لەسەر ڕاستییە مێژووییەکان و فاکتی شۆڕشە سۆشیالیستیەکان و ڕۆڵی حزبە کرێکاری و کۆمۆنیستیەکانە. ئەم میتۆدە ڕێگامان بۆ دەکاتەوە کە ئێمە تەنیا خەریکی وتنەوەی میراتی فکری و دوبارەکردنەوەی مۆدێلی کۆنی ڕیکخراوەیی نەبین و بەڵکو لە هەڵسەنگاندنی ئەو مێژووەوە بگەین بە دۆزینەوەی هۆکارەکانی لاوازی و پەرژوبڵاوی ئێستامان. لێرەوە دێینە سەر ئارگومێنت و جەدەل لەسەر ئەوەی؛ بۆچی حزبی کرێکاری ناتوانێ کۆمەڵگە ڕزگاربکا و سۆشیالیزم دامەزرێنێ؟ ئایا مێژووی کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ مێژووی چینی کرێکارە یان مێژووی سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکانە؟ ئایا حزبی کرێکاری جۆرێکە لە سەندیکا؟ ئایا دەوڵەت ودەسەڵاتی سیاسی تاک حزبیە یان فرە حزبیە؟ ئایا بە گۆڕانی حزبی بیرۆکراتی بۆ دیموکراتی کێشەی حزبە سۆشیالیستەکانی ئێستا چارەسەر دەبن؟

قسەی مارکس پیرۆز و ڕەهای ئاینی نیە!

نزیکایەتی و جیاوازی بوچون و پراتیکە کۆمۆنیستی و ئانارکیستیەکان لە دوو سەدەی ڕابردوودا خۆی نیشانەی زیندویەتی خەباتی بەشە جۆراوجۆرەکانی کرێکارانە کە ڕێگای جیاواز و هاوکاری یەکتر تاقی دەکەنەوە بۆ کۆتایی هێنان بە سیستمی زاڵی سەرمایەداری. ئەم گفتوگۆ و جەدەلانەمان پێویستە لە چوارچێوەی کیشەی نیوان مارکس و پرۆدۆن و باکۆنین و ئەنگلس و لینین و بوکچین زیاتر بڕوا. بەوەی لەو پراتیک و ئەزمونانەی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالسیتیەوە ئێمە ئەمڕۆ بگەین بە دەرس وەرگرتن لەو ڕابردوە و شێوازی بیرکردنەوە و پراتیکی نوێ دابهێنین، کە هی سەردەمی پێش خۆمان نیە و بەمەش بون و ڕاستی فکر و پراتیکی خۆمان و زیندویەتی بزوتنەوەکەمان بسەلمێنین. ئەمە وەلامێکە بۆ ئەو هاوڕییانەی کە بۆچونە نوێیەکانی ئێستا نابینن و هەموو بۆچونێک لە خانە و دابەشکردنە کۆنەکانی نێوان کۆمۆنیزم و ئەنارکیزمدا لە قاڵب دەدەن. لە کاتێکدا هەم کۆمۆنیزم و هەم ئەنارکیزم لەم دوو سەد ساڵەدا هەم گۆڕاون و هەم کاریگەریان لەسەر یەکتر داناوە و ئەمانە ڕاستی زیندویەتی بزوتنەوەی دژی کاپیتالیستی کرێکاران دەسەلمێنێ.
هەربۆیە من هاوڕام لەگەڵ هاوڕێ زاهیر دا کە دەڵێت: “پشکنین و خوێندنەوەمان بۆ ئەوەی واقیع لە هەموو بوارەکاندا بپێکێت دەبێت لە بازنەی شیتەڵکردنی مارکس و ئەنجلس چ بۆ سەردەمەکەیان و چ بۆ ئایندە و گەلێك لە بیرمەندە سۆشیالیستەکانی سەردەمی کۆنیش دەربچین. گەر ئاوا نەبێت هەر بە هەمان ئەنجام دەگەینەوە، گەرچی شیکردنەوەکانیشمان جیاواز بێت، بەراوردی ڕۆڵی ئەم حیزب و ئەو بزوتنەوە بە بڕگە و وتەکانی ئەوانەی سەردەمی کۆن بکەین .”

