ڕۆژی جیھانی ژن و یەکسانی ڕەگەزیی و فێمینیزم و تێڕوانینی ئەنارشیستی* …. ھەژێن
بەرایی: ….
بۆچوون و تێڕوانینی گشتیی تاکەکانی کۆمەڵ، بەدیاریکراوی ئەوانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە نایەکسانی ڕەگەزیی ڕەخنەدەگرن، زۆر بەداخەوە لەژێر ھەژموونی ئایدیۆلۆجیا و ڕەوتە ڕامیارییەکان، زۆر کورتبینانە مێژوو دەبینێت و دەخوێنێتەوە. ئاوا دیتن و خوێنەوەیەک بۆ دیاردە مێژووییەکان وەک شێرپەنجە ئاوەز و ھۆشی کەسەکان گەوجدەکات و کەسەکان تووشی کورتبیینی و نەزانیی لەبۆماوەی مێژوویی دەکات.
ئەگەر لە ھەر یەک لەو کەسانە بپرسدرێت یان بەو جۆرەی کاناڵە میدیاییەکان و مدیای ڕەوتە ڕامیارییەکان و بڵندگۆ ئایدیۆلۆجییەکان وێنایدەکەن؛ سەرچاوە و سەرەتای بیرۆکەی ڕزگاری ژنان و یەکسانی ڕەگەزیی بۆ کەی و کێ دەگەڕێتەوە، یەکسەرە و ڕۆبۆت-ئاسا کۆمەڵێک ناوی کەسیی و پارتیی و ئایدۆلۆجیی ڕیزدەکەن و بە سنگدەرپەڕاندن و شانازیی و لەخۆڕازیبوونەوە، لەسەر پاگەندەکانی خۆیان پێداگرییدەکەن و ناوی شیکاریی “زانستی” و “واقیعیی” و “درووست” بەباڵادەبڕن.
بەبۆچوونی من، ئەوە یەکێک و سەرەکیتیرن پایەی دیاردەی گەوجبوونی ئاوەزیی و ھۆشیی کەسەکانە، نەھامەتی سەردەمی مێگەلبوون و تووتییبوون. سەردەمێک کە دەزگەی گەوجێنەر (تێلەفزیۆن و ڕادیۆ) لەجیاتی ھەمووان بیردەکەنەوە و دەدوێن و بڕیاردەدەن و ئاوەز و ھۆشی کەسەکان کەڕووی ئایدیۆلۆجیی ھەڵدەھێنێت و دەنگە ئاراستەکەرە شادراوە ئایدیۆلۆجیی و ڕامیارەکان لەپشت کاناڵە نیئۆلیبڕاڵ و چەپ و ئایینییەکان تاکەکانی کۆمەڵ ئاراستەدەکەن و توانای بیرکردنەوە و ڕامان لە ئاوەز و ھۆشی گشتیی کۆمەڵ و تاکەکانی دەستێنن و لەنێودەبەن.
ئەگەر نا، ھەموو کەسێکی بە ئاوەز و ھۆش زیندوو ئەوە دەزانێت، ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی وەک بەشێک لە ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی چینایەتی بۆ بەرەبەیانی سەرھەڵدانی یەکەمین پێکھاتە و ڕێکخستی قووچکەیی (ئایینی |خێڵەکی) دەگەڕێتەوە و گرێدراو و مانەوەی، وابەستەی مانەوەی ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی چینایەتییە و سەرھەڵدانی ناڕەزایەتی و بەرەنگاری و بزووتنەوە دژە- ستەم و -ھەڵاواردن و -نایەکسانی ڕەگەزییەکان بۆ بەرەبەیانی سەرھەڵدانی خودی ئەو ستەمە دەگەرێتەوە و خواستی یەکسانی ڕەگەزیی (یان مرۆیی) بۆ ھیچ کەللەسەرێکی چاکەکار و بەبەزەیی ناگەڕێتەوە و ئافەریدەی ھۆشی یەزدانیانەی ھیچ فیلۆسۆف و تیئۆریککار و ئیدئۆلۆگێک نییە و ھیچ کەس ڕابەر و پێشنیارکەر و داھێنەری ناڕەزایەتی و بەرەنگاریی و بزووتنەوەی دژە-ھەڵاواردنی ڕەگەزیی نییە و لەو بەرەبەیانەوە تاکو ئێستا، خودی ژنان بەرەنگاریکەر و دەنگی ناڕەزایەتی و بزوێنەری ئەو ڕەوتەن؛ ژنانێکی گومناو، ژنانێک کە ھەردەم وەک ئازار و ستەم و ھەڵاواردنەکە پەردەپۆش و فەرامۆش و نادیدەگیردراون، ھەر ئاوا کە دەنگی پڕۆلیتێرە یاخییەکانی پێش و پاشی لەدایکبوونی تیئۆریککارانی سۆشیالیست پەردەپۆش و فەرامۆش و نادیدە گیراوە و دەکرێت، نەک فڵانە خاتوونی توێژی نێوەنجی یان فڵانە خاتوونی خانزاد و دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و پارتییباز و ئایدیۆلۆجیگەرا.
