ئایا شیعر مرد؟ … سۆران محه‌مه‌د
له‌م ماوه‌یه‌ی پێشوودا کاك حه‌مه فه‌ریق حه‌سه‌ن وتارێکی ئاگراوی و بوێرانه‌ی به ناوی (بازاڕ‌و شیعر) ـه‌وه له به‌شی کولتور‌و ئه‌ده‌بی رووداو بڵاوکرده‌وه، نه‌ك بووه هۆی هوروژاندنی بابه‌تێکی گرنگ، به‌ڵکو چه‌ند رایه‌کی خه‌ته‌رناکی تێدا ده‌ربڕیوه که له هه‌ندێك شوێندا شکستخواردنی شیعر زه‌ق ده‌کاته‌وه، جا ئایا هۆکه‌ی ئه‌وه‌یه که خۆی شاعیر نییه؟ یان رق لێبوونه‌وه‌یه‌تی له‌و شیعرانه‌ی ئه‌مڕۆ که به ناوی شیعره‌وه بڵاو ده‌بنه‌وه، یان تێکه‌ڵکردنی واقیعی شیعر‌و جیهانگه‌رایی یه به چاوێکی پڕ ئینسافه‌وه؟ ….تاد ئه‌و وه‌ڵامه لای خۆیه‌تی.
حه‌مه فه‌ریق حه‌سه‌ن
من لێره‌دا وه‌ك ده‌ستپێکردنی وتوێژی ئه‌م بابه‌ته، به پێویستی ده‌زانم گرنگترین خاڵه‌کانی وتاره‌که بۆ ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی نه‌یانخوێندووه‌ته‌وه له‌م خاڵانه‌دا چڕ بکه‌مه‌وه:
ئه‌و پێی وایه:-
1- له هه‌موو کاتێك زیاتر‌و به پێچه‌وانه‌ی جیهانه‌وه ، ئێستا کورد زۆرترین شیعر به‌رهه‌م دێنێت.
2- رۆژ دوای رۆژ خوێنه‌ری شیعر روو له که‌مییه.
3- ئه‌و کتێبه شیعرانه‌ی بڵاو ده‌کرێنه‌وه نه‌ك نافرۆشرێن، ته‌نانه‌ت که پێشکه‌ش ده‌کرێن ، له روو داده‌مێنێت که‌سی پێشکه‌شکراو بۆیه وه‌ری ده‌گرێت.
4- شیعری ئه‌مڕۆ هەموویان ئیعتیباری قەسیدەیەکی شاعیرە کلاسیکییه‌کانیان نییە. چونکە هەرچی شیعری کلاسیکە، هونەرەکانی شیعری تێدا خراوەتە کار .
5- له سه‌رده‌می جیهانگیریدایه، تاکی هۆشیار ئه‌وه‌نده ناکه‌وێته شوێن خه‌مه کەسەکی و زاتییه‌کانی شاعیر و کێشەکانی خۆی لەوێدا نابینێته‌وه.
6- له‌م ئاکامه‌دا شاعیرانێك ماوەیەکە لە سۆنگەی نا دڵنیایی پێگەی شیعرەوە، لەپاڵ بەهرەکەی خۆیاندا، ڕوویشیان کردووەتە ڕۆمان.
7- له مێژه گوتراوه: تاکی کورد، ئەگەر بە جووتیاری و شوانکارەییەوە خەریک نەبوو، ئەوا دەبێت بە شاعیر.
رابیندرانات تاگور
مه‌لا موحه‌ممه‌دی کوڕی مه‌لا عوسمانی باڵخی (مه‌حوی)
8- لەم سەردەمی جیهانگیرییەدا، تەنانەت تیڤییەکانیش خەریکی پەخشی شیعرن، شاعیرانی زیندوو خۆیان دێنە سەرخەت. سەبارەت بە کۆچکردووانیش، بێکارێکی دەنگ دلێر دێت بۆیان دەخوێنێتەوە.
