Skip to Content

“ئێوارەیەک، جوانیم لەسەر ئەژنۆم دانا – بینیم تاڵ بوو. – جنێومپێیدا”.. ئازاد حەمە

“ئێوارەیەک، جوانیم لەسەر ئەژنۆم دانا – بینیم تاڵ بوو. – جنێومپێیدا”.. ئازاد حەمە

Closed
by شوبات 27, 2026 General, Literature

ناشرینییناسیەک لەم دەڕبڕینە سەرسوڕهێنەرەی شاعیری نوێخوازی یاخی و ڕێچکەشکێنی فەرەنسی رامبۆ Rimbaud پەنهانە، کە دواتر بەرەو تێڕامانمان دەبات لە جوانیناسییەک، کە لە هەناوی ناشرینییدا خۆیمەڵاسداوە. بۆیە دەخوازین بپرسین: ئەوەی شایانی تێهزرینە لەو دێڕە شیعرییە وێنە شیعرییەکەیە یان ئەو دیدگایانەیە پێشتر لەسەر جوانیی هەمانبووە و، ئەم دەربڕینە شیعرییە پوچەڵیدەکاتەوە؟ ئەوەی لە دووتۆیی ئەم دەربڕینە شیعرییەی رامبۆی تاقانە پەپیپێدەبەین بینینی دیوی ناوەوەی جوانییە،کە لێدانە لە جەوهەری جوانیی، کە ئەوەش کۆششێکە بۆ تێکشکاندنی ڕێساکان(لەوانە:ڕێسای جوانیناسی جوانیی)سەبارەت بە دیتنی جوانیی. ئەم تێکشکاندنە تەنها ڕووی زمانەوانیی و دواتر ڕووی جوانکاریی نییە، بەڵکو ڕووی رەوشتیشی هەیە. دێڕەکەی رامبۆ تەقەلایەکی ناهێمنانەیە، سوکایەتیکردنە بە جوانیی، بۆ بیرخستنەوەی جوانیناسی ناشیرینیش؛ ئەمەو لێدانێکی ڕادیکالانەی ڕێسای شیعری کلاسیکیشە،کە هەردەم مشەخۆربووە لەسەر چەمکی جوانیی. بەمجۆرەبێت جوانیی ئەوە نییە،کە خۆیمان نیشاندەدات؛ لە ناواخنڕا ناشایان و ناشیرینە(زەقنەبووتە).
بۆ گەیشتن بە نەزانراو لە شیعردا، کە ئەوەش کارێکی ئاسان نییە، لێرەوە دەپرسین: شیعر ڕووبەرێکە بۆ بەرهەمهێنانی دیدگاکان، بەتایبەت دیدگا نەزانراوەکان؟واپێویستدەکات شیعر بەدواداچوون بۆ نادیارەکان (نەزانراوەکان)بکات، جا ئەوە چ لەناو ئاییندەدا بێت وەک هاوڕێیەتی، تەنیایی،چ ئەوەی جارێ گۆنەکراوە سەبارەت بەوەی دێت لە دواتردا. مەبەست، هێشتا ئابرووچونەکان، کە جوانیی دەتوانێت بۆمانیبهێنێت، بۆ زۆرێکمان ئاشکرا نیین. گشت ئەوانەش پەیوەندییان بە زەبری جوانیەوە هەیە. بەشێک لەو زەبرە تەنها بە لێدانی جوانیی یان ئاشکراکردنی ڕووی دزێوی جوانیی دەرناکەوێت،بەڵکو بە گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ ناشرینییش دەردەکەوێت. لێرەوە دەکرێت قسەلەسەر تاڵی جوانیی و شیرینی ناشرینیی بێتەپێش. ناشرینیی دەمێکە ژێردەستەی جوانییە و لەو بەینەشدا مرۆڤایەتی قووربانییەکی زۆری داوە.
شیعر ڕێگەمان پێدەدات بە وشەسازیی شیعریی چەمکگەلێکی وەک بێدەنگی، نەبینراوەکان بگۆڕین بۆ دەنگ و بینراو. بۆنموونە،چەمکی جوانیی لەم گوزارە شیعرییەی رامبۆ(“”ئێوارەیەکیان،جوانیم خستەسەر ئەژنۆم– تەماشامکرد تاڵ بوو.–سوکایەتیمپێکرد””)ئەو جۆرەیە لە چەمکە نادیار و شۆکهێرەکان،کە گاڵتەجاڕی لە هەناویاندا بەرجەستەیە. نەبینراو و نەگوتراو لەو دێڕە شیعرییە دیدگایەک لەسەر جوانیی دەوروژێنێت،کە ئاماژەیە لەسەر گۆڕینی سەیرکردن بۆ کیمیای جوانیی. ئەم کیمیا نوێیە خۆی لەسەر سەلیقەیی لە گاڵتەکردن بە جوانیی و نادڵنیابوون لە جوانیی بونیاددەنێت. جوانیی لێرە زاڵمە و ئامانی بۆنییە.
رامبۆ لەو دێڕەدا هیچ لە جوانیڕا ڕانابینێت. لەوە ترسناکتر ئەوەیە،کە جوانیی گشت ئێمە بەخۆیەوە گرفتاردەکات و تامیشی تاڵە. بەمجۆرە سەرکۆنەکردنی جوانیی تەنها کارێکی جوانیناسییانە نییە لەسەر چەمکی جوانیی بەڵکو ئەرکێکی رەوشتیشە.ئەو ئەرکە رەوشتییە دەرفەت دەرەخسێنێت لە بنچەی جوانیی حاڵیبین و لەو فریودانەش(هەڵخەڵەتاندنەش) بەئاگابین،کە جوانیی دەتوانێت لەگەڵ خۆی بیهێنێت.
لەسەر بنەمای ئەو دیتنەی لای سەرەوەمانبێت،جوانیی لە گەرووی ئەم دێڕە شیعرییەی رامبۆ تراویلکەیە(سەرابە)، دەستکارییکردنی جیهانبینی شیعرە بۆ خودی چاوەڕوانییەکان لە جوانیی. گەر جوانی ئەوە بێت خودی جوانی ڕایهێناوین لەسەر ئەزموونکردنی خۆی، ئەوا جوانیی بەس نییە. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ڕەچەڵەکی جوانیی ناشرینییە. جوانیی،کە بەرگەی ناشرینیی ناگرێت شێلگیرانە کاری خۆیدەکات؛ کار بۆ ئەوە دەکات هەر خۆی هەبێت و بەس. جوانیی غەدارە، هێرشبەر و داگیرکەرە.
پرسی جوانیی لەم دێڕە شیعرییەی رامبۆ پێکۆڵییە( پێداگرییە)لە تاڵی تامی جوانیی. چونکە جوانیی لە بنڕا خاکەڕا و سادە نییە. جوانیی تابڵێت پەژارەییهێنەر و شۆکهێنەرە بۆ ئەوانەی لە چاوەڕوانی ئەوەدان جوانیی شتێکی زۆریان پێببەخشێت. هاوکات گومانی ناوێت ئەم گوزارە شیعرییە شاکارگەلە؛ زەوییەکی بەپیتە بۆ بینینی دیوە شارەوەکانی جوانیناسی جوانیی، دانهێنانیشە بە شتگەلێک لە جوانییدا پەنهانە؛ وەک تاڵیەکەی، فریودەرییەکەی. بۆیە بۆ رامبۆ سوکایەتیکردن بە(جنێودان بە)جوانیی تۆمەت نییە، تەقەلایەکە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندی ناساکارانەی نێوان جوانیی و ناشرینیی.
بەهۆی ئەم دەستەواژە شیعرییەی رامبۆوە دوا قسەمان سەبارەتدەکەین بەو دۆخشێواوییەی شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانکارییەوە دووچاریبووە، کە بۆ زۆرێکیش ڕوون نییە بۆ شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانیناسیەوە بەو دەردەبراوە؟ واتە بۆ خەڵەتاوە بە جوانیی/ ئەوە دەرئەنجامی هەوڵ بۆ پێشەنگبوون بووە یان بێئاگاییبوون لەو گۆڕانکارییانەی بەسەر جوانییدا هاتووە؟
چۆن شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانیناسییەوە خۆی بێت؟ ئەم خۆبوونە ناشێت لەوێوە دەستپێکات ئەو هەموو ناجوانییانە یبینێت، کە بەردەوام ڕۆژانە دەیژێت؟ کەوابێت بۆدەبێت ئەو هەموو جوانییە درۆیینانە لەناو شیعرەکانیدا هەبن؟گەرووی شیعری نوێی کوردی ،زۆر بەدەگمەن نەبێت،خۆی نییە، لە خۆی نامۆیە و بوێرنییە لە بینینی ناشرینیەکان. دەستەواژە شیعرییە نوێکانمان لەگەڵ لۆژیکی ئەو دونیا ناشرینەی شاعیر بەردەوام دەیژێت یەکناگرێتەوە. چەمکە مۆدێرنەکانی ناو دەقی شیعریی ئێستامان تاڕادەیەک هەرهەموو کۆیلەی جوانیین و ترسنۆکن لە بینینی دیوی ترسناک و هەڵخەڵەتێنەری جوانیی سەردەم.
سەرئەنجام ئەوە دەڵێین،کە شیعری هەنووکەی نوێمان مژدەی تێگەیشتنێکی نوێی بۆ ناشرینیی پێنییە؛ بۆ ئەو جوانییەش پێنییە،کە داگیرکار و چەوسێنەری ناشرینییە. بۆیە هیوام بەو شیعرە کوردییانە نییە بانگەواز بۆ جوانییەک دەکەن لێوانلێوە لە درۆ. هەر ئەم درۆیەشە ڕێگانادات تێگەیشتنی ڕەخنەیی سەرهەڵدات سەبارەت بە ڕەچەڵەکی جوانیی و ئەو غەدرەی جوانیی لەڕووی مێژوویەوە لە ناشرینیی کردوویەتی. ئەم خواستەی ئێمە هۆشیارییەکی فراوانتری دەوێت لەوەی ئێستا سەبارەت بە جوانیی لای شاعیران و ڕەخنەگرانی ئەدەبی کورد لەئارادان….. .بەداخەوە، ناشرینیناسی هەواڵێکە و جارێ نەگەیشتووە بە شاعیرەنوێخوازەکانی هەنووکەمان.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

—————————–

سەرنج: ئەم گوزارە شیعرییە دێڕێکی شیعری شاعیری فەرەنسی رامبۆ Arthur Rimbaudیە لە”وەرزێک لە دۆزەخدا”، کە بەمجۆرەیە:
Un soir, j’ai assis la Beauté sur mes genoux – Et je l’ai trouvée amère. – Et je l’ai injuriée.
.

mm

دکتۆر ئازاد حەمە وانەبێژ بە بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفە( فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی مێژوویی)، وانەوتنەوە لە قوتابخانەی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سلێمانی.

Previous
Next