دەرهەق ئەم مەزڵەمستانە، هەتە شەوقی فەنەری دڵ.. لەتیف بێوار
نابەکاری وەکــوو ئەم جووتە لەعینە لێرە
نەبووە قەت ئەمە موددێکی مەدید و دێرە
شێخ ڕەزای تاڵەبانی
سەرتان سووڕ نەمێنێت ئەگەر لای هەندێك خەڵك: ئاشتی جەنگ بێت، کۆیلایەتی ئازادی و نەزانین هێز بێت.. هەرکاتێك ئەم بۆچوون و تەبعە ناجۆرەش پەرەی سەند، ئەوا دەبێت وەك فینگشتاین دەڵێت بڵێین: ئەوەی مرۆڤ ناتوانێت باسی بکات، با لێی بێدەنگ بێت.
هەر لەم دەلاقەیەوە کاکی شاعیرو نووسەر (بەندی) درکی بەو قەیرانە خەستە کردووە کە ئاستی ڕۆشنبیرێتی و میدیای لوشداوەو دەنووسێت:
“لە زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی کوردیی ئەمڕۆدا، تەنها ئەو نوسینانەت بۆ هەیە بیاننووسیت کە کاکی سەرنووسەر بە دڵێتیی و زمانحاڵی حیزب و ئایدیۆلۆژیاکەیەتی، واتا ئەوە ڕۆژنامە نییە، بەڵکو دیوەخانی حیزبێکی بنەماڵەییە، یان هەڵپەڕکێییەکی خزمانە بە یەك ئاڕاستە و یەك ڕیتمە و .. ئەوەی وا نەبێ، ئەبێ دەست بەربدات”.
کەواتە هەر لە بنەڕەترین پرسیارەوە کە لەفەلسەفەی دەکەین بەوەی لەم گەردوونە مەزنەدا بۆچی شتانێك هەن لەبری هیچ؟ کە وەڵام دەمی گۆ ناکات بۆ بەرسڤ، تا ئەوەی لە یەکێك دەپرسیت نیوەڕۆ چیت خواردووە؟ هەموو ئەمانە بنەمای هۆشیاریی و تێگەیشتن و مەعریفییان هەیە کە لەسەریان بنیاتنراون، پەیوەست بە ئاستی خەمەکانی پرسیارکار.. ئەی ئایا ئەگەر کەسێك دوژمنی خۆی بێت چۆن چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە هاوڕێیەکی سەرڕاستی ئەوانی تر؟ بە چەشنی ئەو باڵندەیەی کە هەر لە قەفەزدا ژیا بێت، چۆن لە مانای ئازادی و باڵگرتن و هەڵفرین تێدەگات؟ هەر شۆڕشێکیش لەسەر بنەمای مەوزوعی و دروست دانەکوترابێت، ئەوا میللەت لە ستەمەوە بۆ تاریکایی دەگوێزێتەوە، ئیدی وەك گوتراوە: نەهامەتییەکە لە ستەمی ستەمکاراندا ڕاناوەستێت، بەڵکو لە بێدەنگی هەق ویستاندا زیاتر جەرگبڕە.
جان جاك ڕۆسۆ ئاسا بە بینینی ئەو هەموو ستەمە، دەبێت دڵی خۆمان بە بوونی دۆزەخ بدەینەوە بۆ ستەمکاران.
ئەم هەڵویست و ئەزموونانە زۆریان دەربارە گوتراوەو نابێت لێرەدا زیاتر دووبارەیان بکەینەوە، جگە لە بەرکەوتنی ئەو ئاکامەی بۆناپارت کە دەڵێت:”ئەوەی خیانەت لە نیشتیمانەکەی دەکات و دەیفرۆشێت، وەك ئەو کەسە وایە پارەی باوکی بدزێت و بیدات بە خواردن بۆ دزان، ئیتر نە باوکی لێی خۆش دەبێت و نە دزەکان پاداشتی دەدەنەوە”.
ئەمانە ڕاستی مێژوویین وئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە لە جۆرێکی جیاوازەو جگە لە ئێمە نەبێ، وەك خۆتان لە کۆپلەیەکدا نووسیوتانە کێ ئەزموونی کردووەو تەحەمولی کردووە؟
بە بێ نان و ئاو هەر نامرێ..
سێ چوار مانگ موچەی نەدەیتێ ،
بێ خەمە و دڵی گەرد ناگرێ..