9- زۆرێک لە شاعیرانی ئەم سەردەمە، لە کوردییەکی ناڕەوان و شپرزە بترازێت، زمانی تر نازانن.
10- زۆربەی ئەوانەی سەریان تێ کردووە، پێویستییان بە زانینی هونەری شیعر نییە! یان بەهەندیان نەگرتووە؟.
11- ته‌نانه‌ت هێندێک لەشاعیرانی کلاسیکی کورد، هاتوون بە کەمێک دەستکارییەوە لاسایی شاعیرانی عەرەب، فارس و تورکیان کردووەتەوە. زەین و خەیاڵی ئەوانیان بەدەستکارییەوە دووبارە کردووەتەوە.
12- تاکی ئێستا خولیا، ململانێ و کێشەکانیشی زۆر لەوە ئاڵۆزترن بە دراوسێ، مەلای گوند و ڕیش سپییەکانی خێڵ چارەسەر بکرێن. بۆیە چیتر ژانری شیعر دەرۆسیان نایەت و ناتوانێت گوزارشتیان لێ بکات. فریاش ناکەوێت ئەو هەموو مەینەتییانە بگرێتە خۆی و بیانکاتە کۆڵ.
13- دونیای نوێ کە ڕۆمانی بە کاڵاکردووە، وادیارە بەنیاز نییە چیتر شیعر بە کاڵا بکات. واتە ئەوە نەزمی نوێی جیهانە کە شیعر دەنرخێنێت. کاڵایەکیش لە بازاڕدا کەم نرخ بێت، دەپووکێتەوە. ئەدەبیش وەختێ بە کاڵا دەبێت، ئیتر دەبێتە ملکەچی یاساکانی بازاڕ
14- لەم ڕووەوە، زەقترین ڕووداوێک کە لەساڵی (2012)دا، جێی سەرنج بووبێت، وەستانی گۆڤاری – بزاڤی شیعر- ـە، لە وڵاتی فرانسە، دوای 62 ساڵ له به‌رده‌وام ده‌رچوون و بڵاوکردنه‌وه.
*******
من لێره‌دا وه‌ك عه‌وداڵێکی شیعر نایه‌م به‌رگری له شیعر بکه‌م، ناشیه‌م هێرش بکه‌مه سه‌ر شیعری ئه‌مڕۆ، هێنده‌ی به چاوێکی بێلایه‌نه‌وه هه‌ندێك له‌م بیر‌و بۆچوونانه ده‌خه‌مه ژێر تیشکی لێدوان و شیکردنه‌وه‌وه.
گومانی تێدا نییه به‌شێك له‌م رایانه‌ی سه‌ره‌وه ره‌واو دروستن و جێی ده‌ستخۆشین که به‌و بوێرییه‌وه خراونه‌ته ڕوو، به‌ڵام وا تێده‌گه‌م به‌شێکیشیان ناحه‌قی تێدا ده‌بیندرێت سه‌باره‌ت به شیعر و شیعری کوردی، وه‌ک له خاڵه‌کانی: 4 -5 -7-8-11- 12 دا ده‌بیندرێت.