وەک دەبینن لە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ”دا خەتی سوور نیە بۆ ڕەخنە لە مارکس یان ئەنگلس، یان لینین و ترۆتسکی، یان مەنسور حیکمەت و یان هیچ کەسێکی تر. چونکە وەک ئەنگلس لە کتێبی “دیالەکتیکی سروشت” دا دەڵێ” فکری تیۆری هەر سەردەمێک ، ئەم سەردەمەشمان، بەرهەمێکی مێژووییە کە ، لە سەردەمە جیاوازەکاندا ، شێوازی زۆر جیاواز و ناوەرۆکی زۆر جیاواز لە خۆدەگرێ. بەم پێیە ، زانستی فکر ، وەک هەر زانستێکی تر، زانستی گەشەی مێژوویی فکری مرۆڤایەتیە.” ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەو کار و بۆچونانەی کۆمۆنیستەکانی پێشوو خۆی بەرهەمی دەورەیەکی مێژوویی بوون، لە ئەمڕۆدا ئێمە پێویستە پێوەر و بنەمای پشت بەستن بەو کار و بۆچونانە، سەلماندنی زانستیانە و پراکتیکانەی ئەو بۆچون و ئەزمونانە بێت، نەک ئەوەی کە چ کەسیک قسەکەی کردوە یان بەو کارە هەڵساوە، واتە شەخسەکان پێوەر نین. هەر بۆیە لەسەراپای ئەو کتێبەدا کاتێک قسەی کەسانی وەک مارکس و ئەنگلس و ئەوانی ترم هێناوەتە، بۆ خستنەڕووی بۆچون و کارەکانی ئەو سەردەمە مێژووییە بوە کە ئەم کەسانە دەوریان تێدا گێڕاوە. هەربۆیە لەگەڵ ئەوەدام وەک هاوڕی زاهیر دەڵێ کە ” نابێت تێکستەکانی مارکس وەکو تێکستەکانی قورئان بەکاربهێنرێت.”

باوەڕی من بە حزب و کاری سیاسی ئاکامی ئەوە نیە کە کەسێکی گرنگ، وەک مارکس، باسی کردوە، بەڵکو ئەم باوەڕە لای چینی کرێکار بەرهەمی دوو سەدە لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شۆڕش و مانگرتن و خەباتێکی چینایەتی بەردەوامە. بە پێچەوانەی بۆچونی هاوڕێ زاهیرەوە کە دەڵێ ” راستییەکە ئەوەیە چینی کریکار لە بەرانبەر سەرمایەداریدا خەباتێکی ئابووری چینایەتی دەکات، نەك خەباتێکی چینایەتی، جونکە کە وتمان خەباتی چینایەیی خەباتی ئابووری تێدەپەڕێنێت و لایەنەکانی دیکەی خەباتیش دەگریتەوە. کەواتە وەکو لە سەرەوە باسم کرد ئەرکی ئەمان ئەرکی دەسەڵاتگرتنە دەستی سیاسی نییە و کۆتاییهێنان بە سیستمی سەرمایەداری نییە” .

