لەبارەی مەحویەکەی “هێمن خۆشناو”ەوە … عەلی مستەفا
کارم بەوە نیە هێمن خۆشناوتان پێ بناسێنم، ئەوە پەیوەندی بە کار و باری ئەزموونی ئەدەبی و گەڕان و هەڵزنانەکانی خۆیەوە هەیە. مەحوی شاعیریش لەو باس و خواستانە ڕێگای درێژی بڕیوە. ئەوەی زۆر گرنگەو سەرنجم چووبێتە سەری کارە، کارێک نە تەنها بۆ خواستێکی بچووک، یان بۆ تاکە کەسێک و داماڵینی بۆ بازنەیەکی بچووک، بەڵکو کارێک بۆ نەتەوەیەکی خاوەنی چەندین دەیە لە ئەزموون و عیرفانەکانی مەحوی، نەتەوەیەک خاوەنی ئەزموون و تاقیکردنەوە ڕەنگاوڕەنگاکانی مێژووی ئەدەبی کوردی و دەرکەوتە کاریگەرەکان بەسەر کەسایەتیەکانی نێو پاوانی ئەدەبیدا.
لەوەتەی شیعر دەناسم، دیوانەکەی مەحوی دەخوێنمەوە و شیعرەکانیم خۆشدەوێت، بەڵام قەت وەکو ئەوەی لە ساغ کردنەوەی دەستنووسی عوسمانیەکان هەوێردە کراوە و چەند لایەنێکی جوانی کەسایەتی مەحوی ڕوون کراوەتەوە، ئەو زاتەم ئەوها نەناسیبوو، هەر دەمزانی کە مەحوی شاعیرێکی پایە بەرزی قوتابخانەی کلاسیک یان ئەدبی کۆنی کوردیە، هەستم دەکرد مەحوی لە ناو شیعرەکانیدا عاریفێکە دەیەوێت لە ڕێگەیەوە بگاتە مەبەستی جاویدانی و قوڵاییەکانی وون بوون. بەڵام ئەوەی لەم دەستنووسەدا سەرنجی هەموو کوردێک و بەتایبەتی ئەدیبانی کورد ڕادەکێشێت ئەو زانیاری و تێکستە نوێیانەن کە لەبارەی مەحویەوە دەگۆترێن.
ساغکردنەوەی ئەو دەستنووسانەی لە بارەی مەحویەوە کراون، دەست بردنە بۆ هەموو ئەو گەوهەرانەی لە قوڵایی هەزاران میلدان لە دەریادا، چونکە چەندین دەیەیە لە بارەی مەحوی دەنوسرێت تەنها ناسینمان لە ڕێگەی تێکستەکانیەوەیە، ئەمەش لە دەست کورتیمان بووە، ئەگەر نا ئەدیبانی کورد زۆر بوون کە سەردانی تورکیایان کردووە و تەنانەت زمانی تورکیشیان بە باشی زانیوە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی بەم ئەرکە مێژوویە هەڵنەستاون بۆ ئەوەی زووتر لە بارەی مەحوی زانیاریمان دەست بکەوتبایە، یان بۆچی لە ڕێگەی مامۆستا پیرەمێردی نەمر ئەم هەوڵە نەدرا لە کاتێکدا لە ڕێگەیەوە کاریگەری تۆفیق وەهبی و ئەدەبی تورکی لە ناو ئەدەبی کوردی دروست بوو، کە نەکراوە کوشتنی زەمەن بووە بە بێ نۆڕینگەیەک و دروست کردنی بۆشاییەکی نادیار، ئیتر نازانم بۆ نەکرا!.
ئەم ساغکردنەوەیە درەنگ کەوت، بەڵام هێمن عومەر خۆشناو لە کتێبێکی قەبارە ناوەندی و (٩٦) نەوەدوشەش لاپەڕەییدا فریا دەکەوێت و، چیتر نایەڵێت زەمەن بە تێشوویەکی خاڵی بەسەر شۆستەکانی ڕەوتی ئەدەبی کوردی و ژیان و خاسیەتە ئینسانی و ئاینیەکانی مەحوی ئەفەندیدا تێپەڕێت. هەڵبەتە ئەم کتێبە لایەنە کەسایەتیەکانی مەحوی وەک زەرورەتێکی سەردەمی خۆی و شانازیەک بۆ ئێستامان نیشان دەدات، نووسەر بەلای ئەوەدا نەچووە کە قسە لێکردنی بێت وەک شیکەرەوە و شرۆڤەکارێک لە شەن و کەو کردندا، بەڵکو جەنجاڵتر پرژاوەتە سەر ساغکردنەوە و دیار کردنی نادیارەکانی وەک خاسیەت و ئەزموون و یارانی زەمان و زەمەنی مەحوی ئەفەندی. ئەم کتێبە پێویستیەکی مێژوویی بوو بۆ سەرخستن و پێشخستینی پرۆسەی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیەکان لە تێکست و دەقی ئەدەبی کۆندا.
لە دەسەڵاتی ئەوسای عوسمانیدا حورمەتێکی زۆری حەزرەتی مەحوی گیراوە، ئەمەش بۆ پەرێز پاکی ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە و، جگە لەمەش کەسایەتیەکی هاوسەنگ و دڵسۆز بووە بۆ خەڵک و ئاین. خەسڵەتەکانی وەک(خاوەن فەزیلەت، خاوەن تەریقەت، زاهید، تەقوادار، کەسێکی بە وەرع، ناودار و جێی ڕێز لە ناو خوڵکی، لە مەشایەخەکانی نەقشبەندی زانا، بە مەعنەویەت، ئەفەندی، چاکە خواز و صالح …..) [هێمن عومەر خۆشناو] ئەمانە هەندێک لەو خەسلەتانەن کە لەلایەن کاربەدەستانی عوسمانی دراونەتە پاڵ مەحوی شاعیر و زانای کورد. تەنانەت بە خۆشەویستیەوە دەستی مەحوی ماچ دەکەن و وەک نووسەرئیشارەی پێداوە بە تاجی سەر بانگیان کردووە.
نووسەر گەوهەرێکی تری بۆ ماڵی کردینەوە کە دەقێکی شیعری مەحوی ئەفەندییە، کە لە نیو دیوانەکەیدا نیە، هەڵبەتە ئەمەش مشت و مڕێک لە نێوەندی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و شرۆڤە کردنی دەق دروست دەکات. چونکە دەقێکە دوای چەندین دەیە بە ناوی مەحوی شاعر دەخزێتەوە نێو ئەدەبیاتی کوردیەوە.
ئەم کتێبە و ئەوەی لە بارەی حەزرەتی نالیش ساغیکردۆتەوە گرنگی و بایەخی یەکجار گەورەیان هەیە بۆ نێوەندی ئەکادیمیای کوردی و ئاهەنگ گێرانی ئەدەبی کلاسیک، تەنانەت ئەم ساغکردنەوانە مێژووی ئەدەبی کوردی جوانتر و ڕوونتر لە بارەیانەوە چووە پێشەوەوە و تەنانەت گەنجینەی مێژووی ئەدەبی کۆنی کوردی بە ئەمرۆشەوە دەوڵەمەند تر کرد.
عەلی مستەفا/ شەقڵاوە
٢٠١٨