پێش ئه‌وه‌ی که‌مێك رای خۆم سه‌باره‌ت ئه‌م خاڵانه روون بکه‌مه‌وه ده‌بێت ئه‌وه بڵێم شیعر له‌گه‌ڵ گیانی مرۆڤبووندایه، چه‌ندێك ئه‌و گیانه لاواز بێت و دیدی ماتریاڵیست زاڵ بێت به‌سه‌ر تێڕوانین و ژیانی ئاده‌میزادا، ئه‌وه‌نده‌ش شیعر روو له دابه‌زین ده‌بێت، چونکه شیعر زمانی گیانی مرۆڤه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شارستانی مرۆڤایه‌تیدا شیعر هه‌ر بوونی بووه‌و هه‌ر ده‌شمێنێته‌وه، گه‌ر لاوازیش بێت. ده‌شکرێت شیعر له‌م قه‌پاغ و قه‌یرانه‌ی ئێستای رزگار بکرێت و هه‌موو بواره فه‌لسه‌فی و زانستی و گه‌ردوونی و میتافیزیکی و رامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی و تاد… له خۆ بگرێت و سوود له که‌ره‌سه‌کانیان ببینێت و ببێته‌وه زمانی چه‌رخه‌که‌مان، به‌ڵام ئه‌م کاره‌ش شاعیرانی تێگه‌شتوو و پڕ زانست و مه‌عریفه‌و سه‌لیقه‌و ئه‌زموون ده‌خوازێت، نه‌ک وه‌ك هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌کانی بواری ژیانی تاکی کورد، شیعریش به گه‌نده‌ڵی سواغ بدرێت و گه‌نده‌ڵانیش بڵاوی بکه‌نه‌وه‌و به شیعری بزانن. گومانی تێدا نییه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت کۆمه‌ڵێك له خوێنه‌ران و شاعیرانیش شیعر هه‌ر له غه‌زه‌ل و حه‌سره‌ته‌کانی خودی شاعیردا چڕ ده‌که‌نه‌وه‌و ده‌بینن.
ئارسه‌ر رامبۆ
به‌کر عه‌لی
ئێستا با تێگه‌شتن و را پێچه‌وانه‌کانی خۆم سه‌باره‌ت ئه‌و 6 خاڵه‌ی ئاماژه‌م پێ کردوون بخه‌مه روو، ئێدی نازانم خوێنه‌ران هاوڕای کام له‌م بۆچوونانه ده‌بن:
خاڵی4: کاك حه‌مه فه‌ریق په‌یڕه‌وی سیاسه‌تی (شه‌لم کوێرم ناپارێزم) له‌م وتاره‌دا جێبه‌جێکردووه، به‌وه‌ی هه‌موو شیعر‌و شاعرانی ئه‌مڕۆی کورد به یه‌ك پێوه‌ر ده‌پێوێت و ئیستسنایه‌کی نه‌هێشتووه‌ته‌وه که ده‌ڵێت (هه‌موو) ئه‌مه‌ش ناحه‌قییه‌و من وای ده‌بینم گه‌ر له % 20ی شیعری ئه‌مڕۆش به شیعر دابنرێن، هه‌ر نه ده‌بوو بینووسیایه (هه‌موو)، ره‌نگه ئه‌م بڕیاره‌شی بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه که ئه‌و دانانرێت به یه‌کێك له هه‌وادارو تایبه‌تمه‌ندانی شیعر، به وردی ئاگاداری هه‌موو لایه‌ن و پێچوپه‌ناکانی ئه‌و شیعرانه بێت که له‌مڕۆماندا له که‌ناڵی میدیا به‌ربڵاوه‌کانه‌وه بڵاوده‌بنه‌وه.
خاڵی5: گه‌ر کاکه حه‌مه ورد ببوایه‌ته‌وه به جۆره‌کانی شیعرداو به تایبه‌تی سیفه‌تی شیعره ره‌سه‌ن و سه‌رکه‌وتووه‌کاندا، ئه‌وا ده‌یزانی جۆری باشی شیعر قاڵبی خه‌مه تاکه‌که‌سییه‌کان جێدێڵێت و ته‌نانه‌ت گه‌ر خودی شاعیریش له شیعره‌که‌دا بوونی هه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێته خودێکی گشتی، بۆیه ده‌کرێت بڵێین شیعری جیهانگه‌رایشمان هه‌یه که بۆ هه‌موو سه‌رده‌مێك و هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌خوات. راسته %80ی شیعری ئه‌مڕۆ دووباره‌کردنه‌وه‌ی خه‌مه سواوه‌کانی خودی شاعیرانن به‌که‌مێك گۆڕانکاریه‌وه، به‌ڵام هه‌مووشیان نا!