زاریشی هەیە و ناقڕێ
باڵیشی هەیە و نافڕێ
کاکە بەندی! سەیر نەبێت بەلاتانەوە ئەگەر هەرماڵپەرێکت بەدەستەوە مابێت تیایدا بنووسیت، کە لە عەقڵییەتی حیزب و خێڵ و خێزان ڕزگاری بووبێت، مەگەر نازانیت ئێستا دەزگا ڕۆشنبیرییەکانی کورد کارمەندیی موچەخۆری دەوڵەتیی بەڕێوەیان دەبات، جا ئایا موچەکەی دەگۆڕێتەوە بە وتارێکی تۆ؟ لە کاتێکدا تۆ داوای هیچ پاداشتێکیش ناکەیت، کات و هەوڵ و ئەزموون و فەرهەنگی خۆت دەکەیتە قوربانی پاشەڕۆژی ئەو میللەتە و نەك نرخیشی نازانرێت بەڵکو دەرگایان لەسەر دادەخرێت، چونکە سیاسەتی بڵاوکردنەوە چووەتە ناو سیستەم و پرۆژەی دەسەڵاتەوەو بۆ وێنە بیست ساڵ پێش ئێستا ئازادی نووسین و ڕا دەربڕین و مافەکانی مرۆڤ باشتر بوون.
مەگەر هەمیشە هزرڤانە ڕاستەقینەکان بەو جۆرە نەبوون و هەقیقەت هیچ کەسێکی لەدەوریان نەهێشتبوو؟ بەڵام لەسەر ڕێ لایان نەداو خۆیان نەچەماندەوە بۆ ئەو تەوژمە تاریکەی هەموو زەبرو زەنگێکی بەکاردەهێنا لە پێناوی سەرکوتکردنی هەقیقەت و ڕاستی دا و گرتنی بەری خۆر بە بێژنگ
مەگەر نازانیت خوێنەرانێکی زۆری بێدەنگ هەن باش دەزانن، کە تۆ و ئەو کەسەی بابەتەکەی تۆی دەچێتە بەردەست تا بڵاوی بکاتەوە زەمین و ئاسمانتان بەینە، تۆ کە ئازادی و بێ بەرانبەر دەنووسیت، کێ دەڵێت تەنانەت لە لایەنی وێژە و ڕۆشنبیریشەوە ئەو دەگاتە ئاستی ئەفراندنی خامەکەی ئێوە؟ چ جای ئەوەی جورئە بکات بڵاوی بکاتەوە؟ تۆ سی و پێنج ساڵە دەناڵێنیت لە دەرەوەی زمەن و مێژوو و جیهان و یاسا، ئەوان دەڵێن: ئێمە نەبین ئێوە نابن، خۆیان کردووە بە لازم و مەلزومی گەلی کورد، زۆریش بدوێیت بە مەنیقی شۆڕش و قەیسەر کەلەپاچەت دەکەن، هەر خۆت لەسەر زاریانەوە ئاوها لە کۆپلەیەکدا دەنووسیت : –
ئێمە لە پشت وێنەی کتێبخانەکانەوە،
نەخوێندەواریی خۆمان ئەشارینەوە..
لە پشت تابلۆی ڤان کوخ و پیکاسۆوە ،
بێ هونەریی خۆمان ئەشارینەوە..
وەکو چۆن براکوژییمان لە پێشمەرگایەتیدا چاند..
وەک چۆن لەسەر پارەی گومرک ،
خوێنی هەزارانمان ڕژاند
*
ئێمە کۆمەڵکوژیی و کۆمەڵدزیی و کۆمەڵکۆیلەییمان،
لە پشت وشەیەکی سەقەتی
پڕ لە هەڵەی چاپ و لۆژیکی
دیموکراسیدا مات داوە..
*
ئێمه کوردکوژییمان لە پشت ناوی
کوردایەتیی و ئەی ڕەقیبا، حەشارداوە
بەداخەوە ئەمڕۆ نەك بوڕکانی خرۆشان و پەرۆشینی گەل و چینی ڕۆشنبیران بۆ دادو ڕاستی کپ بووەتەوە، نەك نووسین و خوێندەواری و هەقیقەت ڕەواجی نەماوە، نەك هێندە دەنووسرێت و کەس نایخوێنێتەوەو هەڵوێست وەرناگیرێت، بەڵکو ئەم هەقیقەتانە لای خۆشیان ڕوونە و ئەوان بە حوکمی پارەی قاچاخی خوێن و نەوتی تۆ سوپایەك لە کۆیلەو بندیوارو سیخووڕ دەلەوەڕێنن و پاشەڕۆژیان پێوە گرێداون، سوپایەك لە گزیرو چەقۆ وەشێنی دوور لە هەست و سۆزی مرۆڤایەتی و کوردایەتی، نازانن ئەم شەپۆلە لە کۆتاییدا هەمووان بەرەو خنکان دەبات، وەکو ئەو سەرنشینەی لە کەشتییەکدایەو جێگەکەی خۆی کون دەکات و دەڵێت ئەوە کاری ئێوە نیە من جێگای خۆم کون دەکەم. وردە وردەو ڕۆژ بە ڕۆژیش خەڵك زیاتر زیندانی دەکرێت لە ژینگەیەکی گەورەدا کە دارو دیواری بێ تام، بووەتە کامێرای سیخووڕی و لایەنە ڕەسمییەکانیش نازانن کێ سەیریان دەکات و سەنتەرەکەی لە کوێدایە؟ وەکو ئەوەی هەموو میللەت دوژمنیان بێت، بە بیانووی پاراستنی ئاسایس لە کاتێکدا ئەوە میللەتە ئاسایسی پاراستووە. خەڵك لە ئاپارتمانە بێ بەرنامە بڵندەکاندا دەخزێنرێن و وەکو جوجەڵە دەرگایان لەسەر کڵۆم دەدرێت، هەزاران خانەوادە موچەی خوێنی ڕۆڵە کوژراوەکانیان لە جەنگەکانی ناوخۆدا وەردەگرن و مانەوەی خۆیان بە مانەوەی ئەوانەوە گرێ دەدەن. ئەوەش کە نووزەیەکی لێوە دێت تا ئەوپەڕی سنوور تەنیا داکۆکی لە مووچەو مافە داراییەکانی خۆی دەکات، وەك ئەوەی ئەوە بنەڕەت بێت و شتەکانی تر لاوەکی بن، مەگەر ئەو مووچە پاشەکەوتکردنە هەر بەرەنجامێکی بۆگەنبوونی سەری ماسییەکە نییەو ئیدی سەرجەم لاشەکەش بە دوایدا بۆگەن دەبێت؟ ئەو کەڵەکە بەردە ڕۆژێك هەر دەڕمێت بەسەرمانداو تۆش کاکە بەندی و نموونەی تۆ سەربەرزن کە خامەکەتان نەفرۆشتووە، ویژدانت زیندوو و ئاسوودەیە، ئەگەر هەر بۆ خۆشت نووسیبێتت کۆڵت نەداوە، بەڵام دڵنیابە کۆمەڵێکی زۆر لە چینی فلیقاوە هەن بە دزییەوە بابەتەکانی تۆ دەخوێننەوەو وەکو موفەڕك هەڵیدەگرن و بزەی شادی دایاندەگرێت، دڵنیابە ئەم زەمەنەش دەبوورێت و دواجارهەلهەلەی مەخلوق دەگۆڕێت بۆ وەلوەلە لە دەوری نەعشی هەموو پۆپۆلیزمێکی ستەمکاردا، دڵنیابە دەسەڵات ناکەوێتە دەستی تۆو هاوبیرەکانت چونکە بڕوات بە ستەم نییە، مانەوەی سەر ئەو کورسیەش ئەوە دەخوازێت، چونکە ئەو ڕەشوڕووتەی قوربانیان بۆ دەدەیت دواجار دەڵێن: غەشیم بوو بۆ کێی کرد؟ تا هەڵوێست و تێگەشتنی زۆرینە ئاوها بمێنێتەوە هەر دەبێت بڵێین سەد رەحمەت لە کفن دزی پێشو،پێشینان جوانیان گوتووە: مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دەدۆزێتەوە. کەواتە گۆڕانکاری ڕاستەقینە ئا لێرەوە سەرهەڵئەدات، لە ناخەکاندا، لە بیرو هزرو دڵەکاندا جێگیر دەبێت و ئاکام هیچ بومەلەرزەیەك نایلەقێنێت.
کۆتا وشە؛ سوپاسی هەڵوێستی ئێوە لێرەدا بەیان دەکەم و خوازیارین هەموو خامە بەدەست و بەهرەمەندەکان ئەو ڕێچکەیان بگرتبایەو سەرفرازی ناوی خۆیان لەو لیستە بێنازەدا تۆمار بکردایە، کە هەر دەمێنێتەوەو دواجار دەبێتە جێی ئاماژەو شانازی.. دەبێت دوای ٣٥ ساڵ لە پاشکەوتن چی بنووسیت؟ کە محەمەد ماغووت لە ٢٠ساڵی جەوردا هەڵبەستی (خەمباری لە تیشکی مانگ)دا دەنووسێت کە لە کۆپلەیەکیدا دەبێژێت:
بیست ساڵە ئێمە دەرگایەکی ئاسنین دەكوتین
باران بەسەر پۆشاك و مناڵەکانماندا دەبارێ
هەناسەسوار، ڕەنگ پەڕیو بە کۆکە ڕەشە
خەمگین وەکو ماڵئاوایی، زەرد وەکو سیل
ڕەشەبای دەشتودەری ماڵوێرانکەر
گریەو ناڵەمان دەگەیەنێ
بە کۆڵان و نانەواخانەو سیخووڕەکان
ئێمەش وەکو ئەسپی کێوی لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو
دەگرین و هەر هەڵدەلەرزین