پێش ئەوەی ژنانی کرێکار مانبگرن و خوازیاری کرێی یەکسان بن بۆ کاری یەکسان، پێش ئەوەی ژنانی مانگرتوو لەلایەن خاوەن کارخانە بسووتێندرێن و پێش ئەوەی ژنانی پارتییباز ئەو ھەلە بۆ ناوبانگی خۆیان بقۆزنەوە، پێش ئەوەی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژێکی جیھانیی بناسرێت، ھەزاران ساڵ ژنان لەنێو لادێکان و لەسەر کێڵگەکان و لەنێو خێزانەکان دژی سوورانەی سەرۆکخێڵەکان و دژی فەرمان و یاساکانی پەرستگەکان و دژی ملھوڕیی پیاوانی نێو خێزان چرکە بە چرکەی ژیانی خۆیان جەنگیون و وەک تێکۆشەری گومناو ئەشکەنجەدراون و سووتێندراون و مێخکێشکراون و گوند- و شار-بەدەرکراون و زیندانیکراون و ئەتککراون و …تد. بەڵام لەبەرئەوەی کە خودی تێکۆشەرانی ئەو ڕۆژگارانە لە ئاستی دەرککردنی تۆماری ڕوداوەکانی ئەو مێژووە و ھەم سیستەمە فەرمانداریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکە بواری ئەوەی نەداوە، مێژووو و بەرەنگاریی ئەوان بە فەرامۆشیی سپێردراوە و بووە بە خوانی ئامادەی بەردەم ئیدئۆلۆگەکان و کراوەتە بارەتەقای پەڕجووگەرانی ئایدیۆلۆجی.
ھەڵبەتە نابێت ئەوەش لەبیربکرێت، ئەو کاتیش وەک ئێستا ژنانێک ھەبوون و کەم نەبوون، کە وەک ھەر کۆیلەیەکی دیکە، خەریکی ڕمبازێن بوون بۆ پاراستنی سەوەریی نێرسالاریی و سەروەریی چینایەتی؛ وەک ئێستا ژنانێک ھەبوون، کە بۆ ڕاکێشانی دڵی سەروەران ھەوڵیانداوە و لە باشترین بار خەریکی ڕیفۆرمکردنی سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی بوون؛ ھەر وەک ئێستا و بەدڵنیاییشەوە ھەر وەک ئێستا ژنانێك ھەبوون، کە وزە و ھێز و توانای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنانی چەوساوەیان بۆ بەدەستھێنانی ناوبانگ و مشەخۆریی و دەسەڵاتداریی خۆیان بەکاربردووە؛ ھەموو بوونەکانی ئێستا (ناڕەزایەتی و بەرەنگاری ستەم و ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و خوازیاریی یەکسانی ڕەگەزیی، ناوبانگخوازیی و مشەخۆریخوازیی و دەسەڵاتخوازیی ھەلپەرستان و ..تد) درێژە و گەشە و گشتگیربوونی دیاردە و بوونەکانی ڕابوردوون، بەڵام بە ڕەھەند و وزە و فراوانییەکی دیکەوە.
لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە خواستی یەکسانی ڕەگەزیی یان دژایەتی سەروەریی ڕەگەزیی دیاردە و سەرھەڵدانێکی تازە و دەسکردی ھیچ کەس و ڕەوت و ئایدیۆلۆجیایەک نییە، بەپێچەوانەوە، ھەردەم، چ ڕابوردوو و چ ئێستا کەسانی ھەلپەرست بۆ بەدەستھێنانی ناوبانگ و مشە و دەسەڵاتی خۆیان، بزووتنەوە و خواستە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دەکەنە سەرمایە و پەیژەی سەرکەوتن و گەییشتن بە مەرامە سەروەرییخوازەکانی خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش ئیدئۆلۆگەکانی سیستەمی سەرمایەداری زۆر وردەکارانە و بە شیکاریی دەروونیی خودی کۆیلان (چ ژنان وەک کۆیلەی ڕەگەزیی و چ گشت ژنان و پیاوانی چەوساوە وەک کۆیلەی چینایەتی)، ئامانج و خەونی دژە-ستەمی ڕەگەزیی دەخەنە خزمەت مانەوە و بەردەوامی سیستەمە چینایەتییەکە و ئاراستەی دژە-سەروەریی تێکۆشانی یەکسانیخوازانەی ڕەگەزیی وەک بەشێکی سەرەکی لە تێکۆشانی دژە-چینایەتی، دەگۆڕن بە ململانێ و کیندەدۆزیی ڕەگەزیی نێوان ژنان و پیاوان و کردنی نێر یان نێربوون بە ھۆکاری سەرەکی ھەڵاواردن و ستەمی ڕەگەزیی و پلە چەندیی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی ژنان.
ئاوا ڕودان و زەمینەسازییەک بەرەنجامی زیرەکی و ئەزموونگیریی ئیدئۆلۆگەکانی سەروەریی و ناھوشیاریی و پاشڕەویی خودی چەوساوانە بۆ پلان و ئایدیۆلۆجییەکانی ئەوان. ھەر ئاوا کە خودی ستەمی ڕەگەزیی یەکێکە لە ئامرازەکانی بەردەوامی ستەمی چینایەتی و بۆ ئەو مەبەستە ئیدئۆلۆگەکان و نووسەرانی پارێزەری سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی، بۆ دەرخستن و بەرجەستەکردنی ژنانی دەسەڵاتخواز زەمینەسازییدەکەن و خەونە سەروەرییخوازەکانی ژنانی بەرتەریخواز و مشەخواز و دەسەڵاتخواز (بەدیاریکراوی دەستەبژێری ژنانی ڕامیار و ئەکادێمیست) گەورە و بەرجەستە و تیئۆریزەدەکەن؛ فێمینیزمی ئایینی، فێمینی ناسیونالیستی، فێمینیستی دژە-نێرینە، فێمینیستی پارلەمانخواز،فێمینیستی پارتییگەرا و ..تد، کە لە بنەڕەتدا خودی ئەو ڕەوتانە بە درێژایی مێژوو ھۆکاری مانەوە و بەردەوامی ستەمی ڕەگەزیی بوون؛ پایەی پەرەستگەکان بە ملکەچکردنی ژنان ڕۆنراون، سەروەریی خێڵ|”نەتەوە” لەسەر پابەندکردن و کەرەستەکردن و نامووسکردنی ژنان ڕۆنراوە و چێکراوە، پارلەمانگەرایی لەسەر جەستەی مێینە ڕۆنراوە و پارتییایەتی وەک دەزگەی پاراستنی نێرسالاریی دەرکەوتووە و ئێستاش وەك ڕابوردوو ھەموویان (بەنادیدەگرتنی لایەنە نەرێنییەکانی دیکە) ھێشتا یانەی (کڵاپی) نێرینە و سەرچاوەی شانازیی یەزدانیی و خێڵایەتی و ناسیونالیستی و ڕامیاریی بە نێرسالاریین و ھەر ژنێکیش ئاگا یان نائاگا ببێتە بەشێک لەو دەزگانە، خۆبەخۆ دەبێتە پارێزەری ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ژن و پیاو و ھەر سات و لە ھەموو شوێن دەتوانین لەنێو ئاخاوتن و بڕیار و ڕەفتاری بەشدارانی ئەو دەزگایانە ڕەگەزسالاریی ببینین، بەدیاریکراویی ژنانی فریودراوی نێو ئەو دەزگایانە، کە خراپتر لە نێرینە ناوبانگخواز و دەسەڵاتخواز و مشەخواز و گەندەڵ و ڕامیارەکان، بە ھەست و سۆز و خۆزگە و خەونی یەکسانیخوازانەی ڕەگەزیی ژنان کایەدەکەن و خۆشباوەڕیی ئەوان دەکەنە پەیژەی سەرکەوتنی خۆیان.