خاڵی 7: من به ره‌وای نازانم ئاستی نووسینی شیعر هێند دا‌به‌زێندرێت، بخرێته ئاستی که‌سانی نه‌خوێنده‌وار و بێ پیشه‌و یان پیشه‌دارانی ره‌شۆکی و نه‌خوێنده‌وار، ره‌نگه ئه‌م بۆچوونه بۆ شیعری کاڵوکرچ گونجاو بێت، به‌ڵام هه‌ر له شاعیرانی ئه‌مڕۆشماندا خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رزو ئاستی هوشیاری پێشکه‌وتوو جیاواز، بوونیان هه‌یه.
خاڵی 8: هه‌رچه‌نده شه‌پۆلی بێ به‌زه‌یی گڵۆبالیزه‌یشن زۆر شتی په‌راوێز خستبێت، وه‌ك گیانی به‌زه‌یی و هاوکاری و په‌ڕتوك و شیعر‌و زۆر شتی تر…. به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت شیعر له بوون بسڕێته‌وه‌و ئه‌و تینیویه‌تیه‌ی گیانی مرۆڤ بۆ شیعری باش هه‌یه‌تی نه‌هێڵێت. ده‌بێت چ نه‌نگییه‌کی تێدا بێت زانستی دیجیتاڵ سوود به شیعر بگه‌یه‌نێت و بیکاته ده‌نگ و ره‌نگ و به‌مه‌ش زیاتر کاریگه‌ریی بخولقێنێت له‌سه‌ر گوێگر‌و بینه‌ر؟ پاشان بۆچی ده‌بێت هه‌ر (که‌سی ده‌نگ دلێر) که شیعری شاعیرانی کۆچکردوو ده‌خوێننه‌وه (بێ ئیش) بن؟! مه‌گه‌ر پێشکه‌شکارو خوێنه‌رو دوبله‌کار له که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆندا بێکارن؟
خاڵی 11: راسته شیعر جێپه‌نجه‌ی که‌سایه‌تی مادی و مه‌عنه‌وی خودی شاعیره به هه‌موو پێکهاته (شوێنکاته‌کانیه‌وه)، به هونه‌رو که‌ره‌سه‌ی جیاوازه‌وه، به‌ڵام له شیعری هه‌ر زه‌مه‌نێکدا جۆرێك له نزیکی و هاوشێوه‌یی رێژه‌یی ده‌بیندرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت بڵێین هه‌موویان چاویان له یه‌ك کردووه، به‌ڵکو هه‌موو پێکهاته زه‌مه‌نییه‌کان بووه‌نه‌ته هۆی خولقاندن و له‌دایك بوونی ئه‌و ستایڵه له شیعر و هۆشی شاعیردا، جا ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت به‌شێك له شیعری شاعیره کلاسیکیه‌کانمان به ته‌قلید و چاولێکه‌ریی شیعری عه‌ره‌بی و فارسی و توورکی زه‌مه‌نه‌که‌ی خۆیان له قه‌ڵه‌م بده‌ین، ئه‌ی بۆ نه‌ڵێین ئه‌وانیش کاریگه‌ربوون به شاعیرانی کوردی ئه‌و کاته و هه‌مووان له‌سه‌ر بنه‌مای (به‌خشین و وه‌رگرتن) جوڵه‌یان کردووه، به تایبه‌تی له‌وه‌دا که شیعر له ناواخندا هه‌ر یه‌ك زمانی مرۆڤه‌کانه، و زیره‌کی و به‌هره‌و هه‌سته‌وه‌ریی له سیفه‌ته‌کانی مرۆڤه بێ جیاوازی ره‌گه‌زو ناشناڵی.
خاڵی 12: مه‌رج نییه شیعر په‌یامدارو ئه‌رکدار بێت، ره‌نگه لای به‌شیكی زۆری شاعیرانی جیهان؛ شیعر داماڵراو بێت له دروشم و چاره‌سه‌رو لاواندنه‌وه، ئه‌م خاڵه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر تێڕوانین و تێگه‌شتنی خوێنه‌ر؛ به‌وه‌ی ئایا چاوه‌ڕوانی چی ده‌کات له شیعر؟! ئایا لای ئه‌و شیعر هه‌ر ئیستاتیکایه، یان خه‌یاڵ، یان واقیع؟ یان ئایا دروشمی رامیاریه‌و شۆڕشه، یان رۆچوون به زات و نێرگزییه‌تدا؟ ئایا کورته نامه‌یه‌کی دڵداری هه‌رزه‌کارێکه یان ئاشکراکردنی نهێنیه‌کی پێچ و په‌نای گه‌ردوونه؟ پاشان بۆچی شیعر ده‌به‌سترێته‌وه به ڕیشسپی ئاوایی و نه‌خوێنده‌واران؟ ئه‌ی ناکرێت شیعر له تازه‌ترین که‌ره‌سه‌و ئایدیای پاش پۆست‌مۆدێرن سوود وه‌رگرێت و بیخاته ناو کارگه‌ی هونه‌ری شیعره‌وه‌و به هێزترین گوتاری هونه‌ری هاوچه‌رخی لێ بخولقێنێت، که زۆرێك له به‌رده‌میدا ده‌سه‌وسان بن، چ لێکدانه‌وه‌و تێگه‌شتن، چ سوود وه‌رگرتن و گوزارشتکردن له‌و ژینگه‌و شوێنکاته‌ی مرۆڤه‌کان تێیدا ده‌ژین؟!
ئێزرا پاوه‌ند
له کۆتاییدا ده‌ستخۆشی له کاکه حه‌مه ده‌که‌م، هه‌رچه‌نده وه‌ك خۆی ده‌ڵێت چیرۆکنووسه، به‌ڵام بابه‌تێکی زۆر گرنگی خسته‌ڕوو، له کاتێکدا زۆرێک جورئه‌تی ئه‌و راشکاوییه‌یان نییه، به‌ڵام به ڕای من شکستی گه‌وره له نه‌بوونی کاروکاردانه‌وه‌ی ئه‌م ڕایانه‌ی کاکه حه‌مه‌و دروستنه‌کردنی دیالۆگدایه، که هه‌روا باسه‌که ده‌مرێنێت و وامان لێده‌کات له به‌رانبه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره گرنگه‌دا بێ هه‌ڵوێست بین.
لێره‌دا جێی خۆیه‌تی ئێمه‌ش بپرسین: با وایدابنێین گه‌ر 2000 شاعیرمان هه‌بێت، جگه له خوێنه‌رانی شیعر! ئه‌ی هۆی چییه 10 نوسخه‌ش له کتێبێکی شیعری چاپکراو به تیراژی 500 دانه سه‌رف نابێت؟؟ ئایا کۆمه‌ڵگا نه‌فره‌تی له هونه‌رو ئه‌ده‌ب کردووه که گیانی هونه‌ره، چونکه خودی هونه‌رمه‌نده‌که وه‌ك مرۆڤ مافه‌کانی له ئارادا نییه، یان گیانی مرۆڤ به‌ره‌و مردن چووه‌و ئیدی چیدی ئه‌و ژانرانه‌ی کۆمپانیا بازرگانیه‌کان ره‌واجی پێ ناده‌ن، له جه‌نگی ژیاندا به‌ره‌و پووکانه‌وه ده‌چن؟ ئه‌م بابه‌ته زۆر بابه‌تێکی هه‌سته‌وه‌ره‌و جێی خۆیه‌تی زۆر له خامه به‌ده‌ستان بجوڵێنێت و ئاوڕێکیان به‌ره‌و ئه‌م دیارده نێگه‌تیڤه رۆشنبیریه پێ بداته‌وه‌و بیانهێنێته سه‌ر خه‌ت، وه‌ك چۆن ماخۆلانی به من گرت تا ئه‌و کاته‌ی له نووسینی ئه‌م گوتاره بوومه‌وه. خوازیارم به‌م گوتانه دڵی که‌س زویر نه‌بووبێت و هه‌ر به‌ڕیزێکیش سه‌باره‌ت ئه‌م ته‌وه‌ره جدیه ڕایه‌کی جیاوازی هه‌یه خۆزگه بێده‌نگی هه‌ڵنه‌ده‌بژارد.