
ڕۆمان یان ڕاپۆڕتی سیاسی؟ … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
_سه‌رنجێك له باره‌ی ڕۆمانی خه‌ون له‌سه‌ر زه‌مینی شێڕه په‌ڕۆكاندا_
یه‌كێك له‌وهۆكارانه‌ی له‌پشت به‌دیارده‌بوونی نووسینه‌وه‌یه،له ئه‌مڕۆی دنیای نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئێمه‌دا،نه‌بوونی ڕه‌خنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسینه‌كانه به‌تایبه‌تیش ده‌قی ئه‌ده‌بی. بێگومان ئه‌گه‌ردیدگایه‌كی ڕه‌خنه‌یی نه‌بێت كه‌ده‌قی داهێنه‌رانه‌و جوان له ده‌قی كرچ و كاڵ و ناهونه‌ری جیابكاته‌وه، ئه‌وا ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م لێشاوێك له‌بنووسان دروست ده‌بێت كه‌به‌ئاره‌زووی خۆیان بنووسن و دواجاریش هه‌رشوناسێك مه‌به‌ستییان بێت بیده پاڵ نووسینه‌كانی.ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ك نه‌بێت ئه‌وتێكستانه ڕه‌تنه‌كاته‌وه، ئه‌وا نووسین ده‌بێته دیارده. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه‌ڕه‌خنه‌و دیدی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی بابه‌تی نه‌بێت، به‌ڵام كاتێ ئه‌و هه‌موو نووسینه به‌راورد ده‌كه‌ین به‌هه‌بوونی ڕه‌خنه، ئه‌وا بێگومان ناتوانرێت هه‌موویان به‌سه‌ر بكرێنه‌وه.
له‌وسۆنگه‌یه‌شه‌وه خه‌ریكه ڕۆمان نووسین وده‌ستبردن بۆ نووسینی ڕۆمان، ده‌بێته دیارده.بێ ئاگاله‌وه‌ی جیاوازله‌هه‌موو ژانره‌كانی تر، ڕۆمان پاشخانێكی هزری گه‌وره‌و ڕۆشنبیرییه‌كی فراوانی ده‌وێت. ڕۆمان زاڵبوونه به‌سه‌ر زمانی نووسین. له‌نووسینی ڕۆماندا نووسه‌رئاگایه‌كی گه‌وره‌ی هزری ده‌وێت تاكونه‌كه‌وێته ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه زۆرجارخۆشی دركی پێ ناكات. خوێنه‌ر كه‌ڕۆمان ده‌خوێنێته‌وه، هه‌ر ته‌نها بۆ چێژ‌و جوانی نییه بگره بۆئه‌وه‌شیه‌تی له‌په‌راوێزی ئه‌و ڕۆمانه‌وه، به‌ژیانی سیاسی و كلتووری كۆمه‌لگاكانیش ئاشنابێت .
ڕۆمان ڕۆشنبیرییه، زانینی زمانه، به‌رجه‌سته‌كردنی هونه‌رێكی باڵایه له‌گێڕانه‌وه‌و گوزارشتكردن.به‌ڵام كاتێ سه‌رنج له‌به‌شێكی زۆری به‌ناو ڕۆمانی كوردی ده‌ده‌ین، ده‌بینین ئه‌وئستاتیكاو هونه‌ركارییه نابینین كه‌ده‌بێ ڕۆمان هه‌ڵگریبێت. زۆرجاركه‌ڕۆمانێك ده‌خوێنینه‌وه، واهه‌ست ده‌كه‌ین وتارێك ده‌خوێنینه‌وه.به‌شێكی زۆری ئه‌م ناهونه‌ریبوونه په‌یوه‌سته به‌نه‌بوونی ئه‌زموونی ڕۆمانه‌وه. واته‌نووسه‌رله‌بنه‌ڕه‌تدا شاعیره، به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت. ده‌روونناسه به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت. شانۆكارو ده‌رهێنه‌ری شانۆییه به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت. ئه‌مانه‌وزۆر بواری دیكه‌ش. كاتێ نووسه‌رێكیش ڕۆمان شوناسی سه‌ره‌كی و نووسه‌ر بوونی نه‌بوو، یاخودهه‌ربۆخۆده‌رخستن ڕۆمانی نووسی، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت به‌ناوڕۆمانه. ڕۆمانی( خه‌ون له‌سه‌رزه‌مینی شێره په‌رۆكان) یه‌كێكه له‌وجۆره ڕۆمانانه. خوێنه‌ر كاتێ ئه‌و ڕۆمانه ده‌خوێنێته‌وه واهه‌ست ده‌كات ڕاپۆرتێكی سیاسی ده‌خوێنێته‌وه، كه‌كادیرێكی حزب له‌سه‌رڕه‌وشی سیاسی و كارگێڕی وڵات، ئاراسته‌ی سه‌رووی خۆی كردووه.زمان له‌وڕۆمانه‌دا هه‌مان ئه‌و زمانه گشتی و جه‌ماوه‌ریه‌یه كه‌تاكه‌كان پێی ده‌دوێن. ئه‌گه‌ر زمانی نووسینی ده‌قێكیش هه‌مان زمانی خه‌ڵكه ئاساییه‌كه‌ی نێو كۆمه‌لگه بوو، نازانم ڕۆمان نووسین هونه‌ره‌كه‌ی له‌كوێدایه. زمانی ئه‌و ڕۆمانه زمانێكی ڕووت، واقیعی، ساده‌وسواو له‌گێڕانه‌وه، نائستاتیكییه.
زمان له‌و ڕۆمانه‌دا، هیچ هونه‌ركارییه‌كی تێدانییه له‌وه‌سفی جوان، له شیعریه‌ت، له‌چێژ، له‌وه‌سف و گوزارشتكردن. بگره هه‌مان ئه‌و زمانه یه كه‌ڕۆژانه له‌بازاڕوشوێنه گشتییه‌كان به‌ریده‌كه‌وین. ئه‌وڕۆمانه له‌سه‌رده‌می پاڵه‌وانه‌كه‌یه‌وه، مه‌به‌ستیه‌تی وێنه‌یه‌كی گشتگیر‌و هه‌مه‌لایه‌نه، هاوكات قێزه‌وه‌ن و ناشرین، بداته پاڵ واقیعی كۆمه‌لگای كوردی هه‌رله‌سه‌رده‌می شاخ وخه‌باتی چه‌كدارییه‌وه تاكو ڕاپه‌ڕین و شه‌ڕی ناوخۆ‌و ڕووخانی به‌عس و گه‌نده‌لّی و چه‌ندین دیارده‌ی تریش. بێگومان من ده‌زانم هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌ی بنووس له‌ڕۆمانه‌كه‌یدا باسی كردوون، هه‌بوونه‌و ئێستاش بوونیان هه‌یه. به‌ڵام پرسیاری من وه‌ك خوێنه‌رێك و هاووڵاتییه‌ك ئه‌وه‌یه كه‌ئایا شۆڕشی كورد ته‌نها ئه‌مه بووه كه‌ئه‌و باسی كردووه له ڕۆمانه‌كه‌ی؟ ئایا خه‌باتی چه‌كداری و ڕاپه‌ڕینیش ته‌نها ڕاووڕووت بوون؟ به‌ده‌ربڕینێكی تر، ده‌كرێ خه‌بات و قوربانییانی شۆڕشێك جا له‌هه‌رسووچێكی دنیا بێت،كورت بكه‌ینه‌وه بۆ گه‌نده‌ڵی و بێ مۆڕاڵی به‌رپرسێك؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی كه ڕژاوه‌و ئێستاش ده‌ڕژێ؟ئه‌ی ئه‌وهه‌موو شه‌هیده‌ی قوربانیانداو ته‌نها له‌شه‌ڕی داعش هه‌زارن پێشمه‌رگه‌ی مێرخاس شه‌هیدبوون؟ منیش وه‌ك نووسه‌ر ده‌زانم هه‌موو ئه‌ودیاردانه هه‌ن، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وله‌وه‌دایه كه‌شۆڕش له‌ڕقی به‌رپرسێك كورتناكه‌مه‌وه بۆ ڕاووڕووت و شه‌ڕی براكوژی به‌ته‌نها.
له‌ڕاستیدا كاری ڕۆماننووس ئه‌وه نییه باسی گومرگی برایم خه‌لیل بكات، باسی سی ویه‌كی ئاب بكات، باسی كه‌پكی حه‌مه‌د ئاغا‌و شه‌ڕی په‌كه‌كه‌و زۆنی سه‌وزو زه‌رد بكات.باسی شه‌ری یه‌كێتی و پارتی و شه‌ڕی ئیسلامییه‌كان بكات. باسی گه‌نده‌ڵی و شڕه خۆری به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌یه‌ك وبه‌رپرسێك بكات. ئه‌گه‌ر ڕۆماننووسین باسكردنی ئه‌وانه بێت ئه‌وا هه‌موو كورد ڕۆماننووسه. چونكه هه‌موومان ده‌زانین چی گوزه‌راوه له‌ووڵاته. به‌رجه‌سته‌كردنی بابه‌تێكی له‌وشێوه‌یه له‌ڕۆماندا، نه‌داهێنانه نه بنووسه‌كه‌شی ده‌كاته ڕۆماننووس. ڕۆمان ده‌بێ هونه‌ری چێژوه‌رگرتن وسه‌رنج ڕاكێشانی خوێنه‌ری تیابێت. ده‌بێ له‌ڕۆماندا، به‌رهونه‌رو ئستاتیكا بكه‌وین. ده‌بێ به‌رده‌ربڕینی لۆژیكی و بابه‌تییانه بكه‌وین كه شایسته‌ی ئه‌وه‌بن خوێنه‌ر بیانخوێنێته‌وه.
نه‌ك كاوێژكردنه‌وه‌ی ڕووداوێك كه‌هه‌زاران جارگوێبیستی بووینه‌و ئێستا هه‌رنامانه‌وێت بێته‌وه بیره‌وه‌ریمان. كێ حه‌زده‌كات بگه‌ڕێته‌وه بۆڕۆژه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ؟ئه‌گه‌ر نووسینی ڕۆمان گێڕانه‌وه‌ی ڕووتی ڕووداوه‌كان بێت بێ هیچ هونه‌ركارییه‌ك ئه‌وا هه‌موو كه‌س ڕۆماننووسه. خوێنه‌ركاتێ خه‌ون له‌سه‌ر زه‌مینی شێره په‌ڕۆكاندا ده‌خوێنێته‌وه، واهه‌ست ده‌كات چیڕۆكێكی میللی به‌رئاگردان ده‌خوێنێته‌وه( ئه‌گه‌رچی چیڕۆكی میللی ئه‌ده‌بی سه‌ر زاره‌كییه‌و له‌و جۆره ڕۆمانانه هونه‌ریتروبابه‌تیترن). واهه‌ست ده‌كات ڕاپۆڕتی كادیرێكی حزب ده‌خوێنێته‌وه.نووسه‌ر چونكه ڕاپۆڕتی نووسیوه نه‌ك ڕۆمان، ئیدی به‌لایه‌وه ئاسایی بووه هه‌رچ وشه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌یه بیخزێنێته نێو زمانی ڕۆمانه‌كه‌ی وه‌ك:_( قۆندره_خوێری _ سه‌خیف).
ئه‌مه وێرای ده‌یان وشه‌ی دیكه‌ی عه‌ره‌بی.نووسه‌ر مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌ودیده لای خوێنه‌ر دروست بكات كه شۆڕشی كورد جگه له‌وه‌ی ئه‌و له‌ڕۆمانه‌كه‌ی وێنای كردووه، هیچی تر نییه.له‌كاتێكدا هه‌موو شۆڕشێك دوودیوی هه‌یه. شۆڕشی كوبا، گیڤارای دروست كردوو كاسترۆشی دروست كرد، به‌ڵام ئایا ئه‌وانه هه‌ردووكییان هاوپایه‌وهاوپێگه‌و هاوشوناسی نه‌مری یه‌كترین. نازانم كه‌ی كاری ڕۆماننووس ئه‌وه‌یه باسی گومرگی برایم خه‌لیل وشه‌ڕی ناوخۆ بكات كه ئایا له‌سه‌ر شتێكی بێ نرخ هه‌لگیرساوه یان نا. ئه‌مانه به‌شێكن له مێژوو، له‌ڕابردوو، به‌ڵام ڕابردووێكی ناشرین. هه‌زاران جاری دیكه‌ش باسییان بكه‌ین نه‌ده‌توانیین له‌ماهیه‌تییان بگۆڕین، نه‌ده‌شتوانیین له‌بیریان بكه‌ین. به‌پێچه‌وانه‌وه باسكردنیان له‌دووتوێی ڕۆمانێكدا، به‌كه‌م ته‌ماشاكردنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆمان و بێ به هاكردنی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه به‌ڕووی دنیای ده‌ره‌وه‌دا. ئه‌گه‌ربه‌یانی ئه‌وڕۆمانه وه‌ربگێڕدرێته سه‌رزمانێكی بێگانه، ئه‌وا خوێنه‌رێكی ئه‌ڵمانی، یاخو ئیسپانی ڕه‌نگه وابزانێت شۆڕشی كورد ته‌نها ئه‌مه بووه.خوێنه‌ر له‌و ڕۆمانه‌دا، به‌رچه‌ندان ده‌ربڕینی نابابه‌تی ونالۆژیكی ده‌كه‌وێت.
كه ڕه‌نگه ته‌نها له‌خه‌یاڵی نووسه‌رهه‌بن.ده‌ربڕینێك كه‌نه‌ك هه‌رهیچ چێژ‌و جوانییه‌كیان تێدا نییه، بگره خوێنه‌ر ئه‌وپرسیاره له‌خۆی ده‌كات كه‌چۆن بنووس شتێكی وه‌های نووسیوه.وه‌ك:_ له‌ڵاپه‌ڕه‌كانی(276-277-278)هه‌روه‌هاڵاپه‌ڕه‌كانی(301-302)ده‌بینرێن.ئه‌مه‌وێرای ئه‌وه‌ی(زێده‌گۆیی_ موباله‌غه‌یه‌كی) زۆری له‌باسكردنی هه‌ندێك ڕووداو كردووه، كه‌ته‌نێ به‌مه‌به‌ستی درێژكردنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی كه‌ڤایرۆسێكه‌و به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی گرتۆته‌وه كه‌خۆیان به‌نووسینی ڕۆمانه‌وه سه‌رقاڵكردووه، ئه‌وانه‌ی نووسیوه.بۆنموونه: له‌ڵاپه‌ڕه(324)باس له‌وه‌ده‌كات كه‌كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كه به‌قاچاغ ده‌چێته هه‌نده‌ران، له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی ترده‌چنه سندوقی دواوه‌ی ئوتومبێله‌وه‌و بیست و شه‌ش كاتژمێر به‌بێ ئه‌وه‌ی سندوقه‌كه بكرێته‌وه ده‌ڕۆن. یاخود ده‌ڵێت ئه‌وه‌نده‌مان میزله سندوقه‌كه كردبوو خه‌ریك بوو له‌میزی خۆمان بخنكێین. به‌درێژایی ڕۆمانه‌كه بنووس وێنه‌یه‌كی داوه‌ته پاڵ پیاو كه‌جگه له‌خه‌می سێكس هیچ خه‌مێكی تری نییه.هه‌مان وێنه‌ی داوه‌ته پاڵ ژنیش. ته‌نانه‌ت وێنه‌یه‌ك كه‌تیایدا ژنه ئاماده‌یه بنوشتێته‌وه‌و ببێته خزمه‌تكارو كۆیله‌وقۆندره‌ی پیاوێك ماچ بكات، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئامێزی بگرێت(ڵا325). ئایا ئه‌مه خه‌می ژنی كورده؟ گریمان ژنێكی له‌و شێوه‌یه‌ش هه‌بێت، ئاخۆ ئه‌ركی ڕۆماننووس ئه‌وه‌یه وێنه‌كه زه‌ق بكاته‌وه‌و په‌ره به‌دیارده‌كه بدات، یاخود دژی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته خۆبه‌كه‌مزانییه بوه‌ستێته‌وه كه‌له‌ژێر په‌رده‌ی به‌ناو خۆشه‌ویستییه‌وه بۆڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر، بوون و شوناسی خۆی ده‌دۆڕێنێ. نووسین چ به‌هایه‌كی هه‌یه ئه‌گه‌رله‌پێناوجوانكردن و پیرۆزكردنی ژیان نه‌بێت؟له‌چه‌ندین شوێن باسی ڕابواردنی ژن و ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ پیاو و ناپاكی له‌خێزانه‌كه‌ی ده‌كات.یاخود له‌شوێنێكی دیكه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا، بنووس هانی گه‌نجی كورد ده‌دات وڵات جێبێڵێت.
بۆیه ده‌نووسێت:_(ئه‌وه‌ی منداڵی خۆی خۆشبووێ ناهێڵێ له‌وخاكه‌دا بمێنێته‌وه). له‌كوێوه‌ی ئه‌م دنیایه‌دا نووسه‌رێك هه‌یه به‌م شێوه‌یه به‌رجه‌سته‌ی نیشتمان بكات؟ كه‌س تا ئێستانووسه‌رێكی فه‌له‌ستینی بینیوه هانی فه‌له‌ستینییه‌كان بدات نیشتمان جێبێڵن. كه‌هه‌موو ڕۆژێكیش له‌ژێر سته‌می ده‌ستدرێژیی و ئه‌تككارییه‌كانی ئیسرائیلییه‌كان دان؟ گاڵته‌جاری له‌وشێوه‌یه به‌ناوی نووسین ته‌نها له‌وهه‌رێمه‌ی ئێمه هه‌یه.من ناڵێم نووسه‌ر باڕه‌وایه‌تی بداته گه‌نده‌ڵی و ڕێگربێت له‌وه‌ی مرۆڤ له‌كوێ ده‌ژیت. به‌ڵام نابێ وێنه‌یه‌كی جه‌هه‌ننه‌می بداته پاڵ نیشتمان كه‌ته‌نێ له‌خه‌یاڵی ئه‌ودان.خوێنه‌ر كاتێ ئه‌و ڕۆمانه ده‌خوێنێته‌وه، بیری بۆئه‌وه‌ده‌چێت كه‌نیشتمان ئه‌وه‌یه كه‌ئه‌وبنووسه وه‌سفی كردووه. من له‌وزیاتر د‌رك به‌وهه‌موو ناشرینیانه ده‌كه‌م وله‌نێویشیاندا ژیاوم، به‌ڵام ده‌زانم ئه‌مه هه‌موو جه‌وهه‌ری نیشتمان نییه.به‌رپرسی فه‌رمانگه‌كان هه‌موویان گه‌نده‌ڵ نین.
هه‌موویان شه‌یدای ڕابواردن وسه‌فه‌ر نین.به‌هه‌زارانیان تیایه گه‌ردێك لادان و گه‌نده‌ڵی نییه.ئه‌وه‌ی بنووس له‌وڕۆمانه‌دا باسی ده‌كات، ئه‌ركی نووسه‌رنییه، ئه‌مه‌كاری ئه‌ندامێكی حزبه له‌باره‌ی دۆخی سیاسی و كارگێڕی وڵات ڕاپۆڕت بنووسیت. به‌ڵام چی ده‌كه‌ی كه سنعاته‌كه كورد وته‌نی هێنده ڕه‌زیل بووه، كه‌هه‌ركه‌سێك ورێنه‌یه‌كی به‌خه‌یاڵ داهات، ده‌یكاته ڕۆمان و ده‌رخواردی خوێنه‌ری ده‌دات. به‌ڵام ئاخۆ ده‌توانن ئه‌مه له‌گه‌ڵ هه‌موو خوێنه‌رێك بكه‌ن. له‌وڕۆمانه‌دا چه‌ندان كاره‌كته‌ر هه‌ن، به‌ڵام چونكه كاره‌كته‌ره‌كان لیبۆكێكن به‌ده‌ست بنووسی ڕۆمانه‌كه‌وه، ئیدی به‌ئاره‌زووی خۆی چاره‌نووسێكی بۆ هه‌ڵبژاردوون.ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی نووسه‌ربه‌بێ ئه‌وه‌ی دركی پێ بكات له‌چه‌ندین شوێنی ڕۆمانه‌كه كه‌وتۆته هه‌ڵه‌وه كه‌ئاماژه به‌هه‌ندێكییان ده‌ده‌ین:_
*ڵاپه‌ڕه(5)نووسیویه‌تی:_(هه‌رچیت ده‌بینی ده‌گریا). گریمان مرۆڤ قوتابخانه‌یه‌ك و نه‌خۆشخانه‌یه‌كی بینی ئایا ئه‌وانیش ده‌گرین؟.
*ڵاپه‌ڕه(20) نووسیویه‌تی:_(سه‌گه‌كه ئه‌یحه‌پاند).
*ڵاپه‌ڕه(31)نووسیویه‌تی:_(هه‌رگیزكه‌مترله‌یه‌ك كاتژمێر بێ یه‌ك نه‌مانده‌كرا).
*ڵاپه‌ڕه(33)نووسیویه‌تی:_(ملم به‌سه‌ركتێبدا شۆڕكردبوه‌وه). نووسه‌رچونكه جیاوازی له‌نێوان(مل)و(سه‌ر) ناكات.بۆیه واده‌زانێت ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كتێبدا شۆڕده‌كرێته‌وه مله!!.
*ڵاپه‌ڕه(33)نووسیویه‌تی:_(موچركێك سه‌رتاپای ڕاده‌وه‌شاندم).موچرك ده‌ته‌زێنێ.
*ڵاپه‌ڕه(70)نووسه‌ر باسی ساتی كۆچڕه‌وه‌كه ده‌كات.به‌ڵام چونكه به‌خه‌یاڵ و تێگه‌یشتنی ئێستا ڕووداوه‌كانی ئه‌وكات ده‌گێڕێته‌وه، بۆیه كه‌وتۆته هه‌ڵه‌ی سه‌یره‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆشی هه‌ستی پێ بكات.بۆنموونه نووسیویه‌تی:_(باران له‌پێنج ملیۆن مرۆڤی ده‌دا). ئایا ئه‌وكات هه‌رێمی كوردستان پێنج ملیۆن كه‌س بوو؟.
*ڵاپه‌ڕه(96)نووسیویه‌تی:_( ته‌زویڕو ساخته‌كاری).بێگومان هه‌ردووكییان هه‌ریه‌كن.
*ڵاپه‌ڕه(126)نووسیویه‌تی:_( كه‌شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵگیرساكه‌س بێ لایه‌ن نه‌بوو،سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگا بوونه‌به‌شێك له‌شه‌ڕه‌كه). ئایا ئه‌مه ڕاسته؟.هیچ نووسه‌رێك ئه‌و مافه‌ی هه‌یه به‌ناوی هه‌موو كۆمه‌ڵگاوه قسه بكات؟.
*ڵاپه‌ڕه(130)نووسیویه‌تی:_(سڵاوێكی بۆ من فڕێ‌دا).سڵاو ده‌كرێت فڕێ نادرێت.
*ڵاپه‌ڕه(285)نووسیویه‌تی:_( پاش كوژرانی لالۆ سێ مانگ تێنه‌په‌ڕی ژنه‌كه‌ی شووی كرده‌وه). ئه‌گه‌رچی نووسه‌ر شتێك نییه له ڕۆمانه‌كه‌یدا له‌باره‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی باسی نه‌كردبێت و ڕه‌خنه‌ی نه‌كردبێت وه‌ك قوتووی عه‌تار. به‌ڵام بڕوام وایه هیچ شاره‌زایی له كۆمه‌لگاكه‌ی نییه. چونكه ده‌بوو بزانێت له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئیسلامییه‌و شه‌ریعه‌تی ئیسلام سه‌رچاوه‌ی یاسایه، ئه‌وا هیچ ژنێك دوای له‌ده‌ستدانی مێرده‌كه‌ی بۆی نییه شوو بكاته‌وه تاكو سێ مانگ تێپه‌ڕنه‌بێت به‌سه‌رمه‌رگی هاوسه‌ره‌كه‌ی. كه‌نامه‌وێت ئاماژه‌ی پێ بده‌م ئه‌مه‌له‌به‌رچییه. پێچه‌وانه‌كه‌ی لادانه له‌ئایینی ئیسلام.نووسه‌ر چونكه له‌زۆرشوێنی دیكه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی وێنه‌یه‌كی سێكسی داوه‌ته‌پاڵ ژن، ئیدی پێی وایه ژنه‌كه‌ی لالۆزۆرزووئاره‌زووی له‌شووكردنه‌وه‌بووه.
له‌كۆتاییدا ده‌مه‌وێ شتێك بۆ به‌رچاو ڕوونی خوێنه‌ران و نووسه‌ری ئه‌وبه‌ناو ڕۆمانه‌ش ڕوونبكه‌مه‌وه. ئه‌میش ئه‌وه‌یه كه‌من له‌م وتاره‌دا به‌رگری له‌ده‌سه‌ڵات ناكه‌م، كه‌دڵنیام خاوه‌نی ڕۆمانه‌كه به‌وشێوه‌یه تێم ده‌گات و ده‌مبینێت. ڕه‌نگه به‌كۆیله‌و به‌كرێگیراوی پارتی و یه‌كێتیشم بزانێت.من سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌ویش ڕه‌خنه‌و گازانده‌م هه‌یه. هاووڵاتییه‌كی ئاساییم. مووچه‌كه‌م پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت. به‌قه‌د گه‌ردێك سوودم له‌وده‌سه‌ڵاته نه‌بینیوه. له‌شه‌ڕی ناوخۆدا ئازیزه‌كانم له‌ده‌ست داون.براكه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌و له‌كه‌لاوه‌یه‌ك ده‌ژیت.به‌ڵام ده‌زانم نیشتمان یه‌كسان نییه به‌هه‌موو ئه‌م ناشرینیانه. هێشتا له‌نێو ئه‌وڵاپه‌ڕه ڕه‌ش و گه‌وره‌یه‌ی له‌ڕۆمانه‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌كراوه، پنتێكی سپی هه‌یه كه‌من ده‌یبینم و ڕه‌نگه خاوه‌نی ڕۆمانه‌كه نه‌یبینێ. دواجار ده‌ڵێم هیچ چێژ‌و جوانی و ڕه‌هه‌ندێكی بابه‌تیم له‌و ڕۆمانه نه‌بینی. هیوادارم ئه‌گه‌ر ئه‌مه یه‌كه‌م ڕۆمانی سه‌با ئه‌حمه‌د بێت كه‌من پێشتر هیچ ڕۆمانێكی ئه‌وم نه‌خوێندۆته‌وه، ئیترله‌مه‌ودوا ڕۆمان بنووسێت نه‌ك ڕاپۆڕتی سیاسی!!!..
سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
—————————————
په‌راوێز:_
*خه‌ون له‌سه‌ر زه‌مینی شێره په‌ڕۆكان/ ڕۆمان/ نووسینی/سه‌با ئه‌حمه‌د/ ساڵی چاپ 2018.
** نووسه‌ر ناوی ڕۆمانه‌كه‌شی له‌ڕووی ڕێزمانییه‌وه به‌هه‌ڵه نووسیوه.(خه‌ون له‌سه‌رزه‌مینی شێره‌په‌ڕۆكان). كه‌ده‌بێ پاشگری(دا) هه‌بێت له‌ناونیشانه‌كه.
*** گه‌رچی ئه‌و ڕۆمانه هه‌ڵه‌چنی و پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كراوه. به‌ڵام هه‌م نوسه‌ركه‌و هه‌میش ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كردووه، ڕێنووسی چه‌ند وشه‌یه‌كییان به‌هه‌ڵه نووسیوه. بۆنموونه وشه‌كانی( گوله_میله‌ت)ده‌بێ به‌دووپیتی(ل) بنووسرێن.واته(میلله‌ت_گولله).