لەم بۆچونەی هاوڕێ زاهیردا کرێکار تەنیا وەک تاکەکەسێک یان وەک چەند کەسی خاوەن پیشەی کرێکاری، تەنیا ئامڕاز و بونەوەرێکی ئابورین کە کاردەکەن تا بژین، وە لە پێناو گوزەراندا خەباتی ئابوریش دەکەن. ئەم تێگەیشتنە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری نەک هەر سادەیە و لەگەڵ ئاڵۆزی سیستمی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرمایەداریدا نایەتەوە، بەڵکو لە تێڕوانینیشدا بۆ مرۆڤ زۆر بەرتەسک و تاک ڕەهەندە. کرێکار وەک بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی چەند ڕەهەند، تەنیا خەریکی کاری ئابوری بۆ مانەوەی ژیان نیە، بەڵکو خەباتی لە پێناو باشترکردنی ژیانیدا خەباتێکی سیاسیشە دژی ئەو چینە سەرمایەدارە کە کرێکارانی لە کۆیلایەتی کاری کرێ گرتەدا هێشتۆتەوە. واتە خەبات دژی دەسەڵات و موڵکایەتی بورژوازی دەکا کە کرێکاری کۆیلەکردوە. لە دوو سەدە ئەزموندا کرێکاران زۆر شت فێربوون لە بواری سیاسەتدا و ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی بورژوازی و دامودەزگاکانی، دەرسیان وەرگرتوە لە مانگرتن و شۆڕشدا،وە شکڵ و فۆرمی جیاوازی ڕیکخراوبونیان بۆ سەرخستنی ئەم خەباتە تاقیکردۆتەوە و گۆڕانکاریان بەسەر ئەم ئامڕازانەدا هێناوە. ئەمانە ڕاستیەکن کە ناتوانین بەهۆی باوەڕنەبونمان بە مارکس بتوانین حاشا لە خەباتی چینایەتی و سیاسی کرێکاران دژی بورژوازی بکەین لەم دوو سەدەیەدا کە ڕابردووە. وە ئەگەر باسی فاکت بکەین ئەم بۆچون و باوەڕەی هاوڕێ زاهیر لە هەر کوێوە هاتبی، پرۆدۆن بێ یان باکۆنین یان بوکچین، ڕاست نیە کە بڵییت ” راستییەکە ئەوەیە چینی کریکار لە بەرانبەر سەرمایەداریدا خەباتێکی ئابووری چینایەتی دەکات، نەك خەباتێکی چینایەتی”.

ئەوەی کە کرێکارانی فێری سیاسەت و حزبایەتی و شۆڕش کردوە خودی خۆیان بوون، کە لەو خەباتە ناچاری و ڕۆژانە و بەردەوامەدا دژی سەرجەم سیستمی سەرمایەداری فێری بوون، نەک ئەوەی مارکس یان لینین یان کەسێکی تر فێری کردبن. مارکس و کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانی تر سەرەڕای هەر دەور و ڕۆڵێک کە وەک تاک هەیان بوبێت، ئەوان خۆیان مێژووی خەباتی چینایەتی کرێکاران دروستی کردون و بەهۆی دۆخی ئەو خەباتە چیناتیەوە توانیویانە ئەو دەور و نەخشە بگێرن، نەک ئەم فەرد و تاکەکەسانە مێژووییان دروست کردبێت. ئەمە تێگەیشتنی مەتریالیستیە لە مێژووی دوو سەدەی ١٩ و ٢٠ چینی کرێکار. هەربۆیە ئێستا بە ڕەخنە لەمارکس و لینین ناتوانین باسی ڕێکخراوبون و شۆڕش لەلای چینی کرێکار بسڕینەوە، بەڵکو دەبێ لەو خەباتە واقعیەی چینی کرێکار تێبگەین و هۆکاری لاوازی تا ئێستای ئاستی یەکگرتوبون و ڕێکخراوبون دەستنیشان بکەین و ڕیگاکانی چۆنیەتی گۆڕانکاریەکانی ئامڕازەکان و شێوازەکانی بدۆزینەوە. هەوڵی من لە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ”دا بۆ خستنەڕووی ڕەخنە لە شێوازی حزب و گروپە کرێکاری و کۆمۆنیستە پەرژوبڵاوەکانی ئێستا ودۆزینەوەی شێوازی نوێی ڕێکخراوبونە و ڕەخنە لە کەموکوڕیەکانی جۆری حزب و ڕیکخراوی سیاسی کرێکاریە کە سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی بیست دروستیکردوە.

هیچ فۆرمێکی حزبی ڕەها و نەگۆڕ نیە!

بەپێی قۆناغەکانی گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری و دۆخی خەباتی چینایەتی کرێکاران فۆرم وشێوازی ڕیکخراوی سیاسی و جەماوەری چینی کرێکاریش گۆڕانی بەسەردا هاتوە. بۆ نمونە، من ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران(١٨٦٤ تا ١٨٧٤) وەک پارادایم ونمونەی سەرکەوتو لە یەکگرتوکردنی ڕیزەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی هێناومەتەوە. هەر لێرەشەوە ئامانج وبنەماکانی ڕیکخراوەیی “ئەنتەرناسیونال”م وەک ڕیسایەکی دروست بۆ ڕیکخراو و حزبی کرێکاری داناوە. ئەمە نەک بۆ ئەوەی ئەو ڕیکخراوەیە و فۆرمەکەی بکەمە تەنیا فۆرمێک کە دەبێ ئێستا دوبارەی بکەینەوە. ئەوە مێژووی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی بوە کە ئەم فۆرمەی گۆڕیوە بە فۆرمێکی تری حزبە سۆشیال دیموکراتەکان، کە لە دەورانێکی ترو جیاوازدا گونجاو بوە لەگەڵ چوارچیوەی ئامانج و سیاسەتەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستیدا. بەم پێیە ئەگەر من پێ لەسەر ئەو ئامانج و شێوازەی یەکگرتوکردنی بەشە جیاجیاکانی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی دادەگرم بۆ دەرچون لە پەرژوبڵاوی و سێکتاریزمی باوی ئێستا، مەبەستم گەڕانەوە تەنیا بۆ ئەو فۆرمەی “ئەنتەرناسیونال” نیە، بەڵکو باسەکە سەبارەت بە دروستی وەرگرتنی ناوەرۆکی ئەو ئەزمونەی ڕێکخراوبونی فراوانە، کە توانیویەتی سەرکەوتوبێت لە یەکگرتوکردنی بەشەکانی بزوتنەوەکە لەو دەورانە مێژوویەدا.
یاخود ئەگەر باس لە گرنگی کۆمۆنە و شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆشیالسیتی دەکەم، باس لە گرنگی ناوەرۆکی ئەو ئەزمونە سیاسیە دەکەم، کە چۆن دەتوانین بورژوازی لە دەسەڵات بخەین، نەک دوبارەکردنەوەی هەمان ئەو هەنگاو و مۆدێلە سیاسی و ئابوریانەی لەو کاتەدا کۆمۆنارەکان و سۆشیالیستەکان و بەلشەفیەکان کردویانە. ڕەخنەکانم لە مۆدێلی بەلشەفی گرنگی ئەو هەنگاوە شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار و بەلشەفیەکان لە ڕوخانی دەسەڵاتی بورژوازی کەم ناکاتەوە. ئەمە داوای دوبارەکردنەوە و کۆپی کۆمۆنە و دەوڵەتی سۆڤێتی بەلشەفیەکان نیە، بەڵکو باسە لەوەی کە ئەو جۆرانە لە دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتی کرێکاری دەبێ چۆن وەک ڕێکخراوی سیاسی و پراتیکی سیاسی کرێکاران لەو دەورەیەدا هەڵسەنگێنین و بزانین دەبێ لە شێوازی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی سیاسی چ نمونە و پارادایمێکی جیاواز نیشان بدەین کە کەموکوڕی و هەڵەی ئەو شۆڕشانەی پێشوو دوبارەنەکاتەوە تاکو بتوانین شۆڕشە سۆشیالیستیەکانی داهاتومان سەرکەوتوبێت لە دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی دا.
لە راستیدا خۆی لە پرۆسەی ئەم شۆڕشە بەردەوامە مێژووییەی چینی کرێکاردایە کە خودی تێگەیشتنی کرێکاران و کۆمۆنیستەکانیش سەبارەت بە ڕێکخراوبون و شۆڕشی سۆشیالسیتی و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی و دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگیش گۆڕانی بەسەردا دێت و بەرەوپیشەوە دەچێ.
لێرەدا هاوڕێ زاهیر ناڕەزایەتی دەردەبڕێ کاتێک من وتومە ” تەجروبەی هەژمونی پەیداکردنی کۆمۆنیزم و سەرکەوتنی حزبی سیاسی کرێکاران لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دامودەزگای دەسەلاتدارێتی بورژوازی لە روسیادا، چینی ئێمە فێری بووە.”