فێمینیزم (گەڕانەوە بۆ بنەمابوونی ڕەگەزی مێیینە یان ڕادەی کەم ھاوبەھایی ڕەگەزی مێینە بە ڕەگەزی نێرینە) زیاتر لە ھەموو چەمک و ئاراستە و ڕەوتێکی دیکەی کۆمەڵایەتیی لە خشتەبراوە و بە دژە-پیاوکردنی گۆڕدراوە بۆ ئامرازێکی سیستەماتیکی سەروەریی چینایەتی و تەنانەت ڕادیکاڵترین ڕەوتی نێو بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ڕەگەزیی (کە ژنانی ئەنارشیستن) بەجۆرێک سیستەمی چینایەتی بەسەر ھۆش و ئاوەزی ئەوانیش سێبەریکردووە و خەریکە لەنێو ئەوان دەنگانێک پەیدادەبن، کە بزووتنەوەی دژی-ستەمی ڕەگەزیی یان بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ڕەگەزیی لە کۆی بزووتنەوەی دژە-چینایەتی جیا و جیاوازدەبینن و نێرینە بە ھۆکاری ھەموو بەدبەختییەک دەبینن، کە بە بۆچوونی من، ئەوە نائاگابوونە لە مێژووی ستەمی ڕەگەزیی و ھەڵگر و درێژەپێدەرانی و تەنانەت ڕۆڵی خۆشباوەڕانە یان ھەڵپەرستانەی خودی ژنان لە درێژبوونەوەی و ھەر ئاوا ھەژاریی ئاوەزیی و ھۆشییە، کە چالاکانی ئەم ڕۆژگارە تووش و گیرۆدەی ئەو بۆچوونە ڕەگەزگەراییە بوون.
تێڕوانینی ئەنارکیستان بەگشتی، بە دیاریکراویی ئەوانەی کە لە سەرەتا و نێوەڕاستی سەدەی نۆزدە تاکو ئێستا خۆیان بە تێکۆشەر و بانگدەری ڕزگاری مرۆڤایەتی لە کۆیلەتی چینایەتی ناوبردووە و ناودەبەن، بەجۆرێك ڕادیکاڵترین دەنگەکانی مێژوو بوون و ھەن و لەنێو ڕەوتە سۆشیالیستییەکان ڕادیکالترین ڕەخنە و بزووتنەوەی دژی ستەمی ڕەگەزی بوون و ھەن. بۆ سەلماندنی ئەوەش بەڵگەنامە و نووسین و بڵاوکراوە** و بزووتنەکانی سەدە و نیوی ڕابوردوو ئەوە نیشاندەدات، کە ئەنارکیستەکان مۆتۆری ڕادیکاڵبوونەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە چینایەتییەکان بوون و لەنێو ئەوانیش زۆر بە دیاریکراویی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان؛ بزووتنەوەی دژی نێرسالاریی، بزووتنەوەی دژی ھەڵاواردن….تد .
بەڵام دیسان بەداخەوە، لە نێوەی دووەمی سەدەمی ڕابوردووەوە و بەدیاریکراوی لە دەھەی کۆتایی سەدەی ڕابوردوو تاکو ئێستا، گەردەلوولی نەزمی نوێی بازار و ھەژموونی میدیا و زاڵبوونی ئیدئۆلۆگی نیئۆلیبرالیزم، خەریکە بە جۆرێک تێڕوانینی ئەنارشیستی بۆ ڕزگاری ژنان بەرەو ئایدیۆلۆجیابوون و جیابوونەوە لە گشتێتی ڕەوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە-سەروەرییەکان دەبات. ئاوا ھەوڵێک لەنێو ئەو کۆمەڵانەی کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تاکو ڕادەی نەبوون و ھەڵوەشانەوە ڕۆییشتوون و ھەر ئاوا ئەو کۆمەڵانەی کە پۆست-دیکتاتۆریی و تاکپارتیین و تازە خەریکە پارلەمانگەریی دەبێتە دیاردەی باو و جێکەوتە، زیاتر بەدیدەکرێت، چونکە زەمینە بازاریی و میدیایی و مێگەلگەراییەکان زۆرتر لەبارترن و لەوێدا ھەموو شت و بوارێک، سەرەنوێڵکی سەرھەڵدان و پەرەسەندنی کێبڕكێی ناوبانگ و مشەخۆریی و دەسەڵاتداریی و کینەدۆزییە و دەستە شاردراوە و پەرجووگەرەکە زۆر بە ئاسانی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵ ئاراساتەدەکات و دەتوانێت ھەمووانی ناھوشیار یان ئایدیۆلۆجیگەر بکاتە سەربازی “في سبیل اللە”ی سیستەمی سەروەریی چینایەتی.
بەڵام سەرباری ئەوەش، سەرباری ھەموو پەراوێزخران و سەرکوتکران و دابڕاندن و لەنێوبردنێک، ھێشتا ئەنارکیستەکان پەیامەدەر و بانگدەر و چالاک و تێکۆشەری گومناوی ڕادیکاڵکردنەوەی بزووتنەوە و ڕەوتە کۆمەڵایەتییە دژە-چینایەتییەکانن و ھێشتا بنەماکانی تێڕوانینی ھزر و تیئۆری ئەنارکیستی، ئەستێرەی گەشاوەی ئاسمانی تێکۆشانی دژە ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و چینایەتی و پارێزەری ژینگە و گێڕانەوەی بنەما کۆمەڵایەتییەکان و بەخۆبوونەوەی تاک و گەشەدان بە کولتووریی مرۆڤایەتین.
ئەو پاگەندەیەی سەرەوە، زادەی حەزی من و پێداھەڵدانی ئایدیۆلۆجیانەی خود و بیرکردنەوەی من و ڕەوتی ئەنارکیستی نییە، بەڵکو زادەی کەتوارێکی مێژووییە، کە ھزر و تێڕوانینی ئەنارکیستی و تێکۆشانی ڕەوتە ئەنارکیستەکان لە گشت ھزر و تێڕوانین و ئاراستە و ڕەوتە کۆمەڵایەتیی و کولتووریی ئابووریی و ڕامیارییەکانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەو جیاکردنەوە و گوڵبژێرییەش بۆ بنەماکان و ئامانجەکانی ھزری ئەنارکیستی و پەیکگیریی ڕەوت و بزووتنەوە ئەنارکیستییەکان بە درێژایی دوو سەدەی ڕابوردوو و پێشتریش دەگەڕێتەوە، کە ھەردەم لە ڕێشەوە بۆ چارەسەری گرفت و کێشە و ستەم و نایەکسانی و سەرکوتگەرییەکان گەڕاون و تێکۆشانی خۆیان ئاراستەی پێکھاتەی ڕێکخستنێک کردووە، کە دروستکەر و پارێزەر و بەردەوامکەری ستەم و ھەڵاواردن و ملھوڕیی ڕەگەزی و چینایەتییە؛ پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستنی کۆمەڵ (پێکھاتەی خێزان، فێرگە، کارگە تاکو دەوڵەت) بۆ جێگیرکردن و پاراستنی سەردەست و ژێردەست، فەرماندەر و فەرمانبەر، پێشڕەو و پاشڕەو، بڕیاردەر و ملکەچ، دارا و نەدار، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات….تد
بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم و تێڕوانین و ڕێگەچارەی ئەنارکیستان بۆ ھەڵاواردنی ڕەگەزیی واوەتر لە ھەر ھزر و بیرۆکەیەکی دیکەی ئازادیخواز و سۆشیالیستی دەڕوات و ڕەگوڕیشە و سەراپای بوونی ستەم و سەروەریی نیشانەدەگرێت. ئەنارکیستەکان ھەبوونی نایەکسانی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی مرۆڤەکان بۆ نایەکسانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی مرۆڤەکان دەگێڕێنەوە و نایەکسانی دەسەڵاتی مرۆڤەکانیش بۆ نایەکسانی پێگەی ئابووریی ئەندامانی کۆمەڵ دەگێڕنەوە و پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستنی کۆمەڵیش (خێزان تاکو فێرگە و کارگە و بەڕێوەبردن) بە ڕاگر و پارێزەر و درێژەپێدەری ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانییە ئابووریی و دەسەڵاتیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان دەبینن و تاکو ڕێکخستنی کۆمەڵ و بەشەکانی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵ لەسەر بناخەی پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستن بێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ (ڕەگەزیی،ئایینیی، خێڵەکیی، نەژادی، کولتووریی، ئابووریی، دەوڵەتیی) دەمێنێت و زەمینەی دەبێت و بۆ ئەوەی سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ نەمێنێت، پێویستە بنەماکانی سەروەریی لەنێوببردرێن و ھەڵبوەشێندرێنەوە، کە نایەکسانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و دەسەڵاتیی مرۆڤن و ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزییش لەسەر ھەمان ئەو بنەمایانە ڕۆنراوە و خۆی پاراستووە و درێژەی ھەیە، کە سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤی لەسەر ڕاگیراوە و ئەو ھۆکارەش ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی دەکاتە بەشێک لە ستەمی چینایەتی و بۆ ھەبوونی سەروەریی چینایەتی دەگێڕێتەوە.
بەڵام ئەو بەشبوونە بەو واتایە نییە و نا، کە تاکو بەیەکجاریی ستەم و سەروەریی چینایەتی ھەڵنەوەشێتەوە، ئەگەری لاوازکردن و لەنێوچوون و ھەڵوەشاندنەوەی ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی نییە. بێجگە لەوەش، تێڕوانینی ئەنارکیستی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی چینایەتی و لەنێوبردنی پایە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولوتووریییەکانی سەروەریی چینایەتی، تەواو پێچەوانەی تێڕوانینە ئایدیۆلۆجییەکانی پێش و پاشی خۆیەتی و ھەڵوەشاندنەوەی سیستەم و سەروەریی چینایەتی بە پرسێکی یەک شەو و ڕۆژە و بەرەنجامی کودەتایەک یان گۆڕینی دەسەڵاتدار و سیستەمێکی ڕامیاریی بە یەکێکی دیکە و ئاراستەکردنی ئایدیۆلۆجیانەی کۆمەڵ و لەقاڵبدانی ژییان نابینێت و گۆڕانی سیستەمی کولتووریی-کۆمەڵایەتیی – ئابووریی و ڕامیاریی چینایەتی بۆ سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی ناچینایەتی بە پرۆسێسێکی بەردەوامی تێکۆشان و بەرەنگاری و ھوشیاربوونەوە و ھەڵکشانی ڕۆشنبیریی و گۆڕانی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و سەراپای ژیان و بیرکردنەوە و جیھانبینی مرۆڤی چەوساوە دەبینێت و بۆ بەدیھێنانی تێدەکۆسێت.
ھەر لەسەر ئەو بنەمایە، بەرەنگاریکردن و ھەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی بنەما کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوووریی و ڕێکخستنییەکانی نایەکسانی ژن و پیاو، وەک بەرەنگاریکردن و ھەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی بنەما کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوووریی و ڕێکخستنییەکانی سەروەریی چینایەتی (سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ بەگشتی) بە ھەڵگێڕانەوە و گۆڕینی خشت بە خشتی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی ڕەگەزیی و چینایەتی دەبێنێت و ھەر لەسەر ئەو بنەمایەی کە ژن بەشێكی یان نیوەی بوونی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە، ئامرازەکان و سەنگەرەکان و شێوازەکانی تێکۆشانی دژ بە ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیش ھەمەلایەنە و سەراپاگیری کۆمەڵ دەبن و پایەکانیشی تێکۆشانی ڕۆشنگەریی و کولوتووری و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دەبن و پێویستە و ئەوەش ئەرکی تێکۆشەرانەی ژنان دوو لایەنە دەکات، لایەک ئامانج و داخوازییەکان بەسەر پیاوانی ھاوچین و لایەک بەسەر بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ و وەستانەوە دژی دەسەڵاتی ئایین و کولتوور و نێرسالاریی وەک یەکەکانی سەروەریی چینایەتی، کە لەنێو دەوڵەتی ھاوچەرخ بەرجەستە بووە و دەبێت.
چونکە دەوڵەت (لە دەنگدەر و پۆلیس و سوپا تاکو دەگاتە پارلەمان و فەرمانداریی) بە ھەموو جۆرەکانی و لە باڵاترین و ھاوچەرخیترین ئاستی گەشەکردوویی خۆی، ئامرازی پیادەکردن و پاراستنی سەروەریی چینایەتییە و لەنێو ئەویش ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی و نەژادی و کولتووریی و ئایینی و ئەگەر لە شوێنێکیش بە پاشەکشێ و گۆڕینی ئاست و شێوەی ھەڵاواردن و سەروەریی بووبێت، ئەوا ھەر بەرەنجامی تێکۆشانی دژە-سەروەریی و دژە-چینایەتیی و ناڕەگەزییانەی چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵ بووە و دەبێت. کەواتە بەرەنگاریکردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی ھاوکات بەرەنگاریکردن و لەنێوبردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی چینایەتییە و ھەر ئاواش بەرەنگاریکردن و لەنێوبردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی چینایەتیی، ھاوکات بەرەنگاریکردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزییە و دەبێت، چونکە ھەر دوو ستەمەکە زادەی یەک سیستەم و ڕێکخستنی ڕامیاریی و ئابووریین و تەواوکەری یەکدین و وزەبەخش و ڕاگر و پارێزەری یەکدین و ئەگەر ڕۆژگارێک سەروەریی چینایەتی بۆ مانەوەی خۆی ناچاربکرێت، زۆر ئاساییە ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی پێچەوانە بکاتەوە و چەند ھەزار ساڵێکیش بە ژنسالاریی بە بوونی خۆی درێژەبدات.
وەک دەزانین ودەبینین، ژن منداڵە، خوێندکارە، دایکە، جوتیارە، کرێکارە، مامۆستایە، فەرمانبەرە، نەدارە، بێدەسەڵاتە … ( پڕۆلیتێرە) و ھاوکاتیش لەنێو ھەموو ئەوا بوارانە بێجگە لە چەوسانەوە چینایەیییەکە، وەک ڕەگەز دەچەوسێتەوە و برا و باوک و ھاوسەر و ھاوکار و ھاودەردە نێرینەکەی دەکرێتە مەقاشی ئەو چەوسانەوەیە، کەواتە ژن بۆ ڕزگاربوون ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو پیکھاتە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و بەڕێوەبەرییانە بۆ ڕزگاربوونی خۆی بگەڕێت و لەسەر گۆی زەمین بستێک شوێن لە دەرەوەی سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی و ملھوڕیی دەوڵەت نەماوەتەوە، تاکو ژنان لە باری خۆدابڕاندنی ڕەگەزیی، کە خۆکوژیی ڕەگەزیی و مرۆییە، کۆمونە ھاوڕەگەزییەکانی خۆیان درووستبکەن و لە ئاوا شوێن و سەردەمێک ژنیش وەک پیاوی چەوساوە و مرۆڤایەتی نەدار- و بێدەسەڵات-کراو (پڕۆلیتێر) بە ھەڵبژاردنی لایەک لە دووڕیانی : (خۆڕزگارکردن لە سەروەریی) یان (کۆیلەمانەوە بۆ سەروەەریی) سزاوارە و ڕزگاربوون بەبێ لێدان لە بنەما کولتووریی و ئایدیۆلۆجیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و پێکھاتەیی و دەزگەییەکان، خەونی خواردنی کولیچە دەبێت لەنێو ئەفسانەی بەھەشتی ئاسمانەکان.
