وڕێنەی باڵادەستی و کلتوری مشەخۆری.. ستار ئەحمەد
مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە گۆڕەپانی ململانێی نێوان دوو تێڕوانینی دژبەیەک بووە؛ تێڕوانینێک کە بوونی مرۆڤ وەک هێزێکی داهێنەر، بونیاتنەر و بەرهەمهێنەر دەبینێت، و تێڕوانینێکی تر کە دەیەوێت بە ناوی پیرۆزی، خودا ناسی یان هەڵبژاردنی ئاسمانییەوە، کۆمەڵێک مرۆڤ بکاتە بارگرانی و مشەخۆر بەسەر کۆمەڵگاکانی ترەوە. ئەو دیدگا شێواوەی کە دەڵێت: “ئێمە بۆ کارکردن و داهێنان دروست نەکراوین، بەڵکو جیهان دەبێت خزمەتمان بکات”، نەک هەر تێنەگەیشتنێکی قووڵە لە فەلسەفەی بوون، بەڵکو ڕاگەیاندنی جەنگێکی بێدەنگیشە دژی شکۆ و ئابڕووی مرۆڤایەتی و سووکایەتی کردنە بەو ئاوەزەی کە مرۆڤی پێ لە بوونەوەرەکانی تر جیاکراوەتەوە. ئەم جۆرە تێڕوانینە نەزۆکانە دەیەوێت چەمکی پیرۆزی دابڕێنێت لە ناوەڕۆکە ڕەوشتییەکەی و بیکا بە ئامرازێک بۆ پاساودانی تەمەڵی، لە کاتێکدا مێژووی شارستانیەت سەلماندوویەتی کە هیچ نەتەوە و بیروباوەڕێک بە بێدەنگی و ڕاکشان لەژێر سێبەری خەیاڵدا نەگەیشتووەتە کەناری مانەوە.
ئەو خوایەی کە جیاوازیی زمان, ڕەنگ، فەرهەنگ و وشیاری مرۆڤەکانی کردووە بە نیشانەیەک لە بەڵگەکانی گەردوونەکەی، هەرگیز مرۆڤایەتی دابەش نەکردووە بۆ دوو جەمسەری هەمیشەیی کە تیایدا کۆمەڵێک بە ناوی باڵادەستیەوە، فەرمانڕەوایی بکەن و کۆمەڵێکی تر وەک کۆیلەکان داهێنەر و ماندووبن بۆ خزمەتی ئەوانی تر. جیاوازیی نێوان گەلان و نەتەوەکان، بەڵگەی دەوڵەمەندیی ژیان و جۆراو جۆریی کایەکانی داهێنانە، نەک پاساوێک بۆ چەوساندنەوە و خۆسەپاندن. تاقە پێوەری ڕەها، بێ چەندوچوون و دادپەروەرانەی گەردوون بۆ بەرز نرخاندنی هەر تاک یان کۆمەڵگەیەک، تەنها لەم هاوکێشەیەدا کورت دەبێتەوە کە دەفەرمێت: (پشتبەستن بە خوداپارێزی، بەسوودترین کار و کرداری ئێوەیە). لێرەوە دەردەکەوێت کە پارێزگاری و نزیکبوونەوە بە واتای ڕاستی، لە بنچینەی خۆیدا پەیوەستە بە ئاوەدانکردنەوە، داهێنان و پێشکەشکردنی چاکە بە هەمووان، نەک خەوتن لە ژێر سێبەری تەمەڵی و دەستەوەستانیدا، چونکە خوداپارێزیی ڕاستەقینە لە نێو کایەی کرداردا دەژیت نەک لە نێو گۆشەگیریی و دابڕان لە بارو دۆخەکان.
جێگەی سەرنج و پێکەنینە، تاقمێک بێ بەرهەم، کە تەنانەت ناتوانن دەرزییەکیش دابهێنن یان هەتوانێک بۆ سووک کردنی ئازاری نەخۆشییەکانیان بدۆزنەوە، لەبەرھەمی هۆش، زانست و داهێنانەکانی گەلانی تر دەخۆن، سوود لە تەکنەلۆژیا و دەسکەوتە شارستانییەکانیان دەبینن، کەچی لە هەمان کاتدا بانگەشەی چاکە، ڕێنمایی و باڵادەستیان بەسەردا دەکەن و خۆیان بە جێگرەوەی ماف و ئەوانی تر بە هیچ دەزانن. ئەمە لوتکەی داڕمانی ئاکاری و هزرییە کە تێیدا مرۆڤی مشەخۆر شانازی بە دەستکەوتی ئەو دەستە ماندووانەوە بکات کە شەونخونیان کێشاوە بۆ ڕووناک کردنەوەی تاریکییەکانی جیهان. ئەم جۆرە بیرکردنەوە کۆنەپەرستانەیە مێژووی ڕێبازی یاسا و ڕەوشتی شێواندووە و ڕێگەی پێدراوە ببێتە بارگرانی بەسەر شانی مرۆڤەکانی دیکەوە….؟
کاتێک بیروباوەڕێک تاکی خۆی فێر دەکات کە ئەو لەوانی تر چاکترە تەنها لەبەر ئەوەی سەر بە ئاراستەیەکی دیاریکراوە، بەبێ ئەوەی یەک دڵۆپ ئارەقەی پێشکەوتن بڕێژێت، ئەوا ئەو بیروباوەڕە دەبێتە کارگەی بەرهەمهێنانی توندو تیژی، داگیرکاری و ڕق ، بەرامبەر بە هەرچی گەشەو نوێبوونەوە هەیە لە جیهاندا.
مەترسیی گەورە لێرەوە دەستپێدەکات؛ کاتێک مرۆڤەکان چەمکە باڵاکان تێکەڵ بە حەزە نەخۆشەکانی خۆیان دەکەن، هەر کەسێک یان تاقمێک وا بزانێت ناسینی ڕێگەی ڕاست مۆڵەتنامە و ڕێپێدانە بۆ تەمەڵی، و گڵۆپی سەوزە بۆ ڕشتنی خوێن، تاڵانکردنی ماڵ و زەوتکردنی ئابڕووی ئەوانیتر، ئەوا لە بنچینەی ڕەسەنی مرۆڤایەتی و ئایین تێنەگەیشتووە. ناسینی ڕێگەی ڕاست دەبێت مرۆڤ بەرەو هۆشیاری, دادپەروەری، و پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان ببات، نەک بەرەو دڕندەیی و قۆرخکردنی دەستکەوتی گەلانی تر بە ناوی پیرۆزییەوە. ئەو ئایین یان بیرەی، کە ئەنجامە کردارییەکەی لە سەر زەوی نەبێتە ڕەوشتێکی بەرز، دادپەروەری و لێبوردەیی، و ئەو ئایین پەروەرییەی کە بەرهەمەکەی کارێک نەبێت شکۆ و بەهای مرۆڤ بپارێزێت، باوەڕێکی پووچە، بێ ناوەڕۆک و مەترسیدارە. ئەم جۆرە تێڕوانینە نەزۆکانە، نەک هەر نابنە هۆکاری سەرخستنی چاکە، بەڵکوو گەورەترین بارگرانی و شەرمەزارین بەسەر کایەی هزری و مرۆییەوە و مرۆڤایەتی لە نێو زەلکاوی نەزانیندا دەخنکێنن.
شارستانیەتی ئەمڕۆ، لەسەر شانی ئەوانە بونیات نراوە کە شەونخونیان کردووە بۆ دۆزینەوەی هەتوانێک، داهێنانی ئامێرێک یان نوسینی دەقێکی فەلسەفی کە ژیانی مرۆڤ ئاسانتر و ڕووناکتر بکات، نەک ئەوانەی مێژوویان پڕکردووە لە دروشمی بۆگەن و هاواری زەندیقرکردنی داهێنەرەکان. نەتەوە و هێزە زیندووەکان بە کار و بەرهەمەکانیان دەناسرێنەوە، بەو شوێن پەنجەیەی کە لە سەر زەویدا جێیدەهێڵن بۆ خزمەتی ژیان، نەک بەو وتارە مشەخۆرییەی کە دەیەوێت ماندووبوونی ئەوانی تر بکاتە موڵکی خۆی. کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگە لەم خەوە ترسناکە و لەم وڕێنە مێژووییە بەئاگا بێتەوە و تێبگات کە کار پێوەری سەرەکیی بوونە، و هەر بیرۆکەیەک، بە هەر ناوێکەوە بێت، ئەگەر سووکایەتی بە ماندووبوونی مرۆڤ و بەرهەمی ئاوەز بکات، شایەنی ئەوەیە فڕێ بدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە و وەک پەڵەیەکی ڕەش لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی سەیر بکرێت. بوونی ڕاستەقینە لە داهێنان و پاراستنی شکۆدایە، و هەر وتارێک لە دەرەوەی ئەمە بێت، تەنها کاردانەوەیەکی سووتێنەرە لە بیابانێکی چۆڵدا.