ئەو دەڵێت” لەم سەردەمەدا دەژیت وەکو من، کەسمان ناتوانێت ئەوەی کە تۆ نوسیوتە و لەو بڕگەیدا هاتووە بیسەلمێنێت. ئەو واقیعەی کە ئێستا کرێکارانی تێدایە واقیعی بێ باوەڕییە بە گۆڕانکاری بنەڕەتی، بێ متمانەییە بە خۆی، بێ هێزی و لاوازییە. دەی ئەگەر وا نییە بۆچی بزوتنەوەی کرێکاران تەنانەت نەك هەر ناتوانن داخوازییەکی نوێ بەدەستبهێنن بەڵکو ناتوانن پارێزگاری لەوانەش بکەن کە پەنجا، شەست ساڵ لەمەوبەر بەدەستهێنراون .”

ئەم تەجروبە فکری و سیاسیانە لە پرۆسەیەکی مێژوویدا کەڵەکە دەبن و شکڵ دەدەن بە هەنگاوەکانی داهاتووی شۆڕشی سۆشیالیستی. ئەمە بۆ بورژوازی و هەموو چینەکانی تریش کە لە پرۆسەی شۆڕش دژی سیستمی پێش خۆیان بەشداریان کردوە بەم شێوەیە بوە. شۆڕشی بورژوازی فەرەنسە ١٧٨٩نمونە و پارادایمی گۆڕینی دەسەلاتی سیاسی پاشایەتی و دەرەبەگایەتی بوە و لە قۆناغی جیاجیا و مێژووی جیاجیادا بورژوازی لە هەموو جیهاندا دەرسی لێوەرگرتوە و فێری بوە و هەژمونی لەنێو چینی بورژوازیدا پەیداکردوە.
ئەم ڕاستیە بۆ چینی کرێکاریش وایە کە ئەگەر بیر لە گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری بکاتەوە و دەست ببات بۆ شۆڕش و گۆڕینی دەسەڵات ئەوا سەیری تەجروبەی کۆمۆنەی پاریس و ئۆکتۆبەری ڕوسیا دەکات و دەرسی لێوەردەگرێ. بۆ بینینی ڕاستی ئەوەی چینی کرێکار لە ئێستادا لە کۆمۆنە و ئۆکتۆبەرەوە فێربوە ئەوە لە پرۆسەیەکدا دەردەکەوێ، نەک وەک هاوڕێ زاهیر پێی وایە، ئەبوایە ئێستا کرێکاران لە شۆڕش و گرتنی دەسەڵاتدا بونایە، ئەگەر دەرسیان لەو ئەزمونانە وەرگرتبێ.

پرۆسەی میژوویی گۆرینی سیستمی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و شۆڕشە کۆمەڵایەتیەکان بەم شێوە سادەیە نیە و پڕە لە هەوراز و نشێو و سەرکەوتن و شکست و دوبارە هەستانەوە. ئەم پرۆسە شۆڕشگێرانەیە لە فکر و بیر و مۆدێلی سیاسی و ڕیکخراوەییشدا بەم شێوازە ئاڵۆز و دیالەکتیکیە دەچێتە پێش. بەپێی گۆڕانی دۆخی ئابوری و سیاسی کۆمەڵگە و کاریگەری لەسەر جێگە و گۆڕانی پێکهاتەی چینی کرێکار و گەشەی ئەزمونی فکری و سیاسی شێوازەکانی ڕێکخراوبونی ئەم چینەش گۆڕانی بەسەردا دێت. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەی کردومە لە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” دا لەم گۆڕانکاریە مێژوویانە لە دیاردەی حزبدا لەخوارەوە وەڵامی ئەو پرسیار و بۆچون و ڕەخنانەی هاوڕێ زاهیر دەدەمەوە.


ئاسۆ کمال سێپتەمبەری ٢٠٢٥

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress