Skip to Content

سەباح ڕەنجدەر و ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ).. ناڵە حەسەن

سەباح ڕەنجدەر و ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ).. ناڵە حەسەن

Closed
by نیسان 2, 2023 General, Literature

سەرزەمینی هەموو ناوەکان ، کتێبێکی شیعری سەباح ڕەنجدەری شاعیرە ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوبۆتەوە ، ئەم کتێبە شیعرییە ١٠ دەقی شیعری ناوازەی لەخۆگرتووە بەم ناوانە ،( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ، دەرکەوتنی سەر لەنوێ دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی ، دەنگ ، ناونیشان بۆ گۆڕەپانی جەنگەکان ، خاڵبەندی ، وەسیەت ، سیما و ساڵەکان لە پێ پیرۆزەوە ، سپی بەرەو ڕەش ، دیوانی مات ، مردووان گۆرانی زەوی دووەمیان دەڵێن ..) لە کۆتاییش ئاماژەیەکی کورتی ژیان و بەرهەمەکانی نووسیوەتەوە . بە شێوەیەکی گشتی شیعرەکان بە زمانێکی چڕی تۆکمە و بە ناوەڕۆکێکی قووڵی پڕ کێشمەکێش نووسراون . ئەوەی مایەی دڵخۆشییە و خاڵێکی درەوشاوەیە لە ئەزموونی شیعری( سەباح ڕەنجدەر ) ئەوەیە ، بە چڕی ئیش لەسەر زمان دەکات ، بە زمانێکی جیاواز دەنووسێت ، زمانێکی شیعری ئەوتۆ بە خودی خۆی دەناسرێتەوە ، شاعیرێکە لە ( زێوانە )ەوە کە هەوڵی یەکەمییەتی لەگەڵ شیعر ، لەنێو ڕووباری شیعر چاوەی هەڵێناوە و تا ئێستا لە هەورازەکانی ئەم ڕووبەرە ماوەتەوە و هەنگاو هەنگاو بەرەو بڵنداییەکانی دەڕوات .
ئەو شاعیرەمان دەتوانم وا باسی بکەم کە ( شاعیرێکی داهێنەری نوێگەرە ) ، چونگە دەبێ ئەوەمان لەلا ڕۆشن بێت کە / هەموو داهێنانێک نوێگەر نییە بەڵام هەموو نوێگەرییەک داهێنانە . زۆر شاعیرمان هەن داهێنەرن بەڵام داهێنانەکانییان نوێ نین .. واتە ( لەوەی کە هەیە ) داهێنان دەکەن و دەقە شیعرییەکانییان تا ئاستێکی بەرز جوانی بەرجەستە دەکەن ، بەڵام نوێگەر نین و لەکاروان دانەبڕاون و بە تەنیا بەڕێگادا ناڕۆن ، ڕەنگە لە ڕیزی پێشەوەی کاروانەکە بن بەڵام تاق و تەنیا نین ..! بەڵام سەباح ڕەنجدەر هەم داهێنەرە هەم نوێگەر ، چونکە سیمایەکی گەش و تایبەتمەندییەکی نوێگەری ( جیاوازبوونە ) . هەرشاعیرێک جیاوازبوو ( لەوەی کە هەیە ) واتە نوێگەرە ، جیاوازبوون ڕوخسار و سیمای ئەم شاعیرەمانە ، هەم لە ڕووی زمان و تەنانەت فۆرمی شیعریش . هەربۆیە شاعیرێکە زۆرترین خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و دەکرێت . بەمانایەک ناوەندی ئەدەبی بەخۆی سەرقاڵ کردووە . تا ئێرە سەرەتایەکە بۆ ئەو کورتە خوێندنەوەیەم بۆ کتێبی ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ) ، ئەم خوێندنەوەیەم بۆ دوو مەبەستە ، یەکەم ناساندنی کتێبەکە وەک کتێبێکی نوێی شیعری ، دووەم قسەکردن لەسەر شتگەلێکی نوێ کە شاعیر لە چوارچێوەی ئەم دەقە شیعرییانی ئیشی لەسەرکردوون لەهەمانکات ، ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر بۆ ئەم شتە نوێیانە . بۆیە هێندەی بۆمان بکرێت هەڵوێستە لەسەر بەشێک لە دەقە شیعرییەکان دەکەین و سیما و ڕووگە نوێکانیش دەخەینەڕوو . دەقی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) ، ئەم قەسیدەیە یەکێکە لە دەقە نایابەکانی نێو ئەم کتێبە ، ناونیشانەکە وەک ڕووناکییەکی گەورە تیشکەکانی خۆی بەسەر دەقەکانیتر پەخش دەکات چونکە ئەم قەسیدەیە پێکهاتووە لە دە شیعریتر بە تایتل و ناوی جیاواز و سەربەخۆ ، بۆ نموونە ( ڕوخسار و شوێن ، جێناوەکان ، ڕێگاکانی دەوروبەر گەشەی ڕەنگ و ئاوازی چاوپێکەوتن و .. پێنج شیعری تریش .. ) ، شیعرەکان ناوەڕۆکێکی قووڵی پڕ هەوراز و نشێویان هەیە ، خەم و خەونەکان هاوتەریبن لەگەڵ ژیان ، لە پشتی نائومێدییەکان پەنجەرەو گورزە تیشکی خۆرەتاوێکی خەملیو دەبیندرێن . ئێمە کاتی خۆی لەڕێگای نامەیەکەوە بەناوی ( نامەیەک بۆ هاوڕییەکی شاعیرم ) خوێندنەوەیەکمان بۆ هەندێک لە دەستەواژە شیعرییەکانی ئەم دەقە کردووە ، ئیتر هێندەی بۆمان کرابێت بۆ نێو قووڵاییەکان چووینەتە خوارەوە و بەشێک لە دیوە شاراوەکانی پشت کۆد و هێما و وشە و چەمکاکانمان خستبووە ڕوو ، باسمان لەوەش کردبوو کە شاعیر وەک گەریدەیەکی جوانناس لەنێو ڕووبەری گەردوونی شیعر بە هەستێکی مرۆییانە خەمە ڕۆژانەییەکان و ئێش و ژانەکان و خەونە گەورەکان دەخاتە ڕوو ، پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێت و لەم ڕێگایەوە هەم هێز و توانای زمانی شیعریمان پێشان دەدات هەم لەنێو ڕووبەری جوانکاریدا دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت کە ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە …! ) ، شیعر هاوتەریبە لەگەڵ ژیان و لەگەڵ پیرۆزی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان . هاوکات ، هەر لەچوار چێوەی ئەو نامەیەمان باسمان لەوەش کردبوو کە لەنێو ئەم دەقە شیعرییەدا بە ڕوونی هەست بەوە دەکەین کە / شیعر فەلسەفە نییە بەڵام ، دەتوانێ سوود لە فەلسەفە ببینێت ، شیعر زانست نییە بەڵام ، دەتوانێ سوود لە زانست ببینێت ، شیعر بەهۆی ڕووبەرە فراوان و گەردوونیەکەیەوە دەتوانێ سوود لەهەر شتیک ببینێت کە شاعیر مەبەستی بێت دەستی بۆبەرێت و بیخاتە ژێر ڕکێفی خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی ، چونکە دواجار شیعر عەشقێکی گەورەیە ..! ئیتر بۆ زێتر تێگەیشتن لە ناوەڕۆک و دیوە شاراوەکان و مامەڵە سیحراوییەکەی شاعیر لەگەڵ چەمک و وشە و دەستەوازە شیعرییەکان سەرنجی خوێنەر بۆ خوێندنەوەی لێکۆڵینەوەکەم ڕادەکێشم ، چونکە لێرەدا نامانەوێت تەواوی قسە و بۆچوون و لێکدانەوەکانمان دووبارە بکەینەوە تەنها ، بەشێوەیەکی ڕاگوزەر و بەخێرایی هەندی ئاماژە بە دووسێ دەستەواژەی شیعری دەدەینەوە ، لە شیعری ( ڕوخسار و شوێن ) دا دەڵێت :
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ..!