دیسانەوە، ئەوە بە واتایە نییە، کە ژنان نابێت ڕێکخراو و گرووپی تایبەت بە خۆیان لەنێو پێکھاتەی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان ھەبێت، نا، بەپێچەوانەوە ھەبوونی ڕێکخراوە و گرووپە پاگەندەیی و ھوشیاربەخشەکان لە شوێنەکانی کار و ژیان و خوێندن و ..تد، پێداویستیی بێچەندوچوونن و تەنانەت بۆ ھوشیارکردنەوە و داچڵەکاندنی پیاوانی چەوساوە و ھاودەم و ھاوچین پێویستن. بەڵام ئەگەر ئەو ڕێکخراوە و گرووپانە کەمتر لە ئامرازی ھوشیارکردنەوە و پاگەندەی دژە-سەروەریی ڕەگەزیی بڕۆن و واوەتر لە گرووپ و ڕێکخستنی ھوشیاربەخش بن، دیسان دەبنەوە بەشێک لە ھەوڵە ئیدئۆلۆگییە بۆرجوازییەکان و دەبنەوە بە کوتەک و جەلاد و ئاراستەکەری خودی ژنان و دەبنەوە بە بەرھەمھێنەرەوەی سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ و لە باشترین باردا دەبنە سەروەری مێینە لەسەر ژنان و جێگەی سەروەرانی نێرینە دەگرنەوە، ھەر بەو جۆرەی کە ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین، کە فێمینیستانی ئایینگەرا و ناسیونالیست و لیبڕاڵ بۆ ئاراستەکردنی ئاوەزی ژنانی ڕزگاریخواز ھەوڵدەدەن و (بەڕێوەبەربوون) و (پارلەمانتاربوون) و (سەرمایەداربوون) و سەروەربوونی ژنانێک بە ڕێگەچارەی ڕزگاری ژنان و نەمانی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی ژنان وێنادەکەن.
ئاوا بۆچوون و تێڕوانینێک مرۆڤی خۆھوشیار و بەئاوەز ڕووبەڕووی پرسیارێک دەکاتەوە؛ ئایا جیاوازی ھەیە و چییە، کە (ھاوڕەگەزێک، ھاونەژادێک، ھاوزمانێک، ھاوئایینێک، ھاوکولتوورێک) یان (ناھاوڕەگەزێک، ناھاونەژادییەک، ناھاوزمانێک، ناھاوئایینێک و ناھاوکولتوورێک) مشەخۆری ڕەنج و سەرکوتگەر و سەروەری مرۆڤ بێت؛ ئایا سەروەریی ھەر سەروەریی نییە و دیوەکەی دیکەی ملکەچی و کۆیلەتی ئەوانی دیکە نییە؛ ئایا ڕەگەز و زمان و ئایین و نەژادی جەلادێک ھیچ لە ئازار و ئەشکەنجە و ستەم و کوشتنی مرۆڤی چەوساوە دەگۆڕیێت؟
ھەژێن
٦ی مارچی ٢٠١٨
———————————
* یان بەڕادەی کەم، ئەوە تێڕوانینی من دەبێت.
** سیمبۆلی ئەنارشۆ-فێمیستەکان ؛ بڵاوکراوەی یەکەمین گرووپی ئەنارشۆ-فێمینیست لە ئاستی جیھان : دەنگی ژن، ساڵی ١٨٩٦-١٨٩٧ لە بۆینس ئایرس (ئەرجەنتین) و دواتر ١٨٩٩ لە (ڕۆساریۆ) بڵاودەکرایەوە. ھەر ئاوا ڕۆژنامەی (نە یەزدان، نە خاوەن کار، نا ھاوسەر) لەو ساڵانە بڵاودەبووەوە:
https://en.wikipedia.org/wiki/La_Voz_de_la_Mujer