
ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلە چاوێکى ڕەخنەییدا-1-.. هەڵمەت بایز
بەشى یەکەم
بەپێى ئەوەى ئەدەبییاتى کوردى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتییەوە لەناو ئەرک و کایە و دۆخە جیاوازەکاندا ڕێڕەوێکى ئاگاییانە و هۆشیارانەى ناو بزاوتە مرۆیی و کۆمەڵایەتى و ئێستاتیکییەکانى هەیە. ئەو دەرفەتەى لە ئێستاشدا وەک توێژینەوەى ئەدەبی ئامادەیی هەیە، زۆر گرنگە. پویستە ئەو پڕۆژەیە وەک هەلێک لەناو کایە ئەدەبیاتناسیدا ڕۆڵەکەى بەرپرسیارانە و سەردەمییانە بێت. جوڵەى توێژینەوەکانى ئێستاى ئەدەبی کوردی لە یەک کاتدا دڵخۆش و دڵتەنگمان دەکات. لەلایەک دڵخۆشین کە ئەدەبیاتى کوردى لە ناو کایەى توێژینەوەى ئەدەبیدا وەک بزاوتێک سەرگەرمى ئەدەبیاتێکە کە بەشێکى گرنگى میراتى مێژوویی و هۆشیارى و کەلتوورى و نەتەویی مشتوماڵ دەکات. بەو تێگەیشتنە ئەدەبى کوردى ئامادەیی و چاوەڕوانى خوێندنەوەیی هەیە. لە ئێستاشدا گرنگە لەسەروبەندى دۆخى ئێستاى بێ بەهاکردن و وەلانانى بەها هونەرییەکان و قەیرانى شوناسە کەلتوورییەکان ڕۆڵى خۆى بگێڕێت. خۆشبەختانە کۆمەڵێک لاوى فێرخواز و ئارەزمەندانى دامەزراوەکانى دیکەى مەدەنى و حکوومى شانیان داتەوە خوێندن و تاسی خوێندن لە ئامانجەکانیاندا بووە بە ئەرک، دواجار یەکێک لەو ئەرکانەش دەبێتەوە ئامانج و مامەڵەیەکى کەلتوورناسانە و مەعریفەناسانەى لێ دێتەبەرهەم. ڕەنگە زۆرپرسیار لە ئەرک و ئامانجانەکانیشدا شیاوى باسکردن و شرۆڤەکردن بن، کە هەموو ئامانجەکانى ئێستاى خوێندنى باڵا وەک ئاستى چاوەڕوانییەکان نەبن، وەلێ ئەوەى گرنگە بەمۆدەبوونى خوێندنی باڵاش دەکرێت وەک یەکێک لە دیاردە ئەرێنییانەکان سەیربکرێت، ڕەنگە بەدیوە ئەرێنییەکە وەک بوارێکى کەلتوورى زۆر پێشهات و چاوەڕوانى بگرێتەخۆى.
دیوێکى دیکەى نیگەرانى ئێمە بۆ دۆخى خوێندنى باڵا لە بوارى ئەدەبیاتناسیدا ئەو پرسیارە وەڵامهەڵگرانەیە، کە بەردەوام لەو چەند ساڵەى ڕابردوو لە دیدێکى ڕەخنەییەوە لە دانیشتنە فەرمى و نافەمییەکان بەپێى پێویست باسمان کردووە، وەلێ لە ئێستادا لەگەڵ هاتنەپێشى تاوتوێکردنى دوا وەجبەى خوێندنى باڵا (ئێستا و چەند مانگى داهاتوو)، کە زۆرتر جێى هەڵوەستەیە و پێویستە بمانتاسێت. لەوهەلومەرجەدا بەو سەرنج و تێبینییانەى کە هەمانە، تێگەیشتنەکەى ئێمەى زیاتر دنەدا، بۆیە پێویستە هەڵوەستەیەکى جیدى هەمەلایەنتر و گشتگیرترى بۆ بکرێت، تا ئەو هەوڵانەى دەخرێنەگەڕ لە هەرسێ گۆشەى قوتابیی و مامۆستا و کارگێڕیی لێژنەى زانستى، شرۆڤە بکرێن و بخرێنە چوارچێوەیەکى بەرپرسیارانە و مامەڵەیەکى ڕەتدانەوەیی و بەرهەڵستییانە لەهەمبەر تێگەیشتنى ڕووکەشى و کلاسیکییانە بۆ بژاردەى ناونیشان و شێواز و مێتۆدەکانى ئیشکردنى نامەى ماستەر و دکتۆراى ئەدەبیاتناسی بکرێت.
سەرەتا سەرنج و دیدە ڕەخنەییەکە دەبەستینەوە بە هەرسێ گۆشەى قوتابی و مامۆستا و لێژنەى زانستى. لە تەوەرەى قوتابیدا، کاتێک خوێندکار ڕوودەکاتە خوێندنى باڵا، ئاستلاوازى و بێ ئەزموونى قوتابی زانکۆ لە بارێکى زۆرسادەدا وەک نەخوێندنەوە لە زانکۆ و بەپیشەنەبوونى خوێندنەوە دواى قۆناغى زانکۆ، دوور لە تێگەیشتن لە کایەى کەلتوورناسی و بژاردەى ئامانجى بڕوانامەیی و دووربوون لەو حەز و ویستى خەسڵەتى ئەدەبی وەک بوارێکى ئێستاتیکى، هۆکارى سەرەکین لە گۆشەى قوتایبی، کە بەهۆیەوە ناتوانێت بژاردەى ناونیشانێک بکات، تەنانەت ئەو مێتۆد و ڕێگا و شێواز و پاردایمانەش ناناسێت، کە پێویستن لە توێژنەوەى زانستیدا هەبن، بۆیە بەو تێگەیشتنە ئەو پێشهاتانەى کە ڕوودەدان، ناونیشانێکى بێ ئامانج و ئاسانکراو و نووسینێکى هەرەمەییانەى دوور لە مێتودۆ تیۆر و پارادایمێکى ڕەخنەیی و تەفسیرى و گوتاریی دێتە کایەوە دواجاریش ئەو کەلێنە پڕناکاتەوە، کە لە دۆخى ئێستاى توێژینەوەى ئەدەبی و ڕەخنەیی پێویستییەتى.
بژاردەى پڕۆژە نووسینى ماستەر و دکتۆرا لە گۆشەى مامۆستاوە، ئاراستەیەکى فرەجەمسەرە. بەپرسیارییەتییەکى زیاتر بە پێى پێگەى مامۆستا، دەبێتە بەشێک لە کێشەى باسکراو. مامۆستاى سەرپەرشت یان ورتر بڵێن زۆر جار لە قۆناغى پێش سەرپەرشتى گەڵاکردنى نووسینى ماستەر و دکتۆرا دێتەکایەوە. زۆر بە سادەیی دانانى ناونیشان لە زۆربەى جاردا لە ڕوانگەى مامۆستاوە دادەنرێت، زیاتر بەهۆى ئەو گرفتانەى وەک پێشتر لە بارى قوتابی باسمان کرد. بژاردەى ناونیشان لاى مامۆستا کەمجار لە ئاستى قوتابییان وەک تێپەڕاندانى ئاستى زانستى ڕوودەدات، چونکە پاشخانى لەباردانەبوو بە ئاسانى ناگۆڕێت. بەدیوێکى دیکەش بژاردەى ئەو ناونیشانە پەیوەندى بەتێگەیشتن و پاشخانى مامۆستاکەشەوە هەیە، کە چۆن دەڕوانێتە نووسین و ئامانجى نووسین و مێتۆدى نووسین و پێویستییە هەنووکەیی و کردارییەکانى ئێستاى ئەدەبیاتناسی کوردی، بۆیە بەشێک لەو ناونیشانانەى لە ئێستادا دەخرێنەڕوو و ڕۆژانە تاوتوێ دەکرێن، بەپرسیارییەتى یەکەم مامۆستاى سەرپەرشتە، بەدیوێکى دیکە مامۆستاى سەرپەرشیتی دەکەوێتە دۆخى هەمان پرسیارى قوتابی: بۆچى ئەو ناونیشانە؟
بۆ تێپەڕاندنێک و بازدانێک لە بژاردەى ناونیشاندا ناکرێت؟ بۆ بەردەوام ئەو ناونیشانە لێکچوو و مۆدانە دووبارە دەبنەوە کە زنجیرەیەک ماستەرنامە و دکتۆرانامە لەیەک بوارى تەکنیکى زۆر ساکار دەنووسرێن؟ واتە دەکرێت بڵێین ئەو جیهانبینییەى لە ئارادایە وەک نەبوونى گوتارى رەخنەیی و فرە تیۆرى خوێندنەوەى ئەدەبیاتناسی کوردى بەپرسیارییەتى مامۆستایە. دیوێکى ئاگاییانەى بۆ دەرچووون لەو چوارچێوەیە نییە، کە پێویستە لە ئێستادا توێژینەوەى ئەدەبی کوردى لێى دەربچێت. ئەگەر واقیع حاڵى قوتابیش لاى مامۆستا هەر ئەوەیە کە هەیە، ئەمەش دیسان بەپرسیارانەترە ئێمە لەو دۆخە بمێنیینەوە، کە پێى دەوترێت پۆپۆلیستى ئەکادیمى، بۆیە لە هەر دووباردا مامۆستا بەپرسیاری یەکەمە لە بڕیاردان و مانەوە خراپى باشى نووسین، لەو کەلێن و پێویستییانەى پڕى دەکاتەوە یان پڕى ناکاتەوە.
تەوەرەى لێژنەى زانستى تەوەرەیەکى زۆر بەپرسیارانەیە، چونکە لایەک لەدەستەیەک یان کۆمەڵێک مامۆستا ڕەزامەندن و بڕیار لەسە ئەوەدەدەن کەچى پەسەندە و چى پەسەند نییە، بەلایەکى دیکە بەداخەوە لێژنەى زانستى بەشە کوردییەکان بەو لێکەوتانەى کە هەن و دەیان بینین، پلان و نەخشەڕێگایەکى ئەوتۆ بەدی ناکرێت، تا ئاستى پێویستى کردارى و زانستى بۆ ڕووماڵى پڕۆژەى نووسینى ماستەر و دکتۆرا، قوتابییە وەرگیراوەکانى زانکۆ هان بدرێن، بەتایبەتى لە ئێستادا لە هەموو لە ڕووى چەنداییەتییەوە ژمارەیەکى زۆرى فێرخواز هەن، دەکرێت سوودێکى کردارییانەى پلان بۆدانراو لەو کەلێنە زانستییانەیان بۆ پێشنیاز بکرێت کە توانستەکانى قوتابییانى تێدا تاقیبکرێنەوە و پڕبەرهەم بەرهەم بێت. بە پێى پێویستى ئێستاى ئەدەبی کوردى و بەپێى مێتۆدە نوێیەکانى ئێستاى ڕەخنەى ئەدەبی و چەمکە نوێیەکانى دیکەى تیۆرى و مێژوویى ئەدەبی و تیۆرەکانى پاشمۆدێڕن و بۆ کایەکانى ژانر و جۆرە ئەدەبییەکان بخەنەڕوو، کە بۆشاییەکى یەکجار زۆرى دابڕان هەیە، هاوڕەوتى ئاگاییانەى تیۆرى حاڵى حازرى دنیاى ئەکادیمى نییە. هەڵبەتە ئەمەش بە ئەزموونێکى هەمەلایەنەى زانستى لەباردابوو دەکرێت، نەک بەتەنها هاندان، بەڵکوو پڕژەیەکى تەواوکارییە لە پێش خوێندنى باڵاو و جۆرى بابەتى خوێندراوى کۆرسەکانى خوێندنى باڵا و توانستى مامۆستایانەوە هەیە. ئەمەش هەمان ئەو پاشخانەى دەوێت کە پێویستە ئەزموونى نوێکارى بەردەوامى خوێندنەوە و ئاگایی تیۆرى و نێوان پسۆرى مامۆستایان و سیاسەتى بەشەکە هەیبێت.
ئەوەى ئێستا دەگوزرێت، پێویستى بە هەڵوەستەکردن هەیە و لە ئاستى دەستەجەمعیدا پێویستى بە پێداچوونەوەیەکى قوڵتر هەیە، تا لەو تیلەچاوەوە فراوانتر وەک پرسێکى سەرهەڵدراوە سەیر بکرێت. تا ئەم تێپەڕاندنە مۆدە ئەکادییمییە نەبێت گاڵتەجاڕى و بەشینەوەى بڕوانامە.
خوێندنى ئەدەبیاتناسی بەشێکە لە کەلتوورناسى و شوناسى نەتەوە، پێویستە لە ئاستێکى باڵاى بەرپرسیارییەتى مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت. دەبێت بەشە کوردییەکان بەشێک بن لە ڕەنگدانەوەى ئەو گوتار ناسنامەییەى ئێستا پێویستە بۆ نەوەى بانگەشەى بۆ بکرێت. بەتایبەتى لە دۆخى ئێستادا قەیرانى شوناس ئێمەى تەنیوە. ئەو خەرمانە دەوڵەمەنەى ئەدەبی کوردى کە لەگەڵ زۆربەى قۆناغەکاندا وەک پێویستى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى هاوڕەوت بووە و زۆر ئەرکى پێوستى جێبەجێکردووە، لە ئێستاشدا بەردەوامە ڕەهەندە ئێستاتیکى و داهێنانەکانى هاوڕەوتى دنیایە. ئەرکى هەنووکەیمانە دەستبەردارى ئەو ڕەوتە کلاسیکى و چەقبەستووە بین، بەرەوپیررى ئەو خوێندنەوەتازانە بین، ئەدەبیاتى ئێمەش چاوەڕانییەتى، تا لە ئاستى دنیاى ئێستاى کەلتووناسی دابێت، ئێمە لەو ڕایەڵەدا پچڕوا و تێ چەقیونەبین.
پێویستە مامۆستا و میکانیزمى نوێ و قوتابیی شیاو دڵخوازکەین، کە دەتوانن ئەو دنیایەمان بۆکەشف بکەن، کەهێشتا دیوەکانى ئەدەبیاتناسی بەهەموو لقەکانییەوە وەک مێژووی ئەدەب و ئەدەبی بەراورد و ئێستاتیکاى ئەدەبی و تیۆرى ئەدەبی و ڕەخنەی ئەدەبی زۆر بۆشایی و کەلێن لە چاوەڕوانى ئێمەدان. ڕێڕەوی ئەو یەکئاڕاستەیە بگۆڕین. لە زۆربەى باردا پاردایمى توێژینەوەى ئێمە وەک یەکمێتۆدى و یەکشێوازى و مەعریفەیەکى سنووردار و تەکنیکى ناسراو و دووبارەیە ئەمەش خوێندنەوە و پرۆسەیەکى فرە هزرى درێژ و بەردەوامى دەوێت. خۆخەریککردن بە چەمکى سواو و گێڕانەوەى سادە و دوبارەکردنەوەى شێوازەکانى پێشتر و نەبوونى چوارچێوەى مێتۆدى و بەکارنەهێنانى ئەو پارادایمەى کە کەڵکى توێژینەوە باشتر دەکات، دوور لە هەموو گوتارێکى ڕەخنەیی و توێژینەوەیی وایان کردووە، چیتر ئومێدکى ئەوتۆمان بە ئەرکى خوێندنى ئەدەبیتاناسی نەبێت، کە ئەرکێکى ئێستاتیکى و نەتەوەیی و ناسنامەیی و مێژوویى و دەلالی و مەعریفى و هزرى بۆ ئێمە بەرهەم دەهێنێت. پاڵپشت بەشێک لەو گرفتانەى خرانەڕوو بەشێوەیەکى گشتى وەک ئەو پرسیارە سادانەى تێدامان و تێچەقینى ئەو دۆخەن، زۆرجار لە باتى دڵخۆشبوون نیگەرانمان دەکەن.
هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران
٢٩/٩/٢٠٢٥
هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران
٢٩/٩/٢٠٢٥