بەر لەهەر شتێک / بەس وردبوونەوە لە تایتلەکە زۆرشت دەخوێنییەوە ، یان نائومێدییەکی گەورە هەست پێدەکەین ، شاعیر زۆر بە ئاگاهانەو شارەزایانە ئەم تایتلەی بەکارهێناوە ، دەکرێت شوێن نیشتیمانە بریندارەکەی خۆمان بێت ، ڕوخسارەکانیش ، ئەو مرۆڤە دابەستی و مشەخۆرە بازرگانە زاڵمانەی دەسەڵات بن .. ئەوەتانێ لە کۆپلە شیعرەکە باس لە هەژاری نەداری و سفرەی خاڵی ماڵەکان دەکات ، کە بەشی زۆریان ماڵەکانییان تا ئاستی گۆڕستان بەتاڵ و تاریکە .. هەر لەو شیعرەدا لە شوێنێکی تر دەڵێت :
گۆڕیان بە تاڵ کردین و ئیسکیان کردە قۆپچە
ڕەنگە بۆ من ئەم دەستەواژە شیعرییە یەکێک بێت لەو دەربڕینە شیعرییانەی کە زۆرترین جووڵەی ئیستاتیکی لەخۆ گرتبێت ، مەبەستییەتی بڵێت / بەدەرلەوەی دیکتاتۆر و دارودەستەکانی کە ژیانی ئێمەیان بە مەرگ سپاردووە گۆڕستانییان کردووە بە ماڵی هەمیشەیی ئێمە ، سەرباری ئەوەش گۆڕەکانمان بەتاڵ دەکەن و ئێسکەکانمان دەکەنە قۆپچە ،، واتە سامانی سەرزەوی و ژێر زەویشمان دەدزن و بەتاڵان دەبەن . ئیتر بۆ گۆڕانی ئەم وەزعە و بیرکردنەوە لە گۆڕانکاری بەرەو ژیانێکی باشتر شاعیر نائومێد دەبێت و هیچ تروسکاییەک نابینێت و دەڵێ :
شۆڕش شەپڕە لێی داوە
ناتوانێ مەلە بکا
یان دەڵێت :
دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا
هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک
هەر بە وردبوونەوە و ڕامانێکی خێرا لەو دوو دەستەوازە شیعرییەی سەرەوە لە نائومێدییەکانی شاعیر تێدەگەین و چەند ڕاسگۆیانە و واقیع بینانە باس لە دۆخەکە دەکات و تاریکایی و گۆڕستانی نێو ژیان دەخاتە روو هاوکات هیچ تروسکاییەکیش نابینێت ، کە لە کورتماوەدا گۆڕانکاری بیتە ئارا و ژیان بەرەو باشتر گوزەر بکات ، چونکە شۆڕش شەپڕە لێیداوەو شەلەل و ئیفلیج بووە شۆڕشگێرەکان و ئەوانەی جێگای ئومێدن بۆ گۆرانکاری و کۆتایی هێنان بە نەهامەتییەکان ، ڕۆنییان لەژێر پێدا ڕژاوەو هەڵخلیسکاون و بەرەو ڕوناکییەکی چرووک کە ناڕۆشن و بەرچاوتاریکن و لە خشتەبراون . ئیتر لەناو ئەم ناهامەتی و ژیانە مەرگئامێزە یان ئەم ژیانە پڕ لە هەڵاواردن و نابەرابەرییەی پێ قەبووڵ ناکرێ و دێتە دەنگ و دەڵێت :
کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن
بیخەینە گەنجینەی منداڵێک ..!
چەند جوان و شاعیرانەیە ئەم پارادۆکسە ! ( دیکتاتۆر و منداڵ ) ، دیکتاتۆر هێمایە بۆ / دەسەڵات ، دزی ، تاڵان ، تاریکی و مردن ، لەبەرامبەردا منداڵ هێمایە بۆ / پاکی و بەرائەت و جوانی و ئاسوودەیی و ئارامی و خۆشبەختی ..! کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن و بیخەینە گەنجیی منداڵێک وعتە بیخەینە دەستێکی ئەمین و پاک و بێگەرد ..! ئیتر شاعیر لە کێشمەکێش و ململانەکان بەردەوام دەبێت و تا بەوە دەگات ، لە شیعری ( جێناوەکان ) دا دەڵێت :
با بگەرێینەوە دواوە هێز توورەیە لە سێوی کەوتوو
ئەم دێرە شیعرەش ، یەکێکە لە دێرە شیعرە ناوازەکان کە بە جوانکارییەکی تۆخ دەورە دراوە ، ئەم شیعرە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ململانێیە لە نێوان ( ژیان و مردن ) یان هێزەکان ( هێزی زەوی و هێزی ئاسمان ) ، دواجار ژیان تەسلیم بە مردن دەبێت و هێزی زەوەی کە هێمایە بۆ گۆڕستان دەیباتەوە و شاعیر دەڵێ / با بگەرێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو ، کێشی زەوی واتە کێشی گۆڕستان و مردن بەهێزترن لە کێشی ئاسمان و کێشی ژیان ، سێوەکە دەکەوێتە سەرزەوی و لە ئامێزی گۆڕستان دەگیرسێتەوە , ئیتر بەناچاری ژیان و ڕێبوارەکان دەگەڕێنەوە دواوە و شاعیر بە نائومێدییەکی گەورەوە دەڵێت / ئیتر تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین …!
ئیدی هەروەک لەسەرەوە گوتمان لەم خوێندنەوەیەمان هێندەی مەبەستمانە قسە لە بارەی ئەو دیاردە و شتە نوێیانە بکەین کە شاعیر لەم کتێبە و لە چوارچێوەی دەقە شیعرییەکانی دەستی بۆ بردوون ، هێندە مەبەستمان نییە خوێندنەوە بۆ کۆپلە شیعرییەکان و بۆ نێو قووڵایی ناوەڕۆکدا شۆڕبینەوە ، لەو شیعرەی سەرەوە تا ئاستێک گەر بە کورتیش بێت ئەوەمان کرد و کەمێک خۆمان لە کەناری مانا و خوێندنەوەو بۆ ئامانج و مەبەستەکانی شاعیردا ، دەکرێ ئەمە پێشاندانی روویەکی گشتگیر بێت بۆ شێوازی شیعر نووسین و ئەزموونی شاعیر و مامەڵەکردن لەگەڵ زمان و وشە و هێما و میتافۆر و دەستەواژە و پێکهاتە شیعرییەکان . لێرەدا هەوڵدەدەین سەرنجی خوێنەر بۆچەند حالەتێک و کار و دیاردەیەکی نوێ ڕابکێشین کە شاعیر ئیشی لەسەرکردوون ، بۆ نموونە لە قەسیدەی ( دەرکەوتنەوەی سەر لە نوێی دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی ) ، لەم دەقە شیعرییە وەک شتێکی نوێ کاری لەسەر فۆرمی چوارخشتەکی کردووە ، هەروەکو دەزانین ئەم فۆرمەش ئیش لەسەر وەزن و قافییە دەکات ، بۆیە ناوی باباتاهیری هەمەدانی هێناوە دەیەوێت ئەوە پێشان بدات کە لە سەردەمی ئەو شاعیرەمان لە دێرزەمانەوە تا ئێستاکە چوارخشتەکی یان چوارینە بەیەک فۆرم نووسراوە بە شێوازی وەزن و قافییەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی تیانەکراوە بەڵام ( سەباح ڕەنجدەر ) دێت گۆڕان لەو فۆرمە دەکات و بەشێواز و فۆرمەکی نوێ ( شیعری چوارینە )یی دەنووسێت ، ئەویش بە فۆڕمی ( پەخشانە شیعر ) یان شێوازی سەربەخۆ ، واتە ڕەچاونەکردنی وەزن و قافییە ، واتە تێشکاندنی فۆرمی کۆن و لەبەرامبەردا دەستبردن بۆ فۆرمێکی نوێ بۆ شیعری چوارینەیی یان چوار خشتەکی ،، ئەوەش یەکەمجارە لە مێژووی شیعری کوردی شیعری چوارینەیی بە فۆرمی سەربەخۆ بنووسرێت ، وا لە خوارەوە یەکدوو کۆپلە لەو چوارینە شیعرانەتان بۆ دەخەمەڕوو . ئەم دەقە شیعرەش واتە / دەرکەوتنەوەی سەر لەنوێی دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی .. لە ( دە ) چوارینە پێکهاتووە هەریەکە و تایتلی تایبەت بە خۆیان هەیە ، بۆ نموونە لە لە چوارینەی ( دوا هێڵی ڕۆژی شەشەم ) دا دەڵێت :
تابلۆی زەوی هێشتان هەموو هێڵەکانی نەکێشراون
باڵندە لەسەر لکە پڕەکان تووشی حەپەسان هاتوون
لە ڕێگادام چەند جارێک ویستوومە پێی ڕابگەیەنم هێڵەکان تەواو
دەکەم
لە زەردەی ئێوارەیەکدا لوورەی ئاگر دەترسێنم و فرمێسکی نابەچێ
ناڕژێ

یان لە چوارنەیەکیتر بە ناوی ( بزربوونی ناونیشانی حەوا ) دا دەڵێت :
ئادەم بۆنی ددانی ڕزیو لە دەمی دێ
حەوا خۆی لە تەنیایی مارە کرد و ناونیشانی بزرکرد
کەس تەماشای ئاشنای خۆی نەکرد و ناسین تەفرەی داین
ئەو درەختانە ئاشنامان بوون ڕەگیان گەیشتبووە ناو ڕووبارە نزیکەکان

لە قەسیدەی ( دەنگ ) ، بە سەلیقەیەکی وردی زمانەوانییەوە ، چەند وشە و چەمکێکی زۆر لە یەکتر نزیکی دۆزیوەتەوە کە بەهۆی دەنگی پیتێکەوە ماناکەی تەواو دەگۆڕێ ، هاتووە ( دە ) دوو وشەی وەک دووانە هێناوە و لەلایەک پێشانی داوە کە کە لە ڕێی دەنگی پیتی ڕاوە .. وەک لە زمانەوانی و لە ڕێزمان پێی دەڵێن ڕای قەڵەو و رای لاواز ،، بەهۆی جیاوازی دەنگی ئەم پیتە چۆن گۆڕانکاری لە وشەکان بەدیدێت دە جووت وشەکانیش ئەمانەن ( برین و بڕین ، بۆر و بۆڕ ، گۆران و گۆڕان ، بر و بڕ ، کەر و کەڕ ، وەرین و وەڕین ، هەڵکران و هەڵکڕان ، باراندن و باڕاندن ، فریو فڕیو ، سوور و سووڕ ، ) دەمەوێت هەر هێندە بڵێم ، ڕەنگە مەبەستی شاعیر بێشاندانی ئەم دووانە وەک کارێکی زمانەوانی لەنیو ڕووبەری شیعر و وەک کارێکی نوێ بێت بەڵام ، بە دیوێکیتر ڕەنگە پێداگرتن بێت و لەوەی کە پێشاندنی کاریگەری و ڕۆلی دەنگ ، واتە ژیان پێویستی بە دەنگە ، دەنگ هەڵبرین گرینگە بۆ گۆڕانکارییەکان ، وەک چۆن ژیان پڕیەتی لە جووڵە دەبێ پڕیش بێت لە دەنگ . لەگەڵ ئەمانەش هەریەک لەم دووانەییانە وردە شیعری سەربەخۆی لێدروست کردوون هەروەک لە ( برین و بڕین ) دەڵێت :
برین دەڵێی مانگی پڕە بەسەر ڕێگای نیوە چۆڵ کراوەتەوە
دەست بەسەر دژوارییەکان دادەهێنێ و پەنجەی گەرم دەبێ
گەرمایی پەنجە گۆرانیی هێمنی و بیرەوەری زەوییە
بە سوپای دۆڕاو شەڕ ناکات


برین بەسەر زەوییەکی پڕ مردوو بە دواتدا دێ
بڕوای بە ڕۆیشتن نامێنێ و دەرگات لە دوا دادەخات
چرای سێبووریت دەکوژێنێتەوە
بە دەنگێکی برووسکەدار دەتخاتە چاوەڕوانییەکی ساردەوە

یان لە دەقی ( ناونیشان بۆ گۆڕەپانی جەنگەکان ) دا .. هاتووە وەک فۆرمێکی نوێ ، ( دە ) دەقی شیعری نووسیوە ، دەقە شیعرییەکان تەنها ،، ناونیشانن و هیچیتر . وەک شیعری تاکدێری و ناونیشانەکانیشی لە ناوەڕاستی لاپەڕەدا نووسیوە ، بۆنموونە ( لە کاتی خۆیدا لە قووڵاییدا هەڵدەلەرزم ، گرەو لەگەڵ کلیلسازی گەنجینەی پاشا و داهاتووی پێشبینیکراو ، پێم بوونەتە ڕووبار و خۆم بۆ شەڕی دونیا ناونووس کردووە ، هەتا دوایی …. ) وەک گوتمان دە ناونیشانە شیعرە ، بە بڕوای من ئەم هەوڵەی سەباح ڕەنجدەر لە دوو ئاست دا دەتوانین قسەی لەبارەیەوە بکەین ، یەکەم / وەک هەوڵێکی نوێ ویستوویەکی ئەم دەقەی بە فۆرمێکی نوێ بنووسێت ، واتە شیعرێک تەنها پێکهاتبێ لە ( ناونیشان ) و بەس .. کە ئەمەش هەوڵێکی نوێیە لە شیعری کوردی ، وەکچۆن کاتی خۆی ( فەریدا زامدار ) دیوانێک شیعری بێ ناونیشانی نووسی کە هەوڵێکی نوێ بوو بۆ ئەوکات ، ئەم هەوڵەی ئەو شاعیرەشمان بە پێچەوانەوە تەنها ناونیشانی نووسیوە و هیچیتر ، دووەم / ئامانج لەم شیواز و فۆرمە بە بڕوای من ،، پەیوەندی بە باری دەروونی شاعیرەوە هەیە ، لەلایەک مەیدانی شیعر وەک مەیدانێکی گەورەی جەنگ دەبینێت لەنێوان زۆرانبازی و ململانێی نێوان ( جوانی و ناشیرینی ) یان بەمانا ( فرۆید )یەکەی ململانێی نێوان ( ئیرۆس و ساناتۆس ) واتە ( ژیاندۆستی و مەرگدۆستی ) کە شیعر لە سەنگەری جوانی و ژیاندۆستییە ، بۆیەش دەڵێین ئامانجی شیعر گەڕانە بەدوای جوانی لەنێو رووبەری زمان دا . لەلایەکی تر / چەمکی ناونیشان و کاریگەری ئەم چەمکە بەسەر دەروونی شاعیرەوە کە کوڕی کۆمەڵگەیەکی بێ شوناس و بێ ناو و نیشتیمانە .. ئەم دەقە گەڕانێکە بە دوای شوناس چ وەک تاک چ وەک کۆمەڵگە . واتە هاوار و ململانێ و جەنگێکە بۆ بە دەستهێنانی شوناس .
شیعرێکیتر بەناوی ( خاڵبەندی ) ، سەباح ڕەنجدەر لە ئەزموونی سەرەتایی دا ، واتە بەدوای ( زێوان )ەوە ، بەهۆی ئەو زمانە شیعرییە تایبەت و جیاوازەی ، کەوتە بەر هێرش و دژایەتییەکی زۆر ، لەوەی کە ، سیستەمی زمان و سیستەمی ڕێزمانی تێکداوەو ڕەچاوی خاڵبەندی ناکات و ئەم ڕەخنە بێ بنەمایانە ، بە ئێساتاشەوە ئەم ڕەخنە و تێروانینانە لەبارەی زمانی شیعری ئەم شاعیرەمان هەرماوە بەڵام ، بە شێوەیەکی تۆخ نییە وەک ڕابردوو ، شاعیریش بۆ وەڵامدانەوە بۆ ئەو ڕەخنە و تەوهینانە ، هاتووە ئەم دەقەی نووسیوە بەناوی ( خاڵبەندی ) کە هەموو یەکە و پێکهاتەکانی خاڵبەندی یەکبەدوایەک ڕیزکردووە و شیعری لێ دروست کردوون ، دەیەوێت پێشانی بدات کە زۆرباش شارەزایی هەیە لە خاڵبەندی کە لە زمانی شیعری ڕەچاوی ناکات مانای ئەوە نییە کە ئاشنا نییە یان بێئاگایە بە یەکە و پێکهاتەکان و ڕۆڵی خاڵبەندی لەنێو رووبەری ڕێزمان و زماندا بەڵام ، بە بڕوای من شاعیر پێی وایە ، زمانی شیعری دەبێت سەربەخۆ و ئازاد بێت ، خۆی نەبەستێتەوە بە هیچ سیستەمێکەوە بە سیستەمی ڕێزمانیشەوە چونکە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە هاوکات ، شیعر جووڵەیەکی بەردەوامە لە نێو رووبەری ئیستاتیکادا ، بۆیە بوونێکی کراوەی هەیە بە تایبەت لە کۆتایی دەقە شیعرییەکان دا هیچ دەقێک پێویستی بە نوختە دانان نییە ، پیکهاتە خاڵبەندییەکانیش ئەمانەی بەدوای یەک ڕیزکردوون ( خاڵ ، دووخاڵ ، سێ خاڵ ، کەوانە ، هێڵی لار ، تەقەڵ ، وێرگوڵ ، ئەستێرە ، نیشانەی پرسیار ، نیشانەی سەرسووڕمان ، ) هەریەکێک لەمانەش شیعرێکی سەربەخۆی بۆ دروست کردوون وەک لەسەرەتا بە ( خاڵ ) دەستی پێکردووە و دەڵێت :
خاڵ لە شەرمێکی گەمژانەی ڕستە ڕادەگرێت
زەمینیش دەخولێتەوە بە دوای خورپەیەکی بەهێزەوە
ئەدی بەخشندە بە کام دەست دەبەخشێ و بەکام دەست لێمان دەستێنێتەوە
دوای کەمێکی تر زەمین هەمووی تاریک دەبێت
بە دەنووکی سووری قەقنەس گۆڕێک هەڵدەکەنم
دڵ پێی ڕازی نییە و ئاهی شادمانی تێ نەگەڕاوە
گوڵەستێرە لەناوی نیشانە و ناوە
بە نیگایەکی ماندوو بیر و پڕۆژەی دیوارەکانی دەخوێنێتەوە
لەوێ پەیام ناگات
کەویش لە چیای ڵاڵن
هەروەها لەدەقی ( سیما و ساڵەکان لە پێ پیرۆزەوە ) ش لێرەدا شاعیر لە کەش و هەوایەکی ئارامی پڕ لە بیرکردنەوە و ڕامانی قووڵ ، دەڵێ
لەگەڵ ئەستێرە بیردەکاتەوە و لە مەیسوورەوە دێ
سەر لەنوێ سەیری بای پەنجەرە دەکەمەوە
لە کۆتایی ڕێگا دانیشتووم و سڵاو وەردەگرمەوە
چاوم ماندوو نییە بە زۆربینی ..
شاعیر لێرەدا ، بە شوێنێک گەیشتووە لەنێو ڕامان و بیرکدنەوەیەکی قووڵ ، ڕامان لە ڕابردوو و لە ئەزموونێکی دوورو درێژی لەگەڵ شیعر ، ئیتر هەر ڕێبوارە و دێت بەپیرییەوە و سڵاوی لێ دەکەن ئەمیش سڵاو وەردەگرێتەوە ، هەریەکێک لەو ڕێبوارانەش یەکێک لە کتێبە شیعرییەکانییەتی کۆی ڕێبوارەکان سێزدە ڕێبوارن ، ڕێبواری یەکەم ( زێوان )ە تا دەگاتە ڕێبواری سێزدەمین ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ) . لەگەڵ ئەوەی شاعیر دەڵێ ، لە کۆتایی ڕێگا دانیشتووم ، بەڵام هێشتا لەگەڵ ئەستێرەکان بیردەکاتەوە و سەر لەنوێ لە بای پەنجەرە دەڕوانێتەوە و چاویشی ماندوو نییە بۆ زۆربینی ،، ئەگەر لێرە مەبەستی لە بینینی ڕێبوارەکان بێت کە کتێبە شیعرییەکانییەتی ، دەیەوێت ئەو هێزە لەخۆی پێشان بدات کە هێشتا وزەی بینینی ڕێبواریتری تیایە و چاوەکانی ماندوو نابن واتە ، ئەو وزەیەی تیایە بۆ خوڵقاندنی ڕێبواریتر واتە هیشتا کەسێکی پڕ جووڵە و وزەیە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا . وەک هەوڵێکی پڕ جوانکاریش بۆ هەر ڕێبوارێک بە دێرە شیعرێک باسی کردووە بۆ نموونە :
_ ڕێبواری یەکەم زێوان
بوون تێیدا لە بەیانی خۆڵەمێشی و مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە
_ ڕێبواری دووەم ڕووەکەکانی خوداوەند
دیکتاتۆر نەیهێشت گوریسی جۆلانە بە درەختی ناوچیا ببەستین
_ ڕێبواری سێیەم خەون وا خۆی گێڕایەوە
گوڵم لە بێئاگایی نەچنیوە و نهێنی گەشەکردنم درەوشاندەوە
ئیتر تا دەگاتە ڕێبواری سێزدەمین ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان )ە ، کە دوا کتێبی شیعرییەتی ، شاعیر بە بڕواو شانازییەکی گەورەوە دڵخۆشە بەوەی کە توانیویەتی ئەو هەموو ڕێبوارەی بە ژیان بەخشیوەو کۆلەگەیان پڕە لە خەون و خۆزگەکانی مرۆڤبوون ئەمەش بۆ ئەو سەروەرییەکی گەورەیە ، واتە لەنێو هەستەکانی ئەو / شیعر دەبێ بە ڕێبوار و ڕێبوارەکان بۆ تائەبەد لەنێو ژیان دەمێننەوە و دەبن بە سەرزەمینی هەموو ناوەکان …! ، چونکە کتێبە شیعرییەکان و شیعر بۆ ئەو مانای ژیان و یانی سەروەری و هێزی مانەوەی پێ دەبەخشن. ئەگەر بە کورتی قسە لەبارەی ناساندنی ڕێبوارەکان بکەین بۆ نموونە ، ڕێبواری یەکەم کە ( زێوان )ە دەڵێت ، بوون تێیدا لەبەیانی خۆڵەمێشی و مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە ،، دەکرێت لێرە خوێندنەوەیەکی ( هایدگەر)یانەی بۆبکەین بە تایبەت بۆ بوون کە پێیوایە ، مرۆڤ لەسەرەتاوە بوونێکی ناتەواوی هەیە لە رێگەی داهێنانەکانییەوە هەوڵدەدات بوونەکەی بەرەو کەمال بەرێت ، شاعیریش باس لەوە دەکات بوون تێیدا لە ( بەیانییەکی خۆڵەمێشی ) دەکرێت خوێندنەوەی بوونێکی ناتەواوی بۆ بکەین لە مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە ، هەوڵدان ڕۆیشتن بەرەو کەمال لە ڕێگەی داهێنانەوە بێت ،، داهێنانەکانی شاعیریش سەرەتاکەی بە زێوان دەست پێدەکات . بۆ ڕێبواری دووەم کە ڕووەکەکانی خوداوەندە دەڵێت ، دیکتاتۆر نەیهێشت گوریسی جۆلانە بە درەختی ناو چیا ببەستین ، ئیتر لەم کتێبە زێتر قووڵ دەبێتەوە بەنێو کێشمەکێش و هەوراز و نشێوەکانی ژیان ، چ لەنێو داهێنانە شیعرییەکانی چ لەنێو واقیعی ژیانی خۆی ، کە ڕووبەڕووی سەختییەکان دەبێتەوە و دەسەڵاتدار و ستەمکاران ناهێڵن بە ئارامی بژی و خۆشییەکانی ژیانی بەرەو بڵنداییەکان بچن گوریسی جۆلانە کە هێمایە بۆ خۆشییەکان بە درەختی ناوچیا ببەستن . شیعر پێویستی بە چ توانایەک و سەلیقە و وزەیەک هەیە ، لەهەمانکاتیش دەکرێت وەڵامێک بێت بۆ هەموو ئەوانەی لەم نێوەدا ڕەخنەیان لێگرتووە و هێرشی ناڕەوایان کردۆتە سەر کە بە تێکدەری زمانیان لە قەڵەم داوە و ئەوەتا بە ڕوون و ئاشکرایی دەڵێت ، گوڵم لە بێئاگایی نەچنیوە و نهێنی گەشەکردنم دروشاندەوە ، بۆ کتێب و ڕێبوارەکانیتریش بەهەمان شێوە تا دەگاتە دواهەمین ڕێبوار و دواهەمین کتێبی کە ( سەرزەمینی هەموو ناوەکانە ) ، ئیتر بەشی دووەمی ئەم دەقە شیعرییەوە هەموو دەقەکانی تری نێو ئەو کتێبەی شایستە بە قسە لەبارەوە کردن و ئاوڕلێدانەوەن ، بۆ نموونە دەقەکانی ( وەسیەت و سپی بەرەو ڕەش و دیوانی مات و مردووان گۆرانی زەوی دووەمیان دەڵێن .. ) ، بەڵام من لێرەدا دێمە کۆتایی ئەو خوێندنەوەیەم ، بەهیوام ماڵی شیعری سەباح ڕەنجدەری شاعیر هەر ئاوەدان و ڕووناک و بۆ هەمیشەش پڕ کۆشش و داهێنان بێت ، هەروەها هەر لە شاری شیعر بمێنێتەوە چونکە وەک خۆی دەڵێت / لە شاری شیعر هەناسەم نەرم و خۆشە و بە ئارەزووی خۆی لە بەهەشت ناچمە دەرەوە .

                                                    سەرەتای نیسانی ٢٠٢٣ 

سەرچاوە : کتێبی شیعری ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ) .. سەباح ڕەنجدەر